ڕاپۆرت

خۆپیشاندەرانی عێراق دەوڵەتی نەتەوەیی و دیینیی رەتدەکەنەوە

چاودێرانی سیاسیی رایدەگەیەنن: خاڵی هەرە گرنگ ئەوەیە کە ئایدیۆلۆژیا نەتەوەیی و دیینییەکان لە خۆپیشاندانەکاندانی عێراقدا کاریگەریی نییە، جەجتیش دەکەنەوە: هەزاران کەس کوژران و بریندار بوون، بەڵام دەسەڵاتی سیاسیی پابەندی ئەخلاقیی بۆ هاووڵاتیانی عێراق نییە.

ئا: ئاسۆ جه‌وهه‌ر

 

چاودێرانی سیاسیی رایدەگەیەنن: خاڵی هەرە گرنگ ئەوەیە کە ئایدیۆلۆژیا نەتەوەیی و دیینییەکان لە خۆپیشاندانەکاندانی عێراقدا کاریگەریی نییە، جەجتیش دەکەنەوە: هەزاران کەس کوژران و بریندار بوون، بەڵام دەسەڵاتی سیاسیی پابەندی ئەخلاقیی بۆ هاووڵاتیانی عێراق نییە.

دوای ئەوەی حکومەتی عێراق رێککەوتێکی بە بەهای ٥٠٠ میلیارد دۆلار لەگەڵ وڵاتی چیندا دەکات، بەمەبەستی بونیادنانەوەی ژێرخانی ئابووریی وڵاتەکە، هەروەها رێککەوتن-ێکیشی لەگەڵ روسیادا بۆ کڕینی سیتمی بەرگریی ئیس ٤٠٠ دەکات؛ نووسەران و لێکۆڵەرانی سیاسیی عێراق ئەو دوو رێککەوتنە بە هۆکارێکی خۆپیشاندانەکان دەزانن.

دوای رێککەوتەکان ئیتر شەقامی سایسیی عێراق نا ئارامیی بە خۆیەوە دەبینێت و لە سەرەتای مانگی ١٠ی  ساڵی ٢٠١٩ خۆپیشاندانی جەمارەیی گەورە شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقی گرتەوە.

خۆپیشاندەرانی عێراق، داوای نەمانی گەدەڵیی، دابین کردنی هەلیکار و دابینکردنی خزمەتگوازاریی دەکەن.

بەشێک لە چاودێران هێما بۆ ئەوە دەکەن، خۆپیشاناندەکان بە دەست تێوەردان و وەڵامی سیاسەتی ئەمریکای دەزان بۆ رەتکردنەوەی ئەو دوو رێککەوتنە عێراق لە گەڵ چین و روسیا دا کە ئەمریکاش بە مافی خۆی دەزانێت ئەو وەبەرهێنا لە عێراقدا بکات و چەکی پێبفرۆشێت.

لاوك ئەبوبەکر
لاوك ئەبوبەکر، چالاکوانی سیاسیی و شانۆکار

لاوک، یەک لەو گەنجانەیە کە چووەتە نێو خۆپیشاندانەکانی مەیدانی تەحریری بەغدادی عێراق  و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات:  عێراق لە سەرەتای دروستبوونیەوە وڵاتێکی ئاڵۆز بووە، پێم وانییە هەرگیز پێشبینی و خوێندنەوەکان بۆی، بە ئاقارێکی دروستدا ڕۆیشتبن. لە ئێستایشدا هەر وایە؛ لە ناو ئەو هەمەچەشنی و قەرەباڵغییەی شەقام و هەستان و دامرکانەوەیدا، قورسە دەرهاویشتەکان بێنیتە پێش چاو. ئامانجیش تەنهاوتەنها ژیانە و هیچی تر؛ عێراق و پایتەختەکەی لە تاجی سەری مێژووی ئەم ناوچەیە و وڵاتی دووئاوانەوە، بوونەتە کەلاوەیەکی گەورە و شوێنی هەر شتێکە، ژیان نەبێت. ئەوەی لە پاڵ ئەم ئامانجەیشدا بەرچاوە و لای من زۆر گرنگە، دروستبوونی دەنگێکی جیاواز و جووڵانەوەیەکی نوێیە، کە زۆر دەمێکە شەقامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە خۆیەوە نەیبینیوە.

لاوك ئەبوبەکر، چالاکوانی سیاسیی و شانۆکارە ئەو گەنجە تێڕوانینی سیاسیی خۆی و چیرۆکی خۆپێشاندانەکانی عێراق بۆ گۆڤاری “ئازادیی کۆمەڵگە” دەگێڕێتەوە و دەوڵێت: “لام وانییە غیابی فیکر و رێکخستنی سیاسیی لە تەحرییرەکاندا هەبێت. ئەوەی ئێستا هەیە و ماوەتەوە، بەرهەمی بەشێک لەو فیکر و رێکخستنەیە کە راپەڕیوەکان پێی هەستاون – ئەگەرچی کەمیش بێت -. وا چەند مانگێکە جووڵانەوەکە بەردەوامە و رۆژانە قوربانیی دەدات و چاوی لە گۆڕانکاریی گەورەترە لەوەی بە دەستی هێناوە. گومان لەوەدا نییە کە ئەمە لە ئاستی پێویستدا نییە و دەستی دەرەکییش زۆر زاڵە بەسەریدا، بەڵام نابێت ئەمە چادرەکان و توکتوکەکان و پەیکەری مەتعەم تورکیمان لە بەرچاو لا ببات و ئەو ڕێکخستنە نەبینین کە ئەو گەنجانە کردوویانە و بەرهەمی فیکرێکە نزیکەی سەد ساڵە ئەم ناوچەیە ئەزموونی نەکردووە.”

ئەو، وتیشی: “لە هەر جووڵانەوەیەکی جەماوەرییدا، خاڵی هەرە گرنگ پەیوەندیی تاکەکانی ناو جووڵانەوەکەیە؛ دەبێت پرەنسیپی سەرەکیی ئەو پەیمانە بێت کە خەڵک لە نێوان خۆیاندا دەیبەستن. لە دوای ئەمە، قۆناغەکانی تر دێن، کە خۆیان لە پێدانی بەدیل و بەدەستەوەگرتنی حوکمڕانیدا دەبیننەوە. لە ئێستادا ئەوەی هەیە، ئەو پەیوەندی و پەیمانە گرنگەیە کە لە نێوان خەڵکدا دروست بووە؛ ئەوەی گەنجێک ئامادەیە بە توکتوکێکەوە بچێتە دۆزەخی ناوەڕاست و ئەوبەری پردی ئەحرار و سنک و هاوڕێ بریندارەکەی بهێنێتەوە تەحریر، لە ئێستادا لە هەر بەدیلێکی فیکریی و سیاسیی گرنگترە. لە قۆناغی دوای جێگیربوونی ئەم ئایدیایەدا، دەتوانین ئەو پرسیارەیش بکەین.”

هەروەها لە خۆپیشاندانەکانی گۆڕەپانی تەحریری بەغداد-دا لاوک وتی: “دیوارەکان هەموو ڕەنگ و فیگەر و دروشمی گەنجان و ژنانن. چادرەکان پڕن لەو لاوە خوێنگەرمانەی ئامادەن تا گەیشتن بە ئامانجەکانیان ئێشک بە دیار هاوڕێ بریندارەکانیانەوە بگرن. هیچ کاتێک وەک ئێستا – تەنانەت لە بەهاری عەرەبییشدا – ژنان هێندە رۆڵێکی کارایان نەبووە. بە داخەوە کە ئەمە دەڵێم، بەڵام ئێمە لە ١٧ی شوبات و رۆژانی دواییدا، شوێنی هاوڕێ کچەکانمان بە تەلبەند لە سەرای ئازادیی جیا کردبووەوە، بەڵام لە تەحریر دەبینیت پەرستارە کچەکان هاوڕێ کوڕەکانیان تیمار دەکەن.”

 ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە کە خاڵی هەرە گرنگ ئەوەیە کە ئایدیۆلۆژیا نەتەوەیی و دیینییەکان لە خۆپیشاندانەکاندا کاریگەریی نییە “خاڵی هەرە گرنگ ئەمە یە. کەمترین دروشم و وێنەی کەسایەتییە ئایینییەکان دەبینیت، ئەگەر هەیشبن، بێگومان بە مەبەستی شۆڕشگێڕیی بە کار هاتوون. رەنگە سەیر بێت بڵێین هێندە و بگرە زیاتر لە وێنە و دروشمی ئیمام و سەرکردە مەزهەبییە جیاوازەکان، وێنە و دروشمی کارڵ مارکس و رۆزا لۆکسمبۆرگ و چێ گیڤارا هەن. هەڵبەت قورسە لە جوگرافیایەکی مەڵتی کەڵچەری وەک عێراقدا، کە لە نەتەوە و مەزهەب و ئیتنکی جیاواز جیاواز و بگرە سەیر سەیردا دەکوڵێت، بە یەک هەنگاو بەرەو کرانەوە و سیکیولاریزم بڕۆیت، بەڵام یەکەم هەنگاویش زۆر گرنگە، کە ئەوان ناویانە و لەگەڵیدا هاوار دەکەن:”علمانیة علمانیة لا شیعیة و لا سنیة’.’

رێکخراوە نێوخۆیی و جیهانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، لە سەرەتای خۆپیشانەکانی عێراقەوە، نزیکەی ٧٠٠ هاووڵاتی خۆپیشاندەر کوژراون و زیاتر لە ٢٥ هەزاری تریش بریندار بوون، جگە لەوەی سەدان خۆپیشاندەر و چالاکوانی مەدەنیی خۆپیشاندانەکان فڕێندران و تیرۆر کران؛ سەدان خۆپیشاندەریش دەستیگیر کراون.

توێژەرانی سیاسیی، ئاماژە بۆ ئەوەیشدەکەن کە هاووڵاتیانی عێراق مافی خۆیانە خۆپیشاندان بکەن لەبەر ئەوەی ژیانێکی شایستەیان نییە و بەشێکی زۆری هاووڵاتیان لە خوار هێڵی هەژارییەوە دەژیەن.

توێژەرێکی سیاسیی دەربارەی خۆپیشاندانەکانی عێراق روانینی وایە کە”بەهۆی ئەوەی خۆپیشاندانەکانی عێراق رێکخستنێکی سیاسیی وورد و توکمە و کارامەیان نییە، تا بتوانێ سەرپەرشتییان بکات. هەروەها دەستێوەردانی دەرەکییش رۆڵێکی زۆر گرنگ دەبینێ لەوەی کە خۆپیشاندانەکان نەکەونە سەر رێڕەوی راستەقینەی خۆیان، بەڵام ئەوەی گرنگترە لە دەستێوەردانی دەرەکیی بۆ ئەوەی کە نەتوانن خۆپیشاندانەکان رێڕەوی سەرەکیی خۆیان بگرن، بریتییە لە غیابی فیکر و  نەبوونی رێکخستنی سیاسیی، بۆ هەر جۆرە جوڵانەوەیەکی سیاسیی زۆر زۆر گرنگە بوونی هەبێت، لەبەر ئەوەی رێکخستی سیاسیی رێڕەوی کاری داهاتووی ئەنزیمەی سیاسیی دیاری دەکات.”

رێبین عەبدولرەحمان
رێبین عەبدولرەحمان، توێژەری سیاسیی- زانکۆی چەرموو

رێبین عەبدولرەحمان، توێژەری سیاسیی- زانکۆی چەرموو بە گۆڤاری “ئازادیی کۆمەڵگە”ی راگەیاند: بە راستیی دەستێوەردانی دەرەکیی هۆکارێکی  زۆر گرنگە لەم خۆپیشاندانانە دا، چونکە ئێستا دوو هێزی سەرەکیی رۆڵ دەبینن لە مەیدانی سیاسیی عێراقدا کە ئەوانیش هەر یەکە لە ئەمریکا و ئێرانن، ئەم دوو دەوڵەتەش یەکتری تاوانبار دەکەن بەوەی دەستێوەردان دەکەن لە کاروباری ناوخۆی عێراقدا، بۆ نموونە مورشیدی ئەعلای ئێرانیی خامەنیی دەڵێ لە تویتێکا دەڵێت: ئەم خۆپیشاندانانە موئامەرەیە کە لەسەر خەڵکی عێراق دەکرێ بە دەستێوەردانی دەرەکیی و ئێران و عێراق هەردووکیان یەک گەلن و ئەم گەلە لە یەک جسمان و ڕۆحیان یەکە، هەردووکیان بڕوایان بە خوا هەیە و بڕوایان بە حوسێن هەیە.

ئەو لایوایە، لە خۆپیشاندانەکانی عێراقدا بەدیلێکی سیاسیی بوونی نییە کە بەرهەمی خۆپیشاندەران بێت “نەخێر، بوونی نییە، خۆپیشاندەران ڕاستە ئەوان دەڵێن با کەسێکی سەربەخۆ کە لە ئەحزابە سیاسییەکانی عێراق نییە ببێت بە سەرۆک وەزیرانی عێراق، ببێ بە سەرۆکی حکومەتی داهاتووی عێراق، بەڵام ئەمان ناتونن کەسێک دەستنیشان بکەن، بۆچی؟ چونکە زۆربەی سیاسییەکانی عێراق یەعنی بە شێوەیەک بەشدار بوون لە حکومەت و لە پەرلەمان و لە دام و دەزگا سیاسییەکانی عێراقدا، بۆیە کەسی سیاسیی سەربەخۆی بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکی حکومەت ئەمە زۆر زۆر زەحمەتە، دیاری بکرێت! یەعنی ببێتە سەرۆکی داهاتووی حکومەتی عێراق، بۆیە هیچ بەدیلێکی فکریی لە ناو خۆپیشاندەرانا بۆ حاڵی واقیع نییە.”

رێبین جەخت لەوەدەکاتەوە کە “لە خۆپیشاندانەکاندا، بەڕاستیی ژن و گەنج رۆڵێکی تەواو یەکلاییکەرەوە بوو، لەم خۆپیشاندانە، چونکە ئەوانەی بەشداریی لە خۆپیشاندانەکان و گۆڕێنی رێڕەوی خۆپیشاندانەکان دەکەن گەنجن؛ لەبەر ئەوەی ئاستی بێکاریی لە عێراقدا گەیشتووەتە لە سەروو ٣٠٪ ی بەتایبەتی لە ناو گەنجاندا کە بەشێکی زۆری گەنجانی گرتووەتەوە، بە رێژەیەک ئەوگەنجانەی کە تەمەنیان لە نێوان ١٥ بۆ ٢٥ ساڵدایە، هەروەها رێژەی هەژاریی لە عێراقدا ڕێژەی ستاندەری جیهانیی تێپەڕاندووە، خۆی ستاندەری جیهانیی بۆ هەژاریی لە جیهاندا بریتییە لە ٧٪ بەڵام لە عێراقدا ئەم ڕێژەیە گەیشتووەتە ٢٢٪ بۆیە گەنجان ڕۆڵێکی زۆر کارا دەبینن و واتە سیمایەکی نوێیان بە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی عێراق داوە.

ناوبراو، زیاتر دەربارەی رۆڵی ژنان و گەنجان لە خۆپیشاندانەکاندا دواو وتییشی: گەنجان و ژنان ئێستا هیچ بڕوایەکیان بەم دەسەڵاتە سیاسییەی کە لە عێراقدا هەیە نەماوە، ئەمە هەر لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨دا دەرکەوت کاتێک کە ڕێژەی، بە گوێرە ئامارێک کە لە سەنتەری توێژینەوەیەک لە سەنتەرەکانی بەغداد بڵاوکراوەتەوە، جەختدەکاتەوە کە ٦٠٪ی خەڵک لە دوای هەڵبژاردنی عێراقدا بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکاندا نەکردووە، ئەمەش دەلیلە لەسەر ئەوەی کە کەمتریین رێژەی خەڵک بەشداریی لە هەڵبژاردنەکان کردووە، واتە ئەوەی ئێستا هەیە نوێنەرایەتی زۆربەی خەڵکی عێراق ناکات، ئەمەش وای کردووە کە خەڵک ئەم حکومەتە سیاسییەی ئێستا بە نوێنەری خۆی نەزانێت.

هەروەها لاشیوایە: لەبەرئەوەی دەوڵەتی هاووڵاتی لە عێراقدا بوونی نییە، ناتواندرێت بە ئاسانیی ئایدیۆلۆژیا نەتەوەیی و ئایینییەکان بەلاوە بنرێت، بۆ نموونە ئایدیۆلۆژیای ئایینیی شیعە مەزهەب، هەمیشە لایان وایە دەبێت دەسەڵاتی سیاسیی لای خۆیان بێت، بۆ ئێستا و بۆ داهاتووی عیراقیش ئایدیۆلۆژیا نەتەوەییەکان من پێم وایە و لەو باوەڕەیام قەت ناتوانرێ وەلا بنرێت! لەبەر ئەوەی هەمیشە لایەنە نەتەوەیی و دیینییەکان فاکتەرێکی یەکلاییکەرەوەن لەسەر تەواوی ئەو ڕووداوانەی کە ڕوو دەدات بۆ نموونە بەیانی ئەگەر حکومەتێکی تازەش دروست ببێت ئایا پشکی کورد و سوننە و شیعە چەند دەبێت، شەڕەکە لەسەر ئەمەیە.

رێبین، توێژەری سیاسیی، ئەوەشی خستەڕوو: لە نێوان خۆپیشاندەراندا چەند کەموکوڕییەکی زۆر زۆر هەیە کە یەک خاڵێکی زۆر گرنگ لەوانە غیابی سەرکردەیەکە کە بتوانێت رێڕەوی ئەم خۆپیشاندانانە وەربگرێت، ریزەکانی خۆپیشاندەران یەک بخات، هەروەها خاڵێکی تر هاووڵاتی عێراقی نازانێت سیادەی قانوون چییە؟ بۆیە هەم هاووڵاتی و هەم دەسەلاتی سیاسیی ڕێزی ناگرن بۆ ئەوەی کە ئەمان هێرش نەکەنە سەر دام و دەزگاکانی حکومەت، لەبەرامبەردا حکومەتیش هێز بەکار نەهێنێت لە دژیان وە هەروەها خاڵێکی تر بریتییە  لە پابەند نەبوونی ئەخلاقییە لە نێوان دەسەڵاتی سیاسیی  و هاووڵاتی کە بە هیچ شێوازێک بوونی نییە، بەڵگەش بۆ ئەوە تا ئێستا لە خۆپیشاندەرەکانی عێراقدا چەندین کەس کوژراوە، بە سەددان کەس بریندار بووە، ئەمە ئەوە دەرەخات کە دەسەڵاتی سیاسیی پابەندی ئەخلاقیی بۆ هاووڵاتی نییە.

تاگه‌كان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Close
Close
%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: