وتووێژ

د.فایه‌ق گوڵپی: خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری لای پارتی كفره‌

دیدار: گۆران پێنجوێنی

سه‌باره‌ت به‌ دواین بارودۆخی باشوری كوردستان و شه‌نگال و پرسی ریفراندۆم ئازادیی كۆمه‌ڵگه‌ دیدارێكی له‌گه‌ڵ دكتۆر فایه‌ق مه‌حمه‌د ئه‌حمه‌د گوڵپی سه‌رۆكی بۆردی ئه‌كادیمیای سیاسه‌ت و هزری دیموكراتی سازكرد، به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفره‌وان قسه‌وباس سه‌باره‌ت به‌هه‌موو بابه‌ته‌كان كراوه‌.

ئازادیی كۆمه‌ڵگه‌: پێش ئێستا توركیا هێزی نوێی هێنایه‌وه‌‌ ناوچه‌كانی بادینان و سیده‌كان، ئه‌گوترێ له‌ گه‌ڵ پ د ك -عێراق پێكه‌وه‌ هێرشیان كردۆته‌‌ سه‌ر شه‌نگال، هه‌مانكات ئه‌گوترێ باسه‌كه‌یان گۆڕی له‌ ده‌ستدرێژی بۆسه‌ شه‌نگال بۆ پرسی ئاڵا و ریفراندۆم. ئایا هۆكاری ئه‌مانه‌چیبوو؟

د.فایه‌ق گوڵپی: پارتی و توركیا ده‌یانویست شه‌ڕێك دروستببێت له‌ عێراق و باشوری كوردستان، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ ته‌نها ئه‌و دوو هێزه‌ ئه‌م خواسته‌یان هه‌بوو، هێزه‌كانی تر وه‌ك پارتی كرێكارانی كوردستان و به‌شێك له‌ پارته‌كانی تری باشوور، عێراق، ئه‌مه‌ریكا، ئێران و روسیا نه‌یان ده‌ویست شه‌ڕ دروستبێت، شه‌ڕێك هه‌بوو له‌نێوان دوو ئیراده‌دا، ئیراده‌یه‌یه‌كی شه‌ڕخواز و ئیراده‌یه‌كی ئاشتی خواز، بێگومان ئه‌و هێرشكردنه‌ و هێز جوڵاندنه‌ی پارتی و توركیا كه‌كردیان به‌زووی كۆتای هات، ئه‌مه‌ له‌خۆیدا شكستێك بوو هه‌م بۆ توركیا و هه‌میش بۆ پارتی، بۆ ئه‌مه‌شه‌ پارتی ده‌یه‌وێت به‌ شتێكی تر قه‌ره‌بووی ئه‌و شه‌ڕه‌بداته‌وه‌، یه‌كێكیش له‌وانه‌ مه‌سه‌له‌ی ریفراندۆم و پرسی سه‌ربه‌خۆی هه‌رێمی كوردستانه‌ كه‌ده‌یكاته‌ رۆژه‌ڤ، ئه‌مه‌ش هه‌ڵوێستێكی ستراتیژی پارتی نییه‌، به‌ڵكو تاكتیكێكی تری پارتی یه‌ بۆ شاردنه‌وه‌ی شكسته‌كانی خۆی.

ئازادیی كۆمه‌ڵگه‌ : ئه‌و شه‌ڕه‌ی توركیا و پارتی دژی په‌كه‌كه‌ یه‌  یان كۆمه‌ڵگه‌ی ئێزیدی  كوردی باشوور؟

د.فایه‌ق: ئامانجێكی سه‌ره‌كی توركیا شه‌ڕه‌ دژی گه‌لی كورده‌ ئه‌ویش قۆناخ به‌ قۆناخ ئه‌م شه‌ڕه‌ ده‌كات، له‌سه‌ره‌تادا ده‌یه‌وێت شه‌ڕ دژی په‌كه‌كه‌ و شه‌ڕی په‌یه‌ده‌ و رۆژئاوا بكات، دوابه‌دوای ئه‌وه‌ش به‌ گوێره‌ی ئامانجه‌كانی خۆی شه‌ڕی باشوری كوردستان و یه‌كێتی و ته‌نانه‌ت شه‌ڕی پارتیش بكات، ئه‌و شه‌ڕه‌ی شه‌نگالیش له‌و چوارچێوه‌یه‌دا بوو كه‌ زه‌ڕبه‌یه‌ك له‌ په‌كه‌كه‌ بدات و له‌وێشه‌وه‌ په‌ل بهاوێژێت بۆ ده‌سكه‌وته‌كانی رۆژئاوای كوردستان، ئه‌گه‌ر شه‌ڕی له‌ دژی باكووری كوردستان و رۆژئاوا سه‌ركه‌وت دواتریش شه‌ڕی باشوور ده‌ستپێده‌كات.

ئازادیی كۆمه‌ڵگه‌: ده‌ستكه‌وته‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان-عێراق له‌ ئه‌نجامدانی پیلانه‌كانی توركیا دا چییه‌؟

د. فایه‌ق گوڵپی: ده‌توانین بڵێین پارتی دوو سیفاتی زۆر خراپی هه‌یه‌! یه‌كه‌میان به‌داخه‌وه‌ له‌ مێژووی ئه‌م پارته‌دا وڵاتانی ئه‌قلیمی بۆ مه‌رامی سیاسی خۆیان به‌كاریان هێناوه‌ له‌ به‌رامبه‌ر چه‌ند ده‌سكه‌وتێكی مادی كه‌ له‌ به‌رانبه‌ردا به‌كاریان هێناوه‌ له‌ دژی ده‌سكه‌وته‌كانی گه‌لی كورد له‌ پارچه‌كانی تری كوردستان، ده‌توانم بڵێم ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ی ئێستای نێوان پارتی و توركیا؛ داواكاری توركیایه‌، توركیا ده‌ڵێت من دۆستایه‌تیت ده‌كه‌م تۆش له‌به‌رامبه‌ردا دژایه‌تی ده‌سكه‌وته‌كانی گه‌لی كورد بكه‌ (ده‌سكه‌وته‌كانی رۆژئاوا و خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری شه‌نگال…..هتد). دووه‌میان پارتی وه‌ك هێزێكی ده‌سه‌ڵاتخواز كێبڕكێ له‌ گه‌ڵ هێزه‌ كوردستانیه‌كاندا ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ژێر هه‌ژموونی ئه‌ودابن یان له‌ نفوسی ئه‌و كه‌منه‌كه‌نه‌وه‌، بۆ نمونه‌ پارتی كرێكارانی كوردستان PKK به‌شێوه‌یه‌كی گشتی وه‌ك جوڵانه‌وه‌یه‌كی سیاسی، نه‌ته‌وه‌یی و دیموكراتی له‌ پارچه‌كانی تری كوردستان بۆته‌ هێزێكی سیاسی، پارتی له‌م هێزه ‌ده‌ترسێ كه‌له‌ باشووری كوردستان ئاسته‌نگی بۆ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی دروست بكات، بۆ ئه‌مه‌ش پارتی هه‌ڵده‌ستێت به‌ دژایه‌تی كردنی به‌تایبه‌ت له‌ پارچه‌كانی تری كوردستان؛ ئه‌وه‌ش ده‌بینین كه‌ له‌ باشووری كوردستان چ هه‌ڵوێستێكی نادیموكراتانه‌ی هه‌یه‌، بێگومان لێره‌دا توركیا و پارتی یه‌ك ئه‌جێندایان هه‌یه‌، ئه‌ویش لاوازكردنی پارتی كرێكارانی كوردستانه‌‌.

ئازادیی كۆمه‌ڵگه‌: ره‌هه‌نده‌كانی داگیركاری توركیا له‌ ناوچه‌كه‌دا چییه‌؟

د.فایه‌ق گوڵپی: ده‌توانین ره‌هه‌نده‌كان پۆلێن بكه‌ین بۆ(سیاسی، ئابووری، كلتوری و سه‌ربازی)، ئه‌گه‌ر باس له‌ ئابوریه‌كه‌ بكه‌ین ئێستا به‌شی هه‌ره‌ زۆری نه‌وت و غازی هه‌رێمی كوردستان بۆ توركیایه‌، به‌ جۆرێك سامانه‌ ژێر زه‌ویه‌كان به‌ رێكه‌وتنێكی نهێنی حیزبی نێوان پارتی و توركیا بۆ ماوه‌ی په‌نجا و پێنج ساڵ كه‌ بۆی هه‌یه‌ نه‌وت و غازی توركیا لێره‌وه‌ بۆی هه‌نارده ‌بكرێت، بێگومان توركیاش سودێكی بێشووماری لێوه‌رده‌گرێت، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدا كه‌ شێوازی مادییه‌كه‌ی به‌ نادیاری ماوه‌ته‌وه‌، له‌ روویه‌كی تره‌وه‌ تاكو هه‌رێمی كوردستان له‌ رووی ئابووری و پیشه‌سازی و گه‌شت و گوزارییه‌وه‌ به‌و شێوه‌یه‌ بمێنێته‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان ساخكردنه‌وه‌یه‌كی شتومه‌كی توركیایه‌ ئه‌مه‌ له روانگه‌ی ئابوریه‌وه‌.

له‌ روانگه‌ی كلتورییه‌وه‌ باش ئه‌وه ‌ده‌زانین توركیا ئه‌و كلتوره‌ی خۆی به‌باشی ده‌زانی له‌ هه‌وڵی بڵاوكردنه‌وه‌یه‌تی له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌ت له‌ رێگه‌ی فیلمه‌كان و كه‌ناڵه‌ راگه‌یاندنه‌كانیه‌وه‌ كه‌ به‌شێكیان راسته‌وخۆو ناڕاسته‌وخۆ له‌ خزمه‌ت ئه‌جێندای توركیان.

له‌ روانگه‌ی سه‌ربازیه‌وه‌ ساڵه‌های ساڵه‌ بنكه‌ی سوپای توركیا بوونیان هه‌یه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا، پاریش بنكه‌یه‌كیان هێنایه‌ باشیك؛ كه‌ئه‌مه‌ش به‌شێكه‌ له‌ داگیركاری.

له‌ روانگه‌ی ‌سیاسیه‌كه‌یشه‌وه‌ ده‌بینین ئه‌وه‌ی توركیا ده‌یكات، ئێمه‌ له‌ عێراقدا هه‌رێمێكی فیدڕاڵین به‌ گوێره‌ی ده‌ستووری عێراقی، به‌ڵام توركیا ئاماده‌نیه‌ به‌ گوێره‌ی ده‌ستوری عێراقیش دانبنێت به‌ فیدڕاڵی هه‌رێمی كوردستان، كه‌تائێستاشی له‌ گه‌ڵ بێت ده‌ڵێت"شیمالی عێراق"، له‌ زۆرینه‌ی وتاره‌كانیشیاندا به‌ئاشكرا ده‌ڵێن ویلایه‌تی موسڵ وكه‌ركوك هه‌رێمی كوردستان به‌ به‌شێكه‌ له‌ خاكی توركیا و هه‌وڵدانی هه‌یه‌ بیخاته‌ ژێر ركیفی خۆیه‌وه‌، بێگومان ده‌بینین ئه‌مڕۆ پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ وه‌ك حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌بێ توركیا ده‌ست ناخاته‌ ناو ئاویشه‌وه‌.

له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه‌ش ده‌توانین بڵێین هه‌رێمی كوردستان ره‌هه‌نده‌كانی سه‌ربازی، كلتوری، ئابووری و سیاسیه‌وه‌ له‌ لایه‌ن توركیاوه‌ داگیر كراوه‌.

ئازادیی كۆمه‌ڵگه‌: هۆكاری پێداگیری كردنی توركیا بۆ داگیركردنی باشووری كوردستان چییه‌؟

د.فایه‌ق: ئه‌و سیاسه‌ته‌ی ئێستای ئه‌كه‌په‌ په‌یڕه‌وی ده‌كات ده‌یه‌وێت سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تی ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی زیندوبكاته‌وه‌، ئێستا هه‌وڵده‌دات سوریا داگیربكات، باشووری كوردستان داگیربكات و هه‌وڵده‌دات هیچ مافێك نه‌دات به‌ گه‌لی كورد له‌ باكووری كوردستان، ئیستا‌ش ده‌یه‌وێت ئه‌وه‌ی له‌ رابردوودا وه‌ك قوبرس داگیری كرد به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ هه‌وڵی به‌رفراوانكردنی خاكی توركیایه‌تی، ئه‌گه‌ر سیاسه‌تی عێراق نه‌بوایه‌ له‌ رزگاركردنی موسڵ توركیا به‌شداری بكردایه‌ ئه‌وه‌ هێزی خۆی زیاتر له‌ ناوچه‌كه‌دا جێگیر ده‌كرد، به‌دڵنیاییه‌وه‌  ده‌بووه‌ داگیركاری عێراقیش، نه‌ك به‌ته‌نها كوردستان، یانی ئه‌كه‌په‌ سیاسه‌تێكی ئیستیعماری نوێی هه‌یه‌ و ده‌یه‌وێت له‌ هه‌موو رووێكه‌وه‌ وڵاتانی دراوسێی خۆی داگیر بكات، به‌ڵام بۆچی له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆی ده‌چێته‌ سه‌ر و له‌ شوێنه‌كانی تر بۆی ناچێته‌سه‌ر، ده‌توانم بڵێم هه‌رێمی كوردستان خۆی ئاماده‌یه‌ بۆ ئه‌مه‌، پارتیش كه‌هێزێكی ده‌سه‌ڵاتداری هه‌رێمی كوردستانه‌ رازییه‌ به‌وه‌ی كه‌ توركیا داگیربكات، رازییه‌ به‌وه‌ی وه‌ك سه‌رده‌می ده‌وڵه‌تی عوسمانیی كه‌ ئیماره‌تێكی هه‌رێمی كوردستانی هه‌بێت سه‌ربه‌ عوسمانیه‌ت بێت به‌ كارێكی ئاسایی ئه‌‌زانێت، ئه‌گه‌ر بێت و له‌ هه‌رێمی كوردستاندا سیاسه‌تێكی به‌ ئیراده‌ و یه‌كێتییه‌كی نه‌ته‌وه‌یی هه‌بوایه‌، ئه‌وكات ده‌وڵه‌تی توركیا نه‌ی ده‌توانی هه‌ژموونی خۆی چ وه‌ك كلتوری، سیاسی، ئابوری و سه‌ربازییه‌وه‌ وه‌ك ئه‌مڕۆ كه‌ده‌یبینین به‌و شێوازه‌ بوایه‌.

ئازادیی كۆمه‌ڵگه‌: كه‌واته‌ ده‌توانین بڵێین پارتی بۆ په‌رده‌پۆشكردنی هێرشه‌كه‌ی بۆ سه‌ر شه‌نگال پرسی ریفراندۆم و ئاڵای كردۆته‌ رۆژه‌ڤ؟

د.فایه‌ق گوڵپی: پارتی دیموكراتی كوردستان-عێراق هه‌موو كات پرسی ریفراندۆم، ئاڵا و سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستانی بۆ په‌رده‌پۆش كردنی شكسته‌كانی خۆی به‌كارهێناوه‌، نه‌ك هه‌ر ئه‌مجاره‌ی شه‌نگال، به‌ڵكو ده‌توانین بڵێین ئه‌و رۆژه‌ڤه‌ی بۆ ئه‌وه‌ زیندوكردۆته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی شه‌نگال بخاته‌وه‌ ژێر ركێفی خۆی و توركیا بهێنێته‌‌ شه‌نگال، به‌ڵام بۆی نه‌چووه‌سه‌ر و له‌ پلانێكی تر ده‌گه‌ڕێت كه‌ پرسی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆییه‌.

ئازادیی كۆمه‌ڵگه‌: كه‌واته‌ پارتی چی له‌ شه‌نگال و ئێزیدیه‌كان ده‌وێت؟

د.فایه‌ق گوڵپی: پارتی ده‌یه‌وێت هه‌رچی تاكی كورد هه‌یه‌ ئینتیمای بۆی هه‌بێت و گوێڕایه‌ڵی مه‌سعود بارزانی و بنه‌ماڵه‌ی بارزانی بن، هه‌ربۆیه‌ شه‌نگالییه‌كان له‌م حاڵه‌ته‌دا یاخیبوون له‌ ئێستادا خاوه‌ن رێكخستن و سیاسه‌تی خۆیانن و ده‌شیانه‌وێت خۆیان خۆیان به‌ڕێوه‌ببه‌ن ئه‌م ئیداره‌خۆكردنه‌ بۆ پارتی كفره‌، نه‌ك به‌ ته‌نها بۆ شه‌نگالییه‌كان، به‌ڵكو ده‌ترسن ئه‌و دیارده‌یه‌ بڵاوببێته‌وه‌ بۆ مه‌سیحییه‌كان، شه‌به‌كه‌كان و پێكهاته‌كانی تری كوردستان، داوای ئه‌و خۆبه‌ڕێوه‌به‌رییه‌ بكه‌ن ئه‌مه‌ش واته‌ دیموكراسیه‌ت و بڵاوبونه‌وه‌ی دیموكراسیه‌ت له‌ ناو كۆمه‌ڵگه‌ و سیاسه‌تی هه‌رێمی كوردستان، گرفته‌كه‌ش ئه‌مه‌یه‌ پارتی دیموكراسیه‌تی قبوڵ نییه‌، پارتی تاكڕه‌ویه‌تی حیزبی و تاكڕه‌ویه‌تی فه‌ردی قبوڵه‌، بۆیه‌ ئه‌و ناكۆكیانه‌ دروستده‌بێت. ئه‌مه‌ش جیاواز له‌وه‌ی كه‌ پێگه‌ی ستراتیژی شه‌نگال تایبه‌ته‌ له‌ كاتێكدا هاوسنوره‌ له‌ گه‌ڵ رۆژئاوا و باشوور كه‌ پارتی هه‌وڵه‌دا له‌ رێگه‌ی داگیركردنیه‌وه‌ هاوكات له‌ گه‌ڵ توركیادا هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر رۆژئاوا، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ نه‌یانتوانیه‌وه‌.

ئازادیی كۆمه‌ڵگه‌: وه‌ك دیاره‌ باشووری كوردستان به‌هه‌لومه‌رجێكی داگیركاریدا تێده‌په‌ڕێت، رۆڵی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان چیده‌بێت؟

د.فایه‌ق گوڵپی: خۆی له‌ خۆیدا لایه‌نه ‌سیاسیه‌كان زه‌مینه‌یان سازكردوه‌ بۆ ئه‌م داگیركارییه‌، ئێمه‌ وه‌ك كورد ئه‌زمونێكی خۆمان هه‌یه‌ خاوه‌ن هه‌رێمێكی فیدڕاڵینة ئه‌م هه‌رێمه‌ فیدڕاڵیه‌ به‌ گوێره‌ی ده‌ستووری عێراق به‌شێكه‌ له‌ عێراق و كورد نوێنه‌رایه‌تی هه‌یه‌ له‌ په‌رله‌مانی عێراق، له‌ رووی په‌یوه‌ندیشه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپا…..هتد، په‌یوه‌ندیمان هه‌یه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌مان خۆیان به‌گوێره‌ی ده‌ستوور له‌ گه‌ڵ عێراق ناجوڵێنه‌و به‌ گوێره‌ی به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی، حیزبی له‌گه‌ڵ ئیران و توركیا ده‌جوڵێنه‌وه‌، ئه‌مه‌ش وای كردوه‌ ئێمه‌ چه‌ند په‌یوه‌ندیمان له‌ گه‌ل عێراق هه‌بێت هێشتا هه‌ر له‌گه‌ڵ ئێران و توركیا په‌یوه‌ندیمان به‌هێزتر بێت، له‌ كاتێكدا ئێران و توركیا هیچ  په‌یوه‌ندییه‌كان به‌ ئێره‌وه‌ نییه‌، حیزبه‌كانی ئێمه‌ خۆیان ئاماده‌كاری ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی داگیر بكرێن، خۆمان رێخۆشكه‌ری دوژمنانین بۆسه‌ر خاكه‌كه‌مان.

ئازادیی كۆمه‌ڵگه‌: چۆن رزگارمان ببێت له‌مه‌ترسی داگیركه‌ری؟

د.فایه‌ق گوڵپی: به‌ڕاستی پێویستمان به‌ شۆڕشێكی هزری سیاسی هه‌یه‌، ئێمه‌ش میله‌تێكین وه‌ك میله‌تانی جیهان بۆچی ده‌بێت ئێران و توركیا به‌ڕێوه‌مانببه‌ن، بۆچی خۆم خۆم به‌ڕێوه‌نه‌به‌م، ئێمه‌ به‌شێكین له‌ عێراق بۆیه‌ هه‌ندێك كار ده‌بێت له‌ رێگه‌ی عێراقه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ین، ئه‌گه‌ر هێزێكی سیاسی به‌ خۆیدا چویه‌وه‌ یان هێزێكی سیاسی خاوه‌ن ئیراده‌ دروستبوو ئه‌و كات ده‌توانین سنورێك بۆ ئه‌و داگیركارییه‌ دابنێین، ئه‌گه‌ر تا ئه‌م حیزبانه‌ له‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتبن هه‌ر داگیركاری به‌رده‌وام ده‌بێت، چونكه‌ خۆیان رێگه‌ خۆشكه‌ری ئه‌وه‌ن و دیاره‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی مادیشیان تێداهه‌یه‌.

ئازادیی كۆمه‌ڵگه‌: رێكه‌وتنی یه‌كێتی و پارتی بۆ پرسی ریفراندۆمه‌ یان سه‌پاندنی هێزی پارتییه‌؟

د.فایه‌ق گوڵپی: زۆر كه‌س ده‌ڵێن یه‌كێتی كه‌وتۆته‌ ژێر ركێفی پارتییه‌وه‌! به‌ڵام من له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه‌دانیم و وای نابینم، یه‌كێتی له‌سه‌ر پرسی شه‌نگال له‌ گه‌ڵ پارتی نه‌بوو، هۆكارێكیش له‌ هۆكاره‌كانی شكستی پارتی له‌ شه‌نگال ئه‌مه‌بوو. له‌ ماوه‌ی رابردوودا له‌ كه‌ركوك  دووجوڵه‌ی سیاسی‌ كرا، هه‌ردووكیشیان له‌لایه‌ن یه‌كێتییه‌وه‌ بوو، له‌لایه‌ك ده‌ستیان گرت به‌سه‌ر كۆمپانیای نه‌وتی باكوور كه‌پارتی زۆر پێی نیگه‌ران بوو، جوڵەکەی تر بەرزکردنەوەی  ئاڵای هه‌رێمی كوردستان بوو لە کەرکوک وە بڕیاری  راپرسی بوو بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی کەرکوک بۆ سەر هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مه‌ش دەسکەوتی  یه‌كێتی بوو، سیاسه‌تی یه‌كێتی بۆ پرسی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌وه‌بوو كه‌ده‌یوت سه‌ره‌تا ناوچه‌ دابڕاوه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان پاشان ریفراندۆم ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام پارتی باسی ناوچه‌ دابڕاوه‌كانی نه‌ده‌كرد، به‌ڵام ئێستا پارتی كه‌وتۆته‌ سه‌ر ئه‌وسكه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت ‌ناوچه‌ دابڕاوه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌ سەر هەرێم دواتر راپرسی ئه‌نجام بدرێت، بۆیه‌ به‌باوه‌ڕی من لێره‌دا پارتی كه‌وتۆته‌ شوێن سیاسەتی یه‌كێتی و ده‌توانین بڵێین پارتی كه‌وتۆته‌ ژێر ركێفی یه‌كێتیه‌وه‌.

ئازادیی كۆمه‌ڵگه‌: ئه‌گه‌ر پرسه‌كان به‌م شێوه‌یه‌ بڕوات بوونی هێزه‌كانی توركیا له‌م ناوچه‌یه‌ مه‌ترسی چی ده‌بیت؟

د.فایه‌ق گوڵپی: بوونی ئه‌و بنكه‌ سه‌ربازیانه‌ی توركیا له‌ خاكی هه‌رێمی كوردستان و عێراق، ئه‌مه‌ریكا، عێراق و ئیران و رووسیا و هێزه‌كانی تری باشووری نیگەران کردوە و بە پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراقی دەزانن، ته‌نها هێزێك كه‌ له‌ گه‌ڵ لەشکرکێشی توركیابێت پارتیه‌، بۆیه‌ دوای نه‌مانی شه‌ڕی داعش، ئه‌مه‌ریكا و عێراق و دۆستەکانیان ئاوڕێك له‌ توركیا ده‌ده‌نه‌وه، ئه‌گه‌ر تا ئه‌وكاتەش پارتی هه‌ر له‌ گه‌ڵ توركیادابێت ،ئه‌وه‌ بێگومان ئەو کات پارتیش وەک تورکیا ده‌كه‌وێته‌ به‌ر هێرشی عێراق و ئه‌مه‌ریكا ‌ هێزه‌كانی تری كوردستانیش.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Close
Close
%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: