ڕاپۆرت

ژنان ئازادن، چەکدارن لە باکوورى سوریاى ژێردەستى کورد

راپۆرتى: رۆد نۆردلاند

 لە ئینگلیزییەوە: دیار عەزیز شەریف

رەزوان، تەمەن ٣٠ ساڵان پیاوێکى عەرەبە، چوار پیاویشى لەگەڵ خۆى وەک شاهێد هێنابوو، لەگەڵ سکاڵاکردن لە هاوژینەکەى پێشووى بۆ ئەو شوێنەى کە پێى دەوترێت ماڵى ژنان لێرە لە شارى منبجى باکوورى سوریا.

ئەو لەم ماوەیەى رابردوو هاوژینى دووەمى تەڵاق دابوو، کە ناوى ئەمیرەیە، تەمەن ١٧ ساڵان، ئەو داواى ئەو زێڕانەى لێکردبوو بۆى بگەڕێنێتەوە کە کاتى خۆى وەک لەبەرامبەر بوکێنێ بۆى کڕی بوو، کە ئەوپەڕەکەى سێ یان چوار ….بوو- کە بەهایەکەى لە نرخى چەند بزنێک زیاتر بوو، بەڵام لە نرخى ئوتوموبیلێک کەمتر بوو.

هەر پێنج پیاوەکە لەگەڵ ئەمیرە و ئیسراى دایکى ئەمیرە لەسەر کورسى پلاستیک بەشێوەیەکى بازنەیى لە دەورى زۆپایەک دانیشتبوون بۆئەوەى گفتوگۆو مشتومڕ لەبارەى ئەو کێشەیە بکەن، ئەمەش بە ئامادەیى و نێوانگیرى چوار تا پێنج کەس لە بەرپرسانى نێو ماڵى ژنان.

گفتوگۆ و مشتومڕەکان گەرم داهاتن کاتێک ئەمیرە و دایکى، کە داوایان کرد ناو و نازناوى بنەماڵەکەیان نەهێنرێت بۆئەوەى بەدووربن لە تووشبوون بە کاردانەوەى توندى خێڵەکى لە دژیان، رەتیان کردەوە کە زێڕەکان بگەڕێننەوە. کاتێکیش کە بەرپرسانى ماڵى ژنان وتیان کە ئەمیرە نەک تەنیا مافى ئەوەى هەیە کە ئەو زێڕانە بۆ خۆى بمێنێتەوە، بەڵکو مافى ئەوەیشى هەیە کە کەل و پەلەکانى ماڵەوە بۆ ئەو بێت ئەمەش وەک قەرەبووکردنەوەیەکى ماددی لەبەرامبەر تەڵاق دانى، رەزوان دەستى بە هاوارکردن کردەوە.     

کورسییەکان بە زەوییەکەدا دران و دەنگەکانیش بەرزبوونەوە، بەڵام بەرپرسە ژنەکان پیاوەکانیان بەشێوازێکى جوان و بە ڕێزەوە بردە دەرەوە، بەڵام بەتوندى و بڕیارەوە، هۆشدارییان پێدان کە پۆلیسیان بۆ بانگ دەکەن ئەگەربێتو بەهێمنى هەڵسوکەوت نەکەن.

شیلان شەرموز، بەڕێوەبەرى ماڵى ژنان، وتى کێشەکە هێشتا چارەسەر نەبووە. شیلان وتیشى کاتێک رەزوان قەرەبووەکە دەدات، ئەو کات ئەوان دۆسییەکەى رەوانەى دادگا دەکەن و چاوەڕێى دادگایى کردنى دەکەن ئەمەش لەبەرئەوەى لەماوەى دوو هەفتەى هاوسەرگیرییەکەى، لە ئەمیرەى داوە و خراپ مامەڵەى لەگەڵدا کردووە. شیلان وتیشى رەزوان هەروەها تۆمەتباریشە بە ساختەکارى، چونکە ئەمیرە رازى بووە شووى پێ بکات بەبێ ئەوەى بزانێت کە ئەو ژن و ماڵ و منداڵیشى هەبووە. 

 

"پیاوسالارى بەڕاستى کۆتایى هاتووە" بەڕێز شیلان شەرموز ئاواى وت، بە دەم پێکەنینەوە لەگەڵ دوو لە هاوپیشەکانى.

لەو ناوچانەى لەژێر دەسەڵاتى کورد دایە لە باکوورى سوریا، فشارکردن بۆ هەبوونى یەکسانیى رەگەزیى نێوان نێرو مێ دەسەڵاتێکى بەرچاوى بە ژنانى هاوشێوەى بەڕێز شیلان شەرموز بەخشیوە تاوەکو بتوانن مافەکانى ژنان لەسەر زەمینەى واقیع جێگیربکەن و بچەسپێنن. ئەو دەسەڵاتەى لێرە لەلایەن ژنەوە بە کارامەیى ئەزمون دەکرێت- لەنێو پۆلیس، لەنێو دادگاکان و هێزى سەربازییش- لەسەر بنەماى فەلسەفەى یەکسانیى جێندەریى رێبەرى ئایدیۆلۆژیى کورد، عەبدوڵڵا ئۆجالان داڕێژراوە و دیزاین کراوە.  

بەڕێز ئۆجالان، دامەزرێنەرى پارتى کرێکارانى کوردسان (PKK) ئێستا لە زیندانى تورکیا حوکمى زیندانى هەتا هەتایى بەسەردەبات ئەمەش بەدانەپاڵى تۆمەتگەلێکى دۆسیەى تیرۆریزم، رێکخراوەکەیشى بەگوێرەى ویلایەتە یەکگرتووەکان و یەکێتى ئەوروپا بە رێکخراوێکى تیرۆریستى دانراوە. بەڵام فەلسەفەکەى بەشێوەیەکى زۆر بەرفراوان لەنێو کوردان ناسراوە و جەماوەرێکى ئێجگار زۆرى هەیە، بەتایبەتى لەنێو باکوورى سوریا و رۆژهەڵاتى تورکیا.

شەش ساڵ لە کۆنتڕۆڵکردنى بەشێکى هەرە زۆرى باکوورى سوریا ئەو هەلەى بۆ کوردەکان رەخساندووە تاوەکو بتوانن بەرنامەکانیان لە پەیوەست بە چاکسازیى یەکسانیى جێندەرى بچەسپێنن بەڕادەیەک کە لەپێشدا ئەم جۆرە ریفۆرمە نموونەى نەبووە، بەبێ ئەوەى دووچارى هیچ جۆرە کۆسپ و تەگەرەیەکى دەستێوەردانى حکومەتى تورکى ببنەوە، کە لە زۆربەى ناوچە کوردییەکانى تورکیا، دەوڵەتى تورک دەزگاکانى ژنانى سەرکوت کردووە و کۆسپ و تەگەرەى بۆ کار و پڕۆژەکانیان دروست کردووە.

بە قانون، هەر جۆرە دام و دەزگایەکى حکومى لە ناوچەکانى ژێردەسەڵاتى کورد لە سوریا بە سیستمى هاوسەرۆکایەتى بەڕێوەدەچێت، واتە ژنێک و پیاوێک سەرۆکایەتى دەزگاکە دەکەن، هەروەها زۆربەى ستاف و کۆمیتەى بەڕێوەبەریى دامەزراوە حکومیەکان دەبێت لەڕووى ئەندامانى ژن و پیاو تێیدا یەکسانى لەبەرچاو بگیردرێت- تەنیا دام و دەزگاکانى تایبەت بە ژنان نەبێت، کە تەنیا لەلایەن ژنان خۆیانەوە بەڕێوەدەبرێن.

یەکینەکانى پاراستنى ژن (YPJ) یەکینەیەکى سەربەخۆیە و بووەتە هاوبەشێکى گرنگ لەگەڵ یەکینەکانى پاراستنى گەل (YPG) لە گۆڕەپانى شەڕ. کاتێک هێزەکانى سوریاى دیموکراتیک، ئەو هێزەى لەلایەن هاوپەیمان نێونەتەوەیى بەسەرپەرشتى ئەمریکا پشتیوانى لێدەکرێت، لە ئۆکتۆبەرى ٢٠١٧ شارى رەققەیان لەژێردەستى دەوڵەتى ئیسلامى رزگارکرد، فەرماندەى سەرەکى تەواوى ئۆپەراسیۆنەکە ژنێکى نێو یەپەژە بوو بەناوى رۆژدا فەلات.

"لەوێدا پیاوان هەمیشە وا بیریان کردووەتەو کە ژنان کۆیلەن، بەڵام کاتێک ژنان هێزێکى سەربازیى لەنێو خۆیاندا پێکدێنن، ئەوا پیاوان لێیاندەترسێن" ئارزو دەمیر، نووسەرى تورک، خاوەن کتێبێک لەبارەى میلیشیاى یەپەژە واى وت.

هەوڵ و کۆششى کوردى بۆئەوەى یەکسانیى رەگەزى نێوان ژن و پیاو لەسەر بچەسپێت، ئەوا دەبینین بەڕاستى لە شوێنەکانى وەک منبج جێگەى خۆى گرتووە، کە شوێنێکە زۆرینەى دانیشتوانەکەى عەرەبن، هەروەها عەشایەرى و موحافیزکارن. هێزەکانى سوریاى دیموکراتیک کە لەلایەن کوردەوە رێبەرایەتى دەکرێت، نزیکەى هەشت مانگ دەبێت کۆنتڕۆڵى ئێرەیان کردووە، لە ئۆپەراسیۆنێکدا بە پشتیوانى هێزە سەربازییە تایبەتەکانى ئەمریکى و هێزى ئاسمانى. لە کاتێکدا ئەنجومەنى سەربازیى منبج، کە ئێستا دەسەڵات بەدەستە، لە زۆرینەیەکى عەرەب پێکدێت، ئەم دەسەڵاتە تازەیە لەسەر بنەماى پرەنسیپە شۆڕشگێڕییەکانى بەڕێز ئۆجالان دامەزرێن.

ژنان یەکسەر مافى ئەوەیان پێدرا کە دەتوانن خۆیان داواى تەڵاق بکەن، کە لە پێشدا ئەم مافە تەنیا بۆ پیاوان بوو؛ بۆئەوەى دواتر موڵک و ماڵەکە بەیەکسانى لەنێوانیاندا دابەش بکرێت؛ هەروەها بۆئەوەى منداڵەکانیان و ماڵەکانیشیان دواى هەڵوەشاندنەوەى هاوسەرگیرییەکەیان وەک خۆى بمێنێتەوە. لەکاتێکدا رۆژگارێکى دوور و درێژە لەم ناوچەیە لەسەر بنەماى شەریعەتى ئیسلامى ژن لە دادگا وەک نیوە-شاهێدێک وەرگیراوە، واتە نیوەى قورسایى پیاوى هەبووە.   

 ئەو گۆڕانکاریانەى کە روویانداوە بەبێ رووبەڕبوونەوەى پەرچەکردارى توند نەهاتوونەتەدى. بۆ نموونە لە شارى کۆبانێ لە سوریا کە زۆرینەى کوردن نەریتى هەبوونى زیاد لە هاوژینێک بۆ پیاو قەدەغە کراوە. بەڵام کاتێک بەرپرسان هەوڵیاندا ئەو بڕیارە لە منبجیش جێبەجێ بکەن، ئەوا کاردانەوەى توڕەیى لاى سەرۆک عەشیرەتەکان واى کرد کە ئێرە لەم بڕیارە نوێیەدا ئاوارتە بکرێت و بهێنرێتە دەرەوە.  

 وێڕاى ئەوەش، کەچى ماڵى ژنان لە منبج لە ئێستادا بەتوندى دەستى کردووە بە رێنمایى کردنى ئەو ژنانەى کە پیاوەکانیان ژنیان بەسەرهێناون، بەوەى کە دەتوانن لێیان جیاببنەوە، بەجێیانبهێڵن و لە هەمان کاتدا وەک پیاوەکە مافى خاوەندارێتیکردنى منداڵەکانیان و نیوەى موڵک و ماڵەکەیان هەبێت. لە ئەنجامدا لە ساڵى رابردوو نزیکەى ٢٠٠ حاڵەتى جیابوونەوە هەبووە، زۆربەیان بەهۆى فرەژنى و هاوسەرگیریکردنى خوار تەمەنى هەژدە ساڵى بووە، ئەمە قسەى حەیات ویداتە کە ژنێکى عەرەب و سۆسیۆلۆژستێکە و سەرۆکى بەشى توێژینەوەیە لە ماڵى ژنان. ئەمە ژمارەیەکە لە پێشدا نموونەى نەبووە.

ژمارەیەکى زۆر لە پیاوانى شارەکە پێیانوایە کە ئەو گەشەسەندن و سەقامگیرییەى کە ئەم حوکمڕانییە نوێیە لەگەڵ خۆى هێناویەتى زەحمەتە لەگەڵ داب و نەریتەکان هەڵبکات.

عەبدولعەزیز ئەلحەسەن، تەمەن ٤٥ ساڵ، دوکاندار کە بە رەگەز عەرەبە و خاوەنى ١٤ منداڵە، هاوڕایە کە "ژنان دەبێ وەک پیاوان خاوەنى هەمان ماف بن، ژن کۆیلە یان خزمەتکار نییە" بەڵام ئەو ئێستاش هەر ئارەزووى ئەوەى هەیە کە ژنى دووەم بهێنێت، ئەو واى وت، چونکە ژنەکەى ئێستاى، کە ئەویش ٤٥ ساڵە، ئەوە چیدیکە ناتوانێت منداڵى ببێت. ئەو چ کاردانەوەیەکى دەبێت ئەگەر تۆ ژنى دووەم بهێنیت؟ عەبدولعەزیز لە وەڵامدا دەڵێت " من پێى ناڵێم" "ئەوە ئیشى ئەو نییە"

نموونەى هەڵوێست و تێڕوانینى لەم جۆرە زەحمەتە بەئاسانى لەناوبچێت.

"کاتێک ئێمە ماڵى ژنان-مان لێرە کردەوە، تەنانەت خۆیشمان لەو باوەڕەدا نەبووین ئەمە لێرە سەربگرێت" جیهان موستەفا واى وت، یەک لەو راوێژکارانەى دامەزراوەکەیە کە ژنان بە مافەکانیان ئاشنا دەکات، هەروەها یارمەتیدانیان لە کاتى تەڵاق، دۆسییەکانى دادوەریى پەیوەست سکاڵاى خراپ مامەڵەکردنیان لەلایە پیاوەکانیان، هەروەها گرتنەبەرى ئەو رێوشوێنە قانونیانەى کە مێردەکانیان ناچاربکات بەوەى کە ژیان و گوزەرانێکى باشتر بۆ منداڵەکانیان دابین بکەن. " ئێستا ئێرە چۆن دەبینیت، هەمیشە ئاوا قەرەباڵغە"

لە دەزگاى ماڵى ژنان لە منبج، هۆڵەکان، ژوورەکانى چاوەڕوانیکردن، و ژوورەکانى راوێژکارى پڕن لە ژنان و پیاوان- لەگەڵ ئەوەى زۆر لە پیاوەکان بە توڕەیى و گرژى دەبینرێن.

جیهان موستەفا بە رەگەز کوردە، وەک یەکەمین چاڵاکوانى ژن لێرە، بەڵام ئێستا ژمارەیەکى تر لە ئەندامانى ماڵى ژنان بە رەگەز عەرەبن، و زۆربەى ئەو کەسانەیشى کە روویان تێدەکەن، ئەوانیش عەرەبن. منبج زۆربەى هەر زۆرى دانیشتوانەکەى عەرەبن، لەگەڵ بوونى کەمینەیەکى کوردنشین و ئیتنیکى دیکە تێیدا. " قبوڵکردنێکى حەقیقیە ئەو دامەزراوە، تەنیا ١٨ مانگ دواى ئازادکردنى منبج  بەدى دەکرێت"

قبوڵکردنى ئەم گۆڕانکارییە ریشەییە بەگشتى ئاسان نییە و زۆر قورسە، زۆر لەوانەى رەخنەى لێدەگرن دەترسێن قسە بۆ میدیاکان بکەن.  

 عەبدول، تەمەن ٣٧ ساڵان، کەسێکى بە رەگەز عەرەبە و مامۆستایە بە مەرجێک قسەى کرد کە ناوى راستەقینەى خۆى نەهێنرێت، لە ترسى لێپرسینەوە لێى لەلایەن سەرکردە کوردەکان ئەو دەڵێت ( بۆ تێگەیشتن لەو دۆخەى ئێستا، بیر لە داعش بکەوە، بەڵام بە رەنگێکى دى) عەبدولى بەڕەچەڵەک عەرەب درێژەى پێدەدا و دەڵێت (ئەوان هەرگیز ناوەستن لە هەوڵدان بۆ سەپاندنى ئەو رەمز و پەروەردە و بەرنامانەى کە دژ بە بەها و داب و نەریتە موحافیزکارەکانمانن) (ئەوان هەروەها پێداگیرى لەسەر ئەوە دەکەن کە دەبێت ژنان لە هەموو شتێک ئامادەییان هەبێت، کە ئەمەش واى لێکردوون ئەو ژنانە لە پۆستەکاندا دابنێن کە ناتوانن چۆن کێشەکان چارەسەر بکەن).  

سەرکردە کوردەکان ئاگادارى هەبوونى ئەم ناڕازییە و بێتاقەتییەن، بەڵام دەڵێن ئەو گۆڕانکارییانەى ئەوان هێناویانەتە ئاراوە ماوەیەکى زۆرى دەوێت تاوەکو قبوڵ دەکرێت، بەتایبەتى لەنێو ژنانى گەنجى عەرەب.

"بەشێکى هەرە زۆرى پیاوان قبوڵى ئەم گۆڕانکارییە ناکەن، بەڵام ئێمە قسە لەگەڵ ژنان دەکەین و هەوڵدەدەین کۆمەڵگا لەوە تێبگات کە بۆچى، بۆ نموونە، هەبوونى زیاد لە هاوژینێک بۆ پیاو شتێکى خراپە" ئیسام عەبدولقادر واى وت، کە یەکێکە لە ئەندامانى ئەنجومەنى ژنانى منبج، رێکخراوێکى ترە کە خەبات دەکات لەپێناو هێنانەدى یەکسانیى ژنان. ئەو رێکخراوە هەروەها تیمەکانى بۆ نێو گەڕەکەکانى شار و گوندەکان رەوانە دەکات کە دەرگا بە دەرگا لێبدەن، کە داواى چوونە ژوورەوە دەکەن بۆئەوەى ژنان بە مافەکانیان ئاشنا بکەن.

"زۆربەى پیاوان یەکەمجار رێگەیان پێنەدەداین" هانا شەریف، ئەندامێکى کوردى ئەنجومەنەکە، واى وت. "ئێمە تەنیا دوو یان سێ جارى دیکە دیسان چووینەوە و سەردانى ئەو ماڵانەمان کرد. تاوەکو رێگەمان پێدرا. ئیدى هێدى هێدى ئەمە جێى خۆى دەگرێت"

ماجە عەلى، ٢٥ ساڵان، ژنێکى عەرەبە و ئەندامى ئەنجومەنەکەیە کە وتى ئەو حکومەتە خۆجێییەى تازەیە ژیانى ئەوى گۆڕى. "پێشتر من تەنیا لە ماڵەوە دەمامەوە و من تەنانەت نەمدەتوانى بەیانیانیش لە خەوهەڵسم" ماجە ئاواى وت. "ئێستا من خاوەنى کاراکتەرى خۆمم و رۆڵم لەنێو کۆمەڵگادا هەیە. ئێستا بەیانیان لە خەوهەڵدەستم، چاوپێکەوتن و ئیش و کارى دیکەیشم هەیە، و بۆیە ئێستا من ژیانم خۆشدەوێت"

دواى ئاراستەکردنى داخوازییەکى ژنانى شارەکە، ئەنجومەنەکە قوتابخانەیەکیان کردووەتەوە بۆ پێگەیاندنى ژنانى سەرکردە. لەم ماوەیەى دوایى، هەندێ لە ژنانى منبج دوایان لە ژنانى ئەنجومەنەکە کردووە کە خولى مەشق و راهێنان لەسەر چەک و تەقەمەنى بۆیان بکەنەوە بۆئەوەى ژنانى سڤیل فێربکرێن کە چۆن دەتوانن بەرگرى لە خۆیان بکەن.

"مەسەلەکە تەنیا کاتە" هانا شەریف واى وت "تاوەکو ئێمە دەبینە خاوەنى سەرجەم مافەکانمان"

تێبینى: لەبەرئەوەى لە وەرگێڕان دەبێ تەواوى بابەتەکە وەک خۆى بگوازیتەوە، بۆیە ئەو قسەیەى ئەو هاووڵاتییە عەرەبەى منبج-م لانەبرد کە دژ بەو مۆدێلە سیاسیەى رۆژئاڤا قسە دەکات، لەوەش خراپتر بە (داعش) بەراوردیان دەکات بەوەى گوایە بیروبۆچوون و بەرنامەى خۆیان دەسەپێنن….بێگومان زهنیەت و باکگراوندى شۆڤێنى قەومى و دینى وا لە مرۆڤ دەکات کە تەنیا لەبەر دوژمنایەتى کردنى گەلێک، بێت یەپەگە و داعش بهێنێتە لاى یەکترى…..داعش وێرانى کردن، کەچى یەپەگە رزگارى کردن، بەڵام بە باوەڕى من مێشک و بیرکردنەوە و زهنییەتى کۆنەپەرست و بەردین لەو جیاوازییە گەورانە تێناگات. ئەم جۆرە بیرکردنەوەیەى ئەو جۆرە هاووڵاتییە عەرەبە جێگەى پرسیار و لێکدانەوەی زیاترە کە لەم پەراوێزەدا جێگەى نابێتەوە. (وەرگێڕ)

سەرچاوە: نیویۆرک تایمز

https://www.nytimes.com/2018/02/24/world/middleeast/syria-kurds-womens-rights-gender-equality.html

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Close
Close
%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: