سیڤان سەعید

 

پێشەکیی:

زیندانیکردنی ئۆجه‌لان ئەگەر گورزێکی مەزن بووبێت لە تەڤگەریی ئازادیی کوردان و بەتایبەت بزووتنەوەی پەکەکە لە کوردستاندا؛ بەڵام بەدیوێکیتردا دەسکەوتێکی یەکجار مەزنیی تیۆریی و ئایدیۆلۆگیی بوو بۆ بزووتنەوەکە. بەهۆی دەرفەتیی بیرکردنەوەو راڤەگەلێکی قووڵ لەزینداندا، ئۆجه‌لان بۆخۆی لە سەرۆکی پارتێکی سیاسییەوە بوویە بیرمەندێکی ئەوتۆ کە وردەوردە رۆڵ و کاریگەرییە هزریی و رۆشنبیرییەکانی لە ناوەندە سیاسیی و ئەکادیمییەکاندا بەدەردەکەوێت.

 

نەناسینی ئۆجه‌لان یەکێکە لە کەمووکوڕییە کوشندەکانی ناوەندی رۆشنبییریی و ئەکادیمیی لە  رۆژهەڵاتی  ناوەڕاست و بەتایبەت لە نێوکورداندا. بەڵام لەبەرئەوەی کە ئۆجه‌لان تەنها بیرمەندێک نیە، بەڵکو رێبەری بزووتنه‌وه‌یەکی فرە رەگە و فرە رەهەندی کۆمەڵایەتیی زۆر فراوانیشە؛ بۆیە لەوە کوشندەتر  بەهەڵە تێگەیشتنە لەم بیرمەندە بەتایبەت لەلایەن ئەو کەس و گرووپانەوە کە خۆیان بە دۆست و لایەنگر و یاخود بە شوێنکەوتەی ئۆجه‌لان دەزانن. 

 

چانسیی مەزنی ئۆجه‌لان لەوەدابوو کە توانیی بەرخۆدانێکی بێ وێنە بکات لەزیندان و دوژمنەکانی ناچار بکات کە ئەوەبکەن کە ئۆجه‌لان دەیەوێت، نەک ئۆجه‌لان ئەوە بکات کە دوژمنەکانی دەیانویست. کاتێک ئۆجەلان هێنرایە دوورگەی ئیمڕاڵی و سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاند، هەم گەلی کورد و هەمیش هەموو ئەوانەی کە لە دوور و نزیک ئاگاداری رەوش و دیرۆکی کوردانبوون، چاوەڕێ بوون ئۆجه‌لان وەک قوربانییەکی نەبەز چەند وشەیەکی عاتیفی بەکاربهێنێت و چیرۆکە جەندبارەبووەکانی دیرۆکی کوردان دووبارەبکاتەوە. خەڵک پییان وابوو ئۆجه‌لان دەبێت وشەگەلیی لە وێنەی (یان کوردستان یان نەمان، بژی کورد و کوردستان….هتد) بڵیت وتەسلیمی قەدەریی سەدانساڵەی کوردایەتیی ببێت. بەڵام بە پێچەوانەوە، ئۆجه‌لان رێگەی لەبەردەم قۆناغ و جۆرێکی تر لە خەباتکردەوە کە تا چەند ساڵێکی درەنگتریش جگە لە هەڤاڵ و کادرە نزیکەکانی بزووتنه‌وه‌کەی کەس نەیدەتوانی هەزمی ئەو شۆکە بکات کە ئۆجه‌لان دروستیکرد.

 

لەلایەکی ترەوە بێ چانسیی ئۆجه‌لان لەوەدایە کە تا رۆژی ئەمڕۆیش، کەسانێکی زۆر بەهۆی هزر و بیریی ئەم بیرمەندەوە سەرڕێگاکەوتوون و کەچی کەمێکی زۆر کەمیان لە راستیی و قووڵیی هزری ئۆجه‌لان تێگەیشتوون. لە بۆنەیەکی تردا ئەم رەوشەم وەها هێناوەتە زمان: ئۆجەلان (یەکەم قوربانیی دەستی ئۆجه‌لانیزم).  لە وەختێکی تردا بە درێژتر شرۆڤەی ئەم دوو خاڵەی سەرەوە  دەکەم. ئاماژەکردن بەم دوو خاڵە لێرەدا تەنیا بۆ خۆپاراستنە لە تۆمەتی  دژبوونی سەرتاسەری  لەحاڵی رەخنەگرتنم لە ئۆجه‌لان و هەرواش تۆمەتیی لایەنگربوونی بێشەرت و قەیدی ئۆجه‌لان لەحاڵی پەسندانی هزرو ئایدیاکانییدا لەمەڕ هەڵسەنگاندنی هەردوو چەمکی مۆدێرنێتەی سەرمایەداریی و تازەگەریی دیموکراتیی.

 

لەم نوسیینە زۆر کورتەدا، هەوڵدەدەم لەسەر چەمکی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی وەک سیستەمێکی زەبەلاحیی  جیهانیی کە هەموو کایەکانی ژیانی داگیرکردووە هەڵسەنگاندنێک بکەم؛ هەروەها لەسەر چەمکی تازەگەریی دیموکراتیی وەک ئەڵتەرناتیڤی چەمکی یەکەم رەخنەیەک لە ئۆجه‌لان بگرم.

 

·        مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی:

 

چەمکی مۆدێرن، یان تازەگەریی ناخەمە بەردەم پێناسە باوەکانی ناوکتێبەکانی ئەکادیمییستەکان. مەبەستم لەوەیە کە بڵێم ناتوانم لە بابەتی ئایدیا و هزرەوە پۆلێنێکی لە وێنەی تازە و کۆن بەهەند وەربگرم. ئەوەی هەیە بریتیە لە دووبارە سواقدانەوەی بەها و دروشمە ئایدیۆلۆژییەکان، بەتایبەت لەم دووسەدەیەی دواییدا. هەرواش چەمکی سەرمایەداریی ناکرێت وەک دیاردەیەکی تازە تەماشا بکرێت. ئەوەی ئەنتۆنی گیدنز شێوازی سەرمایەداریی رۆژاوایی لە دوای شۆڕشی پیشەسازییەوە بە سەرەتای سەرمایەداریی مۆدێرن لەقەڵەمدەدات؛ تەواو کورت دەهێنێت و جگە لە تۆخکردنەوەی هێڵەکانی سەنتریزمی ئەوروپایی کە ماکس ڤێبەر ئەندازیارەکەی بوو هیچیدیکە نیە. بەڵام ئەوەش لەبەرچاودەگرم کە ئەو هێزە زەبەلاحەی کە لە رۆژئاوادا خۆی تۆکمە کردووە و دەسەڵاتی بەسەر دنیادا کێشاوە خۆی وەک مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی بەناوکردووە. کەواتە مژاری من لەسەر ئەو هێزە زەبەلاحەیە کە ئەم ناوەی لەخۆی ناوە و حاڵی حازر هەژموون و دەسەڵاتی بەسەر تەواوی دنیادا هەیە.

 

بونیادی سەرەکی ئەم هێزە لەمرۆدا لەسەر سێ پایە راوەستاوە. یەکەم: دەوڵەتی نەتەوەیی، دووەم: زۆرترین قازانج و سێیەمیش: پیشەسازیی (ئیندستریاڵیزم). هەر یەک لەم سێ پایەیە بەهێزکراون بە وزەیەک کە وەک لیبراڵیزم بەناوکراوە. لیبراڵیزم دەمامکێکی سیحرییە کە لە شێوەی ئازادیی و مافی مرۆڤدا خۆی نیشاندەدات و بانگەشەی ئەوەدەکات کە سەرمایەداریی مۆدێرن ئازادیی و مافی مرۆڤ و هەلی ژیانی باشترو کار بۆهاوڵاتییەکانی ئەو وڵاتانە دابیندەکات کە چانسی ئەوەیان هەبووە لە نیعمەتی سیستمی سەرمایەداریی مۆدێرن بەهرەمەندببن. بەڵام لەراستیدا نە لیبراڵیزم وەک رێبازێک و نە سەرمایەداریی مۆدێرنیش وەک سیستەمێک دەتوانن خۆشبەختیی و هەلی ژیانی ئازاد و ئاشتییانە بۆ خەڵک دابین بکەن. ئەوەی هەیە تەنیا رامکردن و بەڕێوەبردنی خەڵکە لەلایەن کەمینەیەکی تەماحبازیی سەرمایەسازەوە کە هەموو بەهاو مۆراڵە مرۆییەکانیان خستۆتە خزمەتی کەڵەکەکردنی سەرمایەوە.

 

سەرمایەداریی مۆدێرن لە دووسەد ساڵی رابردوودا لە ئەوروپاوە نەقشی خۆی لە بەرجەستەکردنی نەتەوەسازییدا هێناوەتە پێش. دروستکردنی نەزعەی نەتەوەیی و لە دواهەمین هەنگاویشیدا دامەزراندنی دەوڵەتگەلێک کە بە دەوڵەتی نەتەوەیی بەناوکراون؛ بە مەزنترین هەنگاوی سەرمایەداریی مۆدیرن دێتە هەژمار. شۆرشی پیشەسازیی و هەوڵی بەدەستخستنی زۆرترین قازانجیش وەک دوو پایەی دیکەی مەزنی ئەم سیستەمە دێنە هەژمار. لەم پێناوەدا مرۆڤایەتیی بە نارەحەتترین ساتەکانی ژیانیدا تێپەڕیوە لە مێژووی خۆیدا. ئەم دوو سەدەیەی دوایی (نۆزدە و بیست) بوونە شاهێدی کوشتار و قەتڵ و عامێکی بێوێنەی مرۆڤەکان و لەناوچوونی کەلتوور و خەیاڵ و بەهاگەلێکی گرووپ و نەتەوەو گەلە جیاوازەکان کە لە دیرۆکدا وێنەی نەبووە. مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی لەگەڵ خۆیدا نەتەوەپەرستیی و نەتەوەسازیی مۆدێرنی پێشخستووە کە لەپێناوی ئاواکردنی دەوڵەتێکی مۆدیرنی لائیک و سێکولاردا ئامادەبووە، چەندین پاکتاویی رەگەزیی و زمانیی و کەلتووری ئەنجامبدات. شەرعییەتدان بە سەردەستەیی گرووپێک و دروستکردنی ناسنامەیەکی  ساختە بۆ کۆمەڵێک خەڵک و بەزۆر سەپاندنی بەسەر تەواوی گرووپ و کۆمەڵە جیاوازەکانیتردا یەکێكە لە دیاردە هەرە دیارەکانی ئەم مۆدێلە لە ئاواکردنی نەتەوەپەرستیی (ناشناڵیزم). ئەوەی جێگەی تێڕامانە لەم نێوەندەدا  بەکارهێنان و یاریرکردنە بە چەمکی سێکولاریزم. ئەم چەمکە بۆخۆی هەڵگریی ئیشکالییەتی گەورەیەو لەم نووسینەدا جێگەی رەخنەکردنییمان نیە. بەڵام ئەوەی گرنگە بگوترێت کە نەتەوەپەرستیی خۆی بۆ خۆی هەڵگریی پیرۆزییەکی ئاسمانییە و زۆربەی جاران سەرۆکە نەتەوەییەکان هەڵگری سیفاتیی نەمریی و پیرۆزیی و بێ کەموکوڕیین لە دیرۆکدا. لەگەڵ بەکارهێنانی چەمکی سێکولارییزم و لائییکبوونیشدا، پیرۆزیی و پاک و بێگەردیی رۆحی نەتەوەو بەرەکەتی خوداوەنداکان و هەڵبژاردنی نەتەوەی پاک و پاراستنیی لەلایەن خوداوە هەمیشە جێگەی گرنگیی تایبەتیی بووە.

 

ئەم بیرۆکانە دەمانگەیەننە ئەو بڕوایەی کە مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی بە درێژایی ئەم دووسەدەیە لەهەوڵی بەدەستخستنی دەسەڵاتدابووە بۆ کۆمەڵێکی کەم لە ئیلیتی (نوخبە) ی سیاسیی و ئابووری  کە پیشەسازیی و زۆرترین قازانجیان بەدەستهێناوە و لەم پەیوەندیەشدا سازدانیی دەوڵەتی نەتەوەییان وەک ئێتنیتیگەلێک بەکاربردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی گەلان و ئیدارەدانی حکومەتە سەپێنراوەکانی سەر گەلان. لەم پێناوەشدا بەهیچ شێوەیەک بیر لە پاراستنی کولتوور و خەیاڵ و تایبەتمەنییەکانی گەلان نەکراوەتەوە. تەنانەت سڵ لە جینۆساید و پاکتاویی فیزیکی خەڵکانیش نەکراوەتەوە. بەناوی پێشکەوتن و مۆدێرنبوونەوە هەموو رێگەیەک گیراوەتەبەر بۆ یەکانگیرکردن و یەکرەنگکردنی رەنگە جیاوازەکانی کۆمەڵگە. مۆدێلی دەوڵەتیی نەتەوەیی بەعسیی سووریی و عێراقیی و مۆدێلی ناشناڵیزمی تورکیی ودەوڵەتۆکە عەرەبییەکان هەموویان ئەم راستییە بەدەردەخەن.

 

ئەوەی کە زۆر جێگەی سەرسوڕمانە لەم پەیوەندییەدا ئەوەیە، کە ئەگەر وردتر ته‌ماشای ئەو قەوارانەی (کیان) کە لە ژێرناوی دەوڵەتی نەتەوەوە دروستکراون بکەین؛ دەبینین کە ئەو ناسنامەیەی کە دەوڵەتەکە هەلیدەگرێت، دروست نوێنەرایەتی هیچ گروپێکی سروشتیی و راستینەی ناوکۆمەڵگا ناکات. بەڵکو کراسێکە کە لە دەرەوە دووراوە و هێنراوە بەزۆر کراوە بەبەری ئەو خەڵکانەدا کە لەو جوگرافیایەدا و لەناو ئەو سنوورە دەسکردانەدا نیشتەجێن. نمونەی عێراقی عەرەبیی لە تەواوی سەدەی بیستدا ئەم راستییە روونتردەکاتەوە. کێ دەتوانێ پێمان بڵێ کە دەسەڵاتی سیاسیی و نەتەوەیی عەرەبیی  لە عێراقدا تەعبیربوو لە خواست و داوای خەڵکانی ئەو سنوورە دەستکردەی کە بە عێراق ناوزەدیانکرد؟ لەلایەکی ترەوە هەر بۆ خودی دەسەڵات و دەوڵەتەکە بەناوی سەروەریی نەتەوەیی و دەوڵەتییەوە، دەسەڵاتی سەرکوتکاریی دەوڵەت بەهەموو شێوەیەک سەرکوتیی داواو مافە رەواکانی گرووپ و کۆمەڵە کەلتووریی و ئەتنیی و ئایینیی و کۆمەڵایەتییە جۆربەجۆرەکانیان دەکرد. بەڵام کەس دەتوانێ پێمان بڵێ کە ئایا ئەو دەوڵەتە نەتەوەییە بچووکانەی لە نمونەی عێراقی عەرەبیی و دەوڵەتۆکە عەرەبییەکان بەگشتیی خاوەنی سەروەریی نەتەوەیین؟ ئەمە جگە لە توخم و بنەماکانی نەتەوە و دواتر چەمکی دەوڵەتی نەتەوەییش کە بۆخۆیان هەڵگریی چەندین ئیشکالیەتی چارەسەرنەکراون. بۆ نمونە دەوڵەتی میسریی عەرەبی چ مانایەکی هەیە؟ چ سەروەریی و سەربەخۆییەکی سیاسیی و ئابووریی و تەنانەت کەلتووریشی هەیە لە رۆژگاریی مۆدێرندا و لە سایەی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییدا؟.

 

گرنگیی تێڕامان لە رەوشی گەلان و هەبوونی ئەو رەوشە سەختەی کە بەهۆی خەیاڵ و پراکتیکردنەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییەوە هاتۆتەئاراوە کە بۆتە هەڕەشەیەکی زۆر جددی لەسەر مان و هەبوونی فرەڕەنگیی و فرە کولتورری لە نێو گەلاندا ئەوەیە کە دەبێتە هۆی بیرکردنەوە لە چارەسەرێک یان ئەڵتەرناتیڤێک بۆ ئەم رەوشە سەختە. لە دووسەد ساڵی رابردوودا چەندین بزووتنه‌وه‌و ئایدیۆلۆژیای جیاواز لەهەوڵی بەربەرەکانێی ئەم سیستەمەدا بوون. لە ئەوروپادا بزووتنه‌وه‌ کرێکاریی و پیشەییەکان، هەتا بزووتنه‌وه‌ ئایینییەکان و فێمێنیستەکانیش، هەتا بزووتنه‌وه‌ نەتەوەییە ناڕازییەکانیش لەهەوڵی پێشخستنی گوتارێکی ئەڵتەرناتیڤدابوون بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم سیسته‌مەی کە لێرەدا بە مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی ناودێرمانکردووە. لە جیهانی ئیسلامیدا بزووتنه‌وه‌ نەتەوەییەکانی عەرەبیی، بارگاوییکراو بە خەیاڵیی ئایینیی وەک شێوەیەک لە ئۆپۆزیسیۆنی ئەم سیستەمە هاتنە بەرچاو. خودی کۆمۆنیزم و شێوازە جۆربەجۆرەکانی سۆسیالیزم و شرۆڤەکانی مارکس و ئەنگلس تا دەگاتە شۆرشی ئۆکتۆبەر و بنیادنانی سیستمی سۆسیالیستی لە چین و سۆڤیەت و پەلکێشانی ئەم هزرەش بۆ جیهانی سێ بە گشتیی و جیهانی ئیسلامیی بەتایبەتی وەک شێوەیەک لە ئەڵتەرناتیڤی ئەم سیستەمە هاتنە بەرچاو. بەڵام کێشەی سەرەکەیی ئەم بزووتنەوانە بەگشتیی ئەوەبوو کە هەر لەسەرەتاوە خەریکی تۆخکردنەوەی ڕێباز و بەهاکانی هەمان سیستەمبوون کە بە حساب دژایەتییان دەکرد. ئەمە جگە لە ناکامڵیی هزرمەندو چالاکوانەکانی ناو ئەم بزووتتنەوە جیاوازانە لە درێژایی سەدەی نۆزدە و بیستدا. واتە لە رواڵەتدا ئەم بزووتنەوانە بانگەشەی ئازادکردنی کۆمەڵگاکانیان دەکرد لە ژێر دەستی کۆڵۆنیاڵییدا و بەهیوای پیادەکردنی عەدالەتی کۆمەڵایەتیی و یەکسانیی و ئازادیی بۆ خەڵک؛ بەڵام لە جەوهەردا ئامانجەکانی ئەم بزووتنەوانە سەریدەکێشا بۆ فاشیزم و شۆڤێنییەت و ستەمکاریی و پێشێلکردنی ئازادیی و یەکسانیی و عەدالەتیی کۆمەڵایەتیی. لە ڕواڵەتدا ئیعلانی شەڕکردنبوو لەگەڵ کۆڵۆنیالیزم، بەڵام لە ئەنجامدا دروستکردنی دەوڵەتیی بچووکی کۆڵۆنیالیی لێکەوتەوە کە بوونە مایەی جەنگ و ماڵوێرانیی خەڵک. نموونەی ئەم بزووتنەوانە لە هەرپارچەیەکی دنیادا هەن و لە ژمارەنایەن. شۆڕشی ئۆکتۆبەر بۆخۆی دیارترینیانە. بینرا کە سوپەر دەوڵەتی سۆڤییەتی پێشوو چۆن لە شۆڕشێکی ئازادیخوازەوە سەریکێشا بۆ ستەمکاریی و ناعەدالەتیی. بینرا کە ئەو قەوارە مەزنە چۆن بوویە مایەی درێژکردنەوەی تەمەنی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی و سیستەمی کاپیتاڵیزمی رۆژاوایی. هەرواش دەبینین لەمڕۆدا چۆن دەوڵەتی سەرمایەداریی چینی لە ژێرناوی پارتی كۆمۆنیستدا چ خزمەتێکی بەرچاو بە سیستمی کاپیتاڵیزم دەکات. لە وڵاتە عەرەبیی و ئیسلامییەکانیشدا نموونەی دەوڵەتی تورکیا و پاکستان و دەوڵەتە عەرەبییەکانمان هەیە کە جگە لە ستەمکاریی و نا یەکسانیی کۆمەڵایەتیی و جگەلە وابەستەیی و گوێڕایەڵی هێزە رۆژاواییەکان هیچ دەسکەوتێکی ئەوتۆیان بەدەستنەخستووە.

 

کورتەی مەبەست ئەوەیە کە هەتا ئەم بزووتنەوانە رێ و ڕێبازیی خۆیان نەگۆڕن و بەهەمان میتۆدی داگیرکارەکانیان هەوڵی خۆ رزگارکردن بدەن؛ هەتا بە هەمان میتۆدی بازرگانە تەماحبازەکانی کە سامانی ئەم گەلانە بۆخۆیان دەبەن ئەمانیش بیانەوێت سامان و ماڵی خۆیان بپارێزن؛ هەتا بە هەمان چەکی دوژمنەکانیان بەرگریی لەخۆیان بکەن رەوشەکە لەمە باشتر نابێ. بە زمانی ئۆجەلان ئەم بیرۆکەیە دەرببڕم؛ هەتا ئەڵتەرناتیڤێک پێشنەخرێت و خەڵکی بۆ سەفەربەرنەکرێت، رەوشەکە تەنیا درێژەدان دەبێت بە ستەمکاریی و داگیرکاریی گەلان وکۆمەڵگە و ئابووریی و کولتوورەکانیان. لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە: ئەڵتەرناتیڤی گونجاو بۆ ئەم سیستەمە  چییە؟

 

·        تازەگەریی دیموکراتیی

 

چەمکی دیموکراتیی یەکێکە لەو چەمکە زۆر بە ئیشکالانەی کە بەهەموو شێوازێک یاریی پێکراوەو و دەتوانم بڵێـم هەم لەلایەن سیستەمی سەرمایەداریی و هەمیش لەلایەن بزووتنه‌وه‌ بەرهەڵستەکانییەوە تەنانەت لاقەیش کراوە.  ئۆجه‌لان یەکێکە لەو بیرمەندانەی کە زۆر بە قووڵی لەم چەمکە تێگەیشتووە و باش مێژووی ئەو چه‌مکەی هەزمکردووە؛ بۆیە لەهەمووکەس زیاتر بەکارییدەهێنێت و ئەڵتەرناتیڤێکی بۆ ئەم چەمکە نەدیوەتەوە تا ئێستا. بۆیە لە رواڵەتدا وا دەردەکەوێ کە ئۆجەلان تەسلیمی حەتمیەتی ئەم چەمکە بووە. بۆیە وەک ئەڵتەرناتیڤی تەواوی سیستەمەکە ئەم چەمکەی کردووە بە ئەساس و بنکەی ئیشەکەی.

 

وەک ئەڵتەرناتیڤ بۆ هەر سێ پایەکەی سیسته‌می سەرمایەداریی؛ ئۆجه‌لان سێ مۆدێلی پێشخستووە.  یەکەم، کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیی لە جێی دەوڵەت – نەتەوە. دووەم، ئابووریی کۆمیناڵ واتە لەسەر ئەساسی قازانجی کۆمەڵگە؛ لە جێی زۆرترین قازانج. سێیەم، پیشەسازیی ژینگەپارێز، (ئیکۆلۆژی) لە جێی پیشەسازیی سەرمایداریی( ئیندوستریاڵیزم.). هەریەک لەم سێ مۆدێلە پێویستیی بە شرۆڤە و ناساندنێکی قووڵ و نەفەس درێژانە هەیە لە لایەنیی تیۆڕییەوە. لەم نوسیینەدا نەمتوانی شتێک ئیزافەبکەم بۆ شرۆڤەکانی ئۆجه‌لان دەرهەق بەم سێ مۆدێلە، بۆیە تەنیا ئەوە دەڵیم کە خوێندنەوەی کتێبی سۆسیۆلۆژیای ئازادیی گرنگترین کارێکە بۆ تێگەیشتنێکی رەخنەیانەی قووڵ لەمبابەتە. بەڵام لێرەدا تەنیا مەبەستمە  دوو خاڵ شرۆڤە بکەم:

 

یەکەم؛ ئۆجه‌لان لە مژاریی پێشخستنی ئەڵتەرناتیڤی ئەم سیستەمەدا شتێکی تازەی نەهێناوە. بەڵکو لە هەناویی ئەزموونەکانی مێژووەوە، بەتایبەتیش لەم دوو سەدەیەی دواییدا، بۆ ئەڵتەرناتیڤ گەڕاوە و ئەم تێزەی پێشخستووە. تەنها شتێکی زۆر گرنگ کە ئۆجه‌لان کردبێتی، تێکهەڵکێشکردنی چەمکی دیموکراتیی راستەوخۆ و رادیکاڵە لە شێوازی بەڕێوەبردنیی کۆمەڵگەدا کە ئەمەش دەبێتە هۆی هێزپێدانی وردە کولتوورەکان و گرووپ و کۆمەڵە کەمینە و بێدەستەڵاتەکان. 

 

دووەم: ئەم هەوڵەی ئۆجه‌لان لە حاڵی پراکتیکدا لەبەردەم ئیمتیحانێکی ناوازەدایە. لە رەوشی سەفەربەرییدا بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە کۆمەڵە و گرووپە مارژیناڵەکان (پەراوێزخراو) وەڵامی پۆزەتیڤیان بەم خەیاڵەی ئۆجه‌لانداوەتەوە (بەتایبەت لە کوردستاندا). بەڵام لەحاڵی سەرکەوتنی فیزیکیی و گرتنەدەستی دەسەڵاتدا، ئەگەرێکی نە بچووکە کە ئەم هەوڵەی ئۆجه‌لانیش بگەڕێتەوە سەر رێچکەی بزووتنه‌وه‌ جۆراوجۆرەکانی هەردوو سەدەی نۆزدە و بیست و دیسانەوە ببێتە درێژە پێدەری سیستەم. ئەم ترسە لەلایەن ئۆجه‌لان خۆیەوە زیاتر لە چەندین جار ئاماژەی پێکراوە. رەخنەی ئەم نووسینە لە ئۆجه‌لان ئەوەیە کە تەسلیمبوون بە چەمکی دیموکراسیی و سەرنەکەوتن لە گەڕان بەدوای ئەڵتەرناتیڤدا بۆ خودی دیموکراسیی یەکێکە لە کورتهێنانەکانی تێزەکەی. هەربۆیەش لە حاڵی پراکتیکدا ئەگەری شکانەوە بەرەو ڕووی ستەمکاریی هەمیشە هەڕەشەیەکە لەو بزوتنەوانەی کە بە خەیاڵی ئۆجه‌لان هەنگاودەنێن. ئەمە جگە لە خەتەریی تێنەگەیشتنی بزووتنه‌وه‌کان لە تێزەکانی ئۆجه‌لان. بەڵام ئەوەی جێگەی تیشکخستنەسەرە لەلایەکی ترەوە، دیسان دیموکراتیەتی رادیکاڵیی و راستەوەخۆیە کە رۆژانە بزووتنه‌وه‌کان مەحکومدەکات بە رەخنە کردنی خۆیان و ئەنجامدانی خۆ گۆڕیین و خۆ نوێکردنەوە. نمونەی رۆژاڤای کوردستان و سیستەمی خۆڕێوه‌بەری دیموکراتی لەو پارچەیەی کوردستاندا یەکێکە لە نموونە بەرچاو گرنگ و زۆر کریتیکاڵەکان کە وەک ئەزموونێکە بۆ سەرکەوتن یان سەرنەکەوتنی خەیاڵەکانی ئۆجه‌لان.

Leave a Reply

Your email address will not be published.