وتووێژ

کامیار سابیر: گەورەتریین خیانەت لەدۆزی سیاسیی کورد کرابێت، ئەو ریفراندۆمە موخابەراتییە ئەردۆغانییە بوو

 

وتووێژ: ئاسۆ جەوهەر

 

کامیار سابیر، ئاماژە بۆ ئەوەدەکات چەمکی خیانەت،  زۆر رووبەری سیاسیی داگییر کردووە! لە رووی کۆمەڵناسیی و ئەنثرۆپۆڵۆژییەوە، بووە بە خوویەکی ئاسایی لەناو جڤاکی سیاسیی کورد و تاکی کورددا. لە رووی کۆمەڵایەتییەوە و بە دیدی سایکۆلۆجیی، خیانەت، هەڵگەڕانەوەیە لە عورف و عەقدێکی  کۆمەڵایەتیی، بەڵام لە سیاسەتدا، پێشێلکردنی ئەو بەڵێن و پەیمانانەیە کە داوتە بە وڵاتەکەت، گەلەکەت، نیشتمانەکەت.

 

نووسەر لەم وتووێژەدا، جەختیشدەکاتەوە: خیانەت، لەناو مێژووی کورددا، لە ئاستی سیاسییدا، زیاتر حیزبێک یان گرووپێکی دەستڕۆیشتوو و ئەو چینە باڵادەستەی کە کۆنترۆڵی ئیدارە و سیاسەتی ناوچەیەک یان شارێکیان کردووە. میرە کوردەکان، لە سەردەمی پێش شەڕی چاڵدێرانەوە تا ئێستا (سیاسییەکانی کوردایەتیی)، ئەم کارەیان کردووە.

 

چەمکی خیانەت

پێشەکیی، چەمکی خیانەت،  لە ئەدەبی کوردییدا، زۆر رووبەری سیاسیی داگییر کردووە، بەڵام بە باوەڕی من لە کۆنتێکستی سیاسیی دروستدا بەکار ناهێنرێت. ئەوەی هەیە بە میزاجی ئەم حیزب و ئەو سیاسیی، فڵان و فیسار گرووپ بەکار دەهێنرێت. لە زمانی کوردییدا، ئەوانەی نەخۆشیی "زمانی پەتیی کوردیی" گرتوونی، چەمکی درێغیی، بەکاردەهێنن، لە راستییدا خیانەت، پێویستی بە تەرجەمەکردن و بە کورداندن نییە. لە زۆربەی زمانەکانی دەوروبەری گەلی کورد، هەر چەمکی خیانەت بەکار دەهێنن،  ئەوەی بە ئینگلیزیی پێیدەگوترێ بیترەیڵ یان ترییزن (Betrayal or Treason)، بەهەندێ جیاوازیی لە کۆنتێکست و مەغزای چەمکەکان بە گوێرەی هەلومەرجەکە(یەکێکیان وەکو ناو و ئەوی تریان وەکو کارکرد). وێڕای ناوەڕۆکی چەمکی خیانەت، لە کۆنتێکستی میزاجیی و بەرژەوەندیی و ناعەقڵانییشدا، بەکار دەهێنرێت.

 

"گەورەتریین خیانەت لە دۆزی سیاسیی کورد کرابێت، ئەو ریفراندۆمە موخابەراتییە ئەردۆغانییە بوو"

بە واتایەکی تر، لە وڵاتێکی دامودەسگاییدا، لە سیاقی سیاسیی و نیشتمانییدا کە بەرژەوەندیی گشتیی گەل، وڵات و خاک لەبەرچاو بگییرێ، بەکارهێنانی خیانەت زۆر جیاواز دەبێت لەوەی کە کۆمەڵێ ئایدیۆلۆژیست، نەتەوەپەرست، کەسانی عوصابیی یان مەذهەبیی بۆ ئەجێندای تایبەتیی خۆیان بەکاری بهێنن. رژێمی صەدام حوسێن، وێڕای ئەوەی تاوانی زۆر گەورەی دەرهەق بە عێراقییەکان بە گشتیی و گەلی کورد بەتایبەتیی کردووە، بەڵام بەپێی ستاندەردە جیهانییەکان، ئەوە خیانەت بوو کە هێزە کوردییەکان لە خەڵکی عێراق و وڵاتەکەی خۆیان کرد کە پێش سوپای پاسداران دەکەوتن بۆ گرتنی حاجی ئۆمەران و هەڵەبجە، یان لە هەشتاکاندا، کاتیۆشای ئێرانیان هێنایە ناو قووڵایی خاکی عێراقەوە و لە بیرە نەوتەکانی کەرکوکیان دا. بە پێچەوانەوە، لای نەتەوەپەرستەکانی کوردایەتیی، ئەم خیانەتە، بە قارەمانییەتیی و ئازایەتیی، تۆمار کراون.

 

بۆ نموونە، لای من ١٦ ی ئۆکتۆبەر نەک هەر خیانەت نییە، بەڵکو ئەوانەی کە خوڵقاندیان و ناتوانن داکۆکیی لەو ئەکشنە سیاسیی و عەسکەرییە عەقڵانییە بکەن،ئەمانە خائینن وخیانەتیان لە پێشمەرگە و لە کەرکوک و لە قەضییەی سیاسیی کورد کردووە کە پێشتر، دوای حەماقەتی ریفراندۆم کەوتن و لە سلێمانییەوە، زەماوەند و رەشبەڵەکیان بۆ قائیدی فاشیلی کوردایەتیی، سازدا.بە باوەڕی من، گەورەتریین خیانەت لە دۆزی سیاسیی کورد کرابێت، ئەو ریفراندۆمە موخابەراتییە ئەردۆغانییە بوو. بە واتایەکی تر، عەقڵانییەت ئەوەیە کە تۆ بەشێک بیت لە وڵاتێک و بەشداری پرۆسێسی سیاسیی ئەو وڵاتە بیت و لە بەغداد و لەناو سوپای عێراقدا، نوێنەرایەتییت هەبێت، چۆن باسی خیانەت دەکەیت. راستییەکەی ئەوەیە، ئەم جۆرە تێڕوانیینە بۆ خیانەت، بە گوونی دۆشاویی کوردایەتییەوە، دونیا دەبیینن.

 

"کوردی پارچەکانی تر، بکوژیت، ببڕیت، تێرۆریان بکەیت، زیندانیان بکەیت، ئەمە خیانەتە"

لە فۆرەمێکی جیهانییدا، بڵێی خیانەتکرانی ١٦ ئۆکتۆبەر ئەمەیان کردووە، جڕتت بۆ رادەکێشن، چونکە ئەمە بەس بەرهەمی تەخەلوف و حەماقەتی سیاسیی فاشیزمی کوردایەتییە. بە دەستور و ئیعازی ئەردۆغان و بگرە بە تەحالوف لەگەڵ داعشدا، کوردستانی عێراق بە کەرکوکیشەوە خرایە ناو قومارێکی سیاسیی و عەسکەریی گەورەوە بۆ هەندێ مافیای میلیاردێری کوردایەتیی و سوڵطانی نیوعوثمانییەکان و هەندێکۆمپانیای نەوتی روسیی و بە دەستلەپشتدانی هەندێ لۆبیی رادیکاڵی یەهوودییەکان، ئایا ئەمە خیانەتە یان ئەوەی بە پێی دەستوری عێڕاق، کەرکوک ناوچەی جێناکۆکە(نەک قسەی قۆڕی دابڕێنراو) و دەبێ دەوڵەتی عێراق بە هاوکاریی هەرێم(؟) ئیدارەی ئەو ناوچانە بدەن. دەی سیاسییەکانی کورد، فێڵێان لە پێشمەرگە و لە خەڵكی عێراق و لە سوپای عێڕاق کرد و تەحالوفیان لەگەڵ داعش و ئەردۆغان و کۆمپیانیا تاڵانچییەکانی نەوتدا، هەبوو.

 

لە ئاستی نەتەوەییشدا(وێڕای مەطاطییبوون و بێناوەڕۆکییەکەی)، تۆ کوردی پارچەکانی تر، بکوژیت، ببڕیت، تێرۆریان بکەیت، زیندانیان بکەیت، بەس بۆ ئەوەی وڵاتەکانی تر(بەتایبەت تورکیا و ئێران) لێت رازیی بن، دەی ئەمە بە نۆرمی کوردەواریی و ژەهری کوردایەتییش بێت، ئەمە خیانەتە. لە کاتێکدا لە شەستەکانەوە تا ئێستا(٢٠١٩)، ئەمە پییشەی هەردوو باڵە کۆنسێرڤەتیزم و (ئەفەندیی و لیبراڵەکان)ی کوردایەتیی بووە.

 

"خیانەت لە مێژووی کورددا لە ئاستی سیاسییدا زیاتر گرووپێکی دەستڕۆیشتوو کردوویانە"

خیانەت، لەناو مێژووی کورددا، لە ئاستی سیاسییدا، زیاتر حیزبێک یان گرووپێکی دەستڕۆیشتوو یاخود شێخ و عەشیرەتێک کردوویانە. بە واتایەکی تر ئەو چینە باڵادەستەی کە کۆنترۆڵی ئیدارە و سیاسەتی ناوچەیەک یان شارێکیان کردووە. میرە کوردەکان، لە سەردەمی پێش شەڕی چاڵدێرانەوە تا ئێستا (سیاسییەکانی کوردایەتیی)، ئەم کارەیان کردووە. زۆریینەی رەهای ئەکتەکانیان، مۆتیڤی طائیفیی و مەذهەبیی لەپشتەوە بووە. هەربۆیە کوردایەتییش بەتایبەتیی نوسخە ئەصییڵەکەی زیاتر پرۆ ئەردۆغانیی و پرۆ ناسیۆنالیزمی عەرەبیی-تورکیی-سوننییە. لە رووی کۆمەڵناسیی و ئەنثرۆپۆڵۆژییەوە، دەکرێ بگوترێ بووە بە خوویەکی ئاسایی لەناو جڤاکی سیاسیی کورد و تاکی کورددا، بەتایبەتیی مێژووی ئەم میرە بەکرێگییراوەکانی نێوان عوثمانییەکان و صەفەوییەکان، صەدان ساڵی خایاندووە. بەرژەوەندییش لە دیدی مرۆڤناسییەوە بۆ مرۆڤی کورد، ئەوە دەگەیەنێت، ئێمە بە تاک و بە گرووپ، نزیک بە هەزار ساڵە، باو و باپیرانمان، لە پێناو پارە و بەرژەوەندیی، بۆ نەیارەکانیان، هەمییشە، خیانەتیان لەیەکتر کردووە! دەی هەر ئەو هەموو خیانەتەی قیادییەکانی کوردایەتیی(لە هەموو باڵە جیاوازەکان) لە گەلی کوردی دەکەن، بەهۆی  بەرژەوەندیی دەیان میلیارد دۆلارییەوەیە. لە زۆر شوێن جەختم لەوە کردووەتەوە کە ئەوەی هێزەکانی کوردایەتیی، خیانەتیان لەگەلی کورد کردووە، هەرگیز ستەمی فاشیزمی عوروبیی و تورکیی، یان پانئێرانیزم، ناگات بە کارییبوونی ئەو خیانەتانەی کوردایەتیی لە کێشەی سیاسیی گەلی کوردی کردووە.

 

"خیانەت پێشێلکردنی ئەو بەڵێن و پەیمانانەیە کە داوتە بە وڵاتەکەت، گەلەکەت"

لە رووی کۆمەڵایەتییەوە و بە دیدی سایکۆلۆجیی، خیانەت، هەڵگەڕانەوەیە لە عورف و عەقدێکیکۆمەڵایەتیی، بەڵام تەوظیفی ئەمە لە سیاسەتدا، جودایە. لە سیاسەتدا، بە کورتیی دەکرێ بگوترێ پێشێلکردنی ئەو بەڵێن و پەیمانانەیە کە داوتە بە وڵاتەکەت، گەلەکەت، نیشتمانەکەت یان حیزبەکەت! سەرەڕای ئەوانەیش، هەمیشە فاشیزمی کوردایەتیی بەهەموو باڵ و ڤێرژنەکانیەوە، بیانوو دادەتاشن بۆ ئەوەی شەرعییەت بەو ئەکتە سیاسییانە بدەن کە چەند سەعاتێ پێشتر، بە خیانەت ناویان دەبرد.

 

  • لە شەنگال دیدە سیاسیی و فیکرییەکەی پشت ئەو بەرخۆدانەش، دەبێ بە تەقدیرەوە سەیر بکرێ"

لەگەڵ بەکارهێنانی ئەم چەمکە رۆمانسییانەدا (وەکو چەمکی بەرخۆدان و نووچدان) نییم. بۆ نموونە لای من موقاوەمەتی خەڵکی عەفرین بەرامبەر داگییرکاریی دەوڵەتێکی ناتۆ و وەستانەوە بەرامبەر ئەو هەموو وەحشە ئایدیۆلۆژیستە ئیسلامییانەی تێرۆریزمیان بە دیاریی بۆ گەلی کورد دەهێنا، هەرچەند موقاوەمەتێکی جەرییئانە بوو، بەڵام عەقڵانیی نەبوو. بە کورتییەکەی نەدەبوو صەدان کادیری باش و خاراو، بە کوشت بدەن، بەڵكو دەبوو زۆر زووتر لەگەڵ روسیا و سوریادا رێک بکەوتنایە و عەفرینیان تەسلیم بە رژێمی سوریا بکردایەتەوە. هاوکات، ئەو موقاوەمەتە کەم وێنەیەی کە گەریلاکانی پەکەکە و چەکدارە ئێزدییەکان کردیان لە شەنگال، دژ بە فاشیزمە دیینییە عروبییەکەی داعش، نەک هەر بەرخۆدانێکی زۆر مەزنە بەڵکو دیدە سیاسیی و فیکرییەکەی پشت ئەو بەرخۆدانەش، دەبێ بە تەقدیرەوە سەیر بکرێ. لە بەرامبەردا، تەنسیقی نێوان پێشمەرگەکانی کوردایەتیی و داعش(بە ئیرشاد و پلانی تورکیا) کە کارەساتی ئێثنۆسایدی ئێزیدییەکانی لێکەوتەوە، ناوی دەنێی خیانەت یان هەر شتێکی تر، گەورەتریین زیانی بە ئێزیدییەکان گەیاندو و گەورەتریین خزمەتیشی بە داعشی تێرۆریست و خەلیفە ئەردۆغان کرد.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Close
Close
%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: