گۆشه‌ی ئازاد

بزاڤی لۆلییە

عەلی مەحمود محەمەد

لۆلا 580 رۆژ لە کونجی زیندان مایەوە، زیندانیانکرد بۆ ئەوەی مافی کاندید بونەکەی لێ بسێننەوە، کودەتای پێش گەیشتن بە کورسی بوو، ئەو قوربانی جەماوەریی بونەکەی بوو،لێ چرکەساتێکیش تەنیا نەبوو، هەر لە رۆژی 7ی نیسانس 2018 ەوە، رۆژانە هاوڕێیانی کە لە بەردەم زیندانەکەی کۆببونەوە، بەیانیان هاواریان دەکرد لۆلا بەیانیت باش، شەوانە لۆلا شەوت باش، بەرازیلیەکان لۆلایان لە زیندان بە تەنیا جێ نەهێشت، هەمیشە دەنگیان لە گوێی دەزرینگایەوە، زیندانییەکی بەختەوەر بوو، زیندان ببوە پیرۆزگای هەژارانی وڵاتەکەی.

ئەوان ویستیان بە زیندانیکردنی لۆلا چەپی بەرازیلی و ئەمەریکای لاتین بکوژن، چۆن بە کوشتنی گیڤارا چەپ گەورەترەوە بوو لەو کیشوەرە، زیندنیکردنی لۆلاش قۆناعێکی دیکە هێنایە پێشەوە، ئامانجەکانی لۆلا کیشوەری بوو، وەک لە یەکەم لێدوانیدا هاوسۆزی خۆی بۆ هاوئامانجەکانی لە ئەمەریکای لاتین دەربڕی، لۆلا ئامادە نەبوو زیندان بەجێ بهێلێێت، ئەو ویستی لە گەڵ خۆیدا عەدالەتی زیندانیکراو ئازاد بکات، ئەو وەک چۆمسکی وتی ناڕەواترین زیندانی سیاسی بوو لە جیهاندا، ئەو دەستگیر کرا بۆ ئەوەی سەرکەوتنی جارێکی دیکەی لێ زەوت بکەن، ئەوەی کرا کودەتا بوو، لە پۆششی بەناو دادپەروەریدا، لە راستیدا کودەتایەک بوو دادپەروەری تیایدا ئەتک کرا.

دەرکەوت سیرجیۆ مۆرۆی دادوەر راستگۆ نەبووە، لە پاداشتی زیندانیکردنی لۆلا کرایە وەزیری داد لە حکومەتی جایۆ بۆلسانرۆی فاشیست، کە راکابەری لۆلا بوو، دواتر نامەکانی تەلەگرامی مۆرۆو داواکارییە گشتییەکان لە نێوان ئۆکتۆبەری 2015 بۆ یۆلی 2017 کە پێگەی ئەنتەرسبت بڵاوی کردەوە، دەریخست ئامانجیان ئەوە بووە لۆلا لە کاندید بوون بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری دور بخەنەوە، تەنانەت بە بەرنامە لێدوانی رۆژنامەگەریشیان لە کاتی هەڵبژاردنەکان لێ قەدەغە کرد، ئەوەش گەورەترین سکانداڵی گەندەڵی سیاسی بوو لە مێژووی کۆماری بەرازیلدا، هەروەها هەمان ئەو نامانە دەریانخست بەڵگەیان لەبەردەست نەبووە بۆ تێوە گلانی لۆلا، تۆمەتەکانیان بنچینەی نەبووە.

مۆرۆ دادوەری ئەوساو وەزیری دادی ئێستا، دەڵێت قەناعەتمان وایە شوقەیەکی 3 ژوری وەرگرتووە، وەلێ بەڵگەمان نییە، دوای هەڵبژاردن بەشی خۆی لە کودەتاکە دورییەوە، پۆستی وەزارەتی دادی لەو کابینەیە وەرگرت کە بە دور خستنەوەی لۆلا بەدەستیان هێنا.

میشیل تامیر جێگیری دیلما رۆسیف و سەرۆکی دواتری بەرازیل دانی نا بەوەی کودەتای سیاسییان کردووە، بۆ ئەوەی رێگری لە گەڕانەوەی لۆلا بکەن.

لۆلا جێگای مەترسی بوو بۆ نیولیبراڵ و نەتەوەییە فاشیستەکانی ئەمەریکای لاتین و ئەمەریکا.

لۆلا کێیە؟

لویس ئیناشیۆ لۆلا دا سێلڤا ناسراو بە لۆلا، لە 27ی ئۆکتۆبەری 1945 لە گوندی فارجیم کۆمبریدای شاری سیتیس لە هەرێمی برنامبۆکۆ لە رۆژهەڵاتی بەرازیل لە دایک بووە، ئاواتی دانیشتووانی گوندەکەیان ئەوە بووە لە هەژاری رزگاریان بێت و بۆ شار کۆچ بکەن، باوکی ئەمیش رێگایە دەگرێتە بەر، بە دوایدا پاش چەند مانگێک دایک و 7 منداڵەکەی هەمان رێگا دەگرنە بەر، لۆلا تەمەنی 7 ساڵان دەبێت، رێگا دورو درێژەکە شار بە پێ دەبڕێت، بۆ یەکەمجار لە شار سواری ئۆتۆمۆبێل دەبێت، لۆلا پانتۆڵەکەی بە پەت دەبەستا پشدێنی لە پشت نەبوو تا عەیامێکی زۆر، ئەوباوکەی وا دەزانرا چووە کار بدۆزێتەوە لە شار، باوەژنێک بۆ لۆلا دێنێت و لە گەڵ ئامۆزایەکی خۆی زەماوەند دەکات، بۆیە بەناچاری لە ژورێکی کولانەیی پشت یانەیەکەوە هەر هەشتیان تیایدا نیشتەجێ دەبن، لە باوک بێ ئومێد دەبن، لەناو رشانەوەی سەرخۆشەکان و هات و هاواریان، شەڕو گوڵمەزیان ژیان بەسەر دەبەن، لە بۆیە کردنی پێڵاوەوە بۆ پاقلە فرۆشی وسەوزە فرۆشی و بۆ فیتەری تا کرێکاری کانەکان بۆ دەیان جۆری دیکەی کارکردن لە منداڵی و هەرزەیی نسیبی لۆلا دەبێت لە بری خوێندن و یاریکردن، تا ئامۆژگاریەکەی دایکی بەرێتە سەر سەربەرزانە ژیان بکات، بۆیە لۆلا هەرگیز دایکی و هەژاری لەیاد نەکرد.

لە 12 ساڵی واز لە قوتابخانە دەهێنێت، لە شەقامەکانی ساوپاوڵۆی پڕ لە تاوان بە پێڵاو بۆیە کردن و فرۆشتنی لەیمون و کارکردن لە بەنزینخانەکان و …… خەریکی بەخێو کردنی خێزانەکەی دەبێت، دوای پەنجە بڕینەکەی لە میانی کاردا لە ساڵی 1968 تێکەڵاو بە سیاسەت دەبێت دژ بە سستەمی سەرمایەداری و ئەمپریالیزم، دەچێتە ریزی ساندیکای کرێکارانی کانەکانەوە، بڕانی پەنجە توتەی چەپی، هاوکار بوو بچێتە ریزی چەپی سیاسییەوە، بیر لەوە بکاتەوە، بۆچی بەشی جەستەی کرێکاران لە دەست بچێ و قەرەبو نەکرێنەوە، بۆچی منداڵان بە نەخوێندەواری ژیان بەرنە سەر؟؟، بۆچی منداڵانی هەژار کورتە باڵان بە زۆری و تەمەنیان کورتترەو لە خۆشی یاری و وانەی قوتابخانە بێبەرین ؟؟، زۆر پرسیاری دیکە، ئەوەندە زۆربوون وەڵامەکانیش کەم بوون، بۆیە گەڕان بەدوای وەڵامی ناهەماتییەکانی ژیاندا لۆلای پەلکێشی خەباتی چیناەتی کرد، پێی وابوو وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە لای چەپی سیاسەتە، لای بنەبڕکردنی جیاوازی چینایەتی و یەکسانی ئابوورییە، کە تەنها بیری چەپ دەتوانێت بۆ کۆمەڵگای بهێنێت.

لە ساڵی 1973 دەبێتە سەرۆکی ساندیکای کانەکانی بەرازیل،ل ە 10ی شوباتی 1980 لەگەڵ هاوڕێکانی پارتی کرێکارانی دامەزراند، ئیتر قۆناغێکی دیکە لە خەباتی لۆلا بۆ خەونە مێژووییەکەی دەستی پێکرد.

چەندین جار بەهۆی چالاکی سیاسییەوە لە سەردەمی حکومەتی دکتاتۆری زیندانی دەکرێت، لە ساڵی 1980 بۆ 83 لە زیندان دەمێنێتەوە، دوای دەرچوونی سەرەتا بۆ هەڵبژاردنەکانی هەرێمی ساوپاولۆ خۆی کاندید دەکات و دەرناچێت، وەلێ کۆڵ نادات، بە پشو درێژی کرێکاریانە بەردەوام دەبێت، دواجار لە پەرلەمانی هەرێمەکە کورسیەک مسۆگەردەکات، بە دوایدا 3 جار خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری پاڵاوت و هەموو جارەکان دۆڕا” 15ی ئۆکتۆبەری 1989 توانی 17،2%، 3ی ئۆکتۆبەری 1994 توانبی 17،11% و لە 4ی ئۆکتۆبەری 1998 توانی 21،4%ی دەنگەکن بەدەست بهێنێت “، لە کۆتادا بۆ چوارەم جار سەرکەوت ” 6ی ئۆکتۆبەری 2002 لە خولی یەکەم 39،4% و خولی دووەم 27ی ئۆکتۆبەر توانی 61،27%ی دەنگەکان و لە 1ی ئۆکتۆبەری 2006 بۆ دووەم جار هەڵبژێردرایەوە لە خولی یەکەم 46،6% و لە خولی دووەم 29ی ئۆکتۆبەر 60،83%ی دەنگەکانی هێنایەوە”، کە سەرکەوت وتی” ئیرادە بەسەر ترسدا سەرکەوت.

هەرچی پارتی کرێکارانی بەرازیلییە، لە ساڵی 1982 تەنها 3،2%ی دەنگەکانی هێنایەوە، هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردن کێرڤی رو لە بان بوو، لە ساڵی رێژەی دەنگەکانی 1986 بووە 6،9% و لە ساڵی 1990 گەیشتە 10،2% و لە ساڵی 2010 کە لۆلا دەسەڵاتی بەجێهێشت گەیشتە 16،9%، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018 کە مەترسی زۆر بوو لۆلا بیباتەوە، پارتەکەی تەنها 10،03%ی دەنگەکانی هێنایەوە، ئەمەش بە مانای ئەوەیە جەماوەری لۆلا زۆر زیاتر بوو لە جەماوەری پارتەکەی.

 لۆلا خەباتی کرد بۆ بنیادنانی سستەمی سەرۆکایەتی لە وڵات، گۆڕینی سستەمی پەرلەمانی بۆ سەرۆکایەتی، نەک پەرلەمان سەرۆک دیاری بکات، پاش بردنەوەی بووە یەکەم سەرۆک کۆماری چەپگەرای وڵات و یەکەم سەرۆک کۆماری کە لە چینی کرێکارەوە هاتبێت لە بەرازیل، لە دوای دامەزراندنی کۆمارەوە لە ساڵی دا1889 .

لۆلاو ئابووری بەرازیل

لۆلا دەرچووی زانکۆکانی سۆربۆن و هارڤارد نەبوو، ئابووری لە ژێردەست وەرگرانی نۆبڵ تەواو نەکردبوو، تەنها زانکۆی ژیانی هەژاری تەواو کردبوو، وەلێ توانی لەماوەی حوکمڕانیدا ئابووری وڵاتەکەی بەرەو پێش ببات ببێتە جێی ئیرەیی سیاسەتمەدارانی دی، ئەوانەی گەورەترین شهادەو باشترین زانکۆکانی جیهانیان تەواو کردبوو، ئەو لە زانکۆی دایکی و پێڵاو فرۆشییەوە هاتبوو، بە خزمەتی ئەوان باشترین ئابووری زانی ژیانی لێ دەرچوو.

لۆلا لە ساڵی 2002 کە گەیشتە دەسەڵات، لە سییەکانەوە بەرازیل قەرزار بوو، لەو ساڵەدا بەرازیل 260 ملیار دۆلار قەرزار بوو، لێ ئەو کاتەی کورسی دەسەڵاتی جێهێشت بووە خاوەند 375 ملیار دۆلاری یەدەک.

لە ساڵی 1999 بەرازیل 30 میار دۆلاری قەرز کرد لە بانکی دراوی نێودەوڵەتی، پێش وادەی دیاریکراو بە 2 ساڵ لۆلا قەرزەکانی هەموو دایەوە، تەنانەت لە ساڵی 2009 بڕی 10 ملیار دۆلاری قەرزی دا بە سندوقی دراوی جیهانی.

کە گەیشت بە دەسەڵات، ئابووری بەرازیل لە ریزی یانزەهەمینی ئابووری جیهانی بوو، داهاتی نەتەوەیی وڵات 552،288 ملیارد دۆلار بوو، کە کورسی سەرۆکایەتی جێهێشت، بەرازیل ببوە 7ەمین ئابووری جیهان و داهاتی نەتەوەیی وڵات 400% زیادی کردبوو، گەیشتبووە 2،087،889 ترلیۆن دۆلار.

پێش لۆلا داهاتی نەتەوەیی وڵات ساڵانە بەڕێژەی 1،7% گەشەیکردبوو، وەلێ لە ماوەی حوکمڕانی ئەودا بەڕێژەی 4،8% گەشەی کرد.

هەرچی داهاتی تاکە لە ساڵێکدا لە ماوەی حوکمڕانی ئەودا، لە 3696 دۆلارەوە بەرز بوەوە بۆ 8395 دۆلار.

لە سێ ساڵی یەکەمی سەردەمی حوکمڕانی لۆلا 200 ملیار دۆلار سەرمایەگوزاری بێگانە کرا لە بەرازیل، 1،5 ملیۆن بێگانە لە وڵات نیشتەجێ بوون،2 ملیۆن بەرازیلیش گەڕانەوە وڵات، هەمووی بەهۆی ئەو گەشەو سەقامگیرییەی وڵات لە روی سیاسی، ئابووری، ئاسایشەوە بەخۆوەی بینیبوو.

لۆلاو هەژاری

لە ژیانیاندا هەژاران و رەشپێستەکان و دورەگەکانی بەرازیل وەک سەردەمی لۆلا ژیانیان باش نەبوووەو کەرامەتیان نەپارێزراوە، لەو وڵاتەی جیاوازی داهات لە ترۆپکی جیهاندا بووە، لۆلا خزمەتی پڕ بەهای کرد بە هەژارانی وڵاتەکەی لە بواری پرۆژەی کۆمەڵایەتی، هاوکاری دارایی و کرێی باشتر و پێشکەوتنی کەرتی پەروەردە کرد،44 ملیۆن هاووڵاتی لە هەژاری و نەخوێندەواری رزگارکرد، کۆی گشتی 33%ی هاووڵاتیانی بەرازیلی کەڵکیان لە بەرنامەی کۆمەڵایەتی لۆلا وەرگرت.

 2 ملیۆن خانوی بۆیان دروستکرد،بە پڕۆژەی بە سفر کردنی هەژاری، هەژارانی بەرازیلی رزگارکرد لەو دەردەی لەوەتەی بەرازیلی نوێ هەیە هاووڵاتیان بەدەستیەوە دەتلانەوە.

بۆلسا فاملی ناوی پڕۆژەکەی لۆلا بوو بۆ بنەبڕکردنی هەژاری، 11 ملیۆن خێزان کەڵکی لێوەرگرت، تاکە مەرج ناردنی منداڵکانیان بوو بۆ خوێندن، بە پێی پڕۆژەکە مانگانە 87 دۆلار کۆمەکی هەژاران دەکرا، نەخت کۆمەکەکە مانگانە دەچوە سەر ژمارەی ئەو بانکەی بۆیان کرابوەوە، کە دەیکردە 40%ی لانی کەمی کرێ، هاوکات لانی کەمی کرێ بە سستەم چووە سەر بە تایبەت موچەی کرێکارانی بەرگ شین، سەرەتا لانی کەمی کرێی دانا بە 160 دۆلار لە مانگێک، لە شوباتی 2009 لانی کەمی کرێ گەیشتە 230 دۆلار لە مانگێکدا.

 داهاتی خێزانەکان لە ساڵی 1996ەوە بۆ ساڵی 2002 نەگۆڕابوو، وەلێ لە ساڵی 2003 ەوە زیادی کرد، ئاستی نا یەکسانی بە پێی پێوەری جینی بۆ نایەکسانی لە 0،64 ەوە دابەزی بۆ 0،55، کە ئەم ژمارەیەش هێشتا زۆر زۆر بوو ” پێوەری جینی کە دەبێتە سفر یانی کۆمەڵگا تەواو یەکسانە، ئەوەی پێی دەوترێت کۆمەڵگای کۆمۆنیستی، کە دەکاتە 1 یانی تەواوی سەروەت و سامان لە دەستی یەک کەسدا کۆبۆتەوە” .

تا ئەوکاتەی لۆلا دەسەڵاتی جێهێشت،10%ی هەژارترینی وڵات داهاتی بەرێژەی 9% چووە سەر، بەڵام 10%ی هەرە دەوڵەمەندەکان داهاتیان 2-4 % زیادی کرد، بەمەش لاسەنگی لە قازانجی هەژاران پێک هات.

50%ی هاووڵاتیانی بەرازیلی لە هەژاران لە سەردەمی حوکمڕانی لۆلا داهاتیان بەرێژەی 68% چووە سەر،هاوکات 23 ملیۆن کەس داهاتیان لە 457 دۆلار مانگانەوە بۆ 753 دۆلار بەرز بوەوە، بودجەی کەرتی پەروەردە لە رێژەی 2،7% ی بودجەی وڵاتەوە بەرز کرایەوە بۆ 4،5%.

لە نا یەکسانی داهاتدا بەرازیل ئێستا لە ریزبەندی 70 ەمین وڵاتی جیهانە، لە کۆی 139 وڵات کە ئامار کراوە،بە پێی راپۆرتی 2018ی تاقیگای نایەکسانی، 10%ی هەرە دەوڵەمەندەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست 61%ی داهاتی نەتەوەیی بۆ ئەوانە، دوای ئەوان بەرازیل دێت 55%، چین 41% و ئەوروپا 37% و ئەمەریکاو کەنەدا 44%ە.

لە سەردەمی لۆلا هەژاری بنەبڕ نەکرا وەلێ کەمکرایەوە، بەڵام بەرازیل بە یەکێک لە وڵاتە هەرە نا یەکاسانەکانی جیهان مایەوە، بۆیە ئەو نازناوەی بۆی بڕایەوە سەرۆکی هەژاران شایانی لۆلا بوو.

ئەمانەش وایکرد لای گەلی بەرازیلی خۆشەویست بێت، بووە جەماوەریترین سەرۆکی بەرازیل بو لە مێژوودا، ئۆباما سەرۆکی پێشووی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا وتی”لۆلا بەناوبانگترین و پڕ جەماوەرترین سەرۆکە لە جیهاندا”.هەرچی رۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسییە لە ساڵی 2009 وەک کەسایەتی ساڵ و گۆڤاری تایمزی ئەمەریکیش وەک کاریگەرترین سەرۆکی جیهانی دیارییانکرد.

هەرچی ئێستایە دوای کودەتای راستڕەوەکان،داهاتی 1%ی هەرە دەوڵەمەندەکان بە رێژەی 8،4% زیادی کرد لە ساڵی 2018، کەچی 50%ی هەرە هەژارەکان داهاتیان 3،2% دابەزی، داهاتی مانگانەی 1%ی هەرە دەوڵەمەندەکان 33،8 جار زیاترە لە داهاتی 50%ی هەرە هەژارەکانی وڵات.

رێژەی هەژاری تەنها لە نێوان 2015 بۆ 2017 لە 8،3% ەوە بەرز بوەوە بۆ 11،1%، 23،3 ملیۆن هەژار بە کەمتر لە 50 دۆلار لە مانگێک دەژێن.

لە یۆنی 2019 دا پێوەری جینی بەرازیل بۆ نایەکسانی گەیشتە 0،629، زیاتر لە ساڵی 2012 کە لۆلا تیایدا گەیشتە دەسەڵات.

هەژاران لە 2014 ەوە، 17،1% داهاتیان لە دەستداوە، چینی ناوەند 4،2%، وەلێ هەره دەوڵەمەندەکان داهاتیان 10،1% زیادی کردووە.

کەواتە کودەتای سەرمایەداران لە رێگای ناسیۆنال فاشیستەکانەوە، ئامانجەکانی خۆی پێکاوە، نیولیبراڵیزم لە ژێر دروشمی یەکەم بەرازیل بەرنامەکانی خۆی باشتر جێبەجێ دەکات، کە لە راستیدا نەک یەکەم بۆ بەرازیلە بەڵکە یەکەم بۆ سەرمایەدارانی بەرازیلە.

لۆلا تەنها 0،5% بەرهەمی نەتەوەیی بۆ بنەبڕ کردنی هەژاری تەرخانکردبوو، هاوکاری 64 ملیۆن هەژاری دەدا، ئەی ئەگەر زیاتری تەرخان بکردبایە چی دەبوو، کەواتا پارە لای دەسەڵاتداران هەموو کات هەیە، بە زۆر نەبێت دەریناخەن.

شایی راستگەراکان

لۆلا بە تاوانی گەندەڵی وەرگرتنی شوقەیەک بەهاکەی 590 هەزار دۆلارە دەستگیرکرا، لە گەڵ 78 سیاسی دیکەی بەرازیل تۆمەتبارن بە دۆسیەیەکی گەندەڵی بەناوی شوشتنەوەی ئۆتۆمۆبیل،بە پێی دۆسیەکە بێت لۆلا خاوەند 190 هەزار دۆلار و دوو ژمارەی بانکی و دوو خانوو و پارچەیەک زەوییە،سەرەتا بە 12 ساڵ و مانگێک سزا درا دواتر کەمکرایەوە بۆ هەشت ساڵ، لە کاتێکدا ئەویان دەستگیرکرد، کەچی 78 کەسی دیکە گلاونەتە دۆسیەکەوە هەموو ئازادن و ئەویش پلەو پۆستی لە سەروی هەمووانەوە بووە، بۆیە چەپەکانی بەرازیل پێیان وابوو ئەمە چەوساندنەوەی سیاسییەو درێژەی کودەتاکەیە بەسەر سەرۆک دیلما رۆسیف کرا لە 14ی ئازاری ساڵی 2016، هاوکات پێیان وابوو تاوانی تیرۆرکردنی ماریلا فرانکۆ ئەندامی پارتی ئازادی و سۆسیالیزم کە لە 14ی ئازار لە شاری ریۆ دی جانیرۆو تەقە کردن لە کاروانی لۆلا لە شاری بارنا هەموو دەچنە چوارچێوەی یەک سیناریۆوە دژ بە چەپەکانی بەرزیل رێکخراوە.

 سوپا پێش بڕیاری دادگا پشتیوانی لە بڕیاری دەستگیر کردنەکەی لۆلا کرد، جەنەراڵ ئیدواردۆ فیلاس 3 رۆژ پێش بڕیاری دادگا وتبوی : سوپاو هاووڵاتیانی شەرافەتمەند ئیدانەی رزگار بوونی تۆمەتباران لە سزا دەکەن، رێزی دەستور و ئاشتەوایی و دیموکراسیەت دەگرن،هەرچی ژەنەراڵ لویس شرۆیدەرە لەمە زیاتر رۆیی و رایگەیاند ” ئەگەر لۆلا لە هەڵبژاردنەکان بردیەوە، ئەرکی هێزە چەکدارەکانە سستەم بگەڕێنێتەوە،هەردوو ژەنەراڵەکە رایان گەیاند بەشداری لۆلا لە هەڵبژاردنەکان مەترسییە بۆ سەر ئەو جەنگەی بەرازیل دژ بە گەندەڵی ئەنجامی دەدا، لە راستیدا لۆلا مەترسی بوو بۆ سەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکە، هەمان سیناریۆ سوپاو پۆلیس ئێستا لە پۆلیڤیا بەڕێوەی دەبەن دژ بە سەرۆک مۆرالیس.

پارتی سۆسیال دیموکراتی راستگەراش رایگەیاند سزا نەدانی لۆلا گەڕانەوەیە بۆ دواوە، وەلێ چەپەکان پێیان وابوو یاسا بۆ ئامانجی سیاسی بەکار هاتووە،ئەوان پێیان وایە ئەمە کودەتای راستگەراکانە، 78 بەرپرس و پەرلەمانتاری دیکە لە لیستەکەدان، تەنها لۆلا دەستگیر کرا، بە خێرایی دۆسیەی لۆلا چووە پێش لە کاتێک زۆر سیاسی راستەوخۆ گلابونە گەندەڵییەوە و تا ئێستاکەش دوای 580 رۆژ زیندانی لۆلا دۆسیەکانیان بە داخراوەیی ماوەتەوە.

ئەفسەری خانەنشین جائیر بۆلسۆنارۆ،ناسیۆنالستی راستگەرا قازانجکەری یەکەم بوو لە دور خستنەوەی لۆلا لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار، چونکە لە ریزبەندی دووەمی راپرسییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی دا بوو بە جیاوازییەکی زۆرەوە لە دوای لۆلاوە بوو، بە دەستگیر کردنی لۆلا دەرگای کۆشکی کۆماری بۆ کرایە سەر پشت، هەموو چینە چەوسێنەرەکان، لە سوپاوە  بۆ پارتە رەنگاو رەنگەکانی بۆرژوازی گلانە کودەتاکەوە تا دەگاتە سستەمی دادوەری، کودەتایەکی سەربازی بە تامی یاسا، لۆلا سەربکەوتایە، مەترسی هەبوو وەک ئێستای مۆرالیس کودەتای بەسەردا بکرابایا، لە سایەی بوونی سوپاو دەزگای ئاسیشی بەهێزی کۆنترۆڵکراو لە لایەن بۆرژوازییەوە محاڵە بتوانرێت بە گەمەی دیموکراسی دەسەڵات بگرێترێتە دەست، پێشتریش  لە هندۆراس و پاراگوای هەمان سیناریۆ دوبارە کرایەوە، ئەگەر نەگەڕێینەوە بۆ شیلی.

لۆلاو هەڵبژاردنەکانی بەرازیل

ئامانج لە دەستگیر کردنی لۆلا، رێگە گرتنی بوو لە گەڕانەوە بۆ دەسەڵات، لە رێگای  هەڵبژاردنی مانگی ئۆکتۆبەری 2018 ەوە، ئەگەر بوار بە لۆلا بدرابایا بۆ بەشداریکردن، ئەوا هەڵبژاردنەکە دەبووە راپرسی لەسەر زیندانی کردنەکەی، ئەویش لە کۆتادا دادگای هەڵبژاردن بڕیاری یەکلا کەرەوەی لەسەر دەدات.

پێش دەستگیر کردنەکەی لۆلا وتی” دەستگیر کردنی باشترین کاندیدی هەڵبژاردنەکانی مانگی ئۆکتۆبەر، داڕوخانی نەرێتی دیموکراسییە لە بەرازیل”.

راپرسیەکان  دوای دەستگیر کردنەکەی کە لە 11 و 15 ی ئەپرێل ئەنجام دراوە دەریدەخەن، پشتیوانیەکەی لۆلا بۆ 47% بەرز بۆتەوە، بەمەش جیاوازی لە گەڵ دووەم کاندیدی هەڵبژاردنەکان بۆ زیاتر لە 30 خاڵ چۆتە سەر.

هاوکات 41%ی هاووڵاتیان پێیان وابوو لۆلا بێ بەڵگە سزا درا، 44% ی هاووڵاتیانیش پێیان وبوو زیندانیکردنی غەدرە لێی کراوە، 58%یش پێیان وابوو مافی خۆیەتی بەشداری هەڵبژاردن بکات، لێ کودەتاچیەکان هاوپەیمانیەتی چینی دەسەڵاتداری کۆن و سوپاس و دادوەری ئەو مافەیان لێ سەندەوە.

رێگا نەدان بە لۆلا لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان کۆتایی کایەی سیاسی بەناو دیموکراسیی بوو  لە بەرازیل و دواتر ئەمەریکای لاتینیش.

لۆلاو چەپ

لۆلا سەرکردەیەکی قاڵبوی ناو جەرگەی خەباتە، بۆیە بە تۆمەتەکان ورەی نەروخاو لە بانگەشە نەکەوت، داوای کرد دەمەوێت سەیری ناو چاوی ئەوانە بکەم تۆمەتم بۆ هەڵە بەستن، وتی : ئەمە کۆتاییم نییە، من بوومە بە بیرێکی سیاسی .

لۆلا لە ساڵی 1990 دوای روخانی بەرلین ،کۆڕبەندی ساوپاولۆی دامەزراند، بۆ کۆکردنەوەی پارت و هێزە چەپەکانی ئەمەریکای لاتین، کە دواتر لە 15 وڵات گەیشتن بە دەسەڵات، بۆیە ئەو شۆرشگێڕی پاش قەیرانەکانە، رەشەبا هەڵی ناتەکێنێت، لۆلا ئەوکاتی لە دەسەڵات بوو نوێنەرایەتی چەپی میانەڕەوی ریفۆرمیستی بەرازیلی دەکرد نەک چەپی شۆڕشگێڕ، لێ لە چەپی رادیکاڵەوە هاتبوو،لۆلا نەک تەنها کاریگەری لەسەر چەپی بەرازیل هەیە، بەڵکە کاریگەری لەسەر چەپی تەواوی ئەمەریکای لاتینیش داناوە بە زۆرینەی بۆچونەکانەوە، ریفۆرمیستییەکەی وای لێنەکرد لە رادیکاڵەکانیش دابڕێت، ئەو لە ژیانەوە رادیکاڵە، لێ لە ئەزموونی حوکمڕانی یەکەم وڵاتی ئەمەریکای لاتینەوە پراگماتیکە.

دەستگیر کردنی قەیران بوو بۆچەپەکانی بەرازیل، بەهۆی نەبوونی کارێزمایەکی بەهێزی چەپ وەک لۆلا کە هەمووی کۆبکاتەوە لە ژێر باڵی خۆی، لە کاتێکدا راستەکان بەهۆی پشتیوانی دکتاتۆرەکانی پێشوی وڵاتانی ئەمەریکای لاتینەوە بەهێزتر بوونە، وەلێ چەپی ئەمەریکای لاتین پارتە شیوعیە مۆزەکانی ئەوروپای رۆژهەڵات نین، بەڵکە چەپێکن لە هەناوی کۆمەڵگاوە هاتوونەو پاش شکستەکان هەمیشە بۆ بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات هەڵساونەتەوە، ئەوان چەپی نان و کارو ئازادین.

ئازادکردنی لۆلا هاوکات بوو لە گەڵ دوو روداو، سەرکەوتنی چەپ لە مەکسیک و کودەتای سەربازی لە پۆلیڤیا، بە ئازادبوونی ئەو چەپەکان بە قەڵایەکەوە بەرەو روی عەقیدەی مۆنرۆ بۆ داگیرکردنی ئەمەریکای لاتین بە توانایەکی زیاترەوە بەرەو روی دەبنەوە، لۆلالەژێر باڵی خۆی کۆیاندەکاتەوە، چەپ لە ئەمەریکای لاتین لە بزاڤێکی سیاسی دەرچووە بوە بە بەشێک لە کلتورو بیری گشتیوبۆیە لە ریشە دەرهێنانی ئەستەمە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئه‌مه‌ش ببینه‌
Close
Back to top button
Close
Close
%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: