گۆشه‌ی ئازاد

عومەر خاوەرەکەی سەردەشت

عەلی مەحموود محەمەد

 

 

داخوا دەڤەری سەردەشت چەند چیرۆکی کپکراوی وەک چیرۆکی بەسەرهاتی قادری مەولان پووری تێدا بێت، کە ئازارەکانی خۆی تا ئێستا لە هەناویدا بە کپکراوی هەڵگرتبێت و بە ئازارەوە لە کۆڵی نابێت، لە ناخەوە پیش بدات، تا لە تەمەنی 76 ساڵەدا لە گەڵ خۆی بردییە ژێر گۆڕەوە، چاوەڕوانی دەرفەتێک گونجاو، چرکە ساتێک، ڕۆژگارێک، هەلێکی لەبار بکات پڕ بە دڵی خۆی هەڵیانڕێژێت و هەگبەی دڵی بە توانای خۆی بۆ هەمووان بکاتەوە؟ مخابن هەر نەیکردەوە، ئازار و دەردی قوربانیانی شاری سەردەشت بە بارستایی چیا سەرکەش و سەربەرزەکانی گیاڕەنگ و زەنزیران باڵا بەرزە و وەکو ئەوانیش سەری بەرزە، لەویش گەورەترن.

ئەم چیرۆکەی لێرەدا بۆتان دەگێڕمەوە، چیرۆکی ناو ئەفسانەکانی بەر ئاگردانەکان و سیناریۆی ناو فلیمە خەیاڵیەکان و فەنتازیای ناو ڕۆمانەکان نییە، بەڵکە بەسەرهاتی کوردێکی لادێی نەخوێندەوارە کە ناتوانێت سەرجەم ئازار و لایەنە پڕ لە ترایژیدیاکانی ژیانی وەک خۆی بە خەڵک ڕابگەیەنێت، چیرۆکەکانی ژیانی سنووری خەیاڵدانی رۆمانووسان و شاعیرانی بەزاندووە، ئەو کەسەش عومەر خاوەرە کۆچکردووەکەی سەردەشتە، کە ناسراو بوو بە مام قادر، ئەو مام قادرەی خێزانەکەی دەبێت بە قوربانی چەکی مۆدێرنە و تراژیدیای چیرۆکی مەرگە ساتەکەشی کەسێک نەبوو بە تەواوەتی بۆ نەوەکانی داهاتووی بگێڕێتەوە، نەخوازەلا بنووسرێتەوە، ئەگەر ئەو دادگایە نەبوایە (( دادگای بازرگانی چەکی کیمیاوی هۆڵەندی فرانس ڤان ئانرات لە ساڵی 2004 )) لەگەڵ خۆیدا مەرگە ساتەکانی دەبردە گۆڕەوە، کەسێک گوێبیستی ئاهو ناڵەی ئەم پیاوە خاکییە بە ویقارە سەربەرزە نابوو.  

پیاوێکی بەخۆ بە بەرگی کوردی و کڵاو جامانەی سەرەوە، دەگاتە شاری لاهای پایتەختی دادپەروەری جیهانی، بۆ ئەوەی سکاڵای خۆی پێشکەش بە دادگا بکات لەسەر تاوانباری بازرگانی چەکی کیمیاوی فرانس ڤان ئانرات، ئەو بارێک تاوانی لە ویژدانیا هەڵگرتووە هێناوییەتی لە لاهای شاری دادپەروەری جیهانی لە بەردەم دادگا هەڵیڕێژێت، ڕاستگۆیی و دڵ پاکی کوردەواریانەی لادێیانە لە سیمای دەباری، بەرائەتی دەموچاوی لە دورەوە هاواری دەکرد راستییەکان لێرەن، ئەوەی لە یەک چرکە سات بە دیداری بگەیشتایە بۆی دەردەکەوت ئەم پیاوە لە ڕاستی زیاتری پێ نییەو لە ڕاستگۆیی زیاتر لە سیمای دەرناکەوێت، توانای بەسەر وتنەوەی هەموو راستییەکانیشدا نییە، لەبەر دەم دادوەری گشتی و دادوەرکان دیکە و ستافی دادگای دۆسیەی فرانس ڤان ئانرات لە بەرواری 1-12-2005، بە دورایی مەترێک لە فرانس ڤان ئانراتی تاوانبار بازرگانی چەکی کیمیاوی، لەسەرکورسیەک بە قیتی دانیشت.  

کاتێک دادوەری گشتی لێی پرسی: بە کوردی قسە دەکەیت.

لە وەڵامدا وتی: لە کوردی زیاتر زمانی دی نازانم گەورەم، تەنها کوردی دەزانم.

دادوەری گشتی: کارت هەیە.

وەڵام: کارگەری ڕۆژانە دەکەم(( ئەوکات تەمەنی 63 ساڵ بوو)).

ڕاوەستایە سەر پێ و دوو پەنجەی ڕوو لە ئاسمان بەرز کردەوە، بە دوای دادوەردا وتی: خودا یارمەتیم بدات لە حەقیقەت زیاتر ناڵێم.

ئاخۆ ئێوەش وەک من لە نزیکیەوە بونایە، ئاوا بتان بینایە لە چرکە ساتەکانی یەکەم نیگاوە دەتان زانی ئەم پیاوە سەردەشتیە هەرگیزاو هەرگیز درۆ نازانێت، ئەمە لەو مرۆڤە پەپولەییانەیە ئاورێشم ئاسا نەرم و نیان و بێگەردە، تەنانەت لە گەڵ دوژمنەکەشی بە ڕاستی دێتە گۆ، فرت و فێڵ لە گەڵ جەلادەکانیشی نازانێت، ئەو بە راستی ژیاوەو بۆ راستیش دەژێت.

لێرەوە دەچینە ناو چیرۆکە پڕ تراژیدیاکانی قادری مەولانا پوور، ئەو ڕۆژە ساماڵەی ئاسمانی گوندی رەشە هەرمێ و شاری سەردەشت لەبەر تیشکی بەهێزی خۆرەتاو سەیرکردنی ئاوی چاوی دادەهێنا، چاوە تیژەکانیش نایانتوانی ڕوو لە ئاسمان پێلو بجوڵێنن و خۆیان بەرز بکەنەوە، نیگا بخەنە سەر ڕوپەڕی ئاسمانی شینی بێگەرد، شار و دەوروبەری سەردەشت بە بنار و شاخەوە بە بێدەنگی ڕۆژە ڕەشەکانی شەڕی کۆنەپەرستانەی عێراق ئێرانیان دەژمارد و بەڕێ دەکرد، کاک قادر بەهۆی باری گرانی خێزانەکەیەوە کە یەک مانگ بوو لە پێشمەرگایەتی گەڕابوەوە بۆناو ماڵ و منداڵەکەی (( پێشمەرگەی حدکا بوو پێشتر))،خەونەکانی خەباتی چەکداری لە خەیاڵی خۆیدا زیندە بەچاڵ کرد، تەنها بۆ ئەوەی بتوانێت سەربەرزانە منداڵەکانی بژێنێت، هەر لەو مانگەدا برایەکی کە پێشمەرگەی حیزبی دیموکرات بوو لە چیای قۆچی پشت گوندی مارۆغانی ناوچەی سەردەشت شەهید ببوو، بە ناچاری و لە ژێر باری گرانی ڕۆژگاردا، درێژەی بە ڕێبازی براکەی نەدا، خۆی تەحویل دەداتەوە بە ڕژێم، بۆ ئەوەی هاوسەرەکەی و 3 منداڵەکەی سەربەرزانە بەخێو بکات، بۆ ئەوەی لە سۆزی باوک بێبەری نەبن.

دەوروبەری کاتژمێر 4 ی پاش نیوەڕۆ، لە بەرواری ڕۆژە ڕەشەکەی 28-6-1987 دا و کاتژمێر نزیک 4:30 سەر لە ئێوارە، لە وەرزی پڕ بەرەکەتی درەوو دورینەوەی گیاو گۆڵە، 4 فڕۆکەی عێراقی لە ئاسمانی شاری سەردەشت وەک وێشومەی سەرە خۆرە دەردەکەون، دەنگێک نزم لە گوندی ڕەشە هەرمێوە دێت، ئەو گوندە 22 ماڵەی دەکەوتە پەنا دەست و بن هەنگڵی شارەوە، کە ئەکات تەنها 1 کم بەلای ڕۆژئاواوە لە سەردەشتەوە دوورە، مام قادریش دوای زرمەکەش لە کارەکەی هەر بەردەوام دەبێت ،وەک ئەوەی مێش میوانی نەبێت، ئاخر ئەو کوڕی ناو کوڕانی گیا ڕەنگ و مەلا ئاوارە بوو، بە دەنگی وا ڕا ناچەڵەکێ، بەلایەوە ئاسایی بوو ئەو زرمانە.

لەو کاتەی خێزان و منداڵەکانی لە دەم چەم و لە بن دارگوێزێک خەریکی شیو لێ نان دەبن، بۆ ئەوەی ئێوارە هەموو پێکەوە لە گەڵ مام قادردا لە دەوری سفرەیەک دابنیشن و بیخۆن، ئەویش لە گوندی مەرەغان کاری خۆی دەکات، فڕۆکە مەرگ هێنەرەکان بە بەرچاویەوە ڕقی فاشستانەی خۆیان بەسەر ڕەشە هەرمێ و شاری سەردەشتدا دادەبارێنن، دەست لە هیچ ناپارێزن، ئەو تاوانەی تا ئەو چرکەساتە هیچ چاوێک نەیبینیوە دەخولقێنن، تاوانێک مەگەر تەنها زارەکانی مام قادر بتوانێت مافی گێڕانەوەی هەبێت بە مافی خۆی بزانێت، ئەو زرمەیەی ئەو رۆژە سەردەشتی هەژاند دواتردەرگای بۆ هەڵەبجە کردە سەر پشت، هەر لەوکاتە لەو دەوروبەرە شەڕی هاوبەشی پاسدارو پێشمەرگە گەرم بوو لە گەڵ سوپای عێراقی.  

قادر لەو چرکەیە قەت دڵی بۆ ئەوە نەچوو بوو ئەو زرمەیە هێواشە کۆتایی هێنابێت بە هەموو خۆشی و ئاوات و ئامانجێکی، ژیانی خۆشەویستانی لێسەندبێتەوە، ببێتە هۆی گۆڕینی سەرتاپای ژیانی، ئەو لەحزەیە دوا چرکەی خۆشی ئەو بوو بێت لە هەموو ژیانی، ڕۆژەکانی دیکە هەموو بە ئاواتی گەڕانەوەی چەرخی ڕۆژگاربێت بۆ پێش ئەو چرکە ساتە، ڕۆژانە ئەم خەونە دەبینێت و دەبینێت و تا ئێستا ئەوە 30ساڵە بەردەوام دەیبینێتەوە، تا لە گەڵ خۆی بردییە ژێر خاکەوە.

لە گەڵ دەنگەکە ناخۆشییەکانی ئەویش باڵا دەکەن، منداڵەکانی ئەو چرکە ساتە بەر کیمیابارانی فڕۆکەکانی بەعس دەکەون، هیچیان ڕزگاریان نابێت، بۆ نەگبەتی ڕۆژگار و مانەوەو تلانەوە بە دەم ئازارەوە تەنها خۆی دەردەچێت، ئەو لە کارکردنەکەی خۆی بەردەوام دەبێت، تا لە ناکاو هاووڵاتیانی گوندەکە بەسواری وڵاخ منداڵەکانی بە برینداری بۆ دەهێنن بۆ گوندی مەراغان، لێرەوە چیرۆکی نەهامەتی کاروانی ئازارەکانی مام قادر دەست پێدەکات و شۆڕ دەبێتەوە بۆ ناو سەرتاپای مێژووی مانی تا ژیانی لێ دەسەنێتەوە، لێرەوە ئیتر داستانی ئازار و جەهەنەم دەرگای دەخرێتە سەر پشت، عومەر خاوەر ئاسا پەلاماریانی دا بۆ ئەوەی لە مەرگ بیان شارێتەوە، وەلێ ئەمان نە یەک نە دوو نە سێ چووار بوون، چرکە ساتی شاردنەوەشیان لە وێشومەی مەرگ تێپەڕیبوو، فریای ئەو چرکە ساتەش نەکەوت و زەمەنی بۆ نەگەڕایە دواوە، پڕ بە گەروی یەک بە یەک بۆنیانی دەکرد، بۆنێک ئەوەندە درێژ بە ئەندازەی ڕێگای خۆشەویستی دوو دڵی باوک و نەوەیەک لە گیانەلای مردندا، ڕێگایەک ئەوەندە تەلیسماوییە هیوادارم کەس نەکەوێتە ژێر کاریگەرییەوە، ئەمی هەڵدەگرت ئەوی دی دا دەنایەوە ،ئەمی بۆندەکرد ،ژەهری ئەوی دی قوتدەدا بە هانوو بە ئەندازەی بۆنی خۆشەویستان بۆنیانی دەکرد، یەک بە یەک دەیانی نا بە هەناسەیەوە، کە ژەهری هەناویانی هەڵدەمژی خۆشییەکی شەماڵانە تەسکێنی بە دڵ و دەروونی دەدا، بە پەلە پەل و خێرا، دەترسا لە لەحزەی گۆڕینیان یەکیان ماڵئاوایی لێ بکات و فریای مژینی هەناسەی ژەهراوی نەکەوێت، چرکە ساتێک ژەهر خۆشی دەبەخشێت بە مرۆڤ، بۆ دایکان و باوکان بۆنی زاروک ئەگەر ژەهراویش بێت لە هەموو بۆنێک خۆشترە، ئەمە چ خۆشییەکە بۆنی ژەهر بتباتە خۆشییەوە، عومەر خاوەر فریای ئەو لەحزەیە نەکەوت بۆنی کوڕە تاقانە و 8 کچەکەی بکات و ڕزگاری بوو ،ئازارەکانی بۆ گەلەکەی بەجێ هێشت، بەڵام مام قادر وا لەناو ئەو لەحزەیەدا ژیان بەسەر دەبات، پڕ بە گەروی بۆنیانی دەکرد، هەناسە پڕ لە ژەهراوییەکەیانی پڕ بە گەرو و جەستەی هەڵدەمژی و قووتی دەدا، بۆن و تامێکی خۆشی دەدا بە جەستە پەککەوتە بێ ئاواتەکەی، دەیەویست بۆنی ژەهری جەستەیان هەر لەناو سینەیدا تێکەڵ بە هەناو و دڵی ببێت و دەرنەچێت ،دەیەویست بە ژەهرەکە بڵێت ئەوان نا من، لەم گفتوگۆ بێ ئەنجامەدا بوو لەگەڵ مەرگ و خۆی ،نایدەزانی چۆن هەناسەیان هەڵمژێت بۆ ئەوەی بۆنەکەی لە لوتی و ئاواتەکانی لە زاکیرەو خۆشیەکەی لە جەستەیدا تاکو دوا چرکەی ژیان بمێنێت، تاکو ئێستاش بە عەزرەتی ئەو گازە ژەهراویەوەیە، لەناو گۆڕیش، نەبوە مرۆڤ کۆیلەی گازی کوشندە بێت، خۆشترین چرکە لەو ساتەدا ئەوە بوو مەرگی خۆی پێش منداڵەکانی ببینایە، ئەمە پاڕانەوەی هەموو دایک و باوکێکە، مام قادر بۆ مەرگیش ئاواتی نەهاتە دی، دوایی هەر بۆ ئازار 30 ساڵی رەبەق ما، 30 ساڵ چرکەو ساتەکانی بیانیی لەسەر وێنای مناڵەکانی بوو.

ئاخر ئەو سەربەرزانەترین و بەختەوەرترین کاری خۆی، کە پێشمەرگایەتی بوو واز لێ هێنا، تەنها بۆ ئەوەی نان بۆ منداڵەکانی پەیدا بکات ( ناسر و ماڵ ماڵ ی تەمەن 8 ساڵانەی جمکانە، شاهێنی کچە گەورەی 9 ساڵانە، ژنەکەشی زگی بوو لەسەر مانگ و ڕۆژی خۆی بوو)، وەلێ حەزو و ئاواتەکانی لە ژیاندا ئەو ئێوارانەیە هەموو چوون بە ئاسمانا، رژانە ناو خەیاڵدانی تاوان و مەرگەوە، رۆییشتن نەهاتنەوە، ئەوەی هەبوو هەمووی لێ سەنرایەوە.

دوای یەک مانگ لە گەڕانەوەی بۆ بەخێو کردنیان، وا ئێستا وا بە کۆمەڵ بە برینداری لە باوەشیدان، هەموو بوونە بە جەستەیەکی هەنجن هەنجن کراوی گەرمی بێگیانی ژەهراوی، تەنها بە هەناسە ماون بە جەستە هەموو گۆڕاون و لە دوا کات و چرکەی ژوانەکانی ماڵئاوایدان لە ژیان.  کە دەگەنە لای بەمشێوەیە کە دەیانبینێت وەک بۆی گێڕاینەوە و وتی: تووشی (( سەرەگێژە ،ڕشانەوە ،بەلادا دەهاتن )) ببوون.

ئاگری جەرگ باڵی پێ دەگرێت، بە پەلە دەیان بات بۆ شاری سەردەشت، لەوێوە دەیانگەیەنێتە شاری بانە و دواتر بە سەفەری مەرگدا درێژە بە گەشتەکەی دەدات بۆ تاران، لە هەموو وێستگەکان پزیشکان هیوای پێ نابەخشن.

لە بانە داوای لێ دەکەن لە گەرماو بیان شوات، ئەویش بێ پارێز و گوێگرتن لە ڕێنوێنی پزیشکی، بە دەستی خۆی دەیان شوات، بەهۆی مناڵەکانیەوە نەخۆش دەکەوێت بە گازی کیمیاوی، چاوی دەکەوێتە ئێشان و گیانیش دەکەوێتە خوران، لێ جەرگ حەژمانی لێ بڕیبوو گوێی پێ نەدا، بە ناچاری بە دوای سەفەری چاکبونەوەی مناڵەکانی درێژە بەگەشتی مان و نەمانی ژیان دەدات بۆ شاری تەبرێز، لەبەر ئەوەی شارێکی کوردی نییە لەو کوردستانە، کە شوێنی چارەسەری مرۆڤی تێدا بێت، بۆیە مام قادری زمان نەزان بە ناچاری هانا بۆ شاری تەبڕێز و دواتریش شاری تاران دەبات.

 

ناسر لە تەبرێز ماڵ ئاوایی دەکات و ژیان کچیشی لەگەڵ هاتنە دنیا لێی دەشارنەوە ئەنفال دەکرێت، لە گەڵ ئازارەکانی مام قادر بزر دەبێت.

 

تا دەگەنە شاری تەبرێز، بەردەوام پێستی جەستەیان ئاوی مەرگی لێ دەچۆڕێتەوە وەک خۆی گێڕایەوە، هەموو ببوو بە بڵقی گەورە گەورە و ڕەنگی خۆیان لە دەست دابوو، لەبەر ئێشی جەستەو چاویان هاوارو ناڵە ناڵیان بوو، ئەویش بە دیاریانەوە مات و مەلول و جەرگ دەقرچایەوە و هەناو بوو بوو بە ئاگر، نایە زانی چی بکات هانا بۆ کوێ ببات، تەنها ئەوەندە دەیووت: ئێش و ئازارتان بۆ من بێت ،قەزاتان لە باوکتان کەوێت، ئازاری منداڵ منداڵ بەو شێوەیە چ کارەساتێکە بۆ باوک.

لە تەورێز پزیشکەکان دڵیان سار دەکەنەوەو دەڵێن: چارەسەریان لێرە نییە!، ئەمە چ ئومێدێکە، چ ڕۆژە ڕەش و چاوەنواڕییەکە لە ژیان، چ دەرگا داخستنێکە لە ئاوات، پێش مەرگی خۆشەویستەکانت ،ئاوات و هیواکانت بکوژێننەوەو، هەواڵەکەیت بدەنێ.  

مام قادر بۆ خۆشی تلۆقی سەر دەستەکانی هەر لە بانەوە دەستی کرد بە گەورە بونەوە، لێ گوێی پێ نادا، ئەوەی بەلای ئەوەوە گرنگ بوو تەنها مانی منداڵەکانی بوو، خۆی دەکرد بە قوربانی هەناسەیەکیان.  

