گۆشه‌ی ئازاد

کورد و ئیسلام

ئومید ناسح جیهانی

 

کێشەی کورد کێشەیەکی ئاینی نییە، بەڵکو کێشەی نەتەوایەتیە، کێشەی خاکی داگیرکراو و مافی زەوتکراوە، کێشەی ڕەتکردنەوەی بوون و ناسنامە و ڕاستینەی خاوەن مێژووە. کێشەی کورد کێشەیەکی نەتەوەییە، کێشەی ئاینی نیە، کاتێک کێشەی کورد کراوە بە کێشەیەکی ئاینی ئەمە پیلانگێڕی رژێمه‌ داگیركاره‌كانه‌، تا لەو ڕێگەیەوە بە ناوی جیهادەوە ڕەوایەتی بە جینۆساید و بەردەوامی پڕۆسەی داگیرکاری و دابەشکاری کوردستان بدەن، ئەمە لە کاتێکدا هیچ دەق و یاسایەک ڕێگە بە جینۆسایدکردنی هیچ میللەتێک نادات، جەوهەری دین ئەمە ڕەتدەکاتەوە.

لە دوای هاتنی ئاینی ئیسلام و سەردەمی عەباسی و ئومەوی و عوسمانی و سەفەوی و دواتریش، بە تایبەتیش دوای جەنگی یەکەمی جیهان و دروستبوونی دەوڵەت – نەتەوە، دوو گروپی ئاینی و دژە ئاین لە ناو کورد دا سەریهەڵداوە، کە هەریەکەیان پاساویان بۆ ڕێگەکەیان هەیە، هەردووکیشیان زەبری کوشندەیان لە کێشەی کورد داوە، مەرجیش نییە ئەم دوو گروپە هەردووکیان لە چوارچێوەی پارت و ڕێکخراو و حیزبدا بن، واتا مەرج نیە چوارچێوە و پێکهاتەیەکی سیاسییان هەبێت. لەم کاتی داگیرکارییەی عەفرینیش لەلایەن تورکیاوە زیاتر ئەم بابەتە زەقکراوه‌تەوە و بۆشایی نێوان هەردوو گروپەکەش گەورەتر بووە، کە بە زیانی گەورەی نەتەوایەتی کورد و بە قازانجی داگیرکارانی كوردستان دەشکێتەوە.

 

گروپی یەکەم:

 ئەوەی ڕاستیەکی بەڵگە نەویستی مێژووییە ئەوەیە کە زۆربەی سەردار و سەرکردەی جوڵانەوە کوردییەکان لەدوای هاتنی ئیسلام تا حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو سەید و شێخ و مەلا بوونە، دوای جەنگی یەکەمی جیهانی و دواتر دابەش بوونی کوردستان جوڵانەوەی نەتەوەیی کوردیی بە بەرگی ئاینەوە پەرەی سەند، کە سەید و شێح و مەلا ڕابەرایەتیان دەکرد، لەوانە سەید ڕەزای دەرسیمی، شێخ سەعیدی پیران، شێخ مەحمودی حەفید، شێخ ئەحمەد بارزانی، مەلا مستەفای بارزانی، پێشەوا قازی محەمەد.  ( هۆکاری شکست و سەرنەکەوتن و ئەدای جوڵانەوەکان و حوکمدارییان ئەوە بابەتێکی دیکەیە کە باسی ئێمە نیە لەم نووسینەدا).

لە هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووش بزووتنەوە و جوڵانەوەی ئاینی بە تایبەتی لە باشوری کوردستان زیاتر بەرەو پێشەوە چوو، کە پشکی گەورەی لە شکست و سەرکەوتنەکاندا هەیە. بەڵام گەورەترین کێشەی ئەم گروپە ئەوەیە کە دەیەوێت کوردی خاوەن خاک و مێژوو لە بۆتەی عەرەبیی جزیرەی عەرەبیی و تورکیی ڕاکردووی خۆرهەڵاتی ئاسیا بۆ ئەنادۆڵ بتوێننەوە، پێی وایە داگیرکاری کوردستان ئیسعتمار و ئیمپریالیزمە، لە کاتێکدا لە هاتنی ئیسلام تا جەنگی یەکەمی جیهانی داگیرکاری کوردستان عەرەب و دواتر تورکی ئیسلامی بوون، دوای لۆزانیش تاکو ئێستا داگیرکاری کوردستان عەرەب و تورک و فارسیی سوننە و شیعەیی ئیسلامییە، ئەم گروپە بە ناوی ئیسلامەوە حوکمداری ئەوانی قبوڵە، بەڵام فەرمانڕەوایی و حوکمداری کوردیی بچوک دەکاتەوە لە فراوانخوازییەکانی دوژمن دا.  بۆ ئێستاش بە ناوی ئاینەوە سوڵتانیەتی ئەردۆغانیی قبوڵە بەڵام بەرخۆدان و تێکۆشانی خۆرئاوا بە پیلانی سەهیۆنی و ئەمریکی دەزانێت. هەروەها هەڵەیەکی دیکەی ئەم گروپە دژایەتیکردن و سوکایەتیکردنە بە ئاین و ئاینزاکانی دیکە، دەرکردنی فەتوای کوشتن و ڕاونانی گەورە ئەدیب و نوسەر و ڕوناکبیرەکانی کورده‌.

ئەم گروپە دینیە هەرگیز مێژوو و خەبات و تێکۆشانی گروپی نادینی بە بەشێک لە خۆی نازانێت، بەڵکو لە هەوڵی ئەوەشدایە مێژووشیان بشێوێنت، بە مێژووی کوفر لەقەڵەم بدات، لەکاتێکدا تێکۆشانی گروپی نادینی دەرفەتی گەورەی کارکردنی بۆ گروپی دینی ڕەخساندووە بە تایبەتی لە کۆتاییەکانی نەوەدەکانەوە تاکو ئێستا.

 

گروپی دووەم

لە چلەکانەوە گروپی ناسیۆنالیستی و شیوعیی و دواتر مارکس – لینین و دواتر عەلمانی لە کوردستان سەریهەڵداوە و پەرەی سەندووە، ئەوە ڕاستییەکی بەڵگە نەویستە ڕۆڵی گەورەشیان لە هەڵسانەوەی کورددا بینیوە سەرەڕای هەڵە گەورەکانیشیان، ئەم گروپە پێیان وایە ئیسلام هۆکاری جینۆساید و داگیرکاری کوردستانە بەو بەڵگەیەی دوژمنەکانمان ئیسلامن، تورک و عەرەب و فارس لە ژێر پەردەی ئیسلام دا پڕۆسەی داگیرکاری و جینۆسایدی کورد و کوردستانیان ئەنجامداوە.

گەورەترین هەڵەی ئەم گروپە ئەوەیە دژایەتیکردنی دوژمنیان گواستۆتەوە بۆ دژایەتیکردنی خەڵکەکە دیندارەکەی خۆیان، کە تێکۆشانیان لە پێناویاندا ئەنجامداوە، زۆرجار سوکایەتی گەورەیان به پیرۆزییەکان و قورئان و مزگەوت و شوێنە ئاینیەکانی دیکە کردووە، بە بیانووی دواکەوتووی کۆمەڵگه‌ و هۆکاری دەستی دوژمن، هەر لەبەر ئەمە نەیانتوانی ببنە شوێن باوەڕی تەواوی کۆمەڵگه‌ و پاڵپشتی تەواوی خەڵکە دیندارەکەشیان بە دەست نەهێنا، لە کاتێکدا دەیان توانی بە لێکۆڵینەوەی زانستی و ڕەخنە و کۆڕ و کۆنگرەی فراوان جەوهەری ئاین بۆ خەڵک و جوڵانەوەکەیان شرۆڤە و پڕاکتیک بکەن.

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەم گروپە مێژووی جوڵانەوە کوردییەکانی بیستەکان تا هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو بەشێک لە مێژووی خۆی دەزانێت، سەرەڕای ڕەخنە و تێبینیەکانیان لەسەر جوڵانەوە و شێوازی کار و حوکمکردنیان.  ئەمەش بەو مانایە نیە کە گروپی نادینی هێزی نەتەوەیی ڕاستەقینە بن، بەڵکو لە نێو هەردوو گروپەکەدا هێزگەلی زۆر هەن لە سەر هێڵی خیانەتن.

لەڕاستیدا هەر دوو گروپەکە، هەردوو ڕەوتەکە زەبری کوشندەی لە یەکێتی و یەکڕیزی و کێشەی کورد داوە، مامەڵە و بیرکردنەوەی گروپی یەکەم بەکۆیلەکردن و بچوککردنەوەی کوردە لە چاو میللەتە موسڵمانەکانی ناوچەکە، تێگەیشتنیان بەو جۆرەیە: ئیسلامەتی واتا ڕەتکردنەوەی نەتەوەیی بوون، بوونە بەشێک و توانەوە لە ناو ئوممەی ئیسلامی دەسەڵاتداری تورک و عەرەبی سوننە یان فارس و عەرەبیی شیعه، گرێدراوی و کرێگرتەی ئەوانەی بانگەشەی سوڵتانیەت و خەلافەت دەکەن، ڕەتکردنەوەی حوکمداری و دەوڵەتداری و فەرمانڕەوای کوردیی، ڕەوایەتی دەدەن بە جینۆسایدکردن و داگیرکردنی وڵات لەلایەن ئەوانەوە کە بانگەشەی ئیخوانی و میانڕەوی و ئوممەی ئیسلامیی دەکەن، بەڵام بەرخودان و شۆڕشی کورد ڕەتدەکەنەوە، کە تێکۆشان دەکەن لە پێناو کۆتایهێنان بە جینۆساید و ئیتنۆساید و داگیرکاری.

گروپی دووەمیش بە هۆی ئەوەی دژایەتی ئاینەکانی کۆمەڵگه‌یان کردووە زەبریان لە کێشەی کورد داوە، کە نەیانتوانیوە ببنە جێگەی باوەڕی زۆرینەی کۆمەڵگه‌ لە کاتی تێکۆشان و خەباتی چەکداری و فیکری و ڕۆشنبیریان، کاتێک خەبات دەکرێت لە پێناو خەڵکی چەوساوە و داگیرکراو و چینی ناوەڕاست و هەژاری دینداردا دەکرێت، کە دەبنە داینەمۆ و پێکهاتەی سەرەکی و گەورەی خەباتەکە، بەڵام کە سوکایەتی بە باوەڕ و پیرۆزییەکانیان بکرێت چۆن دەبنە بەشێک لەو تێکۆشانە.  چۆن بەرگری لە جوڵانەوە و فیکرەیەک دەکەن کە پیرۆزییەکانیان هەڕاج بکات، دەستدرێژی بکاتە سەر باوەڕیان، کە زۆرجار تێکۆشەران و خەباتگێڕان سوکایەتی گەورەیان بە سمبول و ڕموزە ئاینیەکان کردووە، لە سەردەمە جیاوازەکاندا.  ئەمەش بە درێژایی سەردەمی ئاینەکان لە کوردستان بە تایبەتی سەردەمی ئیسلام تاکو ئێستا دەرفەت بووە بۆ دوژمنانی کورد بێنە ناو ئەو بۆشاییەی لە نێوان شۆڕشگێڕان و کۆمەڵگه‌دا دروست ببووە و دەبێت، تاکو لەو ڕێگەیەوە درێژە بە داگیرکاری و هەموو جۆرە جینۆساید و ئیتنۆسایدێک بدەن بە ناوی ئاینەوە.

لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بە خاڵێک بدەم. بەشێکی هێزە دینییەکانی باشوور بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پاڵپشتی داگیرکاری تورکیا دەکەن بۆ سەر عەفرین، لەگەڵ کۆیلایەتی و ژێردەستەیی تورکدان، بە پاساو و بیانووی ئەوەی هێزی بەرخودانی خۆرئاوا لادینن، ئەمە لە کاتێکدا ئەو ئەردۆغانەی ئەوان بە کاریزماترین سەرکردەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیان دەزانی، بە کاریزمای ڕزگاری ئیسلامیان دەزانی، ئێستا بانگەشەی جیهاد دژی عەفرینی خاوەن ڕاستی دەکات، لەکاتێکدا ئەو هێزەی خۆرئاوا هێزی لە فەلسەفەی عەبدوڵڵا ئۆجالانیی وەرگرتووە، کە لە سەر پێشنیاری ئەو لەم ساڵانەدا کۆنگرەی دیموکراتی ئیسلامی لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان بەسترا، تا جەوهەری دین بۆ شۆڕش و تێکۆشان و کۆمەڵگه‌ بگەڕێتەوە، دین لەدەستی ئەو هێزانە دەربهێنرێت کە بۆ کاولکاری و جینۆساید بەکاریدێنن.

لە کۆتاییدا دەڵێن ناکرێت بە ناوی ئاینیەوە دژایەتی بەرخۆدانی عەفرین بکرێت و ڕەوایەتی بە داگیرکاری تورکیا بدرێت، کە لە کاتێکدا تورک جینۆسایدی کورد دەکات نەک جینۆسایدی کوردی نادینی، لە کاتێکدا دینی و نادینی هەر کوردن، بە چ شەریعەتێک ئەوان پاک و فریشتە و نوێنەری خودان! هەروەها ناکرێت بە هۆی دژایەتی تورکیاشەوە دژایەتی دینداری خەڵک بکرێت لە ناوخۆی کوردستان، کە خەڵکی موسڵمانی کورد هیچ بەرپرس نین لە داگیرکاری دوژمن دا، بەڵکو دەبێت دین بکرێتە فاکتەری بەهێزی پێکەوە ژیان و یەکێتی نەتەوەیمان.  چونکە جەوهەری هەموو دینەکان یەکسانی و پێکەوەژیان و دادپەروەری و ژیان دۆستی و بنیاتنانی شارستانیەتە، کێشەی ئێمە کێشەی نەتەوەییە نەک کێشەی ئاینی، هەرگیز نابێت ڕێگە بە حوکمکردنی بێگانە بدەین بەسەر کوردەوە بە ناوی ئاین و بە گەورە زانین، و تورک و عەرەبیی خاوەن فەزڵ!. بەڵکو پێویسته‌ ئاینەکان بکرێتە بنەمای ئاشتی و سەرکەوتنی گەلی کوردی جینۆسایدکراوی دەستی میللەتانی ئیسلامیی. لە ناوخۆشدا پێویستە ئازادیی ئاینی بۆ پەیڕەوانی هەموو ئاینەکان فەراهەم بکرێت، بێ ئەوەی هیچ ئاینێک ڕەها بکرێت بەسەر ئاین و ئاینزاکانی دیکەدا.  پاڵپشتی شۆڕش و بەرخۆدانی نەتەوەیی بین هەڵگری هەر فیکر و ئایدیایەک بێت، چاودێر و ڕەخنەگری ڕەفتارەکانیشیان بین بۆ ئاواکردنی سیستمێکی دیموکراتی و بە دیهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئازادیی ئاینی و سیاسی و ئازادیی تاک.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Close
Close
%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: