گوتار

 فەلسەفە وەک دووبارەکردنەوەیەکی داهێنەرانە

نووسین: ئالان بادیۆ  وەرگێڕان: دیار باپیر

سەرەتا بە ئاماژەکردن بۆ یەکێک لە مامۆستاکانم، فەیلەسووفی مارکسیستیی مەزن “لویس ئاڵتۆسێر” دەست پێ دەکەم. لەمەڕ ئاڵتۆسێر، لەدایکبوونی مارکسیزم شتێکی سادە نەبوو. مارکسیزم لە دوو شۆڕش دروست بووە، دوو ڕووداوی فیکریی گەورە. یەکەم ڕووداوێکی زانستییە: ئەم ڕووداوە کاتێک بوو “مارکس” <ماتریاڵیزمی مێژووی> داهێنا. ڕووداوی دووەم: سیمایەکی فەلسەفییانەی هەبوو، ئەویش دروستکردنی ڕەوتێکی نوێ بوو لەلایەن مارکس و ئەوانی دیکەوە، بە ناوی “ماتریاڵیزمی دیالێکتیکی”، دەکرێت بڵێین فەلسەفەیەکی نوێ پێویستە بۆ شیکردنەوە و هاوکاریکردنی لەدایکبوونی “زانستی نوێ”. هاوشێوەی فەلسەفەکەی ئەفلاتۆن کە زەروورەت بوو بۆ دەستپێکی زانستی ماتماتیک، هەروەها فەلسەفەکەی کانت بۆ فیزیای نیوتن. سەختییەک لە هەموو ئەمانەدا نییە، لەم چوارچێوەیەدا دەکرێت دوو شت دەربارەی گەشەسەندنی فەلسەفە بڵێین.

ئەم گەشەسەندەنە وابەستەی چەند فاکتێکی نوێیە، لە بوارگەلێکدا کە ڕاستەوخۆ بە فەلسەفی دانانرێن. بە شێوەیەکی وردتر [فەلسەفە] پشتی بە چەند فاکتێکی نێو بوارەکانی زانست قایمە. وەک [فاکتەکانی] ماتماتیک بۆ [فەلسەفەی] ئەفلاتۆن، یان دیکارت، یان لایبنیتس. هەروەها [فاکتەکانی] فیزیا بۆ [فەلسەفەی] کانت یان وایتهید یان پۆپەر. [فاکتەکانی] مێژوو بۆ [فەلسەفەی] هیگڵ یان مارکس، [فاکتەکانی] بایۆلۆژیا بۆ [فەلسەفەی] برگسۆن یان دۆلۆز یان نیچە.

سەبارەت بەوەی من تەواو هاوڕام لەگەڵ ئەوەی فەلسەفە پشت بە کۆمەڵێ فاکتی نافەلسەفی دەبەستێت، و ئەو کایانەم بە <مەرجی فەلسەفە> ناوزەند کردووە، بەسادەیی دەمەوێت بڵێم من مەرجی فەلسەفە تەنها و تەنها بە پێشکەوتنی زانستەوە گرێ نادەمەوە. من پێشنیازی کۆمەڵەیەکی زۆر گەورەتر لەو مەرجە دەکەم، کە لەژێر چوار جۆر مەرج دەیانخەمە ڕوو: زانست، سیاسەت، هونەر، خۆشەویستی. کەواتە کاری تایبەتی من پشت بە چەمکی وەرزشی نوێ یان ڕامبۆ یان ماندلسۆن یان ناکۆتا دەبەستێت [نەک بەنها بە زانست]، هەروەها [پشت دەبەستێت] بە فۆرمی نوێی سیاسەتی شۆڕشگێری، [پشت دەبەستێت] بە هۆنراوە مەزنەکانی مالاریمە یان بیسوا یان والاس ستیفنز، [پشت دەبەستێت] بە پەخشانی ساموێل بێکت، [پشت دەبەستێت] بە ڕێگە و شێوازی نوێ خۆشەویستی کە لە سیاقی دەروونشیکاری و گۆڕانی تەواوی پرسیارەکانی پەیوەست بە سێکس و جێندەر، سەریان هەڵداوە.

بۆیە دەتوانم بڵێم فەلسەفە بریتییە لە خۆگونجاندنی پلە بە پلە لەگەڵ گۆڕانکارییە بارودۆخییەکان. بۆیە دەکرێت بڵێین “فەلسەفە هەمیشە لەدواوەیە و دەکەوێتە پشتەوە”. فەلسەفە هەمیشە دەیەوێت بگات بە نوێگەرییە نافەلسەفییەکان. دەبێت بڵێم: ئەمە ڕاستیە! و ئەم ڕاستییەش هەڵێنجانی هیگڵە. فەلسەفە باڵندەی داناییە(حیکمەتە)، باڵندەی دانایی کونەپەپووە. بەڵام کونەپەپو تەنها دوای ئاوابوونی خۆر لە شەقەی باڵ دەدات. فەلسەفە ئەو سیستەمەیە لە سەرەتای شەودا و دوای ڕۆژێک لە زانین و ئەزموونکردن دێت. [بەم پێیە بێت] ڕوونە کێشەکەمان کە کێشەی گەشەکردنی فەلسەفەیە چارەمان کرد. دوو بار یان حاڵەت هەیە، لە حاڵەتی یەکەم: ڕۆژێکی نوێ دێت لە ئەزموونی داهێنەرانە لە زانست یان سیاسەت یان هونەر یان خۆشەویستی. ئینجا ئێوارە دادێت بۆ فەلسەفەیەکی نوێ. حاڵەتی دووەم: شارستانییەتەکەمان پڕوکاوە، تاکە داهاتووش کە وێنای دەکەین داهاتوویەکی تاریکە، داهاتوویەکی هەمیشە نووستووە. بۆیە داهاتووی فەلسەفە مردنێکی لەسەرخۆ دەبێت، لەسەرخۆ بە شەو دەمرێت. فەلسەفەش کورت دەبێتەوە بۆ ئەو شتەی دەتوانین لە دەستپێکی دەقێکی ساموێل بێکت بە ناوی (هاودەم) بەدی بکەین: <دەنگێک لە تاریکییەوە دەدوێت>، دەنگێکی بێمانا و بێسیما.

لەڕاستیدا، لە هیگڵ و ئۆگست کۆنتەوە بۆ نیچە، یان بۆ هایدیگەر و درێدا، ئەمە جگەلە ڤتگنشتاین و کارناپ؛ ئەگەری بیرۆکەی مەرگی فەلسەفە، هیچ نەبێت لە فۆرمە کلاسیکییە میتافیزیکییەکەی لەئارادایە.

دەتوانم لێرەدا وتارەکەم بوەستێنم، و تاڵەکانی قژم وەک گۆرانیبێژەکان “بە ستایلی پانک(Punk style) گرژ وەستابێت و پێتان بڵێم: داهاتوویەک بوونی نییە! دوای ئەمە هەموومان بەیەکەوە کهولی نیهیلیزمی بخۆینەوە.

بەڵام هێشتا هەندێک گرفتی بچووک ماونەتەوە یەکەمیان ڕەنگە زۆر ڕووکەشی و فۆرماڵیستی بێت، ڕەنگە سەفسەتەیش بێت، بیرۆکەی کۆتایی فەلسەفە بۆ ماوەیەکی زۆر بیرۆکەیەکی فەلسەفی بووە. جگە لەوەش زۆر جار بیرۆکەیەکی پۆزەتیڤیستیشە. لای هیگڵ فەلسەفە گەیشتووە لە کۆتایی، چونکە فەلسەفە لە کۆتاییدا دەتوانێت لەوە تێبگات کە مەعریفەی ڕەها چییە. بۆ مارکس  فەلسەفە بەو پێیەی لێکدانەوەیەکە بۆ جیهان، ئەگەر  گۆڕانکارییەکی کۆنکرێتی لە جیهاندا بێتە ئاراوە، دەکرێ [ئەو گۆڕانکارییە] جێگەی [فەلسەفە] بگرێتەوە. بۆ نیچە، ئەبستراکتی نەرێنی فەلسەفەی کۆن دەبێت لەناو ببرێت بۆ ئەوەی ژیانی ڕاستەقینەی ئازاد دووپات بکرێتەوە و “بەڵێ”یەکی گەورە! بەڕووی هەموو ئەو شتانەی کە هەن بوترێت، [ئیدی گەر ئەمەش هاتە دی فەلسەفەیەک بوونی نامێنێت]. بەنسبەت ڕەوتی شیکاری هەنووکەییەوە ڕستە میتافیزیکییەکان بێماناییەکی ڕووتن، و پێویستە لە بەرژەوەندیی ئارگیومێنتە ڕوونەکان و لەژێر پارادایمی لۆژیکی مۆدێرنە(Modern Logic) هەڵبوەشێنرێنەوە.

لە هەموو حاڵەتەکاندا دەبینین ڕاگەیاندنە گەورەکان سەبارەت بە مەرگی فەلسەفە بەگشتی و میتافیزیک بەتایبەتی، ڕەنگە باشترین ڕێگە بن بۆ وتنی <من فەیلەسووفێکی نوێم> بە ئەگەرێکی زۆرەوە کاتێک دەڵێم: فەلسەفە کۆتایی هات و فەلسەفە مرد، ئەمە کەرەستەیەکی زۆر باشە بۆ تێخزاندنی ڕەوتێکی نوێ یان ئامانجێکی نوێ بۆ ناو فەلسەفە. بۆیە پێشنیازی شتێکی تەواو نوێ دەکەم، فەلسەفە نا، بەڵکوو بیرکردنەوە! فەلسەفە نا، بەڵکوو هێزی ژیان! فەلسەفە نا، بەڵکوو زمانێکی ئەقڵانیی نوێ. فەلسەفەی کۆن نا، بەڵکوو فەلسەفە نوێیە تایبەتەکەی خۆم.

کەواتە ئەگەری هەیە گەشەکردنی فەلسەفە هەمیشە لە شێوەی قیامەت (هەستانەوە) بێت. فەلسەفەی کۆن وەک مرۆڤی کۆن مردووە، بەڵام ئەم مردنە لەڕاستیدا لەدایکبوونی مرۆڤی نوێ، و فەیلەسوفی نوێیە.

بەڵام وەک دەزانن پەیوەندییەکی نزیکایەتی لەنێوان هەستانەوە و نەمریدا هەیە. لەنێوان گەورەترین گۆڕانکاری کە دەتوانین بیری لێ بکەینەوە واتە گوڕان لە مردنەوە بۆ ژیان، و کامڵترین لەدەستچوونی گۆڕانکاری کە دەتوانین بیری لێ بکەینەوە کاتێک  لە نەشئەی ڕزگاریداین.

لەوانەیە دووبارەبوونەوەی پرسی کۆتایی میتافیزیک و پرسی  پەیوەندیدار بە سەرەتای بیرکردنەوەی نوێ، ئاماژەیەک بێت بۆ چەقبەستوویی فەلسەفە خۆی. ڕەنگە فەلسەفە ناچار بێت بەردەوامیی خۆی و سروشتە دووبارییەکەی بخزێنێتە فۆرمێکی دوالیزمی دراماتیکییەوە لەنێوان مردن و لەدایکبوونەوەدا.

لەم خاڵەدا دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ کارەکانی لویس ئاڵتۆسێر. چونکە ئاڵتۆسێر پێداگرە لەسەر ئەوەی فەلسەفە وابەستەی زانستە، هەروەها پێداگری لەسەر شتێکی دی زۆر سەیریش دەکات، ئەویش ئەوەیە: فەلسەفە بە هیچ شێوەیەک مێژووی نییە، فەلسەفە هەمیشە هەمان شتە. لەم حاڵەتەدا، کێشەی گەشەکردنی فەلسەفە کێشەیەکی ئاسانە: داهاتووی فەلسەفە ڕابردوویەتی.

ئەمە بە نوکتە دەچێت فەیلەسووفێکی مارکسیستی گەورە کە بە دوا بەرگریکار لە چەمکی کۆنی ئەکادیمیی فەلسەفەی نەمر یان فەلسەفەی ڕەسەن دادەنرێت، بێتو فەلسەفە وەک دووبارەکردنەوەیەکی ڕووتی هەمان شت دابنێت؛ فەلسەفە لە شێوازە نیچەییەکەیدا وەک گەڕانەوەیەکی هەمیشەییە بۆ هەمان شت.

بەڵام ئەو <هەمان شتە> چییە؟ ڕووی لێکچوونی ئەم <هەمان شتە> چییە کە بەردەوام بۆ چارەنووسی مێژووی فەلسەفە دەگەڕێتەوە؟  لەپشتی ئەم پرسیارە وتووێژێکی کۆن بەدی دەکەین لەمەڕ سروشتی ڕاستەقینەی فەلسەفە. بە شێوەیەکی گشتی دوو ڕەوت هەن:

 یەکەم، فەلسەفە لە بنەڕەتەوە مەعریفەیەکی گەڕاوەییە (reflexive)، زانینی حەقیقەتی بوارە تیۆرییەکانە، زانینی بەهاکانە لە بوارە پراکتیکییەکان، دەبێت [کەرەستەکانی] فێربوون ڕێک بخەین و زانراوەکان بگوازینەوە. فۆرمی گونجاوی فەلسەفە ئەوەیە لە شێوەی قوتابخانە بێت. فەیلەسووف پرۆفیسۆرە، وەک کانت، وەک هیگڵ، وەک هۆسرێل، وەک هایدیگەر و زۆر کەسی دیکە، بە خۆمەوە، کە لەژێر ناوی “پرۆفیسۆر بادیۆ” بانگم دەکەن و لەگەڵم دەدوێن.

ڕەوتی دووەم: فەلسەفە لەڕاستیدا مەعریفە نییە، نە تیۆرە و نە پراکتیکە، کورت دەبێتەوە بۆ گوێزەرەوەیەکی ڕاستەوخۆی بابەتێک، جۆرە ئاوەژووکردنەوەیەکی ڕادیکاڵانەیە، گۆڕینی سەرلەبەری ژیانە، بەم شێوەیە لە دەرئەنجامدا، فەلسەفە زۆر نزیکە لە [فۆرمی] ئایین، بەڵام بە ڕێگە و کەرەستەی ئەقڵانی. زۆر نزیکە لە خۆشەویستییەوە، بەڵام بەدەر لە  پاڵپشتییە توندوتیژیەکانی ئارەزوو. زۆر نزیکە لە بەژداریکردنی سیاسییەوە، بەڵام بەدەر لە کۆت و بەندەکانی ڕێکخراوەکان. زۆر نزیکە لە هێزی داهێنەرانەی هونەرەوە، بەڵام بەدەر لە کەرەستە ماتریاڵییەکانی هونەر. زۆر نزیکە لە زانینە زانستییەکانەوە، بەڵام بەدەر لە فۆرماڵیزمی ماتماتیکەوە. بەدەر لە دەستکەوتە ئەزموونی و تەکنیکییە فیزیکییەکان. بۆیە لای ئەم ڕەوتە، فەلسەفە زەرورەت نییە پرسێکی قوتابخانەیی و فێربوون و گواستنەوە و پرۆفیسۆری نییە، بەڵکوو دیالۆگێکی فرییە لە هەر کەسێکەوە بۆ هەموو کەسێک. هاوشیوەی سوکرات، لەسەر شەقامەکانی ئەسینا قسە بۆ گەنجەکان دەکات، وەک دیکارت، نامە بۆ شازادە ئەلیزابێس دەنووسێت. وەک ژان ژاک ڕۆسۆ و نووسینەوەی دانپێدانانەکانی. یان نیچە، یان ڕۆمان و شانۆکانی سارتەر، یان وەک خۆم نووسینی ڕۆمان و شانۆکان.

جیاوازییەکە ئەوەیە فەلسەفە چیدی زانینێک نییە، یان زانینی مەعریفەیەک نییە، بەڵکوو ئاکتە. دەکرێت بڵێین ئەوەی فەلسەفە دەناسێنێت، ڕێساکانی گوتارێک نین، بەڵکوو ساغبوونەوەیە لەسەر ئاکت. ئەمە ئەو ئاکتەیە کە دوژمنانی سوکرات ناویان لێ نابوو: <فاسدکردنی گەنجان>. وەک دەزانن بە هۆی ئەمەوە سوکرات سزای مەرگی بەسەردا سەپێنرا. بەڵام خۆ “فاسدکردنی گەنجان” لە کۆتاییدا ناوێکی خراپ نییە بۆ ئەو کارەی فەیلەسووف دەیکات، گەر بەباشی لە ئاکتی فەسادکردن تێبگەیت. فاسدکردن واتە فێرکردنی ڕەتکردنەوەی ملکەچبوونی کوێرانە بۆ ڕاوبۆچوونە باوەکان. فاسدکردن بریتییە لە پێدانی هەندێک ئامراز بە گەنجان بۆ گۆڕینی بیرکردنەوەیان لەمەڕ هەموو عورف و عادەتە کۆمەڵایەتییەکان. فاسدکردن واتە عادەت و تەقالیدەکان بگۆڕی بۆ دیالۆگ و ڕەخنەی ئەقڵانی. تەنانەت گەر هاتوو پرسەکە پەیوەست بوو بە پرەنسیپەکانشەوە، گۆڕینی ملکەچییە بۆ شۆڕش، ئەم شۆڕشە بەو ڕادەیەی دەرئەنجامی پرەنسیپ و ڕەخنەی ئەقڵانییە، دەرئەنجامی خۆبەخۆی و توندوتیژی نییە. لە هۆنراوەکانی شاعیری مەزن “ئارسەر ڕامبۆ” دەربڕینێکی سەیر و جوان بەدی دەکەین: <شۆڕشە لۆژیکییەکان>. ڕەنگە <شۆڕشە لۆژیکییەکان> پێناسەیەکی زۆر باش بێت بۆ ئاکتی فەلسەفی. بە ڕێکەوت نییە هاوڕێکەم، فەیلەسووفی زۆر باش <ژاک ڕانسێر> لە حەفتاکان گۆڤارێکی زۆر گرنگی دامەزراند، ناونیشانەکەی بە دیاریکراوی: “شۆڕشە لۆژیکییەکان” بوو.

بەڵام گەر جەوهەری فەلسەفە جەوهەرێکی چالاک بوایە، ئەوسا دەمانتوانی باشتر تێبگەین بۆچی لای “ئاڵتۆسێر” فەلسەفە مێژووی نییە. ئاڵتوسێر لە بەرهەمێکی خۆیدا دەیەوێت بڵێت: ئەرکی فەلسەفە پۆلێنکاری (division)کردنی ڕاوبۆچوونەکانە. بە شێوەیەکی وردتر،  پۆلێنکردنی بۆچوونەکانە سەبارەت بە زانینی زانستی، یان، بە شێوەیەکی گشتیتر، [پۆلێنکردنی] چالاکییە تیۆرییەکانە. چ جۆرە پۆلێنکردنێک؟ پۆلێنکردن و جیاکریکردن لەنێوان ماتریاڵیزم و ئایدیاڵیزمدا. چونکە ئاڵتۆسێر مارکسیست بووە، پێی وا بوو ماتریاڵیزم چوارچێوەیەکی شۆڕشگێڕانەیە بۆ چالاکییە تیۆرییەکان، ئایدیاڵیزمیش چوارچێوەیەکی کۆنەپارێزانەیە. بۆیە دوا پێناسەی ئەو ئەمە بوو: فەلسەفە هاوشێوەی ململانێیەکی سیاسی وایە لەنێو مەیدانی تیۆریدا.

بەڵام بەدەر لە دەرئەنجامگیرییە مارکسیستییەکە دەتوانین تێبینی دوو خاڵ بکەین:

یەکەم: ئاکتی فەلسەفی هەمیشە لە فۆرمی بڕیارێک، دابڕانێک، جیاکارییەکی ڕوون دێتە ئاراوە لەنێوان مەعریفە و بۆچوونەکان، لەنێوان بۆچوونە ڕاست و بۆچوونە درۆینییەکان، لەنێوان حەقیقەت و چەوتییەکاندا. لەنێوان چاکە و خراپەدا، لەنێوان دانایی و شێتیدا…، ئیدی بەو جۆرە.

دووەم: ئاکتی فەلسەفی هەمیشە ڕەهەندێکی دەستورمەند (normative)ی هەیە، و پۆلێنکارییەکەشی، پۆلێنکارییەکی هیرارکیەتییە. لە دیوە مارکیسییەکەوە <ماتریاڵیزم> تێرمێکی باشە و <ئایدیاڵیزم> تێرمێکی خراپە. بەڵام بە شێوەیەکی گشتگیرتر، وا دیارە پۆلێنکاریی لەنێوان چەمکەکان یان پۆلێنکاریی ئەزموونەکانی نێو واقیع، ڕەنگە هەمیشە ئاکتێک بوو بێت، هیرارکیەتێکی نوێی لەسەر گەنجەکان سەپاند بێت. بە شێوەیەکی نێگەتیڤانەش ( negatively). بۆیە دەرئەنجام ئاوەژووکردنەوەی سیستەمی باو یان هیرارکیەتە کۆنەکەی لێ دەکەوێتەوە.

کەواتە، بە شێوەیەکی کاریگەر شتێکی جێگیر و نەگۆڕمان لەناو فەلسەفە هەیە. شتێک وەک دووبارەبوونەوەیەکی ناچارەکی، یان وەک <گەڕانەوەیەکی هەمیشەیی بۆ هەمان شت>. کە دەتوانین بۆ ماترێکس کورتی بکەینەوە–کە بە هیچ جۆرێک پەیوەندیی بە زنجیرە فیلمە بەدناوەکەی ماترێکسەوە نییە-.

فەلسەفە بریتییە لە ئاکتی دووبارە ڕێکخستنەوەی سەرجەم ئەزموونە تیۆری و پراکتیکییەکان، لە ڕێگەی پێشنیازکردنی پۆلێنکارییەکی دەستورمەندی نوێوە، کە سیستەمی فیکریی باو سەراوژێر دەکات، و پاڵپشتی بەهای نوێ دەکات و بەها هاوبەشەکان تێدەپەڕێنێت. فۆرمی  هەموو ئەم [ئاکتانە] لێدوانێکی فرییە ڕووەوە هەموو کەسێک. بەڵام بەر لە هەمووان ڕووە گەنجەکانە، چوون فەیلەسووف دەزانێت گەنج دەبێت بڕیار لەسەر ژیانی بدات.  هەروەها زۆربەی کات ئامادەییەکی باشتری هەیە بۆ قبوڵکردنی مەترسییەکانی شۆڕشێکی لۆژیکی.

هەموو ئەمانە ڕوونی دەکەنەوە بۆچی فەلسەفە هەمیشە هەمان شتە. سروشتییە هەموو فەیلەسووفێک پێی وا بێت کارەکەی ئەو تەواو جیاواز و نوێیە، ئەمە سروشتێكی مرۆییە. ژمارەیەکی زۆری مێژوونووسانی فەلسەفە دابڕانێکی ڕەهایان هێناوەتە ئاراوە. بۆ نموونە: دوای “کانت” وترا ئیدی میتافیزیکی کلاسیکی ئەستەمە. دوای ڤتگنشتاین، وترا ئیدی ناکرێت لەبیری بکەین لێکۆڵێنەوە لە زمان جەوهەری فەلسەفەیە. بۆیە دەبینین وەرچەرخانی ئەقڵانی، وەرچەرخانی ڕەخنەیی و وەرچەرخانی زمانەوانیمان هەیە. بەڵام لەڕاستیدا، هیچ شتێک لەناو فەلسەفەدا بوونی نییە جارێکی دی بۆی نەگەڕێینەوە. وەرچەرخانی ڕەها بوونی نییە. فەیلەسووفانی ئەمڕۆکە دەتوانن لای <ئەفلاتۆن یان لایبنیتز> کۆمەڵێ خاڵی سەرنجڕاکێش وەدی بکەن، کە کاریگەرتر و چالاکترە لەو خاڵانەی لای هایدیگەر یان ڤتگنشتاین وەدی دەکرێت. چوون ماترێکسە تایبەتەکانیان زیاتر هاوشێوەی ماترێکسەکەی ئەفلاتۆن یان لایبنیتزە. ئەمە ڕاستییە، فەلسەفە تا ڕادەیەکی زۆر دووبارەکردنەوەی ئاکتەکانی خۆیەتی. ئەو لینکە ناوەکییە [هاوبەشەی] نێوان فەیلەسووفەکان ئەمە ڕوون دەکاتەوە، دۆلۆز لەگەڵ لایبنیتز و سپینۆزا. سارتەر لەگەڵ دیکارت و هیگڵ. میرلۆ-پۆنتی لەگەڵ برگسۆن. من خۆم لەگەڵ ئەفلاتۆن، لەگەڵ کانت و شیلینگ. سلاڤۆی ژیژەک لەگەڵ هیگڵ. ڕەنگە، دوای نزیکەی سێ هەزار ساڵ، هەمووان لەگەڵ هەمووان بن.

گەر بێتو ئاکتی فەلسەفی هەمان فۆرمی هەبێت، و گەڕانەوەی هەمان شت بێت. خۆ دەبێت گۆڕانی سیاقی مێژوویی لەبەرچاو بگرین، چونکە ئاکت لەژێر سایەی کۆمەڵێ هەلومەرجدا دەنوێنرێت. کاتێک فەیلەسووفێک پۆلێنکارییەکی نوێ و ڕیزبەندییەکی هیرارکیەتی نوێ بۆ ئەزموونەکانی سەردەمی خۆی پێشانیاز دەکات. بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، داهێناێکی فیکریی نوێ، حەقیقەتێکی نوێ، سەری هەڵداوە. چونکە لەڕاستیدا، دەبێت لە نیگای ئەو فەیلەسووفەدا گریمانەی [دەرکەوتنی] پاشهاتی ڕووداوێکی نوێ بکەین لە بارودۆخی فەلسەفەدا.

بۆ نموونە، ئەفلاتۆن پێشنیازی جیاکاری کرد لەنێوان هەست (حس) و ئەقڵ، لەژێر هەلومەرجی ئەندازیاری و تێگەیشتنی پۆست-فیساگۆرسی بۆ ژمارە و پێوانە. هیگڵ بە هۆی سەرنجڕاکێشیی مۆدێرنە و شۆڕشی فەرەنسییەوە، مێژوو و صەیرورەی لە کەوڵی ئایدیای ڕەهادا خستە ڕوو. نیچە بە هۆی کەشفکردنی میوزیکی ڕیچارد ڤاگنەرەوە، [توانیی] پەیوەندییەکی دیالێکتیکی لەنێوان تراژیدیای یۆنانی و لەدایکبوونی فەلسەفەدا پەرە پێ بدا لە کۆنتێکستێکی جەنجاڵی هەست و سۆزەکاندا.  هەروەها درێدا گۆڕانێکی خستە نێو ڕوانگە کلاسیکییەکە لەمەڕ پێکدژییە میتافیزیکییە سەختگیرەکان، تا ڕادەیەک بەشێکی ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گەشە و گرنگیپێدانە ڕوولەزیادبوونەی ڕەهەندی مێنەیی لە ئەزموونەکانی ئێمەدا.

لەبەر ئەمە دەتوانین باسی دووبارەبوونەوەیەکی داهێنەرانە بکەین. شتێک لە ژێستەکاندا (gesture) هەیە کە ناگۆڕێ.

هەر بۆیە دەتوانین باس لە دووبارەبوونەوەیەکی داهێنەرانە بکەین. شتێکی نەگۆڕ هەیە لە شێوەی ژێست (gesture)، ئەوەش پۆلێنکاریی ژێستەکانە. بە هۆی فشاری کۆمەڵێ ڕووداو و پاشهات، زەروورەتێک دێتە ئاراوە بۆ گۆڕینی هەندێک دیوی ژێستە فەلسەفییەکان. کەواتە فۆرمگەلێکی جیاجیامان هەیە بۆ فۆرمێکی تاقانە و تەنیا. لەبەر ئەم هۆکارەیە دان بە فەلسەفە و فەیلەسووفەکاندا دەنێین، وێڕای جیاوازییە گەورەکانیان و وێڕای ململانێیە توندوتیژییەکانیان. کانت دەڵێت: مێژووی فەلسەفە گۆڕەپانی شەڕە. بەڵێ وایە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دووبارەکردنەوەی هەمان شەڕە، لە هەمان گۆڕەپاندا. ڕەنگە وێنەیەکی میوزیکی یارمەتیدەر بێت، تا فەلسەفە لە فۆرمە کلاسیکییەکەی لە بابەت و گۆڕاوەکانی گەشە بکات.

بەڵام هەر یەک لەم بابەت و گۆاوانە، دوا بەدوای کۆمەڵێ ڕووداوی سیاسی و هونەری و زانستی و خۆشەویستی دێن، و زەروورەتی گۆڕان دەهێننە ئاراوە  بۆ هەمان بابەت. بۆیە ئێمەی فەیلەسووفان، لە شەودا کار دەکەین. هۆنراوەیەکی جوانی <والاس ستیڤنز>ـم بیر دەکەوێتەوە ناوی هۆنراوەکە <پیاوێک شتێکی هەڵگرتووە>. ستیڤنز دەنووسێت: <<دەبێت بە درێژایی شەو بەرگەی ئایدیاکانمان بگرین>>. بە داخەوە ئەمە چارەنووسی فەلسەفە و فەیلەسووفانە. ستیڤنز بەدەوام دەبێت و دەڵێت: <تا ئەو کاتەی ئەو ڕووناکییە بە ئاشکرا، بێجووڵە لەسەر مادە چەق دەبەستێت>. بەڵێ، ئێمەش باوەڕمان وایە ڕۆژێک دادێت، ئەو <ڕووناکییە بە ئاشکرا>> بێجووڵە دەوەستێت.

ئەو “ڕووناکییە ئاشکرایە” ئەم بیرۆکەیە وەک ئەستێرەیەکی جێگیر و وەستاو وەهایە لە ئاسمان ،<لەسەر مادە بێجووڵە>. ئەمەش کۆتا قۆناغی فەلسەفە، ئایدیای ڕەهایە، وەحی تەواوەتییە. بەڵام هەرگیز ئەمە ڕوو نادات، بەڵکوو پێچەوانەی ئەمە دەبێت، کاتێک شتێک لە حەقیقەتەکانی ژیانی ڕۆژ، ڕوو دەدات. دەبێت دووبارە ئاکتی فەلسەفی بنوێنینەوە، و جیاوازییەکی نوێ بخوڵقێنین.

کە وا بێت داهاتووی فەلسەفە، هاوشێوەی ڕابردووەکەیەتی، دووبارەبوونەوەیەکی داهێنەرانەیە ، دەبێت بۆ ئەبەد بەدرێژایی شەو بەرگەی ئایدیاکانمان بگرین.

فەیلەسووف سوودبەخشە، چونکە ئەرکی چاودێریکردنی حەقیقەتی سپێدەی لەسەرە، [ئەرکی] لێکدانەوەی  ئەم حەقیقەتە نوێیانە  دژ بە بۆچوونە کۆنەکانی لەسەرە. ئەگەر: «بێتو ناچار بین بەدرێژایی شەو بەرگەی ئایدیاکانمان بگرین»، ئەمە لەبەر ئەوەیە، کە دەبێت بە شێوەیەکی دروست گەنجەکان فاسد بکەین. کاتێک هەست دەکەین ڕووداوێک لە ڕووداوەکانی حەقیقەت بەردەوامێتیی ژیانی ئاسایی دەپچڕێنێت، دەبێت بە ئەوانی دیکە بڵێین: “هەستن! کاتی بیرکردنەوەی نوێ و نواندنی ئاکتە!” بەڵام لەپێناوی ئەمە دەبێ ئێمەش خۆمان بەئاگا بین. ئێمەی فەیلەسووفان، ڕێگەپێدراو نییە بخەوین. فەیلەسووف چاودێرێکی هەژاری شەوانە.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button