لێرەوە تراژیدیا دەست پێدەکات، ژنەکەی لە تەورێز ژان دەیگرێت، نازانێت بۆ ئێشی جەستەی هاوار بکات یان ژانی منداڵەکەی، دەڵێن ژانی ژن دیاری خوایە بۆ ژنان، ئەدی دوو ژانی ئەم ژنە دیاری کێیە ؟ سەدام و خوا پێکەوە؟، پاش ئێش و ئازارێکی زۆر منداڵەکەی سکی لە دایک دەبێت.

مام قادر ماوەیەکی زۆر چاوەڕوانی ئەو ڕۆژەی دەکرد، بە ژنەکەی دەڵێت چیمان بوو ؟.

ئەویش لە وەڵامیدا: کچێکمان بوو.

هەر لەوێ ناوی دەنێن ژیان !.

ژیان لە ڕۆژگاری مەرگدا چ ئاسۆیەکە ،تەنها پیاوە مەزنەکان لە ناخۆشییدا بێ ئومێد نابن و لە بەرامبەر ناشرینی مەرگ دەجەنگن، ئەو پیاوە مەزنەی هێشتا چیرۆکەکان نەیاندۆزیوەتەوە.

پەرستیارەکان لەوێ پێیان دەڵێن: بڕۆن بۆ تاران، 10 ڕۆژی دیکە منداڵەکەتان بۆ دەنێرینەوە.

مام قادر بە قورگی پڕِ لە گریانەوە دەتووت دوێنی کارەساتەکە ڕویداوە، پاش 18 ساڵ و نیو لەو ڕۆژگارە وتی: ئەو منداڵەم بەجێ هێشت بۆیان بۆ ئەوەی ئەوانەی دیکەم ڕزگار بکەم، چوین بۆ فڕۆدگا بۆ ئەوەی بچین بۆ شاری تاران، ژیانیشمان تەسلیم بەو چارەنوسە نادیارە کرد، ژیان و مەرگ لەو چرکە ساتەدا تێکەڵ بەیەکتر ببوون.

دادوەری گشتی وتەکانی پێ دەبڕێت و لێی دەپرسێت: قەت منداڵەکەت نە بینییەوە.

وەڵام: نا بەخوای نەمبینیەوە قەت بە ئێستاشەوە، هەر نەمبینی بە چاو، تەنها وتیان کچێکتان بووە، بە بێ بینین ناومان لێی نا، دوایی دووجاری دیکەش بە تایبەت چوومەوە بۆ شاری تەبرێز بۆ ئەوەی بیدۆزمەوەو بیهێنمەوە، هەر نەمتوانی بیدۆزمەوە، ئێستاشی لە گەڵدا بێت هەرگیزاو هەرگیز نەمبینییەوەو نەمدۆزییەوە، چۆن ڕۆیشت ئاوا نەهاتەوە.

لە گێڕانەوەی چیرۆکەکەی بەردەوام بوو وتی: لەسەفەری مەرگدا لە فڕۆدگا ناسر داوای ئاوی کرد، پێش ئەوەی ئاوی بدەینی تا دەمی تەڕ بکات لەوێ تەواو بوو، لە دوا چرکەی ژیان ئاویشی دەست نەکەوت، بە پەلە ناسرمان لە تەبرێز لە ناو یەخچاڵ بە جێ هێشت و ڕۆیشتین بۆ ڕزگارکردنی ئەوانی دی، فریای شاردنەوەشی نەکەوتین.

لە کوردەواریدا دەڵێن مردووان ڕۆژیان تەواو دەبێت چاوەڕێ دەکەن تاکو منداڵێکی دی شوێنیان بگرنەوە، ناسر کیژۆڵەیەک شوێنی گرتەوە، ئەویش یەکسەر ئەنفالکرا ببڕای ببڕا نەبینرایەوە.

ئەنفال تەنها مانای تاڵانی ناگەیەنێت بۆ ئێمە، بۆ خۆشی ئەوەی حەزیای ئەنفال قوتی بدات، جارێ دیکە نابینرێنەوە.

 

مام قادر ئاوا درێژەی پێدا: کە گەیشتینە شاری تاران، بەمن بوایا فڕۆکەکە لە بان نەخۆشخانەکە بنیشتایەتەوە بۆ ئەوەی فریای چارەسەرکردنیان بخەم، وەلێ ڕۆژی دواتر لە تاران ماڵماڵیش تەواو بوو، بەڵام ئەو بە ئاواتی چۆڕە ئاوێک سەری نەنایەوە، بەڵکە هەر فریای داوا کردنیشی نەکەوت.

ئاگام لە خۆم نەمابوو، نامزانی هانا بۆ کوێ بەرم، تاکو سوڕاینەوە هەفتەی دی شەهێن و دایکیشی هەموو بە دوای یەکدا مردن، نازانم چۆن نۆرەیان وا بە دوای یەکدا هات، فریای ئەوە ناکەوتم پڕ بە دڵ بۆ یەکیان بگرێم ئەوی دی دەهاتە سەری، من لە چاوەڕوانی مەرگدا بووم لە گەڵیان نەک بە ئاواتی چاکبوونەوە، هەرسێ تەرمەکەم لە تارانەوە هەڵگرت و بێئومێد بێئومێد گەڕامەوە بۆ ڕەشە هەرمێ.

 

تەرمی 2 منداڵ و خێزانەکەی لە تارانەوە دەهێنێتەوە بۆ شاری سەردەشت، تەرمەکەی ناسریش لە شاری تەبرێزەوە بۆی ڕەوان دەکەنەوە بۆ سەردەشت، لێ کچە زیندووەکەی لێ زەوتەکەن و دەیشارنەوە، مردوی دەدەنەوە، بۆ ئازار و تلانەوە، زیندووش بۆ خۆیان دەبەن و دەیشارنەوە.  

4 تەرمەکە دەهێنێتەوە لە ڕەشە هەرمێ دەیان نێژێت، ئێستاش دوایی 30 ساڵ لەو کارەساتە جەرگبڕە، هەموو هەفتەیەک مام قادر غەم و ئازارەکانی لەسەر گۆڕی ناسرو ماڵماڵ بە بادا دەدات تا هەموو ئاوات و خەونەکانی بردە گۆڕەوە، لە گریان زیاتر هیچی دی لە دەست نایات بۆ شەهێن، عەزرەتی بینینەوەو گریانیش بۆ ژیان، دوعای بەهەشتیش بۆ خێزانەکەی.

ئەو پیاوە بە شەهامەتە ئازایە، دەیان جار لە مەرگەوە بە موو دور بووە، لەبەردەم دادوەر دەستی کردە گریان، هەموو ئامادەبوانیش لە گەڵیدا بە دادوەریشەوە دایان لە قولپەی گریان، ئاخر ئەم ناسر و ماڵماڵەی مام قادر ئەفسانەی هەڵبەستراو نییە، چیرۆکی ناو حەیران و ئەفسانەکانی بەر ئاگردان نییە، منداڵەکەی عومەر خاوەریش نییە تەنها وێنەکەی بەجێ مابێت، ئەمە عومەر خاوەرە برسییە زیندووەکەی ئەوڕۆیە ئێستا مات و مەلول و بێکەس لە قوژبنێکی ئەو کوردستان هەژارانە ژیان بەسەر دە بات و کەسیش نییە ببێت بە شەریکی خەم و ئازارەکانی تا بەو هەموو ئازارو برسێتییە چوە ژێر گڵەوە، ئەمە چیرۆکی ڕیالیستی دیرۆکی نوێی کوردییە، کێ هەیە چیرۆکە ڕاستییەکانی ئەم گەلە ستەمدیدە بێکەسە ببیستێت نەگرێت.

لەو گوندە 22 ماڵییە بچوکەی ڕەشە هەرمێ، کە لەسەر هیچ نەخشەیەکی ئەم جیهانە دیار نییە، ئێستا شار قوتیداوە، ئەو دوا نیوەڕۆیە، بە چەکی ڕۆژئاواو بە دەڵاڵی ئەنرات ئاساکان کە لە دووری یەک مەترییەوە گوێی قوڵاخ کردبووەوە بۆ ئەم چیرۆکە تراژیدیایەی مام قادر، جگە لە 3 منداڵ و خێزانەکەی مام قادر، 3 قوربانی دیکەش هەبوو لە هەمان گونددا بوونە قوربانی،کە ئەمانەن :

-مەولەد زینێ.

-قادر زینێ.

-مەلا حوسەین.

 

ئەم پیاوە سیما کوردی چاو شینە ددان شاش و واشە سەرو جامانە لەسەرە تێکسمڕاوە بەهێزە، لە شاری لاهای ناوەندی دادپەروەری جیهانی سیمای کوردییانەی خۆی نەگۆڕی، یەکەم کورد بوو لە مێژوودا لەم شارە، بە بەرگی کوردییەوە شایەدی لە سەر تاوانبارێک بدات و سکاڵای لەسەر تۆمار بکات.

مام قادر دوای هاوسەرگیری دووەمی 6 منداڵی هەیە، هەرچەندە تا مردنی بە تەنگە نەفەسی ژیا و گیانی دەخورا ( بە وتەی خۆی خورشتی هەیە)، دەستی بە تەواوی کاری پێ ناکرا، لێ بۆ پەیدا کردنی نانی خانەوادەکەی، دەبێت ڕۆژانە هێزی کاری لە بازاڕدا بە هەرزانترین نرخ بفرۆشێت، سەر هەموو هەفتەیەکیش چەند ساتێک تەرخان بکات بۆ گریان بۆ ڕومەتی ئاڵ و واڵی ناسر و ماڵماڵ و شاهێن و خێزانەکەی، ئەوەشی ئاشقی چیرۆکی ناسر و ماڵماڵە با گوێ لەو بگرێت، بزانێت چۆن ڕوحی منداڵەکانی دەکات بە بەردا، چۆن قایمترین جەستە خۆی لەبەردەم ئاوازی گێڕانەوەی چیرۆکەکانی ناگرێت.

وتی: کار نەکەم نان نییە ماڵ و منداڵەکەم بیخۆن، مەجبورم هەموو ڕۆژ بچم بۆ سەر کار.

ئەو شوێنەی کە منداڵەکانی تێیدا بەر گازی کیمیاوی کەوتن، هیچکە نە سەوزایی لێ ڕوایەوە، نە قەبوڵی ژیانیش دەکات، دار گوێزەکەش کە ڕۆژانە هەموو ژوانیان لەگەیڵدا هەبوو، لەتاو مەرگی هاوڕێکانی ناسرو ماڵماڵەکەی قادر ڕەشی پۆشیووە و بڕیاری ئازییەتباری هەتا هەتایی داوە.

کاتێک لەبەردەم دادگا لەناو پەرتووکی قوربانیانی شاری سەردەشت وێنەی منداڵێکیان پێی نیشاندا.

دای لە پڕمەی گریان و وتی: ئەمە شاهێنە چی دەکات لێرە ؟.

دادوەری گشتی ڕوی لە ئامادە بووان کرد و وتی: کەس پرسیاری هەیە؟.

کەس پرسیاری نەبوو ئاخر چ شەیتانێک دەتوانێت گومان لەوە بکات ئەم چیرۆکە ڕاست نییە.

دادوەر لە کۆتاییدا وتی: چی داواکارییەکت هەیە ؟.

قادر: داواکارم لە دادگا تاوانبار بە سزای خۆی بگات.

دادوەری گشتی: ئێمەش ئەم داواکارییەمان هەیە.

فرانس ڤان ئانرات سزای خۆی وەرگرت 16،5 ساڵ حوکم درا، وەلێ لەم وڵاتەی ئێمەدا یەک تۆمەتبار سزای خۆیان لە پاڵ 60 هەزار ناسرو ماڵ ماڵ و شەهێندا وەرنەگرت، هاوکات ئەوانەی شەڕی عێراق و ئێرانیان گەیاندە سەردەشت و هەڵەبجە داوای لێبوردنیان نەکرد و قەرەبووی هەزاران عومەر خاوەرو مام قادریان نەکردەوە تا سەریان نایەوە.

 

" بە زیندویی رێزمان لە مام قادر گرت و خەڵاتی زێڕینمان پێ بەخشی لە ساڵی 2014 لە شاری هەولێر".

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Close
Close
%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: