وتووێژ

ته‌ها حسێن: پارته‌ سیاسیه‌کان ئاشته‌وایى کۆمه‌ڵگه‌ و خێزانیان تێکداوه‌

سازدانی- دانا عومه‌ر

teha

ده‌روناس ته‌ها حسین، له‌باره‌ى پێشکه‌وتنه‌کانى کۆمه‌ڵگه‌ى کوردییه‌وه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌کات، که‌ پڕۆسه‌ى په‌ره‌وه‌رده‌ پاشه‌کشێى کردووه‌ و نه‌یتوانیوه‌ له‌گه‌ڵ پێشکه‌وتنه‌کانى کۆمه‌ڵگه‌دا پێش بکه‌وێت، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌ ڕۆڵى خراپى پارته‌ کوردیه‌کان ده‌کات له‌ کۆمه‌ڵگه‌دا و ده‌ڵێت پارته‌کان تاکى ترسنۆک به‌رهه‌م ده‌هێنن و به‌هۆى ململانێى ناشه‌ریفانه‌وه‌ ئاشته‌وایى کۆمه‌ڵگه‌ و خێزانیشیان تێکداوه‌.

به‌هۆى پێشکه‌وتنى ئامێره‌کانى په‌یوه‌ندى کردن و ته‌کنه‌لۆژیاى زانیارییه‌وه‌، چه‌ندین دیارده‌ى نۆێ له‌ کۆمه‌ڵگه‌دا سه‌رى هه‌ڵداوه‌ و سه‌رچاوه‌کانى ئاڕاسته‌کردنى کۆمه‌ڵگه‌ و په‌روه‌رده‌کردنى تاکه‌کان زیادى کردووه‌، بێجگه‌ له‌وه‌ش سه‌رهه‌ڵدانێکى قه‌یرانى دارایى له‌ کۆتایى ساڵى 2014 وه‌ و بوونى ناکۆکى سیاسى له‌نێوان پارته‌کانى باشوورى کوردستاندا، کۆمه‌ڵگه‌ى باشوورى کوردستانیان ڕووبه‌ڕووى ته‌نگه‌ژه‌یه‌کى ده‌رونى و کۆمه‌ڵایه‌تى کردووه‌ته‌وه‌ که‌ کاریگه‌رى له‌سه‌ر ڕه‌فتارى تاکه‌کان دروستکردووه‌.

بۆ گفتوگۆکردن له‌سه‌ر کێشه‌کانى کۆمه‌ڵگه‌ و کاریگه‌رى کێشه‌ سیاسیه‌کان و قه‌یرانى دارایى و کاریگه‌رى پێشکه‌وتنى ته‌کنه‌لۆژیا، له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌ى باشوورى کورستان، گفتوۆیه‌کمان له‌گه‌ڵ ته‌ها حسێن، ده‌روناس و توێژه‌رى ده‌رونى، کرد.

 

ده‌قى چاوپێکه‌وتنه‌که‌

 

  • لاوازى پڕۆسه‌ى به‌کۆمه‌ڵایه‌تی بوونى کۆمه‌ڵگه‌ و گرفته‌کانى په‌یوه‌ندیه‌کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆچى؟

 

"جیلێکمان به‌رهه‌مهێناوه‌ جیلێکى گۆشه‌گیر و بێ متمانه‌ و بێ ئینتیما و نامۆ به‌به‌ها و ئاکاره‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان"

ته‌ها حسێن: پێویستى مرۆڤ به‌ په‌یوه‌ندیه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان یه‌کێکه‌ له‌پێداویستیه‌ گرنگه‌کانى بنیاتنانى که‌سێتى هاوسه‌نگ و ته‌ندروسته‌، ئامرازێکى گرنگى هه‌ڵسه‌نگاندنى خوده‌ و پڕۆسه‌یه‌که‌ بۆ گه‌شه‌پێدان و په‌ره‌سه‌ندنى تاک، هه‌ر ئه‌مه‌ش واده‌کات که‌ به‌کۆمه‌ڵایه‌تیبون به‌یه‌کێک له‌خه‌سڵه‌ته‌ گرنگه‌کانى تاک بۆکارتێکردن له‌ کۆمه‌ڵگه‌و وه‌رگرتنى ئاماژه‌کان و وه‌ڵامدانه‌وه‌ و دیالۆک کردن دابنرێت.

پڕۆسه‌ى به‌کۆمه‌ڵایه‌تیبون (سۆسیالیزه‌یشن) پڕۆسه‌ى کامڵبون و گۆشکردنى تاکه‌ له‌ڕێى کۆمه‌ڵێک ئامرازى وه‌ک (خێزان، دامه‌زراوه‌ په‌روه‌رده‌یی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانى ده‌وڵه‌ت، په‌رستگاکان، ڕاگه‌یاندن و گروپى کۆمه‌ڵایه‌تى…..) که‌ له‌ڕێگه‌یه‌وه‌ به‌ها گشتى و تایبه‌تیه‌کانى کۆمه‌ڵگه‌ فێرده‌بێت و به‌هۆى ئه‌و ئه‌زمون و ڕاهێنانه‌ى که‌ڕۆژانه‌ دوباره‌یان ده‌کاته‌وه‌ ده‌بێته‌ به‌شێک له‌ بنیاتى که‌سێتى و لێره‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وهاوبه‌شیه‌ى که‌تاکه‌کانى کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک له‌ به‌هاکاندا هه‌یانه‌ ڕایه‌ڵه‌یه‌ک له‌په‌یوه‌ندى دروست ده‌بێت که‌ له‌ناواخندا تێره‌ به‌ به‌هاى ئاکارى و که‌سێتیه‌کان، به‌هۆیه‌وه‌ جۆرێک له‌نزیکى له‌نێوان ئه‌ندامانى کۆمه‌ڵگه‌دا دروست ده‌بێت، هه‌ربۆیه‌ بێجگه‌ له‌ به‌هاگشتیه‌کانى مرۆڤایه‌تى هه‌رکۆمه‌ڵگه‌و خاوه‌نى به‌هاو ئاکارى تایبه‌ت به‌خۆیه‌تى.

به‌بڕواى من به‌له‌به‌رچاوگرتنى ئه‌وه‌ى له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌م پێداوه‌ پڕۆسه‌ى به‌کۆمه‌ڵایه‌تى بون له‌ ئاستێکى لاوازدایه‌ به‌به‌راورد به‌ ده‌یه‌کانى پێشوو، مه‌به‌ستى من لێره‌دا به‌کۆمه‌ڵیه‌تیى بونێکى پڕ له‌ ووزه‌ ده‌گرێته‌وه‌ نه‌ک ئه‌وه‌ى له‌ڕێى تۆڕه‌کانى په‌یوه‌ندیه‌وه‌ ده‌گوزه‌رێت، بێجگه‌ له‌په‌یوه‌ندیه‌کى بێ ڕۆح و خۆخاڵیکردنه‌وه‌یه‌کى ده‌رونى هیچى تر نیه‌، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و پاشه‌کشێیه‌ى که‌ له‌ پڕۆسه‌ى په‌روه‌رده‌دا ڕویداوه‌ و نه‌مانتوانیوه‌ پڕۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ هاوشانى پێشکه‌وتنى ته‌کنه‌لۆجیا و هاوسه‌نگ به‌ به‌به‌ها ئاکاریه‌کانى خۆمان په‌ره‌ پێبده‌ین، هه‌ر بۆیه‌ له‌ئێسته‌دا په‌یوه‌ندیه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانیش پڕ له‌کێشه‌و گرفته‌ و بگره‌ به‌رده‌وام له‌پاشه‌کشه‌ دایه، ‌ئه‌مه‌ نه‌ک ته‌نها له‌سه‌ر ئاستى تاک و خێزان به‌ڵکو له‌سه‌ر ئاستى سیاسى وکۆمه‌ڵایه‌تیش به‌جۆرێک خه‌ریکه‌ به‌ته‌واوه‌تى ده‌چینه‌ قۆناغى تاک گه‌رایى و ته‌نها بیر له‌خۆمان و به‌رژه‌وه‌ندى خۆمان ده‌که‌ینه‌وه‌، گه‌شه‌ى ویژدان و ئاکار له‌به‌رده‌م داڕمانى ته‌واوه‌تیدایه‌، جیلێکمان به‌رهه‌مهێناوه‌ جیلێکى گۆشه‌گیر و بێ متمانه‌ و بێ ئینتیما و نامۆ به‌به‌ها و ئاکاره‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان، به‌جۆرێک هیچ ڕایه‌ڵه‌یه‌ک هاونیشتمانیان نابه‌ستێته‌وه‌ به‌ده‌سه‌ڵات و کۆمه‌ڵگه‌وه‌ و بۆشاییه‌کى پڕکراوه‌ به‌بێمتمانه‌یى له‌نێوان تاکو ده‌سه‌ڵات و تاکو کۆمه‌ڵگه‌دا هه‌یه‌ که‌بوه‌ته‌ هۆى دابڕانێکى کۆمه‌ڵایه‌تى گه‌وره‌.

هه‌رئه‌مه‌شه‌ واى کردووه‌ له‌ئێستادا په‌یوه‌ندیه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان جۆرێک له‌ کاڵبونه‌وه‌ به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت، ئه‌وه‌ى ده‌گوزه‌رێت ته‌نها په‌یوه‌ندیه‌کى بێ ڕۆحه‌ و ئه‌وه‌ى ڕۆڵ ده‌بینێت ته‌نها کێبڵه‌ نه‌ک ڕۆح ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ کۆمه‌ڵێک هۆکار که‌ بریتین له‌

–           زۆربون و په‌ره‌سه‌ندنى ئامێره‌کانى په‌یوه‌ندیکردن و به‌کارهێناى وه‌ک جێگره‌وه‌ى په‌یوه‌ندیه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان.

–           سه‌خت بونى ژیان و گوزه‌رانى تاک و سه‌رقاڵبونیان به‌ په‌یداکردنى قوتى ڕۆژانه‌.

–           که‌مبونه‌وه‌ى کۆبونه‌وه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی و خێزانیه‌کان.

–           به‌هێزبونى پاڵنه‌رى انانیه‌ت .

 

  • لاواز بونى به‌ها ئه‌خلاقیه‌کان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆچى؟

 

"پاشه‌کشێى پڕۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ یه‌کێکه‌ له‌ هۆکاره‌کان"

ته‌ها حسێن: به‌ها ئاکاریه‌کان روکنێکى گرنگى بنیاتنانى کۆمه‌ڵگه‌یه‌ (کۆمه‌ڵێک خاسیه‌ت و ڕه‌فتارى په‌سه‌ندکراوى مرۆییه‌ که‌ جێگه‌ى ڕه‌زامه‌ندى کۆمه‌ڵگه‌ و تاکه‌ و به‌رژه‌وه‌ندى و چاکه‌ى گشتى تێدایه‌)، گرنگى به‌ها ئاکاریه‌کان له‌وه‌دایه‌ که‌ به‌هێزترین ڕوکنى بنیاتنانى کۆمه‌ڵگه‌ و ڕایه‌ڵى گرنگى گرێدانى تاکه‌ به‌کۆمه‌ڵگه‌وه‌، هۆکارى سه‌قامگیربونى کۆمه‌ڵگه‌ و سه‌لامه‌تى په‌یوه‌ندیه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانه‌، هه‌ربۆیه‌ به‌هێزبونى به‌ها ئه‌خلاقیه‌کان به‌هێزبونى کۆمه‌ڵگه‌ و خۆڕاگریه‌تى له‌به‌رامبه‌ر کێشه‌و گرفته‌کانى ڕۆژگاردا به‌پێچه‌وانه‌وه‌ تێکچونى به‌ها ئاکارى و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان لاوازبونى کۆمه‌ڵگه‌یه‌ له‌به‌رامبه‌ر کێشه‌و گرفته‌کاندا.سه‌باره‌ت به‌ وه‌ڵامى پرسیاره‌که‌شت سه‌باره‌ت به‌ لاوازبونى به‌ها ئاکاریه‌کان ئه‌وا ده‌توانم به‌چه‌ند خاڵێک بیخه‌مه‌ ڕوو:

 

–           پاشه‌کشه‌کردنى پڕۆسه‌ى په‌روه‌رده‌ که‌ له‌خێزانه‌وه‌ ده‌ست پێده‌کات تا ده‌گاته‌ دامه‌زراوه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌کانى ترى کۆمه‌ڵگه‌، چونکه‌ په‌روه‌رده‌ ئامرازى هه‌ره‌گرنگ و سه‌ره‌کیه‌ له‌چاندنى به‌ها ئاکارییه‌کانى کۆمه‌ڵگه‌دا

–           په‌ره‌سه‌ندنى پاڵنه‌رى به‌رژه‌وه‌ندیخوازى تاکى و وه‌لانانى به‌رژه‌وه‌ندى گشتى و چاکه‌ى گشتى.

–           هه‌ڵپه‌کردن بۆ ده‌سکه‌وتى مادى زۆر بێڕه‌چاوکردنى به‌ها باڵکانى کۆمه‌ڵگه‌

–           حه‌زى مرۆڤ بۆ تاکگه‌رایى و تێپه‌ڕاندنى کۆمه‌ڵگه‌ و به‌هاکانى.

 

  • هۆکارى ململانێ چینایه‌تیه‌کان چیه‌؟

 

 

"هۆکارى ئایدۆلۆژى و هه‌وڵدانى گروپێکى ئایدۆلۆژى بۆ خۆ سه‌پاندن یه‌کێکه‌ له‌ هۆکاره‌کان"

 

ته‌ها حسێن: سه‌ره‌تا پێویسته‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ بده‌ین که‌ ململانێى چینایه‌تى له‌ناوه‌ڕۆکدا ململانێیه‌کى سیاسیه‌ و بریتیه‌ له‌ هه‌وڵدانى چینێک یان گروپێک بۆ بون به‌ ژماره‌ى یه‌که‌م و گرتنه‌ ده‌ستى پێگه‌ و ده‌سه‌ڵاته‌ باڵاکان، ئه‌گه‌ر چاوێک به‌مێژودا بخشێنین ئه‌وا چه‌ندین شێوه‌ له‌ ململانێى چینایه‌تى ده‌بینین وه‌ک (ململانێى چینایه‌تى له‌شێوه‌ى سیاسى، یان ململانێى چینایه‌تى له‌شێوه‌ى ئابورى ، یاخود ململانێى چینایه‌تى له‌شێوه‌ى ئایدۆلۆژى) بۆیه‌ هه‌رلێره‌وه‌ ده‌توانین ئاماژه‌ بده‌ین به‌ هۆکاره‌کانى ململانێى چینایتى:

–           هۆکارى ئایدۆلۆژى و هه‌وڵدانى گروپێکى ئایدۆلۆژى بۆ خۆ سه‌پاندن.

–           هۆکارى ئابورى که‌ گروپێک ده‌یه‌وێت هه‌مو و کایه‌ ئابوریه‌کان بۆ خۆى قۆرخ بکات.

–           هۆکارى سیاسى که‌ پارتێک یان گروپێک ده‌یه‌وێت هه‌موو کایه‌کانى ئایدۆلۆژى و ئابورى لاى خۆى بێت و خۆى ژماره‌ یه‌ک بێت.

 

  • ئایا حزبه‌ کلاسیکیه‌کان له‌دواى 2013 ه‌وه‌ چ کاریگه‌ریه‌کیان داناوه‌ له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌ به‌باش یان خراپ؟

"بوه‌ته‌ هۆى لێککترازانى کۆمه‌ڵگه‌ و دابه‌شبونى کۆمه‌ڵگه‌ بۆ دوو به‌ره‌ى دژ به‌یه‌ک"

 

ته‌ها حسێن: هه‌مو پارت و حزبێک خاوه‌نى هه‌ر ئایدۆلۆژیایه‌ک بێت کاریگه‌رى ئه‌رێنى و نه‌رێنى به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌وه‌ به‌جێده‌هێڵێت، ده‌توانم بڵێم له‌ و به‌رواره‌وه‌ کاریگه‌ریه‌کان زۆر نێگه‌تیڤ بون، چونکه‌ ململانێى نێوان پارته‌کان ململانێیه‌کى ناشه‌ریفانه‌ و ڕه‌تکردنه‌وه‌ى یه‌کترو تۆمه‌تبار کردنى به‌رامبه‌ر بووه‌ نه‌ک ململانێى فیكرى، ئه‌مه‌ش بوه‌ته‌ لێککترازانى کۆمه‌ڵگه‌و دابه‌شبونى کۆمه‌ڵگه‌ بۆ دوو به‌ره‌ى دژ به‌یه‌ک، به‌جۆرێک ئاشته‌وایى کۆمه‌ڵایه‌تى و ته‌نانه‌ت ئاشته‌وایى خێزانیشى تێکداوه‌، متمانه‌ له‌نێوان هاوڵاتیان له‌لایه‌ک و هاوڵاتیان و پارته‌کان له‌لایه‌کى تره‌و نه‌ماوه‌ ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌ په‌یوه‌ندى نێوان پارته‌کان خۆیان که‌ ته‌نها ڕه‌تکردنه‌وه‌ و سڕینه‌وه‌ى به‌رامبه‌ره‌، ته‌نانه‌ت ئه‌و ململانێ ناشه‌ریفانه‌ کارێکى کردووه‌ که‌ بارى ده‌روونى هاووڵاتیان توشى شڵه‌ژان بێت و چه‌ندین گرفتى کۆمه‌ڵایه‌تى و ده‌رونى لێکه‌وتۆته‌وه‌، بۆیه‌ ده‌توانم بڵێم له‌ کوردستان پارته‌کان تا ئێسته‌ش نه‌بونه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ و پێشه‌نگ بۆ لێکتێگه‌شتن و یه‌کتر قبوڵکردن به‌ڵکو هه‌میشه‌ ململانێکانى خۆیان گواستۆته‌وه‌ بۆ ناو خێزان و کۆمه‌ڵگه‌ و دامه‌زراوه‌کانى دیکه‌، بۆیه‌ پارته‌کان هه‌میشه‌ سه‌رچاوه‌ى دروستبونى په‌شێوى و ناکۆکى کۆمه‌ڵایه‌تى بون و هۆکارێک بون بۆ تێکدانى ئاشته‌وایى خێزان و کۆمه‌ڵگه‌، ده‌توانم بڵێم کلتورى سڕینه‌وه‌ و ره‌تکردنه‌وه‌ى به‌رامبه‌ر پارته‌سیاسیه‌کان دایانهێنا، پارته‌کان له‌کوردستان هه‌میشه‌ خه‌ریکى به‌رهه‌مهێنانى تاکێکى ترسنۆک و کۆیله‌ بون و هه‌رگیز کاریان نه‌کردووه‌ بۆ پێگه‌یاندنى نه‌وه‌یه‌کى ساغله‌م و ئازاد، ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌وه‌ى که‌ پڕۆسه‌ى په‌روه‌رده‌یان کرد به‌قوربانى ئایدۆلۆژیا بێسه‌رو بنه‌که‌ى خۆیان. 

 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Close
Close
%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: