گوتار

راستینەی نەتەوەگەرایی سەرەتایی

حەسەن جودی

 

بەگەیشتنی کۆمەڵگه‌کانی مرۆڤایەتی بەقۆناخی بۆرژوازی، " هزری نەتەوەیی " وەک دەرئەنجامێکی ئەو پێشکەوتنە سەریهەڵدا. ئەمەش لەگەڵ خۆیدا چەمکی " دەوڵەتی نەتەوەیی " و " سەروەری نەتەوەیی " و " کەسێتی نەتەوەیی " و " کولتووری نەتەوەیی "… هتد بەرهەمهێنا، هەرچەندە چەمکی " نەتەوە " و چەمکە پەیوەستدارەکانی بەر لەقۆناخی بۆرژوازیش دەرکەوتبێت، بەڵام فۆرمیلەبوون و چوارچێوە وەرگرتنی لەو قۆناخەدا دێتەدی. هەڵبەتە ئەوکاتە هزری فیۆداڵێتی و ئایینی و ئایینزایی (مەزهەبگەرایی) بەسەر هەموو هزر و چالاکییەکی کۆمەڵگه‌دا باڵادەست و زاڵ ببوو، بەڵام گەندەڵبوون و رزیبوونی ستووندەکانیشی تا دەهات پێکهاتە و بنچینەکەی هەڵدەتەکاند و بەسەرکەوتنی شۆڕشی ساڵی 1878 قۆناخێكی نوێ ده‌ستیپێكرد. ئیدی هزری نەتەوەیی وەک چەمک و پراکتیک سەقامگیر بوو. لەسەر ئەو بنەمایە، بەبنچینە وەرگرتنی چه‌مكه‌كانی" خاکی هاوبەش، زمانی هاوبەش، ئابووری هاوبەش و مێژوو و کولتووری هاوبەش"ی کۆمەڵگه‌کان لەقەوارەی نەتەوەییدا فۆرمیلە دەبوون.

بێگومان بەرلەوەی قەوارە و سەروەری و کەسێتی و کولتوورە نەتەوەییەکان بێنەکایەوە، هزری نەتەوەگەرایی وەک ئایدیۆلۆژیایەک خۆی فۆرمیلە کردبوو. بۆیە لەگەڵ دەرکەوتنی شێوازی بەرهەمهێنان و پەیوەندی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری، (نەتەوەگەرایی)ش وەک ئایدیۆلۆژیای بۆرژوازی دەرکەوت. بەمەش گەلێک بیریار و تیۆریزان رۆڵیان لەداڕشتن و چەکەرەکردنی ئەو ئایدیۆلۆژیایەدا بینی و بەرەو پێشەوەیان برد. لەئاکامدا لەڕووی پراکتیکیشەوە لەچوارچێوەی چەمکە نەتەوەییەکاندا شوێنی گرت و سەقامگیر بوو.

دەبێ ئاماژە بەو راستینەیەش بکەین کە ئایدیۆلۆژیای نەتەوەیی هەر لەسەرەتای دەرکەوتن و چەکەرەبوونیدا لەژێر کاریگەری هزرەکانی بەر لەخۆی، رزگار نەبووە، بۆیە لەگەڵ نەشونما و گەشەسەندنی ئەو ئایدیۆلۆژیایە به‌ چەمک و تێڕوانینەکانی بەرلەخۆیشی کاریگەر بوو. بۆ نموونە: کاریگەری هزری ئایینی و ئایینزانی بەشێوەیەکی بەرچاو بەسەر قۆناخی دەرکەوتن و چەکەرەبوونی ئەو ئایدیۆلۆژیایە، تەنانەت لەقۆناخی نەشونما و گەشەسەندن و بگرە تاڕۆژی ئەمڕۆش ئەو کاریگەرییە دەبینرێ. هەڵبەتە هەبوونی کاریگەرییەکی بەمجۆرە لەهەر ئاست و رادەیەکدا بێت، بەو واتایە نایەت کە هزری نەتەوەیی ماخۆی جەوهەر و تایبەتمەندی و چەمکی خۆی نییە و بێ چوارچێوەیە. بەپێچەوانەوە، وەک هەر ئایدیۆلۆژیایەک بێبەری نییە لەجەوهەر و تایبەتمەندی و چەمکی تایبەت و هەروەها چوارچێوەداریشە. بەڵام نکوڵی لەکاریگەرییەکانیش ناکرێت، تەنانەت ئەو کاریگەرییانە چ لەڕووی تیۆری و چ لەڕووی پراکتیکییەوە بووبێت، وایکردووە کە دەوڵەمەندی و بەرفراوانییەک بەئایدیۆلۆژیای نەتەوەیی ببەخشێ. هەروەها لەبری یەک ئاراستە، چەندین ئاراستەی جیاوازیشی پێدا.

لەم رووەوە خاڵێکی دیکەش هەیە پێویست بەئاماژەکردنی دەکات؛ ئایدیۆلۆژیای نەتەوەیی (نەتەوەگەرایی) کەوتۆتە ژێر کاریگەری هزرە لەدایکبووەکانی دوای خۆیشی. ئەمەش تاڕادەیەکی زۆر لەکاریگەری هزری سۆسیالیزم بەسەر ئایدیۆلۆژیای نەتەوەییدا بەشێوەیەکی بەرچاو دەبینرێت. ئەو کاریگەرییە بەدرێژایی سەدەی بیستەم و لەچوارچێوەی شۆڕشە رزگاریخوازەکانی گەلاندا فۆرمیلە بوو و بەئاوێتەیی ئاراستەی خۆی وەرگرتووە. تەنانەت ئایدیۆلۆژیای نەتەوەییش کاریگەری خۆی بەسەر هزرە لەدایکبووەکانی دوای خۆیشی کردووە و تاڕادەیەکیش لەگەلێک شوێندا چوارچێوە و فۆرمێکی بەهزر و ئایدیۆلۆژیاکانی سەدەی بیستەم داوە.

بەپوختی مرۆڤ دەتوانێ بەگوێرەی ئەو دەستنیشانکردنە دووخاڵی بنەڕەتی بخاتەڕوو:

1 ــ ئایدیۆلۆژیای نەتەوەیی، ئەگەرچی ماخۆی جەوهەر و سیمای تایبەتی خۆیشی بێت، وەلێ لەژێر کاریگەرییەکان ــ لەئاست و رادەی جیاوازدا ــ دەرکەوتووە و گەشەیسەندووە، هەروەها بەگوێرەی رەوش و توانستەکان کاریگەری بەسەر گشت هزر و ئایدیۆلۆژیایەکی دوای خۆیشی کردووە. لەئاکامدا ئاوێتەبوون و تێکچڕژانێک لەنێوان ئایدیۆلۆژیای بەر لەخۆی و دوای خۆی بەدیهاتووە.

2  ــ چەندە ئایدیۆلۆژیای نەتەوەیی کەوتبێتە ژێر کاریگەری هزر و ئایدیۆلۆژیا دواکەوتوو و پاشڤەڕۆکان ئەوەندەش مۆرکی دواکەوتوویی پێوەلکێندراوە و رێبزرکراوە، هەروەها ئەوەندەش رۆڵی پۆزەتیفانەی کەمتر بووە و کەلێن کەوتۆتە نێوان خۆی و جەوهەرەکەیەوە. چەندەش کەوتبێتە ژێر کاریگەری هزر و ئایدۆلۆژیا پێشکەوتوو و زانستییەکان، ئەوەندەش مۆرکی پێشکەوتوویی وەرگرتووە و پۆزەتیفانە رۆڵگێڕبووە و جەوهەری خۆی پێپاراستووە و تۆکمەی کردووە. لەدەرئەنجامدا چ کاریگەری پۆزەتیفانە بێت یاخود نێگەتیفانە، ئاوێتە بوون و تێکچڕژانێکی دیالیکتیکی لەنێوان هزر و ئایدیۆلۆژیاکان و ئایدیۆلۆژیای نەتەوەیی بەدیهاتووە.

ئیدی بەو ئاوێتەبوون و تێکچڕژانە هزری و ئایدیۆلۆژییە، ئایدۆلۆژیای نەتەوەیی لەسەدەی بیستەمدا گەیشتە ئاستی پێگەیشتن و کامڵبوونی خۆی. لەو میانەشدا تێکۆشان و شۆڕشە رزگاریخوازە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان پەرەیان پێدرا و زۆربەیان ئەنجامگیر بوون. قەوارە سیاسییەکان لەسەر بنەمای نەتەوەیی و نیشتمانی دامەزران و لەو چوارچێوەیەدا لەهەندێک جوگرافیادا پێشکەوتنی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتووری رێچکەی پێشکەوتنی خۆی وەرگرت.

بەڵام لەبەرئەوەی لەبنەڕەتدا ئەو ئایدیۆلۆژیایە، جەوهەرێکی بۆرژوازییانەی هەیە، بۆیە کاتێک لە بواری کردارییدا بە قەوارەی سیاسیانە جێگیر بوو، چینی بۆرژوازی باڵادەستی خۆی بەسەر ئەو قەوارانەدا سەپاند. بەردەوامبوونی پێشکەوتن و پەرەسەندنەکان لەژێر باڵادەستی ئەو چینەدا، شاڵاوی داگیرکاری دەستپێکرا و فراوان بوو. بەمەش چەمکی "نەتەوەی سەردەست" و "نەتەوەی ژێردەست" وەک قۆناخێک لە پەیوەندی نێوان نەتەوەکان دەستیپێکرد. هەڵبەتە ئەمەش تێکۆشان و شۆڕشی رزگاری نەتەوەیی لێکەوتەوە. هەر پەیوەست بەم خاڵەوە دەبێ ئاماژە بەوەش بکەین کە: ئەو شاڵاوە داگیرکارییە سەرەتا لەخۆرئاوای پەرەسەندووی سەرمایەداریدا دەستیپێکرد و بۆ خۆرهەڵاتی ناوین و ئەفریقیا و ئاسیای ناوین شۆڕبۆوە. ئیدی شاڵاوی داگیرکاری و بندەستکردنی گەل و نەتەوەکان مۆری خۆی لەسێ سەدەی رابردوو دا. تا لەسەدەی بیستەمدا باڵادەستی ئەو چینە و شاڵاوە داگیرکارییەکەی گەیشتە ئاستی هەرە بڵندی خۆی، کە شۆڤێنیزم و فاشیزم بوو. ئیدی لەلایەک داگیرکاری فاشیزم و شۆڤێنیزم لەو ئایدیۆلۆژیایەوە سەریهەڵدا، لەلایەکی دیکەشەوە بووە ئایدیۆلۆژیای رزگاری گەلان.

بەڵام لەخۆرهەڵاتی ناویندا، بەتایبەتی کاتێک گەلانی ژێردەست بەتێکۆشانی رزگاریخوازانەی خۆیان رزگاریان بووە، چینی باڵادەستی ئەو گەلانە لەگەڵ باڵادەستبوونیان داگیرکاری و فاشیزم و شۆڤێنیزم و گەلێک شێوازی دیکەی سیستەمی داپڵۆسێنەرییان پیادە کردووە. هەڵبەتە ئەو چینی باڵادەستە لە بنەڕەتدا تێکەڵەیەکە لە توێژاڵی فیۆداڵ، خانەدان و کۆمپڕادۆر و بۆرژوای بازرگان، لەلایەکی دیکەشەوە، بۆئەوەی بەردەوامی بەدەسەڵات بدەن خۆیان وابەستەی هێز و سیستەمە دەرەکییەکان کردووە. بەتایبەتی لە سەردەمی دوو جەمسەری جیهاندا ئەو وابەستەییە گەیشتە ترۆپکی خۆی. ئەمەش لە ئاکامدا رەوشێکی پڕ لەنائارامی و ناکۆکی و شەڕ و پێکدادانی هێنایە ئاراوە . هەڵبەتە لەرەوشێکی بەمجۆرەشدا ئەو گەلانە بەشێوەیەکی سروشتی پێشنەکەوتن و، زەمینە و دەرفەتی دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگه‌ش نەڕەخسا. لەوەش مەترسیدارتر دەروازەی خۆرهەڵاتی ناوینی لەبەردەم دەستێوەردانی دەرەکی کردەوە و بێچارەیی و بێئیرادەیی گەلانی سەپاند.

هەڵوێستی ئەو سیستەمانە بەرامبەر ئەو گەلانەی لە ژێردەستیاندا بوون لەسەر بنەمای بێئیرادەکردن و کۆیلەکردن و چەوسانەوە بووە. بۆیە گەلانی ژێردەست بەسەرهەڵدان و یاخیبوون تێکۆشانی خۆیان لەبەرامبەر ئەو سیستەمانە دەستپێکردووە و پەرەیانپێداوە.

لێرەدا پرسێک خۆی دەوروژێنێ؛ بۆچی ئایدیۆلۆژیا پێشکەوتووەکان و ئەو سیستەم و دەسەڵاتانەی لەسەر بنەماکانیان بونیادنراون، دەبن بە ئایدیۆلۆژیا و سیستەم و دەسەڵاتی پاشڤەڕۆ؟ لەوانەیە گەلێک هۆکاری بابەتی و خودی هەبن، هەروەها هۆکارەکان لە خۆرئاوا بۆ خۆرهەڵات جیاواز بن، بەڵام لەهەموو بارەکاندا هۆکاری سەرەکی بەپاشڤەڕۆبوونیان جەوهەری نادیموکراسییانەیانە. هەڵبەتە لەخۆرهەڵاتی ناویندا لەبەرئەوەی کۆمەڵگه‌کان بەشێوەیەکی سروشتی پێشنەکەوتوون و هەڵنەکشاون، بۆیە ئەو بۆرژوازییەتەی چەکەرەی کردووە بۆرژوازییەتێکی بازرگان و وابەستە و نانیشتمانییە. بۆرژوازییەتێکی بەمجۆرەش بێبەریە لەهەموو جەوهەرێکی دیموکراسییانە. هەروەها لەبەر زاڵبوونی کاریگەری سەدەکانی ناوین و باڵادەستی ئەقڵییەتی نەژادپەرستی و ئایینی و ئایینزایی تەسک، ئەو نەتەوایەتییەی کە لەژێر کاریگەری پێشکەوتنەکانی سەرمایەداری لەخۆرئاواوە هاتە خۆرهەڵاتی ناوین، تێکەڵاوی ئەو کاریگەری و ئەقڵییەتە بوو. ئەمەش لە ئاکامدا:

1 ــ نەتەوایەتییەکی پاشڤەڕۆی لەگەڵ خۆیدا هێنا.

2  ــ ئەو نەتەوایەتییەش سیستەم و دەسەڵاتێکی پاشڤەڕۆ و زاڵمی بەسەر واقیعی دواکەوتووانەی کۆمەڵگه‌کانی خۆرهەڵاتی ناویندا سەپاند.

3  ــ لەلایەکی دیکەشەوە وابەستەیی بووە بنەما و لۆژیکی پەیوەندییەکان بەدەرەوە. بێگومان سیستەمێکی بەمجۆرەش ناتوانێ لەدەرەوەی بازنەی ئەو سیستەمە دەرەکییە هەڵسوکەوت بکات کە لەلایەن هێزە دەرەکییەکانەوە بەسەر ناوچەکەدا سەپێنراوە.

4 ــ بۆیە ئەوەی ئەو سیستەمە پاشڤەڕۆیانە چەسپاندوویانە: نائارامی ــ شەڕ و پێکدادان ــ بێچارەیی ــ دواکەوتوویی و وابەستەییە.

ئەگەرچی ئەو سیستەمانەی کە ئەمڕۆ بەسەر گەلانی خۆرهەڵاتی ناویندا سەپێنراون، لە فۆرم و شێوازی دەسەڵاتی خۆیاندا جیاوازییەکیشیان لەنێواندا هەبێ، بەڵام لەجەوهەر و کرۆکیاندا نوێنەرایەتی بێچارەیی و دواکەوتوویی و وابەستەیی دەکەن. ئەمەش ئەو سیستەمانەی گەیاندۆتە ئیفلاسبوونێکی مسۆگەر. چونکە لەلایەک لەگەڵ راستینەی ئەمڕۆ و مێژوویی خۆرهەڵاتی ناوین ناکۆکن، لەلایەکی دیکەشەوە لەگەڵ ئاستی پێشکەوتن و گۆڕانکارییەکانی جیهان یەکانگیر نابنەوە. ئەم راستییە کەم تا زۆر بەسەر گشت سیستەمە داسەپێنراوەکانی ناوچەکەدا دەچەسپێ. هەروەها ئەو راستییە دوو ئاماژەی تریش دەبەخشێ:

1ــ واقیعی ئەمڕۆی ناوچەکە و ئەو ئاستەی پێیگەشتووە. ئیدی بەبنەڕەت وەرگرتنی چەمکی دەوڵەت – نەتەوەیی لەبەڕێوەبردنی سیستەمەکان یاخود وەک شێوازی چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکان، پەسندناکات.

2ــ هەروەها ئەمڕۆ خۆرهەڵاتی ناوین زەمینە و توانستێکی لەبار و گونجاوی دیموکراتیزەبوونی بۆ رەخساوە، تەنانەت ئەمە وەک پێداویستییەک و ناچارییەک خۆی دەسەپێنێ. پەیوەست بەم خاڵەوە، ئیدی ناکرێ و ناتوانرێ گەلانی ناوچەکە لەنێو سنوورە نەتەوەییەکاندا سنووربەند بکرێن. بۆیە پێویست بە تێپەڕاندنی چەمکی دەوڵەت – نەتەوە هەیە و گەیشتن بە چەمکی نەتەوەی دیموکرات و بەبنەماگرتنی یەکێتییەکی ئازادانەی نێوان گەلان بۆتە داخوازییەکی دەست لێبەرنەدراو. چونکە سنووربەندییەکانی نێوان گەلان، هەروەها ئەو ستەمکارییەی لە گەلانی ناوچەکە دەکرێت، بەردەوامی بە نائارامی و شەڕ و پێکدادانەکان دەدەن، ئەمەش لەئاکامدا لەلایەک گشت توانستە ماددی و مەعنەوییەکان بەهەدەردەچن و دەروازە بۆ به‌تاڵانبردنی خێروبیری ناوچەکە و دەستێوەردانی دەرەوە دەکاتەوە، لەلایەکی دیکەشەوە دینامیکییەتی پێشکەوتن و گۆڕانکاری دەوەستێنێت.

ئەگەر ئایدیۆلۆژیای نەتەوەیی لەخۆرهەڵاتی ناویندا بەجەوهەرێکی پاشڤەڕۆیانە دەرکەوتبێتەڕوو و پراکتیزە بووبێت، داخوا لە کۆمەڵگه‌یەکی ژێردەستە و دابەشکراو و تادواڕادە دواکەوتووی وەکو کۆمەڵگه‌ی کوردستان چۆن خۆی خستۆتەڕوو؟ هەرچەندە شوێنگەی کۆمەڵگه‌ی کوردەواری دەکەوێتە نێوجەرگەی خۆرهەڵاتی ناوین، وەلێ لەبەرئەوەی راستینەی کوردستان و کۆمەڵگه‌کەی جگە لەوەی تایبەتمەندییەکانی خۆرهەڵاتی ناوینی وەرگرتووە، لەهەمانکاتدا بەهۆی ئەو رەوشە تایبەتییەی تێیدا ژیاوە، ماخۆی گەلێک تایبەتمەندی خۆیشیەتی، ئەمەش راستینەیەکی جیاوازی لە کوردستاندا هێناوەتە ئاراوە. بۆیە ئەو نەتەوەگەراییەی کە لە کوردستاندا لەئارادا بووە و ئێستاش هەیە ــ بەهەردوو لایەنە پۆزەتیف و نێگەتیفەکەیەوە ــ جیاوازییەکی بنەڕەتی لەگەڵ نەتەوەگەراییە باوەکەی خۆرهەڵاتی ناویندا هەیە.

بەرلەوەی تاوتوێی هەردوو جەوهەرە نێگەتیف و پۆزەتیڤەکەی نەتەوەگەرایی لەکوردستاندا بکەین، پێویست دەکات تاڕادەیەک راستینەی کوردستان و تایبەتمەندییەکانی دەستنیشان بکرێن.

ئەگەر بێتو خۆرهەڵاتی ناوین سەنتەرێکی ستراتیژی بووبێ بۆ جیهان، ئەوا کوردستان لەڕووی ژیۆپۆلەتیک و ستراتیژییەتی جێگا و دەوڵەمەندێتی خاکەکەی وەک سەنتەرێکی ستراتیژی ناوچەکە بووە. ئەمەش لەلایەک وایکردووە راستینەی خۆرهەڵاتی ناوین بەخەستترین شێوە لەخۆیدا بەرجەستە بکات، لەلایەکی دیکەشەوە گەلێک راستینەی تایبەت بەخۆی پێکهێناوە. بۆیە هەمیشە و لەیەککاتدا هەم نوێنەرایەتی خۆی و خۆرهەڵاتی ناوینیشی کردووە.

هەربۆیە کوردستان هەمیشە لەژێر شاڵاو و هێرشی هێزە هەرێمی و جیهانییەکاندا بووە. چونکە باڵادەستبوون بەسەر کوردستاندا بەواتای باڵادەستبوونە بەسەر خۆهەڵاتی ناویندا، باڵادەستبوونیش بەسەر خۆرهەڵاتی ناویندا باڵادەستبوون یاخود بەلایەنی کەمەوە کاریگەربوونە بەسەر جیهاندا. هەڵبەتە راستینەی ئەو هاوکێشەیەش لەڕووی پراکتیکییەوە هەمیشە شاڵاو و هێرشی داگیرکارانەی لەگەڵ خۆیدا هێناوە. باڵادەستبوونیش ژێردەستی، کۆیلایەتی، نکوڵی و قڕکردن و دواکەوتوویی سەپاندووە. لەئەنجامدا کەسێتی و کۆمەڵگه‌یەکی بێئیرادە، قەدەرگەرا، لەهێز داماڵڕاو، لەڕاستینەی نەتەوەیی خۆی دوور، لەڕۆح و هزر و هیوادا پارچەکراو و شکست خواردوو، وابەستەیی و خیانەتی پێشخستووە. ئەمانەش بوونەتە سیما و تایبەتمەندی ئەو کەسێتی و کۆمەڵگه‌یە. بۆیە دەکرێ مێژووی کوردستان لەدوای رووخانی کۆنفیدراسیۆنی میدیاوە بەمێژووی " یاخیبوون ــ شکست " ناوزەدبکەین.

داخوا لەنێو پانتایی ئەو مێژووە جەنجاڵەدا نەتەوەگەرایی چۆن فۆرمیلەی وەرگرتووە؟ ئەگەر گەلێک هەمیشە لەیاخیبوونەکانیدا شکستی هێنابێ، لەنێوخۆیدا تا دواڕادە پارچەبووبێت، وابەستەیی و خیانەت تاسەر ئێسقانی چووبێت، ئیرادەشکاو و لەهێز داماڵراو، لەبەرامبەر گشت شاڵاو و هێرشەکاندا حاڵەتی " خۆپاراستن "ی کردبێتە ستراتیژ، قەدەرگەرایی و بێچارەیی بەناخی هزر و رۆح و هیواکانیدا رۆچووبێت، پرۆسەی لەمێژوو سڕینەوەی ئەو گەلە بەخێرایی بەڕێوەچووبێت و لەگیانەڵڵا دابێت!! بێگومان نەتەوەگەراییەک کە لەنێو ئەو راستییە تاڵانەدا و لەژێر کاریگەری نەتەوەگەراییەتێکی پاشڤەڕۆی ناوچەکەدا سەریهەڵدابێ، نەتەوەگەراییەکی پێشکەوتوو و بەبەرهەم نابێ و ناتوانێت نوێنەرایەتی ئیرادە و هیوای گەلێکی ژێردەستە و دابەشکراو بکات، هەروەها نابێتە هێزی چارەسازی و داینەمۆی پێشکەوتن و لەگەڵ رەوتی گۆڕانکارییەکانی سەردەم ناکۆک دەبێت. هەروەها لەبازنەی نەتەوەگەراییەکی تادواڕادە کۆنەپەرستدا دەخولێتەوە و خاوەن جەوهەر و رۆڵێکی نێگەتیفانە دەبێت.

 ئەو نەتەوەگەراییەی لە کوردستاندا سەریهەڵداوە خاوەن جەوهەر و شێوە و رۆڵێکی بەمجۆرە بووە بە "نەتەوەگەرای سەرەتایی – میللیگه‌رای سه‌ره‌تایی" پێناسە دەکرێت. ئەو دەستەواژە (زاراوە)یە بۆ جاری یەکەم لەلایەن رێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان پێناسە کراوە و ماهییەت و شێواز و رۆڵە نێگەتیفانەکەی دەستنیشان کردووە. بۆ تێگەیشتن لە " نەتەوەگەرای سەرەتایی – القومية البدائية" پێویست بەپێناسەیەکی گشتگیر و دیاریکراو دەکات و دەبێت لەگۆشەنیگای ئایدیۆلۆژی، سیاسی، سۆسیۆلۆژی، سایکۆلۆژی و ئابوورییەوە لێی بڕوانرێت و ماهییەتە نەتەوایەتی و چینایەتییەکەی دەستنیشان بکرێت، بنەمای مێژووییەکەی بخرێتەڕوو و هۆکار و زەمینە بابەتی و خودییەکانی روونبکرێتەوە، لەئاکامدا ئاماژە بە ئاسەوار و کاریگەرییەکانی لەسەر کەسێتی و کۆمەڵگه‌ی کوردەواریدا بکرێت. هەڵبەتە هەر یەکێک لەو تەوەرانە پێویستیان بەلێتوێژینەوە و لێکۆڵینەوەیەکی قووڵ و بەرفراوانی زانستییانە هەیە، ئەگەرچی ئەمە ئەرکێکی سەرەکی و بنەڕەتی سەرشانی رووناکبیرانی کوردە، بەڵام بەداخەوە تائێستا رووناکبیران خۆیان لەقەرەی ئەو تەوەرانە نەداوە، ئەمەش گەلێک هۆکاری خۆی هەیە و لەم باسەدا جێگای نابێتەوە!! لەبەر ئەوەشە تائێستا لەلایەن گەلەکەمانەوە ماهییەتی نەتەوەگەرای سەرەتایی بەقووڵی و بەرفراوانی نەناسراوە. بۆیە لەم باسەدا هەوڵ دەدەم کەمێک لەسەر ئەو تەوەرانە بدوێم:

1 ــ نەتەوەگەرای سەرەتایی لەڕووی ئایدیۆلۆژییەوە: ئەقڵییەتێکی چەقبەستوو و پاشڤەڕۆی کوردەوارییە و بنەما هزریەکانی لە فەلسەفەی "قەدەرگەرایی"وە سەرچاوە دەگرێت. ئەو ئەقڵییەتە پێشناکەوێت و هیچ پێشکەوتنێکیش پەسند ناکات. لەگۆمە ئاوێکی وەستاو دەچێت کە تادێت بۆگەنییەکەی زیاتر دەبێت. هەروەها پشت بەرەنج و کار نابەستێت و مشەخۆر و تاڵانکارە، هەربۆیە هیچ پەیوەستبوونێکی بەخاک و وڵات و بەهاکانەوە نییە. هێز لەدەرەوە وەردەگرێت و چارەنووسی خۆی پێوەدەلکێنێت. بۆیە هەمیشە شکست بەقەدەری خۆی دەزانێت و بەشێوەیەکی رەها باوەڕی بەدووبارە بوونەوەی مێژوو هەیە. ئیدی مێژوو و ئەمڕۆ و داهاتوو وەک زەمەنێکی وەستاو و نەجوڵاو دەبینێت. تاکە ناکۆکی کە لەنێویدا هەبێت ناکۆکی نێوان هزر و پراکتیکە. لەسەر ئەو بنەمایانەش هەوڵی فۆرمیلەکردنی کەسێتی و کۆمەڵگه‌ دەدات. هەروەها ئیرادەی دەرەوەی خۆی بەئیرادەی پیرۆز دەزانێت، بۆیە هەمیشە ملکەچیەتی. تەنانەت هیچ بنەما و پێوانەیەکی ئازادی و دیموکراسی بەبنەڕەت وەرناگرێت.

2 ــ نەتەوەگەرای سەرەتایی لەڕووی سیاسییەوە: بزووتنەوەیەکی ناوچەگەری و یاخیبوو و پاشڤەڕۆ و وابەستەیە و بەرژەوەندی نەتەوەیەک لەبەرژەوەندی عەشیرەتێکدا ــ یاخود توێژێکی بچووکدا ــ دەبینێت، پەیڕه‌وکاری ئەو لۆژیکەیە کە دەڵێت:"بۆ ئەوەی بژیم دەبێت تۆ نەبیت" هەربۆیە شەڕی براکوژی بەڕەوا و راست دەبینێت. ناوچەگەرێتی و پارچەگەرێتی و عەشیرەتگەرایی ئایینی و مەزهەبگەرایی بەرتەسک ئەو پێوانە و پەنجەرەیەن کە لێیەوە لەگشت رووداو و مەسەلەکان دەڕوانێت و داهاتووی پێ دەپێوێت. داهێنەری ئەو سیاسەتەیە کە دەڵێت:" کە من ناتوانم شۆڕش بکەم، ناهێڵم کەسیش بیکات" لەسەر ئەو بنەمایە هەمیشە لەهەوڵی تەسفیەکردن و  لەناوبردنی گشت هێزێکی شۆڕشگێڕ و نیشانپەروەردا بووە. ئەو بزووتنەوەیە بۆ یەکەمجار لە باشووری کوردستانەوە سەریهەڵدا و فۆرمیلەی بە بزووتنەوە و پارتە کوردییەکان داوە و لەبازنەی هەمان ئەقڵییەتدا خولاونەتەوە و دەخولێنەوە، وەلێ بەشێواز و فۆرم و کراسی جیاوازەوە. لەسەر ئەو بنەمایە، هەرکەسێک و لایەنێکی سیاسی ئەگەر لەتێکۆشانی نەتەوایەتیدا ناوچەگەرێتی و پارچەگەرێتی و عەشیرەتگەری و ئایینگەرایی و مەزهەبگەرایی کردە بنەمای سیاسەتی خۆی، ئەوا نوێنەرایەتی نەتەوەگەرای سەرەتایی دەکەن. ئەو کەس و لایەنانە چ دەمامکی چەپڕەوی یاخود میانڕەوییان لەڕووبێت، چ کراسی نەتەوەیی یاخود ئایینی و مەزهەبەگەرییان پۆشی بێت، لە گەوهەردا یەکن.

 سیاسەتی نەتەوەگەرای سەرەتایی هەمیشە لەسەر ناکۆکی و شەڕ و پێکدادان دەژی و هیچ کاتێک نابێتە هێزی چارەسەری، لەکاتی دەسەڵاتداریدا بەشێوازی داپڵۆسین و تۆقاندن و تیرۆر و دەمکوتکردن خۆی بەسەر گەلدا دەسەپێنێت و گشت پێوانە دیموکراسی و ئازادییەکان و پێودانگە مرۆڤایەتی و ئەخلاقییەکان دەخاتە ژێر پێی خۆیەوە. نەتەوەگەرا سەرەتاییەکان ــ بە کەس و لایەنەکانەوە ــ وابەستەیی و بەکرێگیراوی و خیانەت بە ستراتیژی بنەڕەتی خۆیان دەزانن و بێ پەروا جێبەجێی دەکەن و بەڕاست و رەوای دەبینن. لەسەر ئەو بنەمایە، فەرمان و چاوسوورکردنەوە و گوێڕاکێشانی هێزە دەرەکییەکان زۆر لە ئیرادە و داخوازی گەل پیرۆزتر و بەهادارتر دەبینن و بەدیپلۆماسییەتی دەزانن. ئیدی: دەستپانکردنەوە بە "هاوکاری" و پەیمانبەستن و رێککەوتنەکان لەسەر دەستی هێزە دەرەکییەکان و دوژمنانی گەل بە "کوردایەتی" لەقەڵەم دەدەن.

لەمیانەی خستنەڕووی چەند خاڵیکدا بەدیاردەکەوێت کە ئەم ئەقڵییەتە چ مەرگەساتێکی بەسەر گەلی کوردستاندا هێناوە:

1 ــ ئەو ئەقڵییەتە کێشەی گەلی کوردی بنبەست کردووە و لەچارەسەری دوورخستۆتەوە شان بەشانی ئەمەش تا بۆیان کرابێت نەیانهێشتووە هیچ هێزێکی شۆڕشگێڕ و نیشتمانپەروەری ئەلتەرناتیفیش دەربکەوێ و کێشەکە بەرەو راستەڕێی چارەسەری ببات.

2  ــ ئەو ئەقڵییەتە هەمیشە لەسەر شەڕ و پێکدادان و ناکۆکی و ئاژاوە و ناجێگیریدا ژیاوە و باڵادەستی خۆی سەپاندووە. لەلایەکەوە هەمیشە دژی هێزە شۆڕشگێڕەکان لەنێو پیلانگێڕی و ناکۆکیدا بووە، لەلایەکی دیکەشەوە خاوەندارانی ئەو ئەقڵییەتە ــ کەس و لایەنەکان ــ لەنێوخۆشیاندا کۆک و تەبا نەبوونە و شەڕی دەسەڵات و کورسی و پاوانخوازی بووەتە شێوازی پەیوەندی لەنێوانیاندا. بۆیە لەبری کولتووری تەبایی و ئاشتی نەتەوەیی، کولتووری شەڕی براکوژی و ئاژاوە و ناجێگیریان خوڵقاندووە و پەرەپێداوە.

3  ــ پارچەگەرێتی، ناوچەگەرێتی و عەشیرەتگەری و…. هتد بونیادی ئەقڵییەتی سیاسی نەتەوەگەرا سەرەتاییەکان پێکدێنن و چەمکی یەکێتی نەتەوەیی و ئاسایشی نەتەوەیی و بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی لەو چەمکانەدا دەخنکێنرێت. بۆیە لەبری کولتووری یەکێتی نەتەوەیی و رۆحی نەتەوەیی، کولتووری پارچەگەرێتی و ناوچەگەرێتی و عەشیرەتگەرێتیان خوڵقاندووە و پەرەیانپێداوە. بۆیە بە پراکتیک دژی هەر پڕۆژە و هەوڵدانێکی نەتەوەیی یاخود هەر دەزگایەکی نەتەوەیین.

4 ــ هێز و لایەنە نەتەوەگەرا سەرەتاییەکان هەمیشە لەپێناو مانەوە و باڵادەستی خۆیان لەگەڵ هێزە هەرێمی و جیهانییە پاشڤەڕۆکان لەنێو هاوکاری و رێککەوتندا بوونە، تەنانەت لەزۆر حاڵەتدا وەک "سوارەی حەمیدییان" و جاش و تۆڕی سیخوڕی ملکەچ و دەست لەسەر سینگ لەڕاژەی هێزە هەرێمی و جیهانییە پاشڤەڕۆکاندا هەڵسوکەوتیان کردووە. بۆیە وابەستەیی و بەکرێگیراوی و خیانەت بووەتە ستراتیژ و سیاسەتی بنەڕەتی ئەو هێز و لایەنانە.

5  ــ ئەو هێز و لایەنانە دینامیکییەتی پێشکەوتن و گۆڕانکاری کۆمەڵگه‌یان تێکشکاندوە و ئیرادەی گەلیان پووچەڵکردووە و هیوا و ئامانج و داخوازییەکانی گەلیان کردۆتە سەراب.

6 ــ ئەگەر ئەو ئەقڵییەتە کەمێک دەسەڵاتیان بکەوێتە دەست زۆر لەدەسەڵاتدارە فاشیست و دیکتاتۆریەتییەکان داپڵۆسێنەرتر و زۆردارتردەبن.

7 ــ نەتەوەگەرای سەرەتایی گەلێک لق و پۆپی لێبۆتەوە. هەروەها تەنیا لەباشووری کوردستاندا قەتیس نەماوە، بەڵکو وەک پەتایەک گشت کوردستانی گرتۆتەوە. گشت هێز و لایەنەکانی نەتەوەگەرای سەرەتایی خاوەن هەمان ئەقڵییەت و پراکتیکن، بەڵام بە فۆرمیلە و شێوازی جیاوازەوە.

3 ــ نەتەوەگەرای سەرەتایی لەڕووی سۆسیۆلۆژییەوە: نوێنەرایەتی گشت پێوانە و پێودانگە عەشیرەتگەرییەکان دەکات و خاوەنداری لە لەدابونەریتە جێماوەکان و شێوازی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە پاشڤەڕۆکان دەکات. ئەو ئەقڵییەتە پارێزوان و پێکهێنەری پێوانە و پێودانگە فیوداڵییەکانە، لەوەش مەترسیدارتر پێوانە و پێودانگی دواکەوتووترین چەمکی عەشیرەتگەرایی بەسەر نەتەوەیەکدا دەسەپێنێ و دەیکات بەموڵکی نەتەوە. بۆیە ئەقڵییەتی نەتەوەگەرای سەرەتایی بەپێی چەمکە سۆسیۆلۆژییەکان دواکەوتووترین ئەقڵییەتە، ئەمەش لەگەڵ خۆیدا دواکەوتووترین کەسێتی و کۆمەڵگه‌ بونیاد دەنێت. لەبەرئەوەی لەو ئەقڵییەتەدا تادواڕادە فیوداڵێتی باڵادەستە، بۆیە کەسێتی عەشیرەتگەری و ناوچەگەرێتی و پارچەگەرێتی هێناوەتە ئاراوە. هەر بەو کەسێتییەش کۆمەڵگه‌یەکی هاوشێوەی خۆی دروستکردووە. ئیدی کە کەسێتی و کۆمەڵگه‌یەکی بەمجۆرە بەهزری نەتەوەگەرایی کاریگەر دەبێ، یاخود کە دەبینێ ئەو هزرە لەنەشونماکردن دایە، ئەو هزرە (هزری نەتەوایەتی) لەچوارچێوەی ئەو ئەقڵییەتە لەقاڵب دەدات و فۆرمیلەی دەکات. واتە نەتەوەگەراییەک کە لەبازنەی عەشیرەتگەری و ناوچەگەرێتی و پارچەگەرێتیدا دەخولێتەوە، پیادە دەکات.

لەسەر ئەو بنەمایە نەتەوەگەرایەتی ئەو ئەقڵییەتە نەتەوەگەراییەکی عەشیرەتگەری و ناوچەگەرێتی و پارچەگەرێتییە. ئیدی هەڵگری ئەو نەتەوەگەراییە، چینی فیوداڵ ــ کۆمپرادۆر بێت یاخود بۆرژوا و وردەبۆرژوای ریفۆرمیست بێ، جیاوازییەکی زێدە لەنێوانیاندا نابینرێ. هەڵبەتە ئەو نەتەوەگەرایەتییە هەمیشە لەدژی بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەیە و هەرگیز ناتوانێ نوێنەرایەتی بکات. بۆیە رێبەر و سەرکردەکانی ئەو جۆرە پارت و رێکخراوانە، نەک وەک رێبەر و سەرکردەی پارت و رێکخراوێکی سیاسی، بەڵکو لە سەرۆک عەشیرەت یاخود سەرۆک خێڵیش دەچن و وەکو سەرۆک عەشیرەت و خێڵ هەڵسوکەوت دەکەن. هەروەها پێکهاتەی رێکخستنی ئەو پارت و رێکخراوانە پێکهاتەیەکی عەشیرەتگەری یان ناوچەگەری یاخود پارچەگەری تێپەڕ ناکات. ئەمەش لەڕووی سۆسیۆلۆژیەوە بەرتەسکترین و دواکەوتووترین پێکهاتەی سیاسییە لەنێو کۆمەڵگه‌یەکدا.

ئەگەر لەگۆشە نیگایەکی دیکەی سۆسیۆلۆژییەوە لەو ئەقڵییەتە بڕوانین ئەوا دەبینین کە تاک بەعەشیرەت و خێڵەوە هەبوونی هەیە و هەر لەسەر ئەو بنەمایەش گوزارشت لەخۆی دەکات. نەک بەهەبوونێکی نەتەوەیی یاخود بڵێین بە کەسێتییەکی نەتەوەیی. بۆیە بەئەقڵییەتێکی بەمجۆرە، کەسێتی و کولتووری نەتەوەیی و یەکێتی و رۆحی نەتەوەی ناخوڵقێت. چونکە ئەقڵییەتی نەتەوەگەرای سەرەتایی تادواڕادە گەل پارچە و پەرتەوازە دەکات.

واتە ئەو واقیعەی هێزە دەرەکییەکان و هێزە باڵادەستەکانی سەر کوردستان بەسەر کوردستاندا سەپاندوویانە، ئەقڵییەتی نەتەوەگەرای سەرەتایی دەیپارێزێت و قووڵتری دەکاتەوە. ئیدی نەتەوەیەک بۆ چوارپارچە و هەر پارچەیەکیش بۆ چەندین ناوچە و هەر ناوچەیەکیش بۆ چەندین عەشیرەت و خێڵ، پارچه‌ ده‌كات.

ئەگەر زیاتر بەپێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگه‌ی کوردەواریدا قووڵ ببینەوە و هەڵوەستە لەسەر فۆرمیلەبوونی خێزان بکەین، ئەوا لەسایەی ئەو ئەقڵییەتەدا مرۆڤ لەنێو خێزاندا لەدژوارترین رەوشدا دەژیت. چونکە بەپێی ئەو ئەقڵییەتە "خێزان" دەبێتە "نەتەوە" و ماڵیش "وڵات". واتە هەموو شتێک لەخێزاندا بەرجەستە دەبێت؛ شەرەف، کەرامەت، خۆشەویستی و… هتد. لەبەر ئەوەی ئەو ئەقڵییەتە ئەقڵییەتێکی باوکسالارییە، بۆیە چەمکی "پیاوێتی" باڵادەستە و نیشانەی هێز و ئاقڵمەندێتییە و خاوەنی هەموو شتێکی خێزانە بە ژن و منداڵ و سامانیشەوە. کەچی ئەو پیاوێتییە لەبەرامبەر دەسەڵاتی دەرەوەی خێزاندا (دەسەڵاتی دەوڵەت، دەسەڵاتی خێڵ و عەشیرەت، دەسەڵاتی حیزب و… هتد) کۆیلەیە و بێ دەسەڵاتە و مەحکومی نکوڵی و بێچارەییە، لەهەمانکاتدا بەسەر ژنیشەوە ئاغا و سوڵتانە و خاوەنیەتی. لەو حاڵەتەدا رەوشی ژن لەنێو خێزاندا رەوشێکی تراژیدیانەیە، چونکە ئەو گوشار و سەرکوتکردنەی "دەسەڵاتی دەرەوە" بەسەر پیاودا دەیسەپێنێت، ئەوا پیاویش لەنێو خێزان بەسەر ژندا بەزیادەوە دەیسەپێنێت. ئیدی ژن لەلایەکەوە موڵک و شەرف و نامووسە لەلایەکی دیکەشەوە هەموو جۆرە گوشارێکیشی لەسەرە و سەرکوت دەکرێت. ئەگەر ئەو رەوشە لەپێکهاتەی فیۆداڵێتییەوە سەرچاوە دەگرێت، وەلێ کاتێک کە ئەقڵییەتی نەتەوەگەرای سەرەتایی دەسەڵاتدار دەبێت گەلێک پێوانە و بنەماکانی فیۆداڵیش تێدەپەڕێنێت. ئیدی ئەو شەرەف و ناموسەی لەڕوانگەی فیۆداڵێتییەوە پیرۆزترین بەهایە و بە ژن لکێنراوە و تەنیا ژن گوزارشتی لێدەکات، کەچی ئەو ئەقڵییەتە دەتوانێت بیکڕێت و بیفرۆشێت.

بەکورتی ئەقڵییەتی نەتەوەگەرای سەرەتایی خێزانێکی تا بڵێی تەنگ و تراژیدی دەخوڵقێنێت و لەزۆر حاڵەتیشدا پێودانگە فیۆداڵییەکان تێدەپەڕێنێت. لەناو ئەو خێزانەشدا کەسێتییەکی پووچەڵ و پاشڤەڕۆ و کڵۆڵ و بێچارە دەخوڵقێ و ملکەچی هەموو دەسەڵاتێکی دەرەکییە. لەچوارچێوەی خێزانیشدا "پیاوێتی" هەموو شتێکە و "ژنێتی"ش هیچ نییە و سووکترین بەهایە.

4 ــ نەتەوەگەرای سەرەتایی لەڕووی سایکۆلۆژییەوە: کەسێتیەکی بەمجۆرە لە سۆز و خۆشەویستی راستەقینە داماڵراوە و سارد و خەمۆکییە. هەروەها ئەو ئەقڵییەتە لەپیاودا کەسێتییەکی تادواڕادە "ساددی" و لەژنیشدا کەسێتییەکی تا دواڕادە "ماسۆشی" دەخوڵقێنێت. ئیدی مرۆڤ دەتوانێت بڵێ ئەو جۆرە خێزانە لە کۆمەڵگه‌ی کوردەواریدا بریتییە لەپەیمان و ڕێککەوتنی کۆمەڵایەتییانەی نێوان کەسێتی ساددی و کەسێتی ماسۆشی. هەروەها ئەو پیاوەی ماخۆی ئەو ئەقڵییەتە بێت هەمیشە لەبەرامبەر دەسەڵاتی دەرەوەدا "هەست بەکەمی خود" دەکات، بۆیە ناچارە لەسەر بنەمای ملکەچی وابەستەی بێت، ژنیش بەملکەچییەوە وابەستەی پیاو دەبێت. لێرەدا چەمکی هاوسەرێتی بەواتای ملکەچی و وابەستەیی رەها دێت. "زایەندی ــ جنس"یش لەو دۆخەدا تاکە بنەما و پێوانەی هاوسەرێتی و پەیوەندی کۆمەڵایەتییە. "ئەشق و خۆشەویستی"یش لەو دۆخەدا تەنیا ئەرکی پاراستنی ئەو بنەمایەی لەئەستۆ دایە. کەسێتی نەتەوەگەرای سەرەتایی کەسێتییەکی هەمیشە رەشبین و بێباوەڕە، چونکە دووبارەبوونەوەی یاخیبوون و شکستی بەردەوام، لەڕووی ئایدیۆلۆژی و سیاسی و سایکۆلۆژییەوە ئەو کەسێتییەی لەهەموو ئومێد و هیوایەک دابڕاندووە و بێچارەی کردووە، ئەمەش رەشبینی و بێباوەڕی چاندووە و بەرهەمەکەشی قەدەرگەراییە، کەسێتی قەدەرگەرا بەداهاتوو گەشبین نییە، بۆیە لەپێناو داهاتوودا رەنج و هەوڵ نادات و پێی وایە "ئەو نانە نانە کە ئەمڕۆ لە خوانە".

5 ــ نەتەوەگەرای سەرەتایی لەڕووی ئابوورییەوە: ئەقڵییەتی نەتەوەگەرای سەرەتایی خاوەن کەسێتییەکی مشەخۆر و بەرهەمخۆرە، تاڵانکار و چاولەدەستە. هەربۆیە لەلایەکەوە هیچ پەیوەستبوونێکیان بەخاکەوە نییە، لەلایەکی دیکەشەوە بێ رەنج و مشەخۆرن. کەسێتییەک کە بەرهەمهێن نەبێت مشەخۆربێت، کولتووری تاڵانکاری و چاولەدەستی دەئافرێنێت.

لەبەرئەوەی لایەنە سیاسییە نەتەوەگەرا سەرەتاییەکان لەڕووی ئابوورییەوە پشت بەخۆی و بەجەماوەر نابەستێت، ئەوا لەڕووی سیاسیشەوە ئیرادەی سیاسی خۆی و جەماوەریش تەسلیمی ئەو هێز و دەوڵەتانە دەکات کە دەستیان لێپان دەکەنەوە و وەکو خۆیان دەڵێن:" هاوکارییان لێوەردەگرین" ئەمەش هۆکارێکی سەرەکی وابەستبوون و بەکرێگیراوی ئەو هێزانەیە کە نوێنەرایەتی ئەو ئەقڵییەتە دەکەن. چونکە ئەگەر ئابووری سەربەخۆ نەبێت، سیاسەتیش سەربەخۆ نابێت.

لەمیانەی ئاماژەکردن بەهەندێ لایەن و تایبەتمەندی نەتەوەگەرای سەرەتایی و ئەقڵییەتەکەی، ئەوا جەوهەرە نێگەتیف و راستینە مەرگەساتییەکەیمان بۆ روون دەبێتەوە. هەڵبەتە ئەوەی دەستنیشانمان کرد هێڵە گشتییەکانی ئەو نەتەوەگەراییەیە، وەلێ ئەگەر مرۆڤ تێیدا قووڵتر ببێتەوە و زیاتر تاوتوێی بکات گەلێک تایبەتمەندی و سیمای دیکەش دەستنیشان دەکات.

بۆ زیاتر تێگەیشتن لەنەتەوەگەرای سەرەتایی ــ کە لایەنە نێگەتیفەکەی نەتەوەگەرایەتییە لەکوردستان ــ پێویست دەکات ئەگەر زۆر بەکورتیش بێت سەبارەت بەنەتەوەی دیموکراتی ــ کە لایەنە پۆزەتیفەکەی نەتەوایەتییە و بە لەدایکبوونی تەڤگەری ئازادیخوازی پەکەکەوە سەریهەڵداوە ــ هەندێک خاڵ دەستنیشان بکەین:

1. لەبەرئەوەی میزۆپۆتامیا لانکەی ژیار و شارستانییەتی مرۆڤایەتییە و گەلی کوردیش یەکێکە لەو گەلانەی ئەو ژیار و شارستانیەتییەیان بونیادناوە، ئیدی کە ئەو گەلە لەنزمترین ئاستی ژیاندا دەژیت و لەڕاستینەی مرۆڤایەتی خۆی داماڵراوە، بۆیە لەکەسێتی گەلی کورددا تەواوی مرۆڤایەتی سووکایەتی پێدەکرێت و بەهاکانی ژێرپێ دەخرێت. لەسەر ئەو بنچینەیە کێشەی نەتەوەیی کورد گوزراشت لەتەواوی کێشە مرۆڤایەتییەکان دەکات. بەواتایەکی دیکە کێشە مرۆڤایەتییەکان لەسەر خاکی میزۆپۆتامیادا لەدژوارترین و مەترسیدارترین رەوشی خۆی دایە.

2 . هەروەک چۆن کێشەی نەتەوەیی کورد وەک کێشەیەکی پارچە پارچە نابینێت، بەڵکو وەک کێشەی تەواوی گەلی کوردستان دەبینێت، لەهەمانکاتیشدا لەکێشەکانی گەلانی خۆرهەڵاتی ناوینیشدا نایپچڕێنێ. واتە چارەسەرکردنی کێشەی کورد نەک لەچوارچێوەی سنوورێکی دەوڵەت – نەتەوەدا، بەڵکو لەچوارچێوەی چەمکی نەتەوەی دیموکراتی و بەیەکەوە ژیانی ئازادانە دەبینێت. بۆیە کێشەی کورد و کێشەکانی گەلانی دیکە بەیەکەوە پەیوەستدار دەبینێت. لەبەرئەوە بەدیهێنانی نەتەوەی دیموکراتی و یەکێتی ئازادانەی نێوان گەلان بەگونجاوترین و راستترین چارەسەری دەبینێت.

3 . هەروەها کێشەی نەتەوەیی پەیوەستداری کێشە چینایەتی و رەگەزی و کێشە مرۆڤایەتییەکان دەبینێت و لەیەکتریان جودا ناکاتەوە، بەڵکو تێکۆشان لەپێناو چارەسەری کێشەی نەتەوەیی لەهەمانکاتدا پەیوەست بکرێ بە تێکۆشان لەپێناو چارەسەری کێشەکانی دیکەش. بەواتایەکی دیکە: تێکۆشان بۆ چارەسەری ئەو کێشانە بەیەکەوە و بەئاوێتەیی ئەنجام دەدرێن.

4ـ تێکۆشانی نەتەوەیی لەجەوهەری خۆیدا تێکۆشانێکی دیموکراسییانەیە. چونکە کێشەی کورد خاوەن جەوهەرێکی دیموکراسییانەیە.

لەمیانەی ئەو چەند خاڵەدا ئەو راستییە روون دەبێتەوە کە رێبازی نەتەوەییانەی تەڤگەری پەکەکە خاوەن رەهەندێکی دیموکراسییانە و جەوهەرێکی ژیاندۆست و مرۆڤدۆستیانەیە. بۆیە لەگەڵ رێبازی نەتەوەگەرای سەرەتایی ناکۆکە و سەداسەد لێی جیاوازە.

بێگومان لێتوێژینەوە لەسەر نەتەوەگەرای سەرەتایی پێویستی بەقووڵبوونەوە هەیە بۆ ناخی مێژووی کوردان لەسەدەی بیستەم و چاره‌گه‌ سه‌ده‌ی ئێستادا، بەتایبەتی ئەم 65 ساڵەی دوایی، کە بەقۆناخی پەرەسەندن و باڵادەستی نەتەوەگەرای سەرەتایی دەناسرێت. بەڵام بەسەرکەوتنی دیموکراسییەت و پەرەسه‌ندنی شۆڕشی ژیانەوە و دیموکراسییانەی گەلەکەمان و خوڵقاندن و پتەوبوونی یەکێتی نەتەوەیی کوردان و تۆکمەبوونی رۆحی نەتەوەیی، هەروەها لەگەڵ پێشکەوتنی سیستەمی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیدا کە بەستراتیژی نوێی کوردان بۆ سەدەی بیست و یەکەم دادەنرێت، ئیدی ئەقڵییەت و هزری نەتەوەگەرای سەرەتایی گەیشتۆتە قۆناخی ئیفلاسبوونی خۆی و چیتر ناتوانێت بەردەوامی بەژیان و باڵادەستی خۆی بدات. چونکە مەحکومی تێپەڕاندن و کەوتنە پەراوێزی مێژووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Close
Close
%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: