ڕاپۆرت

“دەبێت تیشک بخرێتە سەر گەنجان کە بە ڤایرۆسی دەسەڵاتخوازیی و تاکگەرایی مێشکیان تێكنه‌دراوه‌”

ئا: ئازادیی کۆمه‌ڵگه‌

 

نووسه‌ران و چالاکانی سیاسیی، رایده‌گه‌یه‌نن: پێوه‌ندییه‌‌کی سیاسیی لە نێوان شارەکانی هه‌رێمی کوردسیاندا نییه‌، تا بتواندرێت پێشه‌نگایه‌تیی ناڕه‌زایه‌تیی بکرێت، دەبێت پارتی ئۆپۆزسیۆنیش خاڵێکی ئەرێنیی و پشت و پەنا بێت بۆ ناڕەزایەتییەکانی خەڵک.

ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌شده‌که‌ن‌: ده‌کرێ نوخبه‌ ئەو پێشەنگە خۆڕسکانە بن کە لە نێو دڵی کێشە و ناڕەزایەتییەکاندا بن، باڵام له‌ هەرێمی کوردستاندا نوخبە بووە بە کێشە، چونکە بێ فیکرە، بێ روئیایە و رۆشنبییره‌کانمان دەسکەلای دەسەڵاتن.

جه‌ختیشده‌که‌نه‌وه‌:  نوخبه‌ دەبێت پێش هەموو کەس، خۆی بە پەروەردەیەکی نیشتیمانیی و دیموکراتیکیی، پەروەردە بکات، لەپێنا و بەرژەوەندیی گشتیی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی و شکۆی گەل و کۆمەڵگەدا تێکۆشانی خۆی پێشات.

kejal heme reshidکه‌ژاڵ حه‌مه‌ڕه‌شید  چالاکوانی سایسیی، بۆ ئازادیی کۆمه‌ڵگه‌ له‌ قه‌یرانه‌کان ده‌د‌وێت: سەیر دەکەین بارودۆخی کوردستان لە قەیرانێکی هەمەلایەنەدایە، قەیرانی کۆمەڵایەتیی و جموجوڵ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، قەیرانی ئابووریی کە ئەمەیان زیاتر ڕوو بە دەسەڵاتە، قەیرانی مەعریفیی و فەرهەنگیی، قەیرانی دەسەڵات و سیاسەت و دەوڵەت، هتد… هەموو ئەم قەیرانانە کاری کردوەتە سەر ئەوەی کە بەرەنگار بوونەوە بەو بارودۆخە و یاخیی بوون و خۆڕێکخستن و هێنانە دەری بزووتنەوەی جەماوەریی و سیاسیی بۆ رووبەڕوو بوونەوەی ئەو بارودۆخە بە هه‌مان شێوە لە قەیراندایە، هەر بۆیە زۆر کات ئەو پرسیارە بە خەیاڵماندا دێت" باشە دەسەڵات بەو بارودۆخە خراپەیەوە، بەو هەموو شکستەوە لە ڕووی ئابووریی، کۆمەڵایەتیی و دیبلۆماسییەوە لە ئاستی ناوخۆ و ناوچەیی و نێو دەوڵەتییەوە کە لە هەموویاندا شکستی هێناوە وە میللەتیش بە هەموو ئەم شکست و لاوازیانەی دەسەڵات دەزانێت کەچی هێشتا میللەت خەڵک دەستەو ئەژنۆیە لە بەرامبەر وەلانانی ئەو دەسەڵاتە و جێگرتنەوەی بە سیستم و دەسەڵاتێکی باشتر. لە دێڕێکی کورتردا بڵێم کە کوردستان دەرگیرە لەگەڵ دەسەڵاتی دوو بنەماڵەدا ئایا بۆ ئیرادەی ٣ ملیۆن کەس ناتوانێت کۆتایی بە دەسەڵاتی دوو بنەماڵە بهێنێت؟

وتیشی: بارودۆخی کوردستان بەهۆی سروشت و کولتووری کۆمەڵایەتیی و سیاسیی خۆیەوە هەروەها بەهۆی ئەو بارودۆخە لە مێژینەی کە دابەشی کردوە و وای کردوە دوژمنی دەرکیی و وڵاتانی دەوروبەری هەبێت، لە ئێستاشدا وەک ڕۆشنە بەهۆی هاوکێشە سیاسییە نێو دەوڵەتییەکانەوە بارودۆخی کوردستان بۆ هەوڵدان بۆ ئاڵوگۆڕ هێجگار ئاڵوز و دژوار بووە. خەڵکی کوردستان لە باشوور ئەوە نییە تەنها لەبەردەم دەسەڵاتدا وەستا بێت، بەڵکو بەهۆی مورتەزەقەیی دەسەڵاتەوە یەکێ لەگەڵ ئێران و دەوڵەتی مەرکەزیی دا لە بەغداد ئەوی تریان گرێدانی خۆی بە خواست و داواکاریەکانی تورکیاوە کە لەهەر ڕوو بەڕوو بوونەوەیەکیان لەگەڵ فشار و ناڕەزایەتیی خەڵکدا پەنا دەبەنە بەر یارمەتی لەو دەوڵەتانەی دەوروبەر. بۆیە بەم هۆیانەوە لەوانەیە هەلومەرجی کوردستان بۆ ئاڵوگۆرکردنی دەسەڵات و خەباتی جەماوەریی و سیاسیی لەوانەیە زۆر جیاوازی هەبێت لەگەڵ هەر شوێنێکی تری ئەم جیهانەدا. بەو حاڵەشەوە کوردستان خاوەنی ئەزموونی خەبات و تێکۆشانێکی گەورەیە لە مەرحەلە جیاوازەکانی ژیانیدا. هەموومان ئەزموونی ١٧ی شوباتمان لە بییرە کە خەڵک بەو گوڕو تینەوە ڕژانە سەر شەقامەکان، بەڵام بەهۆی چەندین هۆکاری کوشندەوە وەک ئەوانەی لە پێشەوە باسم کردن شکستی هێناو خوێنی گەنج و منداڵی تیا رژا. دابەش بوونی کوردستان بەسەر زۆنی دەسەڵاتی حیزبەکاندا کاریگەرییەکی گەورەو کوشندەی داناوە لەسەر خەباتی خەڵک بۆ بەرەنگار بوونەوە، هەر ئەم دابەش بوونە وای کردوە کە ناڕەزایەتییەکان هەمیشە لۆکاڵیی بن و نەتوانێت سەرتاسەریی بێت هەر وەک ئەوەی لە ١٧ ی شوباتدا بینیمان.

وتیشی: خۆپیشاندانەکانی ساڵێک لەمەوبەری شارەکانی کوردستان، بەتایبەتی جوڵان و هاتنەدەری هەولێر لەژێر فشار و زوڵم و داگیرکاریی پارتییدا کە ئومێد بەخش بوو هەروەها شارەکانی تری کوردستان و بەتایبەتیش کە ژنان ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبوو لەو ناڕەزایەتییانەدا هێشتا نەتوانرا بە ئەنجام بگات، هێشتا کۆنێکشن لە نێوان هەولێر و سلێمانیی و شارەکانی تردا بە پێی پێویست نەبوو و هێرش و پێشێلکارییەکانی دەسەڵات توانی ئەو ناڕەزایەتییانەش لەبار بەرێت. ئەزموون و شکست و خوێن رژانەکانی خەڵک لەگەڵ دەسەڵاتدا زۆرن بۆیە ئاسان نییە خەڵک هەر ڕۆژە خۆی بداتە دەست خوێن رشتن و زوڵم و ستەمی ئەو دەسەڵاتە. نەریت و مامەڵە وڕۆڵی ئۆپۆزسیۆنیش بۆ خۆی بێ ئومێدیەکی کوشندەی داوە بە خەڵک کە لە کاتێکدا بوونی پارتی ئۆپۆزسیۆن دەبوو خاڵێکی ئەرێنی بێت و پشت و پەنا بێت بۆ ناڕەزایەتیەکانی خەڵک.    

ئه‌و چالاکوانه‌ سیاسییه‌ لایوایه‌ خۆپیشانده‌رانی ساڵانی 2011 – 2018 نوخبه‌بوون، وتی: بوونی نوخبە و دەستەبژێری کارا و چالاک و کاریگەر رۆڵی گرینگی هەیە لە بردنە پێشەوە و بەسەرکەوتن گەیاندنی ناڕەزایەتیی و بزووتنەوە جەماوەریی و سیاسییەکان. بەڕای من ئەو مامۆستا و کارمەندو کرێکار و ژن و چالاکوانانەی خۆپیشاندانەکانی ١٧ ی شوبات لە ٢٠١١ و ٢٠١٨ کە پێشەنگایەتیی ئەو خۆپیشاندانانەیان کرد ئەوانە دەستەبژێر و نوخبەبوون. دەستەبژێر مەرج نییە خەڵکی ئەکادیمیی و ئایدۆلۆجی و سیاسیی بن، ده‌کرێ دەستەبژێر ئەو پێشەنگە خۆڕسکانە بن کە لە نێو دڵی کێشەو ناڕەزایەتییەکاندا بن.

ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌شده‌کات، ده‌کرێ خەباتی جەماوەریی و  نوخبەی پێشەنگ پێویستی بە فیکر و فەلسەفە و ئایدۆلۆژیا نەبێت و بزووتنەوەی جەماوەریی سەرکەوتووش، بە نوخبەی کارا و کاریگەرەوە ئامادەیی هەبێت. ده‌کرێ فیکر و فەلسەفە و ئایدۆلۆژیایەکی گوونجا و کاریگەر بتوانێت نوخبەی چالاک و کاریگەر دروست بکات و جڵەوی ئاڵوگۆڕو بزووتنەوە جەماوەریی و سیاسییەکان بەدەستەوە بگرێت. وتیشی: ده‌کرێ بزووتنەوە جەماوەرییەکان بەبێ پابەند بوون بە فیکر و تێروانینێکی دیاریی کراو بتوانێت بێتە مەیدان و بەسەرکەوتن بگات. بزووتنەوە جەماوەرییەکان کە ئامانجی باشکردنی هەلومەرجی ژیانە، بەدەست هێنانی نان و موچەو ریفۆرمی کۆمەڵایەتییە یان بەدەست هێنانی ئازادیی و هەلومەرجی دیمۆکراتیی زیاتر، ئەگەر زیاتر لەمانەیش بڕۆین بۆ ئاڵوگۆڕی دەسەڵات و سیستمی سیاستیە بۆ بەدیهێنانی دەسەڵات و حوکمڕانییەکی باشتر پێویستی بە فیکر و ئایدۆلۆژیا نتیە، لە زۆربەی شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکان لە مێژوودا بە چینە ژێردەستەکان بەو کەس و جەماوەرانە دەستی پێکردوە خەڵکی مافخوراوو ڕەشوڕووتی کۆمه‌ڵگه‌ن.

ئه‌و ژنه‌، له‌وه‌شده‌دوێت "ده‌کرێ فیکر و فەلسەفەیەکی دیاریی کراو گونجاو کاریگەر بتوانێت نوخبە و دەستەبژێری کاریگەر و خۆڕاگر دروست بکات و پێشەنگایەتیی بزووتنەوە جەماوەریی و سیاسییەکان بکات و سەرئەنجامیش ئاڵوگۆڕی دەسەڵات و سیستمی سیاسیی بەدەست بهێنێت. لە شۆڕشی ١٩١٧ی ڕوسیا فیکری مارکسیی و سۆشیالیستیی توانی ئەمە بکات. هەر ئێستا فیکر و فەلسەفەی عەبدوڵا ئۆجالانە کە ڕابەرایەتیی و پیشەنگایەتیی گەریلا و شۆڕشی باکور و رۆژئاڤای کوردستان جڵەو دەکات. باشوری کوردستان ئەزموونی تاڵ و شکستخواردوی زۆرە لەگەڵ فیکر و ئایدۆلۆژیاکاندا بەتایبەتیی لەگەڵ فیکری ناسیۆنالیستیی و نەتەوەپەرستیی هەروەها لەگەڵ چەپ و مارکسیزمیشدا، بەڵام هێشتا زۆرێک لە ڕۆشنبییران و چالاکوانان و پێشەوای بزووتنەوە جەماوەرییەکان چاوەڕێی فیکری سیاسیی و ئایدۆلۆژیین تا بتوانن خۆیان و بزووتنەوەکانیانی پێڕێک بخەن."

 

که‌ژاڵ، رایده‌گه‌یه‌نێت: بوونی فیکر و بییروبۆچوونی جیاواز و هەمە ڕەنگ خۆی بۆ خۆی سیفاتی کۆمەڵگه‌یەکی دیموکراتیکە ئەگەر بە شێوەیەکی گونجاو مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. کۆمه‌ڵگه‌ ڕۆژئاواییەکان هەر بەوە توانیویانە گرەوبەرنەوەو بچنە پێشەوە، ئەوان پێکەوە گوونجانی بییروبۆچوونە جیاوازەکان و کولتوور و نەریت و ڕەگەزە جیاوازەکانیان و قبوڵکردنی تاکەکانیان وەک ئەوەی کە هەن کردوە بە بنەمای پێکهێنانی کۆمه‌ڵگه‌یەکی دیموکراتیی. بۆ بردنە پێشەوەی بزووتنەوە جەماوەریی و ریفۆرمی و سیاسییەکانیش پێویستمان بەم جۆرە هاوئاهەنگیی لێبووردەیی و گوونجاندنە هەیە هەرگیز ناکرێت و ناگونجێت بوەستین لەسەر ئەوەی کە کۆمه‌ڵگه‌ بگۆڕین بە یەک جۆرو یەک تایپی شۆڕشگێڕیی و سیاسیی تا ئاڵوگۆڕی پێبکەین ئەمە مەحاڵیشەو خەیاڵیشە، خۆ دواجار ئەوانە هەموو مرۆڤن و بەرژەوەندیی مرۆیی هاوبەشیان هەیە. کێشەکە ئەوە تا ئێستا بیروبۆچوونەکان لە کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمەدا زۆر توندڕەو عەقیدەیین.

جه‌ختیشیکرده‌وه‌: ئەگەر زیاتر بێمە سەر سیستمی دیموکراتیی لە ئێستادا وەک سیستمێکی باشتر لەوەی ئێستا کە هەیە دەکرێ سوود لە ئەزموونی کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان وەرگیرێت کە ڕاستەوخۆ خەڵک بە پێکهات و نەتەوەو ئایین و نەژادە جیاوازەکاننەوە سیستمێکی خۆبەڕێوەبەرییان دامەزراند هیچ هێزێک نەیتوانی رێگە لە بوونی ئەم سیستمە ڕاستەوخۆ دیموکراتییە بگرێت. ئەگەر ئیرادە هەبێت بۆ ئەم جۆرە لە کار و هەوڵدان هیچ دور نابێت بۆ نموونە لە شارەکانی سلێمانیی و دەوروبەری کە شوێنی ئۆپۆزیسۆن و ناڕەزایەتیی تووندن بتوانرێت ببنە خاوەنی دەسەڵاتی خۆجێی و سیستمێکی لەو بابەتە. کەرکوک بەو هەڵکەوتە جیۆگرافی و کۆمەڵایەتییەوەی کە هەیەتی شارێکی کێشە لەسەری هەستیارە لە ڕووی سیاسییەوە، لە هەمووی گرینگتر نەتەوەو پێکهاتە جیاوازەکان لەوێدا هەم ڕووبەڕون هەم لەبەردەم هەمان چەوسانەوەدان، بۆ ئەم هەلومەرجەی ئێستا سیستمی دیموکراتی ڕاستەوخۆ تەنها چارەسەرە کە بتوانێت خەباتی پێکهاتە جیاوازەکان بەیەکەوە گرێ بدات ولەو ئاڵۆزییە دەربازیان بکات.

نووسه‌رێک یه‌ک له‌ کێشه‌کانی فیکری سیاسیی له‌هه‌رێمی کوردستان، ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ نه‌بوونی پراکتیکیی تیۆریی، لاشیوایه‌ ته‌نها که‌سێک له‌و کایه‌یه‌دا جێگه‌ی تێڕامان و لێورد بوونه‌وه‌ بێت، ئۆجالانه‌.

zerdest nwredin

زه‌رده‌شت نوره‌دین، نووسه‌ر، ئاماژه‌ به‌ "بۆشاییه‌کی گه‌وره‌ی فیکریی" ده‌کات: پەیوەند بە پراکتیکی تیۆرییەوە، لێرەدا باس له‌ «دەبێت چی بکرێت؟» لەناو پراکتیکی سیاسییدا ناکەم؛ سەرەڕای ئەوەی ئەوە بابەتێکی سەربەخۆیە و لێرەدا ناکرێت بخرێتەبەرباس، ئەوا توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی تایبەت بەخۆی دەوێت کە لە هەرێمی کوردستان کام میکانیزم بۆ پراکتیکی سیاسیی چەپەکان دەگونجێت و دەشێت کار بکات، ئەمە جگە لەوەی رەنگە لە روانگەی هەر گرووپ و کۆمەڵەیەکەوە، وه‌ڵامدانەوە و لێکۆڵینەوە لە میکانیزمەکانی هاتنەدی و جێبەجێکردنیان بەگوێرەی هێڵ و ئاڕاستەیان جیاواز بێت.

زه‌رده‌شت، ده‌رباره‌ی پراکتیکی تیۆریی ده‌د‌وێت و لایوایه‌: لەو روانگەوە دەمەوێت فەهمکرێت. ئامانجەکانی پراکتیکی تیۆریی تا رادەیەکی زۆر لە رێگەی میکانیزمەکانی وەرگێڕان، نووسیین و لێکۆڵینەوە بە نێوانگری بییرکردنەوە لەناو نەریتی چەپ و مارکسیزم‌-دا دێتەدی.

به‌ ئازادیی کۆمه‌ڵگه‌ی راگه‌یاند: پێمخۆشە لێرەدا لە پەیوەند بە پراکتیکی تیۆرییەوە کە پەیوەندی راستەوخۆی بە نووسیینەوە هەیە شتێک لەسەر نووسیین لە مێژووی خۆماندا باسکەم کە کاریگەریی بەردەوامی هەیە و هەمیشە پشتگوێدەخرێت. دەشێت بڵێین میراتی نوسیین، دەربڕین و بییرکردنەوەی کوردیی میراتێکی شیعرییە، دەبێت ئەوەش بڵێم ئەم میراتە تەنیا وەک فۆرم شیعرییە و لەناوەڕۆکدا نەیتوانیوە شیعری بێت. مێژووی نوسیینی کوردیی پانتاییەکە کە شاعیرەکان تێیدا دیارتریین و زاڵترین روخسارن. ئەم باڵادەستییە بەرلەوەی خودی شاعیرەکان دروستیکەن؛ هەلومەرجی مێژوویی و شێوە ژیانی کورد کە شوانکارەیی، کشتوکاڵیی و کۆچەریی بووە دروستیکردوە. بە تەنیشت ئەمەشەوە بە گشتیی گەشەی مێژووی نوسیین لەسەر ئاستی جیهانیی، لە شیعرەوە و بۆ پەخشان، فەلسەفە و زانست بووە. ئەگەر شیعر بە یەکەم قۆناغی نوسیین لە قەڵەم بدەین، ئەوا کورد هێشتا بەتەواوی ئەم قۆناغەی تێنەپەڕاندوە. ئەگەرچی لە سەدەی بیستەوە فۆرمەکانی تری نوسیینی کوردیی دەردەکەوێت و بە دیاریکراویش لەدوای راپەڕینەوە لە باشوور گەشەدەکات.

وتیشی: بونیادی پەخشان پەیوەندی بە بونیادی شارنشینیی و جێگیربوونەوە هەیە. لەگەڵ گەشەی شاردا، پەخشانیش گەشەدەکات. لەم سۆنگەوە شیلینگ رۆمان کە پەخشانە، بە حەماسەی کۆمەڵگه‌ی بۆرژوازی ناوزەد دەکات. چیدی ئوستورە، داستان و حەکایەتەکانی شار، هەمان فۆرم، ناوەڕۆک و ستایلی گوندنشینیی وەرناگرن، بەڵکو لەگەڵ ئەوەی ژینگەی مرۆڤ دەگۆڕێت، گۆڕان بەسەر ناوەڕۆک و فۆرمی نوسییندا دێت. وەک چۆن شێوەی ژیان، بیناسازیی و پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی دەگۆڕێت بەهەمان شێوەش بونیادی نوسیین گۆڕانی بەسەردا دێت.

ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌شده‌کات: لەدوای راپەڕینەوە لە باشوور کۆهەوڵێک هەبووە بۆ تێپەڕاندنی قۆناغی نوسیینی شیعریی و چوونەناو قۆناغی پەخشانەوە. ئەم هەوڵانە لەڕووی فۆرمەوە تا ڕادەیەکی باش قۆناغی شیعرییان تێپەڕاندوە، بەڵام زۆربەی هەرە زۆریان هێشتا وەک بونیاد هەر شیعریین. ئەم نێوانە قۆناغەش بەشێکە لە گەشەی مێژوویی گواستنەوە لە شیعرەوە بۆ پەخشان. گواستنەوە لە شیعرەوە بۆ پەخشان تەنیا لەسەر ئاستی نوسیین ڕوونادات و ڕوودانی تەنیا لەسەر ئاستی نوسیین، قۆناغەکە تەواو ناکات. دەبێت ئەم گواستنەوەیە لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتیی، سیاسیی و ئابووریی ڕووبدات. لە کۆمه‌ڵگه‌ی یۆنانیی کۆندا ئەم گواستنەوەیە لەسەر هەموو ئاستەکان ڕوویداوە، بۆیە گواستنەوەش لە شیعرەوە بۆ پەخشان ڕوویداوە. لە کۆمەڵگه‌ی یۆنانییدا بینەری گواستنەوە لە میتۆسەوە بۆ لۆگۆس بووین. میتۆس کە جیهانی ئوستورەییە سەر بە قۆناغی شیعرە و لۆگۆس کە جیهانی تێهزرینە سەر بە قۆناغی پەخشانە.

لەم سۆنگەوە دەتوانین بڵێین کە زەمینەی تیۆریی بۆ هێنانەدی ئامانجەکانی پراکتیکی تیۆریی نەک فەراهەم نییە، بەڵکو هێشتا زەمینەکە بە توندی و بەتۆخیی دژی دەوەستێتەوە و رێگری لێدەکات. بە جورئەتەوە دەتونین بڵێین زەمینە بۆ هاتنەدی پراکتیکی سیاسیی لەبارترە تاوەکو بۆ جێبەجێکردنی پراکتیکی تیۆریی، ئەمەش ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە خودی زەمینە و ژینگە جیاوازەکانی هاتنەدییەوە نییە. ئەکتی پراکتیکی سیاسیی زۆر پەیوەست نابێت بە مێژووەوە و زیاتر هاوکاتیانە کاردەکات و ماتەوزەی ئەوەی هەیە لە لەحزەیەکدا بتەقێتەوە و کۆمەڵگه‌ بهەژێنێت. لەبەرئەوەی ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە غەریزەکانی ژیان و لەوێشەوە پێداویستییەکانی ژیان و بەرهەمێنانی ژیان و مانەوەی جۆری مرۆڤەوە هەیە. بۆیە ئەکتی پراکتیکی سیاسیی کەمترین بییر لەوە دەکاتەوە ئامرازەکانی فاشیستییە، پاتۆلۆژیکە یان هەرشتێکی ترە، بۆیە زووتر دێت بەدەستەوە و ئاسان تر ئەکچواڵ دەبێت. بەچاوخشاندنێکی خێرا بە ڕاپەڕین و یاخیبوونەکانی کوردا، لانیکەم لە سەدساڵی ڕابردوودا، دەکرێت هەست بەوە بکەین، پراکتیکی سیاسیی زۆر بەردەست تر بووە بۆ کورد؛ هەم لەبەر مانەوەی و هەم لەبەر جەوهەری پراکتیکی سیاسیی و لەوەش تێدەگەین کە بۆچی هەرکام لە شۆڕشگێڕە گەورەکانی کورد بەبێ ئەوەی دەقی گەورەی پراکتیکی سیاسییان نووسییبێت یان تێز و تیۆری تایبەت بەخۆمانیان بەرهەمهێنابێت، دەستیانداوەتە شۆڕش و راپەڕین. هەربۆیەش ئەگەر سەیری ڕابردووی نوسیینی سیاسیی خۆمان بکەین وەک تیۆر و بییرکردنەوە؛ بیابانێک دەبینین و تاکە شتێک لەو نێوەندە جێگەی رامان و لێوردبوونەوەیە ئۆجالانە.

 ئه‌و نووسه‌ره‌، هێما بۆ ئه‌وه‌شده‌کات: بۆ پراکتیکی تیۆریی دۆخەکە بەجۆرێکی ترە؛ دەشێت بڵێین هەموو شتێکی ئێمە ئیمکانی ئەوەی تێدایە وەرگەڕێت بۆ بەربەست لەبەردەم پراکتیکی تیۆری رزگارییدا. ئەوەش ڕوونە بەبێ پراکتیکی تیۆری ڕزگاریی، هیچ گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە نایەتەئاراوە کە بە ئاڕاستەی ڕزگاربوون لە هەموو فۆرمەکانی چەوساندنەوەدا کار بکات. بۆ نمونە سەیری ڕاپەڕین بکە، خودی ڕاپەڕین وەک یاخیبوونی خەڵک، رووداوێکی ڕاستەقینە بوو و ئەکتێکی واقیعی پراکتیکی سیاسیی بوو. لێ سەیرکە بەرەو چی وەرگەڕا، بونیادی مێژوویی-کۆمەڵایەتیی خێڵەکیی و ئایینیی ئێمە ئەوەندە بەهێزبوو، ڕاپەڕین نەیتوانی کورد بگوازێتەوە بۆ ناو قۆناغێکی مۆدێرن کە وەک ماتەوزە ئەو ئیمکانەی هەڵگرتبوو.

 shwan Ebdwla

 شوان عه‌بدوڵا ‌حه‌مه‌د، مامۆستای زانکۆ، به‌ ئازادیی کۆمۆمه‌ڵگه‌ی راگه‌یاند: ئێستا، لەراستییدا لە هەرێمی باشوری کوردستاندا، نوخبە خۆی بووە بە کێشە. چونکە بێ فیکرە، بێ روئیایە، خۆی فرۆشتوە. رۆشنبییر و بییرمەندەکانمان دەسکەلای دەسەڵاتن. بۆ پلە و ئیمتیازی تایبەتی ئیداریی و مووچەی ژێربە ژێر، خۆیان بە دەسەڵات فرۆشتوە.

ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌شده‌کات: نوخبه‌ خۆی لە 'گەل' و لە کۆمەڵگە دابڕیوە، پێیوایە ئەو لەسەرو 'گەل' و کۆمەڵگەوەیە. نوخبه‌ بە خۆی دەڵێت 'ئێمە' و بە گەل و کۆمەڵگەش دەڵێت 'ئەوان'. واتە خۆی بە تاکێکی ئەم کۆمەڵگەیە نابینێت. بە پێچەوانەوە، فیز بەسەر کۆمەڵگەدا لێدەدات و هەوڵ و ماندوبونێکی خۆی بۆ دەستکەوتی کەسیی، بە گەل دەفرۆشێتەوە.

نوخبه‌ هەیە، هەرچی پیرۆزی نیشتیمان و گه‌لی خستویەتە ژێر پێی، و نوخبه‌یش هەیە بە ناوی نووسیین و ئەدەبیاتەوە رەشبینیی و بێهیوایی لە ناو گەل و بەتایبەت گەنجاندا تەشەنە پێ دەدات. 'نوخبه‌' هەیە، سەرتاپا رادەستی دەسەڵات بووە. خۆ هەر سێ جۆرەکەی 'نوخبه‌یش' تەنها خزمەت بە دەسەڵاتی خۆسەپێن و بە داگیرکاریی دەکەن.

بێگومان نەبوونی ئاراستەیەکی فیکریی و ئایدیۆلۆجیی لە باشووردا نەک تەنها گەل و کۆمەڵگە بەڵکو 'نوخبه‌شی' بەرەو داڕمان بردوە. بە سەدەها خوێندەوار دەبینیت کە خوێندەوارییەکەیان خەسار کردوە؟! خوێندنەوەیان بۆ دەوروبەر و بۆ جیهان و بۆ رووداوەکان نییە. خۆیان رادەستی واقیع کردوە.

ئه‌وه‌شده‌خاته‌روو: هەڵبەت لەم گێژاوەدا، هەر 'نوخبه‌یه‌کیش' دەربکەوێت، بۆشاییەکی گه‌وره‌ی فیکریی پێوە دیارە. ئەم 'نوخبانە' لەبەرئەوە دروست نەبون کە دونیابینییان جیاوازە و دەیانەوێت خزمەتی گەل و کومەڵگە بکەن، بەڵکو لە ئەنجامی ململانێ و ناکۆکیی تایبەتیی ناوخۆیان و بۆ پچڕینی پارچەیەکی گەورەتر لە کێکەکە، دروست بوون.

شوان عه‌بدوڵا، وتیشی: رۆشنبییر و نووسەر و ئەکادیمیسته‌کانی ئێمە لە باشوور، لە ژێر هەژموون و شاڵاوی تاکگەرایی و لیبرالیزمی جیهانییدا خەوتون و خەسێنراون. ئەو 'نوخبه‌یه‌' پێیوایە دەستکەوتی تاکەکەسیی و تایبەتیی لە روی زانست و زانیارییەوە، دەیگەیه‌نێتە شکۆمەندیی لە دونیادا. بێخەبەر لەوەی کە شکۆمەندیی راستەقینەی مرۆڤ، پەیوەندیی توندوتۆڵی بە شکۆمەندیی گەل و نەتەوە و کۆمەڵگەوە هەیە. نووسەر، رۆشنبییر، زانا، ئەکادیمیست، ئەگەر بگاتە کەشکەلانی فەلەک، دواجار ئەگەر گەل و نەتەوە و کۆمەڵگەکەی لە دواکەوتوترین بارودۆخدابێت، ئەوسا ئەو هەرچییەکیش بێت هێشتا هیچە. چونکە ئەو هێشتا لەسەر کورد حیساب دەکرێت، شکۆمەندیی تاکیش پەیوەستە بە شکۆمەندی گەل و کۆمەڵگەوە. بۆیە زانایەک، نووسەرێکی ئینگلیز، ئەڵمانیی، رووس، دەتوانێت شانازیی بکات، بەڵام زانا و نووسەر و رۆشنبییری کورد، هەتا بارودۆخی گەلەکەی بەو شێوەیە بێت، شایستەی شانازیی بەخۆوە کردن نییە.

ئه‌و مامۆستایه‌ی زانکۆ بۆ ئازادیی کۆمه‌ڵگه‌ له‌وه‌شده‌د‌وێت: دەبێت 'نوخبه‌' لە 'گەل' دروست ببێت. واتە ئەم 'نوخبانەی' ئێستا هەن، دەبێت لەلایەن گەل و کۆمەڵگەوە شەرمەزاربکرێن، نابێت ئەمەیان لێ قبوڵ بکرێت. پاشانیش، ئەم 'نوخبه‌یه‌' لە گەل دەبێت پێش هەموو کەس، خۆی بە پەروەردەیەکی نیشتیمانیی و دیموکراتیی، پەروەردە بکات. لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی و شکۆی گەل و کۆمەڵگەدا تێکۆشانی خۆی پێش بخات. پاشان دەبێت تاکی کۆمەڵگە لە رێگه‌ی رێکخستن و ئەو پەروەردە تەندروستەی خۆیەوە، هۆشیاربکاتەوە. لە هەموو کار و تێکۆشانەکانیدا، کۆمەڵگە بێ جیاوازیی بە بنەمابگرێت. دوور بکەوێتەوە لە ئینتمای حیزبیی و بنەماڵەیی و تاکەکەسیی. دەبێت لەسەر بنەمای پێكەوە ژیانی چین و توێژەکان، تاکەکانی کۆمەڵگە لەگەڵ یەکتری و لەگەڵ نیشتیمان ئاشت بکاتەوە. هەموو ئینتیماکان بگۆڕێت بۆ ئینتیمای نیشتیمانیی و بەرژەوەندیی گشتیی. دەبێت گەنجان بەم فیکرە پەروەردە بکات، بۆ ئەوەی بەرژەوەندیی گەل و نیشتیمان و کۆمەڵگە بخەنە پێش بەرژەوەندیی خۆیانەوە. لە راستییدا، بۆیە دەڵێم گەنجان. چونکە هیچ هیوایەک بە نەوەی ڕابوردو نەماوە، واتە، نووسەر و ڕۆشنبییر و 'نوخبه‌ی' ڕابوردو و ئێستا، لێیان بێ هیوابوم، و ئەوان تازە بە دەردی دەسکەلایی بۆ دەسەڵاتەوە دەمرن. رۆشنبییر دەناسم، هەتا ئێستا نەیتوانیوە یەک تاکەکەس لە خێزانەکەی خۆیشی، هۆشیار بکاتەوە. ئیتر ئەمە هیوای چی لەسەر هەڵبچنرێت؟ بە سەدەهایان بۆ موچەیەکی تایبەت، بۆ پلە و پۆست، خۆیان فرۆشتوە. دەبێت ئەمانە شەرمەزار بکرێن.

جه‌ختیشده‌کاته‌وه‌: دەبێت (تیشک) بخرێتە سەر گەنجان و ئەوانەی کە بە ڤایرۆسی دەسەڵاتخوازیی و تاکگەرایی مێشکیان پۆغڵ نەبووە. ئەوانەی کە وەک لاپەڕەیەکی سپیی و نوێ، دەتوانرێت پڕبکرێتەوە لە خۆشەویستیی بۆ نیشتیمان و خزمەتکردنی کۆمەڵگە و بەرژەوەندیی گشتیی و بەرگریی کردن لە هەق. بە پێچەوانەوە، 'نوخبه‌ی' ئێستا وەک لاپەڕەیەکی لێهاتوە کە ئەوەندەی لێنوسراوە و سڕدراوەتەوە، ئیتر تەواو چرچ و لۆچ بووە و ئەگەر کەمێک فشاری لێ بکەیت، دەدڕێت و بەکەڵك نامێنێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Close
Close
%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: