گوتار

کولتوور لەسەر بنجی خۆی دەڕوێتەوە

باران كایا

وه‌رگێڕان: لوقمان عه‌بدوڵڵا

ئەو دەوڵەتەی کە لەباشووردا بونیاد بنرێ، ناتوانێ لە ئەمریکایەکی بچووک بەولاوە بچێ. ئەمەش بەشێوەیەک لە ئێستادا دەیبینین…

 گۆییبوونی رووی زەوی هۆکاری گۆڕانی زۆر ماددەیە. بۆ نموونە میوەیەک گەر بارودۆخی وەرزی و جوگرافی گونجاوی نەبێ، پێگەینی ئەو میوەیە ناتوانرێ لە دەرەوەی رەوشی رێکەوتی بیری لێ بکرێتەوە. رووەکێک کە لە هەرێمێکی ترۆپیکاڵدا بەرهەم بێت لە هەرێمێکی وشکانیدا بەرهەم نایەتز بۆ بەرهەمهێنانی رووەکێکی هەرێمە ترۆپیکاڵییەکان لە هەرێمێکی وشکانی “دێمی”دا، پێویستە پێگە و دەوربەرێکی دەستکردی بۆ دروست بکرێت. بێگومان ئەوکاتەش میوە لە میوەیی خۆی دەردەکەوێ. ئەوەی کە بەرهەم دێ، شتێک کە تەنها بەناو هەیە و بە شێوەش لەو هەرێمە دەکات کە لێوەی بەرهەم هاتووە. نە تام و نە ڤیتامینێکی ئەوتۆی نابێ، ئەوەی بەرجەستەی دەکەین و تام و بۆی دەکەین تەنها ناوێکە و هیچی دیکە. هەروەها بە شێوەش تەنها لە میوە دەکات. ئەوەی لە راستیشدا دەبینرێ هەم ئەو میوەیەی کە باسمان لێوە کرد، هەم کڕیار و هەم فرۆشیاریشی لە خەڵەتێنەرێک زیاتر هیچی دیکە نابێت.

هەڵبەتە بابەتەکەمان پێشکەشکردنی زانیاری جوگرافی نییە، بابەتی بناخەییمان؛ کۆمەڵگه‌ و کولتووری کۆمەڵگه‌یە. ئەو نموونەیەشمان بۆ زیاتر تێگەیشتن لە جیاوازییە کۆمەڵایەتییەکان هێنایەوە. ئەم جیاوازییانە بۆ مرۆڤ بە شێوەیەکی زۆر دیار و بەرچاو خۆی دەردەخاتە روو. مرۆڤێک لە ژاپۆن جیایە، مرۆڤێک لە ئەمریکا جیایە و یەکێکیش لە ئەوروپا جیاوازە، بەڵام مرۆڤی رۆژهەڵاتی ناوین زیاتر جیاوازترە. ئەمەش نەک بە تەنها لەواتای کیشوەریدا، بەڵکو گەر زیاتر شی بکەینەوە دەبینین لە نێو شارەکانی کوردستانیشدا هەولێر و سولەیمانی و قامیشلی و ئامەد و مهاباد و.. زۆر جیاوازی خۆیان دەنوێنن. تەنانەت گەر مرۆڤ زۆر بکەوێتە دوای وردەکارییەکانیشەوە، لەنێو دوو لادێی پەنا یەکیشەوە پێکهاتەی ورد بەڵام جیاوازیان هەیە. ئەم جیاوازییانە زمان و فۆلکلۆر و شێوازی ژیان و بە کورتی کولتووری کۆمەڵگه‌ نیشان دەدات.

 کولتوور گەوهەری کۆمەڵگه‌یە و سیمبۆڵی ژیان و ژیانەوەی کۆمەڵگه‌یە. لەبەر ئەوەشە کە کۆمەڵگه‌کان بە کولتوورەکانیانەوە بوونیان هەیە. کۆمەڵگه‌یەک بە ئەندازەی پێشخستن و گەشەپێدانی کولتوورەکەی دەتوانێ بڵێ لەم گەلەم یاخود لەو گەلەم. ئەوانەی کە ژیانیان لەگەڵ پێوانەی نرخ و بەهاکانی کۆمەڵگه‌دا یەک ناگرێ، ئەو زمانەی کە پێی دەدوێ هی خۆی نەبێ، پەرە بە هونەری کۆمەڵگه‌کەی نەدات و ئەوەی کە لە دەرەوە بە شێوەیەکی پینەکراوی دێنن و بەبێ سێنتێزکردنی لەگەڵا کولتووری خۆی و یەکسەر وەک بڵێی وەڵامێک بێ بۆ پێداویستییەکانی کۆمەڵگه‌کەی خۆی بە کۆمەڵگه‌ی پیشاندەدەن، لەکاتێکدا لەنێو بەهەڵەداچوونێکی زۆر گەورەدان، لە هەمان کاتدا بەها و نرخی کولتووری و تەنانەت هەنگاو بەهەنگاو کۆمەڵگه‌کەیان بەرەو لەنێوبردندایە.

 گەلان بە کولتوورەکانیانەوە بونیان دەبێ. گەلێک گەر کولتووری خۆی نەژی و نەیژیێنێ، بەو واتایەدێت کەوا لێکدەداتەوە کولتووری کۆمەڵگه‌ی جیاواز یان دەرەکی بە هی خۆی دادەنێ و بەواتای دوورکەوتنەیوە دێت لە کولتووری راستەقینەی خۆی. کۆمەڵگه‌ یان بەنرخە کولتوورییەکانی خۆیەوەیەوە بوونی دەبێ، یان بەپێچەوانەوە هیچی نابێ. ئەمڕۆ هێزە ئیمپریاڵییەکان لەگەڵا ئەوەی کە وەکو جاران کاتێک هێرش دەکەنە سەر شوێنێک و داگیری دەکەن و بەها و نرخە ماددی و مەعنەوییەکانی دەدزن، هەروەها بە شێوەیەکی زۆر ورد و چڕ و بەرفراوان کولتووری خۆیان بڵاو دەکەنەوە و دەچەسپێنن. دەچنە هەر شوێنێک هەوڵ دەدەن لەبواری کولتوورییەوە ئەو شوێنە دابماڵن و کولتووری خۆشیان دەکەنە شتێکی دەستلێبەرنەدراو، کولتووری خۆیان دێننە رەوشێک کە لە بوارەکانی شارستانی و مەدەنییەوە دەیکەنە پێویستییەکی دەستلێبەرنەدراو. پاشانیش دێنە بەرامبەر ئەو کۆمەڵگه‌یەی کە کولتوورەکەیانیان داماڵیوە و دەڵێن”من پێویستییم” و خۆیان بە تاکە رێگە دادەنێن. بەم شێوەیەش کولتوورێکی بازاڕی و ساکاریی بونیاددەنێ. سیستەم کاپیتالیزم و هێزە و نوێنەرەکانی، تەواوی ئەمانە بۆ بەردەوامیدان بەژیانی خۆیان پەیڕەو دەکەن. بەلای سیستەمەوە بوون و نەبوونی کولتووری جیاواز هیچ گرنگییەکی ئەوتۆی نییە، ئەوەی بۆ ئەو گرنگە زیاتر”چۆن دەتوانێ زیاتر بەردەوامی بدات بەژیانی، چۆن دەتوانێ قازانج و بەرژەوەندیی زیاتر بەدەست بێنێت”.

 هیچ شتێک نییە کە کاپیتالیزم لەبەرژەوەندی خۆیدا نەیکات. وەک رێبەری نەتەوەیی گەلی کورد عەبدولڵا ئۆجەلانیش ئاماژەی پێدەکات: “هیچ شتێک نەماوە کە کاپیتالیزم لەپێناوی بەرژەوەندی خۆیدا نەیکاتە بابەتی بازاڕ و بازرگانی و ساکاری نەکردبێ”.

 لە منداڵەوە بگرە تاوەکو ژن، لە نرخە ئەخلاقییەکانەوە بگرە تا تێکڕای لایەنە کولتوورییەکان کەوتۆتە ناوی و هەموو شتێکی وەک موڵک و سەروەت و سامان لێکردووە. کاپیتالیزم هەوڵ دەدات جیهانگیریبوون لە واتای کولتووریدا دروست بکات. جیهانگیریبوونی ئەم کولتوورە و بوونی بە کولتووری هەموو کەسێک، دێتە واتای لەنێوچوونی کولتوورەکانی دیکە. سیستەم باش دەزانێت کە پێگەی ژیانیی بیردۆزی و شوێنی کەوتنە نێو ژیان و پراکتیزەبوونیشی پێگە کولتوورییەکانە. لەبەر ئەوەش هەوڵ دەدات لە لایەنی کولتوورییەوە زیان بە تێکڕای کۆمەڵگه‌کانی دیکە بگەیەنێ. کۆمەڵگه‌ لە لایەنی کولتوورییەوە زیانی پێ نەگەیەنرا؟. باش دەزانرێ کەوا ئەو سەرکەوتنانەی قازانج دەکرێن کاتین و نایانگەیەنێتە چ ئەنجامێکی راست. شەڕ بە قازانج و دەستکەوتەکانی نرخ و بەها کولتوورییەکان دەکرێتە سەرکەوتن و بەو زیانانەی کە لەلایەنی کولتووریی دراوە شەڕ لە دەست دەدرێت. چونکە کولتوور ئەو پێگەیەیە کە بیردۆزی”ئایدیۆلۆژی” تێدا ژیانی و پراکتیزە بووە.

 ئەمڕۆ لەباشووری کوردستاندا هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتێک دەدرێ، بەڵام بە چ بەها و بەرامبەرێک؟! بەشێوەیەک کە لەژێر ناوی نەتەوایەتییدا کولتووری خۆی و نرخە نەتەوەییەکانی دور خراوەتەوە. دەشێ بوونیادانانی دەوڵەتێک کە لەسەر بناخە نەتەوەپەرستییەکانی لۆژیکی دەوڵەتگەرایی ئەوروپا کە لە”سەدەی 19″ەوە لێوەی ماوەتەوە بۆ گەلی کورد چۆن سوودێکی ببێت! جێگای دەوڵەت و دەوڵەتگەرایی لە پاڵا گەلی کورددا نییە. هەر لە رابردووەوە گەلی کورد بەردەوام لایەنگری یاسا و یەکسانی بووە و نرخ و بەرژەوەندییەکانی کۆمیناڵی دیموکراتییان بۆ خۆیان بە بنەما وەرگرتووە. وەک رێبەری نەتەوەییمان رێبەر ئاپۆ بە تەواوی وردەکارییەکانیەوە دەریخستۆتەڕوو، پارادیگمای دەوڵەت و دەوڵەتگەرا هۆکار و بناخەی سەرەکی تەواوی نایەکسانی و نائازادیی و نایاساییەکانە. بەگشتی ئەم پارادیگمایە چارەسەرکردنی کێشەکانی کورد لەلایەک، خۆ گونجاندن لەگەڵا کولتووری گەلی کورد و سەنتێزکردنی گۆڕانکاریی نرخە کولتوورییەکانمان وەک ئەوەی کە گەلی کورد بەرەو کاۆسێکی زۆر گەورەتر دەبا، لە هەمان کاتدا گەلی کوردیش بەرەو بیانیبوونێکی کولتووری دەبات. ئەمڕۆ هێزە کوردەکانی باشووری کوردستان تا دەیانەوێ با بڵێن ئێمە هەوڵ دەدەین تا بۆ کورد و کوردایەتی شتێک بکەین، دەمانەوێ کوردان بکەینە خاوەنی دەوڵەت، بەڵام ئەوەی کە لە راستیدا بۆ کوردی دەکەن خراپەکارییەکی زۆر گەورەیە. هەتا ئێستا کامە سیستەمێکی دەوڵەتگەرا بۆتە وەڵام بۆ کێشەکانی کۆمەڵگه‌. چ کاتێک دەوڵەت بۆتە ناسنامەی راستەقینەی نرخ و بەها نەتەوەییەکانی کۆمەڵگه‌. هەڵبەتە با بوون بە وەڵام لەلایەک دانێین، بەڵکو هێندەی رۆژێک رووناک و رەونەق دیار و ئاشکرایە کەوا لە بناخەی تەواوی کێشە کۆمەڵایەتییەکاندا خودی دەوڵەت جێ دەگرێ.

 گەر دەشخوازرێ دەوڵەت دروست بکرێ، ئەو دەوڵەتەی بونیاد دەنرێ دەبێتە دەوڵەتی کێ؟ لە داهاتوودا بەها و نرخە کولتوورییەکانی کێ دەردەخاتە پێش؟ ئەگەر خواستی بونیادنانی دەوڵەتێک هەیە، پێدەچێت لەبەر هۆکاری بیرکردنەوە بێت لە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی کورد. بەڵام ئەوەی کە هێزە کوردەکانی باشووری کوردستان لێی تێنەگەیشتوون و رووی راستەقینەی دەوڵەتە. هەتا پارادیگمای دەوڵەت دەرنەخرێتەڕوو و تێگەیەک لەم راستیینەیە دروست نەکرێ، نایەکسانییەکانی نێوان مرۆڤ لەو لاوە، نائازادی و نادادپەروەری و نایاسایی شی دەکاتەوە و گەیاندنیی نرخەکانی ئەم نائازادی و نادادییە بە ناسنامەی نەتەوەیی، تێکڕای ئەمانە و هەروەهاش کەندەڵانی ناهاوسەنگییەکانی نێوان رەگەز ــ مرۆڤ ــ کۆمەڵگه‌ و سرووشت زیاتر قووڵتر دەکاتەوە و لە ناشتن و خنکاندنی کێشەکان لەنێو بێچارەیی زیاتر ناتوانێ هیچ شتێکی دیکە بکات. چونکە دەوڵەت و ئەفسوونی دەسەڵات، هۆکاری تەواوی ناهاوسەنگییەکانی نێو کۆمەڵگه‌ و لەگەڵ ئەمەشدا هۆکاری تەواوی ناهاوسەنگییەکانی نێو سروشتیشە. تێکڕای ئەو تێکۆشان و خەباتانەی لەپێناوی نرخ و بەها یەکسانی ــ ئازادی ــ دادپەروەری ــ نەتەوەیی و کولتوورییەکاندا کراون، لەبەر ئەوەی خۆیان لە ئەفسوونی دەوڵەت و دەسەڵات رزگار نەکردووە و پێناسەی راستەقینەیان بۆ نەکراوە، پێچەوانەی ئامانجەکانی خۆیان بوونەتەوە و نەیانتوانییوە لە ئاواکردن و بونیادنانی ئەو ژیانەی کە خۆیان دژایەتی دەکەن زیاتر تێبپەڕن. رێبەری سیستەمی کۆما جڤاکانی کوردستان “رێبەر عەبدولڵا ئۆجەلان” بەم شێوەیە گوزارە لە نەهێشتنی پارادیگای دەوڵەتگەرا دەکات لە کەسایەتی خۆیدا.

“ئایدیۆلۆژییە دەوڵەتگەراکان، لەروانگەی منەوە، چیدی هێندەی ئانالیزیانکردبوون بەتەواوی نەدەبوونە ئامرازێکی رزگاری. با چارەسەرکردنی کێشەکانی ئاین و رەگەز و نەژاد و ژینگە و چینەکانی کۆمەڵگه‌ی هیرارشی لە لایەن کاپیتالیست ــ سۆسیالیست ــ یونێتێری نەتەوەیی و دەوڵەتانی چینی دیموکراتی فیۆداڵیست لەلایەک دابنێین، کە خودی ئەوان هۆکاری سەرەکی و بنچینەیی ئەو کێشانەن. پێویستیەکی زۆر گرنگە کە بگەڕێن لە چارەسەرییەکی هەمەلایەنە لەدەرەوەی ئەم بناخەیە و پشتئەستوور بەمەش ئەو تاک و خێزان و ئەو گەلانەی کەوا لە مێژوودا و لەکۆمەڵگه‌ی نیۆلۆتیکدا چەقیون و تا دەگاتە پێکهاتە عەشیرییەکانی شاخ و بیابانەکان کە هێشتا لەبەرخۆیان دەدەن، لە جەماعەتە ئایینییەکانەوە تا دەگاتە تا راستینەی بەرخۆدانی ئۆبژێکتانەی ژن کە لەنێو هەزار و یەک کیف و بەرگەوە پێچراوە، لە بەرگریکردن لە دام و دەزگا بنچینەییەکانی کۆمەڵگه‌وە تا دەگاتە وەدەستگرتنی ئازادی لەدەستچووی تاک، ئەمانە و گەڕان بەدوای “رێگایەکی نوێ”ی هەمەلایەنە، پێویستییەکی گرنگە و گرنگییەکی بناخەیی هەیە”.

 هەڵبەتە ئەو دەوڵەتەی کە لەباشووردا بونیاد بنرێ، ناتوانێ لە ئەمریکایەکی بچووک بەولاوە بچێ. ئەمەش بەشێوەیەک لە ئێستادا دەیبینین. لاوان ئەو جلوبەرگ و پۆشاکانەی کە ئاڵای ئەمریکای پێوەیە لەبەردەکەن، بەم هەڵسووکەوتەشی تا ڕادەیەک خۆی خۆشحاڵ و سەربەرز دەبینێ، گوێ لە مۆسیقاکانی ئەوان دەگرێ و هەوڵ دەدات هەر وەکو ئەوان بژی. تا دوا ئەندازە دەرکەی خۆی بۆ کولتووری بەناوبانگ و ناودار لەسەر پشت هێشتۆتەوە، لە هەمان کاتیشدا دەڵێن ئێمە کوردین، بەڵام بۆ پێشکەوتنی کوردایەتیش هیچ شتێک ناکەن. توێژێکی بەوشێوەیە لە ئایندەدا بەتەواوی بێ بەهرە و دوور لە زیندوگرتنی نرخ بەها کولتوورییەکان رووبەڕوومان دەبنەوە.

 لە لایەنی ئابوورییەوە کولتوورێکی پێشمەرگایەتییەوە دروست کراوە و بۆ رزگاربوون لەمەش هیچ شتێک ناکرێ. بەمەش توێژێک بونیاد دەنرێ کە لەسەر بنەمای بێ رەنج و بەڕێگای بەلاش و ئاسان پارە پەیدا دەکەن. چ ئومێدێک لە ئایندەی توێژێکی وەها بکرێ..! پاراستنی نرخە کولتوورییەکان لەلایەک، وەک ئەوەی لە ئایندەدا هیچ خێرێکیان بۆ خۆیان نابێ، لە هەمان کاتدا وەک توێژێک دێنە پێشەوە کە شەرم لە نرخە کولتوورییەکانی خۆیان دەکەن. توێژێک کە لە لایەنی کولتووری و کۆمەڵایەتییەوە ناتوانن لەگەڵا بەها و نرخە گەوهەرییەکانی کۆمەڵگه‌کەیاندا بەیەک بگەن، ناتوانن لە بوون بەزەمینەی دەستلێبەرنەدراوی ژیاندنی بەها و نرخی هێزی دیکە رزگاریان ببێ. بەرپرسیاری ئەمەش ئەو هێزانەن کەوا ئەمڕۆ دەڵێن دەمانەوێ لە پێناوی کوردایەتییدا شتێک بکەین. ئەوانەی کەوا دەیانەوێ پێشمەرگایەتی بکەنە کار و پیشەی لاوان، لە داهاتوودا توێژێک بونیاد دەنێ کەوا بیانکاتە سەربازی خەڵکی دی. سیستەمی کاپیتالیست و نوێنەری ئەم سیستەمە کە ئەمریکایە ئەم کارە بەڕێ و رێبازی زۆر باریک پەیڕەو دەکەن. کۆمەڵگه‌ دێنێتە رەوشێک کە ئەم سیستەمە بە تاکە سیستەم دابنێن و بەرەو پیری بێن و ئەمەش بە هەمان شێوە بەسەر مرۆڤایەتیدا دەسەپێنێ. ئەمەش بەڕێگای تەکنۆلۆجی و پەروەردە و راهێنانی ئابووری و بازرگانی دروست دەکات. کوردیش لەولاوە دەڵێن با دەوڵەتێکمان هەبێ، ئیتر چۆن دەبێ با ببێ بەڵام هەبێ، کێ هاوکاری دەکا با هاوکار بێ بەڵام دەوڵەتێکمان هەبێ. سیستەمێک کە بە دینامیکی گەوهەری خۆی پێش نەکەوێ تا چەند دەتوانێ خاوەن لە نرخ و بەها کۆمەڵایەتیی و کولتوورییەکانی خۆی دەربکەوێ؟ تا چەند دەتوانێ عاید بەخۆی بێ؟ هەڵبەتە هێزێک کە هاوکارییەکی بەوشێوەیە پێشکەش بکا، لە بەرامبەردا داوای خودی کۆمەڵگه‌ دەکات و دەگاتە ئەم ئامانجەشی، چونکە ئەمانە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی پێک دێنن و ئەم بەرژەوەندییانەش لەپێناو خۆیدا بەکار دێنێ.

 لەسەر ئەو خاڵە بنچینەییانەی کە لەسەرەوە دەستنیشانمان کردوون؛ لە کاتێکدا کە پێکهاتەی کۆمەڵگه‌ی دەوڵەتگەرا لەگەڵا خۆیدا ئاڵۆزییەکان زیاتر قووڵ و گرژ دەکاتەوە، لەبارودۆخێکی وەهادا دەوڵەتی کوردستان دابمەزرێ چی دەبێ و دانەمزرێ چی دەبێ..؟! دیسان کێشەکانی کۆمەڵگه‌ بە وەڵامی خۆیان ناگەن و دیسان هەندێک کولتوورەکانی خۆیان ناژیێنن. سکی هەندێک لەئاوساندا لەبەر تەقیندایە و مێشکیان بچووک دەبێتەوە و لەو لاشەوە هەندێکی دیکە لەبرسا و لە هەژاریدا دەمرن. ئەمەش ئەنجامی ئەو ئەمریکا بچووکەن کەوا بەتەمان دایبمەزرێنن و تەنانەت خوازیارانی دامەزراندنی ئەم دەوڵەتەش نایانەوێ بڕوا بە دەرکەوتنی ئاکامێکی وەها بکەن. گەر بڵێن” سیاسییانە نزیک دەبینەوە و پاش دامەزراندنی دەوڵەت هیچ کەسێک خۆی لە قەومان نادا” و وادەزانن بەمە رزگاریان دەبێ؟. ئەگەر فکری وەها هەبن دەبێ باش بزانن کە لەنێو بەهەڵەچوونێکی گەورەدان. ئێمە گەلێک نین کە مێشکمان وەک مێشکی ماسی بێ، پێویستە راستی رەوشی سەدام لەبیر نەکرێ و هێشتا زۆر کاتی بەسەردا تێنەپەڕیوە. سەدامیش سەردەمانێک دەیگوت دەوڵەتی من، دەیویست بەهاوکاری ئەمپریالیستەکان لەسەر پێ بووەستێ، بەڵام کاتێک حەدی خۆی تێپەڕاند و بوو بەبار، بە رێگەیەکدا برا کە بەپێویست بینرا هەم سەری خۆی و هەم سەری گەلەکەی لێ بکرێتەوە و فڕێ بدرێ. کورد بە دینامیکیەتی گەوهەری خۆی لەسەر پێ نەوەستێ و لەجیاتی سیستەمی “کۆمەڵان” سیستەمی دەوڵەتگەرا بۆخۆی بە بناخە وەربگرێ، ئەمجارەشیان ئەو گەلەی کە مێژووەکە بە شێوەیەکی تراژێدی دووبارە ببێتەوە گەلی کورد دەبێ. بەم شێوەیەش نەفرینی رۆژهەڵاتی ناوین بەردەوام بە بوونی خۆی دەدا.

 یەکەمین کار کە ئەمریکا پێی هەڵسا، بونیادنانی کولتوور بازاڕی خۆی بوو و لەگەڵا ئەمەشدا پەلکێشکردنی لاوان دەبێ بەلای خۆیدا. کۆمەڵگه‌یەک کە لاوانی خۆی لەدەست بدات، دەشێ بیر لە چ بەرژەوەندییەک بکاتەوە بۆ داهاتووی خۆی..! ئەگەر هێزەکانی هەرێمەکە دەیانەوێ ئەمریکایەکی بچووک دروست بکەن، ئەوانیش لەنێو بەهەڵەچووندان. ئەمریکا دەوڵەتێکە لە کیشوەری ئەمریکا، ئەو شوێنەی کە ئەوان دەیانەوێت بونیادی بنێن وەکو ئەوێ نییە و ناشبێ. راستیینە کۆمەڵایەتییەکانیان زۆر جیاوازن. گەر هەوڵی شتێکی وەهاش بدرێ، ببێ و نەبێ وەک ئەو میوەیەیە کە کەش و هەوای پێگەیاندنی ناسازە و لە شوێنێکی دەستکرددا بەرهەم دەهێنرێ. واتا نە دەوڵەتێک دەبێ کەوا ئەمریکا دەیەوێ و نە دەوڵەتێکیش دەبێ کە هەندێک دەیانەوێ وەک ئەمریکا بێ. ئەوەی کە دەردەکەوێ شتێکی نادیار دەبێ. شێوەیەکی جیاواز، گەوهەرێکی جیاواز و ژیانیشی زۆر جیاوازتر دەبێ. لە لایەکەوە گەلێک کە لەژێر کاریگەرییەکانی فیۆداڵیزم رزگاری نەبووە و تەنانەت هێشتا بە شێوەیەکی چڕ و پڕ لەنێو ئەم کاریگەرییانەدا دەژی و دەیانژیێنێ، لەلایەکی دیکەشەوە ئیمپراتۆرێک کە لەبوارەکانی زانست و گەیاندن و تەکنۆلۆژییەوە مۆرکی خۆیان لە سەدەی بیست و بیست و یەک داوە و بەشێوەی دڕندەیەک گەشەی سەندووە. راستینەیەکی زۆر دیار و جیاوازی وەرزی یان کەش و هەوا ــ جوگرافی ــ مرۆڤ ــ مێژوو ــ نرخە کۆمەڵگه‌ و کولتوورییەکان لەبەرچاودا دەبینرێ. لە کاتێکدا کە لێگەڕینێک بەدوای خاڵی یەکتربڕی هەر دوو جەمسەرەکەدا نەکراوە، هەروەها لەنێو لۆژیکی رەش و سپیدا هەوڵدەدرێ سپی بکرێتە رەش.

 سیستەمی کۆمەڵان لەلایەنی خاوەندەرکەوتن لە نرخە مێژووییەکانی کولتوور و گەلی کوردەوە خاوەنی پێگەیەکی مێژووییە و زۆر شیاو و گونجاوە بۆ بەردەوامیدان و پێشخستنی ئەم نرخ و بەرژەوەندییانە. سیستەمی کۆمەڵان نەک بە تەنها بۆ کوردان بەڵکو بۆ تەواوی گرێکوێرەی کێشە کۆمەڵایەتییەکانی گەلانی دیکەش وەڵامی گشتگیرانە و بەرفراوان پێش دەخات. کوردان هەر لە رابردووەوە ژیانێکی دیموکراتی و کۆمیناڵیان بۆ خۆیان بە بناخە وەرگرتووە. وەک سەریان بۆ کەس دانەنەواندووە، هەروەها هیچ لە کولتووری کۆمیناڵیتە کە گەوهەری کۆمەڵ و کۆمەڵگه‌بوون دانەبڕاون. یەکێکە لەو گەلانەی کە دیموکراسیەتی هەر لە سەرەتاوە لەنێو پێکهاتە ژییانییەکانی کۆمەڵگه‌ی نیۆلۆتیکدا ژیاندووە و ئەمڕۆش سەرەڕای هەموو ناهەمووارییەک لەنێو خۆیدا دەیژیێنێ. لە روانگەی سنوورەکانی مێژووشەوە، سیستەمی کۆمەڵان دەبێتە وەڵام بۆ پێداویستییەکان و بەتایبەتیش ئەوە دەسەلمێنێ کەوا وەڵامی پێداویستییەکانی رزگاربوونی دەوڵەتانی دیکەشە لە ئاڵۆزییەکان.

 لە کاتێکدا کە سیستەمی کۆمەڵان دژە ژەهر یان ژەهرکوژی ئەو پێوانە و نرخە مرۆییانەیە کە لەبەر لەنێوچووندان و هەروەهاش سیستەمی مەیسەرکردنی بەردەوامیدانە بە ژیان و ژیانەوەی کولتوورە جیاوازەکانی دیکە لەسەر بنجی خۆیان و لەگەڵا ئەمەشدا سیستەمی دەوڵەمەندی کولتوورییە کە لە ئەنجامی رەنگاوڕەنگی دانوستاندنە کولتوورییەکانەوە بەرهەم دێ. کورد و هێزەکانی گەر دەیانەوێ بۆ پێشکەوتنی کولتوورییەکانیان شتێک بکەن، ئەوا تاکە سیستەم کە رێگە و هەڵبژاردەیانە پێویستە سیستەمی کۆمەڵان بێ. چونکە سیستەمی کۆمەڵان لەبنچینەدا تاکە رێ و رێبازی بەچارەسەری گەیاندنی ئاڵۆزی و گرێکوێرە کولتوورییەکانی رۆژهەڵاتی ناوینە، لە هەمان کاتدا هەر لە ئێستاوە بەژیانیکردنی ئەم سیستەمە لە کوردستاندا نەک بەتەنها بۆ ئەمڕۆ بەڵکو دەبێتە دانانی بەردی بناخەی سەرکەوتن بۆ داهاتووش. هیچ کۆسپ و تەگەرەیەکیش لەبەردەم کورددا نییە بۆ پراکتیزەکردنی ئەم سیستەمە. هەم پێکهاتەی جوگرافی و هەم رەنگاورەنگی و هەم دابەشبوونی بە چوار پارچەوە هەریەک ئەڵتەرناتیفی ئەگەرەکانی بەسەرخستنی ئەم سیستەمەن. حاڵی حازر شتی هەرە گرنگ بۆ کوردان هەبوون و نەبوونی دەوڵەتێکیان نییە، گرنگ تێگەیشتن و پراکتیزەکردنی سیستەمی کۆمەڵان کە کۆمەڵگه‌یەکی دیموکراتی ــ ژینگەپارێز ــ رەگەزی بونیاد دەنێ و وەک ئەڵەترناتیفی دەوڵەتیشە. گەر بەم گرنگییە هەستین، ئەوکاتە تەنها بە پاراستنی کولتووری کوردانەوە نامێنینەوە و لەگەڵا ئەمەشدا پێکهاتەی نرخ و بەها و بەرژەوەندییەکانیشمان بەرزدەکەینەوە. ئەوکاتە کورد نابنە سەربازی هەندێ کەس و لایەن، هەندێ کەسیش بەسەرسەریانەوە ناخولێنەوە و بەئەقڵی هەندێ کەس و لایەن ژیانیان بەڕێوە نابرێ.

 ئەمڕۆ رێبەری نەتەوەیی کورد و رێبەری سیستەمی “کۆما کۆمەڵانی کوردستان” رێبەر عەبدولڵا ئۆجەلان رووبەڕووی هەوڵی ژەهرخواردکردن و لەنێوبردن بۆتەوە. ئەمەش باش دەزانرێ دەیانەوێ لە کەسایەتی رێبەر ئاپۆدا گەلی کورد و کولتووری کورد ژەهرخوارد و لەنێو ببرێ. گەلی کورد لە مێژوودا و لە ئێستاشدا بە قارەمانی و بەرخۆدانی خۆیەوە دەناسرێ. ئەوانەی دەڵێن من کوردم، دەمەوێ شتێک بۆ کوردایەتی خۆم بکەم، ناتوانم ببمە تەماشاکەری لەنێوبردنی کولتوورەکەم، پێویستە لەبەرامبەر کارێکی وەها هۆڤانەدا بێدەنگ نەمێنێتەوە. پێویستە کوردان باش بزانن کە ئەو دەوڵەتەی بێ ئاپۆ دابمەزرێ لە سوود زیاتر زیانی بۆ ئێمەی کورد دەبێت. هەڵبەتە هێزە ئیمپریاڵییەکان هەر لەدوێنێوە رەزامەندن لە دروستکردنی دەوڵەتێکی بێ ئاپۆدا. چونکە ئەوانیش باش دەزانن کەوا تاکە هێز و تاکە رێگە کە لەواتایەکی راستەقینەدا کولتووری کورد دەپارێزێ و پێشی دەخات، هێزی رێبەر ئاپۆ و سیستەمەکەی سیستەمی کۆما کۆمەڵانی کوردستان. ئەوانیش دەزانن کەوا کوردستانێکی بێ رێبەر ئاپۆ کوردستانێک دەبێ کەوا لە ژێر بەرپرسیارێتی و دەسەڵاتی ئەواندا دەبێت.

 گیا لەسەر بنجی خۆی دەڕوێتەوە. کوردانیش مەگەر تەنها لەسەر بنجی خۆیان بڕوێنەوە. بنج و رەگی کورد لەنێو زۆر قووڵاییەکی بێ ئەندازەدا شاردرابووەوە و سەریشی بە چیمەنتۆ داپۆشرابوو. لێرەدا رێبەر ئاپۆ یەکسانی و دادپەروەری و ئازادی بنجی کولتووری کوردی جارێکی دیکە دەرخستەوەڕوو و ئەمڕۆش هەوڵ دەدا جارێکی دیکە سەرەڕای هەموو کاولکارییەک تێکڕای ئەو نرخانە بە رێ و رێبازی راست و دروست لەسەر بنجی خۆی بڕوێنێتەوە. دەبێ کوردان باش بزانن دەتوانن جارێکی دیکە لەسەر بنجی خۆیان زیندووببنەوە. لەڕەگ و بنجی کورد دا یەکسانی و دادپەروەری و ئازادی هەیە و تاکە رێگەی گەیشتن بەم رەگ و بنجە، تەنها بە سیستەمی کۆمەڵان و رێبەرایەتییەکەی مەیسەر دەبێ. هەڵبەتە لەبەر ئەوەی هێزە ئیمپریاڵییەکان باش ئەم راستییانە دەزانن ئەمڕۆ هەوڵی لەنێوبردنی رێبەری گەلی کورد دەدەن.

 شەرف و نامووس لە کولتووری کورداندا جێگەیەکی زۆر بەرز و گرنگ دەگرن و ماهییەتی زۆر بەرزن، ئەوەی کە کوردانی کردۆتە قارەمان و بەرخۆدانڤان و ئەوەی کە هەتا ئەمڕۆ ئەوانی ژیاندووە، ئەم ماهییەتانەن. گەر ئەمڕۆ کەسێک هەیە بڵێت من خاوەن لە شەرەف و نامووسی خۆم دەردەکەوم، پێویستە لەبەرامبەر “کۆمەڵکوژی گەلی کورد لە کەسایەتی رێبەر ئاپۆ”دا هەڵوێستی مەردانەی خۆی نیشانبدا و هەر چییەکی لەدەست بێ بیکات و پێویستە سیستەمی کۆمەڵان بخاتە نێو ژیان و پراکتیزەکردنەوەوە. تاچەند رێبەری نەتەوەیی کورد بگاتە ئازادی خۆی، ئەوەندەش کورد دەگات بە ئازادی خۆی و دەبنە خاوەنی خۆیان. ئەوکاتەش کوردان لەسەر بنج و رەگی خۆیان دەڕوێنەوە و کوردان دەگەڕێنەوە سەر بنچینەی یەکسانی و دادپەروەری و ئازادی خۆیان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Close
Close
%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: