پرسی ژن

ژن، ژیان، ئازادیی و  پرسی چەپ

سلاڤۆی ژیژەک

و. دێرسیم فایەق

 

لە مانگی ڕابردووەوە، چوار ڕووداو کە چەقەکەی ژنە بووەتە سەردێری هەواڵەکان: سەرکەوتنی[1] جۆرجیا مێلۆنی لە هەڵبژاردنەکانی ئیتالیادا؛ مردن و پرسەی[2] شاژنە ئیلیزابێزی دووەم؛ دەرچوونی[3] فیلمی ژنە پاشا؛ و ناڕەزایەتیی بەرفراوان لە ئێراندا[4]، لە دوای کوشتنی مەهسا ئەمینیەوە لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە. کۆکردنەوەی ئەم چوار هەواڵە بەیەکەوە، خەسڵەتە بنەڕەتییەکانی بواری سیاسیمان بۆ دەردەکەوێت.

لەکاتێکدا کە چەپ شکستی هێناوە لەوەی وەڵامگۆی قەیرانەکانی دیموکراسییەتی لیبراڵ بێت، بۆیە سەرهەڵدانی حکومەتە ڕاستڕەوەکان لە ئەورووپادا بە تایبەت مایەی سەرسامی و ئەبڵەقبوون نیە. لەگەڵ ئەوەدا ڕۆڵی سەنتراڵ و نێوەندی ژن لەم بزووتنەوەیەدا هێشتا  بەوڕادەیەی کە شایەنییەتی سەرنجی نەدراوێتێ. ڕێبەرانی ڕاستڕەوی وەک مێلۆنی و مارین لۆپێن لە فەرەنسا خۆیان وەک بەدیل و ئەڵتەرناتیڤێکی بەهێزتری تەکنۆکراتە نێرینەییەکانی هێڵە گشتییە نەریتییەکە دەردەخەن. ئەوان هەم ڕەقێتی ڕاستڕەوی بەرجەستەدەکەن، هەمیش ئەو خەسڵەتانەی کە پەیوەستدەکرێنەوە بە ژنێتییەوە وەک سەرنج‌خستنە سەر گرنگی‌پێدان و خێزان: فاشیزم بە ڕووخسارێکی مرۆییەوە.

ئێستا با لە نمایشە پەخشکراوەکەی پرسەی ئیلیزابێزی دووەم لەسەر تەلەڤیزیۆنی ڕابمێنین، کە پارادۆکس و لێکدژییەکی سەرنجڕاکێش دەخاتە بەرڕووناکی: لەکاتێکدا دەوڵەتی بەریتانی زۆر زیاتر لە پێگەی زل-هیزێکی پێشوو ،کەوتووە و هاتۆتە خوارەوە؛ بەڵام توانای خێزانی پاشایەتی لە ئیلاهم‌بەخشین بە خەیاڵ‌پڵاوی ئمپراتۆری[5]دا لە گەورەبوون و فراوانبووندایە. نابێت ئەمە تەنیا هەر وەک ئایدۆلۆژیایەک ببینین کە پەیوەندی واقیعییەکەی دەسەڵات دەمامکدار و پەردەپۆش دەکات. بەڵکو، فەنتازیا پاشایەتییەکان (monarchical ) خۆیان بەشێکن لەو پرۆسەیەی لێوەی پەیوەندییەکانی دەسەڵات خۆیان بەرهەمدەهێننەوە.

مەرگی ئیلیزابێزی دووەم جووداکاری مۆدیرنی نێوان فەرمانڕەوایی (reigning ) و حکومداری (ruling) بە بیردا هێناینەوە، بەوەی یەکەم دانەیان تەنها لە چوارچێوەی ئەرکە تەشریفاتییەکاندا سنووردارکراوە. پاشا چاوەڕێی ئەوەی لێدەکرێت هاوسۆزی و دڵنەرمی و نیشتیمانپەروەری بڵاو بکاتەوە و بەدوور بێت لە ململانێ سیاسییەکان[6]. بەم شێوەیە، پاشا ترانسێندێنس و بڵندنشینی ئایدۆلۆژیا نانوێنێتەوە، بەڵکو زیاتر نوێنەرەوەی ئایدۆلۆژیایە لە پەتیترین فۆرمی خۆیدا. ڕۆڵی ئیلیزابێزی دووەم، بۆ حەوت دەیە، ئەوە بوو وەک ڕووخساری دەسەڵاتی دەوڵەت[7] خزمەتبکات. تەسادووفی مەرگی ئیلیزابێز و سەرکەوتنی سەرۆک‌وەزیر لیز ترەس بۆ سەر کورسی دەسەڵات لەوانەیە شتێکی تەواو ڕێکەوت بووبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە قووڵی ڕەمزی وەچەرخان بوو لە شاژنە بۆ ژنە-پاشا. لیز ترەس، لە ڕۆڵە نوێیەکەیدا لەڕێی تێکەڵکردنی[8] کۆمەکە داراییەکانی وزە لەگەڵ بڕینی باج لە دەولەمەندان، بەشێوەیەکی بەشەکی بەری لە چەپ گرت.

فیلمی ژنە پاشای گینا پرینس-بیتیوود،   بەهەمان شێوە مامەڵە لەگەڵ  لۆژیکی سیاسی پاشایەتیدا دەکات. داستانێکی مێژووییە دەربارەی ئاگۆژی(Agojie)، کە یەکەیەکی شەڕکەری هەموو-ژنن و شانشینی داهۆمێی ڕۆژئاوای ئەفریقا لە سەدەی حەڤدەوە بۆ نۆزدە دەپاراست. ڤیۆلا دەیڤیس وەک کارەکتەری ئەفسانەیی ژەنەراڵ نانیسکا ڕۆڵی سەرەکی دەبینێ. ئەو تەنیا لە ژێر دەسەڵاتی پاشا گیزۆ ( Ghezo)دایە، کە کەسایەتییەکی راستەقینەیە و لە ١٨١٨ بۆ ١٨٥٩ حوکمی داهۆمێی کردووە و تاکۆتایی قەڵەمڕەوییەکەی بەشدار[9] بووە لە بازرگانی کۆیلایەتی ئەتڵەسیدا.

لە فیلمەکەدا دوژمنانی ئاگۆژی ئەو بازرگانانەی کۆیلەن کە سانتۆ فێرێرا سەرۆکایەتییان دەکات، کە کەسایەتییەکی خەیاڵێیە و بە نزیکەیی لە فرانسیسکۆ فلێکس دی‌سۆساوە ئیلهامی وەرگرتىیت. بەلام لە ڕاستیدا، دی‌سۆسا بازرگانێکی کۆیلەی بەرازیلی[10] بوو کە یارمەتی گیزۆی دا دەسەڵات بگرێتەدەست؛ و داهۆمێی‌یش شانشینێک بوو کە دەوڵەتە ئەفریقییەکانی دیکەی داگیرکرد و خەڵکەکانی دەکرد بە کۆیلە و دەیفرۆشتن[11]. لە کاتێکدا نانسیکا واپیشاندەدرێت ناڕەزایەتی لای پاشا دەرببڕێت لە بەرامبەر بارزگانی کۆیلەدا، بەلام ئاگۆژی ڕاستەقینە خزمەتی [پاشای] دەکرد.

بۆیە ژنە پاشا ئەو فۆرمەی فێمینیزم برەوپێدەدات کە لیبرالە ڕۆژئاواییەکانی چینی-ناوەراست حەزیان لێیەتی. وەک بزووتنەوەی فێمینیستی #MeToo ئەمڕۆکە، جەنگاوەرە ئەمازۆنییەکانی داهۆمێی بێبەزییەیانە هەموو فۆرمەکانی لۆژیکی دووانەیی (binary logic)[12] و پیاوسالاری و شوێنەواری ڕەگەزپەرستی ناو زمانی ڕۆژانە سەرکۆنەدەکەن، بەڵام زۆر بە وریاییەوە مامەڵە دەکەن تاوەکو فۆرمە قووڵترەکانی ئەو چەوسانەوەیەی سەرمایەداری جیهانیی مۆدێرن ڕادەگرێت، و کە هەروەها درێژەپێدەر و بەردەوامیدەری ڕەگەزپەرەستییە، ناڕەحەت نەکەن.

ئەم پێگەیە لە گرنگی دوو فاکتی بنچینەیی دەربارەی کۆیلایەتی کەمدەکاتەوە. یەکەم، بازرگانانی کۆیلەی سپی‌پێست زۆر بە کەمی پێویست بوو پێبخنەوە خاکی ئەفریقاوە، چونکە ئەفریقییە دەستڕۆیشتووەکان (ـی وەک شانشینی داهۆمیی) کۆیلەی زۆروزەبەندی تازەیان بۆ دابیندەکردن. دووەم، بازرگانی کۆیلە هەر لە ئەفریقای ڕۆژئاوا زۆر بەربڵاو نەبوو، بەڵکو لە بەشی ڕؤژهەڵاتیش[13] زۆر بوو، کە تیایدا عەرەبەکان ملیۆنانیان بە کۆیلە کردبوو[14] و هەروەها لەم بەشەدا دامەزراوەکان بۆ ماوەیەکی درێژتر مانەوە وەک لە ڕۆژئاوا (عەرەبستانی سعوودیە بە ڕەسمی هەتا ١٩٦٢ کۆیلایەتی هەڵنەوەشاندەوە[15]).

لەڕاستیدا محەمەد قووتب، برای سەید قوتبی ڕۆشنبیری موسڵمانی میسری، زۆر بە شەوقەوە لە بەرامبەر ڕەخنەکانی ڕۆژئاوادا بەرگری لە کۆیلایەتیی ئیسلامی دەکرد. ئەوەی دەخستەڕوو[16] کە “کۆیلایەتیی ئیسلامی ئیمتیازی ڕۆحیی بەخشیوەتە کۆیلەکان”، ئەو بەراوردی ئەو ناپاکیی هاوسەرێتی و لەشفرۆشی و سێکسی جارەوبارەی (” ئەو نەفرینترین فۆرمی ئاژەڵێتییە”) کە لە ڕۆژئاوادا هەبوو دەکرد بە “گرێبەستی پاک و رۆحی نێوان کەنیزەکێک [کۆیلەیەکی کچ] و ئاغاکەیدا لە ئیسلامدا”. هێشتاش ئەمجۆرە ئاخاوتنە لە هەندێک لە لێکۆڵارە موحافیزکارە سەلەفییەکانەوە[17] دەبیسترێت، وەک نموونەی شێخ ساڵح ئەلفەوزان، کە ئەندامی بالاترین بنیادی ئاینی سعوودیەیە. بەڵام ئەمانە نازانین گەر تەنها گوێ لە لیبرالی چینی-ناوەراستی ڕۆژئاوا بگرین.

خۆشبەختانە، پەیوەستیی مێژوویی ئیسلام بە کۆیلایەتییەوە پێویست نەبووە ببێتە ڕێگر و بەربەست لەبەردەم توانست و ماتەوزەی خەباتی ڕزگاریی کۆمەڵگە زۆرینە موسڵمانەکاندا. ناڕەزایەتییە گەورەکانی ئێران[18] گرنگییەکی-جیهانیی هەیە، چونکە خەباتی جوودا جوودای ( دژ بە سەرکووتکردنی ژنان، و سەرکووتکردنی ئاینی و تیرۆر و تۆقاندنی دەولەت) لە یەکێتییەکی ئۆرگانیی‌دا کۆدەکاتەوە. ئێران بەشێک نیە لە ڕؤژئاوا پێشکەوتوو و درووشمی[19] “زن، زندگی، ازادی” (“ژن، ژیان، ئازادی”) هەر بەسادەیی لقلێبوونەوەیەکی #MeToo یا فێمینیزمی خۆرئاوا نیە. بەوەی هەرچەندە ملیۆنان ژنی ئاسایی جوولاندووە، وەڵامگۆیی خەباتێکی زۆر زیاتر بەربڵاوترە، و هەروەها خۆی دەبوێرێت و ناپەرژێتە سەر ئەو مەیلە دژە-نێرینەیەی کە زۆرکات لە فێمینیزمی ڕۆژئاوا دا بەدیدەکرێت.

پیاوانی ئێرانی کە درووشمی “زن، زندگی، ازادی” دەڵێنەوە، دەزانن کە خەبات لەپێناو مافەکانی ژناندا بەهەمان شێوە خەباتە لەپێناو ئازادیی خۆیاندا – دەزانن کە سەرکووتکردنی ژنان تەنها بەرچاوترین تەجەلابوون و مانیفێستبوونی تیرۆری زۆر گەورەتری دەوڵەتە. لەوەش زیاتر، ئەو ڕووداوانەی ئێران شتانێکن کە هێشتا لە جیهانی ڕۆژئاوای گەشەسەندوو چاوەڕوانمان دەکەن، کە تیایدا مەیلی بەرەو تووندوتیژیی سیاسی و فەندەمێنتالیزمی ئاینی و سەرکوتکردنی ژنان لە تاوداندایە.

ئێمە، لە ڕؤژئاوادا، هیچ مافێکمان نیە وا مامەلە لەگەڵ ئێراندا بکەین بەوەی وڵاتێکە دەیەوێت بە ئێمە بگاتەوە. بەڵکو ئەوە ئێمەین کە دەبێت لە ئێرانییەکانەوە فێر بین، گەر بمانەوێت هەلمان بۆ برەخسێت ڕووبەڕووی توندووتیژی و سەرکووتکاری ڕاستڕەوەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، و هەنگاریا، و پۆلەندا، و ڕووسیا و وڵاتانی دیکەدا، ببینەوە. دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی ناڕەزایەتییەکان هەرچییەک بێت، شتە گرنگەکە ئەوەیە بزووتنەوەکە زیندوویەتی بهێڵدرێتەوە، لەڕێی ڕێکخستنی تۆڕی کۆمەڵایەتی یەوە کە بتوانێت بە نهێنی لەکارکردندا بێت، گەر هاتوو هیزە سەرکوتکەرەکانی دەوڵەت سەرکەوتنێکی کاتییان بەدەستهێنا.

هەر تەنها هاوسۆزی دەربڕین یا پشتیوانیکردن لە خۆپیشاندەرانی ئێرانی، وەک ئەوەی سەر بە کەلتورێکی دوورەدەستی بێگانە بن، بەس نیە. هەموو چەڵتەچەڵتە ڕێژەگەراییەکان لەسەر تایبەتمەندی و هەستیاریی کەلتوری لە ئێستادا بێمانان. دەتوانین و دەبێت خەباتی ئێرانییەکان وەک هاوواتای خەباتی خۆمان ببینین. پێویتستمان بە کەسایەتیی سەرەکی مێ یا ژنە پاشا نیە؛ پێویستمان بە ژنانێکە کە هەموومان بۆ لڤینی “ژن، ژیان، ئازادی” و دژ بە ڕق و توندوتیژی و توندئاژۆیی فەندەمێنتالیزم، دەجووڵێنن.

پەراوێزەکان:

[1] https://www.project-syndicate.org/commentary/what-awaits-italy-and-europe-under-meloni-by-bill-emmott-2022-09

[2] https://www.project-syndicate.org/commentary/queen-elizabeth-role-as-head-of-british-commonwealth-by-robert-skidelsky-2022-09

[3] https://www.theguardian.com/film/2022/oct/04/the-woman-king-review-viola-davis-leads-the-line-in-stirring-warrior-tale

[4] https://www.project-syndicate.org/commentary/mahsa-amini-protests-threatening-iran-regime-by-amin-saikal-2022-10

[5] https://www.bbc.com/news/world-62955392

[6] https://edition.cnn.com/2016/03/09/europe/royal-brexit-neutrality/index.html

[7] https://www.history.com/news/queen-elizabeth-ii-key-moments

[8] https://www.theguardian.com/commentisfree/2022/oct/03/liz-truss-u-turn-tax-budget-kwasi-kwarteng

[9] https://dspace.stir.ac.uk/bitstream/1893/280/1/politics-of-commercial-transition.pdf

[10] https://www.historyvshollywood.com/reelfaces/woman-king/

[11] https://time.com/6214291/the-woman-king-true-story/

[12] واتە لۆژیکی دووانەیی ژن و پیاو، و کورتکردنەوەی هەموو فۆرمەکان  دیکەی ڕەگەزێتی بۆ ئەمە هەر بە تەنیا.

[13] https://www.dw.com/en/east-africas-forgotten-slave-trade/a-50126759

[14] https://www.fairplanet.org/dossier/beyond-slavery/forgotten-slavery-the-arab-muslim-slave-trade/

[15] https://www.nytimes.com/1967/03/28/archives/saudi-arabian-slavery-persists-despite-ban-by-faisal-in-1962.html

[16] http://www.islamicbulletin.org/free_downloads/new_muslim/islam_the_misunderstood_religion.pdf

[17]https://web.archive.org/web/20180124064737/http:/almasalah.com/ar/news/36601/%D8%B4%D9%8A%D8%AE-%D9%81%D9%8A-%D9%87%D9%8A%D8%A6%D8%A9-%D8%B9%D9%84%D9%85%D8%A7%D8%A1-%D8%A7%D9%84%D8%B3%D8%B9%D9%88%D8%AF%D9%8A%D8%A9-%D8%B3%D8%A8%D9%8A-%D8%A7%D9%84%D9%86%D8%B3

[18] https://www.cnbc.com/2022/09/23/mass-protests-in-iran-is-the-regimes-biggest-challenge-in-years.html

[19] https://www.theguardian.com/artanddesign/2022/oct/03/something-sparked-iranian-women-art-protest-mahsa-amini

 

 

 

 

سەرچاوە:

 

https://www.project-syndicate.org/commentary/four-women-centered-news-stories-highlight-essential-political-trends-by-slavoj-zizek-2022-10

 

 

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

ئەمەش ببینە
Close
Back to top button