گۆشەی ئازد

زانکۆی ھەڵەبجە: ژێرپێنانی تەواوەتی ئازادیی ئەکادیمیا

‌مەریوان وریا قانیع

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر وا بڕیاربوو سیمینارێک لەسەر یەکسانی جێندەریی، کە بابەتەکەی ”کۆرسی پێگەیاندنی ژنانی سەرکردە” بووە، لە زانکۆی ھەڵەبجە ئەنجامبدرێت. بەڵام لەلایەن بڕێک لە خوێندکارانی زانکۆکەوە ڕێگری لێکراو نەیانھێشت سیمینارەکە ئەنجامبدرێت. ڕۆژی بەر لە گیرانی سیمینارەکە سایتی ”گەنجانی یەکگرتو” بە زمانێکی تەواو ترسناک و ھێرشبەر ھەواداران و قوتابیانی خاوەنی مەیلی ئیسلامیبوون ھاندەدات و دەوروژێنێت بۆئەوەی ڕێگری بکەن لە ئەنجامدانی سیمینارەکە. سایتی گەنجانی یەکگرتو دەنووسێت ”قوتابیانی زانکۆی ھەڵەبجە زۆر وریا و ھۆشیار بن، سبەینێ ھەمان ژەھر لە زانکۆکەتان دەڕژێنرێت، ئازایانە و دلێرانە و ڕۆشنبیرانە بەرپەرچی ئەم ژەھر خواردنە ببنەوە. ئێوە داھاتو پرشنگی نوێی نیشتیمانن، ئێوە بە ئامانج گیراون. سبەی ئەسپی شوناسی ئیسلامی تاو بدەن لە زانکۆ.”

ڕۆژی دواتر ئەو قوتابیانەی بەدەم ئەم داوایەوە دەچن ڕێگری دەکەن و ھەمان سایتی گەنجانی یەکگرتو دەستخۆشیان لێدەکەنو دەنووسن: ”كەسانێك هاتوون باسی مافی ئافرەتانمان بۆ ئەكەن ئافرەتیان كردوە بەكاڵا لەباڕ و  بڕاندە كانیان خزمەتیان پێ ئەكەن”، ”ئەیانەوێ خوشكانمان تێ بگەیەنن گوێڕایەڵی كردنی خێزان دواكەوتوویە”. لە درێژەی قسەکانیاندا دەنووسن ”ئیسلامیەكان باشترین فكرەكان كەسەكانی كۆمەڵگای ئیسلامی ئەهێنن بۆ كوردستان عەلمانیەكانیش كام فكرە ئەورووپیەی سوودی نەبێ كام كەسەی زۆر پووچە لەو كۆمەڵگایەی خۆراوا ئەوەمان بۆ ئەهێنن.” ئینجا دەنووسن ”خزمەتی مێردەكەت بكەی تۆ ئازادیت پێشێل كراوە بەس لەدەرەوە كام كارەی قورسە بیكەیت ئەوە ئازادیە.”. لە کۆتایشدا بەم شێوەیە دەستخۆشی لەو خوێندکارانە دەکەن کە ئەم ڕێگرییەیان کردوە: ””دەسیان خۆش بێت نمونەیان زیاد بێت خوندکارانی بەڕەوشتو داوێن پاک”

با واز لە ناوەرۆکی ئەو قسانە بھێنین کە پڕە لە توندوتیژیی ڕەمزیی، با وازیش لەو مەیلی خۆکردن بە کوێخای ئەخلاق و بە پاڵەوانی داوێنپاکییەش بھێنین کە سایتی گەنجانی یەکگرتو لەسەر خۆیانی تاپۆدەکەن. بەڵام ھێشتاکو ئەو وێنە شەیتانییە دەمێنێتەوە کە گەنجانی یەکگرتو بۆ کەسایەتی و بەشە عەلمانیەکەی کۆمەڵگای ئێمەی دروستیدەکەن. ئەگەر ئیسلامییەکان کەسانی بەڕەوشت و داوێنپاک بن، ئەوا پێچەوانەکەیان، کە عەلمانییەکانن، کەسانی خراپەکار و بەدڕەوشتن. ئەم کەلەپوری بەشەیتان و بەدڕەوشتکردنی کەسانی عەلمانیی و عەلمانیەت کەلەپورێکە لەسەردەمی ئەبو عەلای مەودودی پاکستانی و حەسەن بەنای میسرییەوە، تا سەر  کادرەکانی یەکگرتوی ئیسلامی، ئامادەیە و بەردەوام پەرەشی پێئەدرێت. دەڵێم با واز لەم ڕووە ناشیرینەی مەسەلەکە بھێنین کە ھی ئەوەیە یەکگرتوی ئیسلامی بەھۆیەوە بۆ بەردەمی دادگا ڕابکێشرێت. ئەوەی پێویستە لەسەری بوەستین، ئەوەی پێویستە  ھەموومان لەسەر بوەستین، ئەو پێشێلکردن و پەلاماردنە گەورەیەیە کە گەنجانی یەکگرتو و ئەوانەیش کە ڕێگریان لە ئەنجامدانی سیمینارەکە گرتوە، دەیەکە سەر دوو پرنسیپی ھەرەسەرەکیی کە سەرجەمی ژیانی ئەکادیمیی لە ھەموو جیھاندا لەسەر ڕاوەستاوە. ئەو دوو پرنسیپەش بریتین لە:

یەکەم: ئازادیی ئەکادیمیی

دووھەم: سەربەخۆبوونی ئەکادیمیی

ئازادیی ئەکادیمیی کۆڵەکەی ھەرەسەرەکیی و ھەرەبنەەتیی ژیانی ئەکادیمییە. لەڕێگای ئەم پرنسیپەوە مامۆستایان و توێژەرانی ناو زانکۆکان دەتوانن ئازادانە توێژینەوە زانستییەکانیان ئەنجامبدەن و دەرەنجامی ئەو تۆژینەوانەش چاپ و بڵاوبکەنەوە، ھاوکات دەتوانن ئازادانە وانەکانیان بڵێنەوە و لە چوارچێوەی زانکۆدا ئەو کۆڕ و سیمینارانە بگێڕن کە دەیانەوێت. ئەکادیمیان دەبێت بتوانن بابەتی توێژینەوەکانیان و پرسیاری تۆژینەوەکانیان و شێوازی ئەنجامدانی توێژینەوەکانیان خۆیان هەڵیبژێرن و ئازادانەش بۆچوونەکانیان لەگەڵیەکتردا باسبکەن، تەنانەت گەر ئەو بۆچوونانەش بەتەواوی نەخەمڵابن و ھێشتا سەرەتاییش بن. جگە لە ئازادیی ئەکادیمیی ئازادییەکی دیکەش لەناو زانکۆکاندا ھەیە کە ئازادی ڕادەربڕینە، ئەمەشیان مەرجێکی ھەرە گرنگیی پاراستنی ئازادیی ئەکادیمییە لەناو زانکۆ و دەزگا ئەکادیمییەکاندا. لە زاکۆدا توێژەرە و مامۆستاکان، بە حوکمی پێگە زانستییەکەیان، خاوەنی ئازادیی ئەکادیمین، بەڵام ئازادیی ڕادەربڕینیان ئازادیی ئەوانە وەک ھاوڵاتیی بەبێ بەستنەوەی ڕادەربڕینەکانیان بە پێگەی زانستیی ئەوانەوە. بەم مانایە لەناو زانکۆدا بەردەوام دووشێوە لە ئازادیی ھەیە و کاردەکات و بەسەریەکیشەوە زانکۆ وەک ڕووبەرێکی تایبەت لە شوێنەکانی تر جیادەکاتەوە. ئەوەی گەنجانی یەکگرتو و خوێندکارەکان ئەنجامیانداوە، ژێرپێنانێکی تەواوەتی ئەم دوو ئازادییە، کە نابێت بەھیچ شێوەیەک بێدەنگیی لێبکرێت.

ھەرچی مەرجی دووھەمە، واتە مەرجی سەربەخۆیی ئەکادیمیی، ئەمیشیان زیاد لە ڕەھەندێکی ھەیە. یەکەمیان ھێما بۆ سەربەخۆیی ئەکادیمییەکان دەکات لەو ئیدارەیەی لەناو زانکۆ ھەیە و زانکۆکە وەک دەزگایەکی بیرۆکراسیی بەڕێوەدەبات. دووھەمیان ھێما بۆ سەربەخۆیی زانکۆ لە حکومەت و ەسەڵاتاداران دەکات. لێرەدا سەربەخۆبوون پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە لایەنی دەرەکیی بۆیان نییە دەستبخەنە ناو ئەو بوارانەوە کە زانکۆ تۆژینەوەیان تیادا ئەنجامەئدات، بۆشیان نییە دەستبخەنە ناو وانەکانەوە، واتە دەستبخەنە ناو جۆری ئەو وانانەی دەگوترێنەوە و ئەم مەنھەج و تیورانەی بەکاردەھێنرێن. لە ڕاستیدا یەکێک لە ئەرکەکانی حکومەت ئەوەیە ئەم سەربەخۆییەی زانکۆکان دەستەبەربکات و بپارێزێت.

ئەوەی کۆمەڵێک لە قوتابیان لە ھەڵەبجە ئەنجامیاندا پێشێلکردنی تەواوەتی ئەم پرنسیپە بنەڕەتییە و سەپاندنی ڕا و بۆچون و عەقڵەیتی گەنجانی یەکگرتوە بەسەر زانکۆکەدا.

ئەوەی ڕوویدا ھێرشێکی بەرچاو و بێشەرمانەیە بۆەسەر ھەردوو ئەو پرنسیپە سەرەکییە کە ژیانی ئەکادیمیی لەسەر بەندە. بێدەنگبوون لەم مەسەلەیە تاوانێکی گەورەیە بەرامبەر بە ژیانی ئەکادیمیی.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

ئەمەش ببینە
Close
Back to top button