گۆشه‌ی ئازاد

که‌ته‌لۆنیا و کوردستان له‌ پایزێکی گه‌رمدا

عه‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د

له‌ ماوه‌ی 171 ساڵی رابردوودا، له‌ جیهان 108 ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی به‌ فه‌رمی و نافه‌رمی به‌ ریفراندۆمه‌که‌ی ساڵی 2005ی کوردستانیشه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌، چاوه‌ڕوان ده‌کرێت یه‌که‌م هه‌فته‌ی پایزی گه‌رمی ئه‌مساڵیش دوو ریفراندۆمی پڕ له‌ کێشه ‌و چون یه‌ک و نزیک له‌ یه‌ک له‌ کات و هه‌ڵوێستی نێوده‌وڵه‌تی و دابه‌شبوونی به‌ره‌کان له‌ کوردستان و که‌ته‌لۆنیا ئه‌نجام بدرێت، که‌ته‌لۆنییه‌کان ده‌یانه‌وێت به‌ کۆماری سه‌ربه‌خۆوه‌ بچنه‌ ناو ساڵی 2018 ه‌وه‌، وه‌لێ ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان کاتی راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی کوردستان و شێوازی ده‌سه‌ڵاتداریه‌تییه‌که‌یان تا ئێستا رانه‌گه‌یاندووه‌، نازانین به‌ چ جۆره‌ که‌شتییه‌ک ده‌مانبه‌نه‌ جیهانی سه‌ربه‌خۆییه‌وه‌.

خه‌ریکه‌ به‌ تێپه‌ڕبوونی کات، چه‌مکی ریفراندۆم جێگای خه‌باتی چه‌کداری له‌ جیهاندا بۆ رزگاری و سه‌ربه‌خۆیی بگرێته‌وه‌، رۆژ به‌ رۆژیش ئه‌م چه‌مکه‌ زیاتر شوێن پێی خۆی نه‌ک بۆ سه‌ربه‌خۆیی بگره‌ بۆ سه‌رجه‌م خواسته‌کانی مرۆڤایه‌تی بکاته‌وه‌، ئه‌مڕۆ له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهان سه‌دان پارتی سیاسی له‌ ده‌یان وڵات کار بۆ چه‌سپاندنی دیموکراسی راسته‌وخۆ ده‌که‌ن له‌ بری دیموکراسی نوێنه‌رایه‌تی مردوو که‌ نه‌یتوانیوه‌ چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی مرۆڤ بکات، ریفراندۆم یه‌کێک له‌ پایه‌ گرنگه‌کانیه‌تی، مه‌سه‌له‌ی ریفراندۆم نه‌ک ته‌نها بۆته‌ باو له‌و وڵاتانه‌ی ته‌نگه‌ژه‌ی ئابوری و سیاسیان هه‌یه‌ و له‌ رووی پێکهاته‌یی ئاینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ فره‌یین، به‌ڵکه‌ چه‌ندین هه‌رێمی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکاش هه‌ر له‌ کالیفۆرنیاوه‌ بگره‌ تا بۆرتریکۆ تازه‌ترینیشیان دورگه‌ی گوامییه‌ داوای ریفراندۆم ده‌که‌ن بۆ جیابوونه‌وه ‌و سه‌ربه‌خۆیی، هه‌ندێکیان به‌هۆی ده‌وڵه‌مه‌ندی و هه‌ندێکی تر‌شیان به‌هۆی په‌راوێزخستن و داگیرکارییه‌وه‌یه‌، که‌واته‌ تا دێت خواستی سیاسی له‌سه‌ر کاڵای ریفراندۆم زیاد ده‌کات و گه‌رده‌لولی ریفراندۆم ره‌شماڵی سایکیس بیکۆکانی رابردوو راده‌ماڵێت و له‌ رووی سیاسیشه‌وه‌ دیموکراسی راسته‌وخۆ په‌لاماری دیموکراسی نوێنه‌رایه‌تی ده‌دات، که‌ به‌م گه‌ڕ و گولییه‌ی ئێستای ناتوانێت وه‌ڵام به‌ خواسته‌کانی مرۆڤایه‌تی بداته‌وه‌.

 

ریفراندۆمی که‌ته‌لۆنیا

بڕیاره‌ یه‌کی ئۆکتۆبه‌ر که‌ته‌لۆنییه‌کان ((که‌ته‌لۆنیا یه‌کێکه‌ له‌ هه‌رێمه‌کانی ئیسپانیا، رووپێوه‌که‌ی 32،106 کیلۆمه‌تر دووجاره ‌و ژماره‌ی دانیشتوانیشی 7،539،618 که‌سه‌ له‌وانه‌ 1104782 که‌سیان بێگانه‌ن که‌ ده‌کاته‌ نزیک 15%، کۆی به‌رهه‌می نه‌ته‌وه‌یی له‌ ساڵی 2012 255،204 ملیار دۆلاره‌، قه‌باره‌ی ئابورییه‌که‌ی هاوتایه‌ به‌ ئابوری پاکستان و کۆڵۆمبیا،  داهاتی تاکی 33،580 دۆلاره‌ له‌ ساڵێکدا)) بچنه‌ سه‌ر سندوقه‌کانی ده‌نگدان و له‌ راپرسیه‌کدا ده‌نگ به‌ سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمه‌که‌یان یاخود مانه‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ئیسپانیا بده‌ن، که‌ هه‌ر سێ پارتی که‌ته‌لۆنی (چه‌پی کۆماری که‌ته‌لۆنی Esquerra Republicana de Catalunya (ERC)، نزیکایه‌تی  دیموکراتی که‌ته‌لۆنی (راست) Democratic Convergence of Catalonia (CDC)(17-11-1974دامه‌زراوه‌)، پارتی چه‌پگه‌رای کوبPopular Unity Candidacy (CUP) بڕیاریان له‌سه‌ر داوه‌ له‌ په‌رله‌مانی هه‌رێمه‌که‌یانه‌وه‌ به‌ زۆرینه‌ی 72 ده‌نگ له‌ کۆی 135 کورسی په‌رله‌مانی هه‌رێمه‌که‌، به‌ پاڵپشتی کۆمه‌ڵێک پارت و گروپی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان که‌ زۆریان گروپی چه‌پگه‌رای ده‌سته‌بژێری بچوکن، له‌ به‌رامبه‌ردا پارتی گه‌لی ده‌سه‌ڵاتدار (راستی پارێزگار) و سۆسیالست و پارتی راستگه‌رای سیودانۆس به‌ توندی دژی ریفراندۆمه‌که‌ن، له‌م نێوه‌دا لیستی پێکه‌وه‌ ده‌توانین پۆدیمۆس-شیوعی پشتیوانی له‌ پرۆسه‌ی ریفراندۆم ده‌که‌ن و به‌ پرۆسه‌یه‌کی دیموکراسی ده‌زانن وه‌ک تاکه‌ پارتی نیشتمانی ناو په‌رله‌مان، وه‌لێ به‌شێکیان له‌ گه‌ڵ راگه‌یاندنی ده‌ستبه‌جێی سه‌ربه‌خۆیی نین و پێیان وایه‌ پێویسته‌ ده‌ستوری وڵات بۆ ئه‌وکاره‌ هه‌موار بکرێته‌وه‌، ئه‌ویش پێویستی به‌ سێ له‌سه‌ر چواری کورسییه‌کانی په‌رله‌مانه‌ بۆیه‌ محاڵه‌ به‌م نه‌خشه‌ سیاسییه‌ی ئێستاوه‌ بێته‌ دی.

بڕیار وایه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی ئه‌م مانگه‌ په‌رله‌مانی که‌ته‌لۆنیا هه‌ردوو یاسای راپرسی و پرۆژه‌ی یاسای راپرسی بۆ مافی چاره‌ی خۆنوسین په‌سه‌ند بکه‌ن:

لێره‌دا ئه‌وانه‌ی دژ به‌ سه‌ربه‌خۆین به‌شداری ده‌نگدانه‌که‌ ناکه‌ن و ئه‌نجامدانی ریفراندۆمه‌که‌ به‌ نایاسایی ده‌زانن.

" https://drive.google.com/file/d/0Bxrh_sv1paPsdFNiRDhrSndvTTA/view"

حکومه‌تی ئیسپانی بڕیاری داوه‌، ئه‌وه‌ی به‌شداری پرۆسه‌که‌ بکات به‌هه‌ر شێوه‌یه‌که‌، بانگه‌شه‌کردن و روواندنی مامه‌ڵه‌،ده‌نگدان و بڕیاردان، له‌ هه‌موو شوێنه‌ گشتییه‌ حکومییه‌کان سزا بدات و له‌کاره‌کانیان دووریانبخاته‌وه‌، هاوکات هه‌ڕه‌شه‌ی راگرتنی بودجه‌شی له‌ هه‌رێمه‌که‌ کرد و کار گه‌یشته‌ سه‌ر په‌لاماری سه‌ربازیش، وه‌زیری به‌رگری ئیسپانیا دولوربس دی کۆزبیدال داوای له‌ سه‌رکرده‌ سه‌ربازییه‌کان کرد سه‌لامه‌تی و یه‌کپارچه‌یی ئیسپانیا بپارێزن، ئه‌مه‌ش بۆ خۆی هه‌ڕه‌شه‌ی داگیرکردنی سه‌ربازی و گه‌ڕانه‌وه‌ بوو بۆ سه‌رده‌می دکتاتۆری فرانکۆ(1936-1975) له‌ به‌رگی دیموکراسیدا، دوای په‌لاماره‌ تیرۆریستییه‌که‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ وه‌زیری به‌رگری ئیسپانی رایگه‌یاند ئێستا ئه‌وان له‌ ئینزاری چواردان، یه‌ک هه‌نگاو ماوه‌ بۆ ئینزاری 5 تا ببێته‌ حوکمی عورفی له‌ وڵات، له‌ دوای سه‌رده‌می جه‌نه‌راڵ فرانسیسکۆ فرانکۆوه‌ یه‌که‌مجاره‌ سوپا به‌و شێوه‌یه‌ دابه‌ش بکرێت، ته‌نانه‌ت له‌ 11ی ئازاری ساڵی 2004 دا که‌ قاعیده‌ ته‌قینه‌وه‌ خوێناوییه‌کانی مه‌دریدی ئه‌نجامدا که‌ 191 که‌س بوونه‌ قوربانی و 1755 که‌سیش بریندار بوون، له‌ هه‌شتاکانیش که‌ سوپای ئیتای باسکی 425 که‌سی له‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌کدا کوشت، که‌چی له‌وکاتانه‌ حوکمی عورفی و هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ربازی نه‌کراوه‌، ئێستا به‌ به‌هانه‌ی شه‌ڕی تیرۆره‌وه‌ ده‌یانه‌وێت شه‌ڕی که‌ته‌لۆنییه‌کان بکه‌ن، رۆژنامه‌ی بایسی نزیک له‌ سۆسیالسته‌کان داوای له‌ که‌ته‌لۆنییه‌کان کرد واز له‌ ریفراندۆم بهێنن به‌هۆی مه‌ترسییه‌کانه‌وه‌، ئه‌مه‌ هه‌ڵوێستی سۆسیالسته‌ ئۆپۆزسیۆنه‌کان بێت ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتداره‌ راستگه‌راکه‌ی وڵات چی بڵێن؟، چاودێران پێیان وایه‌ شۆفینیه‌تی حکومه‌ت که‌ ده‌ربڕی شۆفینیه‌تی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌سته‌ له‌ دوای ده‌سه‌ڵاتی فرانکۆوه‌ گه‌یشتۆته‌ پۆپه‌.

جگه‌ له‌وه‌ی حکومه‌ت هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئه‌نجامدانی ریفراندۆمه‌که‌ی 1ی ئۆکتۆبه‌ر ده‌کات، هاوکات له‌ 6ی شوبات ئه‌رتۆر ماس و جوانا ئۆرتیغا دادگایی کران له‌سه‌ر ریفراندۆمه‌ شکستخواردووه‌که‌ی ساڵی 2014، له‌ مانگی ئازار له‌ ئه‌رتۆر ماس قه‌ده‌غه‌ کرا بۆ ماوه‌ی 2 ساڵ له‌ وه‌رگرتنی کاری گشتی (حکومی) دوور خرایه‌وه ‌و سزای 36500 ئیرۆش درا.

 

ریال و به‌رشه‌

ململانێی ریال و به‌رشه‌لۆنه‌، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ململانێی هه‌ردوو پایته‌خته‌،روحی ململانێی ئیسپان و که‌ته‌لۆنیایه‌، ئه‌م ململانێ 303 ساڵیه‌ له‌ 11ی ئه‌یلولی 1714ه‌وه‌ تا هه‌نووکه‌ به‌رده‌وامه‌، له‌و رۆژه‌وه‌ی که‌ته‌لۆنیا ئاڵاکه‌ی هێنرایه‌ خواره‌وه‌ له‌سه‌رده‌می فلیپی پێنج خرایه‌ سه‌ر ئیسپانیا و کۆتایی به‌ سه‌ربه‌خۆیه‌که‌ی هێنرا ده‌ستیپێکردوه‌، که‌ته‌لۆنییه‌کان ئه‌و رۆژه‌ له‌ بیر ناکه‌ن و هه‌ر بۆیه‌شه‌ 11 ی سه‌پته‌مبه‌ر به‌ رۆژی سه‌ربه‌خۆیی ده‌زانن.

له‌ 14ی نیسانی 1931 دا کۆماری که‌ته‌لۆنیا تاک لایه‌نه‌ راگه‌یه‌نرا فرانسیسک ماکیا که‌سایه‌تی سه‌ربه‌خۆی چه‌پ له‌ ساڵی 1931 له‌ لایه‌ن په‌رله‌مان و حکومه‌ت و دادگای لێپێچینه‌وه‌ی که‌ته‌لۆنیا دیاری کرا به‌ یه‌که‌م سه‌رۆکی وڵات له‌ دوای 214 ساڵ داگیرکاری،له‌ ساڵی 1932 له‌ دوای به‌ ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی به‌ره‌ی گه‌ل (سۆسیالست-شیوعی) له‌ ئیسپانیا، که‌ته‌لۆنییه‌کان به‌ فه‌رمی  ئۆتۆنۆمیان وه‌رگرت و زمانی که‌ته‌لۆنیش بووه‌ زمانی فه‌رمی وڵات.

وه‌لێ زۆری نه‌خایاند کاتێک سه‌رۆکی فاشیستی ئیسپانیا جه‌نه‌راڵ فرانسیس فرانکۆ کوده‌تای کرد له‌ 8ی ئابی 1936، حکومه‌ته‌ چه‌پگه‌را خاوه‌ند ئۆتۆنۆمییه‌که‌ی که‌ته‌لۆنیای هه‌ڵوه‌شانده‌وه ‌و زمانه‌که‌شیانی قه‌ده‌غه‌ کرد، جوسیب سۆنال سه‌رۆکی یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ی ده‌ستگیر کرد و ئیعدامی کرد، دوای فرانکۆ و گه‌ڕانه‌وه‌ی سسته‌می پاشایه‌تی بۆ وڵات له‌ ساڵی 1975 دا، له‌ راپرسی ساڵی 1978 دا، 90%ی که‌ته‌لۆنییه‌کان ده‌نگیان به‌ ده‌ستوری دیموکراتی ئیسپانیا دا، که‌ دان به‌ ئۆتۆنۆمی بۆ نه‌ته‌وه‌کان و هه‌رێمه‌کان ده‌نێت له‌ ناویاندا که‌ته‌لۆنیا له‌ چوارچێوه‌ی یه‌کێتی خاکی ئیسپانیا، ئێستا که‌ته‌لۆنییه‌کان باجی ئه‌م ده‌نگدانه‌ ده‌ده‌نه‌وه‌.

 ململانێ سیاسییه‌کان نێوان به‌رشه‌لۆنه‌ی داگیرکراو و ریالی داگیرکه‌ر له‌ ناو یاریگاکانی تۆپی پێ ره‌نگی دایه‌وه‌ تا گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی له‌ ساڵی 1943 دا فرانکۆ هه‌ڕه‌شه‌ی توندی له‌ به‌رشه‌لۆنه‌ کرد که‌ نابێت بیباته‌وه‌، هاوکات فرانکۆ هه‌ڵدانی ئاڵای یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ی قه‌ده‌غه‌ کرد، وای لێهات به‌رشه‌ییه‌کان ده‌سته‌سڕی سپییان له‌ جیاتی ئاڵاکه‌یان به‌رز ده‌کرده‌وه‌ له‌ کاتی یارییه‌کانیاندا، به‌م جۆره‌ چیرۆکی داگیرکردن و ژێر ده‌سته‌یی گه‌لێک له‌ یانه‌یه‌کی وه‌رزشدا ره‌نگی دایه‌وه‌، یاری یاری خۆیکرد بۆ سه‌ربه‌خۆیی. ئێستا له‌ 1ی ئۆکتۆبه‌ر له‌ دوا یاری سیاسی به‌رشه ‌و ریال ده‌بێت کێیان بیبه‌نه‌وه‌؟، تۆپ له‌ گۆڕه‌پانی به‌رشه‌ییه‌کانه‌وه‌ دوا کاس له‌ ریال ببه‌نه‌وه‌.

 

چوونه‌وه‌ به‌ره‌و ریفراندۆم له‌ پێناو سه‌ربه‌خۆیی

که‌ته‌لۆنییه‌کان به‌وه‌ ناسراون له‌ ناوچه‌کانی دیکه‌ی ئیسپانیا رادیکاڵتر و چه‌پترن، خواستیان ئه‌وه‌یه‌ له‌ سسته‌می پاشایه‌تییه‌وه‌ بگۆڕێن بۆ سسته‌می کۆماری، به‌ پێچه‌وانه‌ی سکۆتله‌ندییه‌کان خواستاری مانه‌وه‌ن له‌ سسته‌می پاشایه‌تی، له‌ هه‌مان کاتدا بزووتنه‌وه‌ مه‌تڵه‌بییه‌کانی کرێکاران و خه‌ڵک له‌م هه‌رێمه‌ به‌هێزه‌.

له‌م خوله‌ی تێکۆشان بۆ سه‌ربه‌خۆیی، له‌ ساڵی 2009 ه‌وه‌ که‌ته‌لۆنییه‌کان خه‌ریکی راهێنانن له‌سه‌ر ریفراندۆم له‌پێناو سه‌ربه‌خۆیی، له‌ نێوان ساڵانی 2009 بۆ ساڵی 2011، ریفراندۆمی نا فه‌رمی له‌ 550 شاری که‌ته‌لۆنیا له‌ کۆی 947 شاره‌وانی هه‌رێمه‌که‌ ئه‌نجامدران وه‌ک راهێنان و ئه‌زمونێک بۆ پرۆسه‌ گه‌وره‌که‌، ریفراندۆمی نا فه‌رمی رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و ده‌ستبژێره‌کان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن فه‌رمی نییه‌، ته‌نها ئه‌زمون و راهێنان و تاقیکردنه‌وه‌یه‌ بۆ ریفراندۆمی فه‌رمی، که‌ حکومه‌ت پێی هه‌ڵدستێت، ده‌توانین بڵێین راپرسییه‌کی پێشوه‌خت و راهێنانه‌ بۆ ئه‌زموونی ریفراندۆمی فه‌رمی.

په‌رله‌مانی که‌ته‌لۆنیا بۆ یه‌که‌مجار له‌ 23ی کانونی دووه‌می ساڵی 2013 ه‌دا به‌ زۆرینه‌ی 84 ده‌نگ له‌ کۆی 135 کورسی په‌رله‌مانی هه‌رێمه‌که‌ ((Convergence and Union (CiU)50 کورسی، Republican Left of Catalonia–Catalonia Yes (ERC–CatSí)21 کورسی Initiative for Catalonia Greens–United and Alternative Left (ICV–EUiA)10 کورسی، Popular Unity Candidacy–Left Alternative (CUP)3 کورسی))، بڕیاری له‌ سه‌ر به‌ڵگه‌نامه‌ی مافی بڕیاردانی چاره‌نووس له‌ رێگای ریفراندۆمه‌وه‌ی دا بۆ که‌ته‌لۆنیا، به‌م شێوه‌یه‌ چه‌پ و راست، کۆنزه‌رڤاتیف و شیوعی، ژینگه‌پارێز و پێشکه‌وتنخوازانی پارته‌ که‌ته‌لۆنییه‌کان له‌ پێناو سه‌رخستنی پرۆسه‌که‌ رێک که‌وتن و یه‌کیان گرت ،له‌و ژماره‌یه‌ ته‌نها 21 دژ بوو، 25یان به‌شداری ده‌نگدانه‌که‌یان نه‌کرد، دوای ده‌نگدانه‌که‌ی په‌رله‌مانی که‌ته‌لۆنیا، ئه‌رتۆر ماس سه‌رۆک وه‌زیرانی راستگه‌رای کۆنزه‌رڤاتیفی هه‌رێمه‌که‌ بڕیاری ریفراندۆمی دا، 920 شاره‌وانی له‌ کۆی 947 شاره‌وانی پشتیوانی راپرسییان کرد. دوای 20 رۆژ له‌ بڕیاری په‌رله‌مانی هه‌رێمه‌که‌، هاووڵاتیان چوونه‌ سه‌ر سندوقه‌کانی ده‌نگدان.

له‌ راپرسییه‌که‌ 2،305،290که‌س له‌ کۆی 6،3 ملیۆن ده‌نگده‌ر به‌شدارییان کرد، به‌ پێی رۆژنامه‌ی بایسی ئیسپانی رێژه‌که‌ ده‌یکرده‌ 37%ی ده‌نگده‌رانی که‌ته‌لۆنیا،لێ به‌ پێی ئاماری حکومه‌تی که‌ته‌لۆنیش بێت رێژه‌که‌ ده‌یکرده‌ 41،6%ی ده‌نگده‌ران، له‌ سه‌رتاسه‌ری  که‌ته‌لۆنیا، به‌ڵێ بۆ سه‌ربه‌خۆیی 84،67% ی ده‌نگه‌کانی هێنایه‌وه‌، که‌ ده‌یکرده‌ 2198707 که‌س، له‌ شاری به‌رشه‌لۆنه‌ی پایته‌خت رێژه‌که‌ دابه‌زی بۆ 80،435% ی ده‌نگده‌ران، به‌شێوه‌ی گشتی ده‌نگی به‌ڵێ له‌ لادێکان رێژه‌که‌ی زیاتر بوو له‌ شاره‌کان.

به‌هۆی ئه‌وه‌ی رێژه‌ی به‌شداربووان که‌متر بوو له‌ نیوه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆی بایکۆتکردنی له‌لایه‌ن پارته‌ نه‌یاره‌کانی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمه‌که‌وه‌، بۆیه‌ راپرسیه‌که‌ له‌ دوا ئه‌نجامدا شکستی هێنا، له‌ کاتێکدا له‌ هه‌ردوو هه‌ڵبژاردنی پێش راپرسییه‌که ‌و دوای راپرسییه‌که‌ی هه‌رێمه‌که‌ ژماره‌ی ده‌نگده‌ران 3،668،310، 4،130،196 بوو، سه‌رباری ئه‌وه‌ی له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا په‌نابه‌ران و هه‌ڵنه‌گرانی ناسنامه‌ی ئیسپانی مافی ده‌نگدانیان نییه‌، وه‌لێ له‌ راپرسییه‌که‌ مافی ده‌نگدانیان بوو، دوای شکسته‌که‌ ئه‌رتۆر ماس سه‌ره‌ک وه‌زیرانی که‌ته‌لۆنیا وتی " وانه‌یه‌که‌ بۆ دیموکراسی"، راخۆی سه‌ره‌ک وه‌زیرانی راستگه‌رای ئیسپانیاش وتی شکستێکی قوڵه‌، هه‌رچه‌نده‌ پێشتر دانیان نه‌نا به‌ ریفراندۆمه‌که‌، وه‌لێ له‌ کۆتادا ئه‌نجامه‌که‌یان قۆزته‌وه ‌و نه‌یانتوانی بێده‌نگی لێبکه‌ن و هه‌ناسه‌ی خۆشیان له‌به‌رده‌م ئه‌نجامه‌که‌ی هه‌ڵکێشا.

له‌ ناوخۆی ئیسپانیا،پارتی گه‌لی راستگه‌رای ده‌سه‌ڵاتدار که‌ له‌و خوله‌ی په‌رله‌ماندا خاوه‌ند 186 کورسی بوو، به‌ توندی دژ به‌ ریفراندۆمه‌که‌ بوو، پارتی سۆسیالست –ئۆپۆزسیۆن "چه‌پی ناوه‌ند" خاوه‌ند 110 کورسی و دژ به‌ ریفراندۆمه‌که‌ بوو، چه‌پی یه‌کگرتوو (شیوعی –سه‌وز) 11 خاوه‌ند کورسی له‌گه‌ڵ راپرسییه‌که‌دا بوو،پارتی نه‌ته‌وه‌یی باسکه‌کان خاوه‌ند 7 کورسی پشتیوانی سه‌ربه‌خۆیی که‌ته‌لۆنییه‌کان بوون، به‌شێوه‌ی گشتی سه‌رجه‌م پارته‌ چه‌پ و پارته‌ هه‌رێمییه‌کانی باسک، بلنسیه‌، جالیکی و ئه‌نده‌لوسی پشتیوانی سه‌ربه‌خۆیی که‌ته‌لۆنییه‌کان بوون، به‌مه‌ش هێزه‌ سیاسییه‌کان بوونه‌ دوو به‌ره‌ی لایه‌نگر و نه‌یار، وه‌لێ پارسه‌نگ به‌لای هێزه‌کانی دژدا ده‌شکایه‌وه‌.

دوای شکستی راپڕسییه‌که‌ دوو هه‌ڵبژاردن (ئیسپانی و که‌ته‌لۆنی) ئه‌نجامدرا(له‌ 26ی ئۆکتۆبه‌ری 2015 هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی که‌ته‌لۆنیا، 18ی یۆنی په‌رله‌مانی ئیسپانیا له‌ 20ی دیسه‌مبه‌ری 2015 و 26ی یۆنی 2016) و پارسه‌نگی هێزه‌کانی گۆڕی، له‌ ناوخۆی که‌ته‌لۆنیا سه‌ربه‌خۆخوازه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کان که‌ به‌ لیستی پێکه‌وه‌ به‌ره‌و به‌ڵێ (Convergence and Union (CiU) ) به‌ژدار بوون (( لیسته‌که‌ له‌ چوار پارتی سیاسی که‌ته‌لۆنی پێک هات که‌ بریتین له‌ : Democratic Convergence of Catalonia (CDC) 41%، Esquerra Republicana de Catalunya (ERC) 27%، Democrats of Catalonia (DC) 5%، Moviment d'Esquerres (MES) 3%، Independents24% )، هه‌رچه‌نده‌ هاوپه‌یمانیان دروست کرد و ژماره‌یه‌کی زۆر خه‌ڵکی نا حیزبیان هێنایه‌ ناو لیسته‌که‌یانه‌وه‌، وه‌لێ ژماره‌که‌ی کورسییه‌کانیان له‌ 71 کورسییه‌وه‌ بۆ 62 کورسی دابه‌زی، هاوکات ده‌نگه‌کانیشیان 4،82% دابه‌زی، له‌ به‌رامبه‌ردا دوو پارتی نه‌یاری راستی توند و چه‌پی رادیکاڵی توندی لایه‌نگری سه‌ربه‌خۆیی ده‌نگه‌کانیان سه‌رکه‌وت، ئه‌وانیش پارتی هاووڵاتیانی راستگه‌رای نه‌یار Citizens–Party of the Citizenry (C's)ژماره‌ی کورسییه‌کانی له‌ 9 کورسییه‌وه‌ بۆ 25 کورسی به‌رز بووه‌وه‌ رێژه‌ی ده‌نگه‌کانیشی 10،33% چووه‌ سه‌ر، هاوکات پارتی چه‌پگه‌رای کوپ لایه‌نگری توندی سه‌ربه‌خۆیی ژماره‌ی کورسییه‌کانی له‌ 3 کورسییه‌وه‌ بۆ 10 کورسی به‌رز بوه‌وه‌،رێژه‌ی ده‌نگه‌کانیشی 4،73% به‌رز بووه‌وه‌.

له‌سه‌ر ئاستی ئیسپانیاش هه‌ردوو پارتی گه‌ل و سۆسیالست ژماره‌ی کورسییه‌کانیان دابه‌زی (پارتی گه‌لی ده‌سه‌ڵاتداری راست 49 کورسی و سۆسیالست 25 کورسیان له‌ ده‌ستدا) و دوو هێزی دیکه‌ به‌ناوی پۆدیمۆس چه‌پ و سیودانۆس راست هاتنه‌ پێشه‌وه‌، که‌ یه‌که‌میان پشتیوانی پرۆسه‌ی ریفراندۆم ده‌کات، بۆخۆشی له‌سه‌ر بنچینه‌ی کۆبوونه‌وه‌ی گشتی (دیموکراسی راسته‌وخۆ) بڕیاره‌کانی ده‌دا و کۆنگره‌کانی ده‌به‌ستێت، دووه‌میشیان سه‌رسه‌ختانه‌ دژه‌، هاوکات پارتی چه‌پی کۆماری که‌ته‌لۆنیش به‌ هێنانی 9 کورسی که‌وته‌ پێش پارتی نزیکایه‌تی دیموکراسی که‌ته‌لۆنی راستگه‌راوه‌ که‌ 8 کورسی هێنایه‌وه‌).

له‌ 9ی نۆڤه‌مبه‌ری 2015، په‌رله‌مانی هه‌رێمی که‌ته‌لۆنیا به‌ زۆرینه‌ی 72 ده‌نگ له‌ کۆی 135 کورسی په‌رله‌مانی که‌ته‌لۆنیا، نه‌خشه‌ رێگای سه‌ربه‌خۆیی که‌ته‌لۆنیای بۆ ساڵی 2017 په‌سه‌ندکرد وه‌ک له‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا په‌یمان درابوو، به‌مه‌ش ئه‌نجامدانی ریفراندۆم و راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی بووه‌ کاری یه‌که‌می حکومه‌تی که‌ته‌لۆنی.

دوای 3 مانگ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کان، دوای ململانێیه‌کی توند، ده‌نگنه‌دانی کوپ به‌ ماس وه‌ک سه‌ره‌ک وه‌زیران به‌هۆی سیاسه‌تی ته‌قه‌شوفی ئابوری پیاده‌ کراو له‌سه‌رده‌می ئه‌و، مه‌ترسی ئه‌نجامدانه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن و پێک نه‌هێنانی حکومه‌ت بووه‌ رۆژه‌ف، به‌هۆی ئه‌وه‌ی 10 کورسییه‌که‌ی کوپ له‌ نێوان سه‌ربه‌خۆ خوازان و دژبه‌رانییه‌وه‌ رۆڵی مه‌لیکی ده‌گێڕا، تا له‌ 27ی دیسه‌مبه‌ر رێکه‌وتن کرا به‌ مه‌رجی گۆڕینی ماس ،په‌رله‌مانی که‌ته‌لۆنیا "کارلس بیجیدمنت"

به‌ سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمه‌که‌ هه‌ڵبژارد ،ناوبراو پارێزگاری پێشووی شاری جیرۆنا بوو، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌ویش سیاسه‌تی ته‌قه‌شوفی ئابوری په‌یڕه‌و کرد له‌و شاره‌، کوپ له‌ به‌رامبه‌ر پشتیوانییه‌که‌ی له‌ حکومه‌تی که‌ته‌لۆنی کۆمه‌ڵێک ده‌ستکه‌وتی به‌ده‌ست هێنا له‌وانه‌ (ئاسانکردنی مافی په‌نابه‌ری، کاره‌بای خۆڕایی بۆ هه‌ژاران، بیمه‌ی ته‌ندروستی، جێبه‌جێکردنی یاسای خوێندن و. … ).

دوای پێک هێنانی حکومه‌ت و بڕیاردان له‌سه‌ر ئه‌نجامدانه‌وه‌ی ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی، له‌ 9ی یۆنی 2017 بڕیاری ریفراندۆمی دووه‌م درا له‌ 1ی ئۆکتۆبه‌ری هه‌مان ساڵ، سه‌ربه‌خۆیش له‌ دوای سه‌رکه‌وتنی به‌ڵێ له‌ ده‌ستپێکی ساڵی 2018 ((پرسیاره‌که‌ که‌ به‌ هه‌ر سێ زمانه‌که‌ی ناو که‌ته‌لۆنیا چاپ ده‌کرێت " ئیسپانی و که‌ته‌لۆنی و ئارانیس "

 " چاپ ده‌کرێت و ده‌پرسێت " ئایا ده‌ته‌وێت که‌ته‌لۆنیا له‌ شێوازی کۆماری که‌ته‌لۆنیا سه‌ربه‌خۆ بێت"، واتا به‌رشه‌لۆنییه‌کان جه‌ژنی سه‌ری ساڵیان تایبه‌ت ده‌بێت ئه‌مساڵ و ده‌یکه‌نه‌ دوو جه‌ژن.

په‌رله‌مانی که‌ته‌لۆنی یاسای په‌رله‌مانی هه‌موار کرده‌وه‌ به‌ شێوازێک هه‌ر یاسایه‌ک یه‌ک خوێندنه‌وه‌ی بۆ بکرێت و تێپه‌ڕێنرێت به‌ گفتوگۆیه‌کی که‌مه‌وه‌، که‌ چه‌په‌کان ئه‌مه‌یان پێ نا دیموکراسییه‌، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی یاسای راپرسی بۆ مافی چاره‌ی خۆنوسین له‌ په‌رله‌مان ده‌رچێت، که‌ ماوه‌یه‌کی که‌م ماوه‌ بۆ یه‌کی ئۆکتۆبه‌ر و ئه‌نجامدانی ریفراندۆم.

راپرسیه‌کان له‌ ئێستادا ده‌ریده‌خه‌ن ئه‌مجاره‌ زۆرینه‌ له‌نێوان 64 بۆ 70%ی هاووڵاتیانی که‌ته‌لۆنی به‌شداری راپرسییه‌که‌ ده‌که‌ن، واتا نزیک به‌ دوو هێنده‌ی جاری پێشوو، که‌ ئه‌مه‌ خاڵی لاوازی ریفراندۆمی پێشوو بوو، شکسته‌که‌ش له‌ که‌می به‌شداربووانه‌وه‌ بوو، نه‌ک رێژه‌ی به‌ڵێ که‌ گه‌یشته‌ زیاتر له‌ 84%.

لایه‌نگرانی پارته‌ دژبه‌ره‌کان ریفراندۆم له‌ هه‌رێمه‌که‌ ئه‌مجاره‌ش بایکۆت ده‌که‌ن و به‌شداری ده‌نگدانه‌که‌ ناکه‌ن، نموونه‌ له‌ناو ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی 3 پارتی نیشتمانی له‌ هه‌رێمه‌که‌ ته‌نها (پارتی گه‌ل 5،1%، سیودانۆس 7،8%، پارتی سۆسیالستی که‌ته‌لۆنی 17%) به‌شداری راپرسیه‌که‌ی یه‌کی ئۆکتۆبه‌ر ده‌که‌ن.

دادگای ئیسپانی هه‌ر جۆره‌ ریفراندۆمێکی مولزه‌م و نا مولزه‌می ره‌تکرده‌وه‌، سکاڵای یاسایی حکومه‌تی ئسپانیای پشت راستکرده‌وه‌، رایگه‌یاند راپرسی ناکرێت ،ئه‌مه‌ش وا ده‌کات ریفراندۆمه‌که‌ لای ئیسپانییه‌کان نا یاسایی و له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاسا بێت، بۆیه‌ ئیسپانییه‌کان دان به‌ ئه‌نجامی ریفراندۆمه‌که‌ نانێن، وه‌لێ دوو شت رۆڵ ده‌گێڕێت بۆ سه‌رکه‌وتنی راپرسی ئه‌مجاره‌، زۆری رێژه‌ی به‌شداری و به‌رزی رێژه‌ی به‌ڵێ، گره‌وه‌که‌ له‌ ئه‌نجامه‌که‌یه‌ نه‌ک هه‌ڕه‌شه‌کانی ئێستا.

 

نه‌یارانی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی که‌ته‌لۆنیا

ئه‌وه‌ نه‌بوو ته‌نها راستگه‌راکان و سۆسیال دیموکراته‌ خیانه‌تکاره‌کان دژ به‌ ویستی گه‌لی که‌ته‌لۆنی بن له‌ دیاریکردنی چاره‌نوسی خۆی به‌ مه‌لیکی ئیسپانیا فلیپی شه‌شه‌میشه‌وه‌، پارتی گه‌لی پارێزگار و سۆسیال دیموکرات و لیبراڵه‌کان دژ به‌ سه‌ربه‌خۆیی که‌ته‌لۆنیا خۆپیشاندانیان کرد، لایه‌نگرانی سه‌ربه‌خۆییخوازانیان به‌ کوده‌تاچی ناو برد و رایانگه‌یاند که‌ته‌لۆنیا ئیسپانییه‌ رێگا به‌ جیابونه‌وه‌ی ناده‌ن، هه‌موو باڵه‌کانی لیبراڵی سه‌رمایه‌داری دژ به‌ سه‌ربه‌خۆیی گه‌لانی که‌ته‌لۆن و باسک و گالیس و بلنسیه‌ و ئه‌نده‌نوسیان بۆ دامه‌زراندنی کۆماره‌کانیان.

 له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه‌ش نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان، یه‌کێتی ئه‌وروپا و په‌یماننامه‌ی ناتۆ دژ به‌ ریفراندۆمی که‌ته‌لۆنیا وه‌ستانه‌وه‌، یه‌کێتی ئه‌وروپا رایگه‌یاند ئه‌وه‌ی جیا بێته‌وه‌ له‌ وڵاتێکی ئه‌ندام له‌ داهاتوو به‌شێک نابێت له‌ یه‌کێتی ئه‌وروپا و په‌یمانامه‌کانی یه‌کێتی ئه‌وروپا نایانگرێته‌وه‌، ناتۆش هه‌مان هه‌ڕه‌شه‌ی دووباره‌ کرده‌وه‌، نه‌ته‌وه ‌یه‌کگرتووه‌کانیش ئاماده‌ نه‌بوو به‌شداری له‌ پرۆسه‌که‌ بکات، هه‌موو که‌ته‌لۆنیه‌کانیان ته‌نیا جێهێشت، چونکه‌ بۆ به‌شداری نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان له‌ راپرسی گه‌لان بۆ سه‌ربه‌خۆیی پێویستی به‌ ره‌زامه‌ندی وڵاتی ناوه‌ندییه‌، ئه‌ویش ئیسپانیا به‌ توندی دژ به‌و بڕیاره‌یه ‌و هه‌ڵوێستێکی نه‌یارانه‌ی توندی گرتۆته‌ به‌ر. 

پێشتریش ئیسپان و یه‌کێتی ئه‌وروپا هه‌مان هه‌ڵوێستیان له‌ هه‌مبه‌ر هه‌وڵی باسکییه‌کانی ئیسپانیا گرته‌به‌ر، ئه‌وه‌ بوو له‌ 25 ی نۆڤه‌مبه‌ری ساڵی 2008، باسکییه‌کان  ویستیان راپرسی ئه‌نجام بده‌ن، دوای ئه‌وه‌ی 34 په‌رله‌مانتاری هه‌رێمه‌که‌ به‌ به‌ڵێ له‌ به‌رامبه‌ر 33 دژ و 7 ده‌نگیان نه‌دا براوه‌ ده‌رچوون له‌ ناو هۆڵی په‌رله‌مانی هه‌رێمه‌که‌یان، بڕیاری ریفراندۆمیان دا ،وه‌لێ دادگای باڵای ئیسپانی رێگای نه‌دا ریفراندۆم ئه‌نجام بده‌ن، دواتر دادگای ئه‌وروپی بۆ مافی مرۆڤیش له‌ شوباتی ساڵی 2010 ه‌دا پشتیوانی له‌ دادگای باڵای ئیسپانی کرد و ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی ره‌تکرده‌وه‌، باسکییه‌کانیش پاشه‌کشه‌یان کرد له‌ داواکارییه‌که‌یان، وه‌لێ که‌ته‌لۆنییه‌کان کۆڵیان نه‌دا، وێڕای هه‌موو ئاسته‌نگی و رێگرییه‌کان تا ئێستا مکوڕن له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ریفراندۆم و جیابوونه‌وه‌، ئه‌مه‌ش ده‌رگا بۆ گه‌لانی دیکه‌ وه‌ک باسک و گالیسیا و بلنسیه‌ و ئه‌نده‌نوسه‌کان و. …. ده‌کاته‌وه‌، چاوه‌ڕوانی که‌وتنی پولی دۆمینه‌که‌ بن.

 

کوپ و راپرسی

پارتی یه‌کبونی گه‌ل له‌ 14-12-1986 دامه‌زراوه‌، خاوه‌نی 382 کورسی له‌ کۆی 9077 کورسی شاره‌وانییه‌کانی که‌ته‌لۆنیا و 10 کورسی له‌ کۆی 135 کورسی په‌رله‌مانی که‌ته‌لۆنیایه‌، 1912 ئه‌ندامی هه‌یه‌ دووه‌م بچوکترین پارتی هه‌رێمه‌که‌یه‌ له‌ دوای پۆدیمۆس له‌ رووی ئه‌ندامگیرییه‌وه، ناوه‌که‌ی له‌ ناوی هاوپه‌یمانی یه‌کبونی گه‌ل به‌ سه‌رۆکایه‌تی سلفادۆر لیندی سه‌رۆک کۆماری شیلیه‌وه‌ ناو نراوه‌، رێکخستنێکی دژ به‌ سه‌رمایه‌دارییه‌، بڕیاره‌ گرنگه‌کان به‌ ده‌نگدانی هه‌موو ئه‌ندامان و کاندیده‌ هه‌ڵبژێردراوه‌کانی ده‌درێت، باوه‌ڕی به‌ دیموکراسی ته‌شارکی هه‌یه‌، خه‌بات ده‌کات بۆ که‌ته‌لۆنیایه‌کی سه‌ربه‌خۆی سۆسیالستی ژینگه‌ پاک، دژ به‌وه‌یه‌ موچه‌ی تایبه‌ت بدرێت به‌ سیاسییه‌کان و مرۆڤ له‌سه‌ر سیاسه‌ت بژێت، چه‌ترێکه‌ بۆ کۆکردنه‌وه‌ی خه‌باتکاران له‌پێناو ((سه‌ربه‌خۆیی که‌ته‌لۆنیا، داکۆکی له‌ مافی کرێکاران، داکۆکی له‌ زه‌وی، زمان، ناسنامه‌ی نیشتمانی، دژایه‌تی باوک سالاری))، کوپ به‌هۆی خه‌باتی دژ به‌ سیاسه‌تی ته‌قه‌شوف به‌ زۆر ده‌رکردن له‌ ماڵه‌کانیان توانی له‌ ماوه‌یه‌کی کورتدا رێژه‌ی ده‌نگه‌کانی له‌ 0،65% له‌ ساڵی 2007 ه‌وه‌ که‌ بۆ یه‌که‌مجار توانی 20 کورسی شاره‌وانی بباته‌وه‌، به‌رز کرده‌وه‌ بۆ 2،16% له‌ ساڵی 2011، 7،14% له‌ ساڵی 2015، بۆ په‌رله‌مانی هه‌رێمه‌که‌ش له‌ 3،48%ی ده‌نگه‌کان و 3 کورسی که‌ بۆ یه‌که‌مجار چووه‌ په‌رله‌مانی هه‌رێمه‌که‌وه‌ له‌ ساڵی 2012، بۆ 8،21% ی ده‌نگه‌کان و 10 کورسی په‌رله‌مانی که‌ته‌لۆنیا، هه‌ڵبژێردراوانی ناتوانن دووجار خۆیان کاندید بکه‌نه‌وه‌، به‌هۆی شێوازی بڕیاردانه‌وه‌ و رێکخراوه‌ییه‌وه‌ پێیان ده‌ڵێن زاباتێسته‌ شارنشینه‌کان تشابایس، به‌هۆی ئه‌وه‌ی که‌ته‌لۆنیا خاوه‌ند کلتورێکی گه‌وره‌ی ئانارشیزم و ته‌حه‌رری و تعاونی یه‌، بۆیه‌ زه‌مینه‌ له‌باره‌ بۆ گه‌شه‌کردن و جێکه‌وتنی شێوازی کارکردنیان له‌ کۆمه‌ڵگادا.

کوپ زۆر به‌ توندی پشتیوانی له‌ راپرسی و جیابوونه‌وه‌ی که‌ته‌لۆنیا ده‌کات، هاوکات به‌شداری هیچ هه‌ڵبژاردنێکی ئیسپانی ناکات و کاندید پێشکه‌ش ناکات، چالاکی سیاسی ئه‌و له‌ناو جوگرافیای که‌ته‌لۆنیا و ئه‌و هه‌رێمانه‌یه‌ که‌ته‌لنییه‌کانی تێدا ده‌ژێن وه‌ک فالیسیا.

بۆ ریفراندۆمی یه‌کی ئۆکتۆبه‌ر.  کوپ له‌ ژێر دروشمی (یاخی بوونه‌وه‌ له‌ ئیسپانیا، مافی چاره‌ی خۆنوسین، کۆماری که‌ته‌لۆنیا) هه‌ڵمه‌تی پشتیوانی له‌ ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی که‌ته‌لۆنیای ده‌ست پێکرد، به‌ره‌و کۆماری که‌ته‌لۆنیای سۆسیالستی، کوپ له‌لایه‌ن به‌شێک له‌ چه‌په‌کانه‌وه‌ تاوانبار کرا به‌وه‌ی پاشکۆی دوو پارته‌ بۆرجوازییه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌که‌یه‌، به‌تایبه‌ت حیزبی سه‌ره‌ک وه‌زیران که‌ پارتێکی راستگه‌رای پارێزگاره‌ و سیاسه‌تی ته‌قه‌شوفی ئابووری سه‌پاند به‌سه‌ر گه‌لی که‌ته‌لۆنیا.

کوپ له‌ کاتی ده‌نگدان به‌ کابینه‌ی حکومه‌تی که‌ته‌لۆنیا، سێ مانگ راگه‌یاندنی کابینه‌که‌ی دواخست، رایگه‌یاند ده‌نگدان به‌ ئه‌رتۆر ماس مردنی رێکخراوه‌، هاوکات ده‌نگدان به‌ نا مردنی سه‌ربه‌خۆیییه‌، بۆیه‌ وه‌ک ئاماژه‌مان پێ دا، سه‌ره‌ک وه‌زیرانی گۆڕی و کۆمه‌ڵێک ده‌ستکه‌وتی له‌ پێناو هه‌ژاران و قوتابیان و په‌نابه‌ران و خانه‌نشینان وه‌ده‌ست خست له‌به‌رامبه‌ر سازشی ده‌نگدان به‌ کاندییدی راستی پارێزگار، له‌هه‌مان رێکه‌وتن رایانگه‌یاند تا سه‌پته‌مبه‌ری 2017 پێویسته‌ ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی بکرێت.

کوپ پێی وایه‌ ،ئه‌گه‌ر سه‌ربه‌خۆیی ئه‌مجاره‌ نه‌بێت، ئه‌وا بۆ ده‌ ساڵی داهاتوو قسه ‌و باس له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی نابێت، بۆیه‌ ده‌بێت بۆ به‌ده‌ستخستنی سه‌ربه‌خۆیی له‌گه‌ڵ هه‌مووان رێ بکه‌ین.

 

پشتیوانانی ریفراندۆم و هه‌ڵوێسته‌ دژه‌کان له‌سه‌ری

چالاکوانانی چه‌پی رادیکاڵ پێیان وایه‌، پێویسته‌ چه‌په‌کانی ئیسپانی پشتیوانی له‌ مافی ریفراندۆمی که‌ته‌لۆنییه‌کان بکه‌ن دژ به‌ سه‌رکوتی حکومه‌تی راستگه‌رای ئیسپانی، ئه‌وان ده‌ڵێن ئیسپانیا کراوه‌ته‌ زیندانی بۆ گه‌لانی بن ده‌ستی ئیسپانیا.

دژبه‌رانی سه‌رمایه‌داری ئیسپانی و که‌ته‌لۆنی داوا ده‌که‌ن پشتیوانی له‌ سه‌ربه‌خۆیی که‌ته‌لۆنیا بکرێت وه‌ک مافێکی دیموکراتی و ویستی زۆربه‌ی که‌ته‌لۆنییه‌کان، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وان ره‌خنه‌ له‌ حکومه‌تی هه‌رێمی که‌ته‌لۆنیا ده‌گرن که‌ سیاسه‌تی ته‌قه‌شوفی ئابووری پیاده‌ ده‌کات و به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ژاران نا پارێزێت، هه‌رێمه‌که‌یان کردۆته‌ تاقیگای دابه‌زاندن.

جگه‌ له‌ پارتی چه‌پگه‌رای پۆدیمۆس و حیزبی شیوعی ئیسپانی که‌ له‌ لیستی پێکه‌وه‌ ده‌توانین یه‌کیان گرتووه‌، که‌ ئه‌مانیش دوو بۆچونیان هه‌یه‌، به‌شێکیان له‌گه‌ڵ جیابوونه‌وه‌ن، به‌شێکی دیکه‌شیان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن مافی زیاتریان بدرێتێ له‌وه‌ی ئێستا هه‌یه‌، وه‌لێ هه‌موو له‌سه‌ر مافی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم کۆکن، پۆدیم لقی که‌ته‌لۆنیای پۆدیمۆس  رایگه‌یاند پشتیوانی له‌ ریفراندۆم ده‌کات، جیاوازیان له‌گه‌ڵ هیزه‌کانی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌وه‌یه‌ باوه‌ڕیان وایه‌ ده‌نگدان مولزه‌م نییه‌، هاوکات ناڕازین له‌ راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی یه‌کسه‌ر دوای ریفراندۆم.

پۆدیمۆس و به‌ره‌ی چه‌پ(شیوعی-سه‌وز) داوای گۆڕینی ده‌ستوریان کرد به‌وه‌ی بتوانن ریفراندۆم بکه‌ن، که‌ ئه‌مه‌ش خه‌ونه‌ به‌هۆی هه‌ڵوێستی دوژمنانه‌ی پارته‌ نیشتمانییه‌ راستگه‌را و سۆسیال دیموکراته‌کانه‌وه‌ به‌ تایبه‌ت نیو لیبراڵه‌کانی سیودانۆس له‌سه‌ر پرۆسه‌ی ریفراندۆم و جیابوونه‌وه‌.

هاوکات سه‌رجه‌م پارته‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌کانی ئه‌و گه‌لانه‌ی خواستاری جیابوونه‌وه ‌و پێک هێنانی کۆماری سه‌ربه‌خۆن و ده‌یانه‌وێت رزگاریان بێت له‌و سسته‌مه‌ سیاسییه‌ی پاشایه‌تی ئیسپانی خولقاندویه‌تی بۆیان پشتیوانی له‌ پرۆسه‌که‌ ده‌که‌ن و به‌ وردی چاودێری ده‌که‌ن تا به‌ دوایدا هه‌نگاو بنێن.

که‌ته‌لۆنییه‌کانیش له‌لایه‌ن پارته‌ ئیسپانی و ئه‌وروپیه‌کانه‌وه‌ به‌ره‌و رووی ره‌خنه‌ له‌ کات بوونه‌وه‌ گرترا له‌ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم، به‌ هۆی کێشه‌کانی تیرۆر له‌ جیهان و به‌رز بونه‌وه‌ی کێرڤی پارته‌ پۆپۆلیسته‌کان و قه‌یرانی ئابووری و حکومه‌تی که‌مایه‌تی ده‌سه‌ڵاتدار و ئه‌گه‌ری هه‌ڵبژاردنی سه‌رانسه‌ری له‌ ئیسپانیا، وه‌لێ ئه‌وان مه‌به‌ست که‌ته‌لۆنییه‌کانه‌ کاتیان پێ دره‌نگه‌ و 303 ساڵی ژێر ده‌سته‌یی ده‌یانه‌وێت کۆتایی پێ بهێنن.

 

سه‌رمایه‌دارانی که‌ته‌لۆنی و سه‌ربه‌خۆیی

به‌ پێی راپرسیه‌ک که‌ رۆژنامه‌ی به‌ناو بانگی بایسی ئیسپانی بڵاوی کردۆته‌وه‌، 74%ی سه‌رمایه‌دارانی ئیسپانی ترسیان له‌ جیابونه‌وه‌ی که‌ته‌لۆنیا هه‌یه ‌و پێیان وایه‌ زیان به‌ ئابوری ئیسپانیا ده‌گه‌یه‌نێت، به‌ پێی هه‌مان راپرسی  ته‌نها 43%ی سه‌رمایه‌دارانی که‌ته‌لۆنی له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆیدان، به‌هۆی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ئابورییه‌کانیانه‌وه‌ زۆرینه‌ له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌دان له‌ زیندانی ئیسپانیا.

که‌ته‌لۆنیا هه‌رێمێکی پێشکه‌وتوو نزیک 20%ی ئابووری وڵات پێک ده‌هێنێت و ساڵانه‌ 8 ملیۆن گه‌شتیار ته‌نها خۆی ده‌کات به‌ شاری به‌رشه‌لۆنه‌دا و 75 ملیار دۆلار قه‌رزیان هه‌یه‌.

به‌رشه‌لۆنییه‌کان چاویان له‌وه‌یه‌ دوای سه‌ربه‌خۆیی، وڵاتێک پێک بهێنن باجی که‌م بسه‌پێنێت به‌سه‌ر کۆمپانیاکاندا وه‌ک وڵاتانی چه‌شنی ئێرله‌ندا، به‌مه‌ش سه‌رنجیان رابکێشێت بۆخۆی.

فایناشنال تایمز له‌سه‌ر زاری سه‌ره‌ک وه‌زیرانی که‌ته‌لۆنیاوه‌ نووسی راخۆی سه‌ره‌ک وه‌زیرانی ئیسپانیا سه‌ربه‌خۆیی ئابوری زیاتری داوه‌ پێمان له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌نجام نه‌دانی ریفراندۆم، که‌ته‌لۆنیا پێنج یه‌کی ئابوری ئیسپانیا به‌رهه‌م ده‌هێنێت، وه‌لێ ته‌نها 9،55 بودجه‌ی وڵاتی پێ ده‌درێت، ئیسپانیا ده‌زانێت پولی دۆمینه‌که‌ له‌ که‌ته‌لۆنیا راناوه‌ستێت و هه‌رێمه‌کانی دیکه‌شی به‌ دوادا دێت، به‌ڵکانێکی دیکه‌ له‌ باشوری ئه‌وروپا چاوه‌ڕوانیان ده‌کات، به‌ڵکانی پارچه‌ پارچه‌ بوون نه‌ک جینۆساید.

ئیسپانیا ئێستا 14ه‌مین هێزی ئابوری جیهان و چواره‌می ئه‌وروپایه‌، ئه‌وکات پله‌به‌ندییه‌که‌ی بۆ شانزه‌ داده‌به‌زێت و به‌رشه‌لۆنه‌ش له‌ نێوان 42 ه‌مین و 43 یه‌مین ژماره‌ خۆی ده‌گرێته‌وه‌، هاوکات له‌ناو یه‌کێتی ئه‌وروپاش له‌ رووی نوێنه‌رایه‌تی و قه‌باره‌وه‌ داده‌به‌زێته‌ خواره‌وه‌، سه‌نگ و هێزی جاران له‌ ده‌ستده‌دات.

 

هه‌نگاوه‌کان به‌ره‌و ریفراندۆم

حکومه‌ت هه‌ڕه‌شه‌ له‌ هه‌موو به‌رپرسان و کارمه‌ند و کرێکارانی که‌رتی گشتی ده‌کات، به‌شداری له‌ ریفراندۆم بکه‌ن له‌ کاره‌کانیان دوور ده‌خرێنه‌وه‌، لای خۆشییه‌وه‌ که‌ته‌لۆنییه‌کان ریفراندۆمێکی یاسایی ته‌ندروست ئه‌نجام ده‌ده‌ن و بڕیار وایه‌ له‌ پێش پایز یاسای ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی له‌ په‌رله‌مان په‌سه‌ند بکرێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش یاسای په‌رله‌مانیان به‌شێوه‌یه‌ک هه‌موار کردۆته‌وه‌، به‌ یه‌ک خوێندنه‌وه‌ یاساکه‌ ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت، ئه‌وان ده‌زانن دوای جیابونه‌وه‌ چی ده‌که‌ن، به‌رنامه‌ی راگه‌یاندنی کۆماریان هه‌یه‌ ته‌نها له‌ دوای دوو مانگ له‌ ریفراندۆمه‌که‌.

بۆ ئه‌وه‌ی ناو ماڵ خۆیان رێکخه‌ن و پێگه‌ له‌ناوه‌وه‌ به‌هێز بکه‌ن ،له‌ 14ی ته‌مموز سێ وه‌زیریان له‌ کابینه‌ی حکومه‌تی خۆجێیی گۆڕی بۆ ئه‌وه‌ی هێڵی سه‌ربه‌خۆیی به‌هێزبکه‌ن، ئه‌وانه‌ی دودڵن دووریان بخه‌نه‌وه‌،له‌ 17ی ته‌مموزیش سه‌رۆکی پۆلیسی هه‌رێمه‌که‌یان ناچار کرد ده‌ست له‌کار بکێشێته‌وه‌، چونکه‌ پێیان وابوو دوودڵه‌ له‌ پشتیوانی ریفراندۆم، له‌ بری ئه‌و بیر سوله‌ر کرا به‌ فه‌رمانده‌ی پۆلیسی که‌ته‌لۆنیا که‌سێکی نه‌ته‌وه‌ییه‌، فه‌رمانده‌ی 17 هه‌زار پۆلیسی هه‌رێمه‌که‌ ده‌کات.

 

رووداوه‌  خوێناویه‌که‌ و ریفراندۆم

حکومه‌تی ناوه‌ندی ده‌یه‌وێت ته‌قینه‌وه‌ خوێناوییه‌که‌ی کاتژمێر 5ی ئێواره‌ی 17ی ئابی به‌رشه‌لۆنه‌ که‌ 15 قوربانی و 126 برینداری لێکه‌وته‌وه‌ که‌ هاووڵاتی 30 وڵات بوون بقۆزێته‌وه‌ بۆ رێگرتن له‌ ریفراندۆم، هه‌ڵمه‌تی یه‌کگرتن به‌رامبه‌ر تیرۆری راگه‌یاند که‌ له‌ راستیدا هه‌ڵمه‌ته‌ به‌رامبه‌ر ریفرندۆم و سه‌ربه‌خۆیی.

بڕیار وایه‌ پادشای وڵات فلیپی شه‌شه‌م به‌شداری رێپێوانی ناترسم له‌ به‌رشه‌لۆنه‌ بکات، که‌ ئه‌مه‌ یه‌که‌م جاریشه‌ له‌ دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی پاشایه‌تی بۆ عه‌رش له‌ ساڵی 1975ه‌وه‌ به‌شداری وایان هه‌بێت له‌ که‌ته‌لۆنیا، وه‌لێ پادشا و به‌رپرسان ئه‌مجاره‌ له‌ پێشه‌وه‌ی رێپێوانه‌که‌ نین، ئێره‌ به‌رشه‌لۆنه‌یه‌ دوا به‌شداری پادشایه‌تییه‌ له‌ چالاکییه‌کانی، خاوه‌ند ماڵ نییه‌ و له‌ ریزی پشته‌وه‌یه‌، سه‌رۆکی چه‌پگه‌رای شاره‌وانی به‌رشه‌لۆنه‌ رایگه‌یاند، نوێنه‌ری رێکخراوه‌کان، کۆمه‌ڵه‌کان ئه‌وانه‌ی گرنگیان به‌ رووداوه‌که‌ دا، له‌ شۆفێری ته‌کسییه‌کانه‌وه‌ بۆ دوکاندار و خاوه‌ند چێشتخانه‌کان گوڵ فرۆشه‌کان له‌ پێشه‌وه‌ ده‌ڕۆن.

رێپێوانه‌که‌ بۆنی کۆتایی ته‌مه‌نی پادشایه‌تی لێدێت له‌ که‌ته‌لۆنیا، که‌ته‌لۆنییه‌کان نه‌ترسانه‌ وه‌ک رێپێوانی ناترسین دوا بزمار له‌ نه‌عشی پادشایه‌تی ده‌ده‌ن و به‌ سه‌رپه‌رشتی خه‌ڵک به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی ده‌ڕۆن.

         

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Close
Close
%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: