گۆشەی ئازد

تێکشکانی بەرەی فاشیزم لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا

ئیدی گلۆڵەی بەرەی فاشیزم لە تورکیا بە سەرۆکایەتیی ئەکەپە – مەهەپە و ئەردۆغان و باخچەلی بەرەو لێژییە، نابێ ڕێگە بدرێت ڕاست ببنەوە.

سەردار ستار 

ئەنجامدانی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە ٣١ـی ئاداری ٢٠٢٤، کۆمەڵێک گۆڕانکاری نوێی لەگەڵ خۆی هێنایە پێش، کە تا ئاستێک چاوەڕوانکراو بوو. ڕاستییەکەی ئەو گۆڕانکارییە پێویست بوو لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ٢٠٢٣ـدا ببووایە، بەڵام بێتوانایی و پارچەبوونی بەرەی ئۆپۆزسیۆن، نەیتوانی ئەو شکانە بە بەرەی فاشیزم لە تورکیا بداتە خواردنەوە. لەلایەکی تریش سەرکەوتنی بەرەی فاشیزم لە هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی بە سەرۆکایەتیی ئەردۆغان بە جیاوازییەکی کەم، نیشانی دەدا کە تەمەنی دەسەڵاتەکەی ئەردۆغان – باخچەلی بەرەو لێژییە.

ڕێککەوتنی کۆمار لە پارتەکانی ئەکەپە و مەهەپە و پارتی گەورەی تورکیا و ڕەفای نوێ پێک هاتووە، لە بنەمادا یەک ڕەوت و هزرن. بەڵام هەریەکەیان بۆ ئەوەی بزانێت هێزی خۆی چەندە، لە هەڵبژاردن بە لیستی سەربەخۆ بەشدار بوون. لایەنی ئۆپۆزسیۆن هەرچەندە زۆر ڕێک نەبوون، بە سەرۆکایەتیی جەهەپە، لە داوی هەڵبژاردنی سەرکۆماری و بنکەوتنی کەمال کڵچدار ئۆغلو، بە تەواویی لەبەر یەک هەڵوەشایەوە، هەریەکەو بە ڕێگەی خۆیدا چوو. بە تایبەت ئی پارتی بە سەرۆکایەتی مەڕاڵ ئاکشەنەر بە تەواویی کەوتە سەنگەرگرتن بەرانبەر جەهەپە، بەڵام نەیتوانی شتێک گل بداتەوە، پێچەوانە ڕووبەڕووی پارچەبوون و هەڵوەشانەوە هات.

لەبەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی سەرکۆماری ڕەخنەیەکی زۆر بۆ ڕێککەوتنی بەرەی ڕەنج و دیموکراتیی هات، کە هەدەپە پێشەنگایەتیی دەکرد و بە پارتی چەپی سەوز بەشداریی هەڵبژاردنەکانی کردبوو، ئەویش لەلایەک کاندیدی خۆی بۆ سەرکۆمار نەبوو، هەمانکات نەیتوانی بوو ڕێککەوتنەکەی بپارێزێت، بۆیە بە لاوازییەوە ببووە بەشێک لە ڕێککەوتنی مێزی شەش لایەنیی، بەبێ ئەوەی پێگەی وەک پێویست دیار بێت. هەمانکات دیار نەبوو هێزەکانی مێزی شەش لایەنیی چیان پەسند کردبوو و جیاوازییەکانیان کامە بوون، بە تایبەت هەبوونی کەسایەتییەکی نەتەوەپەرستی شۆڤێنیستی وەک مەڕاڵ ئاکشەنەر و ئی پارتی، هەموو کەسێکی تووشی نیگەرانی کردبوو.

لەبەر ئەوەی ئەردۆغان چەکی یاسا و دەستووریش وەک کارتی فشار بەرانبەر لایەنە دیموکراتخواز و ئازادیخواز و هێزە کوردستانییەکان لە باکوور و تورکیا بەکار دێنێت، ئەمە وای کردبوو دەبێ هەدەپە خۆی سنووردار بکات، هەروەها پارتی چەپی سەوزیش پڕۆژەیەکی تەنگ بوو بۆ تێکۆشانی ئازادیی و دیموکراتیی لە تورکیا، بۆیە پێویستی دەکرد گۆڕانکارییەکی گشتگیر لە ڕێکخستن و سیاسەتدا بکرێت. ئەنجام لە کۆنگرەیەکدا پارتی یەکسانیی و دیموکراتیی گەلان بە کورتکراوەی (دەم پارتی) دامەزرێنرا، کە تونجەر باقر خان و تولای حاتەم ئۆغۆلاری هاوسەرۆکایەتیی دەکەن. ئەمەش گڕوتینێکی نوێی دایەوە بە بەرەی ئازادیی و دیموکراتیی و پێکەوەژیانی دیموکراتییانەی گەلان لە باکووری کوردستان و تورکیا. لەلایەکی تریش لەگەڵ هاتنەپێشەوەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، وەک یەکەم ئەزموون لە بزووتنەوە ئازادیخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستانیش، بۆ دیاریکردنی کاندیدەکانی هاوسەرۆکایەتیی و ئەنجوومەنی شارەوانییەکان، دەم پارتی هەڵبژاردنی ناوخۆی ئەنجام دا، بە بەشداریی زیاتر لە سەد هەزار کەس لە ئەندامانی لە شار و شارۆچکەکان. ئەنجام زۆربەی زۆری کاندیدەکان بە ڕێبازێکی دیموکراتییانە هەڵبژێردران، بۆیەش لە دەرەوەی یەک دوو کەسی چرووکی نموونەی ئەو پیاوەی لە باتمان هەڵبژێردرابوو، کە زۆر بێ­پێوان و بێ کەلتووری نەتەوەیی و دیموکراتیی و ئازادیی ژن بوو، ئەویش هەڵوێستی بەرانبەر وەرگیرا و لە دەم پارتی دەر کرا. ئەنجام دەم پارتی بە مۆڕاڵ و جۆشێکی نوێ خۆی بۆ کێبڕکێی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان ئامادە کرد.

پێویستە لە هەموو هەڵبژاردنەکاندا ڕێککەوتن ئەنجام بدرێت، دووبارە دەم پارتی ڕێککەوتنی لەگەڵ جەهەپە ئەنجام دا، بەڵام ئەمجارە بە شێوازێکی نوێ، کە هاوسەنگیی تێدا بوو، ئەویش بە ناوی ڕێککەوتن لە شارەکان، واتە لە کامە شار پێویستە چۆن پشتیوانیی یەکتری بکرێت، هەروەها پاش هەڵبژاردنەکان چۆن پێکەوە کار بکرێت؟ ئەمەش تا ئاستێک ئەنجامی گرت، بە تایبەت گەورەشارەکانی وەک ئەستەنبۆڵ و ئەزمیر و ئەنتاڵیا و مێرسین، جارێکی تر نەهێڵدرا بکەونەوە دەست ئەکەپە و ئەردۆغان. هەروەها لە کوردستانیش بە شێوەیەکی گشتیی دەم پارتی سەرەڕای هەموو فرتوفێڵ و تەڵکەبازیی و گواستنەوەی هەڵبژێری ساختەش، سەرکەوتنێکی بەرچاوی بەدەست خست.

دەم پارتی لە میراتێکی زیاتر لە ٣٠ ساڵ تێکۆشانی دیموکراتییانەی گەلی کورد و هێزە ئازادیخوازەکانی تورکیاوە دێت و خاوەنی ئەزموونێکی زۆرە، لەلایەکی تریش هاوسەرۆکانی خاوەن خەبات و تێکۆشانێکی بەرچاون لەپێناو چارەسەری پرسی کورد و دیموکراتیزەکردنی تورکیا. بە تایبەت لە ڕابردوو تونجەر باقر خان هاوسەرۆکایەتیی بۆ شارەوانی سێرت کردووە، هەروەها تولایش بە ڕەگەز عەرەبە و لە دەوروبەرێکی چەپ و سۆسیالیستە، ئەمە زیاتر هێزی سیاسی و خۆ بەڕێوەبردن و باوەڕبەخۆبوونی دەرخست.

پێویستە ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە لە تورکیا وەک پێشهاتێکی نوێ ڕاوەستەی لە سەر بکرێت، چونکە لە ئێستا ئەکەپە بۆتە پارتی دووەم، هەروەها ئی پارتی و مەهەپە و زۆرێک لە وردە پارتە نەتەوەپەرست و فاشیستەکان، ڕۆژە کۆتاییەکانی تەمەنیان دەژمێرن. لەلایەکی ترەوە جەهەپە وەک پارتی یەکەم سەرکەوتنی بەدەست خستووە، لە ئاستی گشتیی تورکیا و ئاستی کوردستانیش لە ئاهەنگەکانی نەورۆز و گردبوونەوەکانی هەڵبژاردن و درووشمەکانیان دیار بوو کە پارتی دەم دەبێتە پارتی یەکەم، ئەو کوردەی لە سەر ڕێبازی ڕێبەر ئاپۆ پێداگرە، تەنها سەرکەوتن شایستەیەتی. ئیدی نەخشەی سیاسیی باکووری کوردستان و تورکیا بەرەو گۆڕانکاریی دەچێت، پێویستە هێزە ئازادیخواز و دیموکراتخوازەکان ئەم گۆڕانکارییە بگەیەننە سەرکەوتنی یەکجارەکیی.

هەندێک لایەنی تریش وەک هێز لە ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە سەری خۆیان دەردەخەنەوە، وەک پارتی ڕەفای نوێ، کە ناکرێ هەروا بە ئاسایی ببینرێ، چونکە دەبێ بزانرێت فاشیستێکی وەک ئەردۆغان لەم قوتابخانەیە گەورە بووە، بۆیە نابێ بەهێڵدرێت بە خشکەیی لە کوردستان خۆیان بکەنەوە هێز، بە تایبەت کە ئێستا سەرۆکایەتیی شارەوانیی ڕوحایان بردووە.

وەک بەردەوام پەدەکە\ئێراق ڕۆڵە دژە نیشتیمانیی و کوردستانییەکەی خۆی بینیوە، لە ماوەی ٢٢ ساڵ تەمەنی ئەکەپە و ئەردۆغان، پەدەکە بە سەروماڵ پشتیوانیی لێ کردووە، تەنانەت چەندین جار مەسعوود و نێچیر چوونەتە باکوور بۆ پڕوپاگەندە و دەنگکۆکردنەوە بۆیان. هەمانکات چەندین جاریش مەسعوود سەرخێڵە بەکرێگیراوەکانی باکووری بانگی سەلاحەدین دەکرد، تا دەنگ بدەنە ئەردۆغان. لە ماوەی ئەم دوو هەڵبژاردنەی دواییدا، پەدەکە بە هاوبەشیی لەگەڵ ئەردۆغان دەیانەوێت حیزبوڵڵای دەست بەخوێنی کوردانی وڵاتپارێز سووری ساڵانی نەوەتەکان، ئێستا کە بەناوی هوداپار بەڕێکخستن کراون، کە لەلای خەڵکی باکوور بە حیزب و کۆنترا دەناسرێن، لەژێر پەردەی ئایینی ئیسلام و مەحافەزەکاریی زیندوویان بکەنەوە. دیسان لەم هەڵبژاردنە بە تایبەت پەدەکە ماوەی مانگێک بوو تیڤییەکانی بردبووە ئەستەنبووڵ بۆ پڕوپاگەندەی ئەردۆغان و ڕاگەیاندنی سەرکەوتنەکانی. لەگەڵ پەدەکە هەمان کات حیزبە بەناو ئیسلامیەکانیش لە باشوور بوونەتە ئۆرگانی ئەکەپە و حیزبولکۆنتڕا، شەو و ڕۆژ پڕوپاگەندەیان بۆ دەکەن. لەگەڵ ئەوەی مەترسیی حیزبولکۆنتڕا (هوداپار)، وەک هێزێکی چەتە و دژەکورد و ئازادیی ژن و دیموکراتیی و پێکەوەژیان دەبێ ببینرێت، هەمان کات دەبێت ڕۆڵی پەدەکە و ئەو هێزە بەناو ئیسلامییانەش ببینرێت کە بوونەتە ئاشقی بکوژی کوردان و شۆڕشگێڕان و ئازادیخوازن. لایەنەکانی تر لەگەڵ ئەوەی نەیانتوانی ڕۆڵێکی پشتیوانیی بۆ هێزە ئازادیخوازەکان ببینن، بەڵام خۆشیان ناشرینیش نەکرد، چونکە ئەوانیش لە ڕاگەیاندنەکانیان بەقەد هەواڵی ئەردۆغان و بەرەی فاشیزم، بە نیوەی ئەوە هەواڵ و پشتیوانیی خۆیان بۆ بەرەی دیموکراتیی نیشان نەدا، چونکە دەبێ بزاندرێت، تێکشکانی بەرەی فاشیزم بە سەرۆکایەتیی ئەردۆغان، تەنها ئەرکی دەم پارتی و تەڤگەری ئازادیی کوردستان نییە، بەڵکوو ئەرکی سەرجەم هێز و لایەنە نیشتیمانیی و نەتەوەییەکانە. باشووری کوردستان ئەو بارودۆخە ناهەمووارەی ئەمڕۆ پێیدا تێدەپەڕێت، هۆکاری سەرەکیی داگیرکاریی و هێرش و پەلامارەکانی دەسەڵاتەکەی ئەردۆغانە. ڕاستە پەدەکە و لایەنە ئیسلامییەکان بوونەتە پارچەیەک لەگەڵ ئەو بەرە فاشیستە، بۆیەش مەرگی خۆیان لەگەڵ مەرگی بەرەی ئەردۆغان دەبیننەوە. بەڵام پێویستە بەرەی نەتەوەیی و دیموکراتیی و ئازادیخواز لە باشوور بوێرانەتر بێنە مەیدان و نەهێڵن لە هیچ بوارێک، ئەکەپە و پەدەکە و هوداپار و ئیسلامییەکان خۆیان بە سەر باشووری کوردستان و ئێراقدا بسەپێنن.

ئیدی گلۆڵەی بەرەی فاشیزم لە تورکیا بە سەرۆکایەتیی ئەکەپە – مەهەپە و ئەردۆغان و باخچەلی بەرەو لێژییە، نابێ ڕێگە بدرێت ڕاست ببنەوە. بۆ ئەمەش پێویستە هێزە ئازادیخواز و دیموکراتخوازەکان بە پێشەنگایەتیی ژنان و گەنجان کۆتایی بەو زوڵم و زۆردارییەی ئەکەپە و ئەردۆغان بهێنن کە بووەتە هۆی شەڕ و ئاشووب و داگیرکاریی و چەوسانەوە و هەژاریی برسی­کردن و کوشتنی ژنان و بێکاریی و کۆچبەریی و ئاوارەیی کۆمەڵگە. دیموکراتیزەبوونی تورکیا دەبێتە هۆکاری گۆڕانکاریی مێژوویی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەت هۆکارێکی سەرەکییە بۆ چارەسەری کێشەی کورد. دیموکراتیزەکردنی تورکیا سەرەتا ئەرکی دەم پارتی و سەرجەم هێزە ئازادیخوازەکانە، واتا ئەوەی دەڵێت؛ کورد چ کاریان بە دیموکراتیزەکردنی تورکیایە، وەڵامە کورتەکە ئەوەیە بەبێ دیموکراتیزەبوونی تورکیا کێشەی کورد لە باکوور و باشوور و ڕۆژئاوا چارەسەر نابێ، چونکە کۆسپی سەرەکیی بەردەم کێشەی کورد و پێکەوەژیانی گەلان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەوڵەتی فاشیستی تورکیایە. بۆیە بە گۆڕانکاریی لە تورکیا سەردەمێکی نوێ لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەست پێ دەکات.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button