وتووێژ

هه‌ڤپه‌یڤین له‌گه‌ڵ  دكتۆر سه‌لاح ئه‌حمه‌د

دیدار: ئازادییی کۆمەڵگە

 

دكتۆر سه‌لاح ئه‌حمه‌د توێژه‌رێكى سه‌ربه‌خۆ تايبه‌تمه‌ندبوون له‌ فه‌لسه‌فه‌ى سياسى، دكتۆرا ده‌گرێت له‌ فه‌لسه‌فه‌ له‌ زانكۆی ئۆته‌وا، كه‌نه‌دا. له‌هه‌ڤپه‌یڤینێكدا له‌گه‌ڵ گۆڤاری ئازادیی كۆمه‌ڵگه‌دا، هۆشداری ده‌دات كه‌ ‌سیستەمی پەروەردە داوەشییەوە. یەکێ لە فەشەلە هەرە گەورەکانی ئەزموونی باشور فەشەلی دەزگای خوێندن و په‌روه‌رده‌یه‌، و ئەم سەردەمە سەردەمێکی تاریکە. بەگشتی هێزی کۆنەپارێز لە هەڵکشاندان، بەڵام لەبەر هەمان هۆ دەبێ هێزی پێشکەوتووخوازی جیهانگۆریش لە دەرکەوتندا بێت.

سه‌باره‌ت به‌پرسی كۆچی گه‌نجان ئه‌و دكتۆره‌ ده‌ڵێت: دەبێ مەبەستت کۆچی کوڕان و پیاوان بێت، چونکە زۆرینەی کچان و ژنان ئەو بژاردەیەیان نییە کە سەری خۆیان هەڵگرن، کەواتە ئەوانەی بۆیان هەیە بڕۆن لە خانەی هەرە پەراوێزخراو یان هەرە ستەمدیدەدا نیین، چونکە ئەو ملیۆنەهایەش هەن کە تەنیا رێگایان بۆ دەربازبوون لەو دۆخەی کە بەسەریانا سەپێنراوە لەلایەن پیاوانەوە لە باشترین حاڵەتدا چوونە چیایە و لە خراپترییندا مردنە.

 

ئازادیی كۆمه‌ڵگه:لەلای ئێوە گەنج کێیە و بۆ پێی دەڵێین گەنج؟ داخۆ مەسەلەیەکی تەنیا تەمەنە؟ یان چییە؟… لە ڕوانگەی زانستی کۆمەڵایەتییەوە گەنج کێیە؟

لە بەکارهێنانی ووشەی گەنجدا لە سیاقی گوتاری باودا، کە بەکارهێنانێکی لاساییگەرانەی بەرۆمانسیکراوە، سێ گریمانەی هەڵە هەن کە نائاگایانە وەکو راستی پرسیارهەڵنەگر بەرهەمدەهێندرێنەوە:

یەکەم: گەنجان بە سیفەتی گەنجبوونیان بەشێک نیین لە کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسسییەکان بەڵکو قوربانیین.

دووەم: گەنجان یەک گروپی لێکچووی خاوەن یەک ناسنامەی هاوبەشی ئایدیۆلۆجی و چینایەتیین.

سێیەم: کچان وەکو بەشێک لە گەنجان نایەنە هەژمارکردن، واتا “گەنجان” تەنیا ئاماژەیە بۆ کوڕان. بۆ نموونە کە دەگوترێ کۆچی گەنجان، روونە کە کچان لەدەرەوەی پۆلێنکردنەکەدان.

گریمانەی یەکەم رەگی لە بێدەسەڵاتکردندایە چونکە تێڕوانینێکە پێیوایە گەنجان هەمیشە کارلێکراون نەک کاریگەر. گەنج بە سیفەتی گەنجبوون زوڵمێکی تایبەتی لێنەکراوە کە لەوانی دیکە نەکرابێ لە باشور. بە پێچەوانەوە ئافرەت و منداڵ زوڵمیان لێدەکرێ بە سیفەتی ئافرەتبوون و منداڵیی. زۆر جار ئەوەی کە پێی دەگوترێ گەنج بەشێکە لە هێزی چەوسێنەر. دواجار ئەو جەماوەرە نێرەی کە شەقامەکان دەتەنن بۆ تەحەروشکردن بە ئافرەتان، ئەو هەزاران کوڕە گەنجەی کە لە ناو هێزە ئیسلامییەکاندان، ئەو سەدان هەزار گەنجەی کە بۆ وانەی رەوشت گوێ دەدەنە مەلاکان، و ئەو سەدان هەزار گەنجانەش کە هێزی جەماوەریی سێ پارتی دەسەڵاتدار پێکدەهێنن (بە جاسوس و جەلادەکانەوە) دەبێ لە ناو پێناسەی گەنجاندا جێیان هەبێ. کە جێیان هەبوو لە پێناسەکەدا، ئیتر ووشەکەش ئەو سیحرەی نامێنێ کە هەیەتی.

گەنج دەکرێ ستەملێکراو بێت بە سیفەتی ناسنامەی چیانەیەتی یان کەمایەتی ئیتنی و ئاینیی یان وەکو ئافرەت، بەڵام هیچ لەم ناسنامانە بەشێک نییە لەو گوتارە چاولێکەرەی کە باوە دەربارەی ئەوەی کە پێی دەگوترێ “گەنجان”. یەکێ لە سیفەتەکانی چەوساندنەوە ئەوەیە کە لە زمانیشدا شوێنێک نادرێ بە چەوساوە. واتا هەروەک چۆن ئافرەت شوێنی نییە لە فەزای گشتییدا، لە زمانیشدا بوونەوەرێکی لەیادکراوە. بۆ؟ چونکە زمانی باو (ئەو زمانەی کە لە خێزان و دەزگای ڕاگەیاندن و دەزگای خوێندن و دەزگای ئاینی و رۆشنبیرییدا بەکاردەهێنرێت) رەگندانەوەی بیرکردنەوەی سەردەستە، لەم حاڵەتەدا واتا بیرکردنەوەی پیاو. هەروەک چۆن فەزای گشتی فەزای پیاوە لە شارەکاندا، زمانی سەردەستیش زمانی پیاوە. هەروەک لە شارەکاندا، بۆ نموونە، ئاودەستی ئافرەتان نییە و ئەمە هەرگیز نەبووە بە کێشەی گشتیی، لە زمانیشدا ئافرەت بێشوێنە و ئەم بێشوێنییە هەرگیز نەبووە بە جێگای پرسیار لەو رۆشنبیرییە پیاوسالارە شۆڤێنیستەدا.

هەڵبەت دەکرێ گەنجبوون بە مانایاکی مەجازی بۆ بزووتنەوەی پێشکەوتوخوازی خاوەن جیهانبینی نوێ بەکاربهێنرێت، بەڵام بەکارهێنانێکی لەو چەشنەش هیچ ئامادەگییەکی نییە لە باشور، دروست لەبەر ئەوەی بزوتنەوەیەکی لەو جۆرە لە ئارادا نییە.

جۆرە بەکارهێنانێکی دەگمەنتر ئەوەیە کە لە پەیوەند بە بیرێک، بیریارێک، یان فەلسەفەیەکی دیاریکراوەوە گەنجبوون بە مانای درێژکراوەی، واتا هێڵی نوێی، ئەو بیرە، بیریارە، یان فەلسەفەیە بە کاربهێندرێت. بۆ نموونە کە دەڵێین هێگڵییە گەنجەکان مەبەستمان ئەو قوتابیانەی هێگڵن کە بەردەوامییان بە فەلسەفەی هێگڵ دا لە رێگای بەرهەمهێنانی خوێندنەوەی چەپانە بۆ هێگڵ بە بەراورد لەگەڵ ئەو فەیلەسوفانەی کە پێیان دەگوترێ هێگڵییە راستڕەوەکان یان پیرەکان.

ئازادیی كۆمه‌ڵگه‌:پێویستییەکانی بەرهەم هاتنی گەنجێکی کارا و چالاک چییە؟

دۆخی مێژوویی هەیە کە مەرجەکانی ناکرێن بە لیست. بۆ نموونە لە دوایین چارەگی سەدەی هەژدەدا، فەرەنسا بە دۆخی نوێبوونەوە و درەشانەوەدا تێپەڕی. نزیکەی سەد ساڵ پاش ئەوە لە پرۆسیا تەوژمی شۆڕشگێڕانەی فەلسەفی و بزووتنەوەی ئەدەبی جیهانگۆڕ پەیدابوون. پاشان لە سەدەی بیستدا بزووتنەوەی پێشکەوتوخواز لە شەستەکاندا گەیشتە ترۆپکی خۆی. مەرجەکان ناژمێردرێن. ئەو پرسە تیوری مێژوویی دەوێ. وەستاوەتە سەر ئەوەی لە کام گۆشەنیگای فەلسەفەی مێژووییەوە دەمانەوێ لەو وەرگێڕانانە تێبگەین.

 . هەر واشە: لەبەرانبەر ئەو تەوژمە کۆنەپارێزە فاشیستە ئاینییەی کە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیای گرتووەتەوە، بزووتنەوەیەکی پێشکەوتوخوازی بێوێنە سەریهەڵداوە لە باکور و رۆژئاوای کوردستان و لە خەباتدایە نەک هەر دژی هەموو بەرەکانی فاشیزمی نەتەوەپەرست و ئیسلامیست بەڵکو دژی پیاوسالارییش بە گشتیی. بەڵام ئەو جەماوەرەی کە پێیان دەگوترێ گەنجان لە باشور بەشێک نیین لەو بزووتنەوە یەکسانیخوازە (بە ژمارەی زۆر کەم نەبێت).

هەڵبەت ئەتوانین هەندێ لەو شتانە ئاماژە پێبکەین کە لە بنەڕەتی ئەو دۆخە تایبەتییