گۆشه‌ی ئازاد

موسڵ، كه‌ركوك، ئه‌ربیلی، ئاسللاردا تو‌ركیلی!!!؟

له‌و رۆژانه‌ مه‌سه‌له‌ی ته‌سلیمكردنه‌وه‌ی كوردێكی په‌ناهه‌نده‌ له‌لایه‌ن ده‌ڤه‌ری سه‌وزه‌وه‌ بۆته‌ قسه‌و باسی میدیاكان، له‌ راستیدا ئه‌و رووداوانه‌ ئاماژه‌ بۆ دوو خاڵی مه‌ترسیدار ده‌كه‌ن

د.كامه‌ران مه‌نتك

 

چه‌ند رۆژێكه‌ ڤیدیۆی گۆرانیه‌كی توركی له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بڵاوبۆته‌وه‌، كه‌ كه‌ركووك و وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن ئه‌ربیل و موسڵ به‌ خاكی توركیا ناوزه‌د ده‌كات، هه‌ر له‌و رۆژانه‌ مه‌سه‌له‌ی ته‌سلیمكردنه‌وه‌ی كوردێكی په‌ناهه‌نده‌ له‌لایه‌ن ده‌ڤه‌ری سه‌وزه‌وه‌ بۆته‌ قسه‌و باسی میدیاكان، له‌ راستیدا ئه‌و رووداوانه‌ ئاماژه‌ بۆ دوو خاڵی مه‌ترسیدار ده‌كه‌ن، خاڵێكیان ئه‌وه‌یه‌ خه‌ڵكی كوردستان به‌ كێشه‌كانی ناوخۆ خه‌ریك كراوه‌و رووداوه‌كانی ده‌وروبه‌ری خۆی نابینێت، خاڵه‌كه‌ی تر ئه‌وه‌یه‌ داگیركاری ئه‌و دوو وڵاته‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان پێی ناوه‌ته‌ قۆناغێكی نوێ. توركیا ئێستا له‌ عه‌فرینه‌وه‌ تاوه‌كو ده‌گاته‌ سیده‌كان خه‌ریكه‌و پشتێنه‌ی ئه‌منی خۆی ته‌واو ده‌كات، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی هیزه‌كانی توركیا له‌هێڵی شه‌نگال و به‌عشیقه‌و مه‌خمور دیوارێكیان له‌نیوان باشوورو رۆژئاوای كوردستان دروستكردوه‌، له‌لایه‌ك هه‌ردوولایان ئابڵووفه‌ داوه‌، له‌لایه‌كی تر كۆسپیان له‌به‌رده‌م له‌یه‌كترزیكبوونه‌وه‌ی ئه‌و دووبه‌شه‌ دروستكردووه‌، هه‌ردوو به‌شیشیان رووبه‌ڕووی یه‌كتر كردۆته‌وه‌!. به‌تایبه‌تی ئه‌و دووبه‌شه‌ی له‌رووی جوگرافیه‌وه‌ هاوسنوورون وه‌ك ده‌ڤه‌ری زه‌رد له‌گه‌ڵ رۆژئاوای كوردستان، كه‌ توركیا وه‌ك قووڵایی ستراتیژی خۆی لێیان ده‌ڕوانێت. ئه‌مه‌ش به‌شێكه‌ له‌ پڕۆژه‌ی عوسمانیه‌ نوێیه‌كان و هه‌ردوو ره‌گه‌زی راسیزم و ئایدیۆلۆژیای ئاینی تێكه‌ڵكردووه‌!. كه‌واته‌ له‌ رووی سه‌ربازیه‌وه‌، ئێستا توركیا به‌كرده‌یی هه‌ردوو به‌شی كوردستانی ئابڵووقه‌داوه‌و خنكاندوویه‌تی!. له‌رووی سیاسیشه‌وه‌ ئه‌و دوو وڵاته‌ ده‌ست له‌هه‌موو هه‌نگاوێكی ناوخۆی ئه‌و هه‌رێمه‌ وه‌رده‌ده‌ه‌ن، وه‌ك سه‌رۆكی پێشووی هه‌رێمی كوردستان گوتبووی، ناتوانین به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی دابنێین و ده‌وڵه‌ته‌ هه‌رێمیه‌كان خۆیان تێهه‌ڵده‌قورتێنن، بۆیه‌ من پێم وایه‌ ئێستا هیچ پله‌یه‌ك له‌ ئیداره‌ی هه‌ردوو زۆنی زه‌ردو سه‌وز به‌ بێ ره‌زامه‌ندی ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته‌ دانانرێت، ئه‌گه‌ر به‌ خێرایی چاوێك به‌و گۆڕانكاریانه‌ی ئه‌م دواییه‌ پۆسته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم و ته‌نانه‌ت ناوه‌خۆی حزبه‌كانیش دابخشێنین به‌ ته‌واوی ئه‌و راسته‌قینه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت. خودی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر، كه‌ ده‌روازه‌یه‌كی گرنگی هه‌رێمه‌ به‌رووی جیهانی ده‌ره‌وه‌دا له‌لایه‌ن كۆمپانیای ئه‌و ژه‌نه‌ڕاڵه‌ توركیه‌وه‌ دروستكراوه‌، كه‌ به‌رپرسی هێزه‌كانی پی ئێم ئێف یوو، ئه‌و هێزه‌ی توركیا گوایه‌ هاتبوو ناوبژژی له‌نیوان پارتی و یه‌كیتی بكات له‌كاتی شه‌ڕی ناوخۆو ناوه‌كه‌شی نراوه‌ (فڕۆكه‌خانه‌ی ئه‌ربیلی‌ نێوده‌وڵه‌تی)، واته‌ ئه‌و ناوه‌ی توركه‌كان به‌ هه‌ولێری پایته‌ختی كوردستانی ده‌ڵێن و له‌ گۆرانیه‌كه‌دا هاتووه‌و خه‌ڵكی پێ قه‌ڵس بووه‌، له‌ ده‌ڤه‌ری سه‌وزیش سه‌یرنیه‌ ئه‌گه‌ر په‌ناهه‌نده‌یه‌ك، مه‌به‌ستم كوردێكی رۆژهه‌ڵات، كه‌ په‌نا بۆ هه‌رێم بێنێت و ته‌سلیم بكرێته‌وه‌، له‌به‌ر‌ئه‌وه‌ی خودی ئیداره‌كه‌ ئێستا خه‌ریكه‌ به‌ته‌واوی مۆركی كوردبوونی خۆی له‌ده‌ستده‌دات و له‌هه‌موولایه‌نه‌كانی ئابووری و سه‌ربازی و سیاسی و ئیداری به‌ئێران ده‌به‌سترێته‌وه‌، دیاره‌ ئه‌مه‌ بۆ ده‌ڤه‌ری زه‌ردیش هه‌مان شته‌، ئه‌گه‌ر به‌رله‌ئێستا وه‌ك كۆلۆنیایه‌كی ئابووری توركی سه‌یری ئه‌و به‌شه‌مان كردبێت، ئه‌وا ئێستا له‌رووی سه‌ربازیشه‌وه‌ راسته‌وخۆ داگیركاوه‌و ته‌نانه‌ت جوولانه‌وه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ناو‌چه‌ی زینی وه‌رتێ ئه‌نجامدراو كێشه‌ی له‌نێوان حزبه‌كان لیكه‌وته‌وه‌، ده‌كه‌وێته‌ ئه‌و چوارچێوه‌یه‌وه‌، بۆیه‌ ئێستا ده‌بێت خه‌ڵكی كوردستان ئه‌وه‌ باش بزانن، شتێك به‌ كرده‌یی وه‌ك هه‌رێمی كوردستان نه‌ماوه‌، ئه‌و ئیداره‌ی هه‌یه‌ دیكۆرێكه‌ بۆ شاردنه‌وه‌ی داگیركاری راسته‌وخۆی ئه‌و دوو وڵاته‌‌‌، ئه‌و حیزبانه‌شی، كه‌ بوونه‌ته‌ بنێشته‌خۆشه‌ی سه‌رزاران و به‌رده‌وام ره‌خنه‌یان لیده‌گیریێت، جگه‌ له‌ دێوجامه‌یه‌ك بۆ شاردنه‌وه‌ی ئه‌و راسته‌قینه‌ تاڵه‌ هیچی تر نین و ئه‌وانه‌ جگه‌ له‌ هه‌وڵی مانه‌وه‌ی خۆیان هیچ په‌یوه‌ندیه‌كیان به‌ كوردو به‌رژه‌وه‌ندیه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانه‌وه‌ نه‌بووه‌و نه‌ماوه‌، ئه‌وانه‌ هه‌موو شتێكیان هه‌ڕاج كردوه‌و له‌ده‌ستداوه‌ له‌ پیناو مانه‌وه‌ی خۆیان،!. ئه‌وه‌یه‌ دۆخی ئێستای ئه‌و ناوچه‌یه‌ و با چیتر خۆمان فریو نه‌ده‌ین، ئه‌وانه‌ی باسمان كرد هه‌موو ده‌كه‌وێته‌ چوارچێوه‌ی پڕۆسه‌یه‌كی داگیركاری رێكخراو، ده‌بێت خه‌ڵكی كوردستان ئه‌و راستیه‌ باش بزانێت و چیتر به‌ره‌خنه‌گرتن له‌یه‌كێتی و پارتی خۆی له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و داكه‌وته‌ تاڵه‌ نه‌بوێرێت و له‌ به‌رپرسیاریه‌تی راسته‌قینه‌ی خۆیان رانه‌كه‌ن، چو‌نكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ی باسمان كرد داگیركاریه‌كی نوێی كوردستان نه‌بێت، ئه‌ی داگیركاری چیه‌؟

تاگه‌كان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Close
Close
%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: