شڤان نەوزاد

 

 دەربارەی دۆخی ئافرەت لە کۆمەڵگه‌ی کوردیدا

کۆمەڵگه‌ی کوردی، کۆمەڵگه‌ی تابۆ و حەرامکراوەکانە، کۆمەڵگه‌ی خەفەکردنی ئارەزوەکانی مرۆڤ و بچوککردنەوەی مرۆڤە لەنێو بازنەیەکی گەورەی حەرامکراودا، هەرکۆمەڵگه‌یەک سنوری تابۆکانی گەورەبکات و خولیای ئینسانەکانی فەرامۆش بکات، بەرەو خلیسکان دەڕوات.کۆمەڵگه‌ی کوردی یەکێکه لەو کۆمەڵگه‌ ڕۆژهەڵاتیانەی که پانتایی بون و ماناکانی ژیانی تێدا دیاریکراوە و کڵێشە بەند و سنوردار کراوە، بچوککردنەوە لە نێو ڕوبەرێکی بێمانادا، ئەندازەی ئەو چوارچێوەیەی وەرگرتوە کەلەناویدا تواوەتەوە، جوگرافیایەکە کە خواستەکانی ئینسانی تێدا پشتگوێخراوە، ویست و عەقڵییەتی مێگەل بەڵی بەسەر تاکەکانیدا کێشاوە، گەمژەیی کۆمەڵایەتی و سانسۆری ئەخلاقی نەوە کۆن و خۆڵاوییەکان سەرلەبەری حەزەکانی تاکەکەسی پەراوێز خستوە.هاوکات گوتە و فەرمانەکانی نەوەی کۆن بۆتە زمانحاڵی ڕێسای کۆمەڵایەتی، بەتەرزێک مرۆڤی ئەم کۆمەڵگه‌یە تەوق بوە لەبازنەی حەرامکراوە بێناوەڕۆکەکاندا، هاوڕی لەگەڵ یاساغکردنی پێکەوەژیانی جیاوازییەکان و کۆشتنی ڕەنگەکانی دیکە و حەرامکردنی ئاسۆ و ڕوانینە تاکەکەسییەکان، ئاسۆ جەبار لە کتێبی(کۆمەڵگه‌ی داخراو)دا بەڕونی لەم دیدەدا کۆمەکمان دەکات ئەو دەنوسێت”حەرامکردنی ویستەکانی تاکەکەس/قەدەغەکردنی ژیانی مۆدێرن و کوشتنی ئێستا و زیندوکردنەوەی ڕابردوو لە ئێستادا و تواندنەوە تیایدا/قەدەغەکردنی پەیوەندی نیوان کچان و کوڕان هەر لەکاتی لەدایکبونیان تا زەواجکردن/فەرامۆشکردنی لاوان و حەرامکردنی پەیوەندییە سۆزدارییەکان/بەسوک تەماشاکردنی ئارەزەوەکانی ئافرەت و کوشتنی ئەتککردنیان بەناوی شەرەفی کۆمەڵایەتی …هتد).لێرەوە دەگوازمەوە بۆ ڕوانینی کۆمەڵگه‌ بۆ کیشوەری ئافرەتان و ئەو سانسۆرە سەختەی بەناوی دابونەریتی نەوەکانی پێشو لەبازنەی چەمکێکی خوێناوی وەک(ئەخلاق و شەرەف)کە بۆی داڕشتوە، سەرەتا دێمە سەر ئەو دیدە جەهەننەمیەی کە بۆ بونی کائینێکی وەک ئافرەت کێشراوە، هەڵبەت کۆمەڵگه‌ی کوردی خاوەنی ئەو بیرۆکەیەیە کە ئافرەت بونەوەرێکی قێزەون و نەگریسە و پێیوایە سەرلەبەری کێشە کۆمەڵایەتییەکان و شەرمەزارییە کۆمەڵایەتییەکان لەم بونەوەرەوە سەرچاوەیان گرتوە، بە واتایەکی دیکە کانی نەهامەتی و سەرچاوەی یەکەمەی سەردەسەری و شومی لە ئافرەتەوە هەڵدەقوڵێت، لەلایەک، لەلایەکی دیکە و ڕوانینیێکی تر بۆ ئەم مەخلوقە ئەوەیە کە ئافرەت هەردەم دەبێت ژیانی لەنێو ژورە تاریکەکاندا تەواوبکات واتە شوێنی شیاوی ئافرەت(ماڵ)ە، و هیچ مافێکیشی نییە لە چوارچێوەی دیوارەکاندا بێتە دەرەوە ئاسۆیەکی دیکە ببینێت، چونکە(گرفت و ئاژەوە دروستدەکات)، شێرزاد حەسەن لەوتارێکیدا بەناوی(ئەفسانەی ماڵ، شوێنی شیاوی ژن ــ گۆڤاری ڕەهەند ژمارە”۱۹، ۱٨”ی ساڵی “۲۰۰٦” لا۱۲۱)دەنوسێت”وتەیەکی کۆن هەیە کەتا هەنوکەش بڕ دەکات و هەزاران کەس بڕوایان پێیەتی بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دونیای ئیسلام کەدەڵێت”جێگه‌ی شیاو بۆ ئافرەتان تەنها ماڵە، بەڵام ماڵی پیاو هەموو جیهانە”، بەم پێودانگە بێت ئەم جیهانە لەسەر بناغەی ڕەگەزی(نێر، مێ)دامەزراوە، ئەگەرچی وتەیەکی لەم بابەتە هێرشی زۆری کراوەتەسەر، بەتایبەت لەسەدەی بیستەمدا و لەلایەن شەپۆلی یەکەمی بزاڤی فێمێنیستەکان، بەڵام ئەم بیروبۆچونە هەر لەئارادایە و کوێر نەبۆتەوە، جەنگەکەش بەردەوامە لەسەر ئەوەی جیهان ببێتە موڵکی هەروکیان”. لای هەموان ئەو ڕاستییە ڕونە کەلەم کۆمەڵگه‌یەدا ئافرەت بونەوەرێکی پەناهەندەیە، لاوازکراو و دورخراوەیە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و ئەڤینییەکان، خەون و ئیرادەی لێسەندراوەتەوە، هەڵبەت لەیادماننەچێت وەک کاڵایەکیش مامەڵەی لەتەکدا کراوە بۆ خاڵیکردنەوەی پیاو، یان پیاوسەنتەر، هاوکات بەپێی زانستی ئەنتروپۆلۆژیا کۆمەڵگه‌ی کوردی کۆمەڵگه‌یەکی پیاوسالار و نێرباڵایە، واتە تەواوی پەیوەندییەکان، خواستە کۆمەڵایەتییەکان، حەزە و ویستە هەبوەکان لە پیاوەوە سەوز دەبن و لە پیاوەوە لێوڕێژ دەبن و لەویشەوە دەگاتە پایان، ئافرەتیش مرۆڤێکی گوناهکار و شەرمهێنە و دەبێت لەدەلاقە بچوکەکانی ماڵدا و لە کەلێنی کیلۆنی دەرگا داخراوەکانەوە لە دونیا بنواڕێت و نرخی لەسەردابنێت.لەکۆشەیەکی دیکەی کلتوریەوە سەرنج بدەین دەبینین کلتوری کوردی بە درێژایی سەدەی بیست کلتورێکی سزادەر و زەبروزەنگ بەخشە دەرهەق بە عەقڵ و جەستەی ئافرەت، دەرونی ئافرەت مۆزەخانەی جەنگە ئەخلاقییەکان و بیروباوەڕە دۆگماییەکانی نەوەی پێشینانە، لەپاڵ گۆشتارە وەحشیگەرییەکانی چەندین نەوەی ڕابردوو کەبۆتە میراتی نەوە یەک لەدوای یەکەکانی توێژی ئافرەت.

بێگومان لەپاڵ ئەم ڕوانین و کڵێشەسازیەدا بۆ جیهانی ئافرەتان، کۆمەڵگه‌ی کوردی تا هەنوکە لەو پارادایمە دەرنەبچوە کە ئافرەت تەنیا وەک ئیشکەر و مشورخۆری خێزان و خێل و عەشیرەت نەکات، لێرەدا ئافرەت بونەوەرێکی ئیشکەری ڕامکراوی باوک و خێزان و خێڵە،

جگەلە خزمەتکارێک هیچی دیکە نییە، هیندەی وەک خزمەتکاری خێزان تەماشا دەکرێت، هێند وەک مرۆڤێکی خاوەن ماف و چالاک تەماشا ناکرێت، هێندە دەبێت گوێگرێکی ڕاستەقینە و گوێڕایەڵێکی ڕاستگۆ بێت بۆ هەموان، هێندە نابێت قسەکەرێکی ئازد بێت و ئازادانە باس لە خۆی و گرفتە هەمە جۆرەکانی خۆی بکات، دەتوانین بڵێین مرۆڤێکی پەتکراوە لەپێشدەم دەزگا جیاوازجیاوازەکانی کۆمەڵگه‌دا.گرفتێکی دیکە لە کیشوەری تاریکی ئافرەتاندا بابەتی ئەڤین و سۆزدارییە، لەم کۆمەڵگه‌ ڕۆژهەڵاتیانەی وەکو ئێمەدا قەدەغەکراوەکان ژەهری خۆیان دەڕێژنە کۆی جومگەکان، یەکێک لەوجومگانەش دونیای عەشق و جیهانی ڕۆمانسییەت و پێکەوەبونە، پێکەوەبون لەفەرهەنگی ئەم کۆمەڵگه‌یەدا واتە کردنەوەی دەرگای جەهننەم لەسەر خۆت، لەبەرئەوەی کردەیەکی دزێو و یاساغ و ناشەرعییە، تا هەنوکە نێر و مێمان بە نهێنی ئەڤین دەکەن و بەنهێنی ماچ دەگۆڕنەوە و وەکو چۆن بەنهێنییەوە نیگای یەکدی دەکەن و بەنهێنیشەوە

پەیمان دەبەست، بێگومان دەرەنجامی ئەم کۆ نهێنییەش لەدایکبونی مرۆڤی شەڕانگێز و ڕقئەستور و مەرگدۆستە، کائینێکی ڕازی و بێدەنگ، کەسایەتییەکی بەدەرون تاریک و کوشندە و بەهزر نادونیابین و خورافەساز و وەهم پەرست، لەکۆتایدا کۆمەڵگه‌ی حەرامکراوەکان لێوانلێوە لە چەوساندنەوە بەڵام لەنۆڕم و فۆڕم و کڵێشە و دەرکەوتەی جوداجودادا کە هەریەکەیان کێڵگەیەکی سەربەخۆیە بۆ لێکۆڵینەوە لەم دەرکەوتانە.

Leave a Reply

Your email address will not be published.