گوتار

تازه‌گه‌ری دیموكراتی به‌رامبه‌ر مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌داری

عه‌بدوڵڵا ئۆجالان

 

میتۆدی زانسته‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی ناوه‌ندێتی ئه‌وروپا سه‌باره‌ت به‌لێكۆڵینه‌وه‌ی حه‌قیقه‌ت وه‌كو ناوه‌ڕۆكی ئه‌و زانستانەی‌ پێویستیان پێی هه‌یه‌ هه‌ژموونگه‌رایه‌. له‌میانه‌ی دوو په‌یڕه‌وی سه‌ره‌كیه‌وه‌ وه‌ك بڵێی رێگای ئه‌ڵته‌رناتیفه‌كانی حه‌قیقه‌ت ناهێڵن و مه‌حاڵی ده‌كه‌ن: لەوانە یه‌كه‌میان؛ هه‌ڵوێستی تاكڕه‌وێتی(مۆنیست) ره‌های گه‌ردوونییه‌. هه‌موو كاتێك حه‌قیقه‌تی بۆ "یه‌ك" بچووككردۆته‌وه‌. دووه‌میان؛ مۆدێلی رێژه‌یی بێ‌ سنووره‌. له‌كاتێكدا ده‌ڵێت هه‌ر كه‌سێك حه‌قیقه‌تێكی به‌گوێره‌ی خۆی هه‌یه‌، له‌ناوه‌ڕۆكدا هه‌وڵده‌دات ئاماژه‌ به‌ نه‌بوونی حه‌قیقه‌ت بكات. ئه‌مه‌ش هه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌یه‌: بۆ ئه‌وه‌ی بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ بكرێت كه‌ هیچ شتێك ناگۆڕێت، بڵێیت هه‌موو شتێك ده‌گۆڕێت. ئاشكرایه‌ كه‌ هه‌ردوو په‌یڕه‌ویش له‌ مۆدێلی میتۆدی بچووككردنه‌وه‌دا یه‌كده‌گرنه‌وه‌. ئه‌گه‌ر چه‌مكی "یه‌كانه‌یی" گه‌ردوونگه‌رایی ره‌هایه‌ یان "تاقانه‌یی" رێژه‌گه‌رایی كاتێك حه‌قیقه‌ت بۆ "یه‌ك" بچووكده‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌وا خه‌سڵه‌ت و كاره‌كته‌ری هه‌ژموونگه‌رایی خۆیان ده‌خه‌نه‌ڕوو.

بێگومان پاوانخوازێتی شارستانیه‌ت له‌پشت ئه‌م په‌یڕه‌وانه‌وه‌یه‌. ریشه‌كه‌یان بۆ ئه‌و سه‌رده‌مانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ کاهینه‌كانی سۆمه‌ر "ئه‌ن" یان وه‌ك گه‌وره‌ترین خوداوه‌ند ئافراند. هه‌رچی هۆكاری شكۆداركردنی" ئه‌ن"ـه‌ بۆ پێویستی ره‌واكردنی پله‌داری هه‌ڵكشاوو پاوانخوازێتی شار ـ چین ـ ده‌وڵه‌ت و باڵاده‌ستی هه‌ژموونگه‌رایی (له‌و بڕوایه‌دام كه‌ باڵاده‌ستی و هه‌ژموونگه‌رایی هه‌مان ریشه‌یان هه‌یه‌) به‌سه‌ر زهنیه‌تی كۆمه‌ڵگاوه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. یه‌كه‌مین هۆكاری ئافراندنی خوداوه‌ند له‌ فه‌لسه‌فه‌ی یۆناندا(چه‌مكی خوداوه‌ند لای ئه‌رستۆ و ئه‌فلاتۆن)، به‌و سیفه‌ته‌ی گه‌وره‌ترین داهێنانه‌، هه‌مووی سه‌رچاوه‌ی خۆی له‌ هه‌مان هۆكاره‌وه‌ وه‌رده‌گرێت. ئه‌و شێوه‌یه‌ی "ئه‌ن" له‌ ئایینه‌ تاكخوداییه‌كاندا پێی گه‌یشتووه‌ "ئه‌ڵڵا" ی ره‌ب ئه‌لعاله‌مینه‌. "ئه‌ل"یش له‌ "ئه‌ڵڵاهـ" ـەوە دێت. له‌ سه‌رده‌می هه‌ڵكشانی رۆماشدا به‌ ناوی "ژوپیته‌ر" له‌به‌رامبه‌رمان قووت ده‌بێته‌وه‌. ئه‌و خه‌سڵه‌ته‌ی زۆر جار تێبینی ده‌كرێت، له‌هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كدا که‌ رژێمه‌كانی پادشا ـ خوداوه‌ندو ئیمپراتۆریه‌تیان تێدا ئاوا ده‌كرێت، له‌میانه‌ی ئه‌و چه‌شنه‌ زاراوه‌ ئایینی و میتۆلۆژیانه‌وه‌ هه‌وڵی ره‌واكردنی خۆیان ده‌ده‌ن. له‌ هه‌ر رژێمێكی پادشایه‌تی، ئیمپراتۆرییه‌ت و سته‌مكاردا شكۆداركردنێكی له‌مجۆره‌ی دەستەواژەكان و هه‌وڵێكی هه‌ژموونگه‌رایی ئایدیۆلۆژی ده‌بینرێت. چونكه‌ هه‌ژموونگه‌راییه‌كی زهنی به‌مجۆره‌ نه‌بێت، زه‌حمه‌ته‌ ئه‌م رژێمانه‌ هه‌میشه‌یی بن.

 پاوانخوازی سه‌رمایه‌داری ئه‌وروپا به‌ سیفه‌تی شێوه‌و ناوه‌ندی نوێی هه‌ژموونگه‌رایی شارستانیه‌ت كاتێك له‌سه‌ده‌ی شازده‌هه‌مدا له‌ هه‌ڵكشاندابوو، به‌شێوه‌یه‌كی روون و ئاشكرا تێگه‌یشتبوو ئه‌گه‌ر هه‌وڵێكی هاوشێوه‌ له‌ ئارادا نه‌بێت باڵاده‌ستی به‌ده‌ست ناهێنێت. پاره‌ ـ سه‌رمایه‌(شێوه‌یه‌كی سه‌رمایه‌یه‌و سیفه‌تی دامه‌زراوی ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه‌و له‌ سه‌رمایه‌ی زانراو جیاوازتره‌) كه‌ تا ئه‌و كاته‌ خۆی له‌ راڕه‌وو كه‌لێنه‌كانی كۆمه‌ڵگادا حه‌شاردابوو بۆ یه‌كه‌مین جار له‌ مێژوودا وه‌ك هێزێكی هه‌ژموونگه‌رایی له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگاو ته‌واوی شانه‌و مه‌میله‌كانی له‌ دۆخی هه‌ڵكشاندایه‌.

 فرانسیس باكۆن، رۆجه‌ر باكۆن و دیكارت كه‌ له‌ میتۆلۆژیای به‌ ریشه‌ كریستیانیه‌وه‌ (لەو سۆنگەیەوە؛ لە میتۆلۆژیای خۆرهەڵاتی ناوین) هه‌ڵده‌قووڵێن لێگه‌ڕینه‌كانیان سه‌باره‌ت به‌ میتۆدی نوێ‌ له‌ نزیكه‌وه‌ گرێدراوی قه‌ڵه‌مبازی ئه‌م هه‌ژموونگه‌را ماددیه‌یه‌. چونكه‌ ئه‌و "حه‌قیقه‌ت"ـه‌ی له‌بواری په‌یڕه‌وو ناوه‌ڕۆكدا به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێن، لەگەڵ هه‌ڵكشانی هه‌ژموونگه‌رایی ئه‌مجۆره‌ نوێیه‌ی سه‌رمایه‌ هاوبه‌شه‌. كاتێك پاوانی سه‌رمایه‌داری هه‌ژموونگه‌رایی خۆی جێگیرو قایمكرد، هه‌ژموونگه‌رایی ئایدیۆلۆژیه‌كه‌شی به‌شێوه‌یه‌كی تێكه‌ڵ له‌گه‌ڵیدا خۆی جێگیرو هه‌میشه‌یی ده‌كات. ته‌نیا له‌میانه‌ی كاریگه‌رییه‌ وه‌رچه‌رخێنه‌ره‌كانی ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌ ماددییه‌وه‌ ده‌شێ‌ روونكردنه‌وه‌ زانستیه‌كه‌ی میتۆدی نوێی شۆڕشە زانستی و فه‌لسه‌فیەکان بدۆزرێته‌وه‌. بێگومان به‌ستنه‌وه‌ی هه‌ر شتێك به‌ سه‌رمایه‌دارییه‌وه‌ لە زانستدا رێگا له‌ پێش نابینایی ده‌كاته‌وه‌. هه‌ڵوێستێكی به‌مجۆره‌ به‌ واتای كه‌وتنه‌ ته‌ڵه‌زگه‌و قه‌به‌ترین میتۆدی بچووككردنه‌وه‌ دێت. به‌ڵام كاتێك گرنگی په‌یوه‌ندی نێوانیان پشتگوێ‌ بخرێت، لێگه‌ڕینه‌كانی حه‌قیقه‌ت كورت دێنێت، له‌ناو باسه‌ میتافیزیه‌كاندا بێ‌ واتا ده‌بێت.

 له‌كاتی روونكردنه‌وه‌ی دەستەواژەی مۆدێرنیته‌ (تازه‌گه‌ری)دا ره‌چاوكردنی پێكهاتنی ئه‌م په‌یڕه‌وو حه‌قیقه‌ته‌ تا دواڕاده‌ پێویست و ئه‌زموونبه‌خشه‌. چه‌ندین جۆری تازه‌گه‌ری هه‌یه‌ كه‌ به‌واتای، "چاخ (سه‌رده‌م)" دێت، جیاوازیه‌كه‌ی به‌ گوێره‌ی قۆناخه‌كان ده‌گۆڕێت. چه‌ندین نموونه‌ی مۆدێرنیته‌ (تازه‌گه‌ری) له‌ ئارادایه‌: له‌ مۆدێرنیته‌ی سۆمه‌ره‌وه‌ تا ده‌گاته‌ مۆدێرنیته‌ی رۆما، ته‌نانه‌ت به‌ر له‌وان و دواتریشیان. كێ‌ ده‌توانێت نكوڵی له‌وه‌ بكات كه‌ سه‌رده‌مانێك له‌ ته‌واوی ناوه‌نده‌كانی شارستانیه‌تدا به ‌سه‌ربه‌رزیه‌وه‌ مۆدێرنیته‌ی رۆما شێوازی ژیان بوو؟ ئه‌ی له‌میانه‌ی ته‌ماشاكردنی تۆماره‌ شوێنه‌وارناسیه‌كانه‌وه‌ به‌ خرۆشانه‌وه‌ نابینین كه‌ سۆمه‌ریه‌كان و ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی پێشووتریش له‌ میزۆبۆتامیای سه‌روو نه‌وازه‌ترین نموونه‌كانی مۆدێرنیته‌یان پێشكه‌شكردووه‌؟ ئایا به‌بێ‌ واتاداركردنی كولتووری ماددی ئه‌و مۆدێرنیتانه‌ی ماهیه‌تی شۆڕشیان هه‌یه‌، ده‌شێ‌ رۆشن بكرێنه‌وه‌؟

 ئه‌نتۆنی گیدنس كاتێك جیاوازی مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌داری لەگەڵ سه‌رجه‌م تازه‌گه‌ریه‌كانی دیكه‌ ده‌خاته‌ روو، تاڕاده‌یه‌ك كۆمه‌ك به‌ روونكردنه‌وه‌ی حه‌قیقه‌ت ده‌كات. به‌و سیفه‌ته‌ی كه‌ منداڵی هه‌ژموونگه‌رایی ئینگلیزه‌ ده‌شێ‌ ده‌رك به‌م پێگه‌یه‌ی گیدنس بكرێت. بانگه‌شه‌كانی تاقانه‌یی، وه‌ك عیباده‌ت و قه‌رزێكی رۆشنبیره‌ هاوچه‌رخه‌كانه‌ به‌رامبه‌ر وڵاته‌كه‌یان و ده‌وڵه‌ت ـ نه‌ته‌وه‌کەیان واتە خوداوه‌نده‌ نوێیه‌كه‌یان. جێگیركردنی مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌داری له‌سه‌ر سێ‌ كۆڵه‌كه‌(پێچكه‌)كه‌ی ئه‌زموونبه‌خشه‌. سه‌رباری ئه‌وه‌ی وه‌ك پۆلێنێكی سه‌رووتر مۆدێرنیته‌ له‌ سه‌رمایه‌داری جیا ده‌كاته‌وه‌، له‌كاتی ئه‌نجامدانی ئه‌مه‌دا ئاشكرایه‌ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی تێی كه‌وتووه‌ زهنیه‌تی "تاقانه‌یی" یه‌ كه‌ به‌سه‌ر په‌یڕه‌وی زانستی كۆمه‌ڵایه‌تیدا زاڵه‌. ناخوازێت چانس و ده‌رفه‌ت به‌ جۆرێكی دیكه‌ی مۆدێرنیته‌ بدات. به‌ بڕوای ئه‌و ئه‌گه‌ر مۆدێرنیته‌ هه‌بێت تاكه‌، له‌ هه‌مان قۆناخدا ناشێ‌ دوو جۆر مۆدێرنیته‌ هه‌بێت! به‌ڵێ ئه‌م بابه‌ته‌ زهنیه‌تی هاوبه‌شه‌ كه‌ به‌سه‌ر سه‌رجه‌م قوتابخانه‌كانی زانستی كۆمه‌ڵایه‌تیدا زاڵه‌، به‌ راست و چه‌پ و ناوه‌ڕاستیه‌وه‌. ته‌واوی رۆشنبیره‌ چه‌په‌كان، له‌سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه‌ كارل ماركس هیچ گومانێكیان له‌ تاقانه‌یی مۆدێرنیته‌و جۆره‌کەی‌ نه‌بوو کە مۆدێرنیتەی ئەوروپایە. هه‌رچی گڕوپه‌ راستڕه‌وو ناوینه‌كان و رۆشنبیره‌ لیبڕاڵه‌كان بوون له‌و بڕوایه‌دا بوون كه‌ دوا گوته‌ی راستییه‌ (چه‌نده‌ به‌گوته‌ی دوا پێغه‌مبه‌ری ئیسلامی چاخی ناوین ده‌چێت). گوته‌ جیاوازه‌كانی قۆناخی پۆست مۆدێرنیته‌ (پاش تازه‌گه‌ری) ش‌ تازه‌ ده‌ردەكه‌وتن.

بێگومان ره‌خنه‌كانی نیچه‌ سه‌باره‌ت به‌ مۆدێرنیته‌ گرنگه‌. هه‌رچی ره‌خنه‌ی ئایینه‌ ده‌رهه‌ق به‌ مۆدێرنیته‌، ته‌نیا له‌باره‌ی مۆدێرنیته‌ی خۆیانه‌وه‌ (چاخی كۆن كه‌ له‌ دوای چاخی نوێ‌ به‌جێماوه‌) واتایه‌كی هه‌یه‌. لەگەڵ ئه‌وه‌ی بانگه‌شه‌كه‌ی میشێل فۆكۆ گرنگه‌ كه‌ ده‌ڵێت: مۆدێرنیته‌ به‌ مردنی مرۆڤ ئه‌نجامگیربووه‌، به‌ڵام ناته‌واوه‌. هه‌رچی سۆسیالیزمی بونیادنراوه‌، سه‌ره‌ڕای بانگه‌شه‌ جیاوازه‌كانی، بەڵام هیچ كاتێك له‌بواری تیۆری و پراكتیكیدا كێشه‌یه‌كی به‌و جۆره‌ی نه‌بوو كه‌ ببێته‌ مۆدێرنیته‌یه‌كی جیاوازتر. لەکاتێکدا گوتەبێژەکانی سۆسیالیزمی بونیادنراو بانگه‌شه‌ی مه‌ده‌نیه‌تێكی نوێیان ده‌كرد، به‌رده‌وام له‌مه‌دا مه‌به‌ستیان گه‌شه‌سه‌ندن و ئه‌و پێشبڕكێیه‌ بوو كه‌ له‌ هه‌موو بوارێكه‌وه‌ لەگەڵ سه‌رمایه‌داری ئه‌نجامیانده‌دا. بیریان له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ له‌ سه‌رمایه‌داری زیاتر له‌ قاڵبه‌ سه‌ره‌كی و كۆڵه‌كه‌كانی (ئیندوستریالیزم، ده‌وڵه‌ت ـ نه‌ته‌وه‌، سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌ت له‌جیاتی سه‌رمایه‌داری تایبه‌ت) مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌داری نزیكن و كه‌وتنە پێشه‌وەی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییان كردووه‌ به‌ ئه‌ركی سه‌ره‌كی خۆیان. ئه‌زموونه‌كانی سۆسیالیزمی بونیادنراو، له‌سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه‌ ئه‌زموونه‌كانی روسیاو چین، دره‌نگ نه‌كه‌وتن و سه‌لماندیان كه‌ خوێنی تازه‌بوون بۆ ده‌ماره‌کانی مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌داری. تاكه‌ ئامانجی سه‌رجه‌م بزووتنه‌وه‌كانی رزگاری نیشتیمانی، ئه‌وه‌بوو ساتێك زووتر مۆدێرنیته‌ی زاڵ به‌ده‌ست بێنن كه‌ وه‌ك لوتكه‌ی سه‌ركه‌وتن ده‌بینرێت و به‌مجۆره‌ش ژیانی به‌خته‌وه‌رانه‌ بونیاد بنێن. تیۆری و پراكتیك به‌مجۆره‌بوون. گومانێكی زۆر كه‌میشیان له‌و باره‌یه‌وه‌ نەبوو.

 به‌و سیفه‌ته‌ی مۆدێرنیته‌ی زاڵی ئه‌م چوار سه‌ده‌یه‌ی دواییه‌ (مه‌به‌ست مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌دارییه‌) كاتێك چوارچێوه‌و شێوه‌كه‌ی توێژینەوەی لە بارەوە بکرێت، ته‌نیا ده‌رك به‌وه‌ ناكرێت كه‌ دواترین بچمی (مۆدێرنیته‌كانی) چاخه‌كانی شارستانیه‌تی پێنج هه‌زار ساڵییه‌، به‌ڵكو ئه‌و كاته‌ ده‌بینرێت كه‌ وه‌ك گۆشت و نینۆك به‌یه‌كه‌وه‌ گرێدراون و له‌ ئه‌ڵقه‌ جیاوازه‌كانی زنجیرێك پێكهاتوون و شیكاركردنیشیان ئاسته‌م نابێت.

ئه‌وه‌ی له‌رێگای ئه‌م به‌رگه‌ یان دوو به‌رگه‌كەی پێشووتری بەرگرینامەکەم هه‌وڵمداوه بیکه‌م،‌ شكاندنی ئه‌م چه‌مكه‌ تاكانه‌ییه‌ی مۆدێرنیته‌ی گه‌ردوونی ره‌هایه‌. هه‌وڵی سه‌لماندنی ئه‌وه‌مداوه‌ كه‌ مۆدێرنیتەی زاڵ به‌رده‌وام ئه‌ڵته‌رناتیفه‌كه‌شی له‌گه‌ڵدایه‌، سه‌رباری ته‌واوی هه‌وڵه‌كانی سه‌ركوت و په‌رده‌پۆشكردن‌ به‌و سیفه‌ته‌ی ئه‌م ئه‌لته‌رناتیفه‌ جه‌مسه‌ره‌كه‌ی دیكه‌ی دوالیزمی دیالیكتیكیشه‌، له‌میانه‌ی فراوانی و شێوه‌كانیه‌وه‌ به‌رده‌وامی به‌ هه‌بوونی خۆیداوه‌. له‌وانه‌یه‌ وه‌ك ناو شارستانێتی دیموكراتی ناته‌واو بێت، له‌وانه‌یه‌ پێویستی به‌ ره‌خنه‌كردنێكی زۆریش هه‌بێت (شارستانیه‌ت له‌زمانی توركیدا هاوواتای وشه‌ی چاخ "سه‌رده‌م"ـه‌ و به‌ واتای مۆدێرنیته‌ دێت). به‌ڵام كاتێك چۆنایه‌تی كۆمه‌ڵگای مێژوویی كۆمه‌ڵگا ره‌چاو ده‌كه‌م، نه‌ دڵم نه‌ زهنم هه‌رگیز رازی نه‌ده‌بوو كه‌ ئه‌و بزاوتانه‌ی هەڵگری مێژووی جڤاتەکانن له‌ كۆمه‌ڵگای كڵانه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ جڤاته‌كانی خێڵ، قه‌بیله‌، قه‌وم، گوند، گڕوپه‌ ئایینیه‌كان و .. هتد له‌چوارچێوه‌ی هه‌ڵوێستی هه‌مان شارستانیه‌تی"شار ـ ده‌وڵه‌ت ـ چین" به‌شێوه‌ی سووكایه‌تی پێكردن به‌ "به‌ربه‌ر" یاخود "كۆنه‌په‌رستی ئایینی" ناوببرێن. دوای ئه‌وه‌ی باش تێگه‌یشتم كه‌ به‌رده‌وام دیالیكتیك به‌ شێوه‌ی جه‌مسه‌ره‌ له‌ناوبه‌ره‌كان كار ناكات، هه‌روه‌كو له‌ ئاواكردنی گه‌ردوونی گشتیدا ده‌بینرێت، ئه‌وا بۆ منیش ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و راستییه‌ زه‌حمه‌ت نه‌بوو، له‌ ره‌وتی پێشكه‌وتنی دیالیكتیكی له‌ناونه‌به‌رانه‌ی كۆمه‌ڵگای مێژووییدا شارستانیه‌ت تاكانه‌ نییه‌، به‌ڵكو پرۆسه‌یه‌كی دوالیزمییه‌. هه‌رچه‌نده‌ له‌ناو هه‌لومه‌رجێكی دژوارو نه‌بوونی ئاماده‌كاری و ده‌رفه‌تیشدا بێت، ئه‌وه‌ی مایه‌وه‌ له‌رێگای ئه‌م به‌رگانه‌وه‌ هه‌وڵی ئاماژه‌پێكردن و تاقیكردنه‌وه‌ی ده‌ده‌ین. ئه‌و خاڵه‌ی لام سه‌یره‌و تووڕه‌شم ده‌كات، سه‌رباری ئه‌و تواناو ئاماده‌كاریانه‌ی به‌ده‌ستیانه‌وه‌یه‌، بۆچی زاناكانی زانستی كۆمه‌ڵایه‌تی ته‌وه‌ری ئه‌وروپا هه‌وڵیان نه‌داوه‌ ئه‌م دۆخە دوالیزمه‌ی شارستانیه‌ت به‌شێوه‌ی دوو مۆدێرنیته‌ی جیاواز بكه‌ن به‌سیسته‌م.

 جارێكی دیكه‌ بۆ سێ‌ كۆڵه‌كه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ی دەستەواژەی مۆدێرنیته بگه‌ڕێینه‌وه‌ ‌کە ئه‌نتۆنی گیدنس باسی دەکات و هه‌وڵی شیكاركردنی واتاكانی بدەین و وه‌ڵامی زاراوه‌ی تازه‌گه‌ری (مۆدێرنیته‌ی) دیموكراتی جه‌مسه‌ری به‌رامبه‌ر بده‌ینه‌وه‌.

 

أ ـ جیاكردنه‌وه‌ی سه‌رمایه‌داری و مۆدێرنیته‌

به‌گوێره‌ی گیدنس بۆ یه‌كه‌مجار له‌مێژوودا سه‌رمایه‌داری له‌ئه‌وروپا سه‌ریهه‌ڵداوه‌، بێگومان زۆرینه‌ی زۆری زانا كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی ئه‌وروپا له‌مباره‌وه‌ هاوفیكرن. بەگوێرەی ئەوانە له‌ هیچ شوێن و قۆناخێكی مێژوودا پەرەسەندنێکی هاوشێوه‌ی ئەمە نه‌بینراوه‌. ئه‌و سه‌رمایه‌داریه‌ی باس ده‌كرێت سه‌رمایه‌داری ئه‌مستردام ـ هۆڵه‌ندا و له‌نده‌ن ـ ئینگلته‌رایه‌ كه‌ له‌سه‌ده‌ی شازده‌هه‌م وه‌ك ناوه‌ندی هێزی هه‌ژموونگه‌رایی جیهان هه‌ڵكشاوه‌. به‌شی واقیعی لێره‌دا شاراوه‌یه‌ كه‌ ئه‌مستردام و له‌نده‌ن له‌م سه‌ده‌یه‌ به‌دواوه‌ هه‌ژموونگه‌رایی شارستانیه‌تی ناوه‌ندی جیهانی كلاسیكیان وه‌رگرتووه‌. هه‌رچی سه‌باره‌ت به‌ بابەتی چۆنیه‌تی گواستنه‌وه‌ی هه‌ژموونگه‌راییه‌، مێژووی جیهان به‌رفراوانترین ماتریاڵی ده‌رهه‌ق به‌م قۆناخه‌ له‌به‌ر ده‌ستدایه‌، ته‌نانه‌ت به‌رفراوانترین تاقیگه‌ی هه‌یه‌. نه‌ ده‌رفه‌تی دووباره‌كردنه‌وەی ئەوانەی‌ هه‌یه‌، نه‌ پێویستی به‌مه‌ ده‌كات، ته‌نیا ئاماژه‌ی پێده‌كه‌ین. له‌ به‌رگه‌كانی پێشووتری بەرگرینامەکەمدا تۆزێك باسی ئەم بابەتەمان كردبوو. لایه‌نه‌ هه‌ڵه‌و ناته‌واوه‌كانی ئه‌م دەستنیشان کردنەش گرنگی خۆی هەیە.

 أ ـ بانگه‌شه‌ی تاكانه‌یی سه‌رمایه‌داری راست نییه‌، به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان شیکارم کردبوو كه‌ یه‌كه‌مین پاوانی سه‌رمایه‌ له‌ په‌رستگا (زه‌قوره‌ له‌وانه‌یه‌ یه‌كه‌مین بانك و كارگه‌ بێت)ی کاهینی سۆمه‌ر پێكهاتووه‌. گرێدراو به‌مەشە‌وه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ دەکرێ بڵێین له‌ پێكهاتنی یه‌كه‌مین هه‌ژموونگه‌رایی سێیانه‌ی شار ـ چین ـ ده‌وڵه‌تدا به‌ شێوه‌ی پاوان قه‌رزداری سۆمه‌ریه‌كانن. به‌تایبه‌تیش دوای خوێندنه‌وه‌و ئاشنابوونم به‌ بۆچوونه‌كانی ئه‌ندری گونده‌ر فرانك و هاوڕێ نزیكه‌كانی ده‌رهه‌ق به‌ شارستانیه‌تی ناوه‌ندی و سیسته‌می دونیا، بڕوام به‌ بۆچوونه‌كانی خۆم تۆكمه‌و پته‌وتر بوو. بەڵام به‌ سووربوونه‌وه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌م كه‌ پاوانی ده‌سه‌ڵاتیش شێوه‌یه‌كی جیاوازتری پاوانی سه‌رمایه‌یه‌. جه‌ختم له‌سه‌ر ده‌رككردن به‌و خاڵه‌ كرده‌وه‌ كه‌ دەسەڵات یه‌كێك له‌ چوار چه‌شنه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی كه‌ڵه‌كه‌كردنه‌. یه‌كه‌مین پاوان له‌سەر كشتوكاڵ‌ ئاواكراوه‌ كه‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ی زیادی كردووه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌ زێدە – بایی كردووه‌ به‌ ناچارییه‌ك، ده‌رفه‌تی په‌ره‌سه‌ندنی پاوانی بازرگانیش ره‌خساوه‌. هه‌روه‌ها یه‌كه‌مین پاوانی پیشه‌سازی له‌سه‌ر پیشه‌كاره‌كانی شار ـ په‌رستگا جێگای باس بوو. هه‌رچی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی شاره‌ كه‌ له‌بواری سه‌ربازی و ئیداریدا ئه‌ركی وه‌رگرتبوو، له‌ پێگه‌ی به‌هێزترین پاوانی ده‌سه‌ڵاتدا بوو كه‌ لەگەڵ سێیانه‌كه‌ی سه‌ره‌تا له‌ناو په‌یوه‌ندیه‌كی توندو تۆڵدا بوو. جیاوازی راده‌و ئاستی هێزه‌كانیان په‌یوه‌ندی هه‌ژموونگه‌رایی ده‌كرد به‌ ناچارییه‌ك. لەکاتێکدا ‌سه‌ره‌تا هه‌ژموونگه‌رایی کاهینە‌كان به‌هێز بوو، دواتر به‌ڕیزه‌ ئه‌و دۆخه‌ گۆڕانكاری به‌سه‌رداهات. به‌كورتی كاراكته‌رو خه‌سڵه‌تی پاوان و هه‌ژموونگه‌رایی هه‌ر له‌ قۆناخی ئاواكردندا لە ئارادایە. له‌ به‌رگه‌كانی پێشووتری بەرگرینامەکەمدا هه‌وڵمدا په‌ره‌سه‌ندنه‌ مێژووییه‌كه‌ی ئەم راستینەیە له‌ شێوه‌ی ئه‌ڵقه‌ی سه‌ره‌كی پێشكه‌ش بكه‌م. هه‌روه‌ها ده‌ستنیشانكردنێكی زۆر گرنگ سه‌باره‌ت به‌ پاوانه‌كانی شارستانیه‌ت ئه‌وه‌یه‌، چه‌نده‌ له‌نێوان خۆیان له‌ناو ناكۆكی و پێكداداندا بن، به‌ڵام به‌رامبه‌ر ده‌ره‌وه‌ (هێزه‌كانی شارستانێتی دیموكراتی) به‌ یه‌كه‌وه‌و به‌ سیفه‌تی ئه‌ڵقه‌ مێژووییه‌كانی زنجیرێك ده‌جووڵێنه‌وه‌. ئه‌گه‌رمیراسی ئه‌وانه‌ی پێشووتر له‌ ئارادا نه‌بێت هیچ شارستانیه‌تێك سه‌ریهه‌ڵنه‌ده‌دا. باسی سیسته‌مێكی شارستانیه‌تی ناوه‌ندی ده‌كه‌م نه‌ك شارستانیەتی چین و ئینكاكان.

 پێشتر هه‌وڵمدا به‌درێژی باسی چیرۆكی پێكهاتنی ئه‌ڵقه‌ی شارستانیه‌تی ئه‌وروپا بكه‌م. به‌ گرنگیه‌وه‌ ئاماژه‌م به‌ په‌یوه‌ندیه‌كه‌ی لەگەڵ شارستانیه‌تی خۆرهه‌ڵات (ته‌نانه‌ت لەگەڵ نیولیتیكه‌كه‌ی) و رۆڵی گوێزه‌ره‌وه‌ی ڤێنسیا بۆ بەهاکان كرد كه‌ نزیكه‌ی سێ‌ سه‌ده‌ به‌رده‌وام بوو. گرنگترین خاڵ كه‌ ده‌توانرێت سه‌باره‌ت به‌ تاكانه‌یی شارستانیه‌تی (به‌ واتای مۆدێرنیته‌كه‌ی) ئه‌وروپای دوای سه‌ده‌ی شازده‌هه‌م بانگه‌شه‌ی بۆ بكرێت ماهیه‌تی پاره‌ ـ سه‌رمایه‌یه‌ كه‌ پێگه‌یشتووتره‌. بێگومان له‌م سه‌ده‌یه‌ بەدواوه‌ پاوانی پاره‌ ـ سه‌رمایه‌ یه‌كه‌مین پاوانی هه‌ژموونگه‌رایی خۆی له‌ ئه‌وروپا ئاواكردووه‌. له‌م لایه‌نه‌وه‌ ده‌شێت باس له‌ تاكانه‌یی و بێ‌ هاوتابوونی بكرێت. به‌ڵام راستیه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گره‌ كه‌ ناتوانرێت بگووترێت ئه‌وروپا لانكه‌ی پاره‌ ـ سه‌رمایه‌یه‌و ئه‌و قۆناخه‌ش مێژووه‌كه‌یه‌تی. چونكه‌ یه‌كه‌مین شته‌كانی له‌ پاره‌ ده‌چوون زۆر به‌ر له‌ شارستانیه‌ت هەبوون. ئه‌و پسپۆڕانه‌ی توێژینەوە سەبارەت بەچاخه‌كانی یه‌كه‌م(كۆن) دەکەن، له‌و باره‌یه‌وه‌ هاوفیكرن كه‌ ئۆبسیدیه‌ن و مادده‌ هاوشێوه‌كانی رۆڵی یه‌كه‌مین پاره‌یان بینیوه‌. چه‌ندین مادده‌و شتوومه‌كی به‌نرخ له‌ كۆمه‌ڵگاكانی كۆمۆنه‌ی سه‌ره‌تاییدا رۆڵێكی هاوشێوه‌ ده‌بینن. هه‌ر كه‌سێك که‌ په‌یوه‌ندی به‌م بابه‌ته‌وه‌ هه‌بێت ده‌زانێت لێدانی یه‌كه‌مین سکه‌ی دراو ـ پاره‌، دراوه‌ زێڕیه‌كانی كریوزۆسی پادشای لیدیا بووه‌ كه‌ له‌سه‌ده‌ی حه‌وته‌می پ.ز له‌ رۆژهه‌ڵاتی ئیجه‌ ئاواكراوه‌. ده‌توانرێت هه‌مان شت سه‌باره‌ت به‌ كه‌ڵه‌كه‌كردنی پاره‌- سه‌رمایه‌ش بگووترێت. چونكه‌ كه‌ڵه‌كه‌كردن (كۆكردنه‌وه‌) نه‌ریتێكی زۆر كۆنه‌. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا به‌درێژایی مێژوو كانزاو مادده‌ به‌نرخه‌كان كۆكراونه‌ته‌وه‌. تۆماره‌ شوێنه‌وارناسیه‌كان له‌م باره‌وه‌ نموونه‌یه‌كی زۆری پێشكه‌ش كردووین. گوته‌ی"هێنده‌ی قارون ده‌وڵه‌مه‌ند" ئه‌م راستیه‌ ده‌رده‌بڕێت. هیچ شتێك وه‌ك قاروونه‌كانی ئاشوور (پاره‌، بازرگانی، بازاڕ، واتایه‌كی هاوشێوه‌ی كۆگای به‌رهه‌مه‌كانی هه‌یه‌) به‌شێوه‌یه‌كی ره‌سه‌ن و سه‌رنجڕاكێش به‌كارهێنانی پاره‌ ـ سه‌رمایه‌ به‌ ئامانجی قازانج روون ناكاته‌وه‌. چه‌ندین شاری رۆژهه‌ڵاتی هه‌ن كه‌ هه‌زاران ساڵ به‌ر له‌ ڤێنسیا، ئه‌مستردام و له‌نده‌ن رۆڵی لانكه‌ی پاره‌ ـ سه‌رمایه‌یان بینیوه‌.

 ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیه‌‌ی له‌ پاره‌ ـ سه‌رمایه‌ی ئه‌وروپادا تاكانه‌یه‌، هه‌ڵكشانێتی و بۆ یه‌كه‌مجار ئاواكردنی هه‌ژموونگه‌راییه‌كه‌یه‌تی. كارل ماركس ئه‌م چه‌شنه‌ هه‌ژموونگه‌راییه‌ی سه‌رمایه‌و مۆرك لێدانی له‌ مۆدێرنیته‌ به‌ ئه‌رێنی و رۆڵێكی پێشكه‌وتنخواز هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت. كاتێك والرشتاینیش ئه‌م هه‌ژموونگه‌راییه‌ به‌و شێره‌ ده‌چوێنێت كه‌ له‌قه‌فه‌س ده‌ركه‌وتووه‌، به‌ بایه‌خه‌وه‌ پێویستی ئاماژه‌كردن به‌ رۆڵه‌ ئه‌رێنیه‌كه‌ی ده‌بینێت. ته‌نانه‌ت كاتێك هۆكاره‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م هه‌ژموونگه‌راییه‌ به‌ لاوازبوونی كڵێساو پادشایه‌تییه‌كان و داگیركاری مه‌غۆله‌كان له‌ رۆژهه‌ڵات ده‌به‌ستێته‌وه‌، وه‌ك بڵێی دان به‌وه‌ داده‌نێت كه‌ رووبه‌ڕووی نیشانه‌ی پرسیاری گه‌وره‌ بۆته‌وه‌. وه‌ك ده‌ره‌نجام به‌ خاڵێك گه‌یشتووه‌ كه‌ بژاره‌كه‌ی بۆ مێژوو به‌هیچ شێوه‌یه‌ك باش نییه‌. ئێره‌ ئه‌م شوێنه‌ گونجاوه‌ نییه‌ كه‌ ئاماره‌ تۆقێنه‌ره‌كه‌ی چوار سه‌ده‌ی پاره‌ ـ سه‌رمایه‌ هەڵڕێژرێت و بخرێتە روو. به‌ڵام ته‌نیا كاتێك ژماره‌ی كوژراوو برینداری شه‌ڕه‌كان، ژماره‌و ماوه‌ی شه‌ڕه‌كان، ئه‌نجامه‌ وێرانكاریه‌كانی قه‌یرانه‌ ئابووریه‌كان، راده‌ی بێ‌كاری و هه‌ژاری، گرنگترینیشیان بەشی لە وێرانكردنی ژینگه‌و كاره‌ساته‌كان تۆمار بكرێت، ئه‌و كاته‌ شیمانه‌كردنی چۆنیه‌تی ئه‌و هه‌ژموونگه‌راییه‌ هێنده‌ زه‌حمه‌ت نییه‌ كه‌ رووبه‌ڕوومان بۆته‌وه‌.

 ب ـ ئه‌و بانگه‌شه‌ی مۆدێرنیته‌ی پشتبه‌ستوو به‌ سه‌رمایه‌داریی وه‌کو تاقانه ده‌بینێت، ‌بانگه‌شه‌یه‌کی ناته‌واو و هه‌ڵه‌‌یه‌‌. ئه‌م بانگه‌شه بانگه‌شه‌ی زانستی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ که‌ ته‌وه‌ره‌و ناوه‌نده‌که‌ی ئه‌وروپایه‌و زۆر به‌رفراوان و ئابلۆقه‌ده‌ره‌. به‌و سیفه‌ته‌ی سیسته‌می ـ جیهانییه‌ ئه‌ویش له‌میانه‌ی به‌ ئه‌به‌دیكردنی هه‌بوونی خۆی و دانانی گه‌مارۆدانه‌كه‌ی به‌ "كۆتایی مێژوو" و "دواگوته‌ی" حه‌قیقه‌ت، له‌ شارستانیەتەکانی سه‌رده‌مه‌كانی پێش خۆی كه‌متر نییه‌. ته‌نانه‌ت له‌رێگای چەکی زانستیه‌وه‌ ئەو بانگەشەیە مسۆگه‌رتر دەکات. هه‌رچی هه‌ژموونگه‌رایی ئایدیۆلۆژی لیبڕالیزمه‌ له‌رێگای پاوانه‌ میدیاییه‌ گرێدراوه‌كانی خۆیه‌وه‌ هه‌موو هه‌وڵوكۆششی خۆی خستۆته‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م بانگه‌شه‌یه‌ گشتگیربکات و به‌سه‌ر ته‌واوی مرۆڤایه‌تیداو قۆناخێك له‌ناوچاخدا (سه‌رده‌می راگه‌یاندن و زانیاری) بئافرێنێت و وه‌ك حه‌قیقه‌تێكی هاوبه‌ش به‌ڕێوه‌ی ببات. له‌كاتێكدا گرنگی به‌وه‌ ده‌دات كه‌ له‌بواری ناوه‌ڕۆك و شێوه‌دا راستی له‌ناو ره‌هه‌نده‌ مێژووییه‌كه‌ی پێشكه‌ش بكات، له‌ ئاواكردنی فیوچه‌رۆلۆژی"ئایینده‌ناسی" یه‌كی دابڕاو له‌ رابردوو و رۆژی ئه‌مڕۆمان دوا ناكه‌وێت. به‌شێوه‌یه‌كی سه‌یر، ئێستاگه‌راییه‌. دروشمی "ئێستا بژی، ئه‌وه‌ی تر پووچه‌" وه‌ك باوه‌ڕییه‌كی بنه‌ڕه‌تی په‌سه‌ندو جێبه‌جێ‌ ده‌كرێت. ئه‌و لیبڕالیزمه‌ نوێیه‌ی له‌ میانه‌ی چه‌مكی ئاوێتەگەرایی سه‌رجه‌م قاڵبه‌ ئایدیۆلۆژیه‌كانی فیكره‌ كۆن و نوێكان پێكیهێناوه‌، به‌شێوه‌یه‌كی زۆر خراپتر دوا هه‌لومه‌رج و كه‌ش و هه‌وای رۆما به‌ بیر مرۆڤ دێنێته‌وه‌. سێیانه‌ی ـ وه‌رزش، سێكس، هونه‌ر ـ له‌ لوتكه‌ی قۆناخی به‌ ئایدیۆلۆژیابووندان. ره‌هه‌ندی ئایینی به‌ هه‌موویان دراوه‌. له‌ رۆژگاری ئه‌مڕۆماندا دۆزینه‌وه‌ی ئایینی دووه‌م زه‌حمه‌ته‌ كه‌ له‌ رێوڕه‌سمه‌كانی ئایینی ستادیۆمی تۆپی پێی رۆژی ئه‌مڕۆمان هۆشبه‌رتر بێت. لەبواری‌ بە پیشه‌سازیکردنی هونه‌ریشدا ره‌وش و په‌ره‌سه‌ندنی هاوشێوه‌ جێگای باسه‌. ته‌نانه‌ت هه‌ست و ره‌مه‌كێكی خۆڕسكی وه‌ك زایه‌ندیش بۆ پیشه‌سازی سێكس وه‌رچه‌رخێنراوه‌. سێکس یش کە كاریگه‌ری هۆشبه‌رانە (ئه‌فیۆن)ی هەیە به‌لای كه‌مه‌وه‌ هێنده‌ی سپۆڕو هونه‌ر كراوه‌ به‌ ئایین. ناوبردنی ئه‌م سێیانه‌ به‌ رێوڕه‌سمی ئایینه‌كانی مۆدێرنیته‌ی سه‌رمایه‌داری له‌ جێگای خۆیدا ده‌بێت. ئایینگه‌رایی رادیكاڵیش كه‌ به‌ ناوی سەردارێتی ئایین کەوتۆتە رێ، سه‌رباری ئه‌وه‌ی خۆی وه‌ك دژه‌ ـ مۆدێرن پێشكه‌ش ده‌كات، به‌ڵام مه‌یلێكی مۆدێرنیته‌یه‌.

 

تێبینی: له‌ كتێبی سۆسیۆلۆژیای ئازادیی وه‌رگیراوه‌

  یه‌كانه‌یی (Monism): تێڕوانینێكی غه‌یبی و تیۆلۆژییه‌، له‌و بڕوایه‌دایه‌ كه‌ تاكه‌ پره‌نسیپێك هه‌یه‌ وه‌ك ئه‌قڵ یان مادده‌. واته‌ حه‌قیقه‌ت تاكه‌ یه‌كێتیه‌كی ئه‌ندامییه‌، هیچ به‌شێكی سه‌ره‌كی جێگای باس نییه‌، ته‌نیا چه‌ند یاسایه‌ك جێگای باسن كه‌سروشت رۆشن ده‌كه‌نه‌وه‌ و به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن (وەرگێڕ).

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Close
Close
%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: