گۆشەی ئازد

سەباح راستیكرد و دەسەڵاتدارانی كوردستان شكستیان هێناو و بڕیاری گەل لەسەروی هەموانە

ئەو هاژوهوژانە تەنها تەقینەوەی چەند كەسێكی توڕەن كە لەبەدەستهێنانی بەرژەوەندیەكانیان سەركەوتوبونە و لەدابینكردنی مافی هاوڵاتیانیان شكستیان هێناوە!.

محەمەد فاتیح حامید

ئەو هاژوهوژەی رۆژنامەی سەباحی رەسمی حكومەتی عێراق هێنایە ئاراوە لەدوای ئەوەی راپرسیەكی لەسەر دەنگدانی گەلی كوردستان بەوەی قەوارەی دەستوری هەرێم هەڵبەوەشێتەوە و راستەوخۆ بگەڕێنەوە سەر دەسەڵاتی ناوەندی، ئەو هاژوهوژانە تەنها تەقینەوەی چەند كەسێكی توڕەن كە لەبەدەستهێنانی بەرژەوەندیەكانیان سەركەوتوبونە و لەدابینكردنی مافی هاوڵاتیانیان شكستیان هێناوە!.
هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان توڕەن لەدەسەڵاتدارەكانیان كە شكستیان هێناوە لەئەركە سەرەكیەكانیان ئەویش خزمەتكردنی گەلەكەیانە لەكاتێكدا ئەوان گەیاندیانن بە دەسەڵات!.
رۆژنامەی سەباح پیشەییانە كاری خۆی كردوە و دەنگی گەلی كوردستانی گەیاندوە بە جیهان تاوەكو بڵێن: بەڵێ‌ ئێمە لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی قەوارە دەستوریەكەی هەرێمی كوردستانین و دەمانەوێت راستەوخۆ بگەڕێینەوە بۆ دەسەڵاتی ناوەندی!.
پێویستبوو لەسەر ئەو كەسانەی خۆیان توڕەكردوە، دەستخۆشیان لە رۆژنامەی سەباح بكردایە چونكە بێزاربونی گەلی كوردستانی لەدەسەڵاتدارەكانی ئاشكراكرد، بێزاربونێك رەنگە كۆتایی بە سی ساڵەی خۆهەڵواسین بەدەسەڵاتەوە بهێنێت بەبێ‌ ئەوەی مافەكانی گەلی كورد لەبەرچاو بگرن!.
لەكاتێكدا دەسەڵاتدارانی هەرێم و حزب و لایانگرانیان تەنها بەبیستنی هەڵوەشاندنەوەی بەرژەوەندیەكانیان تەختەكانیان لەرزی، كەوابوو با بەهێنانەدی مافی گەلەكەیان قەوارەی كوردستان بپارێزن!.
بەتەنها راپرسیەك ئێوەی تۆقاند چونكە تاوەكو ئێستا لەكونە تاریكەكانی سەردەمی پێشوو نەهاتونەتە دەرەوە و سەغڵەت دەبن لە رای ئازاد و وشەی ئازاد!.
رۆژنامەی سەباح راستیكرد، ئەوەتا زۆرینەی هەرێمی كوردستانی عێراق خۆشحاڵی خۆی دەردەبڕێت و پاڵپشتی لە بڕیاری راگرتنی نەوتی هەرێم دەكات و خۆشحاڵن بچنە نێو عێراقێكی یەكگرتوو، كە مافەكانیان و داواكاریەكانیان بەدیبهێنێت، جا بۆ نا ئەوە نیە دەسەڵاتدارانی هەرێم بۆ بەرژەوەندی خۆیان پەیوەندیەكانیان لەگەڵ حكومەتی ناوەندی پتەودەكەن، كەواتا با گەلی كوردستان دڵخۆشبێت ئەگەر حكومەتی ناوەندی دادپەروەربوو لەگەڵیدا.
ئەمە ئەوە دەسەلمێنیت كە دەسەڵاتدارانی كوردستان شكستیان هێناوە لە بەدیهێنانی داواكاریەكانی شەقامی كوردی شكستیان هێناوە لە دابینكردنی ژیانێكی ئازاد و شایستە بۆ هاونیشتیمانیان، شكستیان هێناوە لە دابەشكردنی سەروەت و سامانی گشتی بەشێوەیەكی دادپەروەرانە، شكستیهێناوە لە لێپێچینەوە لە دز و گەندەڵكاران، شكستیان هێناوە لەپاڵپشتی لەگەلەكەی خۆیان!.
بەڵێ‌ زۆرینەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ هەڵوەشانەوەی قەوارەی دەستوری هەرێمی كوردستان و گەڕانەوەیە بۆ ژێر دەسەڵاتی ناوەندی، باشترین بەڵگەش پاڵپشتی و خۆشحاڵیانە لەسەر راگرتنی نەوتی هەرێمی كوردستان!.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button