پرسی ژن

تێکۆشان، پەروەردە، ژن، دایک

عادل عوسمان

 

گەلی کورد لەمێژوویەکی دێرینەوە لەژێر گوشارو هێرش و داگیرکاریەکی قڕکەردایە، کەنەک هەر مرۆڤبونەکەی، بەڵکو کلتورو مێژوو و ژینگەکەشی لەژێر وێرانەی ئەو هێرشە قڕکەرەدایە. ناچینە سەردەمەکانی زۆرکۆنی ئاواکردنی کۆمەڵگەبوون و بنیاتنانی شارستانیەتی سروشتی. لەو بارەیەوە هەندێکمان وتوەو مێژووش شاهیدی نوسراوو لێکۆڵینەوە زۆرو زەوەندەکانی ئەو بوارەیە.

جێگەی ئەم کورتە نوسینەی ئێمە نیشاندانی ئەو ئازارانەیە کە بەسەر کورددا هاتوەو جێگەی پەروەردەی دایک ژن لەسەر بەشداری، بەردەوامی، ناکامی و چۆنیەتی پاراستنی ڕۆڵەکانی لەتیاچون و لەناوچوون! هۆکارەکان و ڕاست و دروستی پەروەردەو چۆنیەتی پاراستنەکەی. کە؛ ئایا ئەو پاراستنە ڕاستە یان هەڵەیە؟ وە بۆچی بەدۆخی پاراستنی بۆخۆم و لەژێر باڵی خۆمدا گەیشتوە؟ لەکاتێکدا ژنی کورد پێشەنگ و بەڕێوەبەری ژیان و کۆمەڵگەبوە! بۆچی بەو ئاستە لە خۆپارێزی و کەوتویی گەیەنراوە!. بۆچی گەیشتوەتە ئاستی پاراستنی خراپ؟.

گەلی کورد بەپێی شوێنگەو جوگرافیا گرنگەکەی خاوەنی خاک و سەرزەمینێکی پڕو دەوڵەمەند بە سەرچاوەی سروشتی و وزەو خاک و هێزی مرۆیی گەورەو فراوانە. شێوەی ڕێکخستنی سروشتی، خۆسەرو بنەماڵە ـ هۆزبوە. لەمێژووی کۆندا خاوەنی قەڵەمڕەوی گەورەو گرانبوە، کە لەسەر بنچینەی فیدراسیۆنی هۆزەکان دامەزراوە. واتە یەکگرتنی هۆزەکان لەبەرامبەر مەترسیە هاوبەشەکاندا. بۆیە ئەم گەلە، گەلێکی زیندوی خاوەن پێگەی پێکەوەیی و هاوبەشی بوە. دایک ژن لەم نێوەندەدا پێگەی گرنگ و کاریگەری هەبوەو خاوەن پرس و ڕاو پێشەنگی بوە. لەبەرامبەر مەترسیەکاندا هاوبەشی کردوەو هاندەرو بەشداری گرنگ بوە، تابەئاستی خوداوەندە دایک گەیشتوە. ئەم پێگەیە هاوکارێکی گرنگ بوە بۆ پەروەردەی کۆمەڵگە بە پەروەردەیەکی ئەرێنی خزمەتکاری خاوەندەرکەوتو لەبەها پێکەوەیی، هەرەوەزی و هاوبەشیەکان.

وەک وتمان خاکی کوردستان بەهۆی دەوڵەمەندیەکەیەوە، کەوتوەتە بەر هێرشی هێزە دەرەکیەکان و سەردەمێکی زۆرە لەناو شەڕو هێرشی داگیرکاریدایە. بەهۆی تێنەپەڕاندنی پەیوەندیە خێڵ ـ هۆزەکیەکانەوە بۆ ئاستی فیدراسیۆنە بەسیستەم کراوەکان و مانەوەو بەردەوامی، یان لەسەردەمی نوێدا’ نەبوەتە نەتەوەیەکی یەکگرتوی بەناسنامەو سیستەمبوو. نەیتوانیوە بەرامبەر هێرشە دەرەکیەکان خۆی بپارێزێت. بۆیە لەژێر هێرشەکاندا زیاتر خۆپارێزو کەنارگیرو لەئاستی نزم و بچوکی قەڵەمڕەوی دەسەڵات، میرایەتی مانەوەو تێکشکاندا خۆی پاراستوە. ئەم فشارو شەڕانە، کوشتار، لەناوبردن، قڕکردن، کۆچ و ئاوارەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە. لەسەردەمانێکدا و هەتا ئێستەش بەردەوامە دوژمنان و هێرشکاران کچان و کوڕانی گەنجیان لە مەنجەنیق و ئاگر بەکڵپەی گەورەدا دەسوتاند و پیاوانیان دەکوشت و ژنانیشیان بەدیلی دەبردو دەستدرێژی دەکرایە سەریان و وەک کاڵا لەبازاڕی هەڕڕاج و سیکسدا کڕین و فرۆشنیان پێوە دەکرا.

ئەم دۆخە خراپە کاریگەری لەسەر یەکەکانی ڕێکخستنی کۆمەڵگەی ئاسایی دەکردو کردوە. خێزان بەگوێرەی ئەوەی یەکەی ڕێکخستنی کۆمەڵگەیەو دایک ژن پێگەی گرنگی بەڕێوەبەری و پەروەردەی تێدا هەیە، لەم کاریگەریە خۆپارێزیە کەنارگیرە دابڕاو نیە.

فشارەکانی سەردەمی نوێی دەوڵەت نەتەوە لەسەدەکانی ۱۹ـ۲٠ و۲۱دا بە ئاستێک کوشندەو قڕکەربوون، کە کۆمەڵکوژی و جینۆسایدی نەتەوەیی، ڕەگەزی و ژینگەیی لەگەڵ خۆیدا هێناوەو بەوەش لەسەر کەسێتی کورد کاریگەری زۆر نەرێنی کردوە. سیاسەتی ئینکارو بێ ناسنامە هێشتنەوەی کوردان و جێگە پێنەدانی لەسیستەمی سیاسی جیهانیدا، وای کردوە بەئاسانی سیاسەتی قڕکردن و کۆمەڵکوژی سەرکوردان بەڕێوەبچێت و کەسیش دەنگی لێوەدەرنەیەت. (کیمیا بارانی هەڵەبجە، ئەنفال، کوشتاری دەرسیم، کیمیابارانی تونێلەکانی شەڕ، بەکارهێنانی چەکی تەرمۆباریک و ئەتۆمی تاکتیکی، نیشاندەری ئەو بێدەنگی و کوشتاری قڕکردنەیە). ئەوبێدەنگی وهێرشە کوشندانەش کاریگەری لەسەر دایک و چۆنیەتی پەروەردەو پاراستنی ڕۆڵەو جگەرگۆشەکانی کردوە.

لەتێکۆشانی گەلی کورددا، بەزۆری پیاوان خاوەن ڕۆڵی بەشداری و ڕوبەڕوبوەوەی مەرگ بوون. سیستەمی ئایینی و پیاوسالاری زۆرترین ڕۆڵی بەپیاوان داوە. بۆیە زۆرترینی مەرگەساتەکان بۆسەر پیاوان بوەو ناسۆرەکەی بۆ ژن دایک و منداڵان بەجێماوە. ئەو سیستەمە خێڵەکی، ئایینی، پیاوسالاریە زیاتر پاراستنی سەرۆک خێڵەکان و ئاغاو بەگلەرو بنەماڵە دەستڕۆیشتوەکانی کردوەو لە شەڕو ڕاپەڕین و کاردانەوەکاندا کەسەرکردایەتیان کردوە، پارێزراوبوون. ئەوەی بوەتە سوتەمەنی چین و توێژە هەژارو ڕەش و ڕووتەکانی خواروی کۆمەڵگەبوون. ئەمەش جارێکی تر کاریگەری نەرێنی کردوەتە سەر مەرگەساتەکانی کۆمەڵگەی کوردی و جارێکی تر بەرهەمهێنەرەوەی پاراستنی خۆپارێزانە.

جەرگ سوتان، کە چەمکێکی پڕ لەئازاری دایک باوکی کوردە، کەلە ئەنجامی لەدەستدانی ڕۆڵەکانیاندا دروستبوەو بوەتە چەمکێکی پڕ ئازاراوی خێزان و کۆمەڵگەی کوردی. هۆکارەکەی ناکامی، پارێزراوی بنەماڵەو خێڵە دەستڕۆیشتوەکان و ملکەچەکانی کوردان و بەقوربانی کردنی ڕۆڵە ڕەش و ڕوتەکانی کوردانە. ئەم ناکامیانە لەسەر کەسێتی ژن دایک کاریگەری زۆری کردوە.() ولە پەروەردە و بەڕێوەبەری خێزاندا بەقوڵی ڕۆچوەو بۆ پاراستنی ڕۆڵەکانیان لەژێر ناوی جگەرگۆشەدا، وەک مریشک لەهەوڵی ژێرباڵ نانی ڕۆڵەکانیدایە. بۆیە ئەم پەروەردە پاسیڤە کاریگەری لەهێنانە دەرەوەی تێکۆشانێکی پێکەوەی و هەرەوەزی و هاوبەشیدا کردوەو بەقازانجی بەرژەوەندیەکانی دوژمنان و داگیرکەراندا شکاوەتەوە. بەو سیفەتەی دایک خاوەن ڕۆڵی کاریگەرە لەپەروەردەی خێزان و کۆمەڵگەدا، کاریگەریەکەشی لەسەر ئاستی تێکۆشان دیارو بەرچاوە.

لێرەوە پێویست دەکات چاوێکی ڕەخنەگرانە لەسەر تێکۆشان و پەروەردەی دایک ژن بخشێنینەوەو لەو ناکامیانەی کە تێکۆشانی کلاسیکی خێڵەکی، ئایینی، پیاوسالارانەی کورد بەرهەمی هێناوە خۆ جیابکەینەوە. حکومەتی هەرێم پارت و هێزە سیاسیەکانی کوردی کلاسیک بۆخۆشیان بارێکی قورس و بەرهەمهێنەری شکاندنی ئەو هیوایانەو هاوکاری گەیاندنی کۆمەڵگە، خێزان و ژن دایک بوون بەم دۆخە پڕئازارە. ئەو شەڕەی خۆسوتاندن، سوتاندن، کوشتن و بەکاڵاکردنی لەم هەرێمەدا لەدەوری ژن پێشدەخرێت، ترسی ئەم سیستەمە دەسەڵات، خێڵەکی، ئایینی پیاوسالارەیە، لەبەروپێشچونەکانی ژنی ئازاد!.

تێکۆشانی ئازادی کوردان، بەڕەخنەگرتن لەم دۆخە کەوتویی و خراپەی دایک ژن و پەروەردەکەی و لێدان لە چەمکی کوردایەتی کلاسیک پیاوسالار، تێکۆشانێکی نوێی سەر ڕێخستوە، کەئیتر دایک ژن نەک پاراستنی پاسیڤ و لەژێرباڵ نانی ڕۆڵەکانی بەڵکو خۆی ئێستە بەشدارو پێشەنگ و هاندەری تێکۆشانێکە، کەقورسایی تێکۆشانی لەکۆڵ ناوەو پەروەردەو هاندەرێکی گەورەو گرانەو بەوهۆیەوە خۆی لەژێر هێرش و فشارو گوشارو لێدان و زیندانی کردندایە. خۆی ڕۆڵەکانی هان دەدات بۆ شۆڕش و بەشداری وبەدەنگی بەرز دەڵێت “ژن، ژیان، ئازادی” و دەڵێت ” لەشایی پەنگاوەتدا هەلهەلەلێ دەدەم” بەوە دڵی دوژمنانی تەقاندوەو ترساندوە.

دایک ژن شوێنگەی گرنگی لە پەروەردەی خێزان و ئاواکردنی کەسێتی ڕۆڵەکانی و ئاراستەکردنیدا هەیە. بۆیە کاریگەری پەروەردەی شۆڕشگێڕی وای کردوە لەسەر ئاستی بەشداریە جیاوازەکانی تێکۆشان وشۆڕش بەمەزنی بەرەوپێشچون دروست ببێت و تێکۆشانی ئازادی کوردان لەدەست بنەماڵە خێڵ و کەسایەتیە بەکارهێنراوەکان بسەنرێتەوەو بخرێتە دەست دایک ژن و پێشەنگیەکەی و کاریگەریەکەی بەجیهاندا بڵاو ببێتەوەو، لەسەر پێگەو ناسنامەی نەتەوەیی کوردانیش لەسیستەمی جیهانیدا بیگەیەنێتە ئاستی لێپرسینەوە، هێنانە زمان و گفتوگۆ.

پێگەی تێکۆشانی ژنی ئازاد، پێگەی تێکۆشانی گەلی کوردو ئازادی کۆمەڵگە دیاری دەکات. بەبێ ژنی ئازاد سیاسەتی کلاسیکی کوردایەتی خێڵەکی پیاوسالار بێکاریگەر ناکرێت. بۆیە ” ژن دایکی ئازاد” نەخشێنەری سەرکەوتنی کوردو ژنی ئازادە لەسەدەی ۲۱ەکدا.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

ئەمەش ببینە
Close
Back to top button