ڕاپۆرت

هه‌رێمى کوردستان، هه‌رێمێک بۆ کوشتنى رۆژنامه‌نووسى ئازاد

ئا: کاروان کوردیی

 

 

له‌ ساڵى 2008 سۆرانى مامه‌ حه‌مه‌، رۆژنامه‌نووس، تیرۆر کرا، ئه‌و له‌ به‌رده‌م ماڵه‌که‌ى خۆیدا و به‌ فیشه‌ک له‌لایه‌ن چه‌ند که‌سێکى نه‌ناسراوه‌وه‌ تیرۆر کرا، هۆکاره‌که‌شى کاره‌ رۆژنامه‌وانییه‌کانى بوو، ئه‌و یه‌که‌مین و دواهه‌مین رۆژنامه‌نووس نه‌بوو که‌ تیرۆر کرا، به‌ڵکو دواى هه‌شت ساڵ و له‌ شارێکى دیکه‌ى هه‌رێمى کوردستان، وه‌دات حسێن تیرۆر کرا، که‌ دواى رفاندنى له‌ژێر ئه‌شکه‌نجه‌دا گیانى له‌ده‌ستدابوو.

وه‌دات حسێن، رۆژنامه‌نووسى ئاژانسى هه‌واڵى رۆژنیوز، رۆژى 13ى ئابى 2016 له‌ناو شارى دهۆک، به‌ به‌رچاوى کۆمه‌ڵێک خه‌ڵکه‌وه‌ له‌لایه‌ن دوو ئۆتۆمبێله‌وه‌ رفێنرا و دواى چه‌ند کاتژمێرێک، ته‌رمه‌که‌ى له‌سه‌ر رێگه‌ى سێمێل ـ دهۆک دۆزرایه‌وه‌. تیرۆکردنى وه‌دات چواره‌م رۆژنامه‌نووسه‌ له‌ ماوه‌ى هه‌شت ساڵى رابردوودا له‌ هه‌رێمى کوردستان و له‌ژێر سایه‌ى ده‌سه‌ڵاتى کوردیدا تیرۆر بکرێن.

رێکخراوى چاودێرى مافه‌کانى مرۆڤ ده‌ڵێت: "له‌ ١٣ی ئاب، کاتژمێر 8:45 سه‌رله‌به‌یانی، وه‌دات (سه‌ردار)ی برای گه‌یاندوه‌ته‌ سه‌ر کاره‌که‌ی له‌ بینایه‌ک له‌ ناو بازاڕی ماڵتا له‌ دهۆک، سه‌ردار وتی دوای ١٥ خوله‌ک، کۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵکێک زۆری بینیوه‌ و چه‌ند ئۆتۆمبیلێکی پۆلیس گه‌یشتنه‌ بازاڕه‌که‌، ئۆتۆمبیلی براکه‌شی به‌ به‌تاڵی بینیوه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی شه‌قامه‌که‌، پۆلیس به‌ سه‌رداریان وتووه‌، که‌سانی نه‌ناسراو براکه‌یان گرتووه‌، پیاوێکی تر وتویه‌تی که‌ دوو ئۆتۆمبیلی بێ نیشانه‌ی بینیوه‌ که‌ رێگه‌یان له‌ براکه‌ی گرتووه‌، سێ که‌س به‌زۆر براکه‌یان له‌ ئۆتۆمبیله‌که‌ی دابه‌زاندوه‌، له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی چه‌ک ناچاریان کردووه‌ و بردوویانه‌ و به‌ په‌له‌ چوونه‌ته‌ سه‌ر ئۆتۆبان، شاهێده‌که‌ وتویه‌تی ئه‌و پیاوانه‌ وتویانه‌ ئێمه‌ ئاسایشین، هۆکاری گرتنی ئه‌م کوڕه‌ش (پیاکێشانی منداڵێکه‌)، شاهێده‌که‌ وه‌شی وتوه‌ که‌ هه‌ردوو ئۆتۆمبیله‌که‌ بێ ژمار و نیشانه‌ی هاتوچۆبوون."

رێکخراوه‌که‌ له‌ به‌شێکی تریدا نووسیویه‌تی:"ده‌ربان حسێن، برایه‌کی تری وه‌دات ده‌ڵێ ده‌وروبه‌ری کاتژمێر 10:45، کاتێ که‌ براکان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ ماڵه‌وه‌، پۆلیسێکی ناسیاو په‌یوه‌ندی پێوه‌ کردووه‌ و وتویه‌تی یه‌کێک له‌ خێزانی ئێوه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ی ئازادی دهۆکه‌، که‌ چونه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌، لاشه‌ی وه‌داتیان له‌ شوێنی توێکاریدا بینیوه‌، ئه‌وه‌شیان وتوه‌ که‌ داوایان له‌ دادوه‌ری لێکۆڵینه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌ کردوه‌ که‌ له‌ چۆنیه‌تی هێنانی ته‌رمی براکه‌یان بکۆڵێته‌وه‌، پۆلیسی سێمێل پێی گوتون که‌ له‌ سه‌ر رێگا دۆزراوه‌ته‌وه‌."

تیرۆرکردنى وه‌دات چواره‌مین رۆژنامه‌نووسه‌، که‌ له‌ ماوه‌ى هه‌شت ساڵى رابردوودا له‌ هه‌رێمى کوردستان تیرۆرکرابن، تیرۆکردنى وه‌دات کاردانه‌وه‌ى ناوخۆى و نێونه‌ته‌وه‌یى به‌دواى خۆیدا هێنا و ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌رێمى کوردستانیان خستوه‌ته‌ژێر پرسیاره‌وه‌، که‌ ده‌بێت بکوژانى ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ گه‌نجه‌ بدۆزرێته‌وه‌.

سۆرانى مامه‌ حه‌مه‌، که‌ په‌یامنێرێکى گۆڤارى لڤین بوو له‌ شارى که‌رکوک، له‌ مانگى ته‌مووزى ساڵى 2008 له‌ به‌رده‌م ماڵه‌که‌ی خۆیدا به‌ فیشه‌ک تیرۆر کرا، دوو ساڵ دواى ئه‌وه‌ و له‌ مانگى ئایارى ساڵى 2010، سه‌رده‌شت عوسمان، رۆژنامه‌نووس، له‌ناو شارى هه‌ولێر رفێنرا و دواى دوو رۆژ له‌ موسڵ ته‌رمه‌که‌ى دۆزرایه‌وه‌، سێ ساڵ دواى ئه‌وه‌ و له‌ مانگى 12ى ساڵى 2013 کاوه‌ گه‌رمیانى، سه‌رنوسه‌رى گۆڤارى رایه‌ڵ، له‌ به‌رده‌م ماڵه‌که‌ى خۆیدا به‌ فیشه‌ک تیرۆر کرا.

دواى ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ تا ئێستا بکوژانى راسته‌قینه‌ى سۆران و سه‌رده‌شت و کاوه‌ نه‌دۆزراونه‌ته‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ که‌سوکارى وه‌دات حسێن و رۆژنامه‌نووسان و چالاکوانان به‌ گومانن که‌ ده‌سه‌ڵاتى دهۆک و حکومه‌تى هه‌رێم کارى جدى بکات له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ى بکوژانى راسته‌قینه‌ى وه‌دات.

شێوازى تیرۆرکردنى سه‌رده‌شت و وه‌دات زۆر له‌یه‌ک ده‌چن، هه‌ر له‌ رفاندنیان و دواتر له‌ژێر ئه‌شکه‌نجه‌دا کوشتنیان، له‌ کوشتنى سه‌رده‌شتدا فیشه‌کێکیان به‌ ناو ده‌مییه‌وه‌ نابوو، له‌ شێوازى ئه‌شکه‌نجه‌دانى وه‌داتیشدا په‌نجه‌کانى ده‌ستیان شکاندبوو، ئه‌وه‌ش نیشانه‌ى ئه‌وه‌ بوو ئه‌وان به‌هۆى قه‌سه‌کردن و نوسینه‌وه‌ کوژرابوون.

به‌شدار عوسمان، براى سه‌رده‌شت عوسمان، که‌ بۆ گۆڤارى (ئازادى کۆمه‌ڵگه‌) قسه‌ى کرد، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ماوه‌ى شه‌ش ساڵه‌ سه‌رده‌شت تیرۆر کراوه‌، له‌و ماوه‌یه‌دا چى کراوه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ى بکوژانى راسته‌قینه‌ى سه‌رده‌شت، ئه‌و ده‌ڵێت: دۆسیه‌ى تیرۆرى سه‌رده‌شت که‌میى به‌ڵگه‌ و زانیارى نه‌بوه‌، چونکه‌ سه‌رده‌شت به‌ رۆژى روناک و له‌به‌رچاوى خه‌ڵک و له‌به‌رچاوى پۆلیس و له‌ ناوجه‌رگه‌ى شارى هه‌ولێردا، له‌ به‌رده‌م کامێرایه‌کى زۆردا رفێنرا و دواتر به‌ شه‌ش بازگه‌دا ئاودیو کرا.

به‌شدار عوسمان ده‌ڵێت: به‌ڵگه‌ و زانیارى هێنده‌ زۆر له‌ به‌رده‌ستدا بوون، زۆر به‌ ئاسانى ئه‌گه‌ر ده‌زگا ئه‌منییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان بیانویستایه‌ ده‌یانتوانى بکوژانى سه‌رده‌شت بدۆزنه‌وه‌، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌، ده‌زگا ئه‌منییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان ئه‌وه‌نده‌ى له‌ هه‌وڵى په‌رده‌پۆشکردن و ونکردنى تاوانبارانى راسته‌قینه‌ى سه‌رده‌شت بوون، ئه‌وه‌نده‌ له‌ دواى بکوژى راسته‌قینه‌ى سه‌رده‌شت نه‌بوون.

باسى له‌وه‌ش ده‌کات: به‌ڵام دواى شه‌ش ساڵ ئه‌و که‌یسه‌ لاى ئێمه‌ کراوه‌یه‌، تا ئه‌و کاته‌ى داد و دادگایه‌کى سه‌ربه‌خۆ له‌ هه‌رێمى کوردستان بوونى ده‌بێت، به‌هۆى ئه‌و دیزه‌ به‌ ده‌رخۆنه‌ کردن و ئه‌و مامه‌ڵه‌ ناشیاو و ناشرینانه‌ى که‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌کانى هه‌ولێر به‌رامبه‌ر به‌ که‌یسى سه‌رده‌شت کردیان، بۆیه‌ ئێمه‌ بایکۆتى هه‌موو دادگا و ده‌زگا ئه‌منییه‌کانى لیژنه‌ى لێکۆڵینه‌وه‌مان کرد، چونکه‌ ده‌مانزانى ئه‌وان له‌ هه‌وڵى شاردنه‌وه‌ى بکوژانى سه‌رده‌شتدان.

له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى هۆکار چییه‌ که‌ ده‌سه‌ڵاتدارانى ئه‌م هه‌رێمه‌ به‌ جدى لێکۆڵینه‌وه‌ ناکه‌ن له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ى بکوژانى رۆژنامه‌نووسان؟ به‌شدار ده‌ڵێت: "چونکه‌ خۆیانن ئه‌نجامده‌ران و داڕێژه‌رانى پیلانى تیرۆرى ده‌نگه‌ ناڕازییه‌کان و به‌ تایبه‌تیش رۆژنامه‌نوسان، ئه‌وانه‌ى له‌ پشته‌وه‌ى تیرۆرى رۆژنامه‌نووسانن له‌ سه‌رووى دادگاوه‌ن، بۆیه‌ ده‌زگا دادوه‌ریه‌کان ده‌ستیان پێ ناگات، چونکه‌ له‌ هه‌ڕه‌مه‌کانى سه‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتدان، بۆیه‌ تا ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ مابێ، تاوه‌کو ئه‌و بنه‌ماڵه‌ ده‌سترۆیشتوانه‌ له‌سه‌ر حکوم بن، تیرۆرى رۆژنامه‌نوسان نادۆزرێنه‌وه‌."

به‌شدار عوسمان، که‌ رۆژى 23ى ئابى 2016 له‌گه‌ڵ شاندێکى کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى و ژماره‌یه‌ک رۆژنامه‌نووس سه‌ردانى سه‌ر گۆڕى شه‌هید وه‌داتیان کرد، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌کات: به‌ داخه‌وه‌ تیرۆرکردنى شه‌هید وه‌دات به‌و شێوه‌ وه‌حشیگه‌ریانه‌، رفاندنى له‌نێو جه‌رگه‌ى شارى دهۆک و دواتر کوشتنى له‌ژێر ئه‌شکه‌نجه‌دا، به‌ پاڵپشتى و بێ سزا مانه‌وه‌ى تیرۆره‌کانى ترى سۆران و سه‌رده‌شت و کاوه‌ ئه‌نجام درا، ئێمه‌ کاتى خۆیشى هاوارمان کرد که‌ تێپه‌ڕاندنى ئه‌م دۆسیانه‌ و ئاشکرانه‌کردنى بکوژانی سه‌رده‌شت و کاوه‌ و سۆران زه‌نگێکى مه‌ترسیداره‌ بۆ سه‌ر کۆمه‌ڵگا، بۆیه‌ ده‌بێ هه‌وڵکانمان زیاتر بکه‌ین و چه‌ند باره‌ى بکه‌ینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى سنورێک بۆ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ مافیایه‌ میلیشیایه‌ دابنێین، که‌ ئاوا به‌ ئاسانى ده‌ستیان نه‌چێته‌ خوێنى رۆڵه‌کانمان.

شێوازى کوشتنى سۆرانى مامه‌ حه‌مه‌ و کاوه‌ گه‌رمیانیش له‌ یه‌ک ده‌چێت، هه‌ردووکیان له‌ به‌رده‌م ماڵى خۆیاندا به‌ فیشه‌ک تیرۆر کران، ئه‌وان هه‌ردووکیان به‌هۆى به‌دواداچوون و بڵاوکردنه‌وه‌ى راپۆرت له‌سه‌ر گه‌نده‌لێ و ئابڕووچوونى به‌رپرسان و تێوه‌گلانیان له‌ گه‌نده‌ڵییه‌وه‌، تیرۆر کراون، هه‌ردووکیان راپۆرته‌کانیان له‌ گۆڤاردا بڵاوده‌کرده‌وه‌.

شیرین ئه‌مین، هاوسه‌رى کاوه‌ گه‌رمیانى، رۆژنامه‌نووسى تیرۆرکراو، له‌ باره‌ى ئه‌وه‌ى تا ئێستا چى کراوه‌ له‌ دۆسیه‌ى شه‌هید کاوه‌دا، که‌ سێ ساڵ ده‌رباز ده‌بێت، قسه‌ى بۆ گۆڤارى (ئازادى کۆمه‌ڵگه‌) کرد و ده‌ڵێت: ئه‌و به‌دواداچوونانه‌ى که‌ به‌ گرنگ ئه‌ژمار بکرێت چى لاى خانه‌واده‌ى کاوه‌ گه‌رمیانى و چى لاى ئازادیخوازان له‌سه‌ر دۆسیه‌ى شه‌هیدى قه‌ڵه‌م کاوه‌ گه‌رمیانى، به‌ پێى خواستى ئێمه‌ نه‌بووه‌ و ناشکرێت، ئه‌توانم بڵێم، له‌ سایه‌ى ده‌سه‌ڵاتى سه‌وز هێنده‌ یارى به‌ دۆسیه‌ى کاوه‌ کراوه‌، دۆسیه‌که‌ له‌ رێکارى یاسایى دووررخاوه‌ته‌وه‌، له‌ ده‌ستێوه‌ردانى ئه‌و تاوانبارانه‌ى که‌ ده‌ستیان به‌ خوێنى کاوه‌ سوره‌ تا ده‌گاته‌ دادگا، هیچیان له‌ به‌رژه‌وه‌ندى دۆسیه‌ى کاوه‌ نه‌بووه‌، تا ده‌گاته‌ ئه‌م ساته‌ وه‌خته‌.

شیرین باس له‌وه‌ش ده‌کات: "ته‌نانه‌ت کار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ى که‌ له‌ دووه‌ه‌مین ساڵیادى کاوه‌دا، تاوانبارى تیرۆرى شه‌هید کاوه‌ (توانا حسێن) سزاکه‌ى که‌ سزاى له‌سێداره‌ بوو سوک کرا بۆ سزاى هه‌تا هه‌تایى، ئه‌مه‌ ئه‌و ئاماژه‌یه‌یه‌ که‌ خوێنمژانى قه‌ڵه‌مى ئازاد زۆر به‌ ئاسانى ده‌ست وه‌رده‌ده‌نه‌ یاسا و دادگا و یاسا ئه‌تک ده‌که‌ن له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان، دادگا ئه‌مڕۆ بووه‌ به‌ حه‌مام بۆ پاککردنه‌وه‌ى به‌رپرسان له‌ تاوانه‌کانیان."

ده‌شڵێت: چه‌ند یه‌کێتى تاوانباره‌ له‌ تیرۆکردنى کاوه‌ گه‌رمیانیدا، ئه‌وه‌نده‌ش تاوانباره‌ له‌ ده‌ستێوه‌ردانى حزبیى له‌ دۆسیه‌ى کاوه‌دا، تا ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ رێگر بووه‌ له‌وه‌ى دادگا سه‌روه‌ر بێت، تا ئێستا بکه‌رى تیرۆرکردنه‌که‌ نه‌ ناسراوه‌ و به‌ ئازادانه‌ ده‌سوڕێته‌وه‌.

شیرین، که‌ دواى مه‌رگى کاوه‌ کوڕێکى بوو له‌سه‌ر وه‌سیه‌تى کاوه‌ ناوى نا (ئامه‌د) ئێستا ئامه‌د ته‌مه‌نى سێ ساڵه‌ و قژێکى درێژى هه‌یه‌ و تاکه‌ یادگاریى کاوه‌یه‌ بۆ شیرین ماوه‌ته‌وه‌. شیرین زۆر بێ هیوایه‌ له‌وه‌ى دادگا بتوانێ شتێک بکات له‌ دۆزینه‌وه‌ى بکوژانى کاوه‌.

ئه‌و ده‌ڵێت: هۆکارى ئه‌وه‌ى دادگا تا ئێستا نه‌یتوانیوه‌ شتێک بکات، ته‌نها ده‌ستێوه‌ردانى یه‌کێتییه‌ چ به‌ تیرۆرکردنى چ به‌وه‌ى به‌ هه‌موو توانایه‌کیانه‌وه‌ له‌ هه‌وڵدان که‌یسه‌که‌ ون بکرێت و به‌ ته‌واوى دابخرێت، به‌ڵام دڵنیایان ده‌که‌مه‌وه‌ نه‌ خوێنى کاوه‌ ون ده‌بێت نه‌ ده‌توانن که‌یسى کاوه‌ دابخه‌ن، چونکه‌ چى لاى خانه‌واده‌ى کاوه‌ و چى لاى ئازادیخوازان ئه‌و دۆسیه‌یه‌ به‌ کراوه‌یى ده‌مێنێته‌وه‌ و وه‌ک خانه‌واده‌که‌ى کاوه‌ هه‌ر سات و کاتێک نوێترین زانیاریمان به‌ ده‌ست بگات، ئه‌وا درێغى ناکه‌ین و هه‌ر رێکارێک پێویست بێ بۆ دۆسیه‌که‌ى ده‌یگرینه‌به‌ر، بێ گوێدانه‌ سه‌ختى و مه‌ترسى، له‌وه‌ش دڵنیایان ده‌که‌مه‌وه‌ به‌ هه‌موو هێزیان ناتوانن بێده‌نگمان بکه‌ن.

شیرین، هاوسه‌رى کاوه‌ گه‌رمیانى، به‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بوو له‌ قسه‌کانى: "هه‌رێمى کوردستان له‌ژێر باڵى دوو بنه‌ماڵه‌ى چه‌ته‌ و کۆمه‌ڵێک مافایایه‌ که‌ پێکهاتووه‌ له‌ یه‌کێتى و پارتى، ئه‌م دوو حزبه‌ له‌ نێویاندا تۆڕێکى مافیایى تێدایه‌ که‌ دژ به‌ قه‌ڵه‌م به‌ ده‌سته‌ بوێره‌کان و ده‌نگه‌ ئازاده‌کانن، له‌م دۆخه‌دا دادگاش له‌ژێر رکێفى ئه‌واندایه‌ و خاوه‌ن بڕیار و یاساى راسته‌قینه‌ى خۆى نییه‌، دادگاى که‌لار پێش تیرۆرکردنى کاوه‌ش تاوانباره‌، کاوه‌ چه‌ندین دۆسیه‌ى له‌ دادگا بوو، به‌ هه‌ڕه‌شه‌که‌ى مه‌حمود سه‌نگاویشه‌وه‌، که‌ دادگا ئه‌و که‌یسه‌ى له‌ به‌رژه‌وه‌ندى کاوه‌ بوو ساڵێک زیاترى به‌سه‌ردا تێپه‌ڕى، نه‌یتوانى هیچ بڕیارێکى له‌سه‌ر بدات، تا کار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ى، هه‌ر ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بوو به‌ هۆکارى سه‌ره‌کى بۆ تیرۆرکردنى کاوه‌."

شیرین ده‌ڵێت: "هه‌ر سکاڵایه‌کیش له‌لایه‌ن به‌رپرسانه‌وه‌ له‌سه‌ر کاوه‌ تۆمار بکرایه‌ ئه‌وه‌ بێ گوێدانه‌ به‌ڵگه‌کانى شه‌هید کاوه‌ به‌ توندترین شێوه‌ سزاى کاوه‌ ده‌درا، ئه‌وه‌ش وه‌ک هه‌ڕه‌شه‌ و چاوسورکردنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى کاوه‌ ده‌ستهه‌ڵگرێت له‌سه‌ر ئاشکراکردنى گه‌نده‌ڵى، به‌ڵام سه‌ربه‌رزانه‌ تا کاتى تیرۆرکردنى کاوه‌ نه‌چووه‌ ژێر بارى هه‌ڕه‌شه‌ى به‌رپرسه‌ مافیاکانى یه‌کێتییه‌وه‌، به‌ سه‌ربه‌رزى ژیا و به‌ به‌رزترین پله‌ مه‌رگى بۆ خۆى تۆمار کرد."

شیرین، که‌ له‌ دواى مه‌رگى کاوه‌وه‌ به‌رده‌وام جلێکى ره‌شى له‌به‌ردایه‌ و له‌ حه‌سره‌تێکى قووڵدا ده‌ژى، ده‌ڵێت: تا ئه‌م ساته‌ وه‌خته‌ دادگا نه‌یتوانیوه‌ نه‌ک سزادان، به‌ڵکو بکه‌رى راسته‌قینه‌ى تیرۆرکارانى سۆران و سه‌رده‌شت و کاوه‌ بۆ راى گشتى ئاشکرا بکات، تا کار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ى به‌رپرسان به‌ سانایى توانیان قه‌ڵه‌مه‌که‌ى وه‌دات حسێن بشکێنن، ئه‌مه‌ ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێت، تا بکه‌رى راسته‌قینه‌ى که‌یسى رۆژنامه‌نوسان به‌ سزاى یاسایى خۆیان نه‌گه‌ن، ئه‌وه‌ نه‌ک خوێنى سه‌رده‌شت و سۆران و کاوه‌ و وه‌دات ناوه‌ستێت، به‌ڵکو خوێنى تر و قه‌ڵه‌مى تریش به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌شکێنرێت، به‌ دیدى من دادگا و ئه‌و دادوه‌رانه‌ى سه‌رپه‌رشتى که‌یسى رۆژنامه‌نوسانى تیرۆرکراو ده‌که‌ن تاوانبارن له‌ که‌یسى رۆژنامه‌نوسانى تیرۆرکراو، چونکه‌ رێگه‌ خۆشکه‌ر بوونه‌ که‌ تاوانبارى سه‌ره‌کى خۆیان ده‌رباز بکه‌ن، ئه‌گه‌ر نا ئه‌وه‌ ئێستا وه‌دات تیرۆر نه‌ده‌کرا.

ئه‌و باس له‌ ئومێدى خۆى به‌ دادگا ده‌کات و ده‌ڵێت: من له‌ یه‌که‌م ساتى تیرۆرکردنى کاوه‌وه‌ نه‌ ئومێدم به‌ دادگا بووه‌ و نه‌ هه‌شمه‌، چونکه‌ زۆر له‌وه‌ دڵینام تیرۆرکردنى کاوه‌ و دۆسیه‌که‌ى یه‌کسانن، هه‌ر هه‌مان جه‌لاد و خوێنمژى قه‌ڵه‌مه‌که‌ى کاوه‌ له‌ هه‌وڵى ونکردنى خوێنى شه‌هید کاوه‌ن و ده‌یانه‌وێت که‌یسه‌که‌ به‌ لارێدا به‌رن. ئێمه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ بۆ مێژوو و بۆ شه‌رمه‌زارکردنى به‌رپرسان روومان له‌ دادگا کرد و سکاڵامان تۆمار کرد، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌وه‌ دڵنیا بووین دادگا و دادوه‌ره‌کان ده‌ستوپێى مافیا خوێنمژه‌کانن، تۆمارکردنى سکاڵاش بۆ مێژووه‌، تا ئه‌و رووڕه‌شییه‌ تۆماربێت. من ئومێد ده‌خوازم رۆژێک بێت خۆرى ئازادى هه‌ڵبێت، پێش هه‌مووان دادوه‌ره‌ خۆفرۆشه‌کان و ریسواکه‌رانى یاسا له‌ دادگایه‌کى عادیلانه‌دا دادگایى بکرێن، ئه‌و کات ئومێدم به‌ دادگا هه‌یه‌.

تیرۆرکردنى وه‌دات حسێن و نه‌دۆزینه‌وه‌ى بکوژانى سۆران و سه‌رده‌شت و کاوه‌، ئه‌و رێکخراوانه‌شى بێ ئومێد کردووه‌، که‌ سه‌ر به‌ حکومه‌تى هه‌رێمن، ئه‌وه‌تا به‌رپرسێکى سه‌ندیکاى رۆژنامه‌نووسان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌کات، که‌ خه‌ریکه‌ هه‌رێمى کوردستان ده‌بێته‌ شوێنێکى ئارام بۆ داڵده‌دانى ئه‌و که‌سانه‌ى ده‌نگى ئازاد و رۆژنامه‌نووسان تیرۆر ده‌که‌ن.

له‌سه‌ر تیرۆرکردنى وه‌دات حسێن، رۆژنامه‌نووسى ئاژانسى هه‌واڵى رۆژنیوز، جه‌مال حسێن، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سه‌ندیکاى رۆژنامه‌نوسان و بڕیارده‌رى لیژنه‌ى داکۆکى له‌ ئازادى رۆژنامه‌نوسى و مافى رۆژنامه‌نووسان له‌ کوردستان، له‌ لێدوانێکدا بۆ گۆڤارى (ئازادى کۆمه‌ڵگه‌) له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى تا ئێستا وه‌کو سه‌ندیکاى رۆژنامه‌نووسان چیتان کردووه‌ بۆ دۆسیه‌ى وه‌دات حسێن، ده‌ڵێت: من پێموایه‌ سه‌ندیکا جگه‌ له‌ ده‌رکردنى به‌یاننامه‌، جگه‌ له‌ چاودێریکردنى به‌ڕێوه‌چوونى لێکۆڵینه‌وه‌کان، هه‌روه‌ها ئیدانه‌کردنى و بڵاوکردنه‌وه‌ى به‌ زمانى کوردى و عه‌ره‌بى و هه‌روه‌ها فیدراسیۆنى نێوده‌وڵه‌تى رۆژنامه‌نوسانیش په‌یوه‌ندیان به‌ سه‌ندیکاى رۆژنامه‌نوسانه‌وه‌ کردووه‌، که‌ ده‌بێ بکوژانى وه‌دات حسێن بدۆزرێنه‌وه‌، ناتوانین شتێکى تر بکه‌ین.

ئه‌و ده‌ڵێت: "به‌ڵام من شتێک ده‌ڵێم و له‌و قسه‌یه‌ش به‌رپرسیارم، خه‌ریکه‌ هه‌رێمى کوردستان له‌ جیاتى ئه‌وه‌ى ببێته‌ شوێنێکى ئارام و هێمن بۆ رۆژنامه‌نووسان بۆ ئه‌وه‌ى کاره‌کانى خۆیان ئه‌نجام بده‌ن، به‌ڵام خه‌ریکه‌ هه‌رێمى کوردستان ده‌بێته‌ شوێنێکى ئامن بۆ داڵده‌دانى ئه‌و که‌سانه‌ى که‌ ده‌نگى ئازاد و رۆژنامه‌نوسان ده‌کوژن."

له‌ وه‌ڵامى پرسیارى باشه‌ له‌ دۆخێکى وادا ئه‌رکى سه‌ندیکاى رۆژنامه‌نووسان چییه‌؟ رۆڵیان و گرنگیان چییه‌؟ ئه‌و ده‌ڵێت: ئێمه‌ ئێستا لقى دهۆکمان راسپاردووه‌، که‌ به‌ راستى له‌ نزیکه‌وه‌ ئاگادارى لێکۆڵینه‌وه‌ بن له‌ پۆلیس و دادگا و ئه‌وانه‌، هه‌روه‌ها ئێمه‌ له‌ به‌یاننامه‌یه‌کدا ئیدانه‌مان کردووه‌، هه‌روه‌ها فیداسیۆنى نێونه‌ته‌وه‌ییش پشتگیرى خۆیان بۆ ئێمه‌ ده‌ربڕیوه‌، هه‌روه‌ها ده‌زگا ئه‌منییه‌کانى دهۆک به‌ڵێنیان داوه‌، که‌ له‌ ماوه‌یه‌کى که‌مدا له‌ دۆسیه‌که‌ ده‌کۆڵنه‌وه‌ و تۆمه‌تباران ده‌ستگیرده‌که‌ن، به‌ڵام من به‌ تۆ ده‌ڵێم، ئه‌وه‌ى سه‌رده‌شت عوسمانى تیرۆر کرد، ئه‌وه‌ى سۆرانى مامه‌ حه‌مه‌ى تیرۆر کرد، ئه‌وه‌ى کاوه‌ گه‌رمیانى تیرۆر کرد، ئه‌وه‌ وه‌داتیشى هاته‌ سه‌ر، ئه‌و دۆسیانه‌ چیان لێهات؟! به‌ راستى جگه‌ له‌ به‌لاڕێدابردن هیچ شتێکى ئه‌وتۆى لێنه‌که‌وته‌وه‌.

ئه‌و به‌رپرسه‌ى سه‌ندیکاى رۆژنامه‌نووسان ده‌شڵێت: هه‌تا ئه‌و رێکخراوانه‌ى که‌ داکۆکیکارن له‌ ئازادى و مافى رۆژنامه‌نوسان زۆر جار دێنه‌ سه‌ندیکا و ئه‌وانیش ئه‌و پرسیاره‌ ده‌که‌ن، به‌ڵام به‌ راستى سه‌ندیکا له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و دۆسیانه‌ وه‌ڵامێکى ئه‌وتۆى پێ نییه‌، که‌ شایانى باسکردن بێت، بۆ نمونه‌، ئه‌گه‌ر بمانبینیایه‌ بکوژی رۆژنامه‌نوسێک دادگایى بکرایه‌ له‌پێش چاوى خه‌ڵک و سزا بدرایه‌، ئیتر خه‌ڵکى تریش زاتى نه‌ده‌کرد جارێکى تر به‌ نوێژى نیوه‌ڕۆ رۆژنامه‌نووسان شه‌هید بکه‌ن.

جه‌مال حسێن له‌باره‌ى هاوکارى رێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کانیشه‌وه‌ ده‌ڵێت: هه‌وڵى زۆر دراوه‌، به‌ڵام ئه‌و رێکخراوانه‌ش له‌ راپۆرته‌کانى خۆیان بڵاوى ده‌که‌نه‌وه‌، ئێمه‌ش بۆ حکومه‌تى ده‌نێرین، که‌ به‌دواداچوونى بۆ بکه‌ن، به‌ڵام حه‌ق وا نییه‌ ده‌سه‌ڵاتداران لایه‌نه‌کانى خۆیان وا په‌روه‌رده‌ بکه‌ن به‌و شێوه‌یه‌ هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نووسان بکه‌ن، به‌ڵام ئه‌وان ئیشى حزبى و رۆژنامه‌نووسیان تێکه‌ڵاو کردووه‌.

ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌کات: "ئێمه‌ له‌سه‌ر تیرۆرى وه‌دات به‌دواداچوون ده‌که‌ین، پێش بڕیارى دادگا و یاسا ناکه‌وین، چونکه‌ خۆمان باوه‌ڕمان به‌ سه‌روه‌رى یاسا هه‌یه‌، به‌ڵام من دڵنیام چۆن بکوژانى سه‌ره‌کى رۆژنامه‌نووسه‌کانى دیکه‌ نه‌دۆزرانه‌وه‌، جگه‌ له‌ به‌لاڕێدا بردن، باوه‌ڕ ناکه‌م ئه‌و دۆسیه‌یه‌ش وا به‌ ئاسانى بدۆزرێته‌وه‌. به‌ داخه‌وه‌ ده‌ڵێم."

ئاژانسى هه‌واڵى رۆژنیوز، که‌ ئاژانسێکى هه‌واڵییه‌ و به‌ زمانه‌کانى عه‌ره‌بى و تورکى و هه‌ردوو شێوه‌زارى کوردى، سۆرانى و کرمانجى هه‌واڵ و زانیارى بڵاوده‌کاته‌وه‌، ساڵى 2014 دامه‌زراوه‌، ماوه‌ى دوو مانگ بوو وه‌دات حسێن، ده‌ستى به‌ کار کردبوو له‌گه‌ڵ رۆژنیوز وه‌ک په‌یامنێرى پارێزگاى دهۆک، ئه‌و ماوه‌یه‌کى که‌م بوو ناسنامه‌ى ئاژانسه‌که‌ى بۆ ده‌رکرا بوو، ئه‌و رۆژه‌ى وه‌دات تیرۆر کرا، به‌ وته‌ى براکانى، سه‌رقاڵى کارى رۆژنامه‌وانى بوو بۆ ئاژانسه‌که‌، هه‌ربۆیه‌ ئه‌و کاته‌ى که‌ رفێنرابوو، لۆگۆ و کامێراى رۆژنیوزى پێبووه‌.

ئاژانسى رۆژنیوز له‌سه‌ر تیرۆرکردنى وه‌دات ده‌ڵێت: ئێمه‌ داوا ده‌که‌ین که‌ پێویسته‌ له‌ باشووری کوردستان مافی گه‌ل به‌ گشتی و رۆژنامه‌وانی ئازاد و بیروڕای ئازاد به‌تایبه‌تی بپارێزرێت، چیدی نابێت ئه‌م بێده‌نگیه‌ کوشنده‌یه‌ به‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت، پێویسته‌ به‌رله‌ هه‌رلایه‌ک سه‌ندیکای ڕۆژنامه‌نوسان له‌و گۆشه‌گیریه‌ی بێته‌ ده‌ره‌وه‌ و خاوه‌نداری له‌ ئه‌ندامه‌کانی بکات، ئیدی ده‌بێت دادگاکان سه‌ربه‌خۆیی خۆیان بسه‌لمێنن و به‌رگری جدی له‌ مافه‌کانی رۆژنامه‌نوسان بکه‌ن، دۆسیه‌ی شه‌هید ویداد وه‌ک دۆسیه‌ی شه‌هیدانی دیکه‌ی قه‌ڵه‌م به‌لاڕێدا نه‌به‌ن.

رۆژنیوز ده‌ڵێت: ئێمه‌ به‌ر له‌ هه‌ر لایه‌ک حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و ده‌زگا ئه‌منییه‌کان، به‌تایبه‌تی ئه‌و هێزه‌ خۆسه‌پێنه‌ی ده‌سه‌ڵاتی له‌ ده‌ڤه‌ری بادینان قۆرخ کردوه‌، ئه‌و هه‌رێمه‌ی ڕۆژنامه‌نوسی هاوکارمانی تێدا تیرۆرکراوه‌، به‌ به‌رپرسیاری سه‌ره‌کی ده‌زانین له‌ تاوانی تیرۆرکردنی شه‌هید وه‌دات، ده‌بێت به‌ زووترین کات ئه‌و تاوانه‌ و بکه‌ران و ئه‌وانه‌شی که‌ له‌ پشتیه‌وه‌ بوون بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکرێن و سزا بدرێن، تائێستاش هیچ کام له‌ دامو ده‌زگا به‌رپرسه‌کانی ناوچه‌که‌ ئاماده‌نین هیچ جۆره‌ لێدوانێک له‌سه‌ر ئه‌و تاوانه‌ بده‌ن.

بنه‌ماڵه‌ى وه‌دات هه‌ر دواى رفاندنى وه‌دات و دواتر دۆزینه‌وه‌ى ته‌رمه‌که‌ى، باسیان له‌وه‌ کرد، که‌ پێشتر وه‌دات هه‌ڕه‌شه‌ى لێکراوه‌ و چه‌ندین جار له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌کانه‌وه‌ بانگ کراوه‌ و داواى لێکراوه‌ واز له‌ کاره‌که‌ى بهێنێت، به‌ڵام وه‌دات ئه‌وه‌ى ره‌تکردوه‌ته‌وه‌، وه‌دات بۆخۆیشى لاى هاوڕێکانى ئه‌وه‌ى باس کردبوو، که‌ هه‌ڕه‌شه‌ى لێکراوه‌.

تارق حسێن، برا گه‌وره‌ی شه‌هید وه‌دات، به‌ ناوی بنه‌ماڵه‌که‌یانه‌وه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی خۆیان ده‌ڵێت: "براکه‌م پێشتر له‌لایه‌ن ئاسایشی دهۆکه‌وه‌ چه‌ندین جار بانگهێشتکراوه‌ و سوکایه‌تی پێکراوه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ی لێکراوه‌، هه‌روه‌ها له‌و بانگهێشتانه‌دا ئه‌گه‌رچی وه‌دات له‌ نزیکه‌وه‌ به‌منی نه‌وتووه‌، به‌ڵام به‌ خێزانه‌که‌می وتووه‌ ئاسایشی دهۆک دوو جار ئه‌شکه‌نجه‌یان داوه‌ و برینداریان کردووه‌، برینه‌کانیشی پیشانی خیزانه‌که‌م داوه‌."

ئه‌و ده‌شڵێت: "دواین جار وه‌دات به‌ خۆمی وت که‌ ئاسایش جارێکیتر بانگیان کردووه‌ و پێیان وتووه‌، که‌ دۆسیه‌که‌یان ڕه‌وانه‌ی ئاسایشی گشتی دهۆک کردووه‌ و ئه‌وان چی بڕیارێکی له‌سه‌ربده‌ن هه‌ر ئه‌وه‌ ده‌بێت، هه‌ربۆیه‌ که‌ ئاگادار کرامه‌وه‌ که‌ وه‌دات تیرۆرکراوه‌ راسته‌وخۆ دڵنیابووم ١٠٠٪ که‌ چه‌ته‌کانی پارتی و ئاسایش تیرۆریان کردووه‌."

ئه‌و که‌ برا گه‌وره‌ى وه‌داته‌، ده‌ڵێت: "هه‌تا له‌ ژیاندا مابم له‌ چالاکی و هه‌وڵه‌کانم بۆ به‌ سزا گه‌یاندنی تاوانباران له‌ چالاکی و خه‌باتدا ده‌بم، له‌ هه‌رێم و له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش سکاڵای یاسایی تۆمار ده‌که‌ین، ئێمه‌ 11 برای وه‌دات هه‌موومان له‌ پێناو ده‌رخستنی ڕاستیه‌کاندا ئاماده‌ین ژیانی خۆمان بکه‌ینه‌ قوربانی ئه‌م که‌یسه‌."

تارق حسێن ده‌شڵێت: "له‌ قه‌ره‌باڵغترین شوێندا له‌ دهۆک که‌ ته‌واوی بازاڕ و مارکێته‌، دوو ئۆتۆمبێل پێش و پاش له‌ ئۆتۆمبێله‌که‌ی وه‌دات ده‌گرن و به‌ خه‌ڵکی چوار ده‌وور ده‌ڵێن گوایه‌ له‌ منداڵێکی داوه‌و ده‌ستگیری ده‌که‌ن، دواتر به‌ دڕندانه‌ترین شێوه‌ تیرۆری ده‌که‌ن، ئه‌مه‌ش هه‌موو که‌سێک ده‌زانێت به‌ هیچ لایه‌ن و هاوڵاتییه‌ک ناکرێت".

باس له‌و راگه‌یاندنانه‌ش ده‌کات، که‌ زانیارى چه‌واشه‌کارییان له‌سه‌ر وه‌دات بڵاوکرده‌وه‌، "ئه‌وانه‌ى وتیان وه‌دات ماوه‌ى 10 رۆژ بووه‌ وازى له‌ رۆژنیوز هێناوه‌، ئه‌و هه‌واڵانه‌ که‌ناڵه‌ خۆفرۆشه‌کانی ڕووداو و کوردستان٢٤ و وار تیڤی بڵاوی ده‌که‌نه‌وه‌، من ده‌پرسم ئه‌وان که‌ی راستیان بڵاوکردووه‌ته‌وه‌ تا ئێستا بڵاوی بکه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ ته‌واوی ئه‌و تۆمه‌تانه‌ ره‌تده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ بۆ به‌لاڕیدا بردنی که‌یسی شه‌هید بڵاوی ده‌که‌نه‌وه‌."

تیرۆکردنى وه‌دات حسێن، هه‌ر یه‌کسه‌ر کاردانه‌وه‌ى ناوخۆیى و نێوده‌وڵه‌تى لێکه‌وته‌وه‌، رێکخراوه‌کانى کۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى و په‌رله‌مانتاران و فراکسیۆنه‌کانى په‌رله‌مان و رۆشنبیران و رۆژنامه‌نووسان ناڕه‌زایى توندیان نیشاندا، به‌ڵام دواى دوو رۆژ و له‌ 15ى ئابدا، د. ئومێد سه‌باح به‌ ناوى گوته‌بێژى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ لێدوانێکى کورتى بڵاوکرده‌وه‌.

له‌ راگه‌یه‌نراوه‌که‌دا هاتبوو: "له‌باره‌ی که‌یسی کوشتنی رۆژنامه‌نووس (وه‌دات حسێن)، نووسینگه‌ی به‌ڕێز سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان. په‌یوه‌ندی به‌ حسێن عه‌لی کۆچه‌ر باوکی وه‌دات حسێن کرد و سه‌ره‌خۆشی و هاوخه‌می "سه‌رۆک بارزانی" به‌ خانه‌واده‌که‌یان ڕاگه‌یه‌نرا و دڵنیای کردنه‌وه‌، که‌ مومکین نییه‌ تاوانێکی وا ون بێ و مافیان بفه‌وتێ و پێویسته‌ به‌ زووترین کات تاوانباران بدۆزرێنه‌وه‌ و سزای یاسایی خۆیان وه‌ربگرن."

ئه‌وه‌ش خرابووه‌ڕوو: "له‌پێناو دۆزینه‌وه‌ی بکوژان و تاوانباراندا، سه‌رۆک بارزانی دامه‌زراوه‌ په‌یوه‌نداره‌کانی راسپاردووه‌ به‌خێرایی لێکۆڵینه‌وه‌ی ورد له‌و که‌یسه‌دا بکه‌ن و تاوانباران ده‌ستگیر بکرێن و سزای یاسایی بدرێن."

هه‌موو نیگاکان له‌سه‌ر حزبه‌که‌ى بارزانییه‌، چونکه‌ ئه‌وان له‌و پارێزگایه‌ ده‌سه‌ڵاتدارن و ئاگایان له‌ هه‌موو جموجوڵێکه‌، ئێستا رۆژنامه‌نووسان و رێکخراوه‌کانى کۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و سه‌ندیکاى رۆژنامه‌نووسان و …هتد چاوه‌ڕوانى ئه‌وه‌ن بارزانى به‌ڵێنه‌که‌ى "مومکین نییه‌ تاوانێکى وا ون ببێت" بباته‌ سه‌ر و رێگه‌ نه‌دات ئه‌و تاوانه‌ ون ببێت، پێشتریش ئاژانسى رۆژنیوز رایگه‌یاندبوو، تاوه‌کو بکوژان ده‌دۆزرێنه‌وه‌، پارتى به‌ به‌رپرسیار ده‌زانین.

جگه‌ له‌ رێکخراوه‌ ناوخۆییه‌کان، چه‌ندین رێکخراوى نێوده‌وڵه‌تى، وه‌کو رێکخراوى په‌یامنێرانى بێ سنور، فیدراسیۆنى جیهانیى رۆژنامه‌نووسان، سه‌نته‌رى که‌نداو بۆ مافه‌کانى مرۆڤ، کۆمیته‌ى پاراستنى رۆژنامه‌نووسان، فیدراسیۆنى نێونه‌ته‌وه‌یى په‌نابه‌رانى عێراقى و رێکخراوى چاودێرى مافه‌کانى مرۆڤ و کونسوڵخانه‌ى گشتى به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمى کوردستان به‌ توندى ئیدانه‌ى تیرۆرکردنى وه‌داتیان کرد.

ئه‌و رێکخراوانه‌ جگه‌ له‌وه‌ى داواى لێکۆڵینه‌وه‌ى ورد و بێلایانه‌یان کرد، ئه‌و رووداوه‌شیان به‌ زه‌نگێکى مه‌ترسیدار ناوبرد بۆ هه‌رێمى کوردستان و ئازادى راده‌ربڕین، وه‌کو به‌رده‌وامیى تیرۆر له‌ کۆمه‌ڵگه‌ى کوردى ناویان برد.

رێکخراوى چاودێرى مافه‌کانى مرۆڤ، رۆژى 25ى ئاب راپۆرتێکى فراوان و وردى له‌سه‌ر تیرۆرکردنى وه‌دات بڵاوکرده‌وه‌، ئه‌و رێکخراوه‌ ده‌ڵێت: " پێویسته‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان وه‌ڵامی جدی هه‌بێت له‌باره‌ی چۆنیه‌تی رفاندن و کوشتنی ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ به‌ رۆژی رووناک، دوای لێپرسینه‌وه‌ی له‌لایه‌ن هێزه‌کانی ئاسایش، ئه‌و یه‌کێکه‌ له‌نێوان ده‌یان رۆژنامه‌نووسه‌ى، که‌ رووبه‌ڕووی کوشتن و لێدان و ده‌ستگیرکردن و ته‌نگپێهه‌ڵچنین بوونه‌ته‌وه‌."

ئه‌گه‌رچى وه‌دات چواره‌م رۆژنامه‌نووسه‌ له‌ ماوه‌ى هه‌شت ساڵى رابردوو له‌ هه‌رێمى کوردستان تیرۆر بکرێت، به‌هۆى نوسین و قسه‌کردن و بڵاوکردنه‌وه‌ى راپۆرت له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵى به‌رپرسان، به‌ڵام ئه‌وه‌ نابێته‌ هۆى ئه‌وه‌ى که‌ ئیتر رۆژنامه‌نووسان بێده‌نگ بن و سه‌رى خۆیان کز بکه‌ن.

کۆمه‌ڵگه‌ى کوردى، که‌ قوربانى و زه‌حمه‌تى زۆرى داوه‌ بۆ ئازادى و ژیانێکى ئابڕوومه‌ندا له‌سه‌ر خاکى کوردستان، هه‌رگیز به‌ گرتن و رفاندن و کوشتن، رۆژنامه‌نووسان و گه‌نجانى کورد بێده‌نگ و بێ هه‌ڵویست ناکرێن. هه‌ر بۆیه‌ ده‌بوو ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌رێمى کوردستان له‌ هه‌موو که‌س باشتر ئه‌و راستیه‌یان بزانیایه‌ و هه‌رگیز په‌نایان بۆ کوشتنى گه‌نجێکى ئه‌م هه‌رێمه‌ نه‌بردایه‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Close
Close
%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: