ڕاپۆرت

“كێشەی نان و ئابووریی بڕستی لە خەڵك بڕیووە”

ئا: ئاسۆ جەوهەر

 

شارەزایانی ئابووریی رایدەگەیەنن، شتێک نییە بە ناوی کێشەی بێکاریی و هەژاریی بەڵکو دروستدەکرێت. خەڵكی هەرێمی كوردستان-یش بە هۆی ئەوەی نەوت کراوە بە سەرچاوەی سەرەکی ئابووریی، توشی كێشە و نەهامەتی بوونە! ئەمەیش لەلایەن چەند بنەماڵەیەکەوە دەستی بەسەرداگیراوە.

 جەختیش دەکەنەوە: ئیدارەدانی ئابووریی وڵات لەسەر ئاستێکی زانسیی و پلاندرا و نییە، هەر ئابوورییەک بەڕێوە ببرێت ئەگەر پلانی نەبێت و زانستیی نەبێت، ئەوا قەیران بەدوای خۆیدا دێنێت! داهاتی نەوت بۆ بونیادنانی ئابووریی نەبووە؛ هەروەها ئەو خەرجییەی ئابووریی دەبووژێنێتەوە و دووری دەخاتەوە لە قەیران، ئەوەیە داهاتەکەی بەشی زۆری بۆ وەبەرهێنان خەرجبکرێت.

 

محه‌مه‌د هاودیانیی، وه‌زیری‌ كاروباری‌ كۆمه‌ڵایه‌تیی مانگی هه‌شتی 2017 رایگه‌یاند: رێژه‌ی‌ بێكاریی‌ له‌ هه‌رێمدا (15%)‌ و بگره‌ زیاتریشه‌. ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدایه‌ حکومەتی هەرێم رێژەیەکی کەمی لە هەژاریی راگەیاندوە، ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید، بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی له‌  پارلما‌نی عێراق، له‌مانگی 11ی 2017 له‌ كۆڕێكدا له‌سه‌ر بارودۆخی ئابووریی عێراق، وتی: له‌ ئێستادا هه‌رێمی كوردستان 22 تا 26 ملیار دۆلار قه‌رزداره‌، هاوكات به‌هۆی درێژه‌كێشانی‌ قه‌یرانی داراییه‌وه‌، ئاستی‌ هه‌ژاریی له‌ناو دانیشتووانی‌ هه‌رێم بۆ له‌ ٪18 به‌رزبووته‌وه‌.

26177964_246152185922324_1414354464_o
محه‌مه‌د حیكمه‌ت

محه‌مه‌د حیکمه‌ت، خوێندکاری کۆلێژی ئابووریی – زانکۆی سلێمانیی، شرۆڤەی بێکاریی دەکات و رایدەگەیەنێت:"لەدوای رێنیسانسی ئەوروپا، بێکاریی وەک نەخۆشییەکی زاڵکراو دەبێتە رۆژەڤ. بەبێ قۆناغی رێنیسانس لەنامۆیی زیاتر شتێک شک نابەین پێی بوترێ بێکاریی…! یەکێک لەسیماکانی سەرەتای ئەوروپای سەدەی شازدە، سەرەتای لەدایک بوونی مۆدێرنەیە. لەهەمان پێنگاڤدا لەناوک و هەناوی مۆدێرنەشدا، ئێمە ئاشنای دوو جۆر مۆدێرنەین: یەکەم، مۆدێرنەی مرۆڤایەتییە، مۆدێرنەی دووەمیش دژی مۆدێرنەی یەکەمە کە سەرمایەدارییە. واتە مۆدێرنەی ئایدیۆلۆژیی و مۆدێرنەی تەکنەلۆجیی. سەرمایەداریی بەهۆی خاوەنداریەتییەوە لەلایەن چینێکەوە، پانتاییەکی فراوانی کۆمەڵگە دەخاتە پەراوێزەوە. چینایەتیش هۆکارێکی کاریگەریی خولقاندنی بێکارییە، بەو دەلیلەی ژمارەیەکی زۆری کارکەر(هێز یان دەستی کار) کارتن بەدەست چینێکی باڵاترەوە! لەخاوەندارێتی دا."

محەمەد، ئاماژە بەوەیش دەکات و بەڵگەی ئەوە دەهێنێتەوە کە شتێک نییە بە ناوی بێکاریی و بەڵکو دیاردەیەکی ئارەزومەندانەی خولقێندراوە، بۆ ئازادیی کۆمەڵگە جەختیکردەوە: بۆناساندنی بێکاریی دەبێ بپرسین بێکاریی چییە؟ بەپێی داوەریی ئۆجالان دەگەین بەئەوەی ئەم گێژاوەی(بێکاریی) خولقێندراوە. ئۆجالان، بەواق وڕمانەوە دەڵێت "شتێک نییە بەناوی بێکاریی…!" پێیوایە بەچاوخشانێک بەئیدارەدان و یاسای ئاژەڵان، کاتێک  مێرولەیەک لەشارە مێرولەکەیدا نابینین بێکار ببێت، شایستەی سەرسوڕمانە باس لەشتێک بکرێ بەناوی بێکاریی (البطالە). بەواتەکی تر، بێکاریی خۆی لە وجود(بوون)دا نییە تا باس بکرێت. لەژێر رۆشنایی ئەم داوەرییەی ئۆجالاندا، ئێمە دەرک بەوە دەکەین، بێکاریی دیاردەیەکی ئارەزومەندانەی خولقێندراوە و گەمەو یارییەکی سیستم و هێزە پاوانخواز و ستەمکارەکانە."

وتیشی: بەگەڕانەوە بۆ مۆدێرنەی تەکنەلۆجیی، ئاشنای چەند سەرەداوێکی مانیفێست بوونی بێکاریی دەبین. مۆدێرنەی تەکنەلۆجیی، بەهۆی بەدەزگا و بەسیستم کردنی کارەوە، لەرێگەی راپەڕاندنی کار بەئامێر و داهێنراوە تەکنەلۆجییەکانەوە و نەبوونی بەدیل بۆهەڵسوڕاندنی دەستی کاری مرۆیی کە خۆی خزاندە کارگە و کەرتە ئابوورییەکان و تا ئاستی دامودەزگا حکومییەکان؛ ئەمەیش بووە بەهۆی بێکار بوونی بێ شوماری دەستی کارکەر. چیتر لە رێگەی ئامێرەوە کارەکان رایی دەکرا. واتە پێش ئەم قۆناغە کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازیی سەرەتایی هەبووە کە دەستێکی زۆری کار رێکخرا بوون تیایدا، بەوەی یەکێک لەسیماکانی هاتنی ئامێر، کەمکردنەوەی کرێ و دەستی کارە، لەپای کارپێکردنی ژمارەیەک کرێکار (خەرجی بەرهەمهێنان)، چیتر ئامێرێک جێگەی دەستی کاری چەند کرێکارێکی گرتەوە. ئەمەیش سەرەداوێکی سەرهەڵدانی بێکارییە لەئاستی جیهاندا.

 

ئەو خوێندکارەی زانکۆ، قسەلەوەیش دەکات یەکێکی تر لەقەضیيەکان، پرسی سێکتەرە ئابووریەکانە. پرسیاری ئەوەیش دەکات، ئایا کام ئاراستە لە سێکتەرە ئابوورییەکان،بێکاریی زەق دەکەنەوە؟ وتی: بەگەڕانەوە بۆ پەرتوکی ستەمکاریی "ئەلیکساندەر کۆژێف و لیۆ شتراوس" (وەرگێڕانی د.فاروق ڕەفیق) و کتێبی ستەمکاریی کەتوێژینەوەیە (نوسینی د.فاروق ڕەفیق) ، ئاشنای میتۆدی سیاسەتکردنی سیستمە ستەمکارەکان دەبین، لەدروستکردنی ژینگەیەک بە بێکارکردنی کۆمەڵگە، لەپێناو بەپاشکۆ کردنی هەرتاکێکی کۆمەڵگە و گرێدانی بەدەسەڵاتەوە. بەپێی ئەم خوێندنەوەیە بۆ ستەمکاریی، سیستمە ستەمکارەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەهۆی زۆری و پوختی داهاتی ئابووریی نەوتەوە، کەرتی نەوت زاڵ بووە بەسەر کەرتەکانی تری ئابوورییدا. واتە بەهۆی قازانجی زۆری کەرتی نەوتەوە بەشێکی زۆر لەقازانجی کەرتەکانی تر گواستراوەتەوە بۆ ئەم کەرتە، بەروویەکی تردا دەستێکی زۆری کار دەستیان لەکەرتی کشتوکاڵ هەڵگرتوە و بێکار ماونەتەوە، بەهۆی کەمبونەوەی قازانج لەکەرتی کشتوکاڵدا. لەهەمان کاتدا ئەم کەرتە بەسیاسیی کراوە کە بووە بەهۆی پەرەسەندنی چینێکی کەمینەی کۆمەڵایەتیی و پەراوێزخستنی پێگەی کۆمەڵگە لەئابوورییدا. لەکاتێکدا نەوت پشتی بەستووە بەئامێر، داهاتێکی پوخت لەزەمەنێکی کورتدا ئەدابەدەستەوە؛ ئەمە بووە بەهۆی زاڵ بوون یان زاڵکردنی کەرتەکانی تری ئابووریی. واتە حکومەت(کەمینەیەکی ستەمکاریی کۆمەڵایەتیی) دەوڵەمەند دەکات لەبەرامبەر خەڵکدا، ئەمەش لەفیکری ئابوورییدا ناسراوە بەنەخۆشیی هۆڵەندیی -نەخۆشیی هۆڵەندیی بەهۆی دۆزینەوەی نەوت و غازێکی زۆر لەدەریای باکوری هۆڵەندا، بووە هۆی بەرزبونەوەی بەهای دراوی هۆڵەندیی بۆ ئاستێک چیدی بەرهەمهێنانی تری جگە لەوزە هیچ سودێکی نەبوو لەئابووریی ناوخۆی وڵاتدا-. لەبەرئەوەی کەرتی نەوت دەستێکی کاری کەمی دەوێت، لەدەست چینێکی دیاریکراوی کۆمەڵایەتییدا قۆرغ کراوە، واتە بۆ پیکهاتەیەکی ناو پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانە، دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی کۆمەڵگەی چینایەتیی، گۆشکراو بەدەزگای مۆدێرنە. ئەمە هۆکار و دەرئەنجامێکی بەهێزی هێنانە بوونی بێکارییە بۆ کۆمەڵگە.

ناوبراو، ئەوەیش دەخاتەڕوو کە نەوت کەرتێکی قورغکراوە و هۆکار بووە بۆ لاوازبوونی کەرتی کشتوکاڵ، "راستییەکی ئەزمونکراو هەیە، ئەویش ئەوەیە کەرتی کشتوکاڵ ژینگەی بەهێز بوونی کۆمەڵگەیە لەبەرامبەر حکومەتدا -قۆرغکراو بەدەست کەمینەیەکی ستەمکاریی کۆمەڵایەتیی-. واتە لاوازبوونی کەرتی کشتوکاڵ و بەهێزبوونی کەرتی نەوت، کارتێکە بەدەست رژێمە ستەمگەرەکانەوە، وەک خەونێک کاری بۆدەکەن بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی پانتایی کۆمەڵگەیە. ئەمەش واتە دەسهەڵگرتنی زۆرینەیەکی کۆمەڵایەتیی (کەرتی کشتوکاڵ) بەپێی مەرامی کەمینەیەکی پاوانخواز و بەرخۆر بەسەر کەرتی نەوتەوە کە ئامانجیان بێکارکردن و بەستنەوەی ئەم زۆرینەیە بەدەسەڵاتەوە."

ئەو، لەوەش دەدوێت، سیستمە سیاسییەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ویستوویانە تەنها یەک سەرچاوەی ئابووریی هەبێت  و رایگەیاند: رژێمە ستەمکارەکانی شەرق، سەرکەوتوو بوون، لە بەیەک سەرچاوەکردنی ئابوورییدا، بەجۆرێک سەرجەم سێکتەرەکانی تر، پەراوێزخراون و کەرتی نەوت زاڵ کراوە! بەیەک سەرچاوەکردن یان بە ئابووریی کردنی نەوت، ئاماژە بەچەن راستییەک دەکات. یەکەم کەرتی نەوت دەستی کاری کەمی دەوێت، دووەم زۆربەی بەرهەمەکەی لەدەرەوە ساغ دەکرێتەوە، واتە هەلوبواری کار لە ناوخۆدا نەخولقێت، سێیەم وەک وتم نەخۆشیی هۆڵەندیی. لێرەدا بەئابووریی کردنی نەوت وەک تاکە سەرچاوە و بەسیاسیی کردنی ئەم کەرتە، لەپاڵ ئەوەی خەونی رژێمە ستەمکەرەکانە، لەهەمان کاتدا فەوتاندن و بەپاشکۆکردنی کۆمەڵگە و خەڵکە بەدەسەڵاتەوە، زۆرینەیەکی بێکار سەرهەڵئەدات وەک ئەوەی لە باشووری کوردستان (باکوری عێراق) دەیبینین. تا ئەوەی ئابووریی گشتیی بەرەو هەڵدێر دەبات. ئەمەش کە بەخەونی رژێمە ستەمکەرەکان مەیسەر بوو، خەڵک لەگوندەوە بەرەو شار کۆچ دەکات، بەمەش کۆمەڵگەیەکی بەرخۆ هاوشێوەی سعودیە و قەتەر بەرهەمدێت، لەپاڵ ئابوروییەکی کرێخۆریی -رەنتایەر بۆدەسەڵات (بەعەرەبی ئابووری رەیعی)، دەبێتە هۆی دیاردەی کۆچ و دەستهەڵگرتن لەکشتوکاڵ و پەنا هێنان بۆشار کە یەکێکی ترە لەئاسەوارە بەهێز و هۆکارەکانی تری بێکاریی لەوڵاتی جیهانی سێیەم(وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەفریقا و ئەمریکای لاتین)."

محەمەد، خوێندکاری کۆلیێژی ئابووریی- زانکۆی سلێمانیی، هێما بۆ کێشە ئابوورییەکانی تر دەکات و دەڵێت: یەکێکی تر لە کێشەکان، کێشەی بازاڕە، ئابووریی باشووری کوردستان کە خۆی زیاتر لەسیستمی سەرمایەداریی دەبینێتەوە، یاریکردنێک هەست پێدەکەین لەلایەن خاوەن کار و خاوەندارەکانەوە بەنرخ و هەلی کارەوە.  "سەمیر ئەمین" وەک تیۆریستێکی دژی سیستم. کەڕوکارێکی نێگەتیڤە دەرهەق بەسیستمی سەرمایە دەخاتەڕوو. سەمیرە ئەمین دەڵێ "شتێک بوونی نییە بەناوی بازاڕی ئازاد! ئەوەی هەیە قۆرغکارییە". لەژێر رۆشنایی ئەم دەلیلەدا، دەبینین بازاڕی باشوور قۆرغکراوە بەدەست کۆمەڵێ کۆمپانیا و خاوەن کار و رکابەر و دەسەڵاتکار. کاتێک نرخەکان بەرزدەبنەوە کە کارتێکە بەدەست ئەم قۆرغکاریی و پاوەنخوازیانەی سەروی بازاڕەوە، بەئارەزووی خۆیان دەستی کار کەم دەکەنەوە و کرێ کەم دەکەنەوە و سەعاتی کارکردن زیاد دەکەن. لەدۆخێکی لەم شێوەیەدا ژمارەیەکی زۆری دەستیکار بێکار دەمێننەوە کە قوربانیی دەستی ئەم کەمینە قۆرغکار و پاوانخوازەن کە بازاڕیان قۆرغکردوە. لەکاتێکدا دەتوانین بەشەرحێکی فۆکۆ بەجۆرێکی تر،لەهەمان بازاڕ بگەین. کاتێک فۆکۆ دەڵێت: حکوم کردن و بەڕێوەبردنی بەڕیوەبردن! واتە پیشاندان و رێبەرایەتی کردن. بۆ نموونە کاتێک کۆمەڵێک خەڵک کاردەکەن، ئەرکی حکومەت ئەوەیە ئەوکارە بەئاراستەیەکدا بەرێت. بەم مەفهومە ئەم بازاڕە روکارێکی تاڕادەیە ئەرێنی دەبێت کە ناچاری دەستی بۆببەین، لەکەم کردنەوەی قەیرانی بێکارییدا.

هەروەها نووسەر و مامۆستایەکی زانکۆ ئاماژە بەوە دەکات، لە هەرێمی کوردستاندا کێشە و قەیرانەکان زۆرن و ئەوەی لەهەمووی گرینگترە کێشەی نان و ئابوورییە.

26175428_246152182588991_291514136_n
عەزیز رەوف

عەزیز رەوف، نووسەر و مامۆستای زانکۆ، بە ئازادیی کۆمەڵەی راگەیاند: كێشەی ئێمە لە باشووری كوردستان كێشەی هەمەلایەنن، زیاد لە كێشەیەك و زیاد لە قەیرانێك ئامادەیە، بەڵام ئەوەی لە سەروو هەموو كێشەكانەوەیە و ناشاردرێتەوە مەسەلەی كێشەی نان و كێشەی ئابوورییە كە بڕستی لە خەڵك بڕیوە و تەواو خەڵكی كوردستانی توشی كێشە و نەهامەتی كردووە و هیچ ئاسۆیەكیش دیار نییە! لەسایەی ئەم جۆرە بەڕێوەبردنە خراپەوە بەرەو باشی بڕوات. كێشەی ئابووریی لە ئێستادا بنەڕەتیترین كێشەی دنیای ئێمەیە. دەسەڵاتی سیاسیی تەنانەت توانای نییە كارمەندەكانی خۆی خزمەت بكات، هەر بۆیە ناشاردرێتەوە كە كێشەی ئابووریی كێشەیەكی بنەڕەتیی و چارەنووس سازە.

عەزیز رەوف، قسە لەوەشدەکات: بێگومان كێشەی ئابووریی دروست دەكرێت. سەر زەمین بایی ئەوەندە پێداویستییەكانی مرۆڤی تێدایە كە بەشی هەمووان بكات، بەڵام خراپبەڕێوەبردن ئەو ئەركەی تەواو قورس كردووە و كردوەیتییە ئەركێكی تەواو زەحمەت.

ئەو مامۆستایەی زانکۆ، وتیشی: لە ئێستادا ئابووریی لە باشووری كوردستان، بریتییە لە ئابووریی نەوت. لە ئێستادا نەوت سەرچاوەی سەرەکیی ئابوورییە، لە هەرێمی كوردستان. ئەمەیش دەستبەسەرداگرتنی لەلایەن نوخبەی بنەماڵەکانەوە، وای كردووە داهاتی نەوت بە یەكسانیی بۆ خەڵك نەبێت و نەوت لەجیاتی نیعمەت بۆ خەڵك بووەتە لەعنەت و دەردەسەریی. پشتبەستن بە نەوت وای كردووە لە هەرێم كەرتەكانی تر فەرامۆش بكرێت. هەر بۆ نموونە هەرێمی كوردستان شوێنێكی تەواو گونجاوە بۆ كشتوكاڵ، بەڵام لەبەرئەوەی ئەم كەرتە بەتەواویی فەرامۆش كراوە و گرینگی پێ نەدراوە بۆیە كشتوكاڵ نەبووەتە ئەولەوییەت بۆ ئابووریی لە هەرێمی كوردستان. هەرێمی كوردستان بەهۆی دەسەڵاتی دوو بنەماڵەوە كراوەتە كۆمەڵگەیەكی بەرخۆر و موچەخۆر. بەشێكی زۆری ئەم موچەخۆرانە بندیوارن و هیچ كارێك ناكەن، ئەمەش وایكردووە كە ئابووریی و یەكسانیی ئابووریی لە وڵات تەواو پەكی بكەوێت.

ئەو نووسەرە، ئاماژەی بەو کێشەیەشکرد کە بەشێکی زۆری خەڵک موچەخۆری بێبەرهەمن لە هەرێمی کوردستان، ئەوەشی وت: هێزە كوردییەكان بۆ كڕینی وەلائی خەڵك ئابووریی بەكار دەهێنن! ئەمەیش تەواو دەستی هەیە لە داڕمانی ئەم كەرتە، وایكردووە كە خەڵكی كوردستان پابەند نەبن بە دەستیكار و هێز و بازوو بەكار نەهێنن لە پەیداكردنی بژێوی ژیانیان، بەشێكی زۆری خەڵكی كوردستان كراونەتە موچەخۆری بێبەرهەم لەم سیستمە داڕماوەدا. هەروەها لە كوردستان بۆ ئەوەی شتێكمان هەبێت بەناوی ئابووریی سەربەخۆ، لانی كەم پێویستمان بە گوڕینی عەقڵی سیاسیی ئەم نوخبە سیاسییانە هەیە كە ئەوەی نایزانن بەڕێوە بردنە، ئەوەی نایزان ئابووریی و سەربازییە. ئەم نوخبەیە بەتەواویی ئەزمەی ئابووریی دروست كردووە. گۆڕینی سیستمی حوكمڕانیی یەكسانە بە دروستكردنی فەزایەكی ئابووریی سەربەخۆ.

هەروەها پڕۆفیسۆری یاریدەدەر. د. یونس عەلی، زانکۆی سلێمانیی_ کۆلێژی کارگێڕیی و ئابووریی، بۆ ئازادیی کۆمەڵگە ئەوە دەخاتەڕوو لە رووی ئابوورییەوە کێشەکان ئەوەیە، "ئیدارەدانی ئابووریی وڵات لەسەر ئاستێکی زانسیی و پلاندراو نییە؛ هەر ئابوورییەک بەڕێوە ببرێت ئەگەر پلانی نەبێت و زانستیی نەبێت، ئەوا کۆمەڵێک قەیران بەدوای خۆیدا دێنێت! بۆ نموونە ئەگەر وردتری بکەینەوە، کاتێک دەڵێین پلانی نییە و زانستیی نییە، ئەوا دەبێت لە رووی داهات و خەرجییەوە تەماشای بکەین، ئەو داهات و خەرجییانەی دەستمان دەکەوێت دەبێت بە شێوەی زانستیی بێت. لە نێو ئەو فەقەرەیەشدا ئەگەر داهاتی هەموو سێکتەرەکان تەماشا بکەین، زۆرینەی هەرە زۆری لە نەوتەوە هاتووە، هەر وڵاتێکیش پشت بەیەک داهات ببەستێت ئەوا دوور یان نزیک تووشی داڕمان دەبێت، بەڵام ئەگەر سودی لە موشتەقاتەکانی نەوت و داهاتی نەوت وەردەگرتبێت یاخود بەو هۆیەوە کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازیی و بازرگانیی…هتد، بوژاندبێتەوە، ئەوا زەحمەتە تووشی داڕمانی ئابووریی ببێت. ئەوا لە هەرێمی کوردستان ئەمە نەکراوە، تەنها پشت بەستراوە بەیەک سەرچاوە کە نەوتە، داهاتی ئەم نەوتەیش بۆ بونیادنانی ئابووریی نەبووە، لە رووی خەرجییشەوە  تەماشا بکەین ئەو خەرجییەی ئابووریی دەبووژێنێتەوە و دووری دەخاتەوە لە قەیران و گرفتی بۆ دروست ناکات، ئەو جۆرە خەرجییەیە کە بەشێکی زۆری بۆ وەبەرهێنان بێت، بەڵام لە کوردستان بودجەکەمان پێش قەیرانەکەش تەقریبەن حەفتا بەسی بووە، زیاتر بۆ مووچە و ئەوانە بووە کە داهاتیان لێپەیدا نابێت! لە سەدا سی بۆ بواری وەبەر‌هێنان بووە، لە نێو سەدا سییەکەشدا گرفتەکە ئەوەیە بە شێوەیەکی هاوسەنگ دابەش نەبووە بەسەر هەموو سێکتەرەکاندا، هەتا هەموویان حیسەی خۆیان بەربکەوێت. سێکتەر هەیە وەک نیشتەجێبوون لەوەیە زۆرتری بەرکەوتبێت، بەڵام سێکتەری وەک کشتوکاڵ، پیشەسازیی و گەشتیاریی، کەمترین بودجەی بەرکەوتووە.

ئەو، لایوایە زۆر بەئاسانی دەتواندرێت کێشەی هەژاریی جارەسەر بکرێت و جەختیکردەوە: هەژاریی  رەبتی بە هەموو سێکتەرەکانەوە هەیە، زۆر بە ئاسانیی دەتواندرێت کێشەی هەژاریی بە پلانی کورت مەودا و درێژ مەودا چارەسەر بکرێت. ئەگەر هاتوو پلانی حکومەت زانستیی بوو بایەخی بە هەموو سێکتەرەکان یان بە هەموو ناوچەکاندا بە لادێ و شار و هەموو پارێزگاکانەوە؛ ئەگەر هاتوو حکومەتی هەرێم ئەمەی کرد، ئەوا خەڵک لە بری ئەوەی لە لادێوە بچێت بۆ شار ئەوا لە شارەوە دەگەڕێتەوە بۆ لادێ. ئەو کاتە لەکەسێکی بەکاربەرەوە دەبێت بە کەسێکی بەرهەم هێن و ئەو رێژە زۆرەی هەژاریی کە هەیە نامێنێت، بۆچی؟ لەبەرئەوەی خەڵکی لادێ کە زوتر لەوێ بووە ژیانێکی باشی هەبووە،   بەڵام بە ئومێدی ئەوەی رفائیەتی زیاتر و بەرەوپێشچونێکی زیاتر و منداڵەکانی لە نێو شار بخوێنن؛ هاتووەتە نێو شار گرفتی بۆخۆی و بۆ ئەوانی تریش دروست کردوە! وای لێهاتووە لە مودەیەکی درێژ مەودایا نەی توانیوە داهاتێکی پێویست پەیدا بکات، یاخود بەهۆی ئەم بێ موچەییەوە کە هەیە توشی هەژاریی بووە، لە هەمان کاتدا کە ئەوە بووە قەیران و گرفتی بۆ  خەڵکی تریش دروست کردوە. هەر بۆیە لە لادێکان مایەوە و لادێکان بەرەوپێشبران ئەو هەژارییە زۆرەی کە هەیە کەم دەبێتەوە و دەرفەتی کار دەڕەخسێنێت و بێکاریی کەم دەکاتەوە و ناوچەکان ئاوەدان دەبێتەوە جیاوازیی کەم دەبێتەوە. ئەم قسەیەش بەو مانایە نییە خەڵک لە لادێوە بێت بۆ شار بەڵکو بەو واتایە یە ئاستەکەی نەگات بەو رێژە بەرزە کەهەیە، رێژەیەکی زۆری خەڵکی کوردستان لە شارەکان و ناو جەرگەی شارەکان بن و رێژەیەکی کەمیش لە لادێکاندا مابێتن کە سەرچاوەی داهاتی خەڵکە، کەواتە بەرای من چارەسەری زۆر هەیە، بەڵام چارەسەریی بنەڕەتیی بوژاندنەوەی لادێکانە، چونکە هەر کە لادێ بوژایەوە شار خۆیشی دەبوژێتەوە، بەشێک لەو قەیرانی نیشتەجێبوونەی لە شارەکان هەیە ئەوەیە کە خەڵکی لادێ کۆچیان کردوە.

unis
یونس عه‌لی

یونس عەلیی، ئاماژە بەوەیشدەکات یەکێک لە هۆکارەکانی بێکاریی، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە گوندنشیینەکان کۆچیان کردوە بۆ شارەکان: بەشێک لەو بێکاریییەی هەیە ئەوەیە خەڵکی لادێکان کۆچیان کردوە، بەڵام ئەگەر ئەمە نەما یان کەم بوویەوە خەڵکی لادێ لە شوێنی خۆی سەر چاوەی داهاتی خۆی پەیدا دەکات و کشتوکاڵ بەرەو پێشدەچێت کە کشتوکاڵ بەرەوپێشچوو بێگومان پیشەسازییش بەرەوپێشەوە دەچێت کە پیشەسازیی بەرەوپێشەوەچوو داهاتی خەڵک زیاد دەکات، تاڕادەیەکی زۆر هەژارییەکە چارەسەر دەکات، بەس ئەگەر ئەمە نەبێت لە رێگەی کەم کردنەوەی موچە و زیاد کردن و پێدانی موچە خەڵکی تەمبەڵ دەبێت! خەڵکی نابنە کەسانی بەرهەمهێن و هەژاریی چارەسەر ناکات و بگرە هەژاریی قوڵتر دەکاتەوە ئینجا ئەگەر بە پێی ستاندارد تەماشا بکەین، هەژاریی تەنها هەژاریی پارە نییە بەڵکو چەندین جۆری هەیە: ئایا چەندێک ئاوی هەیە، چەندێک خۆراکی هەیە، ئایا کوالێتی خۆراکە کەی چۆنە و ئاوی خواردنەوەکەی چۆنە  و چۆن دەستی دەکەوێت؟ چەندێک تەندروستە و ئەوانە هەمووی فاکتەرە و کاردەکاتە سەری.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Close
Close
%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: