گۆشه‌ی ئازاد

دواهەمین شەوی خوداوەندێک

شڤان نەوزاد

 

ڕۆمانی (دواهەمین شەوی سەرۆک ـ   2015بڵاوبۆتەوە)ی نوسەری جەزائیری (یاسمینە خەزراـ1955 لەدایکبووە). هەڵبەت ئەمە ناوی خوازراوی خێزانەکەیەتی  و ناوی ڕاستەقینەی خۆی (محمد مولسهول)ە، بەوەرگێڕانی ئازاد بەرزنجی و لە دەزگای ئەندێشە بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە لەساڵی(2017) و بە تیراژی۲۰۰۰دانە و۲۲۹ لاپەڕە کەوتە بەر دیدی خۆێنەران.

 

                                                       

ڕوژهەڵات و دیکتاتۆرەکانی

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کانگای دیکاتۆر و کارگەی بەرهەمهێنەری ستەمکارانە، لە مێژووی دێرینی ناوچەکە تا بزوتنەوە چەکدارییە سیاسییەکانی هاوچەرخ نەبووە   کۆمەڵە  دیکتاتۆرێکی  بە ئایدۆلۆژیا  جیاواز جیاوازی تێدا سەوز نەبووبێت و کۆمەڵە خۆێندۆستێکی بە ڕەنگی جودا جودا تێدا دەسەڵاتیان نەگرتبێتە دەست و نەتەوەکانیان ملکەچی خواستی تاریک و ویستی ڕەشی خۆیان نەکردبێت، زۆرم نەگووتوە ئەگەر بڵێم مێژووی سیاسی ڕۆژهەڵات مێژووی چەکەرەبوون و لەدایک بوونی دیکتاتۆرەکانە، لێرەدا گرنگە ئەو پرسیارە بکەین، بۆچی دیکتاتۆر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست  بنبڕ نابێت و ماکی ئەم ستەمکارانە لە ناوچەکە وشک ناکات؟ یاخود ڕەگی دیکتاتۆرییەت تا کوێی هەناوی سیاسی و کۆمەڵایەتی  ئەم جوگرافیا خوێنینە ڕۆچووە؟

نییەتی ئەم نووسینە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە نییە و لەم ڕانانەشدا جێگایەکی وەها بۆ ئەم مشتومڕە دەستنادات، بەڵام دەتوانین دەستوپەنجە  لەتەک  سیما دیارەکانی دیکتاتۆرییەتدا نەرم بکەین بەوەی کە بە گشتی ستەمکاری و ستەمکاران لە ڕۆژهەڵاتدا هەندێک دیاردەی هاوبەش و جێکەوتی لێکچو و ڕووی وەک یەک، پێکەوە خڕیان دەکاتەوە و وێنەیەکی گشتیمان لەسەر خودی کەسی دیکتاتۆر و سیستمی دیکتاتۆرییەت پێدەڵێت، هەڵبەت ئەوەمان لە یادنەچێت لە مێژووی دێرینی ناوچەکە جوگرافیای سیاسی بەش بەش نەبووە و چەندین نەتەوە لە سایەی ئیمپڕاتۆریەتێکی ستەمکاریدا ده‌ژیان، بەڵام دوای هەڵوەشاندنەوەی سیستمی ئیمپڕاتۆری دابەشبونی جوگرافیای سیاسی و لەدایک بوونی دەوڵەتی نەتەوەیی بەتایبەت  لەکۆتاییەکانی سەدەی هەژدە و سەرەتاکانی سەدەی نۆزدە و تا هەنوکە، وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست  بوونەتە سەحنەی تاراتێنی کۆمەڵە دیکتاتۆرەکان و چالاکی وەحشەتناکی و دڕندەیی دیکتاتۆری تێدا نمایش دەکرێت. بە پێودانگێکی گشتی گرفتی دیکتاتۆرییەت لە ناوچەکە هێندەی گرفتێکی دەروونی و کۆمەڵایەتی و مێژووییە، هێندە گرفتێکی سیاسی نییە، مەبەستمان لە گرفتی دەروونی و سایکۆلۆجی بەو مانایەی کە تاکی ڕۆژهەڵاتی هەڵگری ڕۆحی بەزیین و خاوەن ئیرادەی تێکشکا و مەیلی کۆیلایەتی  و عیشقی خۆبەدەستەوەدانە، وەک مارکس دەڵێت" ئەوان ناتوانن خۆیان بەڕێوە ببەن، بەڵکو دەبێت بەڕێوە ببرێن".

بەوێنە کۆمەڵایەتییەکەی لە ڕۆژهەڵات و جڤاتە ڕۆژهەڵاتییەکاندا کۆمەڵگا بە مانای ڕۆحی بەرەنگاری هاوبەش و پرۆژەی ڕزگاری هاوبەش و بەرژەوەندی هاوبەش لەدایک نەبووە و ئەگەرەکانی دروستبوون و بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی یەکدەستی یەکگرتووی لەم چەشنە گەلەک لاواز و نادیدە بووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ڕاستەوخۆ هۆکارە مێژووییەکەی بێتەپێشەوە کە بریتییە لە ڕیزبوونی یەک لەدوای یەکی زنجیرەیەک دیکتاتۆر و قۆزتنەوەی ئەم بۆشاییە گەورە  کۆمەڵایەتییە.

 

لەکودەتاوە بۆ کودەتا

زۆرێک لە دەسەڵاتدارە ستەمکارەکانی ڕۆژهەڵات بە کودەتا هاتوونەتە سەر کورسی دەسەڵات و دواتر کودەتاکانیان ناوناوە"شۆڕش"، تا ئێرە کێشە نییە، بەڵکو گرفتەکە لەوێدایە کە کودەتا بەسەر خۆشیاندا کراوە و بەکودەتا و شمشێر عەرشەکەیان جێهێشتووە، کودەتاکان بۆ بنبڕکردنی دیکتاتۆرەکان نەبووە و بۆ پایەماڵکردنی سیستمی ملهوڕی نەبووە، بەڵکو بۆ دووبارە دەستوپەنجەنەرمکردن بووە لەتەک دیکتاتۆرێکی دیکە و بۆ دامەزراندنی سیستمێکی سیاسی پشتئەستور بە ئاگر و ئاسن، ئەوەی لەم ڕۆمانەدا دەیخوێنیتەوە کودەتای گەلی لیبیاییە بەسەر سەرۆکی ئەو دەمی لیبیا (موعەممەر قەزافی)، چارەنووسی تاریک و مەرگی قەزافی وەک یەکێک لە زنجیرە دیکتاتۆرەکانی ڕۆژهەڵات ناوەڕۆکی ئەم ڕۆمانە پێکدەهێنێت.

دواهەمین شەوی سەرۆک، دواهەمین شەوی ستەمکارێک لە ترۆپکدا، دواهەمین  شەوی ملهوڕێکی پێرفێکت، دواهەمین شەوی خۆێنمژێکی بێچەنوچون، دواهەمین شەوی خودایەکە کە بە کودەتا لە نیوەی دووەمی سەدەی بیست دەسەڵاتی گرتەدەست، بەڵام لە ماوەی۲٤کاتژێردا خۆری ئاوابوو.

کۆتا شەوی سەرۆک مانیفێستی ڕۆحی سەکردەیەکی فاشیستە کە لە دوا ساتەکانی ژیانی یەکبینە بەرگرییەکی گەورە هەم وەک سەرۆک و هەم وەک شۆڕشگێڕ و قارەمانێکی ئەفسوناوی مێژوویی لە کورسییەکەی دەکات، سەرۆکێک لە نێوان شپرزە و یۆتۆپیادا، سەرکردەیەک لە نێوان کەتواری وێرانە و لێکترازا و وەهمی ڕزگاری و سەرکەوتنی سەرتاسەری هاتوچۆدەکات، نووسەر زیرەکانە دوا کاتژمێرە تراژیدیاکانی ژیانی قەزافی و هەڵتەکاندنی ڕژێمە تۆتالیتار و هاوکات وێنەی شۆڕشی گەلی لیبیایمان زۆر بە ڕوونی  بۆ دەگوازێتەوە، لەبەرئەوە لەم تێکستەدا دەرک بەوە دەشکێنین نووسەر هێندە وەک پەیامنێرێکی تەلەفزیۆنی کە ڕاستەوخۆ دیمەنەکانی شۆڕشمان بە ڕوونی بۆ دەگوازێتەوە مامەڵە دەکات، هێندە وەک ڕۆماننوسێکی تەکنیکار و وردگەرا و ئاڵۆزکار بەدی ناکەین

.

سەرۆک وەک خودا

مێژووی ژیانی دیکتاتۆرەکان و سیستمە چەوسێنەرەکان ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەکەن، کە هیچ سیستمێکی دیکتاتۆری نەبووە خۆی بە سیستمێکی تۆکمە و بەهێز پێناسە نەکردبێت، خۆی بە سیستمێکی بێ نوقسان و پێرفێکت وێنا نەکردبێت، خۆی بە سیستمێکی ئەفسوناوی و ناوازە کە مەرهەمی ئاڵۆزییە سیاسی و دەردە کۆمەڵایەتی و قەیرانە داراییەکان نەناساندبێت، هاوکات خودی سەرۆک و کەسی یەکەمی ئەم سیستمە ئایدۆلۆژییەش بێگومان لە وێنە سیاسییەکەیدا دەبێتە خواوەند، دەبێتە پاڵەوانە ئەفسانەییە مێژوییەکان، دەبێتە کارێزمای چرکەساتە تراژیدیاکان، دەبێتە خوداوەندی سەرفرازی نەتەوەیەکی ستەمدیدە و سەرکەوتنی گەلێکی پەرتەوەزە. هەڵبەت ئەم وێنانەمان  لە سیستم و سەرکردە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتدا بە ڕوونی بەرچاوکەوتووە و قەزافیش یەکێکە لە وێنەی ئەم سەرۆکانە، قەزافی خۆی بە خوداوەندی گەلی لیبیایی و سەرخەری پرۆژەی گەلی لیبیایی بۆ سەربەخۆیی و ئازادی و مافی و مرۆڤ و دیموکراسی ناساندووە.

و لەم ڕۆمانەدا  نووسەر گەلێک  ناوازە ئەم قەزافییەی نێو واقیعی سیاسی و کۆمەڵایەتیمان بۆ دەگوازێتەوە، بۆ نمونە دەنووسێت" من موعەممەر قەزافیم، ئەمەش خۆی لە خۆیدا بەسە بۆ ئەوەی ئیمانت بە هێز بێت، ڕزگاربوون لەسەر دەستی من دێت، نە لە باوبۆران و نە لە هەڵگەڕانەوە و یاخیبوون دەترسم، دەست لە دڵم بدەن بزانن چۆن بەسەر جوڵەی پەرتەوازەبوونی خائیناندا زاڵ دەبێت"، قەزافی لە ستایشی خۆی بەردەوام دەبێت" من موعەممەر قەزافیم ئەو ئەفسانەیەی لە پیاوێکدا بەرجەستە بووە، ئاسمانیش کەوا  ئەستێرەی کەم بۆتەمە و مانگیش هێندەی دەمی نینکبڕێکی ماوەتەوە بۆئەوەیە کە من تاقە درەوشاوەی جێبایەخ بم ، با چی ئەهریمەنە کۆنەکانیان بەریانبدەنە ئەو فریشتانەی پاسەوانیم دەکەن، بەڵام هیچ هێزێکی شەڕەنگێز ناتوانێت من لە پەیامەکەم پاشگەز بکاتەوە"، یان دەنووسێت" ئەو پیاوە وردبینە کە هەرگیز بەهەڵەدا ناچێت، زادەی پەرجوم ، ئەو پیاوەی خەڵک بە کابرایەکی سەیروسەمەرەی لەقەڵەم دەدەن، کابرایەک کە وەک منارەیەکی ناو دەریایەکی سەرشێت قیتبۆتەوە و بەباسکی داگیرساوی تاریکی غەدر و کەڤەژیلکەی شەپۆلە هەڵچووەکان دەسڕێتەوە…"هتد

 

دیکتاتۆر و کۆیلەکانی

دیکتاتۆرەکان ترسنۆکترین بوونەوەرەکانی دونیان، ئەوان بەبێ ئەوانیدی ناتوانن بژین و بەردەوامبن، ئەوان بۆ ئەوەی بمێننەوە، پێویستی سەد دەر سەدی ڕۆحی و جەستەییان بەوانیدییە نەک هەر ئەمەندە، بەڵکو دیکتاتۆرەکان وزەی خۆیان لەوانەوە وەردەگرت و بە گەروی ئەوان هەناسە دەدەن، دەتوانین بڵێین ئەوە دیکتاتۆرەکان نین کۆیلەکان دروستدەکەن، بەڵکو ئەوە کۆیلەکانن زۆرداران دەخوڵقێنن، وەک کەنعان مەکیە دەڵێت" ئەوە سەدام نەبوو عێراقی دروستکرد، بەڵکو ئەوە عێراق بوو سەدامی دروستکرد".

قەزافی کوڕی کۆمەڵگای لیبیاییە، بە مانایەک ئەو بوونەوەرێکی دەرەکی یاخود پەرجویەکی ئاسمانی نییە، بەڵکو بەرهەمی هەزاران کۆیلەیە و لە هەناوی ئەوانیشەوە هاتۆتە دەر، ئەوەی لەم ڕۆمانەدا دەیخوێنینەوە و بەتایبەت لەسەر زاری یەکێک لە خزمەتکارەکانی قەزافی کە لەم ڕۆمانەدا نوێنەری سەدان خزمەتکاری تر و دەیان دەستوپێوەندی خەساو لەڕووی فیکر و داماڵدراو لە ئەخلاق و سڕ لە ئاست ویژدان، نووسەر دەنووسێت "میلـلەتێک پێویستی بە جەنابتە برای سەرکردە، خێزانەکەی من دڵۆپێکە لەو ئۆقیانوسە، بۆمن مایەی بەختەوەریەکی تەواوە لەبارودۆخێکی وادا لەپەناتەوەبم (بارودۆخێ شۆڕشی گەلی لیبیا ساڵی 2011)"،یاخود "وڵاتەکەمان هەرگیز سەرکردەیەکی منەوەر و باوکێکی دڵسۆزی وەک جەنابتی بەخۆوە نەدیوە، ئێمە کۆمەڵێک خەڵکی دەشتەکی و سەروسەکوت خۆڵاوی بووین، شایەکی تەوەزل ئێمەی کرد بە پەڕۆی سڕین، بەڵام جەنابت ئێمەت کرد بە میلـلەتێکی  ئازادی وەها کە ئیرەییان پێدەبردین" یاخود "برای سەرکردە هێز و توانا لەناو دڵدایە نەک لەناو سکدا، من برسیبم یا تینو هەرچوار پەلیشم لێکرابێتەوە هێزی ئەوەم تیا دەبێت بەرگری لە جەنابت بکەم "، هەڵبەت لە چەندین شوێنی دیکەدا نووسەر کۆیلەکانی دیکەی سەرۆکمان پێ ئاشنا دەکات کە بوونەتە پەروانەی دەوری قەزافی، نووسەر لەسەر زاری یەکێک لە پاسەوانانی قەزافی کە موقەدەمێکی سەربازییە دەنووسێت:

ــ قەزافی :شەڕەکە دەدۆڕێنین

ــ موقەدەم:برای سەرکردە ئەوە لیبیایە تۆ دەدۆڕێنێت.

یان دەنووسێت" تۆ مێژووت نووسیوەتەوە سەرۆک" ، "تۆ دیکتاتۆرنیت تۆ ڕێک ئەوەت کرد کە دەبایە بتکردایە" ، "نەدەبوو وابکەیت سەرۆک تۆ زیاد لە پێویست باوەشت بۆ میلـلەت کردەوە، تا بوو بە میلـلەتێکی تەوزەل و دەروون ڕەش"، "وەک چۆن ئێستا لە ڕوسیا خۆزگە بە سەردەمی ستالین دەخوازنەوە، نەوەکانی سبەینێش خۆزگە بە تۆ دەخوازنەوە…"هتد

 

s

دیکتاتۆرەکان دەزانن چۆن دەمرن، مەرگی چاوەڕوانکراو بۆ ئەوان شتێکی نامۆ نییە، ستەمکارەکانی دونیا خۆیان نەخشەڕێگای مەرگی خۆیان دەکێشن و پلانی مردنیان دادەنێن، بەکورتی تابلۆی خۆرئاوابوونیان بەدەستی خۆیان دەکێشن، قەزافی دەیزانی چۆن دەمرێت، ئەو کە بەردەوام گومانی لە لایەنگران و ترسی لە دۆستەکانی هەبووە، دەیزانی ئەگەرەکانی چرکەساتی کوشتنی بە دەستی گەلەکەی، هەمیشە ئەگەری زیندوو و کراوەن، ئەو دەیزانی دروستکردنی ژیانێکی ناڕاست و درۆینە، مەرگێکی راستەقینەی لێدەکەوێتەوە، لەبەرئەوە لەم تێکستەدا مەرگێگی ئامادەکراو بۆ قەزافی دەخوێنینەوە، قەزافییەک کە ڕوون دەیزانی دەکەوێتە دەست کێ و بۆ دەکوژرێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Close
Close
%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: