گۆشه‌ی ئازاد

چەمکی نوێ بۆنوسینەوەی مێژوو

نوسینەوەی مێژوو تەنیا بەروارو ئاڕاستەو ئەنجامەکان نیە. بەڵکو گێڕانەوەی مێژوی دروست بوون، ئامانجەکان، لایەنەکان و ڕەوتی ژیانە بەھەموو لایەنەکانیەوە. ھەر لەمێژوی سروشت و گەردونەوە تا مرۆڤ وزیندەوەرو دەوڕوبەرو پێکھاتەکانی. نوسینەوەی مێژوو چەند لایەنی و فرەدیدە. بۆیە لەگێڕانەوەیدا ئامانج گەلێک بەدیدەکرێت. نەک حەقیقەتی مێژووی.

عادل عوسمان

 

 

نوسینەوەی مێژوو تەنیا بەروارو ئاڕاستەو ئەنجامەکان نیە. بەڵکو گێڕانەوەی مێژوی دروست بوون، ئامانجەکان، لایەنەکان و ڕەوتی ژیانە بەھەموو لایەنەکانیەوە. ھەر لەمێژوی سروشت و گەردونەوە تا مرۆڤ وزیندەوەرو دەوڕوبەرو پێکھاتەکانی. نوسینەوەی مێژوو چەند لایەنی و فرەدیدە. بۆیە لەگێڕانەوەیدا ئامانج گەلێک بەدیدەکرێت. نەک حەقیقەتی مێژووی.

ئەوەی تائێستا بەرچاو دەکەوێت، گێڕانەوەی حەقیقەتی باڵادەستی چینایەتی و چینی دەسەڵات و پێشکەوتنەکانە لەدیدی بەرژەوەندی قازانج و سەرمایەو گەورەکردنی نەخشی چینی دەسەڵات. بۆیە گێڕانەوەکان ناچێتە ناو گشتاندنی تەواوی مێژووی گەردونی، پارچەیەک لەمێژووی بەئامانج گیراو دەنوسرێتەوە. نوسینەوەی مێژووی گەردونی، مادەو ڕۆحی لەناودا، دەکاتە مێژووی گشتی و زیندەوەران و مرۆڤیش وەک بەشی ھەرە ئاقڵمەندی ناو زیندەوەران گرنگی خۆی ھەیەو ھەبونی پێکھاتە جیاوازەکانی ناوی و کێشمەکێش و شەڕەکانی دەستبەسەرداگرتن و دزینی ڕەنج و زێدەبەھا وناساندنی حەقیقەتی گشتی بۆگێڕانەوەی مێژوو. ڕەوتی ڕوداوەکان پێچەوانە دەکاتەوەو ئاراستەی نیشاندانی مێژوو دەگۆڕێت.

” لەم سەردەمی دەسەڵاتدارەتی و باڵادەستی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداریدا، ھەرشت ھەڵگەڕاوەو ئاوەژو دەنوسرێ و دەگێڕدرێتەوە. بۆیە مێژوش وەک ھەرە لایەنی خراپ بۆ باڵادەستی دەسەڵات بەکاردەھێنرێت و لەخزمەتی ئەو باڵادەستیەدا دەنوسرێتەوە. بۆئەوەی ڕێگری لەو خراپ بەکارھێنانە بگرین، دەبێت مێژوو وەک حەقیقەتی کۆمەڵگە بەدەستەوە بگرین. مرۆڤ وەک بەشی پێشکەوتوی ناو زیندەواران بناسین و لەبەکۆمەڵگە بون و بەسیستەم بونەوە ژیانی حەقیقی بناسین و پێشکەوتن، خاوەن ھزربون و بەپراکتیک کردنئ ژیانی پێکەوەیی و بەکۆمەڵ بناسێنین.

ھەتا ئێستا مێژووی نوسراو لایەنی ھەرە دیارو بەرچاوی مێژوی گێڕانەوەی سەرکەوتن، بنکەوتن و ژیانی پادشا، ئیمپڕاتۆر،دەوڵەت و سەرۆکەکانیانەو سەپاندنی ژیانی زەحمەت و مەرگھێن بۆ باقی پێکھاتەکانی کۆمەڵگەیە وەک کرێگرتەی ڕاگرتنی خۆشیەکانی دەسەڵاتداران.

کوردو مێژوی نوسراو

نوسینەوەی مێژوی ئەم ناوچەیە ھەڵگەڕاوەو شێوێنراو، نکوڵی لێکراوو شاراوەیە،بۆیە بەڕێز ئۆجەلان دەڵێت” لەکوێ میژوو شاراوەیە، لەوێدا بۆی بگەڕێ دەیدۆزیتەوە” بۆیە مێژوی گەلی کوردو میزۆپۆتامیا بەھۆی ھێرشە داگیرکاریەکان و ئەوروپا پێشەنگیەوە، شاراوەیەو پێچەوانە کراوەتەوەو لەپێناوی پێشەنگی شارستانیەتی ئەوروپاو ڕۆژئاوادا نکوڵی لەبونی کراوەو شتێکیتر خراوەتە جێگەی مێژوی حەقیقی و ڕاستیەوە. لێرە لە مێزۆپۆتامیا( کوردستان) بناغەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و پێکەوەیی، دۆزینەوەی کشتوکاڵ، ماڵی کردن و پێشەسازی دۆزرایەوەو داڕێژراو پەخشبوەوە بەسەر مرۆڤایەتی و جیھاندا. ھێما، زمان و ناونان لەشتەکان لێرەوە دەستی پێکردو بەپێی گەشەی مرۆڤایەتی و پێویستی بەردەوامی و خۆپاراستن و زیادبونی ڕەگەزی مرۆڤەوە، گوندەکان، شارەکان ئاواکران و شارستانیەت دامەزرا.ھزڕی کۆمەڵگەیی، پێکەوەژیان و ھەرەوەزی ھەبوو لەبرەودابوو. بەھۆی بونی بەرھەمی زیاد و فێڵبازی و ھێزی ڕاووشکارچیان، ھزری قۆرخکاری و ھێز دروستبوو بۆدەستگرتن بەسەر بەرھەمەزیادەکەو کردنی بەکاڵای بەرھەمھێن و سود پەیداکەر. بۆیە ئیتر قازانج بوە ھۆی کۆبونەوەی بەھێزەکان بەدەوری یەکداو دروستکردنی سوپاو ھێز و بەوپێیەش ھزری ئامادەکراو بۆ قبوڵکردنی ڕەوشی تازە.

بەپێی ڕەوشی تازە دەستبەسەرداگرتن و قۆرخکاری و ھێرشی ئیمپریالیستی دەستی پێکردو مێزۆپۆتامیا لەسەردەمی سۆمەرەوە بوە جێگەی شەڕو ھێرشی داگیرکاری و دەستبەسەرداگرتن. بۆیە ھێرشەکانی گلگامێش و پێویستی ناوچەکەیان بەبەرھەمی ئەوکاتی شاخەکانی زاگرۆس،تۆرۆس وای لە ناوچەکەکرد کەببێتە گۆڕەپانی شەڕو بەرخۆدان. شەڕ لەنێوان داگیرکەرو ئیمپریالیستەکان و بەرخۆدان، لەلایەن گەلی خاوەن خاک و نێشتیمانەوە. کەباوو باپیرانی گەلی کوردی ئێستەبوون، بەناوەکانی لۆلۆیی، گۆتی، کاردۆخ، ئۆرارتۆ. کەھەریەک لەو ناوانە ماناکانیان دەکاتە، گەلی شوێنە بەرزەکان، یان خەڵکی بەرزاییەکان……ھتد. واتە نەتەوەی کورد لەکوردستاندا.

ئەوشەڕە بەردەوام بوو تالەڕێگەی ئەنکیدۆوە یەکەمین ھەڵگەڕانەوەو خیانەت لەگەلی خۆجێیی شوێنەبەرزەکان کراو پرۆسەی داگیرکاری خیانەت بەشەڕو لەناوبردن و کۆیلەکردن و بەسۆزانی کردنی ژن دەستی پێکردو یەکەمین شکانەوەی مێژوو بە دەستبەسەرداگرتنی ژن و دوای ئەو داگیرکاری دەستی پێکرد.

مێژوی پێدراوەکان و نوسراو

مێژوی نوسراو بە مێژوی شاراوەی میزۆپۆتامیا دەستی پێکرد. ئەو شارستانیەتەی کەلێرە بنیاتنڕابوو، ژێرخاک کراو، شارستانیەتێکی تر کرایە ناوەندو دەرخواردی کۆمەڵگە دراو بوە مێژوی نوسراو، کەپشت بەستوبو بە گێڕانەوەی پاشاو سەرلەشکرو ھێزە داگیرکەرەکان. یان ئەو گەڕیدانەی کە ھاتبونە ناوچەکە بۆ دۆزینەوەو تێگەیشتن لەناوچەکەو لە چۆنیەتی جێبەجێکردنی داگیرکاری. زۆرترینی ئەو مێژوانە کاتێک سەیری گەلی کوردیان کردوە وەک شەڕکەرو خەڵکانی بەھێز ئەم گەلەیان ناساندوە، نەک وەک گەلێکی خاوەن نیشتیمان و خاکی خۆی. بۆیە ئەوەی مێژوی نوێش دەنوسێتەوە لەچوارچێوەی فکری ئەوروپاگەری و ئەوڕوپاناوەندیدا دەنوسنەوە. کەنەیانتوانیوە خۆیان لەگێڕانەوە و نوسینەوەی مێژوو لەدیدی گەڕیدە ئەوروپی و ڕۆژئاواییەکان دەربازبکەن.

بۆئەوەی بەقوڵی لەمێژوی کوردو کوردستان تێبگەین پێویستە بگەڕێینەوە بۆ پێدراوە میتۆلۆژی، دینی، فەلسەفی، زانستی و کلتوریەکان. پێدراوە میتۆلۆژیەکان، ئایینی و یۆتۆپیاکان، دەتوانین خویندنەوەی پێبکەین و پێدراوی نوێ و تازەی لێدەربخەین، کەمێژوی گوم بوو لەبیرچوی پێ بدۆزینەوەو بنوسینەوە. پێدراوە ژێرخاکیەکانی مێژوی کۆنی وەک گۆپەکلی تەپە، چەرموو، کنەو پشکنینەکانی ئەشکەوتی ھەزارمێردو شانیدەرودۆزینەوەی شاری کەوناری دێرینی خوار سلێمانی پێمان دەڵێت، کە مێژوی گەلی کوردو شارستانیەتی دایک لێرەوە دەستی پێکردوەو بڵاو بوەتەوە. بۆیە ھەمیشە شارستانیەتی داگیرکەرو ئیمپریالیست و بەتایبەت مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری لەسەر وێرانکردنی پێدراوو ئاسارەکانی ناوچەکە کاردەکات و دەیەوێت ئەو ھەڵکەندراوە مێژووی و شوێنە دیرۆکیانە لەناو ببات و شوێنیان نەھێڵێت. یان مێژوەکانیان ھەڵدەگێڕنەوەو دەیکەن بەناوی گەلانی تری وەک دەربەندی گاوران، کەمێژوی ھەڵکەندراوی لۆلۆییانە کەباووباپیرانی کوردانن و دەیکەنە مێژوی ھێرش و داگیرکاری یۆنانیەکان و سەرکەوتنی ئەوان بەسەر گەلانی ناوچەدا. نمونەی لەوجۆرەمان زۆرەو ئێرە جێگەی ئەو باسە نیە.

بۆ مێژوو نوسانی ئێمە پبویستە، لەبری ئەوەی پشت بە گێڕانەوەی گەڕیدەو مێژونوسانی بێگانە ببەستن، گەڕانەوە بۆ پێدراوە کلتوری و ژێرخاکی و میتۆلۆژی و ھەڵکەنراوەکانی شاخ و پێدەشتەکان بکەنە بناغەی لێکۆڵینەوەو نوسینەوەی مێژوو. چیدی لەگرێی جەنگاوەری و ئازایی خۆیان دەربازبکەن و کوردستان و کورد وەک خاک و نەتەوەی خاوەن ماف و پێکەوەیی بناسن و بنوسنەوە. خاکی کوردستان، پێکھاتەو نەتەوەی تریشی تێدایەو دەتوانین ھەموان پێکەوە بژین و تەبابین. ئیتر سەردەمی ناکۆکی و شاردنەوە لەسەردەستی مێژونوسانی کورد کۆتایی بێت و مێژوی گەلان و کۆمەڵگە بنوسرێتەوە. ئەو مێژوەی کە داگیرکەران و مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری لێی دەتڕسێت، کە بنوسرێتەوە. بۆ مێژوو نوس گرنگە میتۆدی بیرکردنەوەی نەتەوەیی و دیموکراتیک بێت و بەمێشکی کراوەو کوردانەوە بنوسێت، چونکە تاکی کورد بەمێشک و بیرکردنەوەی خۆی نافکرێت. بەداخەوە کەدۆخی داگیرکاری کاریگەریەکانی لەسەر نوسەرو ڕۆشنبیری باشور بەخراپ داناوەو لەڕوانگەی داگیرکەرو ئەوروپاگەریەوە بیردەکاتەوەو ھەڵدەسەنگێنێت، پەیڕەوی لەڕێبازێک دەکات کە ڕێبازی ڕاستی و حەقیقەتی مێژووی نیە.

گێڕانەوەی مێژوی خۆت لەزمانی ئەوانەوە

مێژوی گەلی کورد خەڵکی تر نوسویەتیەوە، ئەوانەی کەمێژونوسی خۆیی بون کەمن و بەرھەمەکانیشیان کەمتر جێگەی بایەخی مێژوونوسانی کوردبون. شەرەفنامەی شەرەفخانێ بەدلیسی، مەم وزینی ئەحمەدی خانی ھەرچەند چامەیەکی شیعریە بەڵام ڕەخنەو مێژوشی لەخۆگرتوە، حوسێن حوزنی و ئەمین زەکی و زۆری تر لەو مێژوونوسانەمان ھەن کە مێژویان لەڕوی ڕاستینەی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی کوردەوە نوسیوەتەوە. بەڵام ھێندەی مێجەڕسون و ڕیچ وئەولیاچەلەبی و گەڕیدە بیانیە داگیرکەرەکان پشتیان پێنەبەستراوە.

ڕاستە ھەوڵ ھەیە بەڵام تێری نوسینەوەی مێژوی گەلی کوردو نەتەوەکانی سەرخاکی کوردستان و مێژوی دێرینی مێزۆپۆتامیاو کەوانەی بەپیت و شاخەکانی زاگرۆس تۆرۆس ناکات. ئەم ناوچەیە بەشێوەیەکی ھەمیشەیی و دورودرێژ لەژێر ھێرشی داگیرکاریدا بوەو مێژوەکەی شاراوەتەوەو شێوێندراوە. بۆیە گەڕیدە دەرەکیەکان گەڕاون بەدوای دۆزینەوەی کەموکوڕیەکانی کۆمەڵگەی کوردیدا بۆئەوەی بزانن چۆن بێنەناوی داگیری بکەن کاتێک دەڵێن” کوردەکان کەسانێکی دڵساف، میوان دۆست و دڵنزمن و جەنگاوەری ئازاو بەجەرگیشن” بۆئەوەیە یەکەم، وەک نەتەوەی خاوەن ماف ناتناسن و دوھەم، لەڕێی دڵسافی و میوان دۆستیەوە دەتوانیت داگیریان بکەیت! بەڵام واوەیلا لە جەنگانیان!.

ئەو گەڕیدانە لەڕێی خۆبەناوەند زانینەوە، ھەوڵیانداوە گێڕانەوەکانیان لەئاستی حەقیقەتی نەتەوەیی گەلی کورددا نەبێت و بۆئامانجی داگیرکاری و دەستبەسەردا گرتن بێت. بۆیە سایکۆلۆژیایەکیان دروست کردوە، کەپشت بەستوە بەشکاندنی پێوانە نەتەوەیی و کەسێتیە بەرخۆدێریەکانەوە. کاتێک مێژوونوسێک یان نوسەرێک پشت بەو لێکۆڵینەوانە دەبەستێت، پێویستە وریابێت نەکەوێتە داوی ئەو تەڵەیەی کە ئەوروپیەکان، یان گەڕیدە، بێگانەو داگیرکاریەکان چنیویانە.

مێژونوس، یان نوسەر پێویستە دەست بەپێدراوە میتۆلۆژی، ئاینی و کلتوریەکانی ناوچەکە ببەستێت و بەو ھۆیەوە زانستیانە پشت بەخاک و ھەڵکۆڵینە مێژییەکان و شارستانیەتە شاراوەکانی ناوچەکە ببەستێت. ئەو گڵێنەو دروستکڕاوە دەستیانە، شارە گەورانەی کەلەژێرخاکدان و کنەو پشکنیان لەسەر دەکرێت و کراوەو دۆزراوەتەوە.مێژوی سۆمەر کەلەم سەردەمەدا بەھۆی ھەوڵەکان و کاریگەری شیکردنەوەکانی بەڕێز ئۆجەلان و پشت پێبەستنی ھێڵی تێکۆشانی ئازادی بۆ نیشاندانی مۆزائیکی ناوچە وەک باخچەی گەلان، دەتوانرێت جوانترین نوسینەوەی مێژوی لەسەر بنیات بنرێت. بۆیە نوسینەوەی مێژوو پێویستی بەزھنیەتی خۆجێی و پشت بەستن بەپێدراوەکانی خۆجێی و ھزری نەتەوەیی دیموکراتیک ھەیە. کەھەم نەبیتە شۆڤێنیست و نەتەوەیی کوێر ھەم نەبیتە پشت بەستوو بە ئامانجە شاراوەکانی گەریدەو نوسەرە دەربارەکانی داگیرکەران و ئۆریانتاڵیستەکان.

کاتێک خاک و نەتەوەیەک داگیردەکرێت، دەبێت ھەرچیشی ھەیە بنپێ بکرێت و بشارێتەوە، لەکلتور، مێژو، شارستانیەت. کاتێک نەتەوەیەک مێژو شارستانیەتی خۆی نەناسی خوشی ناناسێت و تاک و کۆمەڵگەیەکی دەستەمۆو کۆیلە بەرھەم دێنێت. بۆیە مێژویەکیشی بۆ دەنوسنەوە کەبەگوێرەی ئەو داگیرکاری و نکوڵی کردن و سڕینەوەیە بێت.

ھەستیاری مێژونوس بەرامبەر بەوەی کەچ مێژویەک دەنوسێتەوەو لەپێناوی چیدا دەینوسێتەوەو چ ئاکامێک بەدەست دێنێت گرنگی خۆی ھەیەو دەبێت لەبەرچاوان بێت. ناکرێت تۆ مێژونوسی نەتەوەیەک بیت و بەپشت بەستن بەوانی تر مێژوی نەتەوەو نیشتێمانەکەت بنوسیتەوە. لەکاتێکدا خاک و نیشتیمانی کوردستان، پڕیەتی لەکەرەستەی تێگەیشتن و نوسینەوەی مێژویەکی ڕاستەقینە. پاشماوەی پێدراوەکان، دۆزینەوەی شوێنەوارەکان، کنەو پشکنینەکان، ھەڵکەنراوەکانی سەربەردو تاتەقوڕینەکان، کلتورو گێڕانەوە دەماودەمیەکان و ھەزاران دۆزڕاوەی تر کەرەستەی ھێندە گەورەن کە مێژوی دایکی پێ بدۆزیتەوەو پێویستت بە گێڕانەوە داگیرکاریەکان نەک نەبێت، بەڵکو ئامانجە پشتی پەردەییەکەی ئەو مێژوە ساختەیەش بدۆزیتەوەو بناسێنیت و ھەڵوەشێنیتەوە.

دیارە ئەم باسەمان تەنیا لەسەر کورد وەک نەتەوەیەک بەتەنیانیە. بەھێندی ئەوەی لەسەر مێژوو جوگرافیای کەوانەی زێڕین و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستە کە گەل و پێکھاتەی جیاوازی تێدا ژیاوەو شارستانیەتی دایک بوەو کۆگەی کۆبونەوەو دەرچون و بڵاوبونەوەی مرۆڤە بە جیھاندا.

باسەکەم بە بەشێک لە نوسڕاوێکی بەڕێز ئۆجەلان کۆتایی پێدێنم کەدەڵێت” ڕاشکاوانە ئاماژە بەو خاڵەش دەکەم کەتەنیا لەمیانەی پەیڕەوی ئاسەوارناسیەوە ناتوانرێت ڕابڕدوی ناوچەکە شیکاربکرێت: کاتێک لە بایۆلۆژیەوە تافیلۆلۆژیا، لەجوگرافیا( بەتایبەت جوگرافیای کەش و ھەوا) وە تاسۆسیۆلۆژیا، لە ئەنترۆپۆلۆژیەوە تادەگاتە تیۆلۆژیا، پێدراوەکانی چەندین لقی زانست بکرێت بەیەک، دەشێت پێشکەوتنی گرنگ لەبارەی ڕۆشنکردنەوەی مێژوی چاخەکانی یەکەمین ( کۆن- دێرێن) بەدەست بھێنرێت” .نوسینەوەو لێگەڕینی مێژوویش، ھەڵوێستێکی پارادیگماییە( جیھان بینی) کە ئاراستەو ئامانجی نوسینەوەی مێژو دیاریدەکات.

تاگه‌كان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئه‌مه‌ش ببینه‌
Close
Back to top button
Close
Close
%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: