گۆشه‌ی ئازاد

ئەمەریکا و عێراق و دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ICC

عەلی مەحموود محەمەد

ڕۆژی17-7 بە ڕۆژی دادپەروەری لە جیهان دەناسرێت و ساڵانە لەو یادە بەشێوەی جۆراو جۆر لە سەرتاسەری جیهان رێزی لێدەگیرێت و یاد دەکرێتەوە، لەم ڕۆژەدا پەیماننامەی ڕۆما لە ساڵی1998 لە دایک بوو، کە بووە سەرەتایەک بۆ پێکهێنانی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی ناسراو بە ئای سی سی، ئەمەش خەونی لە مێژینەی عەدالەتخوازان بوو.

ساڵی1998 ئەنجومەنی نەتەوە یەکگرتووەکان پڕۆژەی بڕیارەکەی پەسەند کد بۆ دامەزراندنی دادگایەکی جیهانی تایبەت بە تاوانی جەنگ و دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جینۆساید، لە دەنگداندا 130 وڵات لەگەڵ و21 بێدەنگ و7یش دژ بوون، دژەکانیش بریتی بوون لە: “ئامەریکا، ئیسرائیل، چین، عراق، قەتەر، لیبیا، یەمەن”.

لە راستیدا ئێستا وڵاتانی ئەندامی دادگا تەنها نزیک بە چارەکێکی دانیشتووانی جیهان پێک دەهێنن، چین و هیند و ئەمەریکا و روسیا و ئەندەنوسا و پاکستان کە زۆرینەی حەشاماتی دانیشتوانی جیهان پێک دەهێنن ئەندام نین، لە روی دەسەڵاتیشەوە وڵاتە بەهێزەکان وەک ئەمەریکا و چین و هیند و روسیا، کە چوارگۆشەی هێزی ئابووری و سیاسی و سەربازی هەنووکەو ئایندەی جیهانن ئەندام نین لە ئێستادا.

ئامەریکا و دادگا و پێشینەی مێژووی لە گەڵیدا

ئەمەریکا هەموو کات لە هەوڵوێستەکانی دوو لایەنە بووە، بەرژەوەندی لە کوێ بووبێت ئامادە بووەو پشتیوانی لێکردووە، چەک و پارەی دەدا بە عێراق بۆ کیمیاباران و جینۆسایدی کورد، ئاگاداری هەنگاو بە هەنگاوی سوپای عێراقی بوو، کەچی تا دوای پرۆسەکە لە 8ی ئەیلولی 1988 نەهاتە قسە، کە 6ی ئەیلول کۆتایی ئەنفال راگەیەنرا، دوای 10 ساڵ لەو تاوانەش ئەوجا بۆ یەکەمجار وشەی ئەنفالی بەکار هێنا، دواتریش تاوانی هەڵەبجەی کردە یەکێک لە بەهانەکانی تۆمەتبارکردنی سەدام و روخاندنی، ئیتر گوێی بە دادپەروەری و ڕەوایی نەداوە، پشتیوانی لە دەست بەکار بوونی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی تایبەت بە یۆغسلاڤیا و ڕواندای کردووە لە ساڵەکانی”1993،1994″دا، هەروەها دادگای نیمچە نێو دەوڵەتی بۆ سیرالیۆن لە ساڵی”2000″ و کەمبۆدیا لە ساڵی”2003″ و لبنان لە ساڵی”2006″، بەڵام بەهەموو شێوەیەک بەرەو ڕووی ICC وەستاوەتەوە.

بەرپرسانی ئیدارەی کلنتۆن بەشداربوون لەو دانوساندنانەی کە بە ڕێککەوتن گەیشت لەسەر یاسای بنچینەیی پەیماننامەی ڕۆما، ئەو پەیمانامە نێو دەوڵەتیەی لەسەر بنچینەی پەسەندکردنی لە ساڵی 1998دا ، دواتر لەبەر رۆشنایی ئەو دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی ناسراو بە ئای سی سی دامەزرا.

ئامەریکا دەیەویست بە هەموارکردنی پەیمانامەکەوە پەیوەست بێت بە دادگاکەوە، بەڵام نەیانتوانی قەناعەت بە وڵاتانی دیکە بهێنێت بۆ هەموارکردنی بەرنامەی دادگا تاکو ببێتە ئەندام تیایدا، بەهۆی ترسی دەزگای سەربازی ئامەریکا”پنتاگۆن” لە دادگایی بارگاوی بە سیاسەت، بەرۆک بە هاوڵاتیانی بگرێت، کە رۆژانە بەهۆی دەستخستنە ناو کارووباری وڵاتان و شەڕەوە دەگلێنە تاوانەوە.

ئامەریکا لە ڕۆژی کۆتایی وادەی واژۆکردندا لە 31-12-2000دا ، واژۆی لەسەر یاسای پەیمانامەی ڕۆما کرد، هاوکات نیگەرانی خۆی لەوە ڕاگەیاند کە پەیمانامەکە زۆر خاڵی زیاندار بۆ ئەو و کەلەبەری گەورەی تێدایە، کلنتۆن وتی خۆم و ئەو سەرۆکانەی لە دوای من دێن ڕێنوێنیان ناکەم ئەم رێککەوتنامەیە پێشکەش بە ئەنجومەنی پیران بکەن بۆ پەیوەست بوون بە دادگاکەوە، تاکو ئەو خاڵانەی جێگای گومانی ئێمەن لانەبردرێن، واتا دادگایەکی دەویست بە باڵای بەرژەوەندییکانی ببڕدرێت و پارێزراو بن لە دادگاییکردن لە پای ئەو تاوانانەی ئەنجامی دەدات لە جیهاندا، بە تایبەتی لە وڵاتانی زۆنی جەنگ.

کلنتۆن پێش سێ هەفتە لە بەجێهێشتنی کۆشکی سپی، لە دوا ڕۆژی دیاریکراو بۆ واژۆکردنی پەیماننامەکە لە بەرواری31-12-2000 دا، پەیماننامەکەی واژۆ کرد و وتی : ئامانج لە واژۆکردن قەت بەمانای ئەوە نییە پابەند بین بە پەیمانامەکەوە یان پەیوەست بین پێوەی، لە درێژەی قسەکانیدا وتی:ئامۆژگاریم بۆ جێگیرەوەم ئەوەیە پەیممانامەکە نە نێرێت بۆ ئەنجومەنی پیران بۆ بڕیاردان لەسەری و پەسەندکردنی.

لە بەرواری 6-5-2002 ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ئامەریکا بە فەرمی ڕایگەیاندووە نایەوێت بەشێک بێت لە دادگاکە، هەروەها هیچ پابەندبونێکی یاسایی بە واژۆکردنی لە 31-12-2000 دا ناکات، بەمەش بڕیاری پاشگەزبوونەوەی دا لە واژۆکردنی پەیمانامەکە.

ئامەریکا لە گەڵ ئەوەدایە دادگا لە ژێر دەسەڵاتی ئەنجومەنی ئاسایشدا بێت، بۆ ئەوەی هەر کاتێک ویستی ڤیتۆ لە دژی بڕیار و کارەکانی بەکار بهێنێت و بکەوێتە ژێر ڕەحمەتی خۆیەوە، لە بەرواری 6-5-2002 ەوە ئامەریکا هەوڵوێستی نەیارانەی لەسەر دادگاکە وەرگرت، پاش ئەوەی بە فەرمی واژۆکردنەکەی ڕەتکردەوە، ڕامسفێڵد وەزیری بەرگری ئەوکاتی ئامەریکا دوای پاشەکشەکردنی ئامەریکا لە دادگاکە وتی: دادگا شەرعیەتی نییە، تەنانەت هەڕەشەی تەداخولی سەربازی کرد دژ بە هەر وڵاتێک هاووڵاتیانی تەسلیم بە دادگا بکەن، هەروەها پەیماننامەی دوو قۆڵی لەگەڵ وڵاتان بەست بۆ پێشگرتن لە تەسلیمکردنی هاووڵاتیانی بە دادگا، تەنانەت لە ساڵی2004 یاسایەکی دەرکرد بە ناوی نزرکت، تیایدا قەدەغەی کرد هاوکاری ناسراو بە یوسید پێشکەش بەو وڵاتانە بکات کە پەیمانامەی دوو قۆڵی لەگەڵ واژۆ ناکەن سەبارەت بە تەسلیم نەکردنی هاووڵاتیانی بە دادگاکە.

لە ساڵی 2002 دا، کۆنگرێسی ئەمەریکی بڕیاری لەسەر یاسایەک دا بەناوی پەلاماری لاهای، بە پێی ئەو یاسایە سەربازانی ئەمەریکی دەپارێزێت لە بەرامبەر لێپرسینەوەی ئەم دادگاییە، هەروەها یاساغیکرد فەرمانبەرانی دەوڵەتی هاوکاری دادگای نیونەتەوەیی تاوان بکەن کە بە “یاسای پەلاماری لاهای ناسراوە”، بە پێی ئەو یاسایە هەموو مافێک دەدرێتە سەرۆک هەر ڕێگایەک بگرێتە بەر بۆ ئازادکردنی هەر هاووڵاتیەکی ئەمەریکی یان هەر کەسێک لە هاوکارانی ئامەریکا بهێڵرێتەوە یان زیندانی بکرێت لە لایەن دادگای ناوبراوەوە یان بە فەرمانی ئەو دەست بەسەر یان زیندانی بکرێت.

بۆش یاسای پاراستنی تاکەکانی سەربازی ئەمەریکی واژۆ کرد، کە ڕەخنە بوو لە دادگای تاوانی نێو نەتەوەیی، هەروەها هەڕەشەی بڕینی هاوکاری هەموو ئەوانەی کرد کە هاوکاری دادگا دەکەن دژ بە هاووڵاتیانی.

ئیدارەی بۆش کەوتە بەر ڕەخنەی توند سەبارەت بە هەڵوێستی دژایەتیانەی بۆ دادگای تاوانی نێونەتەوەیی لە سەروبەندی چوار ساڵی یەکەمی دەسەڵاتیدا، هەرچەندە تەحەفوزاتی وڵاتە یەکگرتووەکان لەسەر دادگای ناوبراو دەگەڕێتەوە بۆ پێش سەردەمی بۆش و بە دیاریکراوی لە سەردەمی کیلنتۆنەوە دەستی پێکرد، وەک چاوەڕان دەکرا لەسەردەمی باراک ئۆباما لە هەڵوێست و مامەڵەکردنیدا نەرمتر بوو لەبەرامبەر دادگاکە وەلێ بەشێوەی گشتی گۆڕانکاری نەکرا، زۆر هۆی ناوخۆیی لە ئارادابوو بۆ ئەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان پەیوەست نەبێت بە دادگاکەوە گرنگترینیان دژایەتیکردنی پنتاگۆن و کۆنگرێس و ئەنجومەنی پیران و هەواڵگری و…..بۆ دادگاکە ، هاوکات دەزگا سەربازییەکان نەیارن بۆ دان نان بەو دادگاییە لە لایەن وڵاتە یەکگرتووەکانەوە، بە تایبەت وڵاتە یەکگرتووەکان هێزی زیاتری لە دەرەوەی سنوورەکان هەیە بە تایبەت لە هەردوو وڵاتی “ئێراق و ئەفغانستان”ئەگەری زۆرە بکەوێتە بەر تۆمەتبارکردن بە ئەنجامدانی پێشێلکاری و لێپرسینەوەو دادگاییکردن، کاتێک خۆی و ئەو وڵاتانە واژۆی پەیمانامەکە بکەن!، وەک لە ئەفغانستان بۆ ئەمەریکا و لە عێراق بۆ بەریتانیا.

کاتی خۆی لە لایەن ئەندامانی پارتی کۆماری لە ئەنجومەنی نوێنەران، تەنانەت لە لایەن زۆر لە ئەندامانی لیستی دیموکرات لە ئەنجومەنی پیران، لە ناویاندا ئەندامی ئەنجومەنی پیران خاتوو هیلاری کیلنتۆن دژایەتی واژۆکردنی ئەم پەیمانامەیە کرا، وەلێ دواتر هیلاری کلنتۆن سەبارەت بە پەیوەست نەبوونی ئامەریکا بە دادگاکەوە لە کینیا وتی: هەست بە داخ و کەسەرێکی قول دەکەین بە هۆی ئەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان ئەندام نییە لە دادگای تاوانی نێو نەتەوەیی کە دا مەزرا بۆ دادگاییکردنی تاوانبارانی جەنگ و ئەنجامدەرانی کۆمەڵکوژییەکان و تاوانەکانی دیکەی دژ بە مرۆڤایەتی”.

پابەند نەبوون بە دادگای نێو دەوڵەتی تاوان لە لایەن ئامەریکاوە لە ڕاستیدا کەسەرێکی گەورەیە بۆ ئامەریکا کە پابەند نەبێت بە دادپەروەری نێو نەتەوەیەوە، کە ئیدعا دەکات و خۆی بە پارێزەری دادپەروەری لەجیهاندا دەزانێت، هاوکات هەڵوێستی نەگەتیفی ئامەریکا دەردەخات بەرامبەر بە دەزگا نێو دەوڵەتیەکان، کە لە زۆربەیان بەهۆی یەکان نەگیری بەرژەوەندیەکانی کشاوەتەوە.

ئیدارەی ئۆباما لە ڕێگەی هیلاری کلنتۆنەوە لە ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی 6-8- 2009 لە شاری نایرۆبی پایتەختی کینیاوە، لە هەنگاوێکی چاوەڕوان نەکراودا، لێدوانێکی دا بە قازانجی دادگای نابراو، لە لێدوانەکەیدا هیلاری کلنتۆن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا نیگەرانی خۆی دەربڕی کە ئامەریکا تاکو ئێستا بەشێک نییە لەو دادگاییە، ئەمە لە کاتێکدا بوو حکوومەتی نایروبی ڕایگەیاند ویستیان هەیە تاوانبارانی خۆپیشاندانەکانی دوای هەڵبژاردنەکانی کینیا کە زۆر پێشێلکاری گەورەی تێدا ئەنجامدرابوو لە دادگای ئای سی سی دادگایی بکرێن ، کە دواتر دۆسیەی بۆ کرایەوە.

ئۆباما لە دیسەمبەری 2014 رایگەیاند ئەمەریکا ئەشکەنجەی لە زیندانی ئەبوغرێب ئەنجامداوە و کەرامەتی مرۆڤی روشاندووە، لە راستیدا هێزەکانی ئەمەریکا لە زیندانەکانی ئەبو غرێب و باغرام و غوانتنامۆ تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە، بگرە لە پاکستانیش.

ئۆباما ئەو کاتەی سێناتۆر بوو لە ساڵی 2004 رایگەیاند پێویستە هاوکاری لێکۆڵینەوەکانی ئای سی سی بکەین ، کە بووە سەرۆکیش ئەمەریکا لە ساڵی 2009 وەک ئەندمی چاودێر بەشداری کۆنگرەی ساڵانەی دادگایکرد.

بۆ پەیوەست بوون بە دادگاوە، ئیدارەی ئۆباما رێگایەکی دوورو سەخت و نەگەیشتن بە ئەنجامی لە پێشدا بوو، پێویستی بەوە هەبوو قەناعەت بە دەزگای سەربازی بهێنێت بۆ پەیوەست بون بە دادگاکەوە،ئەوەش پاش ئەوەی ئەو پێشنیارانەی ئیدارەی بۆش و کلنتۆن پێشکەشیان کرد بۆ هەموار کردنی دادگا، پێش ئەنجامدانی ئەو هەموار کردنە 67 سەناتۆر لە ئەنجومەنی پیران لە کۆی 100 کەس بەهیچ شێوەیەک پشتیوانی ناکەن لەو هەوڵە، ئەمەش بۆ خۆی دەربڕی ئەوەیە پەیوەست بوون بە دادگا لە توانای ئیدارەی ئۆباما نەبوو بە تەنها، بە زۆر تەلبەند دەورە دراو بوو ، لە کۆتادا نەک ئەمەریکا نەبووە ئەندام بگرە ئۆباما نەیتوانی لە ئەنجومەنی پیران بیخاتە دەنگدانەوە، کارەکە لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئەوەوە بوو، پەیوەست بوو بە پنتاگۆن و ئێف بی ئای و دەزگا ئەمنی و سیخوڕییەکان و ئەنجومەنی پیرانەوە، ئەو لە بەرامبەر ئەو هەنگاوە سەرۆکی لا حەولە وەلا قوە بوو.

ئەگەر ئەمەریکا وڵاتانی روسیاو چین و ئیسرائیل ببنە ئەندام گرنگە، هاوکار دەبن لە هاوکاری سیخوڕی و دیبلۆماسی و پشتیوانی سیاسی و لۆجیستیکی و دارایی، هەرچەندە دادگا زۆر پێویستی بە پەیوەست بوونی ئامەریکا و وڵاتانی دییەوە هەیە، بەڵام زۆر لە ئەندامەکانی بەرگری دەکەن لە ئەنجامدانی ئەو چاکسازیانەی ئامەریکا دەیەوێت، بۆ ئەوی وا نیشان بدەن ناکەونە ژێر پاڵەپەستۆی ئامەریکاوە، هەرچەندە لە دۆسیەی ئەفغانستان ئەمەریکا شکستی بە دادگا هێنا.

لە سەردەمی بۆشدا، کاتێک دۆسیەی دارفۆر بووە ڕۆژەڤی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی بەرامبەر بەو پێشێلکاریانەی حکوومەتی عومەر بەشیر ئەنجامی دا لەو هەرێمە، ئامەریکا هەڵوێستێکی دیکەی وەرگرت و بڕیاری پشتیوانی و کۆمەکی داواکاری گشتی دۆسیەکەی دا، تەنانەت کار گەیشتە سەر ئەوەی کۆندەلیزا ڕایس هەڕەشەی بەکار هێنانی ڤیتۆی کرد دژ بە هەوڵی وڵاتانی چین و فەرەنسا لە ئەنجومەنی ئاسایش، کە دەیانەویست ڕێگربن لەبەردەم دەرچوونی بڕیار سەبارەت بە عومەر بەشیر ، کەواتە هەموو کات ئامەریکا دوو فاقیانە هەوڵوێستی وەرگرتووە، تەنانەت لەو سەردەمەی بە تەواوی دادگای ڕەتکردۆتەوە، وەلێ کە لە گەڵ بڕیارێک بەرژەوەندیەکانی جووت بووبێت چاوی لە ئاست هەڵوێستەکانی پێشتری نووقاندووە.

سەردەمی ترامپ خراپترین پەیوەندی

لە بەرواری 21-11-2016 فاتۆ بن سۆدا رایگەیاند سیا و هێزە چەکدارەکانی ئەمەریکا لە نێوان ساڵانی 2003 و 2004 تاوانی جەنگیان لە ئەفغانستان ئەنجامداوە، بە ئەشکەنجەدانی 61 کەس لە زیندانیان، ئەشکەنجەی جەستەیی و نەفسی و روشاندنی کەرامەتی لانی کەم 27 کەس لەوان و لاقە کردنیان کراوە، بنسۆدا داواکاری گشتی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە نۆڤەمبەری 2017 رێگای دا بە لێکۆڵینەوە لە تاوانی جەنگ کە لە ئەفغانستان ئەنجام درابوو، ئەمەش یەکەمجار بوو کار لەسەر تاوانەکانی سوپای ئەمەریکا بکرێت لە مێژووی دادگا.

لێ کاتێک دادگا ویستی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی ئەمەریکا بکات لە ئەفغانستان و دەست بە کردنەوەی دۆسیەکە بکات، ئیدارەی ترامپ بە شێوەی هیستریا کاردنەوەی دەربڕی ،جۆن بۆلتون راوێژکاری ئاسایشی ئەمەریکی رایگایەند تۆمەتبارکرنی سوپای ئەمەریکا بە تاوانی جەنگ لە ئەفغانستان هیچ بنچینەیەکی نییە،هەڕەشەی نە دانی ڤیزاو ئابلوقەی ئابووری خستنە سەر دادگای کرد،هەروەها وتی بە هیچ شێوەیە هاوکاری دادگا ناکەین، نابینە ئەندام، دادگا وا لێدەکەین بۆ خۆی بمرێت.

هاوکات مایک بۆمبیۆ وەزیری دەرەوە وتی: ئەمەریکا ڤیزا بەوانە نادات بەشداری لێکۆڵینەوە دەکەن لە تاوانی سەربازان و هەواڵگری ئەمەریکا لە ئەفغانستان و وڵاتانی دی هاوپەیمان، مەبەستی ئیسرئیل بوو لێرەدا.

لە بەرامبەردا سەرۆکی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی شیلی ئیبۆی ئۆسۆ جی بۆ هێور کردنەوەی تەنگژەکە وتی: قوربانیانی ئێستاو رابردوو دوارۆژ ی تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و جینۆساید خوازیارن ئەمەریکا ببێتە ئەندامی دادگاکە.

یەکێک لە بەندەکانی یاسای فیدرای ئەمەریکی ماف بە سەرۆک دەدات کە هێز بەکار بهێنێت بۆ ئازادکردنی هەر سەربازێکی ئەمەریکی کە دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی دەستگیری کردبێت، ئەمەش بۆخۆی دەست ئازادکردنێکی ئاشکرای لەشکری ئەمەریکایە بۆ ئەنجامدانی تاوان لەودیو سنورەکانەوە.

لە کاتێک ئەمەریکا رەخنەی گرت لە روسیا کە هەڕەشەی کشانەوەی کرد لە دادگا کە ئەویش وەک ئەمەریکا ئەندام نەبوو، تەنها پەیماننامەکەی واژۆ کردبوو، کەچی بۆ خۆشی بەم شێوەیە مامەڵە لە گەڵ دادپەروەری دەکات.

ئەمە لە کاتێکدایە ئەفغانستان بۆ خۆی ئەندامە لە دادگاو یەکێکە لە وڵاتای پێکهێنەر لە چوارچێوەی 123 وڵاتە ئەندامەکەی دادگا، ئەو وڵاتەی لەسەر خاکەکەی تاوان بکات لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت و دەچێتە چوارچێوەی پسپۆڕی دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە.

پێشتریش کۆنگریسی ئەمەریکی لە ساڵی 2015 دا بڕیاری ئەوەی دابوو، هاوکارییەکانیان بۆ دەسەڵاتی فەلەستینی رادەگرن و هاوکارییەکانیان پەیوەست کردبوو بە سکاڵانەکردن لە ئیسرائیل لە دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی .

تەنانەت ئەمەریکا بە هەڕەشەکردن لە وڵاتانی هاوپەیمانی رۆژئاوای وەک ” یابان و ئەڵمانیا و کەنەداو ئوسترالیا” بەوەی پشتیوانی مادی خۆیان بکشێننەوە لە دادگا، لە کاتێکدا ژاپۆن یەکەم وڵاتی پارە بەخشە بە دادگا لە جیهان دوای ئەویش فەرەنسا و ئەڵمانیا دێن.

هاوکات لە سەردەمی ترامپدا ئەمەریکا لە پەیمانی بازرگانی چەک کشایەوە ، وە لێبوردنی بۆ ئەو سەربازە تاوانبارانە دەرکرد لە وڵاتانی زۆنی جەنگ گلاونەتە تاوانەوە ، لە ناویاندا دادگای سەربازی سان دیغۆ لە هەرێمی کالیفۆرنیای ئەمەریکا ئەفسەری هێزە تایبەتیەکانی ئەمەریکا نیڤی سیلیزی بێ تاوان کرد، کە لە ساڵی 2017

ەدا هەرزەکارێکی برینداری 15 ساڵانە لە دەرەوەی دادگا لە شاری موسڵ کوشت ، دواتر بە کۆمەڵ وێنەیان لە گەڵ تەرمەکەی گرتبوو، دەرکردنی لێبوردن بۆ تاوانبارانێک پێشێلی یاساکانی جەنگ و پەیمانی جنێفیان کردووە، بۆ خۆی تاوانە، کە ترامپ ئەنجامیدا .

ئێراق و واژۆ کردنی پەیمانامەکە

واژۆکردنی ئەم پەیماننامەیە لە لایەن دەوڵەتی ئێراقەوە ئەهمیەتێکی زۆری بۆ سەر دواڕۆژی کورد لەم وڵاتە هەیە، هەرچەندە تورکیا و ئێران و سوریاش ئەندامی دادگا نین، گرنتی زامنی دوبارە نەبوونەوەی کۆمەڵکوژی و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و جەنگە لە هەمبەری، وەک لە شەنگال و دوزو کەرکوک و گوندەکانی دی بینیمان، لە کاتێکدا کورد بە زۆر پۆستی گەورە بەشدارە لە دەسەڵاتدارییتی ناوەند، دەبوایە لەم ئاستەیا هەنگاوی هەڵبهێنایە،”هەرچەندە ئێراق لە بەرواری15-2-2005 پەیوەست بووە بە پەیماننامەکەوە، پاشان بێ هێچ ڕونکردنەوەیەک پەشیمان بۆتەوە”، کە لەوکاتەدا وەزیری دەرەوەی عێراق هوشیار زێباری بووەو پەشەکشەکەش لە لایەن ئەوەوە ئەنجامدراوە، سەرۆک کۆماریش عجیل یاوەر و زاوای کوردان بووە، سەرەک وەزیرانیش ئەیاد عەلاوی بووەو خۆی بەلیبراڵ دەزانێت.

 بە بڕوای من گرنگترین هۆکار بۆ کشانەوەی عێراق لە دادگاکە و واژۆ نەکردنی ئەم پەیماننامەیە لە لایەن عێراقەوە بۆ 3 خاڵ دەگەڕێنمەوە:

1-بوونی ئامەریکا لە ئێراق، ئەمە بەهێزترین خاڵە، ئەگەر ئێراق ببێتە ئەندام ڕاستەوخۆ لە کاتی پێشێلکاریدا دادگا دەبێتە تەرەف بەرامبەر بە پێشێلکاری وڵاتی داگیر کەر و ئەندامانی هێزی ئامەریکا ئەوانەی پێشێلکاری دەکەن دادگایی دەکات، دیارە ئەمەریکا لە دادگایی ئەندامەکانی و سزا دانیانیەوە باکی نییە، بەڵکە لە بڕیارەکانی دادگا دەترسێت بە سزا دانی هاووڵاتیانی بە تاوانە گەورەکان، نایەوێت سیناریۆی ئەفغانستان دوبارە بێتەوە.

2-نەزانینی گرنگی دادگاکە و نزمی ئاستی هوشیاری و هەست نەکردن بە ڕۆڵی ئەم دادگاییە لە لایەن هێزە دیموکراسییەکان و هێزە نەتەوەییە کوردییەکان و عەرەبییە سونەکانەوە، کە زامنی ئاسایشیانە لە وڵاتی زۆنی جەنگ.

3-مانی ڕوحی شەڕخوازی لە ناو دەسەڵاتدارانی نەتەوەی سەردەست بە تایبەت دەسەڵاتدارانی مەزهەبی شیعە کە گلاونەتە زۆر تاوانی گەورەوەو دەیانەوێتیش لە داهاتوودا درێژەی پێ بدەن، بە ئاشکرا ئەوان دژ بە ئەندامبوونی عێراقن لە دادگاکە .

لە کۆتاییدا هیوادارم پاڵەپەستۆیەکی وا پێک بهێنرێت لە لایەن کەسوکاری قوربانیان و پارت و لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیەوە دەسەڵاتدارانی کورد وئێراقی ناچار بکەن ئەم پەیماننامەیە واژۆ بکەن ، یان هەر نەبێت بە ئەندام بوونی عێراق لەو دادگایە ببێتە خاڵێکی رێکەوتنی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Close
Close
%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: