ن/شیرین تاهیر

 

ئەوەى ئەمڕۆ هەڵقوڵاندنەوەى جیاوازییەکان دیاریدەکات ئەو نایەکسانیەیە کە جێکەوتەکانى سەرمایەدارى لە دواى خۆى بە جێى دەهێڵێ، ئەو ڕووە دەمامکیەى فێمێنیستخوازى لیبرالیزم‌و مۆدێرنەى سەرمایەدارى‌و ئاکارپەسەندى ژنانى ئاینی بە سیستمەوە هاوبەند کردووە، مەعریفە شیکاریەکانى ژن ئەوەى بۆخۆى پڕ لە کێشە تر کردووە بتوانێ بە شێوەیەکى ڕەها گرەنتى مەعریفەیەکى یەکسانخوازى دەستەبەر بکات، چونکەئەوەى ‌وبۆتە ئەنجام لە ناو ڕەخنە فێمینیستیەکان-دا(feminist criticism ) ئەومەعریفە کاڵ‌وکرچە بێجوڵەیەیە کە پێمان وایە بە هاناى ژنەوەدێت، تەواوى بەرهەمى پۆلینکراوى گوتارى ژن لەسەر ڕەگەز‌ولەسەریاسادانراوەکان ئاوێزان دەکات بە ئەپستمۆلۆژیایەکى نەخۆشى سێگۆشەییەوە، ئەوەى لێرەدا لە ئاستى نزیکى ناسیندا قسەى لەسەردەکەین مەعریفە تیۆرى‌و کلتورى پراکتیکراوەکەى ژنانى ڕۆژهەڵاتە، بە سەرنجیشەوە (ژنى کورد) کە مەعریفەیەکى خۆپارێز ئامێزى ژیانى کۆمەڵایەتى‌و دۆخى سایکۆلۆژییە، بەو مانایەى ژنان بە چەقبەستووى لە سنورى سۆسۆلۆژیاى سیاسى و تێزى مۆدێرنەى لیبڕاڵى‌و دیموکراتیداماوتەوە، لە فۆرمێکى نیمچە داخراوى خۆڕێکخستن‌و دەربڕین بەولاوە گەشەیان نەکردووە، ئەوەى ئەمڕۆ لە ڕیزى خەباتى ژناندا دەبینرێ بریتیە لە جیاوازى کاتیگۆرى‌وبژاردەگەرایی لە ڕیزى حیزبەکان، ئەمەش وایکردووە بەش بەش لە خەباتى ئازادیى‌ویەکسانیدا توشى ساردبوونەوە ببن، لێرەدا مەسەلەکە پەیوەندى نیە بە پۆلینکردن‌و بەراوردکردن‌و پێوانەکارییەوە، بەڵکو لە هەرشتێک زیاتر پەیوەندى هەیە بەو ئامرازانەى وادەکەن کە زمانى شیکارى گوتارى ژنان‌ومەعریفەکەى تەرخانبکات بۆگوزارشت لە باسێکى سیاسى نامۆراڵ، ئەسڵى کێشەکەش وەک خۆى دەمێنێتەوە، کە دواجار وایکردووە ژن بە دۆخى لە دەستچووندا بڕوات، چونکە بە شێوەیەکى بەردەوام‌و چەسپاوو نەیانتوانیووە سوود لە قورسایى ئامانج‌وتێزە ژنانەکانى خۆى وەربگرێ، ئەم ئەزموونە بە پێى جیاوازى سیستمەکە‌و لێکدژى مرۆڤ وەک پێگەى ڕەگەز بە ستوونى دژبەرانبەرانە دەبینرێ، لێرەدا لە ناو سیاقێکى نەگۆڕدا جەوهەرێکى نەگۆڕ پیشان دەدات، کە ناتوانێت شوێنگەیەکى یەکسانیانە بۆ ئامانجە ژنیەکەى ببینیتەوە، کە لە ڕاستیدا واتایەک بسازێنێ کە لە فیمێنیستى کۆمەڵگاى کوردیدا بیدۆزینەوە، لێرەوە دەبێت ئەوە بڵێین تا چەندى تر دەتوانین ڕێگا ببڕین ‌وبە چەند گۆڕانى تر ژن-دەتوانێ جیاوازیەکان بۆ هەمیشە لە کۆمەڵگاى پیاوسالارى ئێمەدا بکاتە دەرەوە، لێرەوە دوو بەرئەنجام دەکەونە پشتەوەى مانادارکردنى ئازادى ژن: ئایا ژنان بە کەسێتیە ساکارەکەیان بۆ سەردەمى زێڕینى نیۆلێتیک ‌و ڕابردوویان بگەڕێنەوە یان بە فۆرمێکى داسەپاوو خانەدانەوە بەرەو پێشەوە باز بدەن، هاوسەنگى((equilibrium نێوان ئەم دوو ڕەهەندە هاوسەنگى ڕادیکاڵیەتى ژنۆلۆژى ‌وفێمێنیستە سۆشیالیستەکان‌وفێمینیستە لیبراڵەکانە، کەواتە ژنان لەگەڵ لە ئامێزگرتنى ئیڕادەدا لە نێوان ڕاکێشانى چەند سەرە پەتێکى گرێدراوى فیکریدان کە سەرێکى لە ڕیشەوە گۆڕانى وێنەکەى ژنە ‌وهەژموونى پارادایمى خۆى لە هەمووڕوویەکەوە پێ تەواو گشتگیرە لە بارەى هەبوونى ژنەوە، دەیەوێ پاریزگارى لە بنچینەوسیمبولیەتى ژن بکات لە پانتایى ڕەمزیدا بیهێڵێتەوەدەیەوێت پەیوەندى بەو جیهانەوە بکات کە جەخت لەسەر پاراستن‌و ڕاگرتنى بەهاسروشتیەکان‌و شوناسەتەواوونەگۆڕەکەى ژن دەکات، تا ڕادەیەکیش ڕێگە بە هەندێک ڕێسا دەدات لە ناو بە جیهانیبوونى ئامانجەکانیدا کە تا سنوورە بێکۆتاکان دەڕوات لە بەهاناچوونى ژنان، دەیەوێ ئەو پەردەدەمامکیەى بەردەم ئازادى ژن‌وئازارەکانى بدڕێنێ‌وهەمووئەو بەها لەدەستچووانەى کە لە ڕابردوودا هەیبووە بۆى بگێڕێتەوە، ناوەڕۆکى گوتارەکانیان گوتارى ڕادیکالیزمن، ئەگەرچى لە هەوڵى ساتەوەختى بوونیاتنانەوەدایە لەگەڵئەوەشدا لەسەر لێکدژى‌ودابڕانى مەعنەوى ژن(ئارامى دەروونى‌وژیانى ناوەکى) کارناکات‌وچاڵ‌و درزى نەهامەتیەکانى ژن بە دابڕانى میتافیزیکى‌وڕۆحى پڕناکانەوە، ئەم هەموو وردبوونەوەیە لە شوێن پێى بە جێماوو وێرانى ژن ‌و ئیفلاسبوونى واقیعى لە ڕووخسارى سروشتدا ‌وبۆ گەڕانەوى پێگەى ژنە لە ماناى ژیانى ئایدیالى پایەبەرزى سەرەتاییدا. لە لایەکى ترەوە بە وابەستەییەوە فیمینیستەکان لە گوتارەکانیاندا بۆ سەرچاوە سێکۆلاریزم‌و تێزە لیبراڵى‌و سۆشیالیستیەکان دەگەڕێنەوە، بۆ ئەو سەرچاوانەى یەکسانى کۆمەڵایەتى‌و ئازادى‌وبڕیارى ئازادى لێدەچننەوە، بەمەش لە ڕێگەى سنورێکى ناکۆکەوە خۆى جیانەکردۆتەوە لەو ئایدیانە. فێمێنیستى دەرفەتى ئەو توانایەى بۆژنان ڕەخساند تاڕادەیک بە شێوەیەکى ڕێژەیى ڕزگارییان ببێت لە قەتیسکردن‌ونەریتەباوەکان، هەرچەندە ژن لە داخوازییەکانیدا بە شێوەیەکى جدى تائێستاش توشى مەرگ‌و جیاوازى ڕەگەزى دەبنەوە، ئەوەى پەیوەستە بە وشیاریەى ژن ئەوبەشەکیە ئازادیەیە کە دەستى کەوت لە هەڵچوونى شەپۆلەکانى فێمینیستدا، هاوکات سەرەتاى پریشکى ئەو ئومێدبەخشیەش، وەک تێگەیشتن‌و سەیرکردنى مەودایەکى دوور وابوو، ژنى سەرقاڵکرد بە کولتورە ڕۆژئاواییەکانەوە، پێداگرى‌و ڕاستبوونەوەى نەریتە تیولۆژییەکانیش ژن-ى بەرەو دیوە تاریکیە کۆمەڵایەتیەکان بردەوە، کە ژن-لەم دۆخەدا لە گەڕان بە دواى ماناى مرۆیى خۆیدا ئەو ئیدیاڵە ڕەگەزییە بت ئاسایەیە کە لە بارێکى ناگەریگەر‌وناکاریزمادا توشى جۆرێک لە ڕاوەستان بووە، بە شێوەیەک ژنان بت ئاسا (fetish) بۆنەتە ئامرازوبەو سیستمە فیوداڵیە سەرمایەدارییەوە بەستراونەتەوە کە دروستکەرى ئازارومەترسى نەهامەتیەکانیانە، لەم دۆخەى ئێستاى باشووردا ژن لە دۆخێکى چیرۆکئاسادایە‌وپەیڕوى ئەو ڕێسایانە دەکات کە سیستەم لە شەربەتى جیهانگیریدا پێى نۆشدەکات، هاوشێوەى گشتتێتیەکى ڕووکەشى نوێى جوڵەى کۆمەڵگە نمایشێکى ئیختیارى دەکات واتە فۆرمى ژن- سۆبێکتێکى پەتى مردووى داسەپاوو خانەدارە، ئەم جۆرە لە تەمسیلە کۆتێگەیشتنى لیبراڵیانەى بەشێکى زۆرى ئێمەیە بۆ خەباتى فێمێنیستى ئەگەرچى تێڕامانى وردمان بۆى نیە‌و ئەم شەپۆلە بە هێزەوە هاتۆتە بوون‌و بە کاڵ ‌و کرچى لە ژیانى کۆمەڵگەى ئێمەدا گەشەى کردووە چ بە گوتار‌و چ بە کردار لە مەوداى کارکردنى خەباتى ژنان لە باشوورى کوردستان دۆخێکى ئینزیباتى‌وشتێکى هێندە گەورەى ڕانەماڵیووە کە پێناسەى زمانى فێمێنیستىبێت‌و تەمسیلى خەبات‌وڕۆڵەکەى بکات. پرسیار ئەوەیە کێ بەرپرسە لەو ڕەشبینیەى خودى ژنان توشى بوون لە ئاست حەقیقەتى فیکرى واقیعى مادیدا، کێ بەرپرسە لەو مۆدێلە فیکرانەى کە پەیامى ترسناکیان هەیە؟ لەگەڵ ئەم هەموو پرسانەشدا ئایا هێور هێور لەوە تێگەیشتووین دیدگاکان ڕەنگە پەیامى ترسناکیان لە پشتەوە هەبێ؟ ئایا لەناو ئەم هەموو پرسەى ژن-دا شتێک هەیە مایەى شانازى بێت بۆ خەباتى ژنان؟ دەشێ ڕێگاى گونجاو هەبێت بۆ مەسەلەى ئەزموونکردن‌و بە کردەیى کردن، دەبێت لە بزووتنەوەى ژناندا مەعریفەى خەبات‌و واقیعى ئاڵنکارى فەرامۆش نەکەین، دەبێت دان بە هەژارى ئەو فیکرانەدا بنێن کە ئایدۆلۆژیا زەبەلاحەکانى لە پشتەوەیە‌و ژن خۆى لەسەر پەروەردە کردووە بە شێوەیەکى کاڵ‌و کرچ، ڕەنگە ئاماژەى مەترسى‌و پەروەردەى ئەو فیکرەیە بەشێکى لەوەدا بوبێ کە ئیتر ژنان لە کائینێکى گوێڕایەڵى ملکەچەوە لە کۆمەڵناسى زهنى ئازادا لە گێژاودایە‌و بۆتە سۆبێکتێکى ناکارا، ئەم دۆخە فیتیشیزمە (بەکاڵابووە) ژنى کردۆتە تێکەڵەیەک لە مرۆڤێکى ئاماژە لەسەرى ترساوولەگەڵ مرۆڤێکى بە مۆدێلکراوى هەراش، چونکە هێشتا لەگەڵ بێئامانجى خۆیدا دەستەمۆیەو ترسى لە نوێبوونەوەى فیکر‌و وەرچەرخان هەیە، هەروەک ئەو کتێبە کاریگەرەى کافکا باسىدەکات: مرۆڤ بگوێزێتەوە بۆ پانتاییەک شتە بەستووەکانى ناخى تێک بشکێت. ئەمەش ڕەنگە لەم سۆنگەیەوە بێت ژن بیەوێ بنچینەى دیسکۆرسى فیکرەکان ‌وپەیامە کۆمەڵایەتى‌و سیاسیەکەى گۆڕانى بەسەردا بێت، سەربارى ئەمەش زانیارییەکان سەبارەت بە ڕۆڵى ژن لە مێژووى مرۆڤایەتیدا بە جۆرێکى دیکەن ناکرێ شتێک بن بە ڕێکەوت ڕوویان دابێت بە پشت بەستن بە زانستى ئەپستمۆلۆژیایوئەنتۆلۆژیا‌و ئەرکۆلۆژى.. لێرەدا بەر نهێنى فیکرى ژنۆلۆژى دەکەوین، کە ڕەخنەى سۆسۆلۆژى دەکات بەوەى نەیتوانیووە چارەسەرى کێشەى ژن بکات، پێى وایە سۆسۆلۆژى(زانستى کۆمەڵایەتى) دایکى زانستەکانە بەڵام دابڕاو لە کۆمەڵگە توێژینەوەو تاقیکردنەوەکانى ئەنجام داوە. ئەم هەژارییە لە زانیارى‌و ئەم چەوسانەوەیەى لە جیهانى سەرمایەدارى‌و هەیمەنەى دەوڵەت‌ولەناو سیستەمگەراییدا وایدەبینێ لە ڕێڕەوە تاریکەکانەوەولە کەنارەوە ژن دەناسێنێ! ئەو پێشترەى باسکرا زەمینەسازى کۆمەڵێک پرسیارە،ئایا ژن ڕاست پێناسە کراوە، ژن چییە، چۆن پێناسە کراوە، ئایا ژن بونەوەرێکى بایلۆژییە یان حەقیقەتێکى کۆمەڵایەتیە؟ بەمشێوەیە گەرمایى وەڵامى ئەم پرسیارگەلە لەوەدایە، ژن پێویستى بە ڕیفۆرم نیە بۆ وەرگرتنى مافەکانى.. ژن بۆ یەکتیڕوانینى لە مافەکانى پێویستى بە گۆڕانکارى ڕادیکاڵى (ڕیشەیى) هەیە لە بوارى زهنى‌و فیکریدا، بۆ سەندن‌و چەسپاندنى مافەکانى پێویستى بە ئەنتۆلۆژیایى (بوونناسى) ژن هەیە، شرۆڤەکردنى چییەتى ئەم هەموو پرسیارانە تاکوێ دروستن؟ ئایا لە ڕیشەوە‌و بە جۆرێکى ترو فۆرمێکى واقیعى تر بیانووییەکى ماتریالیستى‌وئایدۆلۆژیایى هەیە سەبارەت بە حەقیقەتى ژنۆلۆژى‌وئەو مێژووەى مەعریفە ئەپستمۆلۆژییەکەى لێهەڵهێنجاوە‌و ئەو فیکرەى پشتگیرى لەم چەمکە دەکات، ئایا ئەوەى فێمینیستەکان لە ماف‌وئازادییەکان پێشتر داوایان کردووە هیچ شتێک هەیە جێگەى بگرێتەوە، کاتێک بە شێوەیەکى گشتى ئەم چەمکە دەناسین ئاکامى ناسینى ئەم چەمکە لە پراکتیزەکردندا ئەگەرچى لە ئاستێکى گەشەکردووتریشدا بێت سەختە ببێتە بەدیلى دوالیزمە فێمێنیستیەکان، بەوەى چەمکى ژنۆلۆژى وا شرۆڤەى خۆى دەکات جۆرێکە لە وەرچەرخان‌ودەرکەوتنى ناڕەزایى لە سیستمى پیاو سالارى‌ودەوڵەتى نێرینەیى‌وسیستمى سەرمایەدارى، واتە لە مەعریفەکەیدا پشت بە گەڕانەوە دەبەستێ بۆ مێژووى سەردەمى نیۆلیتیک (سەردەمى دایکسالارى) لە سروشتەوە بۆ واقیع فیکرى ژنۆلۆژى گەشە پێدەدات، بە پێچەوانەى ئەوەى لە فۆرمەلەبوونى فیکرێکەوە واقیع دروستبکاتەوە، لە کاتێکدا ژینۆلۆژى پەیوەندى بە هزرى ماتریالیستى‌وئایدۆلیستى نیە، بە نمونە لە کتێبى (دەروازەیەک بۆ ژنۆلۆژى) کە لە نووسینى ئەکادیمیاى ژنۆلۆژیە هەڵوەستەیەکە بە شێوەى شرۆڤەیى لەبارەى گەڕانەوەى پێگەى ژن لەوفۆرمەى ئێستاى کە شێوەیەى پێگرتووە بۆ شوێن‌و پێگەى ئاستبەرزى ڕاستەقینەى خۆى، دابڕاوە لە داهێنان ‌و ئەو فۆرمە سروشتیە داهێنەرەى کە هەیبووە لە ڕابردوودا، واتە بەر لەوەى لە سۆبژێکتیکەوە بکرێنە ئۆبژە، ئەو پەرەسەندنە ژیانیەى لە قۆناغى کشتوکاڵیەوە مرۆڤى گواستەوە بۆ قۆناغى ڕاووشکار وایکرد مێژووى ژن بە قۆناغ توشى شکست ببێت، سیستمى پیاوسالارى باڵایى خۆیى پیشان دەدات بە ڕەهایى لە قۆناغە ئاینیە یەکتا پەرستەکاندا، دروستبوونى دەوڵەت کە لە هزرى میتۆلۆژیاوە سەرچاوە دەگرێ‌ولەسەر بنەماى تێکدانى سەردەمى نیۆلۆتیک بنیاتدەنرێ بە دیوە ئایدۆلۆژیاکەى میتۆلۆژیا یەکەمین دەزگاى شارستانى پێکدەهێنێ‌و یەکەمین شکست‌ودووەمین شکستى ڕەگەزى بە میتۆلۆژیاو دەرکەوتنى ئایین دەست پێدەکات. میتۆلۆژیا کە بۆتە بنەماى ئایین یەکەمین شکانەوەى ڕەگەزى لەگەڵخۆیدا دەهێنێ، دروستبوونى دەوڵەت کە تەواو هەژموونێکى پیاوانەى هەیە‌وهاتنە کایەى سەرمایەدارى‌و وەستانەوەى لە ڕووى چەمکە فیکرییەکان بە گشتى‌و شێوەى پاڵپشتى نواندن لە بزاڤەکانى ژنان، دەبنەوە بە تارمایى چەوساندنەوە، بە گشتى قۆناغى کەوتنى ژن پۆلین دەکات بۆ سێ قۆناغ (سەردەمى میتۆلۆژیا‌و سەردەمى ئاینەکان‌وسەردەمى کاپیتالیزم) لە ڕاستیدا ژنۆلۆژى لەتەک قڵپکردنەوەى شکستەکانى سەردەمى میتۆلۆژى وئاینى لە ئێستادا دەیەوێ شکستى سێیەم هەرەس پێ بهێنێ کە قۆناغى شکستى ژنە لە سەردەمى کاپیتالیزمدا. چونکە پێى وایە زۆربەى جڤاتە فێمینیستەکان لە سەراپاى جیهاندا بە شێوەیەک لە شێوەکان لە خزمەتى سیستەم‌و دەوڵەتدابوون کە مۆرکێکى تەواو پیاوانەیان لەسەرە بە تایبەتى لە دەوڵەتانى دیکتاتۆرى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دا، ژنۆلۆژى لە سەرەتادا کە وەک چەمکێک خۆى ناساند توشى هەندێک ئاستەنگ هاتووە لەلایەن گومانى فێمینیستەکانەوە بەوەى بۆ ئەوە چوون ئایائەوانە گروپێکن لە ئیسلامى یان ئانارشستی! لە بارەى ئەو ژنانەى لە ڕۆژئاوا خەبات دەکەن پێیان وابووچۆن دەکرێ ژن-چەک هەڵبگرێ کە لە قۆناغى گەشەکردنى ژن-دا سوپابوونى ژن هەنگاوى یەکەمینیەتى‌و دواتر بەپارتى بوونى ژن (ئایدۆلۆژیاى بەرەنگارى ژن )قۆناغى سێیەمى گەشەکردنى ژن ‌وسیستمى کۆنفیدراڵیکردن(خۆئۆتۆنۆمى بڕیاردانى ژنە). دابەشکردنى ئەم قۆناغانە تێگەیشتنە لە ئامانجى ژنۆلۆژى لە بارى دابڕان(سوپابوونى ژن) ‌ووەرچەرخانى پیاووهاوژیانى ئازاد(هاوژیانى ئازاد کە بە تەنها لە چوارچێوەى ژن‌ومێردا قەتیس نەکراوە بەڵکو ڕێکخستنى پێکەوە ژیانى تاکەکانە )‌و هەروەهالە ڕووى هزرییەوە کوشتنى عەقڵیەتى پیاوەتیە. ژنۆلۆژى ویستى ئەوەى هەیەدەیەوێ پەیوەندى دروست لەگەڵ چەمکى فێمینیستى ڕێک بخاتەوە چونکە پێى وایە ئەگەرچى فێمنیستى کەوتۆتە تەڵەى دەسەڵاتەوە‌وقەتیس بووە لە ئەکادیمیەکاندا، هاوکات بوون بە پاشکۆى سیستەم‌وڕۆڵى پێویستیان نەبووە لە وەرچەرخانى کۆمەڵایەتیدا، بەڵام توانیویەتى لە سەدەونیوى ڕابردوودا بە هاناى ژنەوە بێت‌و بەشێک لە تەوقەکانى چواردەورى ژن بپسێنێ وەک ڕاماڵینى دەمامکى باوکسالارى. ڕایەڵەى ژنۆلۆژى بە فێمینیزمەوە ئەوەیە لە توانایدایە فێمینیزم لەژێر دەستى سیستەمى دەوڵەتى پیاوسالارى‌و سەرمایەدارى دەربهێنێ. پەیوەندى ژن لەگەڵ ژندا پەیوەندییەکى یەکسانە لە چەمکى ژنۆلۆژیدا پلەبەندى هیرارکى بوونى نیە واتە پێگەى ژن لە یەک ئاستدا دەبینێ و ڕەخنە لە شوێنى ئەو پەیوەندیانە دەگرێ کە پێگەى هزرى چینایەتى گەشەپێدەدا لە شێوەى هەڕەمى سەردەست‌و ژێردەستدا، هەڵوێستەکانى بەرامبەر ژن لە کوالێتى تواناکانى ژنەوە سەرچاوە دەگرێ. لەسەروو هەموو ئەوانەوە ناکرێ دەستبەردارى تێڕوانینى عەقڵ بین‌وتێگەیشتنى ڕاست بۆ ڕاستکردنەوەى پێگەى ژن تێگەیشتنى عەقڵمەندانەیە بۆ ئایین‌و سیستەم. دیسانەوە پرسیار ئەوەیە ئایا ژنۆلۆژى لە شکستەوە ژن دەکاتەوە بە سۆبێکت؟ ئایا دەتوانێ مەترسیەکانى ژن بڕەوێنێتەوە‌و ماناو دەلالەتەکانى سیمبولى ژن بەسەر ‌وشە جێندەرى‌وچەمکە سیستەمگەراکاندا بسەپێنێت؟ لە کێشە فیکرى وفەلسەفیەکاندا سۆبێکتى ژن بە فیگەرێکى بەهێز دەبینێت، بۆ ئەوەى سۆبژەو ئۆبژە (کاریگەر‌وکارتێکراو) جیابکاتەوە دەخوازێ وزەى ژن پێناسە بکاتەوە، بۆچى وزەى ژن لە وزەى پیاو جیاوازە؟ وزەى ژن وزەیەکى شاراوەیە‌و فۆرمى وەرنەگرتووە، لە کاتێکدا وزەى پیاو وزەیەکى مادى شکڵگرتووە، وزەى ژن بەچاونابینرێ‌و بە جۆشترە، واتە وزەیەکى هەستیار‌وخوڵقێنەرو فرەلایەنەیە. سەرترلەوە سوڕى مانگانەى ژن جۆرێکە لە وزە‌ونوێبوونەوە، ژیرى هەستیارى هەیە کە پەیوەندى مرۆڤ لەسەر بنەماى هاوسەنگى بە سروشتەوە ڕێک دەخات، دەتوانین بڵێن ژنۆلۆژى ئەپستمۆلۆژیانە‌وئەرکۆلۆژیانە لە ژن دەکۆڵێتەوە‌و یونیڤێرساڵیانە ‌وئەنتۆلۆژیانە کار بۆ هەمووژنان دەکات، ژنۆلۆژى دەیەوێ بە هەموو ژنان بڵێ ئەو چرایەى کە کوژاوەتەوە دوا ئەزموونى ژن نیە بەڵکو لێرە بەدواوە جارێکى تر چراى تێکۆشان دادەگیرسێنێتەوە، خواستیەتى واقیعى ژن ڕزگاربکات‌ولە ئێستاو لەئایندەشدا بە فۆرمێکى تر ژن بباتە پێشەوە.هزرى ژنۆلۆژى ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە "ژنۆلۆژى ئەو مەعریفەیەیە کە لە دەستچووە، ساردو تەزیوە تەنها ڕووە شیکارییەکەى ماوە، کێ، بۆچى، چۆن، لە بەرامبەر چى ‌وبە کامە ڕێباز ‌وبۆچى ئامانجێک خۆ دەگەیەنێتە مەعریفە؟ ئەو مەعریفەیەى پێى دەگات بۆچى‌وچۆن بە کارى دەهێنێ؟ ئایا هەموو مەعریفەیەک کە وەکو هەندێ بزووتنەوەى فێمێنیست‌وپۆست مۆدێرن بانگەشە دەکەن، داخۆ مەعریفەیەکى دەسەڵاتدارین؟ بە بۆچوونى ئێمە ئەو تێگەیشتنەى کە دەڵێ (یەکسانى یەکسانە بە دەسەڵاتدارى، زانیارى زانست‌و مەعریفە یەکسانە بە دەسەڵاتدارى بۆ ئەوەش پێى ناگەین) بە هەموو شێوەیەک ڕەتدەکەینەوە، ئەوانە لە ڕوانگەیەکى ترەوەدەربڕوزمانحاڵى مۆدێرنێتەى سەرمایەدارین" ئایا ژنۆلۆژى هەڵگرى زانیارییەکى دروستە تابتوانێ وەڵامى هەمووپرسیارە بنچینەیى‌وئاڵۆزەکان بداتەوە، بۆچى ژنۆلۆژى پێى وایە خەباتێکى ڕیشەیى پێویستە نەک ڕیفۆرم؟ لەبەرئەوەى هیچ چونیەت‌وتازەگەرییەک لە خەباتى ژناندا لە ئارادانیە، دیدگاو خەباتى ژنان سەرلەبەرى خەباتى تەوژمئاساى جیاوازبوون بە قۆناغ دروستبوون‌وگەشەیانکردووە، لە سایەى مەعریفەى هەژمونکراوى خانەدانى سیستەمى پیاوسالارانەدا تەنانەت ژن- نەیتوانیووە بەشدارى لە گفتوگۆجەستەییەکەى خۆشیدا بکات، بۆ پێشخستنى ئەو خەباتە هۆکارى زۆر جیاواز هەیە کە بەشێکیان هۆکارى ئەرێنییەaffirmative)) ‌وپەیوەندییان بە جیهانى ناخى ژن‌وتوانستى شاراوەى ئەو جیهانەوە هەیە‌و دەبێت لەگەڵ مرۆڤایەتى ئاڵوگۆڕبکرێ، بەشێکى تریان پەیوەندى بە هۆکارە نەرێنیەکانەوەnegative) (هەیە، ئەو توندو تیژە جەستەیى‌ودەروونیانەى ڕۆژانە ڕووبەڕووى دەبنەوە لە چەوسانەوە‌وسوکایەتى وپوچگەرایى ئایدۆلۆژى‌و…، دواجار ژنى لە پرۆسەى سۆبێکت وەک پڕۆژەى داهێنان لە نێوان هەست‌و جەستە دابڕیووە، هەربۆیە لە دیدى چەمکى ژنۆلۆژىدا- پێڕەوکردنى ژنۆلۆژى، ژیان‌وعەشقە بۆ ئازادى، ڕاستترین ڕێگاى خەباتى هاوچەرخى ژنە ‌و ئەڵتەرناتیڤى هەموو بەهێزى ڕەهەندى ژنە.

Leave a Reply

Your email address will not be published.