گۆشه‌ی ئازاد

کۆرۆنای پێنج سەر، توند لە تورکیاوە ئاڵاوە

تورکیا لە چاو زوربەی دەوڵەتەکانی دی، کە کەوتوونەتە بەر بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، تووشی بەڵایەکی لەوان گەورەتر هاتووە. وەک دەبیندرێت، کۆرۆنا لە تورکیا، وەک ئەژدیهای پێنج سەر، لە پەیکەرەی ئەم دەوڵەتەوە ئاڵاوە

شاسوار هەرشەمی

 

تورکیا لە چاو زوربەی دەوڵەتەکانی دی، کە کەوتوونەتە بەر بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، تووشی بەڵایەکی لەوان گەورەتر هاتووە. وەک دەبیندرێت، کۆرۆنا لە تورکیا، وەک ئەژدیهای پێنج سەر، لە پەیکەرەی ئەم دەوڵەتەوە ئاڵاوە.

یەکەم: تورکیاش، وەک هەموو ئەو دەوڵەتانەی دی کە پەتاکەیان تێدا بڵاوبۆتەوە، خەڵکێکی زۆری لێ مردووە و دەمرێت. خەڵکێکی زۆرتریش، پێویستیان بە سەرپەرشتی تەندروستی هەیە، بە جۆرێک کە نە نەخۆشخانەکان جێگایان ماوە و نە ئامراز و کەلوپەلەکان بەشی هەمووان دەکات. دەوڵەتەکە تا ئێستا دوو بڕی گەوەرە لە کەلوپەلی پزیشکی ئیسپانیا و سویدی دەست بەسەر داگرتووە و دزیویەتی، کاتێک کە وەک ترانزێت بە بەندەرەکانی تورکیادا تێپەڕیون. ئەمەش کێشەیەکی دیپلۆماتی بۆ هێناوەتە پێش.
هەروەک بڵاوبوونەوەی پەتاکە، کۆمەڵێک بەرەنجامیشی بە دوا دا هاتووە، وەک قەدەغەی هاتووچۆ، داخستنی کارگە و فابریکەکان، بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاریی. نەفرۆشان و ساغ نەبوونەوەی کەمالیاتی وەک جل و بەرگ و ئامێر و…، کە لە فابریکەکانی تورکیا کۆپی دەکرێن و ساختەن، بۆیە ناتواندرێت بۆ بازاڕی دەرەوەی بنێرێت، جگە لە قوبرسی تورکی و هەرێمی کوردستان. هۆکاری نەفرۆشرانیشی ئەوەیە، کە خەڵک بە گشتی خەریکی کڕین و دابین کردنی خۆراکن.

دووەم: توریسم، کە گەورەترین پێگەی ئابووری تورکیای پێکهێناوە، بە تەواوی لە پەل و پۆ کەوتووە. هۆکارەکەیشی دیارە. خەڵکێکی زۆری دەوڵەتانی دی، حاڵیان وەک حاڵی هاوڵاتیانی تورکیایە و گەشت لە لیستی کارە یەکەمەکانیان نەماوە. تورکیا کە جگە لە ئاڵودە بوونی بەم دەردە، هەوڵی شاردنەوەی داتاکانی تووش بوونیشی داوە و بۆتە جێگای گومان و خەڵک و دامەزراوەکانی گەشت و گوزار و توریستیی ناوێرن کڕیارەکانی خۆیان هان بدەن، تا تورکیا هەڵبژێرن. هاوکات وەستان و نەمان و نەبوونی ئامرازەکانی گەیشتن بە ناوەندە توریستیەکانی تورکیا، لە باری ئێستادا، هەندەی دی گورزی لە توریسم داوە.

سێیەم: هێڵی ئاسمانی تورکیش ئێرلاینی سەر بە دەوڵەت، کە بە یەکێک لە ئوستوڵە هەرە گەورەکانی فڕۆکەوانی دنیا دادەندرێت، هاوکات ئامرازێکی گەورەی داهات و کۆکردنەوەی توریستانی هەر چوار گۆشەی دنیاشە بۆ تورکیا. لە باری ئێستادا، بە کردەوە پەکی کەوتووە. جگە لەوەش مانەوەی هەزاران فڕۆکە لە فڕۆکەخانەکان، پێویستیان بە چاوەدێریی و خزمەت کردن و کۆنترۆلی ڕۆژانە هەیە، کە بۆتە ئەرکێکی قورسی ئابووری بەسەر کۆمپانیاکەوە و بەرەو ئیفلاسی دەبات.

چوارەم: دەوڵەتی تورکیا، زووتر لەگەڵ دەیان کۆمپانیای بیانی کۆنتراکتی بەستبوو، بۆ دروست کردنی شەقامی ئۆتۆبانی خێرای نێوان شاران، هێلی تراموای ناو شاران و کەناڵی ئاویی. ئەرکی دروست کردنی هەموو ئەمانە لەسەر بودجەی کۆمپانیاکان بوو، کە لە بەرامبەریدا، ئەو کۆمپانیایانە، بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ، داهاتی شوێنەکان بۆ خۆیان دەبەن. لە خاڵێکی کۆنتراکتەکاندا هاتووە، کە ئەگەر داهاتی ڕۆژانەی کۆمپانیاکە لە بڕێکی لەسەر ڕێککەوتوو کەمتر بێت، ئەوا دەوڵەتی تورکیا دەبێت تا ئەو بڕە پارەیە بۆ کۆمپانیاکە پڕ بکاتەوە.
ئێستا بە هۆی خۆ کەرەنتێن کردنی زۆرینەی خەڵکی و قەدەغەی هاتو و چۆ و نەهاتنی توریستان، دەوڵەت ناچارە تا پارەی داهاتی ڕۆژانەی ئەو کۆمپانیا بێگانانەش بدات، یان بە قەرز لەسەری دەمنێنێت و سوی دەچێتە سەر.

پێنجەم: دەوڵەتی تورکیا، لە کاتی پەلامارەکەی ئەم دواییەی سپای سوریا بۆ ئیدلب، داوای لە ناتۆ و یەکیەتی ئەوروپا کرد تا پشتگیری لێ بکەن. کاتێک کە ئەوان بە دەنگییەوە نەهاتن، دەیان هەزار بیانیی، ئەفغانیی، سوریی، ئێرانیی و عێراقیی و ئافریکیی، بە ئۆتۆمبێلی سەربازیی، گەیاندە سەر سنورەکانی یۆنان و بولگارستان، تا ئیبتیزازی یەکیەتی ئەوروپا بکات و ناچاریان بکات، دیسان چەند ملیار ئەورۆیەکی دی پێ بدەن. بڵاو بوونەوەی پەتای کۆرۆنا، پەکی ئەم هەوڵەشی خست و بە ناچاری و بە دەستی بە تاڵەوە، هەموو پەنابەرەکانی گەڕاندەوە ناو تورکیا و قڕانێکیشی دەست نەکەوت.

تاگه‌كان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Close
Close
%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: