وەرگێڕان

بەرخودانی گەردوونی لە پێناو شۆڕشی دیموکراتیانە

سەلاحەدین ئەردەم

رۆژنامەی ئۆزگور پۆلیتیکا

وه‌رگێڕان: لوقمان عه‌بدوڵڵا

به‌شی یه‌كه‌م     

لە پێنجەمین ساڵیادی ١/١١/ ٢٠١٤ کە وەک رۆژی جیهانی کۆبانێ راگەیەنرابوو لە چەندین شارە گەورەکانی ئەوروپا و شار و شارۆچکەکانی کوردستان، بە بەشداری ئاپۆڕای گەورەی جەماوەری خرۆشاو پیرۆزکرا. مرۆڤایەتی بەرخودانە گەورەکەی دژ بە داعشی فاشیست و قڕکەری یاد کردەوە و سەرکەوتنی ئەو بەرخودانەی پیرۆز کرد.

لە هەمان کاتدا بە ڕێزەوە پێشوازی لەو بەرخودانە مێژووییە کرد کە بەرامبەر دیکتاتۆریەتە فاشیستیەکەی ئەردۆغان- باخچەلی (کە ئاقڵمەندانی داعشن) لە ئارادایە و هێرشە داگیرکەریەکەی دەوڵەتی تورکیایان بۆ سەر ڕۆژئاوا مەحموم کرد. ئەو بەرخودانە شکۆدارەی کوردستانیان بە بەرخودانی تەواوی مرۆڤایەتی، بەرخودان لە پێناو ئازادی جیهانی و شۆڕشی دیموکراتی ناوبرد.

یەکسەر دوای ئەوەش چالاکیەکانی (ڕۆژی جیهانی رۆژئاوا) تەواوی جیهانی گرتەوە، لە ڕاستیدا ئەم چالاکیانە سەرەتای قۆناغێکی نوێن، قۆناغێکی نوێ بۆ تەواوی مرۆڤایەتی و جیهان؛ قۆناغی بەرخودانی گەردوونی لە پێناو شۆڕشی دیموکراتی دەستپێکرد. بەڵێ لە قۆناغە جیاوازەکانی مێژوودا چالاکیەکانی پشتگیریکردنی بەرخودانە شۆڕشگێڕیەکان لە بەرامبەر چەوسانەوە و کۆمەڵکوژیەکان لە وڵاتە جیاوازەکان بینراوە، بەڵام لەم ئاست  و بەرفراوانیەی تایبەت بە ڕۆژئاوا نەبینراوە. لە پێنج کیشوەری جیهان و زیاتر لە ٥٠٠ شاری جیهان، بە ملیۆنان مرۆڤ لە یەک کاتدا بە یەک دەنگ هاواریان دەکرد “بکوژ ئەردۆغان” و دروشمی “بژی بەرخودانی ڕۆژئاوا” یان دەگووتەوە. واتە هەر هەموویان خاوەنی یەک هەست و یەک بۆچوون بوون.

لە ڕۆژئاوای کوردستان لە منبجەوە تا دەگاتە دێرک، لە تەواوی شار و شارۆچکەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لە سلێمانیەوە تا شەنگال لە چەندین شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستان، لە پارچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا زۆربەی زۆری شارەکانی وڵاتانی ئەوروپا، لە وێشەو تا دەگاتە ناوەندی شارەکانی رۆژهەڵاتی ناوین، ئاسیا، ئەفریقیا، ئەمریکا و ئوستوڕالیا بە لانی کەم حەوت ملیۆن کەسی پێشەنگ و نوێنەری حەوت ملیار کەسی دانیشتوانی گۆی زەوی بە جۆش و خرۆشترین چالاکی مێژووی مرۆڤایەتییان ئەنجامدا. گوتەی “بژی بەرخودانی رۆژئاوا” لە سەر وێردیان بوو و دژ بە داگیرکاری تورکیا، پڕ بە دڵ پشتیوانییان لە بەرخودانی باکور- رۆژهەڵاتی سوریا کرد؛ بەڵام ئەوەی لە بنەڕەتدا لە ئارادابوو، لە بەرامبەر دەسپۆتیزم، فشار و چەوسانەوەی سیستەمی دەوڵەت و دەسەڵاتدارێتی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، گەڕان بوو بە دوای جیهانێکی دیموکراتدا. شۆڕشی ئازادیخوازی کوردستان چروسکاییەکەی رۆژئاوای کوردستان سەرلەنوێ هیوای بە مرۆڤایەتی بەخشیوە و هەڵیسەندۆتەوە سەر پێیان. لە ڕووخساردا پشتیوانی لە بەرخودانی ڕۆژئاوا دەکرێت، بەڵام لە گەوهەردا کاروانی نوێی جیهانی دیموکراتیانە بەڕێوە چوو.

لە هەر قۆناغێکی مێژوودا پێشبینی ڕەهەندی جیهانی ئەو کاروانە تەلیسماوییە کراوە کە بە شۆڕش ناودەبرێت. ئایینەکانی کرستیانی و موسلمانێتی یش بەردەوام ویستویانە ببن بە گەردوونی (جیهانی). هەر رەوتێکی تازە لەدایک بوو تێبینی ئەو ڕاستیەی کردووە، بەو رادەیەی خۆی بگەیەنێتە دۆخ و پێگەیەکی گەردوونی، دەتوانێ هەمیشەیی و سەرکەوتوو بێت. لە گەوهەری شۆڕشی سۆسیالیستیشدا شۆڕشی جیهانی جێگای باسە. نەوەکەی ئێمە لە ناو ئاگری تێکۆشانی سەرکەوتووانەی گەریلایی کوبا و ڤێتنام، پێگەیشت. وێردی سەر زمانمان “هۆشی منە، چەند ڤێتنامێکی تر و هەزار سڵاو لە چی گیڤارا” بوو. بێگومان شۆڕشی رزگاری نیشتمانی ڤێتنام کە داگیرکاری ژاپۆن- فەڕەنسا- ئەمریکای تێکشکاند، ئەو تێکۆشانە شکۆدارەیە کە لە مێژوودا گەورەترین پشتیوانی مرۆڤایەتی بەدەست هێنا. بەڵام بەرخودانی جیهانی مرۆڤایەتی کە شۆڕشی ئازادیخوازی کوردستان لە ٢/١١/ ٢٠١٩ ئافراندی چەندین هێندەی ئەو پشتگیریەیە کە لە تەوەرەی شۆڕشی ڤێتنام بەدیهاتبوو.

یەکێک لە بناغەو بنەما سەرەکیەکانی وشیاری و بوێری و فیداکاری ئەو شۆڕشگێڕانەی پەرەسەندن و پێشکەوتنەکانی رۆژی ئەمڕۆیان ئافراند، بەرخودانە سەرکەوتوو و شکۆدارەکەی ڤێتنام بوو. شۆڕشی ڤێتنام کوردانی فێری ئەو ڕاستییە کرد کە لە سایەی ڕێبەرایەتی و ڕێبازێکی ڕاستدا، بەرامبەر بە هەر جۆرە دوژمنێک و لە هەر کاتێکدا دەتوانێ بەرخودان بکات و سەرکەوتن بە دەست بێنێ. کاتێ یەکێک لە ڕێبەرانی بەرخودانی زیندانەکان محەمەد خەیری دورموش دەیگوت “کوردستان دەبێ بە ڤێتنام، هاواری ئەم مرۆڤانە لە بیر مەکەن”، ئاماژەی بۆ بەرخودانە مێژووییەکەی زیندانەکانی سایگۆن کردبوو. قەڵەمبازی گەریلایی ١٥ ی ئابی ١٩٨٤ لە کوردستان لە ڕێگای بە بنەماگرتنی شێوازی سەرکەوتووی گەریلای ڤێتنام بەڕێوە چوو. هەرچی ڕێبازی ئازادی ژنانە لە شۆڕشی کوردستان و ئەو بەرخودانە شکۆدار و سەرکەوتووەیە کە بەرامبەر پەلامارەکانی داعشی فاشیست و قڕکەر پیشاندرا، وەکو چۆن گەلی کورد و تێکۆشانی ئازادیخوازی کوردستانی بە تەواوی جیهان ناساند، نەک هەر چالاکیەکی جیهانی پشتگیری بە دەست هێناوە کە ئەوەی شۆڕشی ڤێتنامی دەرباز کردووە، بەڵکو ڕاستیینەی شۆڕشی دیموکراتییانەی جیهانی خستۆتە روو کە شۆڕشی ڤێتنام یش نەیتوانی تێیدا سەرکەوتوو بێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئه‌مه‌ش ببینه‌
Close
Back to top button
Close
Close
%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: