نافیه‌ عیسی حه‌سۆ – خودنوسینه‌وه‌ی ژنان

له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌؛ ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین

نافیه‌ حه‌سۆ

 

له‌ ژانی له‌دایکبوونی ژنێکه‌وه‌ که‌ له‌ناو ئێمه‌دا بوو، له‌ شۆڕشگێڕی خانه‌واده‌یه‌که‌وه‌ که خاوه‌ن‌ پرنسیپ بوون،گووتیان: ئه‌وه‌ ژنێکه‌ له‌ مردنه‌وه‌ له‌دایکبووه‌، ژنێک چاوی له‌به‌رامبه‌ر هیچ ترسێک نانوقێنێت. ژنێک له‌ پۆڵا، که‌ زمان و ئه‌قڵ توانای وه‌سفکردنی نییه. ئاوه‌هایان باسده‌کرد، به‌تایبه‌ت ئه‌و کاتانه‌ی که‌ده‌هاته‌ سه‌ر گۆڕی مێرده‌که‌ی و کوڕه‌کانی.

 

هاوسه‌ره‌که‌ی به‌چه‌نده‌ها ساڵ له‌خۆی به‌ته‌مه‌نتر بوو، ئه‌مه‌له‌کاتێکدا بوو که‌ ژنانی هاوسێیبۆ ئاوهێنان چه‌نده‌ها میل به‌پێ ده‌ڕۆیشتن،ئه‌وبازووی کاری له‌گه‌ڵ مێرده‌که‌یدا لێ هه‌ڵکرد و له‌ حه‌وشه‌که‌ی خۆیاندا پێکه‌وه‌ بیرێکی ئاویان لێدا.نه‌ک هه‌ر ئه‌وه،‌ به‌ڵکو له‌گه‌ڵ مێرده‌که‌یدا خشت به‌خشتی ئه‌و ماڵه‌یان پێکه‌وه‌ هه‌ڵچنی.سه‌رپه‌رشتی به‌خێوکردنی منداڵه‌کانی ده‌کرد و هانی مێرده‌که‌ی ده‌دا به‌رده‌وام بێت له‌ خوێندن و خود ڕۆشنبیرکردن بۆئه‌وه‌ی له ‌داهاتوودا بتوانێت باشتر به‌رگری له‌ مه‌سه‌له‌ی کورد بکات. له‌ژێر سایه‌ی پشتیوانی ژنێکی وه‌ک ئه‌ودا، مێرده‌که‌ی توانی خوێندنه‌که‌ی ته‌واو بکات و ببێته‌ پارێزه‌ر بۆئه‌وه‌ی به‌رگری له‌ هه‌ژاران و خه‌ڵکانی بێتاوان بکات. ئه‌ویش توانی وه‌ک ژنێک پشتگیری مێرده‌که‌ی بێت له‌ خه‌باتی ڕۆشنبیری و کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیدا، قوتابخانه‌یه‌ک بێت بۆ به‌رخودانی کوردان و خه‌ونی ڕزگارکردنی کوردستان له چنگ‌داگیرکه‌رانی. قوتابخانه‌یه‌ک بوو بنه‌تۆوێکی گیانفیدایی و به‌رخوردانی له ‌ناخی کوڕه‌کانیدا چاند، بۆئه‌وه‌ی ببن به‌ قوربانی بۆ خاکی کوردستان.به‌رگه‌ی ناسۆری ژیانی گرت و به‌رگه‌ی نه‌خۆشی گرت تاوه‌کو دوا ساته‌کانی ژیانی ئازایانه‌ به‌رده‌وامبوو له‌ خه‌بات، ئه‌و ژنه‌ دایکم بوو.

ته‌نها وه‌سفکردنی به‌ دایکم به‌س نییه‌، ته‌نانه‌ت گه‌ر به‌ قوتابخانه‌یه‌ک وه‌سفی بکه‌م ئه‌وا وه‌ک ئه‌وه‌ وه‌هایه‌ ببمه‌ جه‌لادی مێژوویی ژیانی، چونکه‌ ئه‌و ته‌نها دایک و قوتابخانه‌ نه‌بوو، به‌ڵکو نیشتمانێک بوو.له‌م ژنی نیشتمانه‌وه‌ من بوون و هێزی خۆم وه‌رگرت، له‌و دایکه‌وه‌ که ‌نیشتمانم بوو.

ژیانی من له‌م وشه‌ و ده‌سته‌‌واژانه‌ ‌ پێکهاتووه‌؛له‌ باوکمه‌وه‌ بیروباوه‌ڕم پته‌و بوو، له‌ براکانمه‌وه‌ فێری ماناکانی ئازادی میلله‌ته‌که‌م بووم.له‌ خه‌بات و تێکۆشانی کوردایه‌تییه‌وه‌ له‌پێناو شوناسی نه‌ته‌وه‌یی و ئازادی کوردبوونم سه‌رچاوه‌ی هه‌ڵگرت. له‌ بیروباوه‌ڕ و فه‌لسه‌فه‌ی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لانه‌وه‌ (ئاپۆ) مه‌شخه‌ڵی کوردایه‌تیم بینی و ڕۆشنایی ئه‌و مه‌شخه‌ڵه‌ بوونی منی وه‌ک ژن ڕۆشنکرده‌وه‌. به‌ خوێنی شه‌هیده‌کان بۆنی خاکو خۆڵی نیشتمانم هه‌ڵمژی، ده‌رئه‌نجامی زوڵم و جه‌وری حکومه‌ته‌ فاشییه‌کان هێزی به‌رگریم له‌ دژی سته‌م ڕه‌واخوازی خۆی وه‌رگرت.

به‌ڵام بابێمه‌ سه‌ر چیرۆکه‌که‌م و بڵێم؛من له‌ خێزانێکی شۆڕشگێڕدا گه‌وره‌ بووم، خێزانێک بڕوای به‌یه‌کسانی ژن و پیاو بوو.باوکم پیاوێکی خاکی و ڕۆشنبیر بوو و بۆ خۆی ڕۆشنبیرییه‌کی گه‌وره‌ی پێکهێنابوو و هه‌ر له‌ منداڵیشه‌وه‌ ‌دژی حکومه‌تی به‌عسی شۆڤینی بوو. ماڵی ئێمه‌ به‌رده‌وام بووه‌ شوێنی هه‌ڵکوتانه‌ سه‌ر لەلایەن ئه‌منی حزبی به‌عس، هه‌موو جاره‌ک که‌ هه‌ڵیان ده‌کوتایە‌ سه‌رمان هه‌رچی کون و که‌له‌به‌ری ماڵ هه‌بوو ده‌یان پشکنی و پاشان هه‌رچی کتێبی ڕۆشنبیری و ئه‌ده‌بی و سیاسی هه‌بوو له‌گه‌ڵ خۆیاندا ده‌یان برد.ئیتر هه‌ر شتێک په‌یوه‌ندی به‌ هۆشیاربوونه‌وه‌ی مرۆڤه‌وه‌ هه‌بووایه‌ ده‌یان برد، به‌ڕای ئه‌وان ئه‌و کتێبانه‌ خه‌ڵک هانده‌دات له ‌دژی ڕژێمی به‌عس و ده‌وڵه‌ته‌ شۆڤێنییه‌که‌ی.نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌، به‌ڵکو له‌گه‌ڵ کتێبه‌کاندا، باوکیشمیان له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌برد، ده‌توانم بڵێم ده‌یان ڕفاند، چونکه‌ که‌س نه‌یده‌زانی له‌ کوێ ده‌یان شارده‌وه‌‌.

 

پاشان براکانم هه‌موو شاره‌کانی سووریا ده‌گه‌ڕان وده‌چوون بۆ ده‌زگاکانی ئه‌من له ‌هه‌موو شاره‌کان پرس و ده‌نگی باوکمیان ده‌پرسی،نه‌ک هه‌ر نکوڵیان ده‌کرد له‌وه‌ی که‌ که‌سی وه‌هایان له‌لا زیندانی نییه‌، به‌ڵکو هه‌ڕه‌شه‌شیان ده‌کرد به‌وه‌ی گه‌ر بگه‌ڕێین به‌دووی باوکمدا ئه‌وا ئێمه‌ش به‌شێوه‌ی باوکم ونده‌که‌ن.ئاوا له ‌چاوه‌ڕوانیدا ده‌ژیاین و دوای چه‌نده‌ها مانگ ده‌مان زانی له ‌کوێ زیندانیکراوه‌.ئیدی چاومان له‌و تیرۆژه‌ تیشکه‌ی هیوا بوو که‌ باوکم ئازاد بکرێت و له ‌زیندانی به‌عسدا به‌ زیندووی بێته‌وه‌ ناومان. کاتێکیش باوکم ئازاد ده‌کرا ده‌بووه‌ شایی و لۆغانه‌ک هه‌ر مه‌پرسه‌، گه‌نجه‌کان باوکمیان ده‌خسته‌ سه‌رشانیان و دروشمی بژی کوردستان و بژی خه‌باتی ئازادی کوردان و ئازادی بۆ زیندانیان و ڕزگاری بۆ کوردستانیان ده‌گووته‌وه.به‌درێژایی ساڵ و مانگ و وه‌رزه‌کان ئه‌م گه‌مه‌یه‌ی ڕفاندنی باوکم و ئازادکردنی چه‌نده‌ها جار دووباره‌ ده‌بۆوه‌.ئه‌م گه‌ڕانه‌ی ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌بوو تاوه‌کو شوێنی باوکمان پێ ده‌زانی و ده‌مان زانی له ‌ژیاندایه‌ و ده‌چووین بۆ سه‌ردانیکردنی له‌ به‌ندیخانه‌. هه‌ر به‌هۆی ئه‌وه‌ی باوکم زیندانی سیاسی بوو، نه‌یده‌توانی سووریا به‌جێبهێڵێت و به‌عس سه‌فه‌ریان لێ قه‌ده‌غه‌ کردبوو.

 

له‌ ٢١ ئاوگۆستی ٢٠٠٥دا (فه‌رهاد)ی برام له‌ قه‌زای (ماجکان)ی سه‌ر به‌ ناوچه‌ی (ترابزۆن) له ‌شه‌ڕوپێکدانێکدا له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی تورکیادا شه‌هید بوو. ئه‌و کاته‌ باوکم قه‌ده‌غه‌ی سه‌فه‌رکردنی له‌سه‌ر بوو، به‌ڵام دژی ئه‌م بڕیاره‌ وه‌ستایه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ دایکمدا ویستیان بچنه‌ ناوچه‌ی ‌جه‌زیره‌ی ‌خاکی کوردستانی باکوور که‌ به‌تۆبزی داگیرکه‌رانی کوردستان به‌ کوردستانی تورکیا ناسراوه‌. به‌ڵام له‌سه‌ر سنوور ڕێگه‌یان پێنه‌دان، هه‌ر بۆیه‌ خه‌ڵکی ئازاو چاونه‌ترسی جه‌زیره‌ کۆبوونه‌وه‌ و گووتیان؛ لێره‌ ناجوڵێین تاوه‌کو ڕێگه‌ نه‌ده‌ن به‌ دایک و باوکم بۆ ئه‌وه‌ی بچن لاشه‌ی کوڕه‌که‌یان وه‌ربگرنه‌وه‌…ناچار ڕێگه‌یان پێدان.

 

له‌ تورکیا ئه‌منی تورکی له‌گه‌ڵ میدیای تورکی ڕێگه‌یان به‌ دایکم گرت و پێیان گووت؛ چۆن کوڕه‌که‌ت جورئه‌تی ئه‌وه‌ی کردووه‌ دژی حکومه‌تی تورکی بوه‌ستێته‌وه‌؟ دایکم له ‌وه‌ڵامدا به‌توڕه‌ییه‌وه‌ گووتبوی؛ ئه‌وه‌ ته‌نها کوڕی من نییه‌، به‌ڵکو کوڕی کوردستانه،‌ له‌پێناو مافی ڕه‌وای کورد و به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاڵای کوردستان خه‌باتی کردووه‌. کوڕه‌که‌م پاڵه‌وانه‌ و کوردێکی ئازاده‌ و له ‌ڕۆژی شه‌هیدیبوونیدا من ئاهه‌نگ ده‌گێڕم، چونکه‌ دایکی کوڕێکی ئاوه‌ها پڕ شانازی و شکۆمه‌ندم. دایکم موویه‌ک له‌برژانگی به‌رامبه‌ر فاشیزمی تورکی نه‌له‌رزا، چونکه‌ ئه‌و هه‌میشه‌ ده‌یگووت؛ ژنی ئازاد ڕۆڵه‌ی ئازادی ده‌بێت.

 

دوای گه‌ڕانه‌وه‌یان به‌چه‌ند ڕۆژێک دیسانه‌وه‌ باوکمیان ڕفانده‌وه‌ و له ‌سووچی زنیدانه‌کاندا توندیان کرد، دوای ئه‌شکه‌نجه‌دانێکی زۆر،باوکمیان له‌ (فه‌رعی فه‌له‌ستین)وه‌ به‌ره‌و (به‌ندیخانه‌ی درعا) له‌ دیمه‌شق گواستبۆوه‌ و مۆڵه‌تی سه‌ردانیکردنی زیندانیان ده‌دا. هه‌رگیز ئه‌و چرکه‌‌ساته‌ ترسناکه‌م بیرناچێته‌وه‌ که‌باوکم بینی، به‌ڵام چۆن بینینێک، نینۆکه‌کانی ده‌رکێشرابوون، په‌نجه‌کانی قاچیان شکاندبوو، به‌جۆرێک که‌ خوێنی تێدا کۆببووه‌وه‌ و ڕه‌ش داگه‌ڕابوون. من هه‌موو جه‌سته‌م ده‌له‌رزی گووتم: چۆن ده‌توانن وا له‌مرۆڤێک بکه‌ن، ئه‌مانه‌ مرۆڤ نین،باوکم به‌بزه‌وه‌ له‌ودیو شیشه‌ ئه‌ستووره‌کانی به‌ندیخانه‌وه‌‌ گووتی؛ کچم ئه‌مه‌ی به‌سه‌ر له‌شمه‌وه‌یه‌ جێپه‌نجه‌ی ئه‌شکه‌نجه‌یه‌، جێپه‌نجه‌ی خۆڕاگریمانه‌ له ‌دژی شۆڤێنیه‌ت، له‌پێناو مافه‌ ڕه‌واکانی گه‌لی کورد. ئه‌مانه‌ ناتوانن خۆڕاگریمان تێکبشکێنن، ڕۆڵه‌کانم ئێمه‌ی کورد به‌ ئازادی له‌دایکبووین و وه‌ک مرۆڤی ‌ئازاد و سه‌ربه‌رز ده‌مرین؛‌ئای له‌باوکم چه‌نده‌ خۆڕاگر و وره‌به‌رز بوو، ئه‌و هه‌موو ئه‌شکه‌نجه‌ وه‌حشییه‌نه‌یتوانی به‌قه‌د تاڵه‌ موویه‌ک وره‌ی به‌رز و بیروباوه‌ڕی بله‌رزێنێت. ئه‌و ئه‌شکه‌نجه‌یه‌ی له‌سه‌ر جه‌سته‌ی باوکم بوو له‌ده‌ره‌وه‌ی خه‌یاڵ و لۆژیک بوو، ئه‌شکه‌نجه‌یه‌ک هیچ ئه‌قڵێکی دروست مه‌زه‌نده‌ی ناکات.

ئیدی له‌ ساڵی ٢٠٠٤ باوکم له‌ژێر ئه‌شکه‌نجه‌ و زینداندا بوو، له‌ ساڵی ٢٠١٢ دواجار بوو که‌ ئازاد بکرێت.له‌ ناوچه‌ی جه‌زیره‌و قامیشلۆ به‌عسییه‌کان چه‌نده‌ها شێوازی ئه‌شکه‌نجه‌ و تیرۆریان له‌ دژی کورد به‌کارده‌هێنا، هه‌ر بۆیه‌ باوکم ڕای وه‌هابوو؛ که‌ به‌عسییه‌کان نه‌یان توانی ڕووبه‌ڕوو‌ وره‌م بشکێنن و چۆکم پێ دابده‌ن، هه‌ربۆیه‌ ده‌شێت هه‌وڵی تیرۆرکردنم بده‌ن!

 

 

ئامێره‌کانی ئه‌شکه‌نجه‌ له‌ به‌ندیخانه‌یه‌کی ڕژه‌می سووریادا

 

له‌ ٢٠١٢دا باوکم ئازادکرا و گه‌نجانی خۆڕاگر باوکمیان خسته‌ سه‌رشانیان و هه‌لهه‌له‌ی ژنان ده‌گه‌یشته‌ ئاسمان، به گووتنه‌وه‌ی دروشمی ئازادی بۆ کورد و کوردستان و نه‌مری بۆ شه‌هیدان، به‌ ئازادی له‌دایکبووین و به‌ئازادیش ده‌مرین ئه‌و ناوه‌یان هه‌ژاندبوو.ئه‌م ئازادکردنه‌ی باوکم له‌ سه‌ره‌تای ڕاپه‌ڕینه‌کانی سووریادا بوو. شۆڕش و ته‌وژمی شۆڕش له ‌دژی ڕژێمی به‌عس هه‌موو سووریای ته‌نیبۆوه‌، هه‌ر له‌و کاته‌دا له‌دژی چه‌نده‌ها ساڵی چه‌وساندنه‌وه‌ی کورد به‌ده‌ستی ڕژێمی به‌عس کارمان ده‌کرد وگه‌نجانمان هانده‌دا که‌ فێره‌ کوردی ببن و زمانی کوردییان خۆشبوێت، چونکه‌ بۆ چه‌نده‌ها ساڵ ده‌بێت که‌ ته‌عریبکردن له‌ دژی گەلی کورد په‌یڕه‌وکرابوو، نوسین و خوێندنه‌وه‌ و قسه‌کردن به‌کوردیله‌هه‌موو کوردستاندا قه‌ده‌غه‌کرابوو و سزای قورسی له‌سه‌ر دانرابوو.

 

ئێمه‌ له‌ ڕۆژئاوا (ڕۆژئاوای کوردستان) و له‌ سه‌ره‌تای ساڵی نوێی خوێندن، ده‌ستمان کرد به ئاماده‌کردنی زمانی کوردی بۆئه‌وه‌ی بچێته‌ناو پڕۆگرامی خوێندنی قوتابخانه‌کانه‌وه‌. هه‌ندێک ئه‌م بیرۆکه‌یه‌یان پێ باش بوو و له‌گه‌ڵماندا هاوکاربوون بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی زمانی دایکمان، زمانی شیرینی کوردیمان، هه‌ندێکیش که‌ سه‌ر به‌ڕژێم بوون له‌دژی وه‌ستانه‌وه‌ و هه‌ندێکی دیکه‌ که‌ له‌ جه‌ورو سته‌م و ئه‌شکه‌نجه‌ و گرتن و کوشتنی ڕژێمی به‌عس ده‌ترسان خۆیان دووره‌په‌رێز گرتبوو.ئه‌مه‌ یه‌که‌مین هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی ڕۆژئاوا بوو له‌دژی ڕژێمی به‌عس، ئه‌وه‌بوو حکومه‌تی به‌عسی شۆڤێنی له‌ دژی ئه‌م هه‌نگاوه‌ی خوێندنی زمانی کوردی ده‌رگای قوتابخانه‌کانی داخست. من یه‌کێک بووم له‌وانه‌ی که‌ده‌رگای قوتابخانه‌که‌م شکاند بۆئه‌وه‌ی قوتابییه‌کان بچنه‌ پۆله‌کانیانه‌وه‌ و بچن له‌گه‌ڵ وانه‌کانی دیکه‌یاندا، وانه‌ی کوردی بخوێنن.من به‌رده‌وام بووم له‌ کارکردن له‌ یه‌کێک له‌ ڕێکخراوه‌کانیچالاکی ژنان له‌ بواری هۆشیارکردنه‌وه‌ی ژنان بۆ ده‌رکپێکردنی شوێن و بوونی خۆیان و مافه‌کانیان و پشتگیریکردنی ئه‌و ژنانه‌ی که‌ ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه‌. ئێمه‌ کارمان له‌سه‌ر هۆشیار بوونه‌وه‌ی ژنان ده‌کرد.

 

له‌وکاته‌دا له‌پێناو ئه‌من و ئاسایشی ناوچه‌ کوردییه‌کان، باوکم خه‌ریکی خۆڕێکخستنه‌وه‌ی سیاسی و سه‌ربازی بوو. هه‌روه‌ها باوکم سه‌رقاڵی ڕێکخستنه‌وه‌ و نه‌خشه‌دانانی حیزب بوو، بۆئه‌وه‌ی ‌هه‌تا بتوانن ئاگری ئه‌و پێکدانانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌کانی دیکه‌ی سووریا نه‌یه‌ته‌ ناوچه‌کانی ڕۆژئاوا. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی پێویست بوو هێزێکی چه‌کدار له ‌خه‌ڵک خۆی دروستبکرێت بۆ پارێزگاریکردن له‌ ئه‌من و ئاسایش و به‌رگری له‌ ڕۆژئاوای کورستان.

دوای ئه‌و ماوه‌یه‌ باوکم له‌پێناو گه‌یاندنی ده‌نگی ڕۆژئاوا و کورد به ‌جیهان، به‌ره‌و ئه‌وروپا سه‌فه‌ری کرد. چه‌ند مانگێک به‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌یباوکمدا تێنه‌په‌ڕی و به‌ دیاریکراوی له‌ ٣٠ی ته‌مووزی ٢٠١٣ کاتژمێر شه‌شی به‌یانی، کاتێک سواری ئۆتۆمبێله‌که‌ی ده‌بێت و هه‌رکه‌ ئۆتۆمبێله‌‌که‌ی ده‌که‌وێته‌ جووڵه‌، ده‌ته‌قێته‌وه‌. پیاوان و جاشه‌کانی به‌عس لوغمێکیان له‌ژێر تایه‌ی ئۆتۆمبێله‌که‌ی باوکم دانابوو، که‌چووین باوکم له‌ناو دووکه‌ڵ و خوێندا دوا هه‌ناسه‌ی خۆی هه‌ڵده‌کێشا،ئه‌وه‌ دوا ماڵئاوایی ئێمه‌ بوو له ‌باوکمان. ئه‌م هه‌واڵه‌ بووه‌ سه‌ردێری هه‌واڵه‌کانی ئه‌و کاته‌، زۆری نه‌برد (عیسی حه‌سۆ)ی سه‌رکرده‌ی دیار و ئه‌ندامی په‌یوه‌ندییه‌ دبلۆماسییه‌کانی(یه‌په‌گه‌) به‌ هه‌مان شێوه‌ ئۆتۆمبێله‌‌‌که‌یان ته‌قانده‌وه‌ و تیرۆریان کرد.

 

ئه‌وه‌ی که‌ بینیم له ‌سه‌روو هه‌موو کاره‌ساتێکه‌وه‌یه‌ که‌وه‌سف بکرێت؛ دووکه‌ڵ له‌ ئۆتۆمبێله‌که‌ی باوکم هه‌ڵده‌ستا و چاوم پڕبوون له‌ دووکه‌ڵ، برایه‌کانم (عه‌بدوڵا و سدیق و فه‌رهاد) هه‌وڵیان ده‌دا باوکم له‌ ئۆتۆمبێله‌‌که‌ ده‌ربهێنن.له‌و چرکه‌ساته‌دا نه‌م ده‌زانی چیبکه‌م، تاسابووم، نه‌م ده‌زانی بگریم، هاوار بکه‌م، بقیژێنم… ئه‌و چرکه‌ساتانه‌ وه‌ک چه‌نده‌ها کاژێر وه‌هابوون، له ‌هه‌مان کاتدا دایکم بینی له‌به‌رده‌م ژووره‌که‌دا تاساوه‌ و هاواریکرد؛ کوا باوکت، ئه‌و زرمه‌یه‌ چی بوو، هی ئۆتۆمبێله‌که‌یئه‌و بوو، چییه‌ قسه‌بکه‌؟! باوه‌شم پێداکرد و گووتم؛ مه‌ترسه‌ هیچ نییه‌، باوکمیان له‌ ئۆتۆمبێله‌‌که‌ ده‌رهێناوه‌، وا براکانم ده‌یبه‌ن بۆ خه‌سته‌خانه‌، ئێستا بینیم هه‌موو شتێک باشه‌؟دایکم گووتی؛ باشی چی، بۆ درۆ ده‌که‌ی، ته‌قینه‌وه‌که‌ هه‌موو ماڵه‌که‌ی هه‌ڵته‌کاندووه‌، ئیدی باوه‌شم به‌ دایکمدا ‌کرد و جه‌رگ و هه‌ناومان له‌وکاته‌دا ژانی ده‌کرد، ده‌ستمان کرد به‌گریان.خزمو دۆست و که‌س و کار لێمان کۆبوونه‌وه‌.ئیدی هه‌ر ئه‌و ئێواره‌یه‌ باوکم له‌ گۆڕستانی (ساروخان) له‌ (قامیشلۆ)نێژرا و ماڵئاوایمان لێکرد.

له‌و ڕۆژه‌وه ڕقم زیاتر له‌ ڕژێمی سووریای شۆڤێنی هه‌ڵده‌ستا، هه‌روه‌ها له‌وانه‌ی له‌سه‌ر ڕه‌نج و ماندبوونی خه‌ڵکانی زوڵملێکراو ده‌له‌وه‌ڕێن. ئیدی له‌ ده‌زگای شه‌هیدان ده‌ستم کرد به‌ کارکردن و ده‌چووین سه‌ردانی ماڵه‌ شه‌هیده‌کانمان ده‌کرد و گوێمان له‌ ئازارو خه‌م و پێویستییه‌کانیان ده‌گرت و له‌ هه‌موو ڕوویه‌که‌وه‌ پشتگیریمان ده‌کردن.

 

ماوه‌ی شه‌ش مانگ به‌رده‌وام بووم له ‌کارکردن له‌م ده‌زگایه‌دا تاوه‌کو به‌جارێک ته‌ندروستی دایکم ڕووی له ‌خراپی کرد و به‌ناچاری ده‌بوایه‌ به‌ره‌و عه‌ره‌بستانی سعودیه‌ سه‌فه‌ر بکه‌ین، چونکه‌برا پزیشکه‌که‌م دکتۆر موحه‌مه‌د موباره‌ک له‌وێ کاری ده‌کرد. دوو مانگمان پێچوو و له‌وکاته‌شدا ئیداره‌ی خۆسەری له‌ ڕۆژئاڤا ‌چه‌نده‌ها وه‌زاره‌ت و مه‌کته‌بی حکومی نوێی بۆ ڕێکخستنه‌وه‌ی ژیانی خه‌ڵک دامه‌زراندبووو هه‌مووشیان له‌ژێر چه‌تری ئیداره‌ی حکومی خۆسەریدا کاریان ده‌کرد و کاره‌کانیان به‌ڕێوه‌ ده‌چوو. من له‌ وه‌زاره‌تی ئابووری کاری نوێم ده‌ستپێکرد و دوایش گوازرامه‌وه‌ بۆ کارکردن له‌ به‌ڕێوبه‌ڕایه‌تی ئابووری و هاورده‌ و هه‌نارده‌کردن و بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ کاری ئیداریم کرد.

 

له‌وکاته‌دا ڕۆژئاڤا له‌ژێر گه‌مارۆیه‌کی سه‌ختدا بوو، هه‌موو ده‌روازه‌کان به ‌ڕووی خه‌ڵکدا داخرابوون و خه‌ڵکی ئێمه‌ ژیانێکی زۆر قورسیان به‌ڕێده‌کرد. به‌هۆی شۆڕشی سووریاوه‌ ناوچه‌که‌ به‌ره‌و وێرانبوون و برسێتی هه‌نگاوی ده‌نا، ناوچه‌کوردییه‌کان له ناوچه‌ی شۆڕشه‌وه‌ بوون به‌ ناوچه‌ی جه‌نگ و ماڵوێرانی و برسێتی و سه‌بیکردنی ژن و منداڵان.ته‌نانه‌ت ئاژه‌ڵانی بێزمانیش له‌ دڵڕه‌قی ئه‌م جه‌نگه‌ بێبه‌ش نه‌کران، ته‌قه‌مه‌نیان پێوه‌ده‌به‌ستنه‌‌وه‌ و ڕه‌وانه‌یان ده‌کردن بۆئه‌وه‌ی به‌ بازگه‌‌ و خاڵه‌ سه‌رباز‌ییه‌کان و خه‌ڵکی بێتاواندا بته‌قنه‌وه‌‌. ته‌نانه‌ت دارتێلی کاره‌با و ته‌نه‌که‌ خۆڵه‌کانیش لوغم ڕێژ ده‌کران و به‌ خه‌ڵکی بێتاواندا ده‌ته‌قییه‌وه‌. ئاوا له‌ هه‌موو لایه‌که‌وه‌ ڕۆژئاوا بووه‌ ئامانجێک، به‌عسییه‌کان و ئیسلامییه‌کانی جه‌بهه‌ی نوسره‌ و داعش په‌لاماریان ده‌دا.به‌ ناوی جیهاد و ئیسلامه‌وه‌ هه‌رچی موسوڵمان و ناموسوڵمان بووایه‌ ده‌یان کرده‌ ئامانج. ئاین و مرۆڤایه‌تی له‌ئه‌وانه‌ بێبه‌رین که‌ خه‌ڵکیان به‌ناوی ئاینە‌‌وه‌‌ ده‌کوشت و ژنانیان ده‌کرده‌ کۆیله‌ و سه‌بایا و له‌ کوێدا داعش پێیه‌کانی خۆی دابنایه‌، له‌وێدا ماڵوێرانی و پیسی و کوشتن و ته‌عداکردن و سه‌بایاکردنی ژن و منداڵان ده‌ستیپێ ده‌کرد، هه‌ر بۆیه‌ ئێمه‌ له‌ ڕۆژئاڤا له ‌دژی ئه‌م هێزه‌ تاریکه‌ به‌رگریمان کرد و نه‌مان هێشت ئه‌و قه‌سابخانه‌یه‌ی له‌ (کۆبانی)کرا له‌ ناوچه‌کانی دیکه‌ی جه‌زیره‌ دووباره‌ بێته‌وه‌.

 

شه‌نگال له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ داگیرکراو و به‌رگرییه‌کی زۆری ویست تاوه‌کو میلله‌تی کورد و گه‌رێلا و شه‌ڕڤانان و پێشمه‌رگه‌ شه‌نگالیان ئازادکرده‌وه‌. سیبانی برام له‌ناو هێزه‌کانی (گه‌رێلا)دا بوو، به‌شداربوو له‌ ئازادکردنی شه‌نگال و له‌ناو گه‌ریلادا به‌ (ئۆرهان) بانگیان ده‌کرد. له‌ ڕۆژی ٣ ئازاری ٢٠١٧ له‌کاتێکدا ورده‌ ورده‌ خه‌ڵکی شه‌نگال، ئه‌وانه‌ی له‌ده‌ست داعش ڕزگاریان بووبوو، ده‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ شه‌نگال. ‌له‌ ڕووداوێکی نه‌خوازراودا و له‌کاتێکدا هێزێکی حیزبی ده‌یویست گه‌رێلا له‌ شه‌نگال و(خان سوور) ده‌ربکات، برایه‌که‌م و چه‌ند هاوڕێیه‌کی چونکه‌ بڕوایان به‌ شه‌ڕی کوردکوژی نه‌بوو، به‌ئاشتییانه‌ و بێچه‌ک چوونه‌ سه‌ر ڕێگه‌ی ئه‌و میلشیا حیزبیه‌‌ و داوایان لێکردن؛ نه‌بنه‌ هۆی هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕی براکوژی و ڕێگریان لێکردن…به‌داخه‌وه‌ کاتێک که‌ براکه‌م و هاوڕێکانی دوورکه‌وتنه‌وه‌ چه‌ند قه‌ناسێکی نادیار خۆی و حه‌وت هاوڕێیان کرده‌ ئامانج و شه‌هیدیان کردن،به‌مجۆره‌ سیبانی براشم شه‌هید بوو.

سه‌ره‌ڕای ئه‌م که‌سه‌ره‌ گه‌وره‌یه‌ی شه‌هیدبوونی سیبانی برام، دایکم هه‌ر و‌ره‌ به‌رز و شکۆمه‌ند بوو به‌ خێزانه‌که‌یه‌وه‌، ئه‌شقی خاکی کوردستان بوو. چه‌نده‌ها ساڵ له‌ژێر نه‌خۆشیداناڵاندی و سه‌یر له‌وه‌دا بوو له‌ هه‌مان بۆنه‌ی شه‌هیدبوونی(فه‌رهاد)ی برام دایکم ماڵئاوایی لێکردین. ئه‌و ڕۆژه‌ ڕۆژی ٢١ ئاوگوستی ٢٠١٨ بوو، فه‌رهادی برام له‌ ٢١ ئاوگۆستی ٢٠١٥دا له‌تورکیا شه‌هید بوو. ئاوا دایکم له‌ته‌نیشت براکانمه‌وه‌ نێژرا.

ئێستا که‌ ئه‌م دێڕانه‌ ده‌نوسم ئاوڕده‌ده‌مه‌وه‌ له‌و هه‌موو ڕووداوانه‌ی به‌سه‌رماندا هاتوون؛ چه‌وسانه‌وه‌ و زوڵمی به‌عس، ته‌عریبکردن، شۆڕش و خه‌مه‌کانی براکوژی، خیانه‌ت و به‌رگری و دووباره‌ هه‌ستانه‌وه‌ئه‌وه‌م بۆ ده‌رده‌که‌وێت که‌ هۆکاری به‌رگریکردنم له ‌مافی ژنان ئه‌وه‌یه؛‌ که‌ ژنان خۆیان وه‌ک پاروویه‌کی ئاماده‌ نه‌بینن و خه‌بات بکه‌ن. ده‌زانم دڵم هه‌رگیز له ‌ئاست زوڵم و زۆرداری مافی ژناندا بێده‌نگ نابێت، هه‌ر بۆیه‌ هیوادارم ئه‌م چه‌ند وشه‌یه‌م ده‌ربڕین بێت له‌ ئازاری گه‌لێک و له‌ ئازایه‌تی ژنانی کورد.

 

نافیه‌عیسى حسو

١٢ ئۆکتۆبه‌ری ٢٠١٨

له‌ كولتورمه‌گه‌زین وه‌رگیراوه‌

Leave a Reply

Your email address will not be published.