حه‌سه‌ن جودی

 

 

-1-

حه‌قیقه‌ت چییه‌؟ رێگاكانی حه‌قیقه‌ت چیین؟

رێگاکانی حەقیقەت یەکێکە لەو کێشانەی کە مرۆڤایەتی لە سەردەمی زووەوە، واتا لەو سەردەمەی کە بۆ یەکەم جار خەریکی نیشتەجێبوون دەبێ، ئیتر گەیشتن بە حەقیقەت بۆ مرۆڤ یەکێکە لە پرسگریە سەرەکیەکان.

حەقیقەت چییە؟ بۆچی مرۆڤ سەدان هەزار ساڵ بەدوای حەقیقەتدا وێڵە؟ ئەم حەقیقەتە چییە؟ مرۆڤ ده‌یه‌وێت چی بزانێت؟ دەیەوێت لە چی تێبگات؟ لە چی دەگەڕێت لە حەقیقەتدا؟ ئەمە خولیاکانی ئینسانە. هەڵبەته‌ بۆ یەکەمجار کە مرۆڤ نیشتەجێ دەبێت، پرسیارەکانی سەبارەت بە سروشت، ژیان و خۆی، سەبارەت بە هەموو ئەو شتانەی دەوروبەری پرسیاری له‌لا دروست دەبێت. بۆیە مرۆڤ هەمیشە لە لێگەڕین دایە، هەمیشە پرسیاری هەبووه‌، هەر پرسیارێک هەزاران جار وەڵامی داوەتەوە. بەڵام هێشتا ئەو وەڵامانەی پێ قەناعەت نەبووە و بەدوای وەڵامی تردا گەڕاوە، هەر پرسیارێک هەزاران وەڵامی جیاواز جیاوازی دراوه‌ته‌وه‌،  هەر وەڵامێکیش هەزاران پرسیاری دیکەی بەدوای خۆیدا هێناوه.

لەبەر ئەوە خولیای مرۆڤ بۆ گەشتن بە حەقیقەت یەکێکە لە خاڵە هەرە گرنگەکان. بۆ ئەوە باس لەو رێگایانە دەکەین کە مرۆڤ بۆ گەیشتن بە حەقیقەت کاری لەسەر کردووە. بۆ ئەمە مرۆڤ چەندین ڕێگای دۆزیوەتەوە، بەدوای ڕێگاکاندا گەڕاوە. دیتنەوەی رێگاکانیش بۆ مرۆڤ کێشەیەک بووه‌. واتە چۆن گەیشتن بە حەقیقەت بۆ ئەو کێشەیەک بووە، خودی رێگاکانی گەیشتن بە حەقیقەتیش کێشە بووە. بۆیە کێشە و ڕێگاکانیش گرفتێک لە گرفتە قووڵەکانی مرۆڤن‌، گرفتێک لە گرفتە فەلسەفی و زهنیەکانی مرۆڤن. بۆچی مرۆڤ ئەوەندە خولیای گەیشتن بە حەقیقەت بووە؟

کاتێک کە مرۆڤ بە ڕێگادا بەرەو حەقیقەت رۆشتووە، ئیتر لە ڕێگادا چەندین ڕێگای دیکەی لێبۆتەوە و هەر تولەڕێیەک چەندین تولەڕێی دیکەی لێبۆتەوە و لەناو هەزاران هەزار رێگادا مرۆڤ تیایدا بە سەرسوڕمانی لە خۆی و لە گەردوون و سروشت و کۆمەڵگه‌ دەڕوانێت. بۆ ئەمە زیاتر مرۆڤ پرسیارەکانی سەبارەت بە گەردوون و خۆی بووە، سەبارەت بە دیاردەکانی گەردوون، بۆ ئەو "باران بۆ دەبارێ؟" پرسێکی زۆر گەورە بووە، بۆ زستان دێت و بۆ هاوین دێت و بۆ شەو و رۆژ دێت؟ ئەو گۆڕانی وەرزانە بۆ ئەو پرسن، بۆ ئەو هەموو ئەستێرە بە ئاسمانەوه‌یه‌؟ ئه‌و ئه‌ستێرانه‌ چین؟ چیان تیایە؟ چۆنن؟ بۆ ئاوا ڕووناکن؟ هەمووی پرس بووە بۆ ئەو، خۆی چییە؟ لەکوێوە هاتووە؟ ئەم گەردوونە لەکوێوە هاتووە؟ ئەمە چییە بروسکەیەک دێت و شتێک دەسوتێنێت و دەنگێکی گەورە دێت و دەبێتە هەورە تریشقە و، ئاژه‌ڵێك گەورەیە و دانەیەک بچووکە و، دره‌ختێک گەورە و دره‌ختێک بچووک، ئەمانە هەمووی پرسن بۆ ئەو.

سەرەتا مرۆڤ هیچی نەزانیووە، بەڵام بۆ ئەو هه‌موو شتێك دەبێتە جێگای ڕامان، بەڵام کاتێک کە لەناو کۆمەڵگه‌دا ئیتر چەوساندنەوە دروست دەبێت، زوڵم، دابەشبوونی چینایەتی، ناحەقی و ناعەدالەتی، خەڵکانێکی بەدەسەڵات و بێدەسەڵات دروستدەبێت، پرسیارەکان ئەمجارە جگە لە سروشت و گەردوون روو لە کۆمەڵگه‌ دەکات، بۆ کۆمەڵگه‌ ئاوای لێهات؟ بۆ ئەمیان بێدەسەڵات و ئەویان بەدەسەڵاتە؟ دەسەڵاتدارەکە بۆخۆی بەدوای ئەم پرسیارەدا گەڕاوە، ئەوانەی ژێردەستە و بێدەسەڵاتن بەدوایدا گەڕاون، لە ئاکامدا ئەم پرسیارانە بیرکردنەوەی مرۆڤیان زیاتر و قووڵتر و بەرفراوانتر کردووە، ئەمانە پێی دەگووترێ ڕێگاکانی گەیشتن بە حەقیقەت، لێکۆڵینەوە لە حەقیقەت، لێگەڕین لە حەقیقەت. سەرەتا مرۆڤ پێی وابووە حەقیقەتێک پێی گەشتووە ئەوە تەواوە، پاش ماوەیەک هەر خۆی یان قۆناغێکی دیکە، یان نەوەیەکی دیکە هاتووە، یان قۆناغێكی پێشکەوتنی مرۆڤایەتی تێپەڕیووە تەماشای کردووە ئەوەی لەپێشدا حەقیقەت بووە ئێستا وەهمە یان بەشێکە لە حەقیقەت یان حەقیقەتێکی ناتەواوە، پێی وا بووە ئەو شتانەی بەسەری دێت لە نێوچەوانیدا نووسراوە، دوایی بۆی دەردەکەوێ وانییە، تەماشا دەکات شتێك نییه‌ لە گەردووندا ناوی حەتمییه‌ت و بۆت نووسرابێت بۆت؛ ئەوە تۆیت چۆن هەڵسوکەوت دەکەیت و ئەنجامەکەی بەو شێوەیە دەرکەوێت. ئیتر لەسەر ئەم بنەمایانە مرۆڤ بیری کردۆتەوە.

بۆچی مرۆڤ ئەوەندە بیری کردۆتەوە؟ ئایا بۆ بوونەوەرێکی دیکە نەهات وەکو مرۆڤ بیربکاتەوە و بەو هەموو پرسانە سه‌رقاڵ ببێت؟ ئایا بوونەوەره‌کانی تریش وەکو مرۆڤ بیردەکەنەوە؟ بۆیه‌ کێشەکان هەر رۆشتووە وهەر قووڵتر بووە. ئێستا لە ئاکامدا ئەوەندە ڕێگا دروست بووە ئیتر رێگاکان بۆخۆیان گرفتن، وازیان لە گەیشتن لە حەقیقەت هێناوە، خەریکی ڕێگاکانن، رێگا واتا میتۆد، ڕێباز. سەرەتا مرۆڤ بۆ گەیشتن بە چارەسەری ئەو پرسگریانەی کە هەیەتی لەگەڵ گەردوون، سروشت و لەگەڵ خۆیدا، لەگەڵ مرۆڤه‌كانی دەوروبەریدا، لەگەڵ هاونەژادەکانیدا، له‌گه‌ڵ هاو رەگەزیدا، پرسگریەک دروستدەبێت. بۆچارەسەری ئەم پرسانە، لە ئاکامدا ڕێگاکانی دۆزیوەتەوە.

هەڵبەتە لە سەرەتادا مرۆڤ جۆرێک لە بیرکردنەوەی تەوتەمی هەبووە، بیرکردنەوەیەکی سەرەتایی مرۆڤ، تەوتەم بیرکردنەوەیەکە ناوەرۆکەکەی ئەوەیە کە هەندێک شت بە پیرۆز لە قەڵەم دەدات و هەندێک شتیش تابۆ دەکات، واتە قەدەغە دەکات. جەوهەری تەوتەم ئەوەیە. بۆیە سەرەتا مرۆڤ درەختێک یان شتێکی دیكه‌ی بەرجەستەی کردووە و بە پیرۆزی بینیوه‌ و پەرستوویەتی.

سەرەتای پەرستن لە پیرۆزیەوە دەست پێدەکات، شتێک پیرۆز دەکات و دەیپەرستێ و سوكایه‌تی یان لەناوبردنی ئه‌و شته‌ حەرام دەکات، ئەمە دەبێتە بیرکردنەوەی تەوتەمی. ئیتر مرۆڤەکان لەهەر ڕووداوێکی ژیانیاندا دارێک، بەردێک، ئاژەڵێک، بوونەوەرێک لە ئاسمان یان زەوی لە جێگەیەکدا، لە رووداوێکدا ئەوی رزگارکردووە، یان شتێکی بەسەر هێناوە، ئەو دەمە کردویەتی بە پیرۆزیی بۆخۆی، دەکرێ ئەم شتە پیرۆزە بەردێک بێت دارێک، ئاژەڵێک بێت ئێستاش ئاسەواری ئەو تەوتەمە لە هیندستان ماوە. خەڵکانێك هه‌ن گا دەپەرستن. ئەمە هی ئەو کاتەیە، بیرکردنەوەی سەرەتایی مرۆڤە، هێدی هێدی ئەم شتانە پێشدەکەون.

واتا سەرەتا مرۆڤ بیری کردۆته‌وە ئەم گەردوونە چۆن دروست بووە و چۆن هاتووە؟ کێ دروستی کردووە؟ ئایا دروستکراوە یان هه‌ر هەبووە؟ ئەم پرسیارانە له‌لایان دروست بووە و هه‌ر پرسیاره‌و پرسیاری دیكه‌ی له‌گه‌ڵ خۆیدا هێناوه‌. ئیتر مرۆڤ سه‌ری سوڕماوه‌ لەوەی وه‌ڵامی هه‌ر پرسیارێك ده‌داته‌وه‌ وەڵامەکە بۆخۆی دەبێتە پرسیار و چەندین پرسیار دروست دەبێ، بەم شێوەیە مرۆڤ لەنێو سەدان هەزار ساڵ بیرکردنەوە دابووە. لە ئاکامدا مرۆڤی سروشتی (سەرەتایی) بیرکردنەوەیەکی بۆ دروستبووە و بیری ته‌وته‌مییه‌ پێشده‌كه‌وێ و له‌ئاكامدا ئه‌فسانه‌ له‌دایك ده‌بێت.

ئه‌فسانه‌ چییه‌؟ ئەفسانە (میتۆلۆژیا) بۆخۆی چەندین بەشە و گێڕانەوەی ڕووداوێکە سەبارەت بە بابەتێک، ئەم ڕووداوە بە شێوەیەکی زۆر فەنتازی و خه‌یاڵی هونەریانە دەهۆنرێتەوە. بۆ نموونە دەڵێن؛ گەردوون چۆن دروست بووە؟ ئیتر بە هەزاران ئەفسانە هەیە لە چۆنیەتی دروستبوونی گەردووندا، ئینجا هەندێک دەڵێن: فلان خوداوەند هاتووە بە حەوت رۆژ دروستی کردووە، هەندێک دەڵێن؛ لە ئاگر دروستبووە، لە ئاو دروستبووە، بەم شێوەیە ئەفسانەگەلێکی زۆر هه‌یە. مرۆڤ لەچییەوە هاتووە؟ بەهەزاران ئەفسانەش بۆ ئەمە هەیە. بۆ نموونە ئەفسانەیەک هەیە کاتی خۆی دەڵێ مرۆڤ لە پیسایی خوداوەند دروست بووە. وابزانم ئه‌مه‌ ئەفسانەیەکی سۆمەریەکانە، دروستبوونی مرۆڤ، پیاو، ژن هەمووی میتۆلۆژیای خۆیان هه‌یه‌، ئەفسانەیان هەیە.

ئەفسانە ئەو چیرۆک و شتە خەیاڵیانەیە تێڕوانینێکی فانتازیی هەیە بۆ دنیا، بۆ نمونە چیرۆکی حەزرەتی نوح، کاوەی ئاسنگەر، ئەمانه‌ چیرۆکی هەڵە نین، به‌ڵام چیرۆکێکی واقیعی بە زمانێکی میتۆلۆژیایی دەگێڕێتەوە کە رووداوێکە، نمونەی حەزرەتی نوح لە زەمەنێکدا لافاوێکی گەورە روویداوە. بەڵام شێوازی گێڕانەوەکەی شێوەی داستانیی هەیە، تەنها بۆ ئەوەیە کە مرۆڤ لێی تێبگات.

بەگوێرەی فیکری ئەفسانە هەر بوونەوەرێک خوداوەندێکی هەیە، بۆ نموونە خودای رۆژ، شەو، ئاو، ئاگر، ئاسمان، ده‌ریا، شەڕ، خۆشی، ناخۆشی، هه‌روه‌ها خودای خوداوەندەکان هەیە. وەکو لە دینەکاندا دەیبینین یەک خودا هەیە، لە ئەفسانەکاندا بەو جۆرە نییە، بە دەیان خودا هەیە، مرۆڤ سەرەتا وەها بیری کردۆتەوە. بۆ نموونە دەیان ئەفسانە هەیە دەربارەی ئەوەی کە چۆن پیاو ویستویەتی  بەسەر ژندا زاڵ بێت و ژن بەرامبەر پیاو شەڕی کردووە، ئەفسانەی کۆن زۆرن لەسەر ئەمە. واتە قۆناغی پیاوسالاری چۆن دەستی پێکردووە؟ گه‌لێك ئه‌فسانه‌ له‌م باره‌یه‌وه‌ هه‌یه‌. گەردوون و دەریا و مرۆڤ چۆن دروستبوون؟  گەلێک ئەفسانە و میتۆلۆژیا له‌م باره‌یه‌وه‌ هەیە. جاری وا هه‌یە میتۆلۆژیایەک کۆی ئەم شتانەی تێدایە. لەبەر ئەوە کاتێک کە مرۆڤ میتۆلۆژیا دەخوێنێتەوە، واتە بیرکردنەوەیەکی سیستەماتیکی سروشتی مرۆڤ ده‌بینێت، واتە پەرش وبڵاو نییە، هەندێک وا بیرده‌کەنەوە ئەفسانە درۆی تیایە. بەڵام بەو جۆرە نییە. ئەفسانە ڕێگایەکە لەرێگاكانی  گەیشتن بە حەقیقەت، شێوازێکی بیرکردنەوەی مرۆڤە، بەم شێوەیە هاتوون گوزارشتیان له‌تێگه‌یشتنی خۆیان بۆ ئه‌م مژارانه‌ کردووە. بۆیە لەناو ئەفسانەکاندا لەوانەیە هەندێك شتی تێدا بێت لەگەڵ راستیدا نەگونجێ، بەڵام راستیشی تێدا هەیە.

دوایی کاتێک له‌نێو کۆمەڵگه‌دا چینی چەوساوە و چینی چەوسێنەر دروست دەبێت، ئیدی ئەفسانەکانیش دەبن بە دوو بەشەوە، چه‌وسێنه‌ره‌كان خۆیان به‌ خودا حیساب ده‌كه‌ن. ئیمپرتۆرییه‌ته‌كان خۆیان به‌ خودا له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن. پێیان وابووه‌ ئه‌وان خودان. سەرەتا بەو شێوەیە نەبوو. هەرشتێک پێی وابووە خوداوەندێکی خۆی هەیە. بەڵام دوایی كه‌ دەسەڵاتدارێک دروستدەبێت دەسەڵاتداره‌كان خۆیان پێ خودایە. به‌ ئەوانە دەڵێن پادشای خوداوەند یان خوداوەندە پادشا. لەو کاتەدا بەو شێوەیە بیرکراوەتەوە.

بۆ ئەوەی کە زوڵمی خۆیان لەسەر خه‌ڵك، لەسەر کۆمەڵگه‌ و کۆیلەکان زیاتر بکەن و شەرعیەتی پێبدەن وایان بڵاوکردۆتەوە کە ئەوە پادشاکانن ئەوانیان دروستکردووە، رۆح و گیانیان لەدەست پادشاکانە و کەی بیانەوێ رۆحیان دەکێشن و ده‌یانكوژن. کێ لەمانەدا هاوکاریان کردوون؟ راهیبەکان هاوكاریان كردوون. کاتێک کە شار دروستدەبێ شارەکانی سۆمەریەکان( ئور و ئۆرگ و وه‌رکاء و … هتد) لەمانەدا شتێک هەیە پێی دەگووترێ زەقوڕە (زیگۆرات) بینایەتێکی شێوە سێگۆشەیە، زۆربەیان سێ قاتن، ئێستاش شوێنه‌واره‌كانیان لە خوارووی عێراقدا ماوە. قاتی سەرەوه‌ (سێیەم ) راهیبەکانی لێیە، ئەوانەی بیر لە میتۆلۆژیا دەکەنەوە و دایده‌ڕێژن. راهیبەکان ئەو رەبەنانەن کە ئیش و کاریان بیرکردنەوەیە لە میتۆلۆژیا. وەکو کۆمەڵناس و زانای ئێستا، ئه‌وان ئه‌وكاته‌ ئه‌و كاره‌یان كردووه‌. قاتی ناوەڕاست (دووەم) پێکهاتوون لە فەرماندە و جەنگاوەر و سەرکردەکان، قاتی خوارەوە (سێیه‌م) بریتین لە کۆیلەکان. واتە کۆمەڵگەیان دابەشکردووە بەسەر سێ ئاست. بۆیە بەم شێوەیە راهیبەکان ئیشیان بیرکردنەوە بووە و ئەوان شەرعیەتیان دەدا بە فەرمانڕەواکان، فه‌رمانڕه‌واكانیش شه‌رعیه‌تی خۆیان له‌ راهیبه‌كان وه‌رده‌گرت.

بیرکردنەوەی ئەفسانەیی لەوێ زیاتر بوو بە سیستەماتیک، دواتر وردە وردە دین(ئایین) پێشدەکەوێت، چونکە ئەفسانە ئیدی وەڵامی زۆر پرسیاری نه‌ده‌دایەوە، تا شوێنێک مرۆڤەکانی باوەڕی پێدەهێنن و تا ئێستاش ئەفسانەکان ماون و خەڵکانێک هەن کە باوەڕیان پێی ماوە، شتی ڕاستی تێدا هەیە. بەڵام بیرکردنەوەکان نابنە وەڵام. بۆیە لێرەدا ئایین پێشدەکەوێت، سەرەتا لەناو تیرە و هۆزە زاگرۆسیەکاندا پێشده‌كه‌وێت (ئەوانەی لە بناری چیای زاگرۆسدا دەژین، چیای زاگرۆس لەناو زنجیرە چیاكانی زاگرۆسە، تیر و هۆزە زاگرۆسیەکان، دواتر پێیان ئەڵێن ئاری و ئاریانەکان و لە دەوروبەری چیای زاگرۆس ژیاون) ئەمانە هزر و بیری ئایینی لە چوارچێوەی میتراییدا پێشدەخەن، ئێستاش لێکۆڵینەوەکان زیاتر جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە  ئەو ئایینانەی لەناو کوردستان هەیە ڕەگەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئایینی میترایی. بۆ نمونە کاکەیی، یارسانی، ئێزیدی، عەلەوی…هتد . میترایی واتا خۆرپەرستی، ئەوانە خۆر بە سەرچاوەی ژیانیان دەزانن.

بەڵام لەناو عەرەب، سریانی، ئاشووری، ئەکەدی، بابلی، کلدانی، یەهودی ئەمانە پێیان دەگووترێ گەل و هۆزە سامیەکان، لەناو ئەمانیشدا جۆرێک لە ئایین پێشدەکەوێ کە جیاوازن لە ئایینی تیرە و هۆزە زاگرۆسیەکان، زیاتر ئەو ئایینانەی لەناو سامیەکاندا پێشدەکەوێ كه‌ تاک خودایین. پێش ئەم ئایینانە بتپەرستی هەبووە وەکو تەوتەمێک، هەر قەبیلەیەک بۆخۆی خوا یان(بت)ێکی هەبووە و پەرستویەتی… بۆ نمونە لە مەککە، ئورفا کۆمەڵێک بت هەبووە بە شێوە و قەبارەی جیاواز، ئەمانەش جۆرێکن لە شێوازێکی بیرکرنەوە، بەڵام بیرکردنەوەی هۆزە زاگرۆسیەکان لەگەڵ هۆزە سامیەکان هەندێک جیاوازی هەیە. بۆ نمونە ئایینە زاگرۆسیەکان زیاتر تێکەڵی بابەتی ژینگە و ناوەرۆکی گەردوون و هێزی شەڕ و خێر، ڕووناکی و تاریکی هەن. نه‌ك یه‌ك هێز هه‌بێت. بۆنموونه‌ له‌ زه‌رده‌شتییدا خێر و شه‌ڕ و رووناكی و تاریكی هه‌یه‌، له‌ ئایینه‌كانی دیكه‌ی زاگرۆسیش هاوشێوه‌ی ئه‌مه‌ هه‌یه‌. بەڵام لای سامیەکان زیاتر تاک خودایی هەیە. واتا جیاوازی له‌نێوانیاندا هه‌یه‌. ئەمانەش وەکو ڕێگایەک بۆ گەیشتن بە حەقیقەت هەوڵدراوە کە لەڕێگەی دینەوە بگەن بە حەقیقەت، بەڵام ئەمەش بەشی نەکردووە. هەندێک وەڵام هەبوون دینەکانیش نەیان توانیوە بیدەنەوە. چونکە تایبەتمەندی ئایین هەیە لە بیرکردنەوەی چه‌قبه‌ستووه‌ (دۆگما)یە و قابیلی گۆڕان نییە، بۆ نمونە میتۆلۆژیا دەکرێ بگۆڕدرێت و میتۆلۆژیای تر شوێنی دەگرێتەوە و ببێته‌ ته‌واوكاری ئه‌وه‌ی پێشخۆی. بەڵام لە ئایینەکاندا وانییە. بیركردنه‌وه‌كان جێگیرن و توانستی گۆڕانكارییان له‌خۆیاندا نییه. به‌مه‌ ده‌گووترێت چه‌قبه‌ستوویی(دۆگمایی). بۆنموونه‌ کاتێک پرسیارێک دروستدەبێ ئه‌م دین یان ئه‌و دین، یان هیچ یەکێک لە دینەکان ناتوانن وەڵامی بدەنەوە.

بەم شێوەیە ئەم بیرکردنەوانە بەردەوام بووە، ئیدی هێدی هێدی فیکری فەلسەفی پێشدەکەوێ. بێگومان پێش دینیش فیکری فەلسەفیانە و تێگه‌یشتنی فه‌لسه‌فیانه‌ هەبووە. بەڵام فەلسەفە بە شێوازێکی تایبەت و بە مەنهەجێکی تایبەت و بە ڕێبازی تایبەت بیرکردنەوە دروستبێ ئه‌وا دواتر پێشدەکەوێت. فەلسەفەش دەبێتە ڕێگایەک بۆ گەیشتن بە حەقیقەت. بەڵام فەلسەفەش وەڵامی هه‌موو پرسیارەکان ناداتەوە.

فه‌لسه‌فه‌ چییه‌؟ فەلسەفە تێڕوانین(جیهانبینی)ێکی گشتییە بۆ سروشت، کۆمەڵگە و مرۆڤ. سەبارەت بە مەعریفە، لۆژیک، جوانناسی، بیرکردنەوە، …هتد لەسەر ئەمانەش تێگەیشتنی هەیە، چۆن بە هەزاران میتۆلۆژیا دروست بوو بەهەزاران ئایینیش دروستبوو، هەر ئایینێک هات و گووتی کە تەواوکەری ئایینەکەی پێش خۆمم، هیچ یەکیان نەیگووت کە ئاینەکەی دیکە رەتدەکاتەوە، بۆ نمونە ئیسلامیش دەڵێت:"انما بعثت لأتمم مکارم الاخلاق" واتە نێردراوم بۆ تەواوکردنی پرەنسیپەکان و به‌خشنده‌ییه‌كانی ئەخلاق، هەموو ئایینەکان بەم شێوەیە هاتوون. بەڵام بەشی مرۆڤی نەکردووە، بۆیە مرۆڤ هەر لە لێگەڕیندا بووە.

ئه‌مجاره‌یان فەلسەفە هات، ئەویش بە تێڕوانینی خۆی گۆڕانکاری لە بیرکردنەوەی مرۆڤدا کرد، بەهەزاران فەلسەفە و قوتابخانەی فەلسەفی و فەیلەسوف دەرکەوتن. ئەمەش بەشینەکرد، فەیلەسوفەکان گووتیان: حەقیقەت لای ئێمەیە لای دین نیە، دین گووتی: لای منە و لای میتۆلۆژیا نییە، میتۆلۆژیاش كه‌ ده‌ركه‌وت گووتی: حەقیقەت لای منە. هه‌ر یه‌كه‌یان ره‌خنه‌ی له‌ ئه‌وه‌ی دیكه‌ گرت و ده‌یگووت: حه‌قیقه‌ت لای منه‌. ئەی کەواتە لای کێیە؟

ئەمجارەیان زانست پێشدەکەوێت، پێشتر زانست لەناو خودی فەلسەفەدا بوو، فەلسەفەش لەناو ئایین و ئاینیش لەناو میتۆلۆژیادا بوو، زانستیش هات و گووتی کە: هەموو ڕاستیەکان لای منە و زانست حەقیقەتە و بوو بە دروشم کە "زانست حەقیقەتە". پاشان زانست (عیلم)ەکان پێشدەکەون و ئەم زانستانەش بەس نیین، تیۆریەک دێت و تیۆریەکانی دیکە رەخنە دەکات و بەم شێوەیە هەزاران کایەی زانستی پێشدەکەوێت، زانسته‌ سروشتییه‌كان و زانسته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان پۆڵینبه‌دی ده‌كرێن. ئیدی بەشەکانی زانست پێشدەکەوێت "ژینگە، سروشت، کیمیا، زیندەوه‌رزانی، ….هتد" هەر بەشێک لەو زانستانە زانستی تری لێبۆتەوە. بۆ نموونە زانستی فیزیای "میکانیکی، کوانتەمی، ئەتۆمی …هتد" لە ئەنجامدا گەلێک زانست پێشدەکەوێت.

بەڵام ئایا حەقیقەتیان دۆزیوەتەوە؟ بەڵێ دۆزرایەوە، بەڵام هەر یەکەو بڕێک لە حەقیقەتی دۆزیەوە. ئایا هه‌موو حه‌قیقه‌تیان دۆزیه‌وه‌؟ نه‌خێر، بەهەر هەموو ئەو رێگایانە هێشتا بڕێک لە حەقیقەت دۆزراوەتەوە، کەواتە یەکێک لەو رێگایانە دەبێ چەندێک حەقیقەتیان دۆزیبێتەوە؟! بۆ نمونە میتۆلۆژیا کە بە هەزاران میتۆلۆژیا هەیە و لەسەر یه‌ك بابەت ده‌ڕوات، كه‌چی بڕێک لە حەقیقەتیان لابێت، کەواتە یەک میتۆلۆژیا دەبێت چەند حەقیقەتی لابێت؟! بە میتۆلۆژیا و زانست و دین و فەلسەفە بڕێک لە حەقیقەتیان دۆزیبێتەوە، دەبێ خودی هەر یەکێكیان چەندی لابێت؟

ڕێگەیەکی دیکەی گەشتن بە حەقیقەت هەیە، ئەویش هونەرە. هونه‌ریش رێگایه‌كی دیكه‌ی گه‌یشتن به‌ حه‌قیقه‌ته‌. هونه‌ر بە هەموو بەشەکانیەوە (شانۆ، سینەما، سه‌ما، شێوەکاری، مۆسیقا، ئەدەبیات …هتد) ئەمانەش رێگای دۆزینەوەی حەقیقەتن. لە رۆمانێکدا دەتوانی چەندی حەقیقەت بدۆزیتەوە؟ لە شانۆییەکدا دەتوانی هەموو حەقیقەت بدۆزیتەوە؟ هه‌ڵبه‌ته‌ بڕێك له‌ حه‌قیقه‌تی تێدا به‌رجه‌سته‌یه‌.

پێویستە لێرەدا تێبگەین کە هەندێك کەس پێی وایە هونەر دژی فەلسەفەیە، فەلسەفە دژی زانستە، زانست دژی دینە، دین دژی میتۆلۆژیایە….هتد. ئەگەر لە دیوێکەوە سەیر بکەی لەوانەیە راست بێت، بەڵام ئەگەر قووڵ بیربکەیتەوە ئه‌وا هەموویان ڕێگاکانی گەیشتن بە حەقیقەتن. واتە رێگای چارەسەرکردن و تێگەیشتن لە گەردوون، ژیان، مرۆڤ، کۆمەڵگه‌. به‌ڵام ئەوەی زمانی مۆسیقا دەتوانێت دەریببڕێت فیزیاش دەریدەبڕێت؟، ئەوەی بە زمانی زانست دەریدەبرێت لەوانەیە فەلسەفە نەیتوانیبێت، یان ئەوەی میتۆلۆژیا دەریدەبڕێت زانست نەیتوانی بێت.

کەواتە چی تێدەگەین لەم ڕێگایانە؟ ئەوە تێدەگەین کە هێشتا مرۆڤ لە لێگەڕین دایە، ئەو شتانەی کە ئێمە پێمان وایە حەقیقەتە هەندێکیان حەقیقەت نین، وەهمن و وەکو حەقیقەت نیشاندراون، هەندێکیشیان راستە حەقیقەتە. پێشتر مرۆڤ پێی وابووە یەک خۆر هەیە، ئێستا هەندێک تیۆری هەیە کە دەڵێت کۆمەڵێک خۆری دیكه‌ش هەیه‌، ئەی کەواتە چەند خۆر هەیە؟ ئەم هەموو تیۆریەی پێی وابووە کە یەک خۆر هەیە، بەڵام ده‌ركه‌وت كه‌ کۆمەڵێک خۆر هەیە، کەواتە مرۆڤ چی تێدەگات؟ تێدەگات کە بۆ گەیشتن بە چارەسەری کێشەکان بە تێگەیشن لە گەردوون، لە خودی خۆی هەر لە لێگەڕیندا بووە، هەموویان ته‌واوكاریی یەکتر بوون، جا هەندێکیان راستیەک و دە هەڵە لەناویدا، هەندێکیان هەڵەیەک و دە راستی تێدایە، لە هەر بابەتێک و یەکیان راستە و جوانتر گوزارشتی کردووە، ئەمانە جێی گفتوگۆن.

بەڵام لە کۆی ئەمانەدا قسەیەکی مەولانا جه‌لاله‌ددینی رۆمیمان بەبیردێتەوە کە دەڵێت: "حەقیقەت ئاوێنەیەک بوو به‌ده‌ست خوداوه‌، كه‌وت و شکا، هەر یەکەو بۆخۆی پارچەیەکی برد و سه‌یری كرد و پێی وابوو كه‌ ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌" واتە هەریەک لەم رێگایانه‌ بڕێک له‌ حەقیقەتی لایە. ئەگەر هەموویان بهێنیتە لای یەکتر لەوانەیە کۆی ئاوێنەکە دروست ببێتەوە. هەر یەک لەم رێگایانە شێواز و ڕێبازی بیرکردنەوەی خۆی هەیە. بەڵام ئه‌گه‌ر هەر یەکێک لەوانە باڵادەست بێت بەسەر ئەوی تریاندا ئەوانی دیکە دەسڕێتەوە. بۆ ئێمەی شۆڕشگێر گرنگە لە راستینەی هەموویان تێبگەین، واتا بە هەموویان بدەین.

ئێستا؛ هه‌ندێك پێیان وایه‌ كه‌ "هەموو شتێک لە عیلمدا هەیە و دەبێ عیلمیانە بیربکەیتەوە" وەکو بڵێی تاکە ڕێگای گەیشتن و دەربڕینی راستیی زانستە. دەکرێ بە زمانی مۆسیقاش راستیەک بڵێی، ئەوەی مۆسیقا دەتوانێت بیڵێ لەوانەیە شانۆ نەتوانێت، شانۆ بەزمانی خۆی دەیڵێت، زانست، دین، میتۆلۆژیا، فەلسەفە هەر یەکێک لەمانە زمانی دەربڕینی خۆیان هەیە.

كه‌واته‌ هه‌ڵه‌ لەچیدایە؟ هه‌ڵه‌كه‌ له‌وه‌ دایه‌ كه‌ بە زانست بڵێی بۆ وەک دین بیرناکەیتەوە، بە دینیش بڵێی بۆ وەکو زانست بیرناکەیتەوە، یان بەهەر جۆرێک لەو شێوەیە، دەکرێت لەناو هونەر فەلسەفەیەک هەبێت، شتێکی زانستی هەبێت، دەکرێت لەنێو دین و فەلسەفەش زانست هەبێت یان تێڕوانینی دینی هەبێت. ئەمانە هەموویان چوونەتە ناو یەکەوە و بە دیوار لەیەکتر جیانەکراونەتەوە. لەناو خودی تێگەیشتنی زانستیدا میتۆلۆژیا هەیە، لەنێو هەندێک تیۆری کۆمەڵناسیدا میتۆلۆژیا هەیە. جاری وا هه‌یه‌ مرۆڤ دەڵێت:" سەد خۆزگەم بە میتۆلۆژیای هەزاران ساڵ بەر لە ئێستا".

بۆ نموونە دەڵێن: "نەژادی ئاری نەژادێکی هەرە پاکە" ئەمە بۆخۆی نەژادپەرستیە. ئه‌م بۆچوونه‌ لەم سەد ساڵەی دواییدا دەرچووە. کەواتە لەناو زانستیشدا میتۆلۆژیا هەیە، ئێستا هەندێک کەس زانست وەکو دین دەبینن. واتە چۆن مرۆڤێکی دیندار چیی لە دینەکەی خۆیدا ببینێ دەڵێ: ئەوە راستە، مرۆڤی وا هەیە بە زانستەوە سه‌رقاڵه‌ و هەرچی زانست په‌سندی نەکات دەڵێت: "راست نییە". کەواتە ئەمەش بیروڕایەکی دینی نییە؟ تێڕوانینی مارکسیزم تێڕوانینێکی ماددیانەیە  بۆ دنیا، لەناو ئەمەشدا تێڕوانینێکی دینی هەیە. بۆ نموونه‌ دەڵێت: "حەتمیەتی تاریخی" واتا ئەوەی لەنێوچەوان نووسرابێ دەبێ هەر ئەوەبێ، ئه‌مه‌ جیاوازی نییە لەگەڵ ئەو قەدەرەی کە لە ناو دیندا هەیە…

کەواتە دین، میتۆلۆژیا، فەلسەفە..هتد تێکەڵاوی یەکترن و هەموویان ڕێگاکانی گەیشتن بە حەقیقەتن، ئێمە له‌نێو ئه‌م هه‌موو رێگا و توله‌ڕێگایانه‌ چۆن سەیری حەقیقەت دەکەین؟ ئێمە پێمان وایە مرۆڤ نابێ بە ره‌هایی سەیری هیچ شتێک بکات. چونكه‌ حەقیقەت لەیەک دانەیدا کۆنەبۆتەوە و ده‌كرێ سوود له‌هه‌ر هه‌موویان بۆ گه‌یشتن به‌ حه‌قیقه‌ت وه‌ربگیردرێت. بۆیە هه‌ریه‌كه‌یان له‌ ئاست و پێگه‌ی خۆیاندا، رێز لەبەرامبەر هەموویاندا پیشان دەدەین. بۆ نمونە فیلێک بێنە و تاڵە موویەک لەو فیلە ده‌ربێنه‌ و وەسفی ئەو تاڵە مووه‌ بکە، هەرچییەک سه‌باره‌ت به‌و تاڵه‌ مووه‌ بیڵێیت وه‌كو ئه‌وه‌ وابێت كه‌ وەسفی فیلەكه‌ دەکات، ئایا ئەمە راستە؟ نەخێر. چونکە هەموو حەقیقەتی فیلەکە لەو تاڵە مووەدا نییە. بەڵام ئەگەر وەسفی گشتی فیلەکە بکەین ئەوکاته‌ حەقیقەتی گشتی فیلەکەیه،‌ نەک وەسفی یه‌كێك پارچەکانی. واتە لە پارچە(جزء)وە مرۆڤ ناتوانێ گشت(كل) تێبگات، وە لە گشت-یشەوە ناتوانی پارچە پارچەی مەسەلەکان ببینێت. ئەم دوو جۆرە تێگەیشتنە هەڵەیە؛ زانست شتەکان پارچە پارچە دەکات. بەڵام دین شتەکان هەمووی بە گشتی باسدەکات. کەواتە ئەم دووانە یەکتری تەواو ناکەن، هەر یەکەیان بەشێک لە حەقیقەت دەگەیەنن.

مرۆڤ تایبەتمەندییەکی هەیە کە مێشکی زۆر زۆر نەرمە. بەمەش توانای بیرکردنەوەی فانتازیای زۆرە، ئەمە وایکردووە مرۆڤ لە بوونەوەرەکانی تر جیابکاتەوە، ئێمە ئایین، فەلسەفە، هونەر و میتۆلۆژیا…هتد مان هەیە. بەڵام بوونەوەرەکانی تر ئەمانەیان نییە. چونکە توانای مێشكی خانەی مرۆڤ توانای بیرکردنەوە و وەرگرتن و خەیاڵکردنی هەیە، یەکێک لەو شتانەی کە مرۆڤ لە بوونەوەره‌كانی دیكه‌ جیادەکاتەوە خەیاڵە. واتا ئه‌و لایه‌نه‌ نه‌رمییه‌ی مێشكی مرۆڤ.

 

 

 

-2-

ئایا هه‌موو رێگاكان ده‌چنه‌وه‌ سه‌ر حه‌قیقه‌ت؟!

ئێمە له‌وه‌ تێگەیشتین کە ئەو ڕێگایانە سەرەکین و هەمووشیان کۆمەڵێک تولەڕێی تریان هەیە. مرۆڤ کە تێگەیشت ئەو هەموو ڕێگایانەی حەقیقەت هەیە، کۆی هونەر، ئایین، میتۆلۆژیا، زانست، فەلسەفە … هتد ئەمانە خواستوویانە کار لەسەر حەقیقەت بکەن، حەقیقەت واتا ڕاستی یان ڕاستینە، هەموو ئەمانە لە هەوڵی ئەوەدابوون حەقیقەت کەشف بکەن و هەریەکەو بڕێکیان کەشف کردووە، ئەگەر بگەڕێینەوە سەر قووڵایی بیرکردنەوەی مێژووی مرۆڤایەتی مرۆڤ بۆمان دەردەکەوێت کە تێڕوانین یان تێگەیشتنی ئایینیانە، فەلسەفیانە، هونەریانە، زانستیانە لەسەرەتای بیرکردنەوەی مرۆڤ هەموو لەناویەکدا هەبوون، پاشان له‌یه‌كتر و له‌ناویه‌كتر جیابوونەتەوە.

ریزبەندی ئایین و زانست و فەلسەفە و میتۆلۆژیا نییە لە سەرەتاوە هەموویان پێکەوە هەبوون لە بیرکردنەوەی مرۆڤدا هەم زانست هەم فەلسەفە هەم هونەر … هەموو هەبووە، بەڵام هێدی هێدی هەندێک پێش ئەوەی دیکەیان دەردەکەوێت. بۆ نمونە میتۆلۆژیا کە سەرەتا دەکەوێتە پێش واتای ئەوە نییە کە بیرکردنەوەی دینی تێدا نەبووە. زۆربەی چیرۆکە ئایینیەکان لەناو میتۆلۆژیادا هەبوون. ئێستا سەیری کتێبە ئایینیەکان بکە، ئەو چیرۆکانەی لە ئاییندا هەیە لە میتۆلۆژیادا پێشتر باسکراوە کە دین هێشتا نەبووە. بەڵام دین هاتووە گۆڕیویەتی و شێوەی نوێی داوەتێ. ئەم میتۆژیایە هەر یەکەو بە فۆرمی خۆی ماوە، هەموو لەناو یەکدان. بەڵام ئێستا دەسەڵات لە دژی یەکتر بەکاریان دەهێنێت و چەواشەی کردوون، ئەگەر مرۆڤ لەوە تێنەگات کە ئەم حەقیقەتانە لە سەرەتای بیرکردنەوەی مرۆڤدا هەبووە و تێنەگات کە یەکتری تەواو دەکەن، دەکرێ شتی جیاواز له‌ یه‌كتر بڵێین، دین بە جۆرێ باسی بکات و فەلسەفە بەجۆرێک و زانست بەجۆرێکی تر بیری لێبکاتەوە، دەکرێت ناکۆکیش بن. بەڵام خودی رێگاکان رێگای گەیشتن بە حەقیقەتن، هەر یەکەو بە شێوازی خۆی دەریدەبڕێت.

بۆ نموونە؛ کاتی خۆی مرۆڤ تێڕوانینە فەلسەفی و دینیەکانی خۆی بە هونەر؛ سه‌ما، شیعر، چیرۆک، داستان و نیگار دەربڕیوە، ئەفسانە هاتووە بە چیرۆک و شیعر تێڕوانینی خۆی دەربڕیوە. واتا هەموو لە بنچینەی بیرکردنەوەی مرۆڤ پێکەوە بوون و پاشان لەیەکتر جیابوونەتەوە و کاریان جیاوازبووە. هه‌رچه‌نده‌ لەپێشکەوتنی مێژووی بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤایەتیدا یەکیان پێشی ئه‌وانه‌ی تریان زیاتر یان زووتر ده‌ركه‌وتووه‌. دیارە کە لە قۆناخی سەرەتادا میتۆلۆژیا دەرکەوتۆتە پێش، كه‌چی هونەریش هەبووە ئەگەر سەیری مێژوو بکەین هەموو تێڕوانینە ئایینی، فەلسەفی، زانستیەکان بە هونەر دەربڕدراوە، کاتێک کە مرۆڤ هاتووە ویستویانە ڕووداوێک باسبکەن، بۆ نموونە ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ئاژەڵی دڕندە بوونەتەوە، هاتوون لاسایی ئەو ڕووداوەیان کردۆتەوە کە چۆن ئاژەڵەکان هێرشیان کردووە، ئەمان ڕایان کردووە و ئەوان هاتوون، واتە ئەو شتەی ئێستا پێی دەگووترێت شانۆ، بە دەیان هەزار ساڵ بەر لە ئێستا مرۆڤ لاسایی ڕووداوەکانی پێکردۆتەوە، چونکە شانۆ هونه‌ری لاسایی کردنەوەیە. کاتێک هێرشیان کردۆتە سەر تیرەیەک یان ڕاوەبەرازێک بە هاتوهاوار و قیڕەقیڕ کردوویانە، ئێستا ئه‌مه‌ پێی دەگووترێت سروود و گۆرانی، بە سەماکردن ئێستا پێی دەگووترێت شایی و هەڵپەڕکێ و گۆڤەند، بەمانە مرۆڤ تێدەگات کە سەرەتا مرۆڤ هەموو بیرکردنەوە ئایینی و میتۆلۆژیایی و فەلسەفییه‌كانی و …هتد لەناویەکدابووە.

بۆ نموونه‌؛ ئێستاش لەناو کوردەواریدا هەندێک گیا هەیە هێشتا پیرۆزن، ئەمانە تێڕوانینی خۆی هەیە و گرنگە مرۆڤ تێیبگات. لە سەرەتادا زانستەکان هەموو یەکبوون، پاشان هێدی هێدی لەیەکتر جیابوونەتەوە و لق و پۆپیان دەرکردووە. بۆ نموونە؛ دارستانێک سەرەتا دره‌ختێك بووبێت، پاشان دووان و سیان و زیادی کردووە و تا بووە بە دارستان. واتا سه‌ره‌تا بیركردنه‌وه‌كانی مرۆڤ ئاواهی بووه‌ و له‌ناویه‌كتردا بووه و پاشان له‌یه‌كتری جیابوونه‌ته‌وه‌.‌

ئەو کەسانەی دەمارگیرن پێیان وایە کە ئەمانە هه‌مووی دژی یەکن. بەڵام ئێمە پێمان وایە کە ئەمانە هەموویان یەکتر تەواو دەکەن، بیركردنه‌وه‌كانی مرۆڤن و لق و پۆپیان لێبۆتەوە. دەکرێت هەندێکیان بڕێک له‌ وەهم و بڕێك له‌ حه‌قیقه‌تی تێدابێت، ئه‌میان حه‌قیقه‌ته‌كه‌ی زیاتر بێت له‌ وه‌همه‌كه‌ی، یان جوانی یان ناشرینییه‌كه‌ی تێدا زیاتربێت. کێشەكه‌ لەوەدا نییە لێک جیاوازن، چونکە كه‌ له‌یه‌كتر جیاواز ده‌بن فیکری مرۆڤایەتی زیاتر پێشده‌كه‌وێت. بەڵام کێشە لەوەدایە ئەمانە هه‌مووی بەدەست دەسەڵاتەوە بەکاردەهێنرێن. زانست دەبێتە ئامرازێک بەدەستی دەسەڵاتەوە، هونەر، دین، میتۆلۆژیا هەموو بەکاردەهێنرێن. بۆ نموونە؛ هۆلییۆد چییه‌؟ مۆدێلی ژیانی لیبرالیزم، سەرمایەداری، کۆیلایەتی لە هۆڵیوددا بە هونەر دەکرێت. فیلمه‌كانی رامبۆ، ڤاندام … ئەم کەسایەتییانە کە هه‌ر ده‌كوژن و نایشارنەوە و بەتەنیا ئارتەشێک لەناو دەبەن، ئەمانە ئەفسانە فوتێکراوەکانی دەسەڵاتن. ئه‌و زەقورەیه‌ی کە باسمان کرد و کرابووە سێ بەش و لە بەشی سەرەوەیدا راهیبەکان هەموو شتیان دروستدەکرد، بۆ ره‌واتیدان به‌ پادشا خوداوه‌نده‌كان. دەی ئێستا هۆڵییودی ئەمەریکی ئەوەیە، واتە شوێنی کە مرۆڤی تێدا کۆیلە دەکرێت و بەشێوەی هونەر دەریدەبڕێت. ناوه‌ندێكی چەواشەکاری و پڕوپاگەندەکردن و رێكلامكردنه‌ بۆ سیستەمی سەرمایەداری. لە تورکیادا (یەشیل چام)ە، لە هیندستان (بۆڵیود)ە.

مه‌ترسی ئەم ڕێگایانە له‌وه‌دایه‌‌ كه‌ دەسەڵات بۆ چەواشەکردنی حەقیقەت ئەم رێگایانه‌ی بەکارهێناوە. هەمان ڕێگا کە مرۆڤ بۆ گەیشتن بە حەقیقەت بەکاریهێناوە، سیستەمه‌ دەسەڵاتداره‌كانیش هەمان ئەم ڕێگایانەیان بەکارهێناوە بۆ شێواندنی حەقیقەت، بۆئه‌وه‌ی وه‌همه‌كان وه‌ك حه‌قیقه‌ت نیشان بده‌ن. مه‌ترسییه‌كه‌ لەوەدایە نەک لە جیاوازی تێڕوانیەکان، مه‌ترسی له‌وه‌ دانییه‌ كه‌ ئایین له‌ بوارێك و هونه‌ر له‌ بوارێكی دیكه‌ و زانست له‌ بوارێكی دیكه‌ كار ده‌كه‌ن. با له‌یه‌ك جیاواز بن. چونکە جیاوازی بۆخۆی هەمەڕەنگییە و بۆ دەرخستنی ڕاستیەکانە بەهەر ڕێگەیەکیان بێت، كاتێك راستییه‌ك به‌ زانست یان فه‌لسه‌فه‌ ده‌رنابڕدرێت، ده‌كرێ به‌ ئایین یان به‌ هونه‌ر ده‌رببڕدرێت. كێشه‌كه‌ له‌وه‌دا ده‌ستپێده‌كات كه‌ ئه‌م رێگایانه‌ ده‌بنه‌ رێگای ونكردنی حه‌قیقه‌ت یان شێواندنی حه‌قیقه‌ت. کاتێک دەمارگیری لەمانەدا پێشکەوت، ئیدی بوونە ئامرازێک بۆ ونکردنی حەقیقەت و بە دەستی دەسەڵاتەوە قۆرخکران بۆ ماڵیکردن و كۆیله‌كردنی کۆمەڵگە.

بۆیە پێویستە ئەمانە لەدەست دەسەڵات رزگاربکرێن، پێویسته‌ زانست رزگاربکرێت، چونکە تەکنۆلۆژیا خەریکە مرۆڤ هەڵدەڵوشێت. زانست بەرهەمی مرۆڤایەتییە نەک سەرمایەداری، هەندێ پێیان وایە زانست بەرهەمی سەرمایەداریە و دەڵێن سه‌رمایه‌داری بۆ خراپە؟ بەڵام بەپێچەوانەوەیە سەرمایەداری زانستی قۆرخ کردووە، بۆ یەکەمجار کە مرۆڤ بەردێک یان دارێک یاخود ئێسقانێک نوکەکەی تیژ دەکات بۆئەوەی ئاژەڵێک ڕاوبکات یان دوژمنەکەی بکوژێت، ئەمە یەکەمین تەکنۆلۆژیایه.

به‌یەکەمین دەسکاری کردنی سروشت دەگووترێت تەکنۆلۆژیا. بەهەزاران ساڵ ئینجا مرۆڤ تێگەیشتووە کە بەردێکی نوک تیژ لەگەڵ بەردێکی خڕدا تیژەکەیان باشترە، دارێکی کە نوکی تیژە لە دارێک کە نووکی تیژ نییە باشترە، ئەمە تەکنۆلۆژیایە. خۆ تەکنۆلۆژیا یەکەمجار لە ئینتەرنێت و کۆمپیتەرەوە دەستپێناکات، هەموو مرۆڤایەتی بەشدارە لە پێشخستن و دامەزراندنی تەکنۆلۆژیا.

فەلسەفە هه‌ر تەنها هی یۆنان نییە، زانست هه‌ر تەنها هی ئەوروپا نییە، خەڵکی رۆژهەڵاتیش تەنها بە میتۆلۆژیاوە خەریک نەبوون، وەک چۆن به‌ میتۆلۆژیاوە خەریک بوون بە زانستیشه‌وه‌ خەریک بوون‌، بۆ یەکەمجار لەسەر ئەم خاکە مۆمیای مرۆڤ کراوە، نه‌شته‌رگه‌ری کراوە، شیکاری نەخۆشی کراوە، بۆ یەکەمجار لێرە داودەرمان دروستکراوە، لە ژەهری مار دەرمان دروستکراو، لە پێست و خوریی ئاژەڵ کەلوپەل دروستکراوە، ماست دروستکراوە، مەگەر مرۆڤ دۆزیویەتیەوە کە شیر گەرم بکات و بیکات بە ماست ئاسانە!.

واتە ئەوروپا دەیەوێ ئەوە نیشان بدات کە زانست و فەلسەفە و هونەر و هەمووی هی خۆیەتی، خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوین هەر خەریکی دین و میتۆلۆژیا بوونه،‌ وانییە. ئەمە تێگەشتنێکی هەڵەیە. هەموو ئه‌م شتانه‌ سەرچاوەیان لە رۆژهەڵاتی ناوینه‌، لە میزۆپۆتامیایه‌، بەڵام ئەمە لە شوێنێکی تر پێشدەکەوێت و دەرفەتی پێشکەوتنی زیاترە. بۆ نمونە زۆربه‌ی ئایینەکان لە رۆژهەڵاتی ناوینه‌وه‌ دەرکەوتون، زۆرێك لەو تیۆرە زانستی و ماتماتیکی و فیزیاییانه‌ی ئێستا سه‌ره‌تاكه‌ی لێره پێشکەوتووە. بەڵام بەردەوامی ئەم پێشکەوتنە لەسەر زەمینەی ئەوروپا دەبێت. چونکە دەبینن کە زانست قازانجی تێدایە. تێگەشتنی هەرە مه‌ترسیدار ئەوەیە کە پێمان وایە "زانست هێزە، هێزیش دەسەڵاتە" بۆیه‌ بۆئه‌وه‌ی دەسەڵات هێزی زیاتر بێت زانستەکان دەکڕێ، بەهرەکان دەکڕێت و دەفرۆشێت، ئەمە گرنگە کە تێبگەین.

مرۆڤ پێی وایە دونیا بەسەر دوو شت دابەشدەبێت: رەش – سپی، رووناکی – تاریکی، جەستە – رۆح. هەندێک دەڵێن: دونیا هەمووی ماددەیە، هەندێک دەڵێن فیکر و رۆحە. بەهەزاران ساڵ ئەم بیرکردنەوانە شەڕی یەکتریان کردووە، ئەمانە هەموو بڕێکن لە حەقیقەت، پێچەوانەی ئەم بیرکردنەوانەش هه‌ر بڕێکن لە حەقیقەت.

لەمیانەی هەموو ئەم تێگەشتنانەوه‌ دەردەکەوێت کە گەردوون وەک چۆن ماددەیە وزەشە، وزە دەبێت بە ماددە و ماددەش دەبێت بە وزە، کەواتە ئەمانە هەموو بەشێکن لە حەقیقەت. كه‌چی هه‌زاران ساڵ شه‌ڕ له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌میان ده‌ڵێت گه‌ردوون مادده‌یه‌ و ئه‌وه‌ی دیكه‌ ده‌ڵێت گه‌ردوون میسالییه‌ یان وزه‌یه‌ یان رۆحه‌.

 بۆ نموونە: مریشک لە هێلکەیە یان هێلکە لە مریشکە؟ ئەمە چەندەها بۆچوونی له‌سه‌ر هەیە. واتە هه‌ر یه‌ك له‌م تێگەیشتنانە بۆ گەیشتن بە حەقیقەت کەمن، وانەبێ کە هیچ حەقیقەتیان تێدا نییە. بەڵام تاک لایەنەن و یه‌ك لای گه‌ردوون ده‌بینن هه‌موو راستینه‌ی گه‌ردوون نابینن. ئەمانە كه‌ ده‌بن به‌ ئامراز بەدەست دەسەڵاتەوە بۆ شێواندنی حەقیقەت بۆ دروستکردنی پەردەیەکی رەش بۆ به‌رچاوی ئینسان و کۆمەڵگە بۆئه‌وه‌ی ئیتر راستیەکان نەبینین.

له‌ رۆمانی سینۆهه‌دا؛ سینۆهە كه‌ دكتۆرێكی فیرعه‌ونه‌، باس لەوە دەکات، کە چۆن لە پشت پەردەوه‌ درۆوده‌له‌سه‌ ده‌كرێت و ئەفسانە و حەقیقەت و خوا و….. چەندانی تر بەکاردەهێنرێن، له‌كاتێكدا ئەمانە رێگان بۆ گەیشتن بە حەقیقەت. بەڵام کاتێک دەگاتە دەست دەسەڵات ئەم رێگایانه‌ له‌ڕێگای گه‌یشتن به‌ حەقیقەتدا  لادەدرێن و ئاراسته‌ی پێچه‌وانه‌ وه‌رده‌گرن.

ئیتر هونەر کە بۆ جوانیی مرۆڤە، بۆ کەشفکردنی ئیستاتیکای ژیانە، بۆ دەرخستنی جوانیی پەیوەندییەکانی نێوان مرۆڤ و سروشت و گەردوونە، دەبێتە ئامرازێک بۆ گەوجاندنی مرۆڤ، بۆ تێکدانی کەسایەتی و چەوساندنەوەی مرۆڤ و کۆمەڵگه‌ و بۆ ره‌وایه‌تیدان به‌ کۆیلایەتی. ئیتر هونەر دەبێتە کارگەیەک بۆ بازرگانی کردن بە بەهاکانی مرۆڤ، ئیتر ژن لە هونەردا دەکڕدرێت و دەفرۆشرێت.

دین كه‌ لە بەرامبەر زوڵم و زۆر و ستەمکاری نەمروودەکان و فیرعەونەکانەوە ده‌ركه‌وتووه‌، كه‌چی دەبێت بە ئامرازێك به‌ده‌ست نه‌مروود و فیرعه‌ونه‌كانی ئێستاوه‌‌. خۆی لە راستیدا دینەکان لە دژی جاهیلیەت و فیرعەونەکان په‌یدابوون. بەڵام ئێستا کراوە بە ئامرازێک بۆ جاهیلیەت و بەدەست فیرعەونەکانی ئێستاوە.

زانست بۆ کەشفکردنی حەقیقەتە، كه‌چی بۆ شێواندنی حەقیقەت بەکار دەهێنرێت. فەلسەفە رووناکیە و حەزکردن و عەشقی زانینە، بەڵام ئێستا عەشق دەکوژێ. بۆ نموونە؛ سەرمایەداری چۆن سەیری حەقیقەت دەکات فەیلەسوف (جۆن دیوی) یەکێکە لەو فەیلەسوفانەی کە خاوەنی فەلسەفەی پراگماتیکی (بەرژەوەندیپارێزی)یە دەڵێت: حەقیقەت قازانج و بەرژەوەندییە، هەرچی بەرژەوەندی تێدابێت ئه‌وا ئه‌وه‌ حەقیقەتە. فەلسەفەکەی ئەوەیە کە هەرشتێ قازانجی ئەوە حەقیقەتە، ئەوەشی قازانجی نەبێ حەقیقەت نییە، کۆی فەلسەفەی سەرمایەداری له‌چوارچێوه‌ی پراگماتیزمدا پێشدەکەوێت. حەقیقەت لەچاوی بەرژەوەندییەوە سەیردەکات.

تێکۆشانی ئێمە بۆچییه‌؟ تێكۆشانمان هەوڵی ئەوە دەدات کە ئەم هەموو ڕێگایانە لەدەست دەسەڵاتداری دەربخەین و بیخەینەوە سەر ڕاستینەی خۆی، ئەمانە ببنەوە ڕێگای حەقیقەت، جوانکردنی ژیانی ئینسان، رۆح و دەروونی ئینسان و گەردوونی پێ ڕووناک بکرێتەوە، فیکری ئینسانی پێ رووناک بکرێتەوە. نەک لەو تاریکییە کە بوونەتە هۆکاری تاریکبوونی فیکر و مێشکی ئینسان، تێکۆشانی ئێمە بۆ ئەوەیە.

لەوانەیە هەندێک هەڤاڵ بڵێن؛ ئێمە باسی کوردایەتی دەکەین، ئه‌مه‌ چ پەیوەندی بەو شتەوە هەیە، تێکۆشانی ئێمە سیاسیە؟. ئەمانە هەموو لە بەرامبەر کورد به‌كارهێنراون. بۆ داگیرکاری كوردستان هونەر، ئایین، فەلسەفە، ئایدیۆلۆژیا و زانست بەکارهێنراوە. هه‌ر له‌به‌رامبه‌ر به‌ كورد نا به‌ڵكو به‌رامبه‌ر به‌هه‌موو گه‌لان به‌كارهێنراوه‌. ٥٠٠٠ ساڵە دەسەڵات ئەم ئەقڵیەتە بەکاردەهێنێت.

بۆیە رزگارکردنی زانستەکان لە زانستگەراییی و پاراستنی زانست لە دابڕانی لەگەڵ ئەخلاقی ئینسانی ئه‌ركی ئێمه‌یه‌. ئەوە ئەرکی ئێمەیە جارێکی تر ئەخلاق و زانست بهێنینەوە لای یەکتر و ئاشتیان بکەینەوە، ئەرکی ئێمەیە بۆ بونیادنانی رۆحی ئینسان، جوانکردنی ژیانی ئینسان، جارێکی تر دەبێ هونەر رۆڵی خۆی ببینێ، بۆیه‌ ئێمە ده‌بێت شتەکان به‌ پارچە پارچە سەیر نەکەین، دەبێ فەلسەفە جارێکی تر رۆڵی خۆی ببینێتەوە.

بەشێکی گرنگی ئایین لە ئەخلاق دایە دەبێ ئایین بگەڕێتەوە سەر رۆڵە ئەخلاقیەکەی خۆی، نەک بۆ کوشتن و بڕین و قەتڵوعام و چەوساندنەوە و کۆمەڵکوژی بێت، وەکو ئێستا بەناوی داعش و سەلەفیەت و ئیسلامی سیاسییه‌وه‌ ده‌كرێت. بۆ پێشخستنی ئەخلاقی ئینسانی دەبێ ئەمانە بچنەوە شوێنی خۆیان، ئەخلاقی ئینسانی چییە؟ ئازادی، دادپه‌روه‌ری، یه‌كسانی، راستگۆیی، هەڤاڵێتی، پاکی، ژیانی هه‌ره‌وه‌زی، ئاشتبوونەوە لەگەڵ سروشت، دەستپاکی، داوێنپاکی، دەروونپاکی، رەنج ، دەبێ ئایین رۆڵی لە گێڕانەوەی ئەم شتانە هەبێ، نەک لە چەواشەکردنی ئەقڵی ئینسان و تاریککردنیدا، دەبێ ئایین ببێت بەهێز لە دژی زوڵم و ستەمکاری نەک خۆی زوڵم بکات، کاتێک کە ئایین دەخوێنیتەوە باس لە جیاوازییه‌كانی گه‌ردوون دەکات، باس لە زمان و کولتوور و نەریتە جیاوازه‌کان ده‌كات، ئەمانە به‌ یەکێک لە موعجیزەکانی خودا ده‌بینێت. واتە ئەم هەموو زمان و رەنگە جیاوازانەی دروستکردووە. خودا دەڵێت ئەوانە ئایەتێکن لە ئایەتەکانی من "وَمِنْ آَيَاتِهِ خَلْقُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَاخْتِلَافُ أَلْسِنَتِكُمْ وَأَلْوَانِكُمْ إِنَّ فِي ذَلِكَ لَآَيَاتٍ لِلْعَالِمِينَ" (الروم:22) ، لە موعجیزەکانی من، بۆ دەبێ داعش بڵێت: ئەم هەموو زمان و میللەتەی بۆچییە دەبێ هەمووی بسڕدرێتەوە و دەڵێت هەمووب ببێت به‌ موسڵمان و بێنه‌ سه‌ر ئایینی ئیسلام و هه‌موو ئیسلامیش ببێت به‌ سوننی و لە سوننیشدا ببێ بە داعش، کە خودا دروستکەری جیاوازیەکانە و دەڵێ ئێمە قەبیلە و عەشرەت و نێر و مێمان دروستکردووە بۆ ئەوەی کە پێکەوە بژین، " يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُم مِّن ذَكَرٍ وَأُنثَىٰ وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا ۚ إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِندَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ ۚ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ" (13 الحجرات) ئەگەر هەمووی بسڕنەوە و دژی دین بوەستنەوە کەواتە دین چەواشەکراوە. شتەکانی دیکەش بەم شێوەیەیە لەبەر ئەوە هەڵوێست و روانینی ئێمە چییە؟ ئێمە وابیردەکەینەوە پێویستە هەریەک لەمانە ڕۆڵی بنچینەیی خۆیان بگێڕن و دژی یەک نەبن. چونکە ئەوانە یەکتر تەواو دەکەن، لەهەمان کاتیشدا یەکتری پێشدەخەن.

بۆنموونە؛ دەروێشێک شمشێر لە خۆی دەدات و شووشە دەخوات. ئەمانە لە زانستدا چۆن شیدەکرێنەوە؟ فیزیا و زیندەوه‌رزانی و … چی بۆ ئەمە دەڵێن؟ لە دیندا تەفسیر هەیە بۆ ئەم شتە. کەسێکی ئاسایی ناتوانێ زەرگ لەخۆی بدات و خوێنی لێنەیەت، یان شووشە بخوات و هیچیشی لێنەیەت. لە دیندا تێگەیشتن و شرۆڤه‌ی بۆ ئەمە هەیە، ئەمە هزرێکی دینیی ده‌توانێ تەفسیری بکات. مۆسیقا ناتوانێت تەفسیری بکات.

مرۆڤ چۆن بوونەوەرێکی ماددییە، بوونەوەرێکی میتافیزیکیشە. میتافیزیک چییە؟ هونەرە، میوزیکە، ئایینە، فیکرەیە، وزەیە … لەبەر ئەوە تێگه‌یشتنی راست و دروست بۆ ئەمانە ئەوەیە؛ ئه‌مانه‌ بیانگەڕێنینەوە بۆ راستیی خۆیان لەو چەواشەکاریانەی بەناوی دین، فەلسەفە، زانست، هونەر… کراوە دابماڵین و بیانهێنینەوە سەر جەوهەری خۆیان. زانست بۆ تیماركردنی کردنی نەخۆشیی مرۆڤ بوو، بۆ کەشفکردنی گەردوون بوو، کەچی ئێستا زانست میللەتانی پێ دەچەوسێنرێتەوە.

لەندەن نزیكه‌ی 8 ملیۆن دانیشتوانی هەیە و دەوڵەت به‌ ملیۆنان کامێرای داناوە بۆ چاودێریی ئه‌م شاره‌، ئه‌مه‌ جگە لە دوکان و ماڵ وشوێنەکان بۆخۆیان کامێرایان داناوە، ئاوا خه‌ڵك کۆنترۆل دەکرێت، ئێستا کارتی زیرەک دروستبووە لە ئەوروپا کاتێک هەرچی پارە سەرف بکەی، چی دەکەی و چی ناکەی هەموو دەزانرێت و وه‌ك سیخوڕێك له‌گه‌ڵته‌ وده‌گه‌ڕێت. ئەمانە بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگه‌یە، بۆیه‌ مرۆڤه‌كان له‌وێ ناتوانن له‌به‌رامبه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵات یاخی ببن. هەندێک دەڵێن؛ وای له‌م دیموکراسییە! لەوێ هەموو شتێک هەیە، بەڵام ناتوانن نارەزایی دەرببڕن دەستەمۆکراون و لە پەلوپۆ خراون.

 ساڵی ٢٠١٠دا به‌ناوی "وۆڵیستریت wall street داگیربكه‌"(جیگایەکی بۆرسەیە لە ئەمریکا) خۆپیشاندان دەستی پێکرد. ئیدی له‌ وڵاتانی دیكه‌ش هه‌مان خۆپیشاندان ده‌ستیپێكرد؛ "ستۆكهۆڵم داگیربكه‌"، "لەندەن داگیربكه‌" و له‌ شوێنی دیكه‌شدا خۆپیشاندان دەستی پێکرد.ئیدی زۆری نه‌برد ده‌سه‌ڵات ته‌حمولی نه‌ما و وه‌ك چۆن رژێمی توركیا له‌ كورد ده‌دات ئاواهی له‌ خەڵکیان دەدا و خەڵکیان ده‌ستگیر ده‌كرد. تا ئەوکاتە تەحەمولی دیموكراسیه‌ت دەکه‌ن کە تۆ بێده‌نگ بیت، كه‌ تۆ قسه‌ت كرد دیموکراسیەت كۆتایی پێدێت. واتە سیستم لە ڕێی هونەر و زانستەوە ئەقڵ رۆحیی ئینسانەکان کۆنترۆڵ دەکات.

زۆربه‌ی حیزبە ئیسلامیەکان لە دەرەوەی وڵات دروستبوونە. قاعیده‌ ئەمریکا دروستی کرد، یەکەمین حزبی ئیسلامی و رێكخراوی ئیسلامی سیاسی لە ئەڵمانیا دروستبووە… مانای ئەمانە چییە؟ دەبێ مرۆڤ تێبگات کێ دین بەکاردەهێنێت؟ (محه‌مه‌د عه‌بدولوه‌هاب) ده‌كرێته‌ جاسوسێکی بەریتانی، سەرکردەی وەهابیەکانە. ئەوەی کردبووی بە جاسوس ناوی هێمڤرییه‌ و  لە یاداشتەکەیدا باسی کردووە کە چۆن محه‌مه‌د عه‌بدولوه‌هابی کردووە بە جاسوس. وه‌كچۆن گلگامێش ئەنکیدۆی دەستەمۆکردووە، ئه‌ویش بەم شێوەیە ده‌سته‌مۆکراوه. یه‌كه‌م جاش و به‌كرێگیراوی مێژوو ئه‌نكیدۆیه‌.

گه‌ڕانەوەی ئەمانە بۆ جەوهەرەکەیان ئیشی ئێمەیە. چونکە ئەمانە لە کوردستان به‌گشتی و له‌ باشووری کوردستان به‌تایبه‌تی بەکاردەهێنرێن و ئێستا شەڕی پێدەکرێت. ئەگەر مرۆڤ لە ڕاستیی و مێژووی قووڵی ئەمانە تێنەگات ناتوانێت لە بەرامبەر چەواشەکارییه‌كانیان ڕابوەستێت، نه‌ ئیمه‌ ده‌توانین سوود لەو رێگایانە وەربگرین کە ڕێگاکانی حەقیقەتن، نه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌شدا كه‌ به‌ چه‌واشه‌كارییش به‌كاریان ده‌هێنن رابوه‌ستین . بۆیە ده‌بێت ئەمانە بۆ مرۆڤێکی هۆشیار و شۆڕشگێر مایەی تێگەیشتن بن، نەک تەنیا بە سیاسەته‌وه‌ سه‌رقاڵ بێت. چونکە تۆ خاوەنی چ جۆره‌ بیركردنه‌وه‌یه‌كیت گرنگە، لە ڕووی فەلسەفە و زانست و …هتد چۆن سەیری ئەم بابەتانە دەکەیت؟ بۆیە ئێمە ناکەوینە ناو ئەو نیقاشە بەسیت و بچووکانەی لە ناو کۆمەڵگه‌ دەکرێت له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌لانه‌، كه‌ له ‌مه‌سه‌له‌ی هێلكه‌ و مریشكه‌كه‌ ده‌چێت. چونکە هیچ سوودێکی نییە، جگه‌ له‌ ناكۆكی دروستكردن. ئه‌مانه‌ هەموو ڕێگان بۆ گه‌یشتن به‌ حەقیقەت.

لێگەڕینی مێژوویی بەدوای حەقیقەتدا بەئامانجی چیی بووە؟ بۆ نموونە گەنم لە پایزدا دەچینرێت. بەڵام کەسێک لە هاویندا دەیچێنێ و پێنەگات دەبێ لێگەڕینی بۆ بکات و حەقیقەتەکه‌ی بخاتە ڕوو کە گەنم لە فلان کات و وەرزدا دەچێنرێت. سەرەتا مرۆڤ پێی وابوو باران دوو هێزە لە ئاسمان شەڕ دەکەن و دەبارێت یان خودایە ئاو دەرژێنێت، پێشتر پێی وابووە کە ئەوە ژنە تەنها منداڵی دەبێت پیاو رۆڵی نییه‌. بەڵام وانەبووە تۆ ناتوانی بڵێی ئەم بیرکردنەوەیە هەڵەیە. چونکە ئەو وا تێگەشتووە دواتر پێشکەوتووە و تێگەشتووە کە بەو شێوەیە نییە و لە پەیوەندی ژن و پیاو ئینجا مناڵ دروستدەبێت، دەرکەوتووە کە له‌دایكبوونی کچێك یان کوڕێك بە دوعاکردنه‌وه‌ نییە‌، بەڵکو ئه‌وه‌ جیناتە، هەیە قەناعەتی بە دوعاکە هەبووە و هەیە قه‌ناعه‌تی پێی نەیبووە، هەشە تەجرووبە قەناعەتی پێنەگۆڕیووە. چۆتە سەر شەخسێک یان مەزارێک پێی وابووە ئەو قەناعەتەکەی دێنێتە دی ئەگەر نەشهاتبێتە دی زۆر گلەیی نەبووە گووتویەتی خۆم خراپ بووم داواکاریەکەمی بەجێنەهێناوە.

زانستیش بەو جۆرە بووە لە تاقیگەیەکدا تاقیکردنەوە دەکەیت یەکەمجار وەکو دووەمجار نابێت، چونکە ئەو ماددەیەی کە تۆ تاقیکردنەوەی لەسەر دەکەیت لەبەرامبەر تۆ كاردانه‌وه‌(ریفلێکس)ی هەیە و کار و کاردانەوە و کارلێک دەکات. لناو خودی تاقیكردنه‌وه‌كه‌دا جاری یه‌كه‌م وه‌كو جاری دووه‌م ده‌رناچێت. چونكه‌ ئه‌تمۆسفێری ناو تاقیگه‌كه‌ و ئه‌و كاریگه‌ریانه‌ی هه‌ن واده‌كه‌ن وه‌كو جاری یه‌كه‌م نه‌بێت، بەڵام کابرای کە تاقیکردنەوەکە دەکات بەگومان نییە لە ئیشەکەی. وه‌كچۆن كه‌سێك كه‌ ده‌چێته‌ سه‌ر مه‌زارێك نزای ئه‌وه‌ ده‌كات كوڕێكی ببێت، كه‌چی كچی ده‌بێت، یان هه‌ر هیچی نابێت، به‌ڵام كه‌سی نزاكار باوه‌ڕییه‌كه‌ی ناگۆڕێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نزاكه‌ی به‌دینه‌هاتووه‌. ئه‌م نزایه‌ نا نزایه‌كی دیكه‌، ئیدی ئه‌مه‌ بۆ زانستپه‌روه‌رانیش وه‌هایه‌ و ئەوە کۆی باوەڕەکەیان و قەناعەتیان بۆ زانست ناگۆڕێت لە لێگەڕیندا دەبن تا به‌ ئەنجام ده‌گه‌ن. هەندێکیان لە میتۆلۆژیاوە دەچن بۆ ئایین لە ئایینەوە بۆ زانست باوەڕییان دەگۆڕێت، مرۆڤ گرنگە ئەمانە تێبگات. کاتێک کە کێشەیەک دێتە پێش گرنگە بگەڕێی بەدوای هۆکاردا، واتا ده‌بێت به‌دوای حه‌قیقه‌تی كێشه‌كه‌دا بگه‌ڕێی.

هەریەک لەو ڕێگایانەی حەقیقەت لەسەر کاردانەوەیان لەیەکتریش پێشکەوتوون. دواجار ئه‌مانه‌ رێگان و له‌گه‌ڵ سروشتی مرۆڤدا یه‌كده‌گرنه‌وه‌. بۆنموونه‌؛ مرۆڤ ماددیشە و میتافیزیکیشە. مەسەلەی ئایین و میتۆلۆژیا و ئەمانە میتافیزیکن. بەڵام زانست ئەنالیتیکییە واتە زیاتر ئیش لەسەر بواری ماددیه‌ت ده‌كات، هه‌ڵبه‌ته‌ له‌بواری میتافیزیكیشدا تاڕاده‌یه‌ك هه‌وڵه‌كانی زانست هه‌ن. ئەمانە هەر یەکێکیان پێشکەوتبێ ئەوەی تریش پێشکەوتووە لەگەڵیدا. بۆیە دیالۆگێکی بەرفراوانی هه‌زاران ساڵه‌ لە مێژووی مرۆڤایەتیدا لەنێوان ئەم پێنج رێگایانه‌دا هەیە. لەوانەیە بواری دیکە و رێگای دیكه‌ش هه‌بن، له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌تانه‌ به‌ ملیۆنان کتێب نووسراوە، کە من دوو سەعات باسی دەکەم. هەمووی باس لە خودی ئەمانە و لە کێشەکانیان دەکات. ئەمانە بە هەزاران ساڵ پەیوەندیان لەگەڵ یەکتردا هەیە. بەڵام ناکۆکیشیان هەیە. کەواتە ئەمانە پەیوەندی و ناکۆکی پێکەوەیان دەبەستێتەوە، لەگەڵ یەکتردا نابن و بێ یەکیش نابن، بەو مانایەی یەکتر تەواو دەکەن، راستینەی گەردوونیش وایە لە پەیوەندی و ناکۆکیدان لەگەڵ یەکتردا.

ئەو چیرۆکانەی لە کتێبە ئایینیەکاندا هاتووە جیاوازیان هەیە لەگەڵ یەکدا، هەموو بەیەک  شێوە یەک چیرۆک ناگێڕێنەوە. قورئان بە شێوەیەک و ئینجیل و تەورات بە شێوەیەکی دیكه‌ دەیگێڕنەوە. دەمێنێتە سەر ئەوەی کە لە چ زەمەنێکدا چیرۆکەکە دەگێڕدرێتەوە. بۆ نموونە؛ لە زەمەنی گلگامیش و سۆمەریدا چیرۆکێک دەگێڕدرێتەوە بەو ئەقڵ و شێوەی ئەوکاتە گێڕدراوەتەوە وەکو سەردەمی قورئان نەبووە، بە هەزاران ساڵیان له‌نێواندا هه‌یه‌. دەبێ چی لێبێت کە ئەوەنە بگێڕدرێتەوە؟.

ئارنۆڵد جۆزیف توینبێ یەکێكە لە مێژوونووسە گەورەکانی بەریتانیایه‌. جگە لەمێژوونووسه‌، هزرێکی گرنگی هەیە سه‌باره‌ت به‌ فەلسەفەی مێژوو. باس لە چیرۆکێک دەکات و دەڵێت: لەسەر بانێژه‌یه‌ك (بالکۆنێک)دا دانیشتبووم لە ژێرەوە لەسەر جادە رووداویک روویدا، کەسێک كوژرا. بەم جۆرە دەڵێ هەتا لە بالکۆنەکەوە هاتمە خوارەوە بزانم رووداوەکە چییە لە هەر کەسێکم پرسی بە جۆرێک باسی رووداوه‌كه‌ی ده‌کرد. واتە لە بەینی رووداوەکە و هاتنە خوارەوەی لە بانێژه‌كه‌وه‌ چەند دەقەیەکی خایاندووە و بەچەند جۆرێک باسکرا. ئەی لە نێوان هەزاران ساڵدا رووداوێك چۆن باسکرابێت و چۆن گۆڕابێت؟! لە میتۆلۆژیای سۆمەریدا باس لە نوح دەکرێت و باس لە لافاوەکە دەکرێت کە هەزاران ساڵ پێش ئەوان روویداوە و هەزاران ساڵیشە لە زاری ئەوانەوە دەگێردڕێتەوە، هه‌زاران ساڵیش دواتر له‌ كتێبه‌ ئایینییه‌كاندا گێڕدراوه‌ته‌وه‌. دەبێ چی بەسەر ئه‌و چیرۆكه‌ هاتبێ؟ مرۆڤ دەبێ لە چیرۆکەکە تێبگات و لە هۆكاری گێڕانەوەی چیرۆکەکە تێبگات یان بۆچی دەتەوێ بیگێڕیتەوە؟ مەبەست لە گێڕانەوەی چیرۆكی یوسف و خودی خۆیی و خیانەتی براکانی بۆچییە؟ زەمەن و شێوازی گێڕانەوە و ئەو کەسانەی دەیگێڕنەوە بۆچییە؟  جیاوازە. هه‌روه‌ها بۆ کێی دەگێڕیتەوە؟ ئەویش مەسەلەیەكی دیكه‌یه‌. جا ئەو هەموو مەسەلانە و چیرۆکێکیش بێنە بە هەزاران ساڵ چی لێهاتووە ، لەوانەیه‌ لە خۆشمان وا ڕوویدابێت. رووداوێک بووە و هەتا ئاوڕ دەدەیتەوە هەر یەک بەجۆرێک باسی دەکات، یەکێک دەڵێت ئەو لەمنی داوە، ئەویتر دەڵێت ئەو لە منی داوە هەمووشی دەڵێت: خەتای ئەوبوو.

ئەوەی گرنگە بزانیت کە مرۆڤەکان بە بیرکردنەوەیان چۆن کەشفی حەقیقەتی رووداوەکانیان کردووە؟ چۆن گوزارشتیان کردووە و چۆنیش دەسەڵات ئەمانە بەکاردەهێنێت؟ هەتا مرۆڤ له‌مانه‌ تێنەگات کە دەسەڵات چۆن ئەمانە بەکار دەهێنێت ناتوانێت تێبگات لە خودی دەسەڵاتیش تێبگات، ناتوانێت بزانێت مه‌ترسیی دەسەڵات چییە؟ ئه‌وه‌ی پێیده‌گووترێت سیحری ده‌سه‌ڵات ئه‌مه‌یه‌.

ئەوەی پێویستە بزانن کە دەسەڵات بەمانە سیحری خۆی پەیداکردووە، شیکردنەوە لەسەر ئەمە بکات کە سیسته‌می سەرمایەداری واتای چییه‌؟ سیستەمی دەسەڵاتداری واتای چییه‌؟ دەسەڵاتخوازی و دەسەڵاتداری و ستەمکاری واتای چییه‌؟ مرۆڤ تێگەیشتنێکی گەورە و مەعریفەیەکی گەورەی بۆ گەردوون و بۆ ژیان هه‌بێت ئینجا تێدەگات کە لە کوێی دونیایە.

حەقیقەت شتێک نییە کە تۆ به‌ده‌ست بیگریت و بڵێیت ئا ئه‌مه‌ حه‌قیقه‌ته‌، کۆی گەردوون حەقیقەتە، ئایا ئێمه‌ كۆی گه‌ردوون ده‌ناسین؟ ئێمە ناتوانین بزانین چەند مانگ و ئەستێرە هەیە، دەی حەقیقەت واتە گەردوون، تۆش لەناو گەردوون دایت، ئێمە بۆخۆمان هەموو حه‌قیقه‌تی ئینسان ناناسین، تازە ئاشكرا بووە کە لە کرۆمۆسۆمات و جیناتەکانەوە سیفاتی ئینسان دەناسرێتەوە و دەگوازرێتەوە  لە دایک و باوکەوە بۆ وەچەکان، كاتی خۆی یاسای مەندل هەبوو بۆ گواستنەوەی جینات، ئەمانە بێواتا نین و گرنگن.

چونکە تۆ رۆژانە لەگەڵ ئەوانەدا ئیش دەکەیت لە گفتوگۆودایت لەگەڵ ئیمانداران، لەگەڵ ئەوانەی لە بواری هونەری، زانست، فەلسەفەدا کاردەکەن، ئەگەر تۆ ئەمانە نەزانی چۆن لەگەڵیان قسە دەکەیت؟ راستە زۆر کەس هەیە لەمانە قووڵیش بۆتەوە. بەڵام لە خودی شتەکە تێناگات دەبێ بیهێنیتەوە سەر ڕێگە راستەکەی. ئەمە کاری تۆیە. شۆڕشگێڕ وایە تۆ هه‌ر تەنها ناچیتەوه‌ به‌ گژ دەسەڵات و ستەمکاریدا، دەبێ کار لە دژی ئامرازەکانی ده‌سه‌ڵاتدارێتی و ستەمکاریش بکه‌یت.

 

 

تێبینی نووسه‌ر: ئه‌م باسه له‌بنچینه‌دا موحازه‌ره‌یه‌كی زاره‌كی دوو كاتژمێرییه‌ تۆماركراوه‌‌. هه‌ڤاڵی هێژا(ته‌وار عادل) ره‌نجی له‌گه‌ڵ داوه‌ و‌ ده‌نگه‌كه‌ی خستۆته‌ سه‌ر كاغه‌ز. زۆر سوپاسی ده‌كه‌م.

Leave a Reply

Your email address will not be published.