گۆشه‌ی ئازاد

کوردو تورکیا لە هاوکێشە سیاسییەکانی ئەمەریکادا..

دارا مەحمود

 

راگەیاندنی بوجەی ٢٠١٩ی ئەمەریکاو تەرخانکردنی بڕی ٥٥٠ملیۆن دۆلار، وەک یارمەتی و هاوکاریی بۆهێزەکانی سوریای دیموکرات، هەروه‌ها تەرخانکردنی ٢٠٠ملیۆن دۆلاریی تر بۆ پێڕاگەیشتنی ناوچە ئازادکراوەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات، جارێکی تر هەمووانی سەرسام کردو  گەلێک پرسیارو شڕۆڤەی بەدوای خۆیدا هێنا. بەرلەهەر شت ئەو پرسیارە کە بۆچی ئەمەریکا، لەنێوان تورکیا، کە کۆنەهەڤاڵبەندو ئەندامی ناتۆ وپاڵێوراوی یەکیەتی ئەوروپایە لەلایەک و کوردوهاوپەیمانە نێوخۆییەکانی کەهێزێکی نوێی نادەوڵەتییە، لەلایەکی تر، ئەمەی دوایی هەڵبژاردووە..؟ ئەمە لەکاتێکدا کە دوابەدوای هێرشی داگیرکارانەی تورکیا بۆسەر عەفرین و هەڵوێستی ناجوامێرانەو نائەخلاقیانەی روسیاو بێدەنگیی ئەمەریکا، ئەو باوەڕەی لای گەلێکان درووستکرد، کەکوردان دیسان بەتەنێ مانەوە، دەبێ خۆیان ئامادەی تراژیدیایەکی نوێتر بکەنەوە.

بێگومان تەواوی ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی سیاسیی و ڕاگەیاندنەکانی جیهان.. کەوتنە شڕۆڤەی ئەم بڕیارەی ئەمەریکا. گەلێکان بەتایبەتی روسیا و هەڤاڵبەندەکانی، هەرا ناسیۆنالیزم ونەتەوەپەرستانی عەرەب وتورک.. رواڵەتی کارەکە سەرنجی راکێشان و وایان لێکدایەوە کە ئەمە بەمەبەستی پارچەکردنی سوریا و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆیە بۆکوردان. کە لەمەدا بەهەڵەداچوون. نزیک بەهەمووانیش، باسی ئامانجێکی تری ئەمەریکایان کرد، کە بریتییە لەپێشگرتنی هەژموونگەرایی و فراوانخوازی کۆماری ئیسلامی ئێران، بێگومان وەها شڕۆڤەیەک راستییەکی حاشاهەڵنەگرە. بەڵام، دیسان نزیک بەهەمووان، ئامانجێکی گەورەتری دیکەی ئەمەریکایان لەبەرچاواندا دەربازنەکرد کە بریتییە لەپێشگرتنی هەژموونگەرایی تورکیا.

بە پشتبەستن بەم بڕیارە واپێدەچێت کە ئەمەریکا خاوەنی پرۆژەیەکی تۆکمەی خۆیەتی بۆ ئایندەی سوریا وناوچەکە کە بەگشتیی ئێمە وردەکارییەکانی نازانین. بەڵام دەکرێ وپێویستە، هێڵە گشتییەکانی ئەم پرۆژەیە بەتایبەتی ئەوبەشەی پەیوەبدیی بەبەرژەوەندییەکانی ئێمەشەوە هەیە، ببینینەوە کە یەکێک لە خەسڵەتەکانی ئەمەیە، فرە ئامانج و فرە رەهەندە. و ئەوەی لێرەدا وبۆئەم باسە کورتە گرنگە، چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ تورکیایە لەناو ئەم پرۆژەیەدا. کە بریتییە لەرکێفکردن و پێشگرتنی. بەڵام جێگای خۆیەتی وەڵامی ئەم پرسیارانەش بدەینەوە کە تورکیا چی کردووە کە شیاوی ڕکێفکردن بێت لەلایەن ئەمەریکاوە و ئەمەریکاو خۆرئاوا بۆچی وەها هەڵوێستێکیان لەهەمبەر تورکیادا گرتۆتەبەر کە هەرگیز پێشتر نەبینراوە؟ چ خواستێکیان لەتورکیا هەیە؟ کەدەکرێ لەم چەند خاڵانەی خوارەوەدا وەڵامیان بدەینەوە:

١- تورکیا خاوەنی پرۆژەیەکە کە ئامانجەکەی گۆڕینێکی گەورەی پارسەنگی هێزە بەسوودی خۆی لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەجۆرێک کە ئەگەر بواری پیادەکردنی بۆ هەڵکەوێت، نەک هەر بەرژەوەندی وڵاتانی هەرێمی وجیهانی رووبەڕووی مەترسی دەکاتەوە، بەڵکو دەرگا بەڕووی جەنگ و وێرانییەکی گەورەشدا دەخاتە سەر پشت.

٢- پرۆژەی تورکیا وەک سیماکانی لای هەمووان دیارە، تەنیا دژی کورد ودەستکەوتەکانی نییە، بەڵکو کورد بەهانە و خاڵی لاوازی سیاسەتی نێودەوڵەتییە، کە هێشتا بزووتنەوە ئازادیخوازییەکەی لە ژێرناوی پەکەکەدا لەناو لیستی تێرۆردا هێشتۆتەوە. ڕاستییەکەی فراوانخوازییەکی بێسنوورە، کە پایەگا سەربازیی و جاسووسییەکانی تورکیا، سەرەڕای سوریا، لە وڵاتانی وەک، قبرس، قەتەر، باشووری کوردستان، لیبیا، سۆمال، سودان… تەنیا نیشانەیەکی ئەم راستییەن.

٣- ئیتر لای هیچکەس شاراوە نییە، کە تورکیا تەواوی پاشماوەی داعش و نوسرە وگروپە تێرۆریستییەکانی تری لەژێر باڵی خۆیدا شاردۆتەوە ودەخوازێت بە ناو وناسنامەی ساختەی تر وەگەڕیان بخاتەوە. نێوەندەکانی بڕیار، لەئەوروپاو ئەمەریکا زۆر بەباشی ئاگادارن کە تورکیا هەر لەسەرەتاوە بەشێوازی شاراوە، یان نیوە ئاشکرا، هاوکاریی گروپە تيرۆریستییەکانی وەک داعش و نوسرەی کردووە و شکەستی داعش لە عێراق وسوریا، پەکی پرۆژەکەی تورکیای خست و دەخوازێت جارێکی تر، بەگەڕی بخاتەوە.

٤- تورکیا لەدەرەوەی پرەنسیپەکانی ناتۆ هەڵسوکەوت دەکات، بەگشتی لەپرسی هەڤاڵبەیندیدا، تەنیا یەک دیو، ویەک لایەنی بەرژەوەندی دەبینێت کە خۆیەتی و دەخوازێت، هەرکات خواستی بەفیکەیەک ناتۆ بخاتە ناوگێژاوی شەڕو هێندە لەمێژ نییە، کەدوابەدوای خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی روسیا چەند ساڵ پێش، دەیویست ناتۆ بکاتە بەڵاگەردانی خۆی، کەچی ئێستا ناتۆ، وئەمەریکاو خۆرئاوا بە روسیا دەترسێنێت. دووفاقەیی و دووڕووییەکی وەها، نامۆ ونائاساییە و بواری دەربازبوونی پێنادرێت.

 ٥- ئەردۆگان وادەزانێت سیاسەتی نێودەوڵەتی کێشەی سادەی نێوان دووکەسە، رۆژێک بە قسەی خۆش ودەمچەورکردن، ورۆژێکی تر بەهەڕەشەو چاوسوورکردنەوە کارەکانی خۆی تێپەڕێنێت. جارێک لەعەرەبستانی سعودیەوە رایدەگەیەنێت کە ئێران هەڕەشەیە بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، و جارێکی تریش لەتارانەوە رایدەگەیەنێت، کە ئێران وتورکیا خاوەن بەرژەوەندیی ستراتیژیکی هاوبەشن. هەروا لەمۆسکۆوە رایدەگەیەنێت کە کێشەیەکی سەبارەت مانەوەی بەشارئەسەد نییە، و دەگەڕێتەوە ئەنقەرەش دەڵێت، کێشەی سوریا بەهەبوونی ئەسەد چارەسەر نابێت. دیسان جارێک ئەمەریکاو ئەوروپا بەدۆست وهاوپەیمان ناودەبات و رۆژی دواییش بەپشتیوانی تێرۆر تۆمەتباریان دەکات. بەگشتی تورکیا، بەتایبەتیش ئەردۆگان حسابێک لەسەر قسەکانی ناکرێت. و نەئەو دۆستەیە کە پشتی پێ ببەسترێت و نەئەو دوژمنەیە، کەبنەماکانی دوژمنایەتی بزانێ چییە!

لەم خاڵانەی سەرەوە بەم ئاکامە حەتمییە دەگەین کە ناکرێ ئەمەریکاو ئەوروپا تورکیا نەناسن. چونکە کەسێک راستیی تورکیای ئاکەپەیی نەبینێت یان هاوکارو هاودەستی گشت پۆخڵەواتەکانییەتی، یانیش لەڕووی سیاسییەوە کوێرە. کەڵەگایی و ملئەستووریی تورکیا یەکێک و دووان نییەو بەدوژمنایەتی کورد سنووردار نابێت. و لەهەرشوێنێکی دوور یان نزیکی جیهان بوارێکی هەژموونگەرایی بۆهەڵکەوێت وەک پۆلیسێکی دڕی بێشەرم، بەبێ لەبەرچاوگرتنی هەر ماف و یاسایەک، قامچی هەڕەشەو شەڕفرۆشی و دەستدرێژی ئامادەی لێدانە. کەدواتریین کارێکی چەقۆکێشانەی هەڕەشەکردن لەکۆمپانیا جیهانییەکانی گەڕان بەدوای گازی سروشتیی لە کەنارەکانی قوبرسدا و سکاڵای قبرس لای یەکیەتی ئەوروپا کە کەشتییە جەنگییەکانی تورکیا بەردەوام خەریكی هەڕەشە و رێگرتنن لە کاری کۆمپانیاکانی گەڕان ببەدوای گازی سروشتیدا.

تورکیا بەسیاسەتی فراوانخوازیی و شەڕەنگێزیی خۆی هیچ دەوڵەتێک نەماوەتەوە کەمەترسی بۆدرووستنەکات، و بەواتایەکی تر ئەو دەمامکەی کە ڕووخساریی ناشیرینی خۆی لەپشتیدا شاردبۆوە، درزێکی گەورەی تێکەوتووە وئیتر هەرکەس بەئاسانی دەتوانێت لەو درزەوە ڕووی ڕاستەقینەی ئەردۆگان وپڕۆژە ئیخوانییەکەی ببینێت. و نەک تەنیا ئەمەریکا وئەوروپا، بەڵکو دۆست و هاوپەیمانە تاکتیکیەکانیشی لەم راستییە گەیشتوون. هاوکاریی مرۆیی رژێمی سوریا بۆ عەفرین، و داخوازیی ئێران لە راگرتنی هێرشی داگیرکارانەی بەناو چڵەزەیتون، و نیگەرانی روسیا لەبەردەوامی ئەم پەلامارە داگیرکارییەدا ئەمە دەگەیەنێت، کە باش تێگەیشتوون، زمانشیرینی ئەردۆگان، رشانەوەی ژەهری بەدواوەیە. و عەفرین تەنیا سەرەتایەکە وئەگەر لەئێستاوە پێشی پێنەگیرێت، پاشەڕۆژ ناچاری پێدانی باجێکی هێجگار قورس دەبن.

تورکیا وادەزانێت ئەوەی لەگەڵ وڵاتێکی وەک قەتەر وسۆمال بۆی دەچێتەسەر لەگەڵ ئەمەریکا وئەوروپاش هەر بەهەما شێوازە، کەباڵادەستیی وقسەی کۆتایی لای خۆی بێت، وەها کاراکتەرێکی سیاسیی لای زلهێزێکی وەک ئەمەریکا شیاوی قبوڵکردن نییە. چونکە تورکیا بۆخۆی ئەرکی هەڤاڵبەندەکانی دیارییدەکات. کەدەبێ چی بکەن. بەڵام کاتێک باس دتە سەر ئەرکەکانی خۆی بەستانداردێکی تر دەجوڵێتەوە. رۆژ تا ئێوارە بەسەرسوڕمانەوە دەپرسێت کە چما جیهان بۆکوشتاری کوردانی تێرۆریست پشتیوانی تورکیا ناکات ، کەچی کاتێک باس دێتە سەر بزووتنەوەی حەماس، و بەرەی نووسرە وئەحرارولشام و ئەوانی تر، رووی بابەتەکە دەگۆڕێت. لەفەرهەنگی سیاسی تورکیادا شەڕڤانانی ئازادیی تێرۆرسستن و ئەوانەش بەهەموو پێوەرە جیهانییەکان تێرۆریستن، هەڤەڵبەند و موسوڵمانی ئیخوانی، و سوپای ئازادی سوریایین… و ئەمەریکا بەکوێرو گەوج ناوزەد دەکات چونکە گوایە نازانن و نابینن کە پەیەدەو یەپەگە هەمان درێژکراوەی پەکەکەن. بەڵام ئەو نازانێ کە کوێرو گەوجی ڕاستەقینە خۆیەتی، چونکە ئەمەریکاو خۆرئاوا بەگشتیی هەر لەسەرەتاوە باش زانیویانە کە پەکەکە رێکخراوێکی تێرۆریستی نییە و تەنیا لەبەر خاتری سەوداو مامەڵەی چەپەڵی سیاسیی وەها بڕیارێکی زاڵمانەیان دەرکردووە. بەڵام ئەو رۆژە هەردێت، خۆرئاوا بە بارانی حەقیقەت ئەم نەنگییە لەدیرۆکی سیاسیی خۆیدا بشواتەوە.

چاوشئۆغلوش رایدەگەیەنێت، کە پەیوەندی نێوان تورکیا وئەمەریکا، گەیشتۆتە خاڵی یەکلاکردنەوە. یان دەبێ چاکسازیی تێدا بەدیبێت، یانیش کۆتایی بێت. بێگومان دەشخوازێت کە چاکسازییەکە رووبدات، نەک کۆتایی پەیوەندییەکە. بەڵام ئەو چاوەڕوانە کە ئەمەریکا بەتەنێ ئەم چاکسازییە ئەنجام بدات. وەها دەوڵەتێک بێزارکەر و تەنیا مایەی دەردی سەریی و گێچەڵە.

ئەردۆگان، نەیاران ودژبەرانی خۆی، بەزللەی عوسمانی دەترسێنێت. ئەمەش نیشانەیەکی تری ناشیبوون و نائاشناییەتی بەسیاسەت ودیرۆک! چونکە ئەو تەنیا ئەو زللەو شەقانە دەبینێت کە عوسمانییەکانی باپیرەگەورەی وەشاندوویانە وئەوانە نابینێت کە بەریان کەوتووە. بەتایبەتیش ئەو زللەو شەقە گەورەی دیرۆک کەکۆتایی بە ئەفسانەکەیان هێنا.

ئەمە تورکیای ئاکەپەییە وئەمەش شەرڤانانی پەیڕەوی رێبازی ئۆجالان، کە سەرەڕەای قارەمانێتیی، راستگۆ، جێگای متمانە، بەپرەنسیپ، دیموکراتخواز، گەرەنتی ئارامیی و سەقامگیرییشن. وەفادار وپەیمانپەروەر، هەرکەس هەڤاڵبەندیان ببێت هیچ نادۆڕێنێت، و لەبەرانبەر تاکە گوڵێکدا، چەپکێکی دەستدەکەوێت. پەیڕەوانی ئۆجالان ئەو هەڤاڵبەندانەن کە جگە لەمافێکی سروشتی لەسەر خاکی خۆیان، ورێزگرتن لەو مافە شتێکی تریان لەکەس ناوێت. و لەهەلومەرجی سەختی شەڕدا بۆ هەمووانیان سەلماند، چ ئاشتیخوازێکن و چۆنیش لێهاتووانە، سیاسەت و دەسەڵات پەیڕەو بکەن. ئەوان چڵکاوخۆر نین، بەڵکو شەڕڤانانی ئازادیین و خاوەن پرۆژەی تۆکمەی بنیاتنانی ئایندەی خۆیانن. هەرکەس رێز لەم پرۆژەیە بگرێت، رێز وهاوکاری وەردەگرێتەوە.

لەبەرانبەردا، ئەردۆگان لە وڵاخێکی سەرشێت و سەرەڕۆ دەچیت کە هەوساری خۆی پساندووە و مەودای دیدی هێندە کورتە قەدی گزگلئاسای خۆی نابینێت وکاتێک دێتە سەر پاشووان وادەزانێت لەهەمووان بڵنترە و هەرشت وەبەر چەپۆکان دەدات. بەڵام وەها وڵاخێک یان دەبێ هەوسار بکرێتەوە، یانیش خوێڕی و بەرەڵا، بەدەردی خۆیەوە بتۆپێت.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Close
Close
%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: