وتووێژ

کامیار سابیر: رۆشنبییرمان بەمانا ئینتێلکچواڵییەکە بەمانا فیکریی و مەعریفییەکەی نییە!

وتووێژ: ئاسۆ جەوهەر

 

کامیار سابیر، له‌م دیداره‌دا رایدەگەیەنێت: رۆشنبییری کورد ئەوە نەبووە کە بتوانێت هاندەر بێت هه‌تا رۆشنبییریی کوردیی بخەنە سەر رێچکەیەک که‌ توانای بەرهەمهێنانی فیکر، توانای بەرهەمهێنانی کۆمەڵێک نووسەر و رۆشنبییری گەنجی هەبێت.

وتیشی: زانکۆ یەکێکە لە فاکتەرە هەرە سەره‌کییەکانی برەوپێدانی گەشەی فیکریی، مەعریفیی و زانستییش، ئەمە ئەگەر بەستانداردە جیهانییەکان بیپێوین، زانکۆکانی کوردستان بەشێکن لە وێرانترین و داماوترین و کۆڵەوارترین، زانکۆکانی جیهان!

کامیار سابیر، نووسەر، لەم دیدرەدا ئاماژە بۆ بێ فیکریی حیزبە کوردییەکان دەکات و جەختیش دەکاتەوە: مارکسیزم و کۆمیۆنیزمیش شتێکیان لەسەر ناسیۆنالیزم بۆگوتن نییە. ناسیۆنالیزمی کوردیی کە ئێستا لە یەکێتیی و پارتیی دا جێکەوت بووە، دەیانەوێت ئاگایی خەڵکی بەشێوەی گشتیی لە خوارەوە بێت! دەسەڵاتی کوردیی بە ئەجێنداوە کار لەسەر بە جەهلکردنی کۆمەڵگە دەکات! کار لەسەر ئەوە دەکات کە حەماقەتی فیکریی و حەماقەتی سیاسیی گەشە پێبدات! لە ئاستی فیکرییشدا تەواوی پارتیی دێمۆکراتیی کورستان و تەواوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان-یش بە هەردووکیان خاوەنی دە جوملەی موفید نیین لەسەر ناسیۆنالیزمی کوردیی، بەراستیی ناسیۆنالیزمی کوردیی ناسیۆنالیزمێکە خەریکی ئیهانەکردن و سوکایەتییە بەنەتەوەکانی تر.

 

– بۆچی لە هەرێمی کوردستاندا قەیرانی فیکریی هەیە؟ قەیرانی فیکریی خۆی کردەیەکی سروشتییە لە هەرێمی کوردستان یاخود بە ئامانج و بەپیلان و بەپلان ئەمە کراوە؟

کامیار سابیر: ئەگەر قسە لەسەر فیکر بکەی، پێموایە جیاوازییەکیان لەگەڵ فیکری سیاسیی هەیە، لایکەم کاته‌گۆریی(Category– الفئة- دەستەبەندیی)ە کانیان جیاوازە؛ فیکر بە گشتیی لە ناو کۆمەنیتەی کوردییدا و لە ناو کۆمەڵگەی کوردستاندا کە گەشەی نەکردووە، هۆکاری سەرەکیی بۆ لایەنی سیاسیی ناگەڕێتەوە، ئەوەندەی بۆ لایەنی کولتووریی دەگەڕێتەوە. ئەوە ئیشی ئێنتێڵەجێنسیا (Intelligentsia = نوخبەی رۆشبییریی – اهل الفكر)ی کوردییە کە ئەمەیان مۆبه‌ڵایز نەکردوە یان گەشە پێنەداوە یان بروەیان پێنەداوە! نەهاتووەتە ئەو ئاستەی کە لە ستانداردێکی گشتییدا بووترێت: فیکر لە کوردستانی عێراقدا، لە هەرێمی کوردستاندا ئەگەر وردتری بکەینەوە یان ئەوەی دەسەڵاتی کوردیی کۆنترۆڵی کردوە، هۆکارەکەی لاموایە بەشێکی زۆری هۆکاری کولتووریی و مەعریفییە، وەکو لەوەی هۆکاری سیاسیی بێت، بەڵام ئەگەر مەبەست فیکری سیاسیی بێت، لاموایە نەبوونی فیکری سیاسیی ئەوەی بە ئینگلیزیی پێدەوترێت: Political theory، ئەمە، من پێموایە خەتای سیاسەتی کوردییە، خەتای ئەو رۆشنبییرانەیە کە لە سیاسەتی کوردییدا قسەیان کردوە، خەتای ئەو نووسەر و ئەو ئینتێلکچواڵ و ئەکادیمیستانەیە کە لەسەر رەهەندە سیاسییەکان قسەیان کردوە.

فیکری سیاسیی گەشەی نەکردوە، فیکری سیاسیی دیارە مەبەستم ئەوەیە: لە هەر رەهەندێکی ئایدیۆلۆژییەوە دەیگری رەهەندی کۆمیۆنیستییەکەی، رەهەندە ئیسلامییەکەی، رەهەندە لیبراڵییەکەی و یاخود ئەوەی باویشە رەهەندی ناسیۆمالیزمی کوردیی. ناسیۆنالیزمی کوردیی دەکرێت بووترێت لە رووی فیکری سیاسییەوە، بێدەرەتانترین و کۆڵەوارترین ئایدیۆلۆژیای کوردستانە؛ ئەسڵەن هەر نییەتی! بەباوەڕی من چەند خەتای حیزبە سیاسییەکانە، چەند خەتای سیاسییەکانی کوردە و چەند خەتای فەزای سیاسیی کوردییە، ئەوەندەش خەتای ئەو نووسەر و رۆشنبییرانەیە کە قسەی جددییان لەسەر فیکری سیاسیی کوردیی نەکردوە.

 

– ئایا، یەک لەهۆکارەکانی قەیرانی فیکریی نەبوونی خوێندنەوەیە، یا کەمیی خوێندنەوەیە بەواتا فرەرەهەند و قووڵەکەی؟

کامیار سابیر: دەکرێت بڵێین وایە، لە گەڵتام تاڕادەیەک، بەڵام لە ئەدەبی ئینگلیزیی-دا شتێک هەیە پێیدەڵێن competition (پێشبڕكێ – مسابقة)، ئەم پێشبڕکێیە لە چ بوارێکدا بێت، هەتا لە بواری ئابوورییدا، بێت. بۆ نموو یەکێک لەو شتانەی کە سەرمایەداریی شانازیی پێوەدەکات لە بەرامبەر کۆمیۆنیزمدا ئەوەیە کە لە سەرمایەدارییدا پێشبڕكێ هەیە، ئەمە تاڕادەیەک واقعییە لە ئابووریی سیاسییدا دروستیی هەیە و رەوایی هەیە. لە سیاسەتیشدا هەروایە، لە خوێندنەوە و لە مەعریفەیشدا؛ هەر لە زانکۆکانی دونیادا پێشبڕکێیەک هەیە لە بەینیاندا بۆ ئەوەی credit (اعتبار)ی باشتر و بەرهەمێکی باشتر و فیکری باشتر بەرهەمبێنێت. لە بواری زانستییشدا هەر بەهەمان شێوە و لە توێژینەوە زانستییەکاندا لەبەرئەوەی پێشبڕکێ هەیە، بەردەوام شتی باشتر بەرهەم دەهێنێت. نەبوونی خوێندنەوە لە کوردستاندا بەشێکی بەهۆی فەزا سیاسییەکەوەیە، بەشێکی بەهۆی فەزا کولتوورییە کەیەوەیەتی و بەشێکی بەهۆی فەزا دیینییەکەیەوەییەتی، بەڵام لەسەرووی هەموو ئەمانەیشەوە بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە نووسەر و رۆشنبییری کورد، ئەوەی کە خۆی بەخاوەنی رۆشنبییریی کوردیی دەزانێت یان بابڵێین تانوپۆی رۆشنبییریی کوردییان گرتووە. تۆ بگەڕێرەوە بۆ شەستەکان بۆ حەفتاکان بۆ هەشتاکان و بۆ نەوەتەکان -سەدەی رابردوو- و دوو هەزارەکان، خەڵکی بەتوانامان نەبووە! رۆشنبییرمان بە مانا ئینتێلکچواڵییەکە بەمانا فیکرییەکەی و بەمانا مەعریفییەکەی بەڕاستیی رۆشنبییرمان نییە! راسته‌ ده‌وترێت رۆشنبییرانی کورد، رۆشنبییرانی گه‌وره‌ی کورد، به‌ڵام لاموایه‌ به‌و ستانداردانه‌ی باسم کرد رۆشنبییرمان نییه‌. ده‌کرێت بڵێین هه‌ندێک که‌س له‌ بوارێکدا تایبه‌تمه‌ندن و رۆشنبییرن له‌و بواره‌دا، به‌ڵام رۆشنبییر به‌مانا ئینتێلکچواڵییەکەی،  به‌مانا فیکریی و مه‌عریفییه‌ پانوپۆڕه‌که‌ی لاموایە نەمانبێت. ئه‌مه‌ هۆکاری سه‌ره‌کییه‌ که‌ ئه‌م نووسه‌ر و رۆشنبییرانه‌ی له‌ رابردوودا هه‌بوون، نه‌بوونه‌ته‌ هۆکاری ئه‌وه‌ی که‌ پێشبڕکێیه‌ک بکرێت له‌ ئاستی فیکریی و کولتووریی و مه‌عریفییدا که‌ کۆمه‌ڵێک خوێنه‌ری جددیی دروست بکه‌ن، پێشبڕکێ بکه‌ن، له‌ پێناوی ئه‌وه‌ی فیکر و مه‌عریفه‌ی نوێ بهێننه‌ ئاراوه و به‌رهه‌م بهێنن. کۆمه‌ڵێک نووسه‌رمان هه‌بووه‌، کۆ‌مه‌ڵێک رۆشنبییرمان هه‌بووه‌ به‌ ستانداردی زۆربچووک و لۆکاڵیی، بگره‌ له‌ ئاستی شارێکدا یان له‌ ئاستی کومه‌ڵێک گرووپدا هه‌بوون، یان ئه‌وه‌ی پێیده‌وترێت نوخبه‌ی کوردیی، هه‌بوونه‌. هه‌مووی خه‌ریکی ده‌ست به‌یه‌که‌وه‌گرتن و به‌یه‌کداهه‌ڵدان بوونه‌ و گرووپی بچووک بچووکیان دروستکردووە له‌ ناو خۆیاندا؛ خوێنه‌ری جددییان زۆر که‌م درووست کردوه‌! ئه‌گه‌ر خوێنه‌ری جددیی نه‌بێت پێشبڕكێ روونادات و که‌ خوێنه‌ری جددیی نه‌بوو، به‌ رای من فیکر دروست نابێت.

 

زانکۆ و بە گشتیی ناوەندە ئەکادیمییەکانمان کوالێتی خوێندنی نزمە، هەروەها زۆر ترینی دەسگاکانی راگەیاندن، ناوەندی چاپ و بڵاکردنەوە و کتێبخانەکان داخراو یان وەستاون، ئەمانە زەخیرە سەرەکییەکانی فیکرن، ئەمە چۆن شرۆڤەدەکەیت؟

کامیار سابیر: لە هەموو دونیادا، دەکرێت بڵێین زانکۆ یەکێکە لە فاکتەرە هەرە سەرەکییەکانی برەوپێدانی گەشەی فیکریی، مەعریفیی و زانستییش. لە سەروی هەموویەوە ئەمە ئەگەر بەستانداردە جیهانییەکان بیپێوین، زانکۆکانی کوردستان بەشێکن لە وێرانترین و داماوترین و کۆڵەوارترین، زانکۆکانی جیهان! ئەمە بەتایبەتی لەسەردەمی دەسەڵاتی کوردییدا وای لێهاتووە؛ لە سەردەمی رژێمی پێشودا، رژێمی بەعث-دا زانکۆکانی کوردستان بە تایبەت ئەو زەمانەی زانکۆی سلێمانیی هەبوو، یەکێک بوو لە ئەرقا زانکۆکانی ناوچەکە، هەروەها زانکۆی بەغداد مان هەبوو، زانکۆی موسڵمان هەبوو، دواتر ئەوە بوو زانکۆی سلێمانیی گوازرایەوە بۆ هەولێر و هێشتا ئەو credit-ەباشەی هەر مابوو، هەتا روخانی رژێمی بەعث، بەڵام بەهاتنی دەسەڵاتی کوردیی پێموایە زانکۆکانی کوردستان رۆژ بە رۆژ و ساڵ بە ساڵ هاتنە دواوە! پاشەکشەیەکی هێجگار گەورەیان لە بواری چۆنایەتییدا کردووە، لە چەندایەتییدا ژمارەیان زۆر بووە، بەڵام کواڵتیی خوێندن لە زانکۆکانی کوردستاندا تادێت بەرەودواوە دەگەڕێتەوە؟! ئەمە لایەنی زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمیی و ئنستیتیوتە مەعریفییەکان.

ئەگەر بچین بۆ ناو جەوە راستەقینەکە، ئەوەی پێیدەوترێت ئەتمۆسفێری رۆشنبییریی کوردیی، دووبارە لەگەڵ کۆمەڵێک دەردە سەریی و کۆمەڵێک کێشەی سیاسیی و فیکریی و تەنانەت مۆڕاڵیی-شدا دەرگیر دەبیت! رۆشنبییری کورد ئەوە نەبووە کە بتوانێت هاندەری ئەوەبێت، کە ثقافةی کوردیی، رۆشنبییریی کوردیی، یان کولتووریی کوردیی -کولتووری کوردیی کە من مەبەستم لێرە دا kurdish Culture مەبەستم دووبارە رۆشنبییریی کوردییە- بخەنە سەر رێچکەیەک کە توانای بەرهەمهێنانی فیکر و توانای بەرهەمهێنانی کۆمەڵێک نووسەر و رۆشنبییری گەنجی هەبێت، ئەم شتە دووبارە بکەنەوە و بەرهەمیبهێننەوە و لایکەم نەوەیەکی نوێ دروست بێت. بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ بێدەرەتانی و کۆڵەواریی زانکۆ و ئنستیتیوتەکانی کوردستان، بەشێکی تریشی دەگەڕێتەوە بۆ هەلومەرجە سیاسییەکە و ئەو رۆشنبییرییەی کە لە کوردستاندا هەیە، ئەو نوخبە رۆشنبییرییەی بە حساب  تانوپۆی رۆشنبییریی کوردییان داگیرکردوە! بەشێکی زۆریان موبەیەعەچیی  -ئەوەی پێدەوترێت بەیعەچیی دەسەڵاتی کوردیی- بەشێکیان کۆمەڵێک خەڵکن ئیگۆ(Ego)یەکی کولتووریی و رۆشنبییریی واگەورەیان داوە بەسەر خۆیاندا کە لە قەبارەی خۆیان زۆر گەورەترە، بەڵام کاتێک سەیری تێکست و نووسیینەکانیان دەکەیت، بە راستیی مرۆڤ بەزەیی بە ئینسانی کوردیشدا دێتەوە!

 

– دەسەڵاتی کوردیی لە هەرێمی کوردستان بۆچی کار لەبارەی بێ فیکرکردن و قەیرانیی فیکرییەوە دەکات؟ تەناتەت کار بۆ دابەزاندنی ئاستی ئاگایی دەکات، ئەمە زیاتر رژێمە فاشیست و راسیستەکان بۆ بێ ئاگایی و بێ فیکرکردنی گەلەکانیان، دەیکەن، بۆچی؟

کامیار سابیر: ئەگەر رژێمی بەعث بەراورد بکرێت بەمانا، هێشتا لەسەردەمی رژێمی بەعثدا ئەو‌صاطی  ثقافی -نێوەندی رۆشبیریی- لەبرەوێکی زۆر زۆرباشتردا بوو، ئەمە بەشێکی پێوەندیی بە سەردەمی ئەو کاتە و سەردەمی تەکنەلۆجیای ئێستاوە هەیە؛ بەشێوەیەکی گشتیی خوێنەری جددیی کەم بووەتەوە، ئەمە راستە. ئەگەر بێینەوە سەر دەسەڵاتی سیاسیی کورد، ئەوەی کە ڤێرژنی کوردایەتیی، بە ناسیۆنالیزمی کورد کە ئێستا لە یەکێتیی و پارتیی دا جێکەوت بوونە، ئەم دوو حیزبە دەیانەوێت قورغی دەسەڵاتی سیاسیی بۆ خۆیان بکەن! لە پاڵ ئەم قورغە سیاسییەدا، قورغی ئابووریی کە بزنسێکی ئێجگارگەورەیە بە دەیان میلیارد دۆلار بزنسی نەوت و غازە؛ دەیانەوێت ئاگایی خەڵکی بەشێوەی گشتیی لە خواربێت! سەیری کادیرە کانی خۆیان بکەن، زۆر زۆر بەزەحمەت، لە ناو هەموو ئۆرگانەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتیی دێمۆکراتیی کوردستان، زۆر بەزەحمەت چوار کادیرت دەست دەکەوێت، هەر لەباری فیکریی و سیاسییەشەوە بۆ حیزبەکەی خۆیان گەشەیان کرد بێت. وێرانەیەکە ئەو سەری دیار نەبێت! رانتخۆریی بە رادەیەک ئینسانی کوردی داوەشاندوە! ئەم رەیعەتخۆرییە لاسایی کردنەوەی رژێمەکانی خەلیجە دەیکەنەوە، لاسایی شێخ نیشینەکانی خەلیج دەکەنەوە. هەندێک کەس پێدەڵێن سوڵتانیزمی سیاسیی، هەر چەندە من پێموایە سوڵتانیزمی سیاسیی دروست نییە، تەنانەت بۆ توکیاش. ئەوەندی پێوەندیی بە سیستمە خەلیجییەکانەوە هەیە، ئەوەندە پێوەندیی بە تورکیایشەوە نییە، ئەوەی کە دەوترێت سوڵتانیزمی سیاسیی زیاتر بۆ ئەردۆغان دەگەڕێتەوە، ئەردوغان-یش بە راستیی دەیەوێت جۆرێک لە خەلافەتی ئیسلامیی بگەڕێنێتەوە و ببێت بە سوڵتانێک.

من پێموایە دەسەڵاتی کوردیی، بەڵێ کار لەسەر بە جەهلکردنی کۆمەڵەگە دەکات! کار لەسەر ئەوە دەکات کە حەماقەتی فیکریی و حەمەقەتی سیاسیی گەشە پێبدات! لە ئاستی سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و کولتووریی و تەنانەت لە ئاستی هەرە خوارەوەی سێکتەره‌کانی  چڤاکی کوردیی-شدا، لەبەر ئەم هۆکارانە و هۆکاری تریش پێموایە، بەڵێ لەوەدا راستە دەسەڵاتیی کوردیی بە ئەجێنداوە کار بۆ ئەوە دەکات، ئەوەی عەلیی شەریعەتیی پێدەڵێت "بە ئستیحمار کردن"ی کۆمەڵگەی کوردیی دەکات، سودیش لەمە دەبینێت، ئەوەی پێدەوترێت کەراندن و تەهمیش کردنی کۆمەڵگەی کوردیی و بە جەهلکردنی کۆمەڵگەی کوردیی، چونکە تا خەڵک لە جەهالەت و دواکەوتوویی و نەزانییدا بێت! دەسەڵاتی کوردیی درێژەی زیاتر دەبێت. هەر کاتێک ئاگایی فیکریی و ئاگایی سیاسیی ئاگایی کولتووریی و مەعریفیی هەڵبکشێ، دەسەڵاتیش زیاتر دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە و دەکەوێتە ژێر فشارەوە.

 

– رەوشی سیاسیی، ئابووریی، کومەڵایەتیی و کولتووریی لە هەرێـمی کوردستان لە تەنگژەدایە، ئایا ئەنجامی بێ فیکرییە؟ یان بۆچی  رەوتێکی فیکریی نەبووە، ئەم تەنگژەیە بقۆزێتەوە یان چارەسەر بکات؟

کامیار سابیر: ئەگەر مەبەست تەنگژەی فیکریی بێت، دەکرێت بڵێین پرسیارەکە دەچێتەوە بۆ جوغزی ئایدیۆلۆژیی، مەسەلەن لە رووی ئایدیۆلۆژییەوە دەسەڵاتی سیاسیی کوردیی ئێستا دەستیگرتووە بەکۆمەڵێک چەمکەوە: چەمکی ناسیۆنالیزم و چەمکی ریفراندۆم و دەوڵەتی کوردیی و سەربەخۆیی ئابووریی…هتد. ئەگەر بڵێین لە ڤێرژنی ناسیۆنالیزمدا کورتی بکەینەوە و بە دەقیقییش لە ڤێرژنی کوردایەتیی دا، سەیری دەکەی نەیارەکانی ئەم ڤێرژنە، ئەم دەسەڵاتە زۆر لاوەزە! نەیارە سەرەکییەکانیان دەکرێت بڵێین ئیسلامییەکان و کۆمیۆنیزمە، جارێ لە هەموو دونیادا ئیسلامی سیاسیی و کۆمیۆنیزم ئەگەر بەرەو فەشەلی یەکجارەکیی نەچووبێتن، لە خەیری کارەسات و ماڵوێرانیی زیاتر شتێکی تریان بەدەست نەهێناوە؟! ئەگەر چاوەڕێی ئەوەبیت لە کوردستانی عێراقدا مۆدێلی یان بەدیلی ئیسلامی سیاسیی یان کۆمیۆنیزم، جێگەیەک بەم دەسەڵاتە سیاسییە و بەم ناسیۆنالیزمە لەقکەن، بە راستیی ئەمە جۆرێکە لە میتافیزیکا، جۆرێکە لە خورافات! بۆ ئەوەی ئەم دەسەڵاتە سیاسییە، نەتەوەییە، ناسیۆنالیستییە…هتد، نەک بڵێین کۆتایی پێبێنین، ئەگەر بڵێین سنورداریان کەین؛ باشترین میثۆد و باشترین ڤێرژن ئەوەی بە ئینگلیزیی پێدەوترێت پاترۆتیتیزم، دەبێت بەدیلێکی نیشتمانییت هەبێت لەسەر ئەساسی پێکەوە ژیان، لەسەر ئەساسی یەکتر قبوڵکردن، لە سەر ئەساسی یەکتر رەتنەکردنەوە، لەسەر ئەساسی تێکەڵاوبوونی نەژادەکان و دیینە جیاوازەکان و کولتوورە جیاوزەکان..هتد، هەڵاوردنێکی سیاسیی نەبێت. بە پێچەوانەوە ئستیجامێکی کولتووریی هەبێت؛ ئەگەر لێرەوە بگەڕێیتەوە دووبارە بۆ بەدیلی فیکر، بەڵێ بەدیلێکی فیکریی سیاسیی بۆ ئەم دەسەڵاتە نییە، تائێستا. هەیە لە ئاسی زۆر بچووکدا، قسە و باس دەکەن، بەڵام منەزەم و رێکخراو، بەشێوەیەکی ئۆرگانیزە کراو، بەرای من بوونی نییە.

 

– بۆچی حیزبەکان لە هەرێمی کوردستان کاری فیکریی ناکەن، یان بۆچی خاڵین لە فیکر؟ حیزبەکان فیکرێکی روونیان نییە؟ بۆچی ئەم حیزبانە لەرووی فیکرییەوە خۆیان ساغناکەنەوە، ئایا ئایینیی بن یان سیکۆلار بن؟

کامیار سابیر: پرسیارەکە زۆر گشتگیرە، ئەگەر من کاتەگۆرایزی پرسیارەکە بکەم، با لە ئیسلامییەکانەوە دەست پێبکەین، ئیسلامییەکان حیزبی ئایدیۆلۆژیین، حیزبی ئایدیۆلۆژیی-ش لە کوردستان و لە ناوچەکەدا دووبارە بەسەر دوو رەهەندی تردا دابەشبوونەتەوە تەشەیوع و تەسەننون، بە درێژایی مێژووی کورد لە ماوەی ئەم چەند صەت ساڵەی رابردوودا، بەتایبەتیش لە دوای شەڕی چاڵدێرانەوە، پێشتریش هەروابووە ئەو تەمەڕوودە کوردییانە و ئەو تەمەڕوودە شێخیی و عەشایەرییانە چەندێک باگراوندی نەتەوەیی یان ئەوەی پێی دەوترێت نەژادیی کوردیی هەبووە، زیاتر لەوە مۆتیڤی ئایینیی هەبووە و مۆتیڤە ئایینییەکەش بە حوکمی ئەوەی ئیمامی شافیعی سەر بە مەذهەبی سووننەیە، بەشێکی زۆری ئەم بزوتنەوە سیاسییە ئیسلامییانە لەرابردوودا ئەگەر بەشێوەی مونەزەم نەبوونە یان بەشێوەی ئۆرگانیزە نەبوونە و لەدەوری مەلا و شێخ  وتەسەوەف…هتد هەبوونە، بەڵام مۆتیڤە ناسیۆنالیزمەکەیان هەمیشە لەسەرووی هەموو شتێکەوە بووە. ئێستا یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، ئەوەندەی حیزبێکی مۆتیڤی سووننییە، من دەتوانم بڵێم فاشیزمی سووننیی بەو مانایەی وەکو ئەردۆغان بییردەکاتەوانێ و خۆی لەبەرامبەر حیلفی شیعیی دا راگرتووە و شیعە بەرەوافیز و زەندیق و فئیەضالە دەزانێت! ئەوەندە مەسەلە نەتەوایەتی و نیشتمانییەکە و تەنانەت مەسەلە دیینییەکانیشی بەشێوازە گشتگیرییەکە بەلاوە گرینگ نییە.

کۆمۆنیستەکان حیزبی ئایدیۆلۆژیین و لە تێڕوانینی ئایدیۆلۆژیاوە بۆ دونیا دەڕوانن، مارکسیزم و کۆمیۆنیزم بۆ خۆی لەسەر ناسیۆنالیزم بەتاڵە، بەشێوەیەکی گشتیی بەتاڵە، مارکسیزم و کۆمیۆنیزم شتێکیان نییە لەسەر ناسیۆنالیزم بە خەیری ریوایاتی ئایدیۆلۆژیی و شیعاراتی ئایدیۆلۆژیی.

هەرچی پارتیی دێمۆکراتیی کوردستانە کە هەڵگری شیعاری ناسیۆنالیزمی کوردییە و گوتاری زاڵی ناسیۆنالیزمی کودیی بەدەستەوەیە، بۆ پارتیی زیاتر مەسەلەکە تیجارەتە. ئەم حیزبە بەهەموو مێژووی خۆی کە خۆی بەخاوەنی قوتابخانەی سەرەکیی کوردایەتیی دەزانێت، خاوەنی دە جوملەی موفید نییە لەسەر ئەدەبیاتی سیاسیی ناسیۆنالیزم، هەر خاوەنی دەجوملەی موفید نییە. تەواوی پارتیی دێمۆکراتیی کورستان و تەواوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان-یش بە هەردووکیان خاوەنی دە جوملەی موفید نیین، لەسەر ناسیۆنالیزمی کوردیی لە ئاستی فیکرییدا دەڵێم، ئەوەی کە هەیە کۆمەڵێک شیعار و حەماسەت و خۆ گیڤکردنەوە و نەعرەتەی سیاسیی و نەعرەتەی ئایدیۆلۆژیی و رەقبوونەوە لە عەرەب و فارس و تورک و جوێندان و سوکایەتییکردن بەنەتەوەکانی تر، ئەمە ناکاتە ناسیۆنالیزم، بەراستیی ناسیۆنالیزمی کوردیی ناسیۆنالیزمێکە خەریکی ئیهانە کردن و سوکایەتییە بەنەتەوەکانی تر و جوێن فرۆشیی و قسەی بازاڕیی زیاتر… بە هەموو مێژووی ناسیۆنالیزمی کوردیی، خاوەنی تێکست نییە! ئیتر چاوەڕێی چی لە پارتیی دێمۆکراتیی کوردستان دەکەیت کە گوتارێکی بەتاڵ و حەتاڵە و گوتارێکی قالۆریی هەیە و گوتارێکی فۆرمیی هەیە، گوتارێکی ناوڕۆکیی نییە.

ئەوانەی پێیان دەوترێت ئەکادیمیستی کورد و رۆشنیبری کورد، ئەوەی لەسەر ئەم گەنوگوه‌ی ناسیۆنالیزم دەژی و رایعخۆرییە دەژیەت، نازانی چیدەڵێن؟! هەر هەڵیتو پەڵیت دەڵێن! قسەی بازاڕیی دەکەن، قسەی خورافات و شیعر و چیرۆک و پەخشان…هتد، دەڵێن. لێکدانەوەی فیکرییانە نییە، بەشێک هەیە رەخنەگری ئەم میثۆدە سیاسیی و فیکریی و ئایدیۆلۆژییەی پارتییە، بەڵام جورئەت ناکەن لەدەرەوەی گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردیی گوتارێکی نیشتمانیی تەبەنی بکەن. لێرەشدا جارێكی تر، هەر گوتاری زاڵی ناسیۆنالیزمی کوردیی بەدەست پارتییەوەیە، لە بێ زەخیرەیی نەیارەکانیدا، لە بێ تفاقی نەیارەکانیدا، لە کۆڵەواریی نەیارەکانیدایە کە ناسیۆنالیزمی کوردیی بەدەست پارتییەوەیە، هەندێکی تریش دەڵێن: ئەوەی پارتیی ناسیۆنالیزم نییە، هەر ئەمە بۆخۆی ئەو پەڕی سەرگەردانییە. ناسیۆنالیزمی کوردیی، من پێموایە راستییەکەی باشترین و سەرکەوتووترین و بەهێزترین ڤێرژنی ناسیۆنالیزمی کوردیی و کوردایەتیی ئائەوەیە کە پارتیی دێمۆکراتیی کوردستان بە دەستییەوەگرتووە، ئائەوەیە مورتەزیقەکانی پارتیی دێمۆکراتیی کوردستان لە کوردستانی سوریا کە لە ئەنەکەسەدایە یان لە دێمۆکراتەکانی کوردستانی ئێراندایە یان لەو حیزب و رانتخۆر و رەیعەت خۆرانەی کوردستاندایە، یان ئەو بەیعەچیانەی کە لە کوردستانی عێراقدا، هەلهەلە  و تەپڵ بۆ ئەم ناسیۆنالیزمە لێدەدەن، ئەمانە نوێنەری راستەقینەی ئەم ناسیۆنالیزمە کوردییەن، ناسیۆنالیزمی کوردیی لە قیمەیش بدەیت! لەوە زیاتری لێنابێتەوە و بیشی فلیقێنیتەوە! هەر ئەوەیە.

 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Close
Close
%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: