سەلاحەدین ئەردەم

رۆژنامەی ئۆزگور پۆلیتیکا

وه‌رگێڕان: لوقمان عه‌بدوڵڵا

به‌شی دووه‌م   

لەم بارەیەوە ئاماژەکردن بە چەند خاڵێکی دیکە سوودبەخش دەبێت. رۆژی جیهانی کۆبانێ ی پێنج ساڵ بەر لە ئێستا رۆح و بەرخودانێکی هاوبەش بوو بەرامبەر بە پەلامار و دەستدرێژیەکانی داعشی دوژمنی مرۆڤایەتی، چونکە بە ئەندازەی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوین داعش هەڕەشەی لە ئەوروپاو ئەمریکاش دەکرد. ئەگەر بە شێوازێکی دووڕووانەش بێت، دەوڵەتەکانی ئەوروپا و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە رووخساردا شەڕیان لە دژی داعش دەکرد. لەو سۆنگەیەوە؛ ئەو دەرفەتانە زۆر بوون کە لە بەرامبەر داعش دا بەرخودانی کوردان پشتگیری و پشتیوانیەکی جیهانی بەدەست بێنێ. واتە لە بەرامبەر هێزێکی تیرۆر کە هەڕەشە لە هەر کەسێک دەکات، تا ڕادەیەک لە تەوەری تێکۆشانی هاوبەشدا کۆبوونەوە، بەڵام لە بنەڕەتدا هەر کەسەو لە پێناو خۆیەوە کەوتە ناو تێکۆشانەوە.

هەرچی چالاکیەکانی ٢/١١/٢٠١٩ رۆژی جیهانی رۆژئاوایە ئەگەر لە روواڵەتیشدا بێت کەمێک جیاوازترە. لە ڕوانگەیەکی ڕووکەشیانەوە دەتوانرێ بگوترێ دەوڵەتی تورکیا هەڕەشە لە هەر کەسێک ناکات. لەمەش زیاتر دوو دەوڵەتی زلهێزی جیهانی، ئەمریکا و رووسیا کە سیاسەتی جیهانی بەڕێوە دەبەن، بە ئاشکرا ڕێککەوتنیان لە گەڵ دەوڵەتی تورکیادا کردووە. تەنانەت هێز و ڕێکخراوانێکی وەکو نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانێتی ناتۆش لە دۆخێکدان کە هەڵوێستەکانیان مانای ئەرێکردنی داگیرکاریەکەی دەوڵەتی تورکیایە. بەڵێ لە هەلو مەرجێکی بەمجۆرەدا کاتێک بەرخودانی ئازادیخوازانەی کوردان لە بەرامبەر داگیرکاریەکەی دەوڵەتی تورکیا دەتوانێ بەرخودانێکی گەردوونی مرۆڤایەتی لە تەوەرەی رۆژئاوا کۆبکاتەوە کە چەندین هێندەی پێنج ساڵ بەر لە ئێستایە، بەو ئەندازەی سەرکەوتنێکی گەورەیە، لە هەمان کاتدا خستنەڕووی راستییەکی مێژووییە، ئەویش ڕۆشنگەری یان ڕۆشنبوونەوەی مرۆڤایەتییە. ئەم دۆخەش پیشانمان دەدات کە هیچ جیاوازییەک لە نێوان زهنیەتی فاشیستی- قڕکەری داعش و زهنیەتی ئاکەپە- مەهەپە دا نییە، بگرە ئەو راستیەمان پیشان دەدات کە دەوڵەتی تورکیای فاشیست – قڕکەر ئافرێنەری سیاسەت و زهنیەتی داعشە. وێڕای پشتگیری ئاشکرای رووسیا و ئەمریکا بۆ دەوڵەتی تورکیا، بەڵام بەڕێوەچوونی ئەم چالاکییە مەزنە، گەوهەری ئایدۆلۆژیانەی ڕووداوەکان زەقتر دەکاتەوە.

چالاکیەکانی رۆژی جیهانی رۆژئاوا بە شێوەیەکی روون و ئاشکرا ئەو ڕاستییەی پیشانداین کە، لە حاڵەتێکدا کوردستان لە دۆخی پارچە پارچەیی دابێت و کوردانیش لە ژێر چەپۆکی کۆمەڵکوژیدا بن، لە هیچ شوێنێکی جیهان ئازادی و دیموکراسی بوونیان نابێت. ئەم ڕەوشە هاوشێوەی دۆخی پرسی ئازادی ژنە. وەک چۆن ئاستی ئازادی کۆمەڵگا گرێدراوی ئاستی ئازادی ژنە، ئاستی دیموکراسی و ئازادی مرۆڤایەتی لە تەواوی دونیا گرێدراوی بوون و ئازادی کوردان و گەلە هاوشێوەکانێتی. بەرخودانی قارەمانانەی گەلی کورد و گەلانی دیکەی باکور- رۆژهەڵاتی سوریا بەرامبەر بە داگیرکەری دەوڵەتی تورکیا ئەم ڕاستییەی بۆ تەواوی مرۆڤایەتی خستۆتە ڕوو و فێریشی کردوون.

زۆر ئاشکرایە کە هیچ شتێک لەوە جوانتر نییە. راستە هێرش و پەلامارەکانی داگیرکاران کۆمەڵکوژییە و پڕ بە سۆیە، ئازار بەخشەو هەمووشمان نیگەران و تەنگەتاو دەکات. بەڵام ئەو پەرەسەندن و راستییانەی بەرخودانی دژ بە داگیرکەری هێناویەتە ئاراوە، پێمان دەڵێ کە بەرامبەر ئەم ئێش و ئازارانە خۆڕاگر بین و دان بە خۆماندا بگرین. بە لانی کەم پێنج ملیۆن کەس لە پێنجسەد شوێنی پێنج کیشوەری سەر گۆی ئەم زەمینە لە هەمان کاتدا ڕژاونەتە شەقام و کۆڵانەکان ، بە یەک دەنگ هاوار دەکەن “بژی بەرخودانی کوردستان”. گەلان ڕژاونەتە کۆڵانەکان و دیموکراسی خۆیان لە  گەڵ ئازادی کوردستان دا کردووە بە یەک. بەرخودانی ئازادیخوازی و شکۆمەندانەی گەلی کورد بوێری و هیوا بە تەواوی گەلان و ژنان دەبەخشێ. ئایا شتێک هەیە لەمە جوانتر و شۆڕشێک لەم شۆڕشە مەزنتر بێ؟

Leave a Reply

Your email address will not be published.