وتووێژ

شیرین تاهیر: نوخبەی رۆشنبییریی کوردیی پارادۆکسی هەیە و پیاوگەرایی لە بۆچوونەکانیدا هەیە

ئا: گۆران پێنجوێنی

شیرین تاهیر، رایدەگەیەنێت: ژن پێویستیی بەشەیدایی و موپتەلابوونی رۆشنبییرییە، لە دیدگای ئەنترۆپۆلۆژییەوە دەبێت خۆی بناسێت، رەگوڕیشە و خسڵەت و کارکردن و هێزی بونیادییانەی خۆی ئەزموون بکات؛ ژنی کورد ئەزموونێکی کورتی لە سەر خەباتکردنی فیکر و تێکۆشانی پراکتیکیانە هەیە.

شیرین، نووسەر و چالاکی فێمێنیزم، جەختدەکاتەوە: تواناو بلیمەتیی ژنان ململانێیە لە نێوان تینوێتی ژیان و مردندا، پیاوسالاریی و ئەقڵییەتەکەی هێندە لە ژن دەکۆڵێتەوە کە پایە نزمی کاڵا و سۆپەرفاشیۆن بێت.

  • رۆڵی ژن لە نوخبەی رۆشنبییریی کوردییدا چۆنە؟ ئایا ژن غیاب نییە لەم نوخبەیەدا؟
  • دەکرێت ئێمە جارێ بەو شێوەیە ئەو پرسیارە لێک بدەینەوە ئایا نوخبەی رۆشنبییریی کورد کێیە؟ ئایا ئەو نوخبەیە یان ئەو دەستە بژێرە هەیە؟ ئەگەر هەیە تاچەند وەک هاوڕێیەکی هاوئاستی رۆشنبییریی سەیری هاوڕێ ژنەکەی دەکات؟ ئەو ژنەی کە تروسکاییەکی هەیە بۆ بییرکردنەوە و بۆ نووسیین. لێرەوە چیرۆکی درێژی نایەکسانیی زیاتر درێژ دەبێتەوە! ئەوە ئاسان نییە بڵێین نوخبەی رۆشنبییریی کۆمەڵگەی کوردیی نوخبەیەکی ئاواڵایە لە نووسیینی ئەدەبیدا، ئەدەبیش بۆ خۆی لە ژانڕێکی زانستیی و کەمێک فیکریی و ئەندێشە زیاتر نییە! بنچینە و رەگەزەکانی ئەدەب بە گشتیی بەشێکی زۆری لە خزمەتی زمانێکی پارا و دوالیزمدا گەشە بە لەدایک بوونەوەی زمان دەدات. تاوەکو پێش کەوتنی کۆمەڵگە، کێشەی ژن بە گشتیی و نووسەری ژن بەتایبەت تەوەری پڕ کێشە و بێ شوناسیی ناو ئەو کۆمەڵگەیەیە کە تێیدا دەژین. کۆمەڵگەی رۆژهەڵات و ئیسلامیی و کوردیی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پڕە لە هەرەسی فیکر و هەڵتۆقینی ئایدیۆلۆژیا، بە ناسیۆنالیستیی و فێندەمێنتاڵیستەکانیشەوە، ئەگەر چی دیاردەی خاپووکردنی فیکر و وشیاریی تاکی ئێمە تەنها بەوە نەبەستراوەتەوە، بەڵکو لێشاوی سەرمایەداریی و مۆدێرنە و هەستانەوەی فیکری ئایینیی فاکتەرێکی دیکەن بۆ بەرتەسک کردنەوەی ژیان و ئازادیی و یەکسانیی، لەم فەوزا ژینگەییە کۆمەڵایەتییە سیاسیی و ئابوورییە دەکرێت چاوەڕێی تەشەنەکردن و تێگەیشتنی نوخبەیی بین، نوخبەی چالاک نوخبەی ئازاد… نوخبەیەک کە پڕ بێت لە کەڵکەڵەی فیکر و ژیانی ئازاد، ژنی ئازاد بێت لە ناو ئەم نوخبەیەدا و گوزارشت لە خۆی بکات. کۆنتێکستی کۆمەڵایەتیی و سیاسییدا پێویستە وتاری هەبێت بۆ وتن، بەناوی هێزێکی رۆشنبییرییەوە لە پێناوی ژیاندا بژی.

  • بۆچی لە نوخبەی رۆشنبییریی کوردییدا زیاتر گوتارێکی دەسەڵاتداریی پیاوسالاریی زاڵە ئەمە بۆچی وایە، ئایا ژنان بۆ خۆیان نەیانتوانیوە ڕۆڵی خۆیان وێنە بکەن یان چی؟
  • ئەگەر وەڵامی ئەو پرسیارە گرێبدەینەوە بە پرسیارەکەی پێشووترەوە، کەمێک لەم ساتەی کە لە ئەمڕۆدا بۆچونمانی توشی گێژاو کردووە! تێدەگەین، ئەگەر چی بۆچوون وەک قسەکەی ئاناهارێنت کە دەڵێت”بۆچوون تاکە بەرەنگاریی توندو تیژییە”، کەمێک نوکتەبێت بۆ بۆچوونی ژن لە ناو گوتاری پیاوسالارییدا ئەگەر چی بۆچوونەکەشی پیاوانە بێت هەر لە کۆمەڵگەیەکی داماڵراو لە ئەقڵی ئازاد کاریگەریی لاوازیی رێشەیی پێوە دیارە، لە ئاست کاریگەریی گوێگردا. لە ئێستادا کە سەرمایەداریی هەڵتۆقیوی کوردیی لەگەشە سەندندایە لە باشووری کوردستان لەو دیو سنوورەکانەوە لە دووری دوورەوە بە خۆیی و کاڵاو بەرهەمەکانییەوە سەر بەناو بازاری ئازاد و سیاسیەتی بازرگانی کردنی ئازاد دەکات، پانتایی گشتیی و جیهانی هاوچەرخ داگیر دەکات، لەم بە وزە هاتنەوەیەی سەرمایەدار لە ناو کۆمەڵگەی کوردییدا بۆچوونەکان کە سەر بە ئەقڵێکی ئازادن لە راستییەوە دەبن بە ناڕاست، پشت بە مەعریفەیەکی ئایدیۆلۆژیی دەبەستیت کە ریسکی فیکریی تێدا وەستاوە، پیاوسالاریی کە لە هەناوی ئاییندا گەشەی کردووە. دیسانەوە بەرهەم و تێکەڵاوی هەناوی سەرمایەداریی-شە. تواناو بلیمەتیی ژنان ململانێ یە لە نێوان تینوێتی ژیان و مردندا، پیاوسالاریی و ئەقڵییەتەکەی هێندە لە ژن دەکۆڵێتەوە کە پایە نزمی کاڵا و سۆپەرفاشیۆن بێت. ئینجا لە دیوە کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکەشدا توشی شکستی بەرخۆریی و مۆدێرنە دەبێت. ژن دەکاتە ئایدیاڵ و توشی وەهمی خواوەندی دەکات. ژنی کورد ئەزموونێکی کورتی لە سەر خەباتکردنی فیکر و تێکۆشانی پراکتیکیانە هەیە. بەپێچەوانەوە ئەزموونێکی لە رادەبەدەری پڕ لە پرسیار و گۆڕا و ناجێگیر و چەپێندراو و تۆمار نەکراوی هەیە.

  • ئەو هۆکارانە چین رەوتی مۆدێنرنیتەی سەرمایەداریی بە سیستمێکی دژبەریی ژن لە قەڵەم دەدرێت، ئەمەیش وای کردوە ژن بگەیەنێتە سنووری نامۆ بوون لە خودی خۆی؟
  • یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی ژنی کورد نامۆ بوونییەتی بە خۆی کە بە بێ ئیرادەی خۆی ئەمەی بەسەردا سەپێندراوە، ژن بە ئێستایشەوە کە ئەو هەموو ژاوە ژاوە هەیە، لە ئەقڵییەتی تاکی کوردا، هەبوویەکی ئیستاتیکیی عەقڵی هۆشیار پێشەنگایەتیی ناکات و تەواو ئەقڵێکی لاواز و دەستەمۆ حکومی دەکات، لە ناو نائاگایی نەزمێکدا نقوم بووە و پێویستی بە سیتماتیکردەنەوەی کەرستە ئاڵۆگۆڕەکانی عەقڵی هۆشیارانە هەیە کە بۆ ئازادیی ئەقڵ پێویستە، ژن پێویستیی بەشەیدایی و موپتەلا بوونی رۆشنبییرییە لە دیدگای ئەنترۆپۆلۆژیی(مرۆڤناسیی)ەوە دەبێت خۆی بناسێت، رەگوریشەو خسڵەت و کارکردن و هێزی بونیادییانەی خۆی ئەزموون بکات، لە هەموو بارودۆخە جەستەیی و دەرونییەکاندا ئەزموون و تێگەیشتنی بونیادیانەی حاڵێکە کە پێویستیە خەریزەویی و بایۆلۆژییەکاندا خۆی دەبینێتەوە، ئەگەر چی ژنی کورد لەم بارەشدا تاڕادەیەک کە لەدۆخی راستەقینەی ئەو پەیوەندییە تێنەگەیشتووە ناکامانە وەک رەمز و بتێکی “تیمسال” ناتەواوکەر و ناکاریگەری پەیوەندیی لەگەڵ دۆخە واقیعییەکەی دەکات کە خۆی بە ئاستەم درک بەو نائاگاییەی خۆی دەکات، وا ئەزموونی ئەو واقیعە دەکات کە ئەو جەستەیەی ئەو کارگەی منداڵ دروستکردنە، لە کاتێکدا گوتار و کێبڕکێی وشیاریی و ئازادانە دەر ئەنجامی رووبەڕوونەوەکان و بییرکردنەوەی ئازادانەیە.

  • وێڕای رۆڵ و کاریگەریی ژن لە هەموو تێکۆشانە شۆڕشگێڕییەکاندا، هێشتا پرسی ژن وەک پرسێکی سەرەکیی و چارەنووسساز هەڵسوکەوتی لە گەڵدا نەکردوە، ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
  • ئەگەر سۆبێکتی شۆڕشگێڕیی لە جەنگی کورتخایەن بەردەوام نەبوو، ئەوە ئەگەری کەمترە ببێتە پێشەنگ، ئەمە بۆچونێکی گرنگە پێویستە ژن بە دیقەتەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکات، سۆبێکتی ژن ئەگەر نەیەوێت ئامانجی هەبێت کەواتە پێویستیی بە شەڕێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتییش نابێت، ئەگەر پێی وابێت لەبەر چی بجەنگێت؟! تاچەند دەیانەوێت لەبەرمبەر هەر دەستدرێژییەکدا زامنی سەلامەتیی خۆیان بکەن، ئەم سادەیی و ساناییەی ئێستا لە خەباتی ژناندا هەیە، شانبەشانی سیستمە دەکوژێتەوە، ئەمەیش بەشێکە لە سروشتی ناکامڵی شۆڕش و خەبات، ئەگەر چی لەبەرەی دژیشدا راوەستا بێت، تاکی کورد پێیوایە هەمیشە سیاسەت دەکات، ژنیش هەرەها. ئەی کەواتە لەبەرمبەر تەشەنە نەکردن هۆشیاریی مۆرڤایەتیی دا چۆن دەکرێت رابووەستێت، تەماشای گۆڕانکارییەکان بکە وەک ئەوەی بکەرێک نەبێت لەو گۆڕانکارییە مرۆیی و عەقڵانییە.

  •  چی بکرێت تاکوژنان لە کایەی نوخبەی رۆشنبییریی کوردییدا چالاک ببن؟ ئەمە ئەرکی ئەو نوخبە رۆشنبییرییە کە زیاتر بایەخ بەژنان بدەن وەک پرسی ژن؟
  • نوخبەی کوردیی جۆرێک لە پارادۆکس و خود پارێزیی هەیە، لێکترازان و بەد حاڵی بون هەیە، لە ناو دەستە و گرووپ و جیلەکاندا، بەهەمان شێوە تەنزی زەوقی نووسیین و ئەبستراکێتی کۆنە پەسەندی زاڵە و خوێندنەوە و هۆشیارییش لەم حاڵەتەدا بە نالێچوونەوە هەیە لەسەر ئەوەشەوە پیاوگەرایی لە ناو بۆچوونەکانییدا شتێکە کەناتوانێت هەروا بەئاسانیی گۆڕانی بەسەردا بێت، ئەگەر چی بەشێکی پەیوەندییدارە بەژنانەوە کە پەرشوبڵاون لە خەباتدا، هێزێکی یەکگرتوویان نییە پێناسەی شوناسەکەیان بکات. ئەگەر راگوزەرانە تەماشای ئەو بارودۆخە سەختانە بکەین کە ژن دەی گوزەرێنێت، لەم کۆمەڵگەیەدا لە ئاستی کیان و بوون وەزیفەیاندا بەرامبەر بە ژینگەی کۆمەڵایەتیی لە ئاستێکی شڵۆقدان و وەک ئەوەی کە ناتوانن بڵێن چۆن دەکرێت ئێمە وەک مرۆڤ نەژین، لە زمەنێکدا کە تروسکایی ئازادیی تێیدا دەدروشێتەوە، هاوکات چاڵێکی گەورەشی هەیە بۆ خنکاندن و کوشتنی مرۆڤ! سەرباری کێشە کۆمەڵایەتییەکان کە ژن دەکاتە قوربانیی سەرەکیی لە ئاستی خوارەوەی کۆمەڵگە، بە هەمان شێوە ژن لە ئاستە باڵاکانی سیاسەتیشدا لە باشوور دەبێتە قوربانیی لە پێناوی گەورەبوونی هەیمەنەی دەسەڵاتی حیزبەکان، بەردەوام لەرووی جەستەییە قوربانیین، بێکاریی و هەژاریی هۆکاری سەرەکییە لە ئێستادا بۆ مامەڵە کردنی بەکاڵاکردنی ژن، وایکردوە کە ژن و پیاو هەر یەکەیان کۆیلەی سەروی خۆی بێت وەک سەرۆک و ژیردەستە، کەواتە ژینگەی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی کۆمەڵگەی کوردیی کە لە بێئومێدییدایە، دەبێت هانابەرێت بۆ بەرنگاریی دروست بۆ ئەزموون کردن و تێگەیشتن لە خۆی و دەوربەرە کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکەی لەگەڵ ئەوەی ستەمکاریی پیاو، لەهەموو بارودۆخەکاندا بەرامبەر بە ستەمدیدەیی ژن بەهێزترە! ژن دەبێت بە فیکری و ئازادییدا تێبەپەڕێندرێت خەباتی ژن هەتاوەکو لە دوو دڵیی لاوزیی نەیەتە دەرەوە ناگاتە ئەنجام، چەکی مرۆڤ فیکرە، فیکری ئازاد، فیکریش دەبێت پراکتیزە بکرێت. ئەگەر پێشتر ژنان لە ناو ریزی شەپۆلەکانی فێمێنیزم بڕوایان وەها بووبێت کەسەرکەوتنی فێمێنیزم پێشکەوتنی حەتمی بەدەست دەهێنێت، ئەوا ئەو هیوا بەخۆدانە پێویستبوو بێت ئەگەرچی تاڕادەیەک ددان نانرێت بە یەکڕیزیی خەباتەکەیاندا بەهۆی گیرۆدەبوونی فێمێنیزم بە ئایدیۆلۆژیا ماتریالیزمی و ئایدیۆلۆژیا کانی تر، لە وێوە خەبانی ژنان پێویستی بە دستکاریی ریشەیی هەبوو، لە چۆنیەتیی و ماهیەتیشدا، ئەگەر چی لە بنەڕەتدا هەموویان خەونی ئازادییشیان هەبێت، لەو شوێنەی خەباتی ژنان پێویستی بە گۆڕانکارییە ئەو بۆشاییەی کە بابەتی دیالێکتیکی لۆژیکیی گونجاو پڕدەکاتەوە لەو شوێنەدا کەموکوڕییەکانی مافی ژنان دەبنە تەوەرە و دیدگای وتن، بەرامبەر کێشە کۆمەڵایەتییەکانی کە بەهێندەی ئایدیۆلۆژییەکان دوژمنایەتیی دەکات، بەهەموو کەموو کوڕییەکانییەوە مەترسیی بوو بۆ عەقڵیەتیی پیاوسالاریی، چونکە ئاماژەیەکی بەهێز و کاریگەرییانەی بۆ ئەم رووبەرووبنەوەیە هەبوو، دواجار ژن وەک تاک لە ناو ئەو دەستانەی کە تەوقی کردووە! بڕیارێکی بە ئیرادە کاریگەرییەکانی خۆی بەهێزتر و ئاڕاستە کراوتر دەبن بەرەو ئامانجەکان.

  • رۆڵی ناوەندە ئەکادیمیی و سیاسییەکان و کۆمەڵگە چۆن ژن هەڵدەسەنگێنێت لە کایەی رۆشنبییرییدا؟
  • رۆڵی ناوەندە ئەکادیمیی و سیاسییەکان رۆڵێکی چەقبەستووی ئایدیۆلۆژیی و لە ژێر سایە و پەیڕەو و پڕۆگرام و ئامانجی حیزب و پارتە سیاسییەکاندان، بەڵام دەشێت بڕێک جیاوازیی لەپشت ئایدیا کانیانەوە هەبێت، بۆ تیڕوانین لەبارەی ژن، لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانین وێنەی تەواو بەرجەستەکراوی ژن ببینینەوە لە ناو کیانێکی تۆکمەدا کە پێناسەی شوناسی ژن بکات، هەروەکو ناتوانین وێنەی تەواویی مافەکانی ژن بکەین لە ناو ئەکادیمیای پەروەردە کردنی حیزبەکاندا ئەگەر پیشاندانی تێپەڕاندنی کۆمەڵگەی ئایینیی و ئەخلاقیی و ئادۆلۆژییەکان بکات کە دەستکردی مرۆڤ خۆیەتی لە تەواویی کۆمەڵەگەکاندا، کۆمەڵگەی کوردیی-ش بێبەری نییە لەو پایە نزمەی کە چۆن مامەڵەی جێندەری لەگەڵ ژن دەکات لە تەواویی جیاوازیی ناوەندە سیاسییەکاندا بە هەمە لایەنەی بییر و باوەریانەوە، ئەمەیش بۆشاییەکە لە فیکر و فەلسەفەی حیزبەکاندا هەستی پێدەکەین مایەی نیگەرانییە کە ئەم ناکۆکیی و نایەکسانییە دەخرێتە سەر بار و نایەکسانیی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگە. ئەگەر ئێمە وای ببینین کە فێمێنیزم ئاوا بووە و بە جۆرێک وزەی لێ بڕاوە کە توانای خەباتکردنی نەماوە بۆ ژن، ئەوا مانای وایە دەبێت بە دوای ئەڵتەرناتیفی فیکرێک و خەباتێکدا بچین کە هیز و وزەمان پێدەداتەوە بۆ بەردەوامیی وەستانەوە لە بەرامبەر ئەو زۆرداریی و ئەشکەنجە و ستسمی بە خودی جەستەو دەرونیی ژن دەکرێت، ژنانی نێو ئەکادیمییەکان ژنانی تێکۆشەرن پەروەردە دەکرێن بە بییر و باوەڕی ئایدیۆلۆژیی پارت و حیزبەکان تاڕادەیەک دەتوانن پۆڵاین بن، لەگەڵ ئەوەشدا بەدەر نیین لە کێشە و دەستە پاچەیی جەبری ناو حیزب و دەسەڵاتگەریی پیاوانی ناو حیزب.

  • ئایا میدیای کوردیی توانیویەتی کاریگەریی هەبێت لە بەرەو پێشبردن و ئاراستەکردنی ژناندا بۆ ناو کایەیەی رۆشنبییریی؟
  • بەداخەوە میدیای کوردیی بە تایبەت میدیای بینراو، ژنی ون کردووە بەتەواوەتی ژنی کردووە بە کاڵا! بەجۆرێک کە لێوان لێوە لە گێژاو و خۆمەڵاسدانی ئەقڵی سێکسیی بۆ جەستەی ژن، پرسیاری ئاراستەکردنی ژنان بۆ میدیای کوردیدا سەرلەبەری قۆرخکردنی ئەقڵ و وشیاریی ژن و سەرقاڵکردنێتی بە جۆرێک لە مۆدێل پەرستیی. کە پەرچەکرداری چییەتی رۆڵی ژن و دیسپلینی هزریی بەشێوەیەکی نادروست.ئەو کاتەیە کە کەناڵێکی راگەیاندن کە رۆڵی دەرکەوت و یان بەرنامەیەکی رۆژانە یان شۆ دەدات، بە ژن ئەم رۆڵە رۆڵێکی شایستە نییە، لە رۆڵی ئامادەگیی جەستەیی هیچی تر هەست پێ ناکەیت، وەک ئەوەی مەخلوقێکی دەستکردنی کەناڵەکە بێت وەهایە! لە ناوەوەدا ئەقڵ و فیکر غائیبە ژینگەی میدیای کوردیی ژینگەیەکی تاساندنی کەسایەتیی ژنە، چ وەک بەکارهێنانی توانا و وزەی ژن لە کاری ناپرۆفیشناڵییدا بارو دۆخی میدیای کوردیی پڕە لە درز و قڵیشی نایەکسانیی و نا مۆڕاڵیی و پڕە لە روخساری ون کردنی ئەقڵی ئازاد و فیکری ژن… هەر بۆیە میدیاش سەر لەبەری مامەڵەیەکی کولتووریی لەگەڵ ژن و جەستەیدا دەکات کەواتە لەسەر ستەیجی کەناڵەکان ئێمە بێجگە لە جەستە و و روخسارێکی ئارایشت کراو هیچ هەناسەیەکی بەرەنگاریی نابینین! لەگەڵ ئەوەی میدیا لە سەر ئاستی دونیا و گەلان و کۆمەڵگەکان خوڵقێنەری ئافاتە سیاسی و ناکۆکییەکانە بە رای پلۆرالیزم و پارادایمی فیکرییە وە داوای ئاشتیی و ئازدیی دەکەن، ئەقڵێکی ئازاد دەتوانێت ریسک بکات لە بەردەم دەربڕینی گشتیدا میدیای کوردی ئەقڵی ئازاد دەپوکێنێتەوە و ئاراستەکردنێکی بی مانای هەیە کە پڕە لە مانای پاشکۆیەتیی و نا رۆشنبییریی و نا پێویست بۆ ئێستای تاک بە گشتیی کە لە ناو ژاوە ژاوی هەڵبژاردەی سەیر و ئیزدیواجییەتدا دەژین.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Close
Close
%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: