گۆشەی ئازد

تێگەیشتن لە چەمکی ئازادی

ڕۆزا حەمە ساڵح

 

ژۆن لۆک (١٦٣٢-١٧٠٤) فەیلەسووفی ئینگلیزی، دە‌ڵێت: (ئازادی تەواو گوزارشتە لە جووڵە لە چوارچێوە‌ی یاسا سروشتییەکان و توانای بڕیاردانی كە‌سایە‌تی و بڕیاردان سەبارەت بە موڵکیەتی تایبە‌ت بە بێ كۆتوبە‌ندەکان و سنووردانان بەو شێوەیەی، کە مرۆڤ خۆی دەیەوێت، بەبێ ئەوەی پێشێلی مافی کەسانی تر بکات).
ئازادی یەکێکە لەو مافانەی، كە‌ دە‌كرێت مرۆڤ هەمیشە بەدوایدا بگە‌ڕێت، وەک ئازادی بیرکردنەوە و ڕادەربڕین، بیروباوەڕ ، بڕیاردان، ھە‌ڵسوكە‌وتكردن و مامەڵەکردن بە شێوەیەک کە پێشێلی یاسا و ڕێسا گشتییەکان و ئازادی کەسانی تر نەکات و زیانیان پێ نەگەیەنێت، ئازادی مرۆڤ لە‌ ڕۆح و گیانیدایە‌، مرۆڤ بە بێ ئازادی ژیانی سنووردار دەبێت و ئیرادە و عەقڵی لێدەسێنرێت.
واتا ئازادی بەو مانایە دێت، کە هەڵسوکەوت و جووڵەکانمان ئازادانە بێت، هەر بەرهەڵستییەک و رێگەگرتنێک لە کار و کردارمان بە چەوساندنەوە و پێشێلکردنی مافەکانمان دادەنرێت.

ئازادی ڕادەربڕین
باروخ سپینۆزا (١٦٣٢- ١٦٧٧)، فەیلەسووفی هۆڵەندی دەڵێت: (ئەو یاسایانەی دەمەکان دادەخەن و قەڵەمەکان دەشکێنن، هەر خۆیان خودی خۆیانی پێ لەناو دەبەن).
مرۆڤ بە‌ سروشتی خۆی ئاره‌زووی لێدوان و قسه‌كردن ده‌كات له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌ی ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندییان به ژیانییەوە هەیە. هه‌ڵكه‌وته‌ی مرۆڤ وایە‌، كه‌ هەمیشە دەیەوێت له‌ ڕێگه‌ی ده‌ربڕینی بیر و بۆچوونییەوە بوونی خۆی بسه‌لمێنێت. ئازادی ڕاده‌ربڕین بنەمایەکە پشتیوانی لە دەربڕینی ئازادانەی مرۆڤەکان دەکات لە ناو کۆمەڵگادا، واتا هەموو کەسێک بتوانێت بە بێ ترس و تۆقاندن، بە بێ زۆرلێکردن، بێ سزای یاسایی و چاودێریکردن ئازادانە بۆچوونی خۆی دەرببڕێت، مافی ئازادیی دەربڕین لە دێرزەمانەوە بابه‌تێكی گرنگی زۆرێك له‌ شاره‌زایان و پسپۆڕانی بواری مافه‌كانی مرۆڤ بووه‌ و لە ژێر سایەی یاسای نێودەوڵەتیدا جێگیرکراوە، لە ڕۆژئاوا و لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا تا ڕادەیەکی باش ئازادییەکی ڕەها بەرجەستە و زامنکراوە، بەڵام لە زۆر لە وڵاتاندا کەموکوڕییەکان لە بواری جێبەجێکردنیدا هەیە و لە زۆر وڵاتیشدا دەسەڵات ئازادیی هاوڵاتییان پێشێلدەکات.
لە هەرێمی کوردستان و بە پێی ئاماری ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بەرتەسکردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین ساڵانە لە هەڵکشاندایە. كۆمەڵگەیەكی دیموكراسی پێویستی بەوە هەیە دامودەزگا میدیاییەكان و چالاكوانان و ڕەخنەگران توانای ئەوەیان هەبێت بە بێ ترس و تۆقاندن و بە بێ سانسۆر ڕوماڵی بابەتە گشتییەکان بكەن، هەروەها هاوڵاتییانیش مافی دەستكەوتنی زانیاری ڕاست و درووستیان هەبێت، هەموو تاکێکی ناو کۆمەڵ کاتێک نادادی و گەندەڵی و کەمی مووچە و خزمەتگوزاری لە ناو وڵاتەکەیدا دەبینێت مافی ئەوەی هەبێت، کە خۆپێشاندان بکات و ناڕەزای دەڕببڕێت و داوای مافەکانی خۆی بکات. بەداخەوە دەسەڵاتی باشوور ڕێگرە لە بەردەم ئازادیی ڕادەربڕیندا و سانسۆری خستۆتە سەر هەموو جووڵەکان، کاتێکیش ڕەخنەی لێدەگیرێت، کە ئەمە ڕێگرییە لە ڕای ئازاد، ڕۆڵەکانی بە سیخوڕ و تیرۆرست ناوزەند دەکات.
ئازادی بەرپرسیارێتییە
ژان پۆڵ سارتەر (١٩٠٥ – ١٩٨٠)، فەیلەسووفی بوونگەرایی، دەڵێت: (مرۆڤ دەبێت ئازادبێت، چونکە بە بێ ویستی خۆی فڕێدراوەتە ناو دونیاوە، بەڵام بەرپرسیارە لە هەموو کارێک، کە دەیکات).
سارتەر لەم وتەیدا پێمان دەڵێت، کە ئازادی و بەرپرسیاریەتی دوو کرداری گرێدراون پێکەوە، مرۆڤ هەرچەندە ئازاد بێت، ئەگەر بێتو لەگەڵیدا بەرپرسیار نەبێت ئەوا ئازادی بۆی دەبێت بە چەکێکی کوشندە، هەم خودی خۆی پێ لەناودەبات و هەم زیان بە چواردەوری و کۆمەڵگاش دەگەیەنێت.
هەنوکە لە ناو کۆمەڵگای باشووردا و لە ڕێگەی سۆسیال میدیاوە کۆمەڵێک لە گەنجان بە کچ و کوڕەوە دەرکەوتوون، حزبەکان بە پێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان هەڵیاندەسوڕێنن، کە بە هیچ شێوەیەک لە مانای ئازادی تێنەگەیشتوون، ئازادی لە تێڕوانینی ئەوانەوە بە تەنها خۆنمایش و خۆدەرخستنە، هیچ ڕێگرییەک لە بەردەمیاندا نییە و بە بێ هیچ سانسورێک و بە شێوەیەکی یەکجار مەترسیدار خۆیان دەردەخەن و کۆمەڵگایان بەخۆیانەوە سەرقاڵ کردووە و بوونەتە هۆی تێکدانی زۆرێک لە دابونەریتی کوردەواری و کاریگەری خراپیان لە سەر گەنج و منداڵ درووستکردووە و هیچ بەرپرسیارێتییەک هەڵناگرن، وا دەزانن ئازادی ئەوەیە هەرچیت بوێت بیڵێت و بیکەیت، بە بێ ئەوەی ڕێز لە کۆمەڵگەکەت و چواردەورت بگریت و هەستی بەرامبەرت ڕابگریت، کاتێکیش ڕەخنەیان لێدەگیرێت دەڵێن ئێمە ئازادیین و چیمان بووێت دەیڵێن و دەیکەین.
لەبەرئەوەی تاکی ناو کۆمەڵگەی ئێمە لە بنچینەوە و لە ناو خێزانەکەیدا و لە پرۆسەی خوێندن و لە ناو ڕاگەیاندنەکان و دامودەزگا حکومییەکان لەگەڵ ئەم چەمکەدا پەروەدە نەکراوە و لە بنەماکانی ئازادی یان ئازادبوون تێنەگەیشتووە و هەر لە منداڵییەوە زۆر کار و ماف و ئەرک هەن، کە ڕۆژانە مرۆڤ بەرکەوتەی هەیە لەگەڵیدا لێی قەدەغەکراوە، هەر بۆیە لە گەورەبوونیشدا تێگەیشتن لەم چەمکە قوورس و ئاڵۆزە و لێی تێناگات.
ژنان بە گشتی لەگەڵ ئەم چەمکەدا زیاتر تووشی دەردەسەری دەبن، بە هۆی ئەوەی ڕەگەزی مێ هەر لە تەمەنی منداڵییەوە تا گەورەبوون و پێش پرۆسەی هاوسەرگیری گەلێک شتی لێ قەدەغە دەکرێت و سەرپشک ناکرێت بە ئازادیی ڕای خۆی دەرببڕێت و کارەکانی ئەنجام بدات و هەمیشە دەبێت پیاوێک لە پشت بڕیارەکانییەوە بێت و چاودێری بکات ئیتر ئەو پیاوە باوک بێت یان برا.. هتد. جا هەر بۆیە کاتێک گەورە دەبێت ئەوەی، کە بە منداڵی ڕیگەپێدراو نەبووە بۆی وەک گرێیەک لە ناو ناخ و دەروونیدا ماوەتەوە و ئەو گرێیە لەگەڵیدا گەورە بووە، جا بە هەر شێوەیەک بێت دەیەوێت خۆی لە کۆتوبەندەکان دەرباز بکات، وا دەزانێت بەو جۆرە دەتوانێت کەسایەتی و بوونی خۆی بسەلمێنیت، هەندێ جار دۆخێک دەخولقێنیت کە دواتر دەبێتە مایەی نائارامی بۆ خودی خۆی و خانەوادەکەشی و کۆمەڵگاش بە کەسێکی ناسروشتیی دەیبینن و بە نەرێنی لێی دەڕوانن.
لە لایەکی ترەوە دەمەوێت باس لە بابەتێکی دیکە بکەم، کە ڕووبەڕووی بەشێک لە گەنجان دەبێتەوە کاتێک کە ڕوو لە هەندەران دەکەن و تێکەڵاوی واقعێکی تاڕادەیەکی زۆر ئازادتر لە واقعی ڕابردووی خۆیان دەبنەوە، وەک گووتم چونکە لە بنەرەتدا بەو چەمکە ئاشنا نەبوون و ئەو ئازادییەیان نەبینیوە، ئەوا هەر زوو دەکەونە ناو هەڵەی گەورە و نابەرپرسیارانە ئەو ئازادییە بەکاردەهێنن و خۆیان تووشی چەندین کێشەی دەروونی و کۆمەڵایەتی دەکەن، هەندێکیان تووشی ماددەی هۆشبەر دە‌بن و زیادە‌ڕە‌وی لە‌ خواردنەوەی ماددە کحولییەکان دە‌كە‌ن و پەنا بۆ چەندەها فرتوفێڵ دەبن، بەو کار و کردەوانەیان ئازاری کەس و کار و چواردەوری خۆیان دەدەن.
ئازادی بەرپرسیارێتییەکی زۆر قورسە بە تایبەتی لەم سەردەمەدا و بەهۆی بەکارهێنانەکانی زۆری سوسیال میدیاوە، هەموو کەسێک ناتوانێت دەرهەقی بێت، ئەگەر بێتو بە هۆشیارییەوە لەگەڵیدا مامەڵە نەکەیت ئەوا دەتخاتە ناو داو و تەڵەی خۆیەوە، خۆ ئەگەر بتوانیت لەگەڵیدا بە بەرپرسیاریەتییەکی تەندروستەوە مامەڵە بکەیت، ئەوا دەتوانیت ڕۆڵی کاریگەرت هەبێت لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگاکەت و ببیت بە جێگای شانازی بۆ گەل و نیشتیمانت.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

ئەمەش ببینە
Close
Back to top button