دیدار: ئازادیی کۆمه‌ڵگه‌

کامه‌ران مه‌نتک، مامۆستای زانکۆ له‌م دیداره‌دا رایده‌گه‌یه‌نێت، قه‌یرانه‌کانی هه‌رێم بۆیه‌ چاره‌سه‌ر نه‌بوون، چونکه‌ ئه‌وانه‌ی سیاسه‌ت ده‌که‌ن له‌ کوردستان پێشینەی ره‌شیان هەبووە.

 

مه‌نتک، راشیده‌گه‌ینێت: دوای بیست و حەوت ساڵ ئەو ئەزموونەی هه‌رێمی کوردستان و ئەو هێزە بۆ دروستکردنی قەیران بەکارهێندراوە. ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌شی گرت: بەداخەوە یەکێک لەوانەی کە پێیان دەگوترێت دەستەبژێر یان رۆشنبییر یان ئەکادیمیی، هەریەک لەلایەن خۆیەوە هەوڵی داوە کە راستییەکان بشێوێنێت یان دەری نەبڕێت، ئەمە کارساتێکی گەورەی هێناوه‌.

ئه‌و مامۆستایه‌ی زانکۆ، جه‌ختیشکرده‌وه‌: ئەو حیزبانە بوونەتە کۆسپێکی گەورە لەبەردەم کورد! لە کوردستان-یش حیزب بوونی نییە؟! تەنها سیاسەتکردنی عەشیرەتەکانە؛ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سەرەتای حەفتاکان هەوڵیدا ئەو بییرۆکەیە بگۆڕێت، بەڵام دوای ساڵی 2000 خۆیشی بووە بە حیزبی بنەماڵە.

 

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شکرد: دەبێ ئەوەمان لەبەرچاو بێ، ئەوەی وایکردووە ئەو کێشەیە گەورەتر بێت، ئەوەیە کە نەتوانراوە لە دەرەوەی حیزبەکان بییربکرێتەوە و لە دەرەوەی ئەوان میکانیزمێکی دیکەدابڕێژرێت، پێویستە ئەوەی بییری لێ بکرێتەوە کە حیزبە بچووکان بخرێنە ناو ستراتیژێکی زۆر گەورەوه‌.

 

ئازادیی کۆمه‌ڵگه‌: دۆخی هەرێمی کوردستان بۆچی کێشەکانی ئه‌و‌هاوا گەورە بوون و گەیشت بە قەیران؟ ئایا لە فیکریی سیاسییدا شرۆڤەی ئەم باروودۆخە سیاسییە چییە؟

کامەران مەنتک: بە راستیی دۆخی کوردستان، هەر لە دوای راپەریینەوە کەوتە قەیرانەوه‌، ئەو ئەقڵیەتەی کە راپەریینی کرد نەیتوانی ئەو دۆخە تێپەرێنێت. دەزانیین دوای ئەوەی کە بلۆکی سۆڤیەت هەڵوەشایەوە و گۆڕانکاریی بەسەر سیاسەتدا هات، دواتر دۆخی سیاسیی و جیۆپۆلەتیکی جیهان بە گشتیی گۆڕانکاریی بەسەرداهات، بەڵام لە کوردستان ئەوانەی سیاسەتیان دەکرد نەیانتوانی ئەو دۆخە تێپەڕێنن، بۆیە بەهەمان قۆناغی شەڕی سارد خەباتیان کرد و سەرکردەکانی دوای قۆناغی راپەڕیین ئەوانە پێشینەی تاریکییان هەبووە، بەهۆی رووداوەکانی ساڵانی پێشتر بۆیە هیچ ئیدارەیەک نەبووە بۆ رابەرایەتیی کردنی کوردستان، ئەوەی هەبووە ئیدارەی هێزە ناوخۆیییەکانی هەرێم بوون بۆ ئەوەی ئەو ئامانجانەی هەیانە بیهێننەدی و کاری خۆیان بکەن، بۆیە دەبینین کە دوای هاتنە ئارای ئەو ئەزموونە راستەوخۆ ئەو دوو هێزەی کوردستان بەگژ پارتیی کرێکارانی کوردستاندا چوون. ئێستا دوای بیست و حەوت ساڵ ئەو ئەزموونەی هه‌رێمی کوردستان و ئەو هێزە بۆ دروستکردنی قەیران بەکارهێنراوە، دەزانین کە ئەو دۆخەی ئێستا ئێمەی تێیداین و ئەو قۆناغەی پێیدا تێپده‌ڕین دەتوانرا زۆر دەستکەوتی دیکە بهێنینەدی کە ئێستا هەمانە.

 

ئازادیی کۆمه‌ڵگه‌: هەرێمی کوردستان له‌ گێژاوێکی سیاسییدایه‌، بۆچی بەرەنگاربوونەوەیەکی بەهێزی کۆمەڵگە نابیندرێت؟ ئەم دۆخە تاچەند پەیوەستە بە نەبوون یان دەرنەکەوتنی نوخبەی پێشەنگ لەنێو گەلدا؟

کامه‌ران مه‌نتک: بەر لە هەموو شتێک دیارە خەڵکی کوردستان بێ هەڵوێست نەبووە، هەمیشە ئیرادەی هەبووە، بەڵام ئەو هێز و لایەن و کەسانەی کە دەیانویست ببنە جێگرەوەی ئەوانەی کە هەن، ئەوان کەسی راستگۆ نەبوون، ئەوەش بووه‌ هۆی ئەوەی خەڵک بێئومێد بێت! ئێمە دەبینین کە بۆ تۆڵەکردنەوە لە یەکێتیی و پارتیی خەڵک دەنگێکی زۆری دابه‌ بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵام دواتر گۆڕان نەک نەیتوانی بەرگریی لە خەڵکی کوردستان بکات، بەڵکو نەیتوانی بەرگریی لە ئەندامەکانی خۆیشی بکات؛ ئەوەیش وایکردووە کە بێ هیواییەک دروست ببێت. سەبارەت بە دەستەبژێری کوردیی-ش، بەداخەوە یەکێک لەوانەی کە پێیان دەگوترێت دەستەبژێر یان رۆشنبییر یان ئەکادیمیی، هەریەک لەلایەن خۆیەوە هەوڵی داوە کە راستییەکان بشێوێنێت یان دەری نەبڕێت، ئەمە کارساتێکی گەورەی هێناوە، ئێستا خەڵکی کوردستان لە قۆناغی بییرکردنەوەیە، نەک بێدەنگ بێت، بەڵکو نەک بۆ بانگەشە و بەدەستهێنانی پۆست بێت، نوخبەی راستەقینە ئەوەی لە کۆمەڵگە لە پشتپەردەکانن، ئەوانەن کە دیار نییە ئەوانەی دیکە وەک کادیرانی حیزبیی کە خۆیان بە نوخبە دەزانن ئەوانە رۆڵی نەرێنییان هەیە.

 

ئازادیی کۆمه‌ڵگه‌: ئایا بێ بوونی دەستەبژێرێکی پێشەنگ، دینامیکییەتی کۆمەڵگه دەکەوێتە جوڵەوە بۆ گۆڕانکاریی؟‌

کامه‌ران مه‌ندتک: بێگون دەبێ ئەوەمان لەبەرچاو بێ بۆ هەر جوڵانەوەیەک دەبێ پڕۆژەیەک و ستراتیژیێک هەبێ کە دەستەبژێرەکان بەرهەمی دەهێنن، بەڵام تاوەکو ئێستا ئێمە نەمانتوانیوە شتێک بەرهەم بێنین کە پێشەنگایەتیی خەڵکی کوردستان بکات بەراستیی ئێمە هەوڵ دەدەین کە سوود لە ئەزموونی خەڵکانی دیکە وەربگرین، بەڵام ئێمە تایبەتمەندیی دۆخی ئاڵۆزی کورد مان لە بییرکردووە، دەبێ بییری کوردیی لەناو خۆمان هەڵێنجین، بەڵام نەمانکردوە و چووین هێناومانە، بۆنموونە زیاتر خۆمان لە شیعر و ئەدەبیات داوە نەک لایەنی فیکر و فەلسەفە.

 

ئازادیی کۆمه‌ڵگه‌: وەک دەبینرێت؛ هاوکات لەگەڵ ئەو گرفت و قەیران و گێژاوەدا، کەچی بۆشاییەکی گەورەی فیکریی لە ئارادا هەیە. هەڵبەتە کە پێشەنگایەتی فیکریی دەروستنه‌بێت ئەوا بۆشایی رێکخستنیی درست ده‌بێت. لەم بارەیەوە دەکرێ بپرسین دەرنەکەو‌تنی نوخبەی پێشەنگ تا چەند پێوەندیی بەو بۆشاییە فیکرییەوە هەیە؟

کامه‌ران مه‌نتک: دەرنەکەوتنی دەستەبژێرەکان لەبەر ئەوەیە کە فیکر بوونی نییە، دەستەبژێری کورد هێشتا لە قۆناغی دیماگۆجیدایە، بۆیە نەیتوانیوە نوێنەرایەتیی ئەو قۆناغە بکات و بەرهەمی بهێنێت، نەک کارکردن بە ئەقلیەت و بییرکردنەوەی کۆن! دیره‌ لەگەڵ پەنجا شه‌ست ساڵ پێش ئێستا تەنها دەموچاوەکان و ناوەکان گۆڕاون، بەڵام ناوەڕۆکی هەر یەکە، هه‌ر بۆیە کارکردن لەسەر ماسەلەی کورد دەبێ لە رەگەوە گۆڕانکاریی بەسەردا بێت. راستە ئەو حیزبانە بوونەتە کۆسپێکی گەورە لەبەردەم کورد، به‌ڵام دەبێ ئەوەمان لەبەرچاو بێ، ئەوەی وایکردووە ئەو کێشەیە گەورەتر بێت، ئەوەیە کە نەتوانراوە لە دەرەوەی حیزبەکان بییربکرێتەوە و لە دەرەوەی ئەوان میکانیزمێکی دیکەدابڕێژرێت، پێویستە ئەوەی بییری لێ بکرێتەوە کە ئەو حیزبە بچووکانە بخرێنە ناو ستراتیژێکی زۆر گەورە نەک بکرێنە هەموو شتێک، ئێستایش نەک بۆشایی فیکریی، بەڵکو بۆشایی فیکریی و سیاسیی و ئابووریی و ئەخلاقیی هەیە وەک ئەوە وایە کە کۆمەڵگەی کوردیی لە سەرەتای قۆناغێک و لە کۆتایی قۆناغێکی دیکەدایه‌.  کورد بەسەر ئایدیۆلۆژیا و ئابووریی دابەش بووە، لە هەشتاکان ئایدیۆلۆژیای حیزبەکان پێشینەگەیشتن، شەڕیان لەسەر مارکس دەکرد کە تێی نەگەیشتبوون، دواتر بایەخ بە ئابووریی درا و دواتر بایەخ بە جیۆپۆلەتیک نەدرا کە دەبوایە سەیری بکرێت.

ئازادیی کۆمه‌ڵگه‌: بۆچی کەسایەتییە سیاسییەکان و پارتە سیاسییەکان بە راشکاویی و بەراستیی نەخشە رێگایەک‌ بۆ ئەم گێژاوە ناخەنە روو؟

کامه‌ران مه‌نتک: چونکە ئێمە نە کەسایەتیی و نە حیزبی سیاسییمان هەیە، ئەوانە لە دۆسیەی حیزبی بەعسدابوون و درۆ و سیاسەتیان تێکەڵکردووە! لە کوردستانیش حیزب بوونی نییە، تەنها سیاسەتکردنی عەشیرەتەکانە؛ یەکێتیی نیشتمانیی لە سەرەتای حەفتاکان هەوڵیدا ئەو بییرۆکەیە بگۆڕێت، بەڵام دوای ساڵی 2000 خۆیشی بووە بە حیزبی بنەماڵە. بۆیە لە کوردستان نە حیزبی سیاسیی بوونی هەیە، نە کەسایەتی سیاسیی بوونی هەیە

.

ئازادیی کۆمه‌ڵگه‌: بۆئەوەی گەلەکەمان لەم دۆخە دژوارە دەربچێت و گەل ببێتە خاوەن ئیرادەی بەرەنگاربوونەوە، دەکرێ چیبکرێت؟ دەستەبژێری پێشەنگ چۆن رۆڵی خۆی ببینێت؟

کامه‌ران مه‌نتک: پێموایە ئەوانەی بوونەتە پاشکۆی مێژوو، بەجێبمێنن و خەڵکی تر جڵەوی گۆڕانکارییەکان بگرنە دەست، بۆ میکانیزمییەکان و پشت بە تێگەیشتنی جیۆپۆلەتیک ببەستن و هەموو ستراتیژییەتی کورد لە بەرنامەی خۆی بگرێت و رەچاوی دۆخەکە بکات.

Leave a Reply

Your email address will not be published.