گۆشه‌ی ئازاد

بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کورد لەنێوان دوومۆدێلی ئەخلاقگەراو پراگماتیزمی هەلپەرەستدا..

دارا مەحمود

 

ماوەیەکە خاوەن پلەو پایەکانی ناو پارتی دیموکراتی کوردستان، لەچوارچێوەی هەڵمەتی رەشکردن و دژایەتیکردنی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردو رێبەرایەتی و ئایدیۆلۆژیاکەیدا کاڵفامانە کەوتوونەتە هێرشکردنە سەر فەلسەفەو بیروباوەڕی ئۆجالان. ولەم پێناوەدا رێبازی جۆربەجۆری موخابەراتیی، پسکۆلۆژیی.. دەگرنەبەر. بەڵام لەبەرئەوەی ئەم هەوڵانەیان بێ بنەماو ساختەو درووستکراون، و پشتئەستوورنین بەهیچ مێتۆدو زانییارییەکی زانستیی و لۆژیکمەندانە، هەرزوو ئامانجە شاردراوەکەی خۆیان، وئاستی نزمی توانای شرۆڤەو لێکدانەوە تیۆرییەکانیشیان ئاشکرادەکەن. لەبەشێک لەم هەوڵانەیاندا وبەشێوازێکی سیستەماتیک، فەلسەفەو بیرباوەڕی ئۆجالان و بزووتنەوە ئادیخوازییەکەی بە پووچگەراو یوتوپیایی وئانارشیست ناوزەد دەکەن. کە لێرەدا لەسەر دووئاست شیاوی وەڵامدانەوەو راستکردنەوەیە. یەکەم، ئانارشیزم فەلسەفەیەکی کۆمەڵایەتی سیاسیەو بەشێکە لەئەزموونی بایەخداری مرۆڤایەتی و زۆردەمێکە هەڵەی پێناسەکردنی ئانارشیزم لەفەلسەفە و فەرهەنگی سیاسیدا راستکراوەتەوە. وشتێک نییە لەسیاسەتدا بۆ تانەو تەشەرو بچوککردنەوە بەکاربێت. دووەم لەگەڵ ئەوەدا کە بزووتنەوەی ئازادیخوازی کورد بە رێبەرایەتی ئۆجالان وەک ئەرکێکی سرووشتی سوود لەئەزموونی گەلان و فەلسەفەی مرۆڤایەتی وەردەگرێت. بەڵام لەئاکامدا بە مۆرک و تایبەتمەندی وداهێنانی خۆی. بەجۆرێک کەهەڵقوڵاوی خودی کۆمەڵگەی کوردی و کۆمەڵگەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بێت.. ئەوەی کە بڕیاری کۆتایی لەسەر ڕاستی و درووستی هەر بیرو باوەڕێک دەدات هەلومەرج و بارودۆخی ناوخۆیە. نەک هیچ دەقێکی ئامادە. لەبەر ئەمە بەپێویستم زانی ئەم چەند دێڕە سەبارەت ناساندنی ئانارشیزم و هەندێ بەراوورد پێشکەش بە خوێنەرانی بەڕێزی ئەم گۆڤارە بکەم.

 

ئانارشیزم فەلسەفەیەکی سیاسیی کۆمەڵایەتییە، کەلەسەر بنەمای ئازادی تاک و رەتکردنەوەی دەسەڵاتی چەوسێنەرانەی دەوڵەتی ناوەندگەرا بنیاتنراوە. لەبەرئەمە لە زۆر رووەوە لەگەڵ ئایدیۆلۆژیاو بیروباوەڕەکانی تری وەک: سۆسیالیزم، ولیبرالیزم.. یەکدەگرێتەوە.

جۆرج ۆدکۆک (Georg Woodcock)، لە پەرتووکەکەیدا بە ناوی (ئانارشیزم)، بەمجۆرە پێناسەی  دەکات: سیستەمێکی بیروباوەڕی کۆمەڵایەتیە کە ئامانجی بەدیهێنانی گۆڕانکاریی بنەڕەتییە لە ساختاری کۆمەڵگەدا بەتایبەتی جێگرتنەوەی حکومەتی دەسەڵاتدار، بە یەکێک لە فۆرمەکانی هاوکاری ناحکومی نێوان تاکە ئازادەکان. وئەمەش ئەو خاڵە هاوبەشەیە کە هەموو جۆرەکانی ئانارشیزم پێکەوە گرێدەدات.(١)

ئانارشیزم ریشەکەی دەگەرێتەوە بۆ واژەی یۆنانی (ئانارخۆس). کە بەواتای (بێ حاکم). یان (بێ فەرمانڕەوا) دێت. وبیروباوەڕەکەشی هەر دەگەڕێتەوە یۆنانی کۆن. سەگگەرایان (Cynics)، گومانگەرایان (Skeptics) ستایکەکان(Stoics)  یەکەمین کەسانێک بوون کەئەوەی پاشان وەک بیروباوەڕی ئانارشیاستی ناسرا، لەفەلسەفەی ئەواندا بناغەکەی داڕیژرا. ئەوان پێیانوابوو کە (بەختەوەری مرۆڤ پەیوەستەی سروشتەو هەرشتێک لەگەڵ سروشتدا بێتەوە لەگەڵ عەقڵ وژیرییشدا هەردێتەوە.) (٢) ، ودەبینین کە سروشتگەرایی یەکێکیشە لەبنەما سەرەکییەکانی ئانارشیزم. چونکە لەبیروباوەڕی ئانارشیستیدا، سروشت تەواوی خواست وپێداویستییەکانی مرۆڤ دابین دەکات. وتەنیا کاتێک ئەم پارسەنگە دەشکێت کەکەسێک یان کۆمەڵێک بخوازن پتر لەوەی پێویستیانە لەڕێگای زوڵم وزۆرەوە بەدەستی بخەن. یان بەشێک لەسروشت بەموڵکی خۆیان بزانن، چونکە ئەوکاتە کۆمەڵگە دابەشدەبێت بەسەر دارونەدار، وهەژارودەوڵەمەند و بەواتایەکی تریش بەرابەری لەناودەچێت و سیستەمی ئاغاونۆکەر دێتەکایەوە.

سەبارەت پرسی دەوڵەتیش، زنو کیتیونی (٢٦٥-٣٤٠پێش زایین) دامەزرێنەری  قوتابخانەی فەلسەفی ستایزم و فەیلەسوفانی تر هیواخوازبوون (لەجیاتی دەوڵەت و چینی جۆربەجۆر، کۆمەڵگەیەکی بەرفرە دابمەزرێت کە هیچ نەتەوە، وچین، وساماندار، وهەژار.. وهیچ کۆیلەو خاوەن کۆیلەیەکی تێدا نەبێت. ئەوان پێیانوابوو ئەم دەوڵەتە بەرفرەیە پێویستە سەرتاسەری جیهان بگرێتەوەو یاساکانی هەماهەنگیان لەگەڵ یاساکانی سروشتدا هەبێت). (٣)

هەروا یەکێک لەفەیلەسوفانی تری ستایک، سینیکا Seneque (٤پێش زایین- ٦٥پاش زایین). لە ستایشکردنی ژیانی کۆمەڵگەکانی رابردوودا دەڵێت : (تا سەردەمانێک کە مرۆڤ بە پاکی دەژیا پێویستییەک بە حکومەت ویاسا نەبوو. وخەڵک بەئارەزوو، وخواستی خۆیان پەیڕەویان لەباشترین وژیرترینی مرۆڤەکان دەکرد. وئەو مرۆڤە باش وژیرانەش لەرێبەرایەتیکردنی خەڵکدا بەدوای تاڵان وخڕکردنەوەی سامان و بەرژەوەندی شەخسی خۆیانەوە نەبوون. بەڵام کاتێک کەخەڵک خواستی موڵکدارێتیان لادرووست بوو، هەڵپەی دەوڵەمەندی و سامانداریی لای ئەوان پەرەی سەند، بوونە خۆپەرەست وخۆویست و لەئاکامدا دەسەڵاتدارانیش بوونە ستەمگەر.) (٤)

 بەڵام لەسەردەمی نوێدا یەکەمین کەسێک واژەی ئانارشی بەواتای کۆمەڵگەیەکی بێ دەوڵەت بەکارهێنا جیهانگەردی فەرانسەوی لۆییس ئارمان دولاهۆنتان (Lahontan, Louis Armand de)١٦٦٦-١٧١٥بوو. کەلەپەرتووکەکەی خۆیدا بەناوی گەشتە نوێکان لە ئەمەریکای باکوور باسی هیندە سوورەکانی ئەوێ دەکات کە بێ هەبوونی هیچ دەوڵەت ودامودەزگایەک وبێ موڵکدارێتی تایبەت.. چۆن ژیانی ئاسوودە، وئارام بەسەردەبەن.

 لەگەڵ ئەوەدا کە لەناو بیروباوەڕە سیاسییەکاندا ئانارشیزم لە هەمووان  کەمتر تیشکی لێکۆڵینەوەو تاوتوێکردنی بەرکەوتووە، زۆرجارو بەشێوەیەکی دیرۆکیش بەهەڵە پێناسەکراوە. ئەمەش چەند ئاست و هۆکاری هەیە. بەرلەهەرشت لەبەرئەوەی ئانارشیزم لەسەر بنەمای ڕەتکردنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت و یاساو زیندان و سزادان دامەزراوە..، زۆربەسادەیی و پەلەپروزێیانە والێکدراوەتەوە کە کەسێک خوازیاری لەناوبردنی دەسەڵاتی دەوڵەت و یاساکان بێت. دیارە تێکدەرو خراپەکارو شەڕفرۆشە. هەر لەبەر ئەمەش لەزۆربەی زمانەکاندا ئانارشیزم وەک واژەوچەمک، بە تێکوپێکدەر تەرجەکراوە. بۆنموونە لەئەدەبیاتی سیاسی عەرەبدا بە (الفوضویة)، لە فارسیدا بە (هرج ومرج)، ولەئەدەبیاتی کوردی خۆشماندا بە (بەرەڵلایی) هاتووە. بەڵام ئانارشیزم لەکاتێکدا و زۆربەی هەرەزۆری جارەکان ئاشتیخوازانەو میانەڕەوانەو سروشتگەرایە، هیچکات و هەرگیز لەهیچ بیروباوەڕێکی ئانارشیستیدا نەهاتووە کەکۆمەڵگا بێ سیستەم و ڕێکخستن، لەبەرەڵاییدا بهێڵرێتەوە.

هەروا بەناڕەوا، ئیتر بەئەنقەست یان لەڕووی نەزانییەوە گەلێکجار ناوی ئەنارشیزم بە نهێلیزم(٥) و تێرۆریزمیشەوە لکێنراوە. لەحاڵێکدا ئانارشیزم و نهێلیزم لە بچوکترین خاڵێکدا یەکتر ناگرنەوەو تەواو پێچەوانەو دژی یەکترن.

نهێلیست وەک چەمکێکی گشتی باوەڕی بە هیچ بنەمایەکی ئەخلاقی و یاسای سروشتی نییە. لەحاڵیکدا باوەڕی ئانارشیست بە مۆتیڤە ئەخلاقییەکان هێندە بەهێزە کە دوای ڕماندنی دەسەڵات بتوانێ بەردەوام بێت و بەتەونی ئازادو سروشتی، برایەتی بپارێزێت.(٦)

سەبارەت بە تێرۆریزمیش بەهەمان شێوە. و گەرچی لەهەر بیروباوەڕێکدا دەشێ باس لە توندڕەوی و میانەڕەوی بکرێت و ئانارشیزمیش لەم بنەمایە بەدەر نییە. بەڵام لەدووخاڵی سەرەکیدا لەگەڵ گشت بیروباوەڕە سیاسییەکانی تردا جیاوازە. یەکەم: بیروباوەی توندڕەوانەو بانگەشەی کوشتارو وێرانی و تێرۆر.. لەبەرهەمی هیچکام لەبیرمەندانی ئانارشیستدا نەهاتووە. بەڵکو هەمیشە باس دەربارەی خەباتی ڕەوای گەلان بووە. وهەرکردەیەکی تێرۆریستی لەمڕووەوە ئەنجامدرابێت، بە تاک و دەستپێشخەری تاک سنوورداربووە. دووەم: لەناو لایەنگرانی گشت ئایدیۆلۆژیا سیاسییەکاندا، کۆمۆنیزم، لیبرالیزم، کۆنسێرڤاتیزم… توندڕەوان بوونیان هەبووە. بەڵام کاتێک یەک، یان چەندکەس لەپەیڕەوانی ئەم ئایدیۆلۆژیانە، بۆنموونە کۆمۆنیستێک تیرۆری ئەنجام دابێت، هیچکات نەگووتراوە کۆمۆنیزم ئایدیۆلۆژیایەکی تێرۆریستییە. کەچی هەرکات ئانارشیستێک وەها کارێکی ئەنجامدابێت، ئیتر نەبڕاوەتەوەو هەموو ئانارشیستەکانی جیهان خراونە خانەی تێرۆرەوە.

لیۆن چۆلگۆش کە ئانارشیست بوو، ساڵی ١٩٠١ سەرکۆماری ئەوکاتی ئەمریکا، ویلیام ماکینلی William Mckinley ترۆر کرد، ئەم کردەوەیە بووەهۆی ئەوەی لەکەی ترۆر بەتەواوی ئەنارشیستەکانی جیهانەوە بلکێنرێت. کەچی پێشترو دواتر، سێ سەرکۆماری تری ئەمەریکا بەدەستی خەڵکانی جۆربەجۆر ترۆرکران، چەندانی تریش لەهەوڵی ترۆر رزگاریان بوو. بەڵام هیچکات جگە لەخودی بکوژەکان مۆرکی ترۆر بە هیچ گرۆپێکەوە نەلکێنرا.

لەگەڵ ئەم پێشینە دیرۆکیەی ناوزڕاندنی ئانارشیزم، ئەمڕۆ تا ئاستێکی زۆر دیدی خەڵک بەتایبەتی لەسەر ئاستی ئاکادیمی و رۆشنبیری گۆڕانی بەسەردا هاتووە. و ئانارشیزم، وەک خۆی پێناسەدەکرێت. مەگەر هەندێ حاڵەتی نائاسایی کە تورکیا یەکێک لەمانەیەو بە زانابوون و وەک هەڵمەتی ڕەشکردن و بەشێک لەشەڕی پسکۆلۆژی و فەرهەنگی، ئانارشیزم و لە ناویشیدا بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردو ئایدیۆلۆژیای ئۆجالان بە ئانارشیزم و ئانارشیزمیش بە وێرانکەرو تێرۆریست و پوچگەرا پیشانی خەڵکدەدرێت. و دەزگاکانی  سەر بەپارتیی دیموکراتی کوردستانیش دەکەونە ناو هەمان بازنەی ڕەش و گەمەی چەپەڵەوە. کە جگە لەلاسییکردنەوەیەکی کوێرانەو بەدواکەوتنی دەزگا فاشستەکانی دەوڵەتی ئاکەپەو کێبەرکێیەکی سیاسی ناشەرافەتمەندانە، هیچ واتایەکی تری نییە.

ئانارشیزم وەک هەر بیروباوەڕو فەلسەفەیەکی سیاسی تر، چەندان جۆری هەیە. لەمانە: ئانارشیستی گشتگەرا (کۆلێکتیڤیزم)، ئانارشیستی تاکگەرا، ئانارشیستی کۆمۆنیست، ئانارکۆ ساندیکالیزم.. وهیتر

لە ئانارشیزمدا بەگشتی ئەم باوەڕە هەیە کە هیچ ناکۆکییەک لەنێوان مافەکانی تاک وکۆمەڵگەدا لەئارادانییە. لەگەڵ ئەمەشدا بەشێک لە ئانارشیستەکان لەروی ئایدیۆلۆژییەوە، تاکگەرا، وبەشێکی تریش گشتگەران.

میخائیل باکۆنین (١٨١٤-١٨٧٦) و پیتەر کروپتکین (١٨٤٢-١٩٢١)، وەک بیرمەندان ورێبەرانی ناوداری ئانارشیزمی گشتگەرا یان کۆمەڵگەیی پێناسەدەکرێن. باکونین باوەڕی بە (ئانارشیزم- کۆمۆنیزم) هەبوو. و لەگەڵ کارل مارکسدا سەبارەت لەناوبردنی موڵکدارێتی تایبەت وبەدیهێنانی موڵکدارێتی گشتی یان کۆمەڵگەیی، هاوڕابوون. بەڵام باکونین پچەوانەی مارکس باوەڕی بەدیکتاتۆری پرۆلیتاریاو هیچ شێوازێکی تری هێزودەسەڵاتی دەوڵەت و خڕکردنەوەی دەسەڵات لە لوتکەی پیرامیدیی دەوڵەتدا نەبوو.   شایانی گووتنە کە مارکس و ئێنگلس، باوەڕیان وابوو کە سوسیالیزم لەئاکامدا بەئانارشیزم ، واتا کۆمەڵگەیەکی بێ دەوڵەت و بێ ساختاری چینایەتی دەگات.

باکونین دەڵێت: ( کۆمۆنیزم رەتکردنەوەی ئازادییە. ومن ناتوانم هیچ شتێکی مرۆیی بێ ئازادی تەسەور بکەم. من کۆمۆنیست نیم چونکە کۆمۆنیزم دەخوازێت تەواوی دەسەڵاتەکانی کۆمەڵگە هەڵمژێت و لەخۆیدا خڕکاتەوە. ئامانج ودیدی من، ریشەکێشکردنی بنەڕەتیی دەسەڵات و دەوڵەتە، کە بەبەهانەی ئەخلاقی و شارستانیکردنی مرۆڤ، تائێستا تەنیا مرۆڤی پەلکێشی کۆیلایەتی، و سەرکوتکردن، و چەوساندنەوە، و بێبەشی کردووە) (٧)

(کروپتکین)یش پێیوابوو بۆ تێگەیشتن و چارەسەریی کێشە گەورە کۆمەڵایەتییەکان نابێ لە شێوازو فۆرمی دەوڵەتدا بۆی بگەڕێین بەڵکو لەخودی بناغەی دەوڵەتدا. واتا دەبێ وەڵامی ئەم پرسە بدەینەوە کە ئایا دەوڵەت پێویستە یان نا؟! و لەمڕووەوە وتەیەکی بەناوبانگی هەیە کەدەڵێت: لەبری ئەوەی کلیلی کۆمەڵگە بدەینە دەست سیاسەتمەدار، باشترە قفڵەکەی بگۆڕین.          

بەڵام ئانارشیزمی تاکگەرا لەنێوان تاک وکۆمەڵگەدا ماف و ئازادیی تاک بە بنەڕەتی دەزانێت. لەمەشەوە پتر بەرەو لیبرالیزم خۆی دەنوێنێت. ئانارشیستی فەرانسەوی ئانسێلم بلگریگ (Anselme Bellegarrigue)، بەشێوازێکی توندڕەوانە دەڵێت: (من جگە لەخۆم، نکوڵی لەهەموو شتێک دەکەم. من هەم. ئەمە ڕاستیەکی ڕەهاو حاشاهەڵنەگرە. ئەوی تر هەمووی وەک X ی ماتماتیک بەشێکە لە نادیار. لەجیهاندا سوودێکی باڵاتر لەسوودی خۆم نییە. هیچ سوودێک لە جیهاندا شیاوی ئەمە نییە تۆزقاڵێک بەرژەوەندی خۆمی لەپێناودا بەخت بکەم).(٨)  

بەڵام گەلێک لە تاکگەرایانی تری ئانارشیست، دیسان هەر هەمان شۆڕشی کۆمەڵایەتی و هێنانەکایەی پارسەنگ لەنێوان تاک وکۆمەڵگەیان لەخواست و دیدی خۆیاندا خڕکردبۆوە.

فەیلەسوف و کۆمەڵناسی فەرانسەوی ژۆزێف پرۆدۆن (١٨٠٩-١٨٦٥)، یەکێک لەناودارترین نموونەکانە لەمڕووەوە. ودەڵێت: هەروەک چۆن مرۆڤ عەدالەت لەبەرابەریدا دەبینێتەوە. کۆمەڵگەش سیستەم و رێکوپێکی لەئانارشیزمدا (نەبوونی سەردارو سوڵتان) ئەمەیە ئەو ئانارشیزمەی هەر رۆژ پتر لێی نزیکتر دەبینەوە.(٩)

پرۆدۆن بەجۆرێکی جیوازتر لە بلگریک تاکگەرایی هەڵدەسەنگێنێت و ئەو لایەنگری لەتاکی خۆویست و خۆپەرست ناکات بەڵکو لایەنگری لەوە دەکات کە تاکەکان خاوەن خواستی ئازادانەی خۆیان بن چونکە ئەگەر هەرکەس خاوەن خواستی خۆی بێت و پاشان خواستی تاکەکان پێکەوە بخرێنەکار بەسەر دەوڵەتدا زاڵ دەبن و دەڵێت:

لە دیدی حکومەتەوە پێویستە  هیچ کەس خاوەن خواستی تاکی خۆی نەبێت. ئەگەر کەسێکیش هەیبێت، حکومەت ناچارە لایبدات. بیشارێتەوەو گۆشەگیری بکات، یان لەناوی ببات. ئەگەر هەمووان خاوەن خواستی تاکی خۆیان بن دەوڵەت لەناودەبەن.(١٠)

لەئانارشیزمدا هەم بیروباوەڕی ئایینی، وهەمیش بێدینی و خوانەناسی. جێگایان دەبێتەوەو گرنگ ئەوەیە کەلەگەڵ بنەماسەرەکییەکانی تردا یەکبگرنەوە.

رۆماننووسی بەناوبانگی رووس لیۆن تۆلستۆی (١٨٢٨-١٩١٠)، سیمبۆلی ئانارشیستێکی مەسیحییە کە هەوڵی دەدا رۆڵی پەیامبەرێک (بێئەوەی ناوی پەیامبەر لەخۆی بنێت)، یان رێبەرێکی ئەخلاقگەرا بگێڕێت. کەلەرۆمانە بەناوبانگەکانی وەک: جەنگ وئاشتیی، ئانا کارنینا، ئاغاونۆکەر، مەرگی ئیڤان ئیلیچ… وئەوانی تردا بەباشی دەردەکەوێت.

تۆلستۆی ساڵی ١٨٥٧ کاتێک لەپاریس بەچاوی خۆی ئیعدامکردنی کەسێک بە گیۆتین دەبینێت، ئیتر گیۆتین لای ئەو دەبێتە سیمبۆلی زوڵم وزۆرداری وهەراسی دەوڵەت وبۆهەمیشە هەردەسەڵاتێکی دەوڵەتیی لەپێش چاو دەکەوێت و دەڵێت: دەوڵەتی نوێ جگە لەپیلانگێڕیی و یەکدەستی لەپێناو دەرکێشانی سوودی خۆی  لەخەڵک ولەویش گرنگتر، لەپێناو گەندەڵکردنیان بەولاوە شتێکی تر نییە. من لەیاسا ئەخلاقیەکانی مەزهەب تێدەگەم کە زۆرەملێ لەکەس ناکات. بەڵام هانی خەڵک بەرەو پێش و بەڵێنی ئایندەیەکی باشتریان پێدەدات. هەروا یاساکانی هونەریش بەباشی هەست پێدەکەم، کە هەمیشە شادی بەخشن. بەڵام یاسا سیاسییەکان وەها وەک درۆی شاخدار خۆیان دەنوێنن، کە تێناگەم چۆن بە هەندێکیان بڵێین باش و بەوانی تریش خراپ… من لێرە بەدوا هەرگیز خزمەت بەهیچ حکومەتێک ناکەم. (١١)

تۆلستۆی لایەنگرو موریدی لەسەرتاسەری جیهاندا هێجگار زۆر هەبوو، بەڵام لەهەمووان گرنگترو ناودارتر، مهاتما گاندی بوو. کە راپەڕینە ئاشتیخوازانەکەی بەشێوازی تۆلستۆیی ولەژێر کاریگەریی بیروباوەڕەکانی ئەودا هەڵگیرساند وسەریش کەوت.

ئانارشیزم لەنیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەهەم و نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا بە ئاست و قۆناغی جیاواز لەوڵاتانی ئەوروپایی وەک روسیا، فەرانسە، بەریتانیا ئیتالیا، ئیسپانیا، ئەلمانیا… پەرەی سەندو بڵاوبوونەوەی بەخۆیەوە دیت و کاریگەریی لەسەر بزووتنەوە کرێکاریی و خوێندکارییەکاندا داناو، لەسەر ئاستی رۆشنبیریش لەبوارەکانی وەک رۆژنامەوانی و هونەرو ئەدەبیاتدا… چالاکی بەرفرەیان ئەنجامداو دەستکەوتی مەزنیان بەدواداهات.

کاریگەریی بیروباوەڕی ئانارشیستی بۆوڵاتانی تری جیهان لەئاسیاو دوو ئەمەریکای باکورو باشور، ئەفەریقا گواسترایەوەو راپەڕین و شۆڕشی مەزن لەسەر بنەمای ئانارشیاستی روویاندا. سەرەڕای شۆڕشی هیند بە رێبەرایەتی گاندی، بزووتنەوەی زاپاتا بەسەرکردایەتی ئەمیلیانۆ زاپاتا سالازار (١٨٧٩-١٩١٩)، دژی ڕژێمی دیکتاتۆری پروفیرۆ دیاس، دیسان ڕاپەڕینێکی ئازدیخوازانەی ئانارشیستی بوو. زاپاتا لەو راپەڕینەدا خوازیاری دەوڵەت و بەدەستخستنی دەسەڵات نەبوو. بەڵکو رێبەرایەتی گوندنشینانی لەپێناو بەدەستخستنی ئازادیی و هێنانەکایەی بوارو دەرفەت بۆ ژیانێکی سروشتی سادەی هیندەسوورەکان دەکرد.

هەروا بەشێکی زۆر لە بیروباوەڕی ئانارشیستان کە بەدرێژایی سەدەکانی رابردوو، خوازیاری بوون و بانگەشەیان بۆکردووە، ئەمڕۆ لەیاسای وڵاتانی خۆرئاوادا وەک پێویستییەک خۆیان سەپاندووە:  کەمکردنەوەی دەسەڵاتی نێوەندیی دەوڵەت و دابەشکردنی ئەو دەسەڵاتە بەسەر هەرێم و ناوچەو شارەکاندا.. ئەمڕۆ لەزۆر وڵاتانی جیهان، بەتایبەتی خۆرئاوادا لەچوارچێوەی دەسەڵاتی شارەوانییەکان، فیدرالیزم، و کۆنفیدرالیزمدا بەڕێوەدەچێت. دیسان هەماهەنگی درووستکردنی پارسەنگ لەنێوان گوندوشاردا. پەرەسەندنی سروشتگەرایی و پەرەسەندنی خەمی خراپبوون وپیسبوونی ژینگەو هەوڵدان بۆ خاوێنکردنەوەی و گێڕانەوەی بۆ ئاستەکانی ڕابردووی، کۆنتڕۆڵکردنی زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان وڕێگرتن لەگەورەبوونی هەرچی زۆرتری شارەکان و هەوڵدان وهاندانی پەرەسەندنی کشتوکاڵ ونزیکتر بوونەوەی مرۆڤ لەئاژەڵ وەک دۆستی دێرینەی خۆی و پاراستنی ژیان ومانەوەو حەوانەوەی سروشتیان… هەموو لەریشەوە بیروباوەڕی ئەنارشیستین کەرۆژگارێک گاڵتەیان پێدەکرا ئەمڕۆ بوونە پێویستیی حاشا هەڵنەگر.

هەروا گۆڕانکاری زۆر لەیاسای سزاکاندا، و چۆنیەتی مامەڵکردن لەگەڵ تاوانباراندا. و بارودۆخی زیندانەکان لەوڵاتانی خۆرئاوا هەموو بە ئاقارێکدا دەڕۆن کە پێشتر تەنیا لەبیری ئانارشیستەکاندا بوونیان هەبووە.

ئیتر لەجیهاندا بیرو باوەڕی ئانارشیستی و ئانارشیستبوون، شتێک نییە مرۆڤەکان پێیان شەرم بێت یان ترسیان لەئاشکرابوونیدا هەبێت. ئەم پارتە سیاسییانەی ئەمڕۆ پێیاندەگوترێت چەپی نوێ، وڕاستی نوێ، تائاستێکی زۆر بیروباوەڕی ئانارشیستی پەیڕەودەکەن. و بیرمەندانی مەزن بە ناسنامەی ئانارشیستی خۆیان دەناسێنن کەدەتوانین نموونەی بیرمەندانی هاوچەرخی ئانارشیزمی وەک فەیلەسوف و بیرمەندی ئەمریکایی نئۆم چومسکی بهێنینەوە، کە لەهەندێ بۆنەدا لایەنگری خۆی بۆ دۆزی کوردو بزووتنەوە ئازدیخوازییەکەی نیشانداوە.

 

بنەماسەرەکییەکانی ئانارشیزم:

لەگەڵ ئەوەدا کەهەروەک پێشتر ئاماژەمان پێکرد ئانارشیزم زۆرجۆرو فۆرم و مۆدێلی هەیە، لە توندڕەوە بگرە تا میانەڕەو، لەخواپەرستەوە تا بێ دین و خوانەناس، لەتاکگەراوە تا گشتگەرا، لە کۆمۆنیستەوە تا لیبرال… بەڵام هەموو ئەمانە جیاوازییەکانیان چەندە بێت، بۆئەوەی پێناسەی ئانارشیست بیانگرێتەوە دەبێ لانیکەم لەچەند خاڵی سەرەکیدا کۆک و هاوڕابن. لەمانە:

١- رەتکردنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت: کرۆکی بیروباوەڕی ئەنارشیزم بریتییە لەرەتکردنەوەی هەرجۆرە دەسەڵاتێکی زۆرەملێیانە کەلەلایەن مرۆڤەوە بەسەر مرۆڤدا پەیڕەوبکرێت. ولەبەرئەمەش کە دەسەڵاتدارێتی دەوڵەت بە شێوازە باوەکەی زۆرەملێیانەیە، کەواتە لەبیری ئەنارشیستیدا رەتدەکرێتەوە. ویلیام گادوین کە بە بنیاتنەری ئەنارشیزمی مۆدێرن دادەنرێت، ولەپەیڕەوانی عەقڵگەرایی فەلسەفی سەدەی هەژدەهەم و باوەڕی بەپێشکەوتنی مرۆڤ بەرەو عەقڵانیەتێکی بەرفرەتر هەبوو، پێیوابوو کە دەوڵەت عەقڵی مرۆڤ سنووردار دەکات ودەیگوت کە (مرۆڤ بەشێوازێکی ناعەقڵانی ڕەفتاردەکات، چونکە دامودەزگا باوەکانی کۆمەڵگە بەرەو لادان لەعەقڵ وهۆشیاری دەبەن…)(١٢)

هەروا گادۆین، باوەڕی وابوو کە حکومەت دەبێ لەناو بچێت. چونکە سەرچاوەی زۆربەی تاوان، و بێعەدالەتی و کێشەکانە. و پێوابوو کە بۆ رزگاربوون لەم دۆخە نالەبارە پێویستە تاکەکان لەگروپی بچوکدا کۆمۆن پێک بهێنن و بە هاوکاری ئازادانەو رۆشنبیرانە ژیانێکی نوێی بێ زوڵم وزۆر وکۆمەڵگەیەکی بێ ساختاری چینایەتی وحکومی دابمەزرێنن.. بەڵام بەشێک لە ئانارشیستەکان تا ئەو جێگایە دەڕۆیشتن کە تەنانەت حزبیشیان هەر بەبەشێک لەدەسەڵاتی سەرکوتگەرا، دەزانی و پێیانوابوو، کە حزبیش لەئاکامدا مرۆڤ کۆتوبەندی بەرژەوەندی و خواستی دەسەڵاتگەرایی خۆی دەکات و کەسایەتی و ئازادیەکەی لێ زەوتدەکات. باکۆنین یەکێک لەوانەبوو کە سەرسەختانە دژی هەرجۆرە شێوازێکی حزبایەتی بوو.

٢- رەتکردنەوەی نێوەندگەرایی دەوڵەت: لەکاتی لێدوان لەپرسی دەوڵەت و هەژموونگەراییەکەیدا،  رووبەڕووی دوو چەمکی نێوەندگەرایی (Centralisation) و نانێوەندگەرایی (Decentralisation) دەبینەوە. لەنێوەندگەراییدا هەرچی زۆرتر دامودەزگا خاوەن سەلاحیەتە باڵاکانی دەوڵەت لەیەک نێوەندا خڕدەبنەوەو تەواوی یان زۆربەی دەسەڵات و بڕیارە سیاسیی، ئابووری، بەڕێوەبەرایەتی، مافناسییەکان.. کەسەرتاسەری وڵات دەگرنەوە دەکەونە دەست ئەو نێوەندانە. ئەمڕۆ لەجیهاندا فۆرم و مۆدێلی جۆربەجۆر لەنێوەندگەرایی هەیە. لەهەندێ لەم جۆرانەدا دەسەڵاتی تەواوی دەوڵەت لەدەست تاکێکی دیکتاتۆردا خڕدەبێتەوە. یانیش ئەودەسەڵاتە بەکۆمەڵێک یان پارتێک، سنووردار دەبێت. لە ناو سێ هێزی دەسەڵات (یاسادانان، ڕاپەڕاندن، دادوەریی)، یەکێکیان باڵادەستی پەیدا دەکات و بەلاوازیی هێزو دەسەڵاتەکانی تر کۆتایی دێت.

ئانارشیزم دژی دەوڵەتی نێوەندگەرایە، و لەبەرئەوەی  هەر لەریشەوە دەسەڵاتی دەوڵەتیی باوی قبوڵ نییە. و لەپێناو رکێفکردنی ئەو دەسەڵاتەدا، پەنا بۆ نانێوەندگەرایی کەلەوێدا دەسەڵاتە جۆربەجۆرەکان بە شێوازی جۆربەجۆری وەک هەرێمەکانی شارەوانی، ئۆتۆنۆمیی، فیدرالیزم، وکۆنفیدرالیزم … دابەشبکرێت دەبات. چونکە لە سیستەمی نانێوەندگەراییدا، سەربەخۆیی، ئازادیی، رەچاوکردنی تایبەتمەندیی، وفرەیی… باشتر رێزی لێدەگیرێت ودەپارێزرێت.

٣- پرسی موڵکدارێتی: ئانارشیستەکان بەگشتی، موڵکدارێتی تایبەت و سیستەمی ئابووریی لەسەربنەمای مونافەسە رەتدەکەنەوەو پێیانوایە سیستەمی هاوبەشی (Cooperative). ئەو ئەلتەرناتیڤەیە کەدەتوانێ نیازو پێویستییەکانی مرۆڤ دابین بکات. بێ ئەوەی یەکێک سامانداربێت و یەکێکی تریش هەژار. هەروا ئانارشیستەکان پێیانوایە سیستەمی ئابووری مونافەسەیی، هەژاری وبێدەرەتانی خوڵقاندووەو هیچ کاتیش پێی چارەسەر نابێت. وئەم سیستەمە بۆ بەردەوامی دەوڵەتی دەسەڵاتدارو چەوسێنەر پێویستە چونکە پارێزگاریی لەئاغاو نۆکەرایەتی دەکات. ئانارشیستی تاکگەرای ئەڵمانی ماکس شتیرنر(Max Stirnr) ١٨٠٦-١٨٥٦ دەڵێت: دەوڵەت بەبێ هەبوونی ئاغاو نۆکەر، شیاوی تەسەورکردن نییە. چونکە دەبێ دەوڵەت بخوازێت ئاغای گشت ئەوکەسانە بێت کەدەیانگرێتەوە. ئەم خواستەش پێی دەگوترێت خواستی دەوڵەت. کارگەران گەورەترین هێزیان لەبەردەستایە ئەگەر هۆشیاری تەواو بەدەست بخەن و بەکاری بهێنن. هیچ شتێک پێشیان پێناگرێت. دەوڵەت لەسەر بەکۆیلەکردنی هێزی کار دامەزراوە. ئەگەر هێزی کار ئازادبێت، دەوڵەتێک لەئارادا نامێنێت. (١٣)

٤- سروشتگەرایی Ecologism: سروشتگەرایی ئانارشیستی لەو باوەڕەدایە کە سروشت یەکەیەکی پێکەوە بەستراو، ولەیەک دانەبڕاوە. کەهەم گیاندارو هەمیش بێ گیان لەخۆی دەگرێت. ولەگەڵ چەمکی ژینگە پارێزیدا جیاوازە.

ژینگەپارێزیی لەچوارچێوەی ریفۆرمخوازییدا سەبارەت ژینگەو کێشەو قەیرانەکانی پەیوەستەی چالاکیەکانی مرۆڤ، کاردەکات. لەکاتێکدا سروشتگەرایی ئایدیۆلۆژیایەکە کەبەگشتی دوو لکی لێدەبێتەوە. یەکەم: سروشتگەرایی قوڵ (Deep ecology). لەم جۆرە سرووشتگەراییەدا باوەڕ وایە کەسروشت لەسەرووی هەموو شتێکەوەیە وتەنانەت لەمرۆڤیش باڵاترە. دووەم: سروشتگەرایی رووکەشی (Shallow ecology) ، لەم جۆرەیاندا ئەو باوەڕە لەئارادایە، کە پێویستە هەماهەنگیی و پارسەنگیی لەنێوان خواست و پێویستییەکانی مرۆڤ وسروشت لە ئارادا بێت. (١٤) بەجۆرێک کە هەمیشە سروشتمان خۆش بوێت وخۆمان بەبەشێک لەو بزانین، و بیپارێزین و تێکی نەدەین. چونکە لەئاکامدا پاراستنی سروشت بەسوودی مرۆڤایەتییە. بەواتایەکی تر مرۆڤ بۆی نییە لەپێناو هیچ سوودێکی خۆیدا زیان بەسروشت بگەیەنێت. چونکە سوودێکی وەها هەر لەبناغەوە بوونی نییە. وئەگەریش باس لەبەدەستخستنی سوودی مادی بێت. ئەوە تاڵانی سروشتە نەک سوودوەرگرتن.

هەروا ئانارشیزم، سرووشتگەرایی وەها هەڵدەسەنگێنێت کە شارستاییەت نابێ بریتیی بێت لە مەزنبوونی هەرچی زۆرترینی شارەکان، بەبایەخی تێکدانی ژیانی کشتوکاڵی و گوندنشینی و ئاژەڵداریی. چونکە پیشەسازیی مۆدێرن سنووربەزاندنی وڵاتانی بەرەو دیتنەوەی هەرچی زۆرتری بازاڕو هەڵپەی قازانجی مادیی و پشتگوێخستنی هەموو بایەخە مرۆییەکان بردووە، ومرۆڤی بەسروشتی فیتری خۆی و خواستە سروشتییە ڕەواکانی نامۆکردووە. وبەرەوجیهانی گۆشەگیریی و لەبیرچوونەوەی بایەخە ئەخلاقیەکان و هەستی مرۆڤدۆستیی بردووە. گەڕانەوە بۆسرووشتی بێگیان و توندوتۆڵکردنەوەی تەوەنەکانی پەیوەندیی بەم سروشتەوە، گێڕانەوەی بایەخ و چیژی ژیانە بۆ گیاندارانیش.

لەگەڵ هەموو ئەمانەدا بەگشتی سێ ڕەخنەی سەرەکی لەلایەن بیرمەندان و شارەزایانی زانستی سیاسەتەوە ئاراستەی ئانارشیزم دەکرێت:

یەکەم: لەناوبردنی دەوڵەت و دامودەزگاکانی و هەرجۆرە دەسەڵاتێکی سیاسی بە ژیانی حزبایەتیشەوە واقیعبینانە نییە. دووەم:  باوەڕهێنان بەوەی مرۆڤ بەسروشتی خۆی هێندە باشە کە بێ هەبوونی هەرجۆرە دەسەڵات و لێپرسینەوەیەک بەسەریەوە، دەتوانێ خۆی بەباشترین شێواز بەرێوەبەرێت گەشبینییەکی یۆتۆپیاییە. سێهەم: لەبەرئەوەی ئانارشیستەکان باوەڕیان بە هەڵبژاردنی پارلەمانی و پرۆسەی دەنگدان و بەدەستهێنانی پلەوپایەی دەوڵەتی نییە، ناچارن هەمیشە هەر خەریکی شۆڕش و راپەڕین و یاخیبوون بن.

لەگەڵ هەموو ئەمانەدا بەدڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین کە ئانارشیزم لەیەک کاتدا هەم بیروباوەڕو ئەزموونی بایەخدارو شایستە کەشیاوی پەیڕەوکردنن لەخۆی دەگرێت. هەمیش بیروباوەڕگەلێک کە جێگای سەرنج ورەخنەو پێداچوونەوەو بگرە رەتکردنەوەشن.

ئێستا کاتێک بەکورتی ئانارشیستمان ناساند، و خەسڵەت و بنەماسەرەکیەکانی وهەندێ لەتایبەتمەندی و جیاوازی نێوان پێشڕەوان و بیرمەندانیانمان تاوتوێ کرد، دەبێ هەر لەم چوارچێوەیەدا وئەوەندەی بۆ ئەم بابەتە پێویستە هەندێ لەتایبەتمەندی وخەسڵەت و بنەماسەرەکییەکانی فەلسەفەی ئۆجالانیش بخەینە ڕوو.

بەرلەهەرشت ئەوەندەی پەیوەندی بەپرسی ئایدیۆلۆژیاوە هەبێت، ئۆجالان هیچ کات خۆی دیل وکۆتوبەندی هیچ ئایدیۆلۆژیایەک نەکردووە کە تووشی چەقبەستنی فکری و دۆگماو یۆتۆپیاییمان بکات. بەڵکو خەسڵەتی سەرلەبەری بیرکردنەوەکەی ئەمەیە کە ئازادانە، خوڵقێنەرانە، ڕەخنەگرانە وشیاوی گۆڕان و ڕاستکردنەوەو هەمووارکردنە. ولەم ئایدیۆلۆژیایەدا هەر بیروباوەڕێک شایستەی مرۆڤایەتی بێت، بێ گوێدانە ئەوەی داخوا پێشتر لەچ بیروباوەڕێکی تردا هاتووە، خوڵقێنەرانە داڕێژراوەتەوە. و هەر باوەڕێکیش چەندە پیرۆز خۆی نواندبێت، کاتێک لەبواری کرداریدا شیاوی جێبەجێکردن نەبووبێت، یان ئامانجە خوازراوەکان لەمیانیەوە بەدینەهاتبن پیرۆزیەکەی نەماوە ودەستی لێهەڵگیراوە. چونکە لای ئۆجالان (فکرو گوفتارو کردار ئەو سێ هێمایانەی شکۆمەندین کە هەرگیز لەیەکتر جیانابنەوە.)(١٥)

فەلسەفەی ئۆجالان ئەخلاقگەرایانەیە. هەرلەبەر ئەمەیە کە لەچەندان شوێن و بۆنەدا هێرشی ڕەخنەگرانە دەکاتە سەر پۆزێتێڤیزم. چونکە پۆزیتیڤیزم تیۆری وچەمکەکانی بایەخ و ئەخلاق بە پوچ و بێواتا لەقەڵەم دەدات. فەیلەسوف و بیرمەندان بەدوورکەوتنەوەو دەستهەڵگرتن لەپرسە سیاسییە ئەخلاقیەکان هاندەدات. وهەوڵدەدات زانستێک بۆسیاسەت بنیاد بنێت کەدووربێت لەهەرجۆرە بایەخێک. لە پۆزێتێڤیزمدا مامەڵە لەگەڵ مرۆڤ وەک دادەو ژمارەی حسابی دەکرێت. و هەرلەبەر ئەمەیە کاتێک باس لەچارەسەرکردنی پرسێکی سیاسیی و دەستکەوت دەکرێت، گرنگ نییە داخوا بەچ بایەخک دەبێت. لەحاڵێکدا لەبزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردا ولەبەر رۆشنایی فەلسەفەی ئەخلاقگەرای ئۆجالان ، جێگای ناپاکی و خیانەت و گەندەڵی و دزی… نابێتەوە. دەستکەوتی سیاسیی بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئایندەی مرۆڤ لەو دەستکەوتەدا هیچ واتایەکی نییە.

لە باوەڕی ئۆجالاندا سیاسەت و ئەخلاق دوو پێویستی حەتمی یەکترن، و هەرکات ئەم دووانە پێکەوە  نەبن، کۆمەڵگایەک هەبوونی نابێت. ودەڵێت: ئەگەر ئەخلاق وسیاسەت نەبن، کۆمەڵگاش نابێت. تەنانەت ئەگەر هەشبێت، جگە لە کۆمەڵێکی بێ فۆرم وشێوە هیچ ماناو گوزارشتێکی دیکەی نابێت. ئەگەر ئەم جۆرە کۆمەڵگایانە بوونیان هەبێت، تەنیا ئۆبژەی کەرەستەی کۆمەڵگاکانی دیکەن. (١٦)

فەلسەفەی ئۆجالان، لەبەر ئەم خەسڵەتەی، لەناو بزووتنەوەی سیاسیی کورد، لەسەر ئاستی هەرچوارپارچەکەیدا، ولەسەر ئاستی دیرۆکیش ، تاک و بێ هاوتاو بێ وێنەیە. هەرلەبەر ئەمەیە کە هێزە نەریتییەکانی ناو گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان، چەندە بەئاسانی خیانەت، خۆفرۆشی، دزی وگەندەڵی، ساختەکاریی دەکەن. چونکە لای ئەوان، دەستکەوتی سیاسیی، پلەوپایە، سامانداریی.. بایەخی هەیە نەک مرۆڤ. وئەخلاقی مرۆڤایەتی.

ئۆجالانیش، وەک هەر ڕێبەرو بیرمەندێکی سیاسیی  سیاسەت بەڕێوەدەبات و خواست و بەرژەوەندیی و دەستکەوت لەبەرچاودەگرێت، بەڵام دەستکەوتی درێژخایەن وهەمیشەیی، دەستکەوتێک کەلەناوەرۆکدا ئابڕوومەندیی و شکۆ بۆمرۆڤی کورد بگێڕێتەوە، نەک درووشم و ناونیشانی کاتیی ڕواڵەتیی.

 فەلسەفەی ئۆجالان بەبەراوورد لەگەڵ تەواوی ئایدیۆلۆژیاکانی مرۆڤایەتیدا، ئەو ئیمتیازە گەورەیەشی هەیە کە ئەوەی مارکسیزم، لیبرالیزم، ئانارشیزم… سەبارەت ڕەنج و ڕۆڵ و پێگەی ژن بەدرێژایی دیرۆک نەیاندیت ، مەگەر چەند دانە دەستەواژەی کڵێشەیی تیۆریی، کەتەنیا بەمەبەستی پڕکردنەوەی بۆشایی لەڕستەدا گوتراون.  تەنانەت فێمێنیزمیش نەیتوانی کێشەی ژن وەک خۆی پێناسەبکات و لەبواری کرداریدا، پێگە شایستەکەی بۆبگێڕێتەوە. بەڵام ئۆجالان ئەوەی گووتی لەسەر گۆڕەپانی کرداریش ئەنجامیدا، ئەمڕۆ هەموو جیهان شکۆمەندیی ژنی کورد بەچاوی خۆی لەژێر سێبەری ئەو بزووتنەوەیدا دەبینێت کە ئۆجالان رێبەرایەتی دەکات.

لەگەڵ ئەوەدا کە ئۆجالان پێیوایە (هیچ سیستەمێکی چەوسانەوە بەبێ دەسەڵات و دەوڵەت بەدینایەت.)،(١٧) بەڵام نەبەشێوازی ئانارشیستەکان رەتیدەکاتەوە، و نە وەک لایەنگرانی دەوڵەت- نەتەوەش بەخواوەندی سەرزەوی دەزانێت. بەڵکو ئەو پێیوایە کە: رەتکردنەوە یان پەسەندکردنی گشتی دەوڵەت، خزمەت بە ئامانجەکانی ئازادی، یەکسانی و دیموکراسی ناکات. دەربازکردنی دەوڵەت، بەتایبەتیش تێپەڕکردنی دەوڵەت- نەتەوە مەسەلەی پرۆسەو قۆناخێکە. چەندە کۆنفیدراسیۆنی دیموکراتی باڵابوون و توانای چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان بسەلمێنێت ئەوا دەوڵەت- نەتەوە لەخۆیەوە دەربازدەکرێت.(١٨)

ئۆجالان لەمە بەولاوەرتریش دەڕوات و پێیوایە کە گرنگ دامەزراندنی سیستەمی کۆنفیدراسیۆنی دیموکراتییە، و هەرکات ئەمە دامەزراو بوو بەخاوەن دامودەزگای دیموکراتیک و هێزی پاراستنی خۆی، ئیتر هیچ مەرج نییە کە پێویستی بەشەڕ لەگەڵ دەوڵەت نەتەوەدا هەبێت، بەڵکو بەپێچەوانەوە دەتوانن لەپێکەوەژیاندا بەسەر بەرن. ودەڵێت: (پەیوەندی کۆنفیدراسیۆنی دیموکراتی لەگەڵ دەوڵەت- نەتەوەکان نەتاکۆتایی شەڕە، نە ئاسیمیلەبوونە لەناویاندا. بەڵکو پەیوەندییەکی بەپرەنسیپانەیە کەڕەوابوونی یەکتر پەسەندەکەن و لەناو هەلومەرجێکی ئاشتیدا بەیەکەوە ژیان و تەبایی بەبنەما دەگرن)(١٩)

تەنانەت لەسایەی دەوڵەت نەتەوەشدا، پێچەوانەی ئانارشیستەکان خەباتی دیموکراتیک، وبەشداری لە دەنگدان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی، بەکارێکی ڕەوا دەزانێت و پێیوایە کە لەم جۆرە دۆخانەدا و لەپێناو بەرفرەکردنی بازنەی خەبات سوود لەهەر دەرفەتێکی دیموکراتیک وەربگیرێت.

لەکۆتایی ئەم باسە کورتەدا بەپێویستی دەزانم ئەم ئاماژەیەش بکەم، کەئەگەر بخوازین لەناو بزووتنەوەی کوردا بە هەموو ڕەنگەکانییەوەو لەسەر ئاستی گشت پارچەو پارتە سیاسییەکانی، ئایدیۆلۆژیای ئۆجالان بخەینە تای تەرازووی هەڵسەنگاندن ئایا ئایدیۆلۆژیاو بیروباوەڕێکی تر هەیە کە شایستەی ئەمەبێت بخرێتە تایەکەی تری ئەم تەرازوویە؟ ئایا خاوەن پلەو پایەکانی ناو پارتی دیموکراتی کوردستان کاتێک باسی فکرو بیروباوەڕو ئایدیۆلۆژیا دەکەن لە پەیڕەوکردنی سیاسەتدا بۆخۆیان دەزانن خاوەنی چ بیروباوەڕێکن؟  ئەگەر ئانارشیزم وەک ئەوان پێیانوایە بەواتای پوچگەرایی ویۆتوپیایی و بەرەڵلایی بێت… ئەمە خۆیان دەگرێتەوە. ئەوە پارتییە کەلەشێوازی گروپێکی ئۆلیگارشی دەسەڵاتدار لە ناو حزب و حکومەتدا، بەردەوام خەریکی تێکوپێکدانی بزووتنەوەی کوردو بەفیڕۆدانی خەبات وقوربایدانەکەیەتی. ئەم کێشە ناوخۆییەی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کورد کەبەردەوام و زوو زوو سەرهەڵدەداتەوە، بەر لەهەرشت کێشەیەکی ئایدیۆلۆژییە. کێشەی نێوان مۆدێلێکە کە خاوەنی ئایدیۆلۆژیایەکی ئەخلاقگەرای پتەو ورۆشەنە، و ئۆجالان دامەزرێنەرەکەیەتی. ومۆدێلەکەی تریش کەخاوەنی هیچ ئایدیۆلۆژیایەک نییە، وپارتی ڕێبەرایەتی دەکات. کێشەی نێوان مۆدێلێکە کە سیاسەت لەسەر بنەمای لەبەرچاوگرتنی بایەخ بۆمرۆڤ پەیڕەودەکات. ومۆدێلێکیش کەهەلپەرەستانە و بێ لەبەرچاوگرتنی هیچ بایەخێکی ئەخلاقی، لەپێناو بەدەستخستنی بچوکترین بەرژەوەندیدا پەنا بۆهەر کارێک دەبات. لێدوان لەم بابەتە پتر دەرفەت دەخوازێت و  بابمێنێت بۆکاتێکی تر.

 

سەرچاوەو پەراوێزەکان:

١- جورج وودکاک، آنارشیزم، ترجمە: هرمز عبدللهی، انتشارات معین، تهران-١٣٦٨ ص١٧

٢- دکتر ابوالقاسم طاهری. تاریخ اندیشەهای سیاسی در غرب. نشر قومس. تهران-١٣٨٢ ص١٠٨

٣- عبدالرحمن عالم. تاریخ فلسفە سیاسی غرب. تهران-١٣٧٦ ص١٧٤

٤- بهاءالدین پازارگاد، تاریخ فلسفە سیاسی. نشر گلشن. تهران-١٣٥٩ ص٨٨

٥- نهێلیزم: بەواتای پووچگەرایی، یان هیچگەرایی کەلە واژەی لاتینی (Hili)، کەبەواتای (هیچ) دێت. وەرگیراوە.

٦- جورج وودکاک، سەرچاوەی پێشوو ل١٩

٧- فیلیپ پی. وینر- آیزایا برلین. فرهنگ اندیشەهای سیاسی، برگرفتە از فرهنگ تاریخ اندیشەها، ترجمە: خشایار دیهیمی. نشرنی، تهران-١٣٩٢ ص٢٦٧

٨- جورج وودکاک، سەرچاوەی پێشوو ل٣٧٢

٩- هەمان سەرچاوە ل١٦

١٠- جورج وودکاک، سەرچاوەی پێشوو ل١٣٥

١١- هەمان سەرچاوە ل٣٠٤

١٢- فیلیپ پی.وینر-آیزایا برلین، سەرچاوەی پێشوو ل٢٦٣

١٣- هەمان سەرچاوە ل٢٦٦

١٤- بۆ زۆرتر زانیاریی، بۆنموونە بڕوانە: اندرو هیوود، مفاهیم کلیدی در علم سیاست. مترجمان: حسن سعید کلاهی وعباس کاردان. حنتارات علمی وفرهنگی تهران ١٣٩١

١٥- عەبدوڵڵا ئۆج ئالان، مانیفێستۆی شارستانی دیموکراتی، پەرتووکی چوارەم. قەیرانی شارستانی لەخۆرهەڵاتی ناوین، چارەسەری شارستانی دیموکراتی.وەرگێڕانی: لوقمان عەبدوڵا. چاپخانەی ڕەنج-٢٠٠٩ ل٤٠٩

١٦- هەمان سەرچاوە ل٨٢

١٧- هەمان سەرچاوە ل

١٨- هەمان سەرچاوە ل٤٧١

١٩- هەمان سەرچاوە، هەمان لاپەڕە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Close
Close
%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: