وتووێژ

سالار باسیره‌: دیموکراسیه‌ت ته‌نیا ڕووکه‌شه‌ و ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیش به‌واتا هاوچه‌رخه‌که‌ی به‌دی ناکرێت.

سازدانی: ئازادیی كۆمه‌ڵگه‌

 

 

پرۆفیسۆر دكتۆر سالار باسیره‌، له‌ دیداریكی تایبه‌تدا بۆ گۆڤاری ئازادیی كۆمه‌ڵگه‌ باس له‌ ره‌وشی ئۆپۆزسیۆن و بوون به‌ ئۆپۆزسیۆن ده‌كات و ده‌ڵێت:" ئه‌گه‌ر بڕوانینه‌ ڕۆژئاوا و باکووری کوردستان ده‌بینین له‌ ڕووی پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ جیاوازیه‌کی ئه‌وتۆی له‌گه‌ل باشووردا نیه‌، به‌ڵام چونکه‌ خاوه‌ن حیزب و هێزی سیاسی خاوه‌ن فیکرو ئیراده‌و به‌رنامه‌ن هه‌ربۆیه‌ توانراوه‌ ببنه‌ ئۆپۆزیسیۆنێکی بوێرو خاوه‌ن ئیراده‌و گه‌له‌که‌شیان به‌و جۆره‌ گۆشبکه‌ن".

هه‌روه‌ها ده‌شڵێت:" ئه‌وانه‌ی خۆیان به‌ ئۆپۆزیسیۆنێکی ڕاسته‌قینه‌و ڕادیکال ده‌زانن له‌ هه‌رێم هێشتا لاوازن و نه‌یانتوانیوه‌ ببنه‌ خاوه‌ن مۆدێلێکی وه‌ک شۆڕشی ڕۆژاڤا یان باکووری کوردستان".

 

ده‌قی دیداره‌كه‌:

 

•       حیزبه‌ کوردیه‌کان تا ساڵى 2003 خۆیان وه‌ک ئۆپۆزسیۆن نیشانده‌دا به‌رانبه‌ر به‌ حوکمڕانى به‌عس، به‌ڵام دواتر خۆیان بوونه‌ دژه‌ ئۆپۆزیسیۆن و بوونه‌ شه‌ریکه‌ ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ به‌غدا! ئێستاش ده‌یانه‌وێت واخۆیان نیشانبده‌ن له‌ ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتن! پرسیار ئه‌وه‌یه‌ هۆکارى ئه‌مه‌ بۆچى ده‌گێڕنه‌وه‌؟

سالار باسیره‌: پارته‌ سیاسیه‌کانی باشووری کوردستان، تایبه‌تتر بڵێین یه‌کێتی و پارتی به‌ر له‌ 1991 خۆیان له‌ ئۆپۆزیسیۆندا بوون به‌رامبه‌ر به‌ ڕژێمی به‌عس. ئازادیی و دیموکراسیه‌ت و چاره‌نوسی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی گه‌له‌که‌یان کردبوه‌ دروشم، که‌چی به‌رده‌وام له‌ شه‌ڕی خوێناوی یه‌کتردا بوون. ئێسته‌ که‌ خۆیان ده‌سه‌ڵاتدارن ده‌بێت دڕندایه‌تی سه‌رده‌می به‌عسیان له‌بیربێت به‌رامبه‌ر به‌ ئۆپۆزیسیۆنی ئه‌و کاته‌ی خۆیان و پێشێل کردنی مافی هاوڵاتیان. ده‌بوو بزانن ئازادیی نرخی چه‌نده‌ گرانه‌. له‌ سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کان له‌ هه‌رێم هه‌ر که‌س و لایه‌نێک باسی له‌ ئۆپۆزیسیۆن بوون بکردایه‌ له‌لایه‌ن ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی ئێسته‌ی هه‌رێم به‌ خائین و سه‌ر به‌ڕژێمی به‌عس له‌قه‌ڵه‌م ده‌‌درا. هه‌رچه‌نده‌ زۆربه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی کورد له‌ باشوور له‌ حاڵه‌تی پۆپۆزیسیۆن بوندایه‌ به‌رامبه‌ر به‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی ئێستا. به‌ڵام هه‌روه‌ک چۆن ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هه‌یه‌ هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ ده‌بێت ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیش هه‌بێت. ئۆپۆزیسیۆن بوون بۆ هه‌رێم و باشووری کوردستان وه‌ک هه‌وا وایه‌ بۆ ژیان.

دوای ڕوخانی ڕژێمی به‌عس و تێکچوونی عێراق وه‌ک ده‌وڵه‌ت ده‌سه‌ڵاتی کوردیی له‌ کوردستان-عێراق ڕۆڵیان هه‌بوو له‌ دروستکردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراقی نوێ و به‌شداربوون له‌ نوسینه‌وه‌ی ده‌ستور، ئه‌و کاته‌ که‌ عێراق له‌ ڕووی ده‌ستوریشه‌وه‌ وه‌ک ده‌وڵه‌ت نه‌مابوو، کورد ده‌کرا هه‌نگاوی یه‌که‌می بنایه‌ بۆ بابه‌تی ده‌وڵه‌تی کوردیی، به‌ڵام له‌ بری ئه‌وه‌ بڕیاریان بۆ دروستکردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراقدا، به‌ڵام به‌هۆی لاواز کردنی خۆیان له‌سه‌ر ئاسته‌ سیاسیه‌کانیش نه‌یانتوانی ببنه‌ شه‌ریکه‌ ده‌سه‌ڵاتێکی ڕاسته‌قینه‌ له‌گه‌ل به‌غدا و په‌راوێز خران به‌ تایبه‌ت له‌و ساڵانه‌ی دواییدا به‌هۆی ده‌ستبه‌سه‌ردا گرتنی داهاتی نه‌وت و گومرگه‌کانه‌وه‌ بۆ نوخبه‌یه‌کی سیاسی دیاریکراو بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غداو به‌تایبه‌ت ئه‌نجامدانی ریفرا‌ندۆم کاریگه‌ری نه‌رێنی دروستکرد بۆ کورد، که‌ بووه‌ هۆی له‌ ده‌ستدانی 51%ی خاکی کوردستان و ده‌سه‌ڵاته‌که‌شی له‌و ناچانه‌و ئێسته‌ ده‌سه‌ڵاتی کوردیی له‌ هه‌ڵوێستی بێهیزیه‌وه‌ ڕووی کردۆته‌ به‌غدا، بێگومان ده‌بێت بوترێت که‌ چیتر ناتوانن شه‌ریکه‌ ده‌سه‌ڵات بن، هه‌میشه‌ هێز ڕاده‌ى شه‌راکه‌ت کردن له‌ ده‌سه‌ڵاتدا دیاری ده‌کات.

 

  • ده‌توانى بۆمان ڕونبکه‌نه‌وه‌ ئۆپۆزسیسۆن بوون چیه‌؟

سالار باسیره‌: ئۆپۆزیسیۆن واتای دژایه‌تی کردن یان به‌رهه‌ڵستکاری ده‌به‌خشێت و له‌واتا به‌ربڵاوه‌که‌یدا بریتیه‌ له‌ هه‌وڵ و کۆششی سه‌ندیکاو حیزبه‌کان یان ده‌سته‌و گروپ و که‌سان بۆ گه‌یشتن به‌ هه‌ندێ ئامانجی دژ به‌ ویست و خواستی ده‌سه‌ڵاتدارانی سیاسی، به‌ که‌ڵک وه‌رگرتن له‌ شێوازی ململانێی په‌ڕله‌مانیی یان هه‌ر شێوازێکی دیکه‌. ئاشکرایه‌ بوونى ئۆپۆزیسیۆن به‌واتا زانسته‌ سیاسیه‌که‌ی له‌ناو هه‌ر ده‌سه‌ڵات و سیسته‌مێکی سیاسیدا یه‌کێکه‌ له‌ پێوه‌ره‌کانى دیموکراسى. ئۆپۆزیسیۆن بریتیه‌ له‌ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ له‌نێوان دوو ئۆبجه‌کتدا که‌ جیاوازی هه‌بێت له‌ نێوانیانداو هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ که‌ ململانێ و پێشبرکێ دروستده‌کات. ئامانجی هه‌ر ئۆپۆزیسیۆنێکی سیاسی جا له‌ هه‌ر شوێن و ڕۆژگارێکدا بێت گه‌یشتنه‌ به‌ ده‌سه‌ڵات ئه‌وه‌ش بۆ جێبه‌جێ کردنی ئه‌و به‌رنامانه‌ی خۆی باوه‌ڕی پێیه‌تی. ده‌سه‌ڵات ئه‌گه‌ر فشار نه‌خرێته‌ سه‌ری بێ باکه‌و هیچ ناکات و نه‌بوونی کاردانه‌وه‌ به‌رامبه‌ری وه‌همی ئه‌وه‌ی بۆ دروستده‌کات که‌ ئه‌و له‌سه‌ر هه‌قه‌. ئۆپۆزیسیۆن پێویسته‌ ڕه‌خنه‌گریش بێت و کۆنترۆل و چاودێریی ده‌سه‌ڵات بکات و له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ هه‌ڵه‌کانی ده‌سه‌ڵات بۆخۆی به‌کار بهێنێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردندا زۆرترین ده‌نگ به‌ده‌ست بهێنێت بۆ مه‌به‌ستی گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌ڵات و جێبه‌جێ کردنی به‌رنامه‌کانی خۆی. حیزبی یان ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی ده‌بێت وه‌ک پێویستیه‌کی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی مێژویی دروست بێت گه‌رنا نه‌بوونی باشتره‌.

ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی به‌ پێچه‌وانه‌ی گروپی فشارو رێکخراوه‌ مه‌ده‌نیه‌کان له‌وه‌دایه‌ ده‌یه‌وێ وه‌ک رێکخراوێکی سیاسی بگاته‌ ده‌سه‌ڵات و پیاده‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بکات. تێگه‌یشتن له‌ چه‌مکی ئۆپۆزیسیۆن له‌ سیسته‌مێکه‌وه‌ بۆ یه‌کێکی دی جیاوازه‌، هه‌روه‌ک له‌ ڕه‌هه‌ندی زه‌مه‌نیشه‌وه‌ ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ جیاوازی به‌ خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت. شانبه‌شانی جیاوازی کاراکته‌ره‌ بنه‌ڕه‌تیه‌کانی کاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی هه‌یه‌ له‌وه‌ی که‌ ئۆپۆزیسیۆنێکی ڕاسته‌قینه‌و کاراو ته‌ندروست بێت یان نامۆو داخراو و په‌راوێز له‌ ئه‌ندێشه‌ی تاک و خواسته‌کانی کۆمه‌ڵ.

 

•       ئه‌زموونى ئۆپۆزیسیۆن شکستی هێناوه‌ له‌ باشووری کوردستان، هۆکارى ئه‌مه‌ بۆچى ده‌گێڕنه‌وه‌؟

سالار باسیره‌: بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ هۆکار زۆرن و ده‌بێت ڕوو بکه‌ینه‌ مێژووی سیاسی، شیکاریی لایه‌نی سیاسی، کۆمه‌ڵناسی و که‌لتوریی و فیکریشه‌وه‌… یه‌کێک له‌ کێشه‌کانی سیاسه‌ت و کۆمه‌ڵ بریتیه‌ له‌ دواکه‌وتویی که‌لتوری سیاسی بۆ به‌ها دیموکراتیه‌کان ته‌نانه‌ت له‌هه‌موو ناوچه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا (جگه‌ له‌ ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل تا ڕاده‌یه‌ک) دیموکراسیه‌ت ته‌نیا ڕوکه‌ش بووه‌ و ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیش به‌واتا هاوچه‌رخه‌که‌ی به‌دی ناکرێت. عه‌بدول ئیلاه به‌لقیز ئاماژه‌ به‌ چوار هۆکار ئه‌دات سه‌باره‌ت به‌ گه‌شه‌ نه‌کردنی ئۆپۆزیسیۆن له‌ جیهانی عه‌ره‌بی و ئیسلامیشدا که‌ بریتین له‌: شکستی سیاسی، دۆگمای فیکری، نامۆبوون به‌ گۆڕانکاریه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌و داخرانی رێکخراوه‌یی. له‌م کۆمه‌ڵگه‌یانه‌دا ده‌سه‌ڵاتداره‌ ته‌قلیدیه‌کان هه‌رگیز ئاماده‌ نه‌بوون ده‌ستبه‌رداری ده‌سه‌ڵات بن، ئه‌وه‌ش به‌زیان گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ ئۆپۆزیسیۆنیش. له‌به‌ر ڕۆشنایی دواکه‌وتویی کۆمه‌ڵ به‌گشتی و که‌لتوره‌ سیاسیه‌که‌ هه‌ربۆیه‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌کان له‌م وڵاتانه‌ ئۆپۆزیسیۆنێکی هاوچه‌رخ نین و هه‌موو به‌ ده‌سه‌ڵاتیشه‌وه‌ به‌رهه‌می واقعی کۆمه‌ڵگه‌که‌ی خۆیانن ئه‌وه‌ بۆ باشووری کوردستانیشه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بڕوانینه‌ ڕۆژئاواو باکووری کوردستان ده‌بینین له‌ ڕووی پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ جیاوازیه‌کی ئه‌و تۆی له‌گه‌ل باشووردا نیه‌، به‌ڵام چونکه‌ خاوه‌ن حیزب و هێزی سیاسی خاوه‌ن فیکرو ئیراده‌و به‌رنامه‌ن هه‌ربۆیه‌ توانراوه‌ ببنه‌ ئۆپۆزیسیۆنێکی بوێرو خاوه‌ن ئیراده‌و گه‌له‌که‌شیان به‌و جۆره‌ گۆشبکه‌ن.

بڕوانه‌ 17ی شوبات، هه‌رچه‌نده‌ به‌شێکی به‌رچاوی شه‌قامی له‌گه‌ڵدا بوو، به‌ڵام ئیراده‌یه‌کی پته‌وی نه‌بوو بتوانێت ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌رێم ڕوبه‌رووی داواکاریه‌کانی بکاته‌وه‌و پاکێجه‌که‌ی بکاته‌ واقعێکی سه‌پێندراو، بگره‌ له‌نێوان ئۆپۆزیسیۆنه‌ شه‌رمنه‌کان و ده‌سه‌ڵاتدا دۆستایه‌تی هه‌بووه‌. ده‌بێت لێره‌دا بڵێم ئۆپۆزیسیۆنێکی شه‌رمن هه‌یه‌و شه‌قامێکی توڕه‌و ناڕازییش هه‌یه‌ که‌ گوێی بۆ ناگیرێت. یان به‌رژه‌وه‌ندی ئۆپۆزیسیۆنه‌ فه‌رمیه‌ شه‌رمنه‌کان یان جێبه‌جێ کردنی خواسته‌کانی شه‌قام. به‌ قه‌ناعه‌تی من شۆڕش و بزوتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ریی بۆ گۆرینی ده‌سه‌ڵاتیکی بۆرژوای ناسیۆنالیستیی به‌ ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوای ناسیۆنالیستی و ئیسلامی خواسته‌ ڕاسته‌قینه‌کانی چینه‌ زه‌حمه‌تکێشه‌کان به‌ده‌ست ناهێنێت که‌ زۆرایه‌تی کۆمه‌ڵگه‌ پێک ده‌هێنن.

 

•       سروشتى هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێک ره‌نگدانه‌وه‌ى خۆى به‌سه‌ر ده‌رکه‌وتنى ئۆپۆزسیۆن هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ خۆیدا ئۆپۆزسیۆن مه‌حکوم به‌خۆی ده‌کات. پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئۆپۆزسیۆن چۆن ده‌توانێت خۆى له‌ کاردانه‌وه‌کانى ده‌سه‌ڵات بپارێزێت؟

سالار باسیره‌: پرسیاره‌که‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ خۆمان له‌به‌رده‌م چ جۆره‌ ده‌سه‌ڵاتێکدا ده‌بینینه‌وه‌، دیکتاتۆر یان دیموکرات که‌ بڕوای به‌ ئازادیی فیکرو بیروڕاری جیاوازو ده‌ستاوده‌ست کردنی ده‌سه‌ڵات هه‌بێت… له‌ ده‌سه‌ڵاتی دیکتاتۆر و تۆتالیتێردا ئۆپۆزیسیۆن خۆی ناچار ده‌بینێت چالاکیه‌کانی نهێنی ئه‌نجام بدات و میکانیزمی تر بگرێته‌ به‌ر بۆ ڕوبه‌روبونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات، به‌ڵام ده‌شکرێ ده‌سه‌ڵاتێکی ته‌ندروست فه‌رمانڕه‌وایی بکات و ئۆپۆزیسۆنێکی ناته‌ندروستیش هه‌بێت. کۆماری ڤایماری ئه‌لمانیا سیسته‌مێکی په‌ڕله‌مانی دیموکراتی بوو، حیزبی نازیش ئۆپۆزیسیۆن بوو. ئۆپۆزیسیۆنی نازی توانی سوود له‌ که‌شوهه‌وای دیموکراسی کۆماری ڤایمار وه‌رگرێت بۆ گه‌شه‌پێدان به‌خۆی و گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌ڵات. به‌ڵام جه‌ماوه‌رییش ده‌توانێت ڕۆڵی باش ببینێت بۆ پاراستنی ئۆپۆزیسیۆن و ببێته‌ کۆڵه‌که‌یه‌کی پارێزراو بۆی، وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ باکوور و ڕۆژئاڤای کوردستان ده‌یبینین.

 

•       بۆچى پرۆژه‌یه‌کى هاوبه‌شى دیموکراتى نیه‌ له‌ باشووری کوردستان؟ ئایا پێویستیه‌کانى چین؟

سالار باسیره‌: به‌رامبه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵاتێکی نادیموکرات له‌ باشوور، پێویستیی بوون به‌ پرۆژه‌ی دیموکراسی بۆته‌ پێویستیه‌کی سیاسیش. به‌ڵام جیاوازی ئایدیۆلۆژی و سیاسی و تاکڕه‌وی لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانی دژ، یان ڕه‌خنه‌گرانی ده‌سه‌ڵات ناکۆک و ناته‌بان له‌گه‌ڵ یه‌کترداو په‌یوه‌ندیه‌ ده‌ره‌کیه‌ تاکڕه‌ویه‌کانیان و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ که‌سیه‌کانیان له‌سه‌رو به‌رژه‌وه‌ندیه‌ گشتیه‌کان ڕۆڵی نه‌گه‌تیڤی خۆی بینیوه‌ له‌ دوور که‌وتنه‌وه‌ بۆ دروستبوونی پڕۆژه‌ی هاوبه‌ش. ته‌نانه‌ت به‌رامبه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی به‌غداش. شتێکیش نه‌بووه‌ ناوی بنرێت ستراتیژیی نه‌ته‌وه‌یی هاوبه‌ش. پرسیاره‌که‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ کێن ئه‌وانه‌ی بڕوایان به‌ دیموکراسیه‌ت یان به‌ پڕۆژه‌ی هاوبه‌شی دیموکراسی هه‌بێت له‌ باشوور؟ لێره‌دا ده‌بێت خوێندنه‌وه‌یه‌کی زانستیانه‌شمان هه‌بێت بۆ مه‌فهومی دیموکراسیه‌ت. به‌ته‌نها ئه‌وانه‌ی خۆیان به‌ ئۆپۆزیسیۆنێکی ڕاسته‌قینه‌و ڕادیکال ده‌زانن له‌ هه‌رێم هێشتا لاوازن و نه‌یانتوانیوه‌ ببنه‌ خاوه‌ن مۆدێلێکی وه‌ک شۆڕشی ڕۆژاڤا یان باکووری کوردستان که‌ خۆیان له‌ حیزبه‌ جه‌ماوه‌ریه‌کاندا ده‌بیننه‌وه‌ وه‌ک هه‌ده‌په‌و په‌یه‌ده‌.  

 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Close
Close
%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: