ئا: ئاسۆ جه‌وهه‌ر

 

ئه‌کادیمیست، نووسه‌ر، چالاکوانی بواری مافه‌کانی ژنان رایده‌گه‌یه‌نن: سیمای نوخبەی رۆشنبییریی کوردیی زیاتر مۆرکی پیاوانەی هەیه‌ و "گوتار"ێکیان نییە له‌سه‌ر مافەکانی ژنان، بۆیە بە پراکتیکیی دەنگی ژن غیابە لە نوخبەی ڕۆشنبییرییدا.

ده‌شڵێن، ئه‌رکی نوخبه‌ی رۆشنبییریی کوردییه‌ کار بکات بۆ هۆشیارکردنه‌وه‌ی ژنان و به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی ئاگاییان، جه‌ختیش ده‌که‌نه‌وه‌: ئەوەی هاوکاریی ژن ده‌کات تەنها بییرکردنەوە و تواناکانی خۆیەتی

xende hemid1.

خه‌نده‌ حه‌مید، نووسه‌ر و توێژه‌ر له‌ بواری جێنده‌ر، ره‌خنه‌ی له‌وه‌ گرێت که‌ نوخبه‌ی رۆشنبییریی کوردیی پیاوسالارییه‌‌ و به‌‌ "ئازادیی کۆمه‌ڵگه‌"ی راگه‌یاند: بەداخەوە کە دەبێ بڵێم سیمای نوخبەی رۆشنبییریی کوردیی پیاوانەیە و زیاتر مۆرکی پیاوانەی هەیە. لەبەرئەوە بەتەواویی رۆڵی ژن لاوازە لە نوخبەی رۆشنبییرییدا، چونکە خودی بەناو نوخبەی رۆشنبییریی -هەڵبەت زۆرینەی نوخبەکە پیاوەکانن!- بڕوایان بەوە نییە ژنان بەشداریی پرس و کایە جیاوازەکانی بڕیاردان بن؛ تاکو لە گۆڕینی کۆمەڵگە بەشدار بن و کاریگەریی خۆیان دابنێن. ئه‌گەر زۆر سادە و ئاسان ئەمە بسەلمێنین دەبینین هەندێک هاوسەری نوخبە ڕۆشنبییرەکان دەچەوسێنرێنەوە لەلایەن پیاوە ڕۆشنبیرە کەیەوە! من نموونەی لەم جۆرەم زۆر بینیووە. بۆیە گەر ئەوان بیان توانیبا دەستپێشخەر و کاریگەربن ئەوا ئێستا کۆی کۆمەڵگە بە ئاڕاستەیەکی تردا دەرۆیشت. لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئایا نوخبەی ڕۆشنبییریی باوەڕی بە ئازادیی و مافەکانی ژنان هەیە؟! ئایا هەر خۆیان رێگر نیین لەبەردەم ئازادیی راستەقینەی ژنان؟! چونکە گەر نوخبەی ڕۆشنبییریی لە نووسیین و بەرهەمەکانیاندا ئازاد و یەکسانییخوازبن و داوای مافی ژنان بکەن، ئەوا لە پراکتیکدا بەرانبەر بە خوشک و هاوسەر و کچەکانیان جیاوازییەکی ئەوتۆیان نییە لەگەڵ پیاوێکی ترادیسیۆنی خێڵەکیی و پیاوسالاردا.

 

ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌شده‌کات‌: "نوخبەی ڕۆشنبییریی بەتەواویی دابڕاوە لە کۆمەڵگە، بۆیە کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لەسەر کۆمەڵگە نییە، هەروەها پێم وایە هیچ دیسکۆرس (گوتار)ێکیان نییە لەسەر مافەکانی ژنان، بەڵکو بگرە هەندێ لەوان هەر بڕوایان بە ماف و دۆزی ژنان نەبووە، تاکو کاربکەن لەسەر یەکسانیی و هۆشیارییەکی شایستە کە شایەنی ژیان و گوزەرانی ژنان بێت." 

وتیشی‌: ئەم رۆڵە لاوەکیی و سادانەی بە ژنان دراوە لەنێو نوخبەی ڕۆشبییریی کوردییدا زیاتر بۆ مکیاژکردنی ئەم ڕەوتە بووە، بۆیە بە پراکتیکی دەنگی ژن غیابە لە نوخبەی ڕۆشنبییرییدا. دوا جار نوخبەی ڕۆشنبییریی-ش بە هەمان شێوەی کۆمەڵگە ئەو وێنە گشتییەی بۆ ژن دروستکراوە وەک ئامرازێک بۆ ماڵداریی و منداڵخستنەوە، بەرهەم دەهێنێتەوە و پەیڕەوی دەکات.

ئه‌و نووسه‌ره‌، جه‌ختی له‌وه‌شکرده‌وه‌: نوخبەی رۆشنبییریی زیاتر ڕووخسارێکی پیاوانەی هەیە، ئەمە نەک تەنیا لە کوردستان، بەڵکو بەگشتیی لە هەموو جیهاندا بە فۆڕمی جیاواز ئەمە دووبارە دەبێتەوە. کایەی ڕۆشنبییریی و کولتوورییەکان لەلایەن پیاوانەوە قۆرغکراون و ژنان وەدەرنراون لە زۆربەی بوارو کایە جیاوازەکانی رۆشنبییرییدا.

ئه‌و لایوایه‌، ئاماده‌نه‌بوونی ژن له‌ نوخبه‌ی رۆشنبییریی کوردییدا "تەنیا پەیوەست نییه‌ بە نەتوانینی رۆڵی ژن لەم کایەدا، بۆیە گەر بڵێین تەنیا هۆکارەکە خودی ژنانن ئەوا بابەتەکان سادە و ناڕوون دەکەین، وەک هەمیشە وەڵامە ئامادەکراوەکە دەدەینەوە کە زۆرکات بۆ زۆر بواری تریش پەیوەست بە ژنانەوە گوێمان لێدەبێت. کاتێک دەگوترێ ژنان خۆیان نایەنە پێشەوە یاخود خۆیان تاوانبارن لە هاتنە ناوەوەیان لە کایە گرنگ و پرسە گرنگەکاندا. بەڵکو دەبێت هۆکاری پشت ئەمانە ببینین، دەستنیشانیان بکەین، تیشکیان بخەینە سەر کە بۆچی وایە یاخود بۆ وای لێهاتووە؟ چونکە ئەم پەڕاوێزخستن و دوورخستنەوەی ژنان لە سەرجەم کایەکان مێژوویەکی درێژی هەیە، نەک تەنیا کۆمەڵگە و کولتوور بێت.

ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ روو: ئەم وەدەرنانه‌ عەقڵیەتێکی پیاوسالاریی لەپشتە کە پێیوایە بەرهەمهێنانی کولتووریی و ڕۆشنبییریی پەیوەست نییە بە ژنانەوە، بەڵکو ئەمە کایەی پیاوانە وەک چۆن سیاسەت و ئابوورییش لەلایەن پیاوان و عەقڵیەتی پیاوسالارییەوە داگیرکراوە، دەتوانم بڵێم کە کایەی ڕۆشنبییریی-ش بەدەر نییە لەم داگیرکارییە و ئەمە مێژووی هەیە. چونکە کۆی کایەکانی ژیان بەدەست پیاوەوەیە ئەمەش بەشێکە لە سیستمێکی گەورەتر کە پیاوسالارییە و هەموو ئەمانەی رێکخستووە و کردوونی بە فاکتێکی مێژوویی، کۆمەڵایەتیی و سیاسیی. گەر بەوردیی بگەڕێینەوە بۆ مێژوو دەبینین چەندین نووسەری کاریگەر و هونەرمەندی باڵای ژنمان هەن، بەڵام لە نووسیینەوەی مێژوودا ناویان نەهاتووە و بەرهەم و هونەرەکەیان پەڕاوێزخراوە، لەبەرئەوەی مێژووی ئێمە مێژوویەکی پیاوانەیە و بەدەست خودی پیاو و عەقڵیەتی پیاوانەوە بووە. کەوایە دەشێ کۆی ئەمانە هۆکاربن بۆ لاوازیی و غیابی ژن لە نوخبەی رۆشنبییرییدا.

ئه‌و توێژه‌ره‌ی بواری جێنده‌ر، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ده‌کات"یەکێ لە ئەرکە سەرەکییەکانی نوخبەی ڕۆشنبییریی کوردیی ئەوەیە کە بایەخ بە پرسەکانی ژنان بدەن، بەهای پرسی ژن، ماف و ئازادییەکانی بزاندرێت. بۆ ئەوەی ژنان لە کایە و نوخبەی ڕۆشنبییرییدا چالاکبن، پێویستمان بە بەرزکردنەوەی هۆشیارییە، چونکە هۆشیاریی ئازادیی دروست دەکات

خه‌نده،‌ جه‌ختیرده‌وه‌: ئەوەی پێویستە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ژنان، هەبوونی بزوتنەوەیەکی فمێنیستییە کە پرۆژەی بۆ بەرەو پێشچوونی هۆشیاریی و فیکریی ژنان هەبێت، چونکە هۆشیارییەکی دروست دەتوانێت خواست و گوتاری ژنانە پەرەپێبدات، هەروەها پێویستە ژنانی هۆشیار و چالاک بۆ نیوە چەوساوەکەی کۆمەڵگە خەمخۆربن و بییر لە تێکشکاندنی بەربەست و رێگەچارەیەکی یەکلا که‌ره‌وه‌ بکەنەوە. پێویستە لە ڕێگەی کاری جددیی و کولتوورییەوە هۆشیاریی تاک بەرزبکرێتەوە و ژنان لە کۆت و بەندی ئایین و نەریتی کۆمەڵایەتیی و پیاوسالاریی ئازاد بکرێن. بە هەمان شێوە پێویستە ژنان بە ماف و توانستەکانی خۆیان بناسێنرێن و لە گۆڕانکارییەکاندا بەشداربن. تاکو کاریگەرییەکانیان زیاتر و بەرچاوتر بێت، هەروەها پێکەوە کار لەسەر کێشەکانی ژنان بکەنبۆ ئەوەی زەمینەیەکی لەبار دروست بکەن تاکو ژنان بتوانن بەربەست و رێگرییەکان بشکێنن و بێنە نێو سەرجەم کایە رۆشنبییرییەکانەوە.

ئه‌و ژنانه‌ی له‌ کایه‌ی رۆشنبییریی کوردییدا کارده‌که‌ن، ئه‌وه‌ ده‌خه‌نه‌ روو که‌ ژن به‌ هۆی کاریگه‌ریی دابوونه‌ریته‌وه،‌ به‌شێوه‌یه‌کی گشتیی له‌م کایه‌دا لاوازه‌.

savan ako

ساڤان ئاکۆ، نووسه‌ر و وه‌رگێڕ، بۆ ئازادیی کۆمه‌ڵگه‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌: ئەگەر بەشێوەیەکی گشتییتر خوێندنەوەی بۆبکەین، رۆڵی ژن لە کوردستان لە سەرجەم کایە سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکاندا لاوازە. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵێک نەریت و بەھا کە رەگێکی مێژوویی ھەیە، قۆناغ بە قۆناغ شێوە و رۆڵی ژنانی داتاشیوە. بە گشتیی ژنان و پیاوان لە ئاستێکی لاوازی رۆشنبییرییدان، قوربانیی دەستی سیستمێکی مشەخۆرن کە لەسەر حسابی کەم مەعریفەیی ئەوان خۆی پێدەگەیەنێت، ژنانیش بە تایبەتیی دووجار قوربانیین، چونکە سەرەڕای چەوساندنەوەیان لەلایەن سیستمەوە، پەروەردەی کۆمەڵێک بەھا و نەریتی دیینیین کە زیاتر دەیانچەوسێنێتەوە، رۆڵێکی پەراوێزیان دەداتێ لە بەشداریی ژیانی رۆژانەدا و هەژماردی ڕەگەزی دووەمیان بۆ دەکات و رەگەزی یەکەم دەکات بە مامۆستا بەسەریانەوە. کۆمەڵگەیەک کە ژنانی بەمجۆرەی سوڕی مێژوودا پەروەردە بووبن، بێگومان لە ئاستی ڕۆشنبییرییدا رۆڵێکی لاوازیش دەگێڕن.

 وتیشی: سەبارەت بە نوخبە، من ھەرگیز پێم وانییە کە کۆمەڵگەیەک نوخبەیەکی ڕۆشنبییریی ھەبێت، ئیتر کۆمەڵگه‌یەکی پێشکه‌وتووه‌. لەکاتێکدا دەتوانین ئەمە بڵێین، ئەو نوخبەیە رۆڵێکی بەرچاو بگێڕن لە گەیاندنی ئاگایی و بەشدارییکردنی کایەکانی کۆمەڵگە و ھەمیشە لە بانگەوازدابن بۆ شکاندنی کۆت و بەند و نەریتەکان. ھێشتاش ناتوانین بڵێین ژنان رۆڵیان نەبووە لە نوخبەی ڕۆشنبییری کوردییدا، چونکە ژنانمان ھەبوون توانیویانە ئازایانە لەڕێگەی نووسیینەکانیانەوە، راوبۆچوونی کاریگەر دەرببڕن و لە ژنبوونی خۆیان سڵ نەکەنەوە! ببنە رابەر بۆ ئەو ژن و پیاوانەی خوێنەریانن.

ئه‌و ژنه‌ نووسه‌ره‌، هێما بۆ ئه‌وه‌ ده‌کات که‌ له‌ کۆندا به‌ هۆی کولتووری ئایینیی و پیاوسالارییه‌وه‌ ژن له‌ سنوورێکی بچوکی ماڵ و خێزاندا به‌کار ده‌هێندراو ده‌چه‌وسێندرایه‌وه‌، به‌ڵام ئێستا له‌ رێگه‌ی سیستمی سه‌رمایه‌دارییه‌وه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ وه‌ک ئامێر به‌کار ده‌هێندرێت. وتی: سەرەڕای چەوساندنەوەیەکی راستەوخۆی سیستم کە دێت وەک ئامێر مامەڵە لەگەڵ ژنان و پیاوان دەکات، باکگراوندێکی نەریتی دیینیی لە کۆمەڵگەدا ھەیە، وادەکات گوتارێکی دەسەڵاتداریی پیاوسالارانە زاڵ بێت. باکگراوندێک کە ھەمیشە ژنانی لە چوار دیواردا سجن کردووە و رۆڵی ژنانی کورت کردۆتەوە بۆ کۆمەڵێک کاری لاوەکیی ناوماڵ، شوناسی ژنی بەستوه‌تەوە بە بەڕێوەبردنی ماڵ و رێگەینەداوە کە راوبۆچوونی ھەبێت. لە ئێستادا کە دەبینین دۆخی ژنان گۆڕاوە و ئازادتر دەتوانن بێنە ناو کۆمەڵگە و بەشداریی بکەن، لە راستییدا دیمەنێکی خەڵەتێنەره‌ و ھیچ پێگەیەکی شایستە ناگەڕێنێتەوە بۆ ژنان. بۆ نمونە ئەگەر ژنێک لە پێشوودا کۆیلەی باوک، مێرد، برا و ماڵ بووبێت، ئەوا ئێستا کۆیلەی کار و سەرۆک کارە و وەک ھەمان ھاوکێشەی پێشوو، بەکاردەھێنرێتەوە. واتە دونیای ئەمڕۆی باشووری کوردستان کە خەریکی کرانەوەیە بە ڕووی سیستمی سەرمایەدارییدا و ژنان خەریکی کرانەوەن بە رووی ھەمان سیستمدا، ھیچ ئازادییەکی ڕادەربڕین نە بۆ ژنان و نە بۆ پیاوان فەراھەم ناکات. سیستم بەجۆرێک کاردەکات کە نوخبەکان دەگرێتەوە و ئەوانیش موزاییەفانە لەژێر سێبەری حیزب یاخود رێکخراوێکی تایبەتدا نووسیینەکانیان دەخەنە ڕوو و بێگومان ھەر لە بەرژەوەندیی ئەوانیشدان.

ساڤان، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌شده‌کات نه‌ک هه‌ر ژنان به‌ڵکو هه‌موو کۆمه‌ڵگه‌ پرسی گرنگی هه‌یه‌ و هه‌مووشی یه‌کتر پێوه‌ندییدار ده‌که‌ن، ئه‌وه‌ی ئه‌رکی رۆشنبییرانیشه‌ کارکردنی جددییانه‌ بۆ به ‌ئاگاهێنانه‌وه‌ی گه‌نجان."سەرەتا دەبێت روون بێت لامان کە پرسی ژن، ھیچ جیاواز نییە لە پرسی، خوێندکار، مامۆستا و ھەموو پرسەکانی تری کۆمەڵگە، دەبێت لە وێنە گشتییەکە بڕوانین و بزانین کە ئەمانە ھەمووی پێکەوەلکاون و ئەوەی کار بۆ ھێشتنەوە و پەرەپێدانیان دەکات سیستمێکی سەرمایەداریی خێڵەکییە. ئەگەر شتێکیش لە ئارادا بێت بۆ کردن تەنھا و تەنھا ڕووخاندنی ئەو سیستمه‌یە لەلایەن گشت خاوەن پرس و کێشەکانەوە. بێگومان ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە کارەکانی تر جێگای گرنگیی نیین، بێگومان ھەمووی جێی خۆی دەگرێت بەمەرجێک ئامانجە گەورەکەی پشتی بریتی بێت لە بەدەستھێنانی دادپەروەریی و یەکسانیی، نەک لە پێماو بەرژەوەندییەکی تایبەتدا."

ئه‌و ژنه‌ نووسه‌ره‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌شده‌کات،ژنانیش وه‌ک ره‌گه‌زی به‌رامبه‌ریان له‌ ماف ورۆڵدا یه‌کسانن،‌ هه‌ر بۆیه‌ده‌توانن به‌شداریی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تیی، سیاسیی و ئابووریی بن:"لە ئێستادا ڕۆڵی ڕۆشنبییر کارکردنێکی جددییە لەسەر بەئاگاھێنانەوەی گەنجان و چاندنی تۆوێکە کە چاونەترسیی، ئازایی و جورئەتی لێ سەوز ببێت نەک ترس و کڕوزانەوە و کۆیلایەتیی، چونکە ڕۆژ ڕۆژی ئازاییه‌ و پێویستمان بە گەنجانی چاونەترس و بە مەعریفە ھەیە بۆ گەیشتن بە یەکسانیی و دادپەروەریی. ژنانیش پێویستە بگەن بەو قەناعەتەی کە چیتر جیاوازییەک نییە لەنێوان ژن و پیاودا و ھەردوولا لە ماف و ڕۆڵدا یەکسانن، تا بتوانن به‌ ئاگاییه‌وه‌ بێن و بەشداریی ژیانی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئابووریی و کولتووریی بکەن."

ژنان له‌وه‌شده‌دوێن، له‌ کایه‌ی رۆشنییرییدا رۆڵیان ونه‌، داوایشده‌‌که‌نئه‌کادیمیا و ناوه‌ندی تایبه‌ت دابمه‌زرێت بۆ رۆشنبییر کردنی ژنان

yerivan shaswar.

یریڤان شاسوار، چالاکوانی بواری مافه‌کانی ژنان، هێما بۆ ئه‌وه‌ده‌کات:"ئەگەر بەوردیی لە رۆڵی ژن بدوێن، لە هەمووکایەکانی تری ژیاندا، ئەوا بەدڵنیاییەوە توشی نیگەرانیی ده‌بین و ئه‌وا لە کایەی ڕۆشنبیرییشدا بەتەواویی رۆڵی ونە. هەرچەند ئەگەر بەمێژووی ژناندا بچینەوە، ئەوا تاکە تاکە ژنی نوخبە بەدی ده‌کەین لە بواری ڕۆشنبییریی و کۆمەڵایه‌تییدا، بەڵام هەرگیز بەوشێوەیە نەبووە کە کاریگەریی هەبێت لە سەر پێگەی ژن و وەرچەرخاندنی لە ڕۆڵی ژناندا دروست نەکردوە."

ئه‌و به‌ ئازادیی کۆمه‌ڵگه‌ی راگه‌یاند: بەهۆی سیستمی دەسەڵاتداریی پیاوسالارییەوە، بەتەواویی دۆزی ڕاستەقینەی ژنان کراوە بە قوربانیی دەسەڵاتخوازیی و پاوانخوازیی پیاوان .ئەگەر ژنانێک هەبن لە پێگەی جۆراوجۆر و تایبەتدا، چ لە بواری حزبیی دا یان سیستمی حکومڕانیی، دیسانەوە تەنها بەڕواڵەت ژنە و هەموو دەسەڵات و توانای تەنها بۆ خزمەت دەسەڵاتداریی و سیستمی پیاوسالارییە، هه‌ربۆیه‌ تەنها لە بەرژەوەندیی ئەوان کار دەکات. هەر ئەو سیستمە پیاوسالارییە یە ژنێکی لاوازیی تەلقین دراو توتی ئاسا! ده‌یگەیەنێت بەپێگەیەک و دواتریش ناچاری ده‌کات! خزمەت بەو لایەنە بکا کە پشتگیریی کردوە. ئیتر ئەگەر لەژێر هەڕەشدا بێت یان ناچاربکرێت لە رێگەی دەستبردن بۆ شکۆ و کەسایەتیی.

ئه‌و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌شه‌کات، ته‌نها شتێک بتوانێت ژنان له‌و گێژاوه‌ی تێیدان رزگار بکات "خۆ په‌روه‌رده ‌کردن و خۆ رۆشنبییر کردنه‌" و جه‌ختیده‌کرده‌وه‌: ئێمەی ژنان بەشێوەیەک لەنێوان دەسەڵاتی پیاوسالاریی و سیستمی سەرمایەدارییدا ون بووین! تەنها شتێک بتوانێ لە ئەو گێژاوە دەرمان بهێنێ، خۆ پەروەردە کردن و خۆ رۆشنبییر کردنە، بەڵام دیسانەوە ئەوەش کراوە بەقوربانیی، پێشبڕکێیی مۆدیلی روخسار و جل و بەرگ و دەرمانە بەکارهاتووە ترسناکەکانی نۆڕێنگەکانی جوانکاریی.

یریڤان، وتیشی: ئێمە پێویستمان بەم رێکخراوە حزبیانە نییە کە لەژێر ناوی داکۆکیی کردن لە کێشەی ژن، هەزارەها بەندوداوی تر لە پێی ژنان بئاڵێنن! ژن پێویستە پێش هەموو کەس خۆی لەسەر ئاستی تاک تێبگات کە چەند پەراوێز خراوه ‌و بەکارهێنراوە. ده‌بێ تێبگات، ئەوەی هاوکاریی ده‌کات تەنها بییرکردنەوە و تواناکانی خۆیەتی، هەرکات ژن لەسەر ئەم بنەمایە خۆی پێگەیاند، دواتر ده‌توانرێت لەسەر کرۆکی بابەتێ یەکبگرن ئەویش کێشەی ژنە چونکە ژن پێویستیی بە شۆڕشێکی فیکریی و پەروەردەییە پێش هەمووکەس .

 

Leave a Reply

Your email address will not be published.