ئا: گۆران پێنجوێنی

مەنسور تەیفوریی،لەم چاوپێکەوتنەی “ئازادیی کۆمەڵگە”دا دەربارەی سیاسەتی ئەخلاقیی رایدەگەیەنێت: چەمکە ئەخلاقییەکان لە واقیع دا بۆ رەخنە گرتن لە سیاسەت تەواوکەر نیین، ئۆجەلانیش رەخنە لە دابڕانی سیاسەت لە ئەخلاق دەگرێت! رەخنە لە داڕمانی ئەخلاق دەگرێت لە سیاسەتدا.
تەیفوریی ئاماژە بەوە دەکات: دوو هێڵ لە مێژوودا کار دەکەن هێڵێک بۆ دادپەروەریی و حەقیقەت کە هیی ستەم لێکراوانە،ئەوەی تریش هێڵی دەسەڵاتە کە نا ئەخلاقییانە سیاسەت دەکات.
جەختیشی کردەوە: هێزێک هەیە ئەم کۆمەڵگەی داگیرکردوە، بە رەسمیی کوردستان جارێکی تر داگیرکراوەتەوە!
مەنسور تەیفوریی: وەرگێڕ و نووسەر و چالاکی سیاسیی، خوێندکاری زانکۆی پاریسی “هەشتی هاڤانسێن”ی فرانسایە، سەرقاڵی لێکوڵینەوەیەکە بە ناوی “فەلسەفە و رەخنەی هاوچەرخی کولتوور”.

مەنسور تەیفوریی

وەرگێڕ و نووسەر و چالاکی سیاسیی، خوێندکاری زانکۆی پاریسی “هەشتی هاڤانسێن”ی فرانسایە

– ئایا سیاسەت دونیایەکی پراکماتیستانەیە کە ئەخلاقی تێدا رەچاو نەکرێت؟
– مەنسور تەیفوریی: کۆمەڵێک زانست هەن کە لە دڵی زانستی ئەخلاقەوە لە دایک بوون، سیاسەت یەکێک لەو لقانەیە کە لە زانستی ئەخلاق جیا بووەتەوە، ئەوەی بە مانی زانست ئەخلاق و سیاستە پێکەوە گرێداربێتتن، نا، بەڵام بە مانی بەها لەسەرەتاوە پێکەوە گرێدراون. ئێمە ئاگامان لێیە، بۆ نموونە سوقرات دوو دانە تەلەبەی هەیە و دەیان دوێنێت پرسیاری راستەقینەی فەلسەفەیان بۆ رووندەکاتەوە یان بییرکردنەوەی سیاسییان بۆ رووندەکاتەوە. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ژیانی حەقیقیی چییە، وەڵامەکە ئەوەیە ژیانی حەقیقیی ژیانی فەیلەسوفە لە بەرامبەر ژیانی سۆفیستا، سۆفیست کێیە؟ ئەو کەسەیە لەبەرامبەر زانستدا لەبەرامبەر ئەو خزمەتەدا کە بە کۆمەڵگە دەیکات و لە بەرامبەر بەخشینەوەی شتێکدا، شتێکی تر وەردەگرێت؛ ئەمشتە لە سەردەمی ئێمە دەتواندرێت پارە بێت یان بێجگە لە پارە شوێن و جێگەی سیمبولیی بێت و لە بوواری رەمزیی و مەعنەویدا سەرمایەیەکی پێ کۆبکاتەوە. هەر بۆ ئەوەی بەو سەرمایە رەمزییە دواتر بتوانێت کار و کاسبییەکی تر بکات.
هەر لە سەرەتاکانەوە، ئێمە ئاگامان لە دوو هێڵ لە سیاسەت هەیە، هێڵێکی بەخشیینەوەی بێسنورە لە دەروەی پاداشت و هەوڵدان بۆ دەسەڵات؛ سۆفیستەکان ئەو کەسانەن قوتابییەکان رادەهێنن بۆ ئەوەی بگەن بە دەسەڵات، سوقرات بە رای خۆی ئەو کەسەیە قوتابیان رادەهێنێت بۆ ئەوەی بگەن بە حەقیقەت یان پرسیان بکەن کە ژیانی حەقیقیی هەمیشە شتێکە لەو لاترەوە، هەنگاوێک ئەولاتر بنچینەی بێ تەماحیی لەبەرامبەر تەماحی دەسەڵاتدا پەرە پێبدات!
کەواتە دەتوانیین بڵێن بە شێوەیەکی گریمانەیی، دوو هێڵ لە مێژوودا کار دەکەن: هێڵێک بۆ دادپەروەریی و حەقیقەت کە هێڵی بندەستان و ستەم لێکراوانە، بەڵام هێڵکەی تر هێڵی دەسەڵاتە، ئەوەی ئێمە ناسیومانە وەک سیاسەت ئەمە بووە،لای ئێمەش بەوە پێناسە کراوە کە سیاسەت بریتییە لە یاریی چۆنییەتی بە دەستەوە گرتنی دەسەڵات و کاتێکیش دەسەڵاتت بەستەوە گرت، چۆنیەتیی مامەڵە کردنە لە گەڵ ئەو دەسەڵاتە و بەڕێوە بردنی کۆمەڵگە و بەڕێوەبردنی خودی ژیان، بەشێوەیەکی گشتیی ئەم دوو تەسەور و گریمانەیەی لێدروست بووە و دیارە ئەمانەش لە مێژوو دا دابڕان و پارادۆکسی تێدا دروست بووە. ئێمە بەم هێڵەی تر کە ناومان ناوە ئەخلاقیی، خەریکین لە هێڵە نا ئەخلاقییەکە دەدەین؛ ئەگەرنا چەمکە ئەخلاقییەکان لە واقیع دا بۆ رەخنەی سیاسەت تەواوکەر نیین.

– ئاپۆ، لە پارادایمی خۆیدا جەخت لە سیاسەتێکی ئەخلاقیی دەکاتەوە، ئێوە ئەوە چۆن خوێندنەوەی بۆ دەکەن؟
– مەنسور تەیفوریی: ئەوەی ئاپۆ لە تیۆرەکانیدا باسی دەکات، ئەویش لەدوایدا تیۆر داڕێژەری ئەم هێڵەیە، هێڵی دادپەروەرییە، واتە ئەگەر بڕۆینەوە یۆنان ئەوا ئاپۆ لای سوقرات دانیشتووە و بەڵام لای سۆفستاییەکان دانەنییشتوە، ئەگەر بێین لەو کۆنتێکستەدا دایبنێین بە شێوەی مێژوویی دەچێتە ناو ئەو هێڵەوە، ئەو هێڵەش داکۆکیی لە کۆمەڵێک بەها دەکات، داکۆکیی لە کۆمەڵێک بەهای ئینسانیی دەکات و بەهای سەرەکییەکەی دادپەروەرییە، نەک دەسەڵات بە دەستەوە گرتن. لێرەدایە کە تیۆرەکەی ئاپۆ دەبێت جێگیر بکەیەن و لێی تێبگەین، بە پشت بەستن بەم هێڵە مێژووییەیە کە ئاپۆ خەریکە رەخنە لە دابڕانی سیاسەت لە ئەخلاق دەگرێت! رەخنە لە داڕمانی ئەخلاق دەکات لە سیاسەتدا و دەبێت بەم مانایە لێی تێبگەین.
دەبێت لە دەرەوەی کۆنتێکستی دیینییەوە لە ئەخلاق تێبگەین، چونکە مەفهومی ئەخلاق لە کۆمەڵگەکانی ئێمە دا، بە شێوەیەکی زۆر زۆر بنچینەیی تێکەڵی مەفاهیمی دیینیی بووە. لە کاتێکدا مەفاهیمی دیینیی خۆیان کێشەدارن لە باری زانستییەوە، بەو مانایە دەمەوێت بڵێم زۆر زۆر وریا بین کە تەنانەت لە تیۆری ئاپۆ-یشدا کە باسی ئەخلاق دەکەین و باسی نزیکیی ئەخلاق و سیاسەت دەکەین، توشی رۆمانتیسیزم یان تێگەیشتنی دیینیی بۆ ئەخلاق نەبین. ئەگەر لەدەروەی ئەو هێڵەوە سەیری بکەین، بەریەکەوتنی دەسەڵاتخوازیی و دادپەروەریی یان دادخوازیی بکەین توشی رۆمانتیسیزم دەبین، هەر چۆنێک بێت کەسانێک لە تیۆرەکانی ئاپۆ ئەوها حاڵیی بوون؟! یان توشی نۆستالیژیا دەبین یان دەگەڕێینەوە بۆ سەردەمێک یان سەردەم گەلی زێڕیین کە ئەوها نەبووە! یاخود ئەوەیە لەگەڵ تیۆرێکی دیینیی تێکەڵی دەکەین، یانی مەبەستم ئەمەیە.

– هەر لە روانگەی ئەو شیکارییەی تۆوە، ئایا لە تیۆری سیاسیی و فیکری سیاسییدا، ئەوەی کۆمەڵگە و دەسەڵات پێکەوە گرێدەدات و بەڕێوەدەبات هێزە یان ئەخلاقە بڕیارە کانی تێدا یەکلا دەکرێتەوە؟

– مەنسور تەیفوریی: دەتوانم بڵێم هیچیان!

– بۆچیی؟
مەنسور تەیفوریی: یەکەم، ئێمە تیۆرییکمان هەیە بە درێژایی مێژوو، بۆ هەر گۆڕانکارییەک لە کۆمەڵگەدا پێویستە دەسەڵات بەدەستەوە بگریت، ئەوسای دەسەڵاتم گرتە دەست هەر فۆڕمێک پێمخۆشە بیبەخشم بە کۆمەڵگە و هەر بەهایەک پێمخۆش بوو پێی ببەخشم؛ لە دوایدا کۆمەڵگە و ئینسانەکان بە گشتیی وەک پێدراوێک وێنە کراوە کە تۆ هەرچی پێخۆش بوو دەتوانی بەسەری بهێنیت! لە کاتێکدا خودی ئەو یەکەی کە ئێمە ئەوها تەسەوری دەکەین کە ئێمە هەرچی پێمان خۆشبوو دەتوانین لێیبکەین، لە روانگەی دەسەڵاتەوە، تایبەتمەندییەکانی ئەوها نییە، خودی ئەمەش یەکەیەکە، پێدراوێکە وەکو مرۆڤ وەکو ژیان پڕە لە تەناقوس! هەردەم دەتوانێت لە دەستی هەر دەسەڵاتێک رابکات و لە هەر حکومەتێک زیاتر بێت و لایەنێکی زیادەی هەیە لە هەر سیستمێکدا. ئەمە لایەنێکی زیادەی هەیە لە سەر هەر سیستمێک، بەڵام ئەخلاق دیسان دەڵێم تەنها بەو تێگەیشتنە بە موعیزە، بە قسەی خۆش و بە چاکە و نەسیحەت و ئەو تەسەورانەی لە ئەخلاق هەیە، تەنها بەوانە ناتوانی کۆمەڵگە یەک بەڕێوەبەریت، لە دوایدا کێشەکە بەرامبەر یەک کەوتنی ئەخلاق و سیاسەت نییە بۆ من، بۆ من بەریەک کەوتنی دوو فۆڕمە لە حکومدارییەتیی، دوو فۆڕمە لە سیاسەت. فۆڕمێک لە سیاسەت کە لای وایە بۆ دروستکردنی گۆڕانکاریی هەموو شتێک بە گرتنە دەستی دەسەڵاتدا تێدەپەڕێت، فۆڕمێکی تر کە لایوایە دەتوانین فۆڕمێکی حکومدارێتیی دابمەزرێنین کە بە حەتمیی گرتنە دەستی دەسەڵاتدا تێناپەڕێت، دەسەڵات تێیدا سنتراڵیزە نابێت، تەسەور لە دەسەڵات ئەوە نییە و تەسەور لە دەسەڵات ژمارەی چەک و تەقەمەنیی و تانک و تۆپ و فڕۆکەوە گرێ نەدراوە.
بە نموونە تەسەوری هێزی سیاسیی گەورەی ئێستای دونیا بە چییوە گرێداروە؟ بەوە گرێدراوە چەند فڕۆکەی هەیە، چەند پاپۆڕی هەیە، چەند کەشتیی هەیە، دەتوانێت لێرەوە موشەک تاکۆ و چەند هەزار کیلۆمەتر بنێرێت؟ ئەمە مۆدێلێکە. ئەو هێزە تا ئێستا سیاسەتی یەکلایی کردوەتەوە، بەڵام مەرج نییە هەمیشە ئەو یەکلایی کردبێتەوە، ئەو هێزەش لە دڵی خۆیدا خاوەن کون و کەلەبەر و درزەکانی خۆیەتی، بۆ نموونە بزوتنەوەکانی دژی جەنگ؛ بەرژەوەندیی دەوڵەتان ئەوە دەخوازێت کە خەڵک بچنە پشتیان و وادەزانن ئەگەر ئەو جەنگە بباتەوە، دەوڵەتەکەی خۆی دەوڵەمەند تر دەبێت و گیرفانی پڕتر دەبێت! کەچی چەند میلیۆن خەڵک دێنە سەر شەقام و دەڵێن نا بۆ جەنگ! ئەگەر چی تۆ دەتەوێت من بە جەنگ دەوڵەمەند کەیت من نامەوێت، شتێکی جەوهەریی تر هەیە کە لە خودی ئینساندا هەیە کە هیچ کاتێک تەسلیمی دەسەڵات نابێت و بەڕێوە نابرێت، لانیکەم ئومێدی، هیوای ئەو سیاسەتە یان ئەو هێڵە رزگارییدەریە کە ئێمە باسی دەکەین،ئەوەی کە ئینسان لە هەموو حاڵەتێکدا خۆی لە سەڵات وەربگرێتەوە. ئینسان بۆشاییەکی تێدایە کە بەهیچ دەسەڵاتێك پڕناکرێتەوە، تۆ لە سەر ئەمە دەتوانی حیساب بکەیت و بانگی ئێمە بکەیت هەموومان ئەوانەمان هەیە و ئەو بەشەمان سیستم گرتوویەتی و ئەو شوێنە بەتاڵەمان هەیە هیی خۆمان، وەرن ئەوی هێزەی لێرەدایە رێکیبخەین و سیاسەتی پێبەکەین، ئەوەی تۆ ناوی دەنێیت سیاسەتی ئەخلاقیی، بە تەسەوری من دەتوانێت شتێکی ئەوها بێت.

– ئایا دەکرێت سیاسەتی ئەخلاقیی بکرێت و سیاسەت و ئەخلاق وەک دوو هێڵی هاوتەریب لە خزمەتکردنی کۆمەڵگەدا بەڕێوە بچن؟
– مەنسور تەیفوریی: ئەگەر ئێمە بتوانین چەمکی سیاسەت، لە چەمکی هێز و لە دەسەڵاتداریی، لە قەبزە کردنی دەسەڵاتداریی و دەستگرتن بە دەسەڵاتەوە و گرێدراویی بە هێز بە دەسەڵاتەوە بە فۆرسەوە، ئەگەر بتوانین سیاسەت لەمە رزگار بکەین،ئەوا ئەو لایەنە نائەخلاقییەش دەتوانێت خۆی تێدا ببینێتەوە. بەو مانایە لای من جەختەکە لەسەر سیاسەتە و رزگار کردنی خودی چەمکی سیاسەتە و ئەوەی تریشت رزگار کردوە، بەو مانایەی تۆ بە کەرستەکانی ئەم دەشتوانیت لە سیاسەت بدەیت، بەڵام ئەوەی پێویستە نەک کۆمەڵێک سۆفیی، بەڵکو سیاسەتت پێویستە کە رزگارییدەرە!

– ئایا بۆچی لە دونیای کوردییدا خاوەن رێچکەیەکی رونی سیاسیی نەبووین، ئایا دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لە کوێی ئەو هەسەنگاندنە سیاسییدایە کە تۆ کردت؟
– مەنسور تەیفوریی: من پێوانییە کۆمەڵگەی باشووری کوردستان ئەخلاقییە، سیاسیی نییە، یان کۆمەڵگەیەکی نا ئەخلاقییە، لەبەرئەوە با جیای بکەینەوە، هێزێک هەیە ئەم کۆمەڵگەی داگیرکردوە و کوردستان جارێکی تر داگیرکراوەتەوە بە رەسمیی! کۆمەڵێک ئینسان هەیە دەیان ناسین، ناویان دەنێین دیکتاتۆر، چەتە، مافیا، فاشیست و دز یانی لە ناوە تەقلیدییەکانەوە تا ناوە مۆدێرنەکان ناویان بنێین هەرکەس بە پێی تێگەیشتنی خۆی، بەڵام دەسەڵاتێکی ستەمکار و نا دادپەروەرە! یانی ئەوەی لە دوایدا روودەدات هیچ پەیوەندییەکەی بە سیاسەتەوە نییە، باسەکە ئەوەیە ئەگەر ئەوان ئەمەمان بەسیاستە پێ بفرۆشن، ئەمە هیچ پەیوەندییەکەی بە سیاسەتەوە نییە؛ کۆمەڵێک کەسن، هێزێکی عەسکەرییان بەدەستەوەیە، بەم هێزە عەسکەرییە کۆمەڵێک بەرژەوەندیی تەنیا ئابووریی بەڕێوەدەبەن هیچیتر، هیچیتر نییە و ئەم هێزانە هیچ نیین! تەنانەت بییر لە هەژمونی سەرمایەیەیەکی رەمزیی کاپیتاڵیش ناکەنەوە کۆی بکەنەوە، هیچ ئەوانە نییە. لەبەر ئەوە مادام واقیعەکە ئەمەیە ئەم هێزانە وەک هێزی نا ئەقلاقیی سەیریان بکەین واباشترە ئێمە واقیع تربین و بێین بڵێین کۆمەڵێک گرووپی ئابووریی-ن، دەزانیین چی لێبکەین و لەدواییدا دەزانین چۆن رەخنەی لێبگرین، بەڵام کە دەڵێین ئەمە هێزێکی نا ئەخلاقییە نازانین چۆن رەخنەی لێبگرین و نازانین بە پشتیوانیی چی رەخنەی لێبگرین و لە دواییدا نسبییەتێک لە ئەخلاقدا هەیە و بە پشتیوانی چی رەخنەی لێدەگریت و واباشترە بە ناوە راستەقینەکەی خۆی بانگی بکەین، ئیتر دوای بە چی رەخنەی لێدەگرین، ئەوا ئەوە دەمێنێتەوە.

Leave a Reply

Your email address will not be published.