گۆشەی ئازد

گەڕانەوە بۆ سەردەمی دیكتاتۆری

بەداوای لێبوردنەوە ئەم وتەیەم لەئاستی گەورەیی جەنابت پێشكەش دەكەم، پیاوەكانت و دارەبەدەستەكانت وەكو سەگی هار ئازاریانداوم، و بۆ هەركوێیەكیش بچم ئەوان لەوین!

محەمەد فاتیح حامید

گەورەم سەرۆك:
بەداوای لێبوردنەوە ئەم وتەیەم لەئاستی گەورەیی جەنابت پێشكەش دەكەم، پیاوەكانت و دارەبەدەستەكانت وەكو سەگی هار ئازاریانداوم، و بۆ هەركوێیەكیش بچم ئەوان لەوین!

گەورەم سەرۆك:
رۆژێك لەرۆژان لەدەمم دەرچو و كفرم بەناوی تۆوە كرد و ئەم نەفرەتیە هەر بەدوامەوەیە و لێمانبێتەوە، بەچ جۆرێك تەوبە بكەم و داوای لێخۆشبونت لێبكەم، تاوەكو پیاوەكانت چیدی رێم لێنەگرن!

گەورەم سەرۆك:
ئەوە بۆچی تۆ لێم بێزار دەبیت؟، قەڵەمی ئازاد هێندە تۆقێنەرە؟ ئەی ئەوەنیە بانگەشەی ئازادی دەكەیت و مۆنۆمێنتت بۆی دروستكردوە؟!

گەورەم سەرۆك:
تۆ هە وەكو خۆتی هیچ نەگۆڕاوی، تەنانەت ناوەكەشت نەگۆڕاوە، لەهەموو سەردەمێكدا بەچەند دروشمێكی جیاواز دەیتەوەلامان، لەهەموو سەردەمێكدا لەژێر چەند ناونیشانێكی نوێ‌ لەدایك دەبیت، بەڵام تۆ هەمیشە هەر وەكو خۆتی، هەر وەكو ئەو سەردەمانەی كە ئاشنابوین پێت و هیچ نەگۆڕاوی!

گەورم سەرۆك:
دڵخۆش مەبە بە پیاوەكان و داربەدەستەكانت و هێز و جەبەروتت، لەتۆ بەهێزترمان بینی، وەكو جرجێك لەكونا خۆی حەشاردابوو!

گەورەم سەرۆك:
زەویت پڕكرد لەگەندەڵی، خراپەكارانت زاڵكرد بەسەرماندا، تەنانەت دەستت لەگەڵ دەستی یەزیدیش تێكەڵكرد تاوەكو لەدەسەڵاتدا بمێنیتەوە، دەسەڵاتەكەشت لەناودەچێت و نامێنێتەوە!

گەورەم سەرۆك:
بۆچی ئێوە لەوپەڕی خۆشیدا دەژین و ئێمەش خەو بە ماڵێكی بچوكەوە دەبینین لەسەرمای زستان و گەرمای هاوین بمانپارێزێت، بۆچی ئێوە ناسنامەی بیانیتان پێیە و ئێمەش خەو بە سەفەركردنەوە دەبینین!

گەورەم سەرۆك:
ئێوە پێپەتی سەرشاخەكان بون و ئێمە داڵدەمان دەدان و دەمانپاراستن، بەڵام دوای ئەوەی چونە سەر لوتكەی دەسەڵات، ئێستا ئێمە بێشوێن و رێگابوین و كەسیش نیە بمانپارێزێت!

گەورەم سەرۆك:
من هاوڵاتیم، مافەكانم زەوتكراوە و پاشەڕۆژم نادیارە و كەرامەتم لەژێر هەڕەشەدایە، ژیانم لەنەهامەتیدایە، وڵاتەكەشم ناسراوە و بەناوبانگە بە وڵاتی پڕ لەخێر و لەلیستی یەكەمیشدایە بۆ هەناردەكردنی نەوت و كەچی لەزستاندا هەڵدەلەرزین!

گەورەم سەرۆك:
ئێمەی چەوساوە هەموو رۆژێك تێدەكۆشین لەپێناو دابینكردنی پاروی ژیان و شكۆمەندیش بۆ ئێمەیە، ئێوەش گەورە و باڵان و بازرگانی بەنەوتەوە دەكەن و هیچ شكۆیەكیشتان نیە!

گەورەم سەرۆك:
وتەكەم هێشتا تەواو نەبوە …. هەمیشە بەدواتەوەیەوە و خۆی نوێ‌ دەكاتەوە، هەتاكو تۆ زیندوبیت، وتەكەشم هەمیشە بەردەوامە و بەدواتەوەیە!

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

ئەمەش ببینە
Close
Back to top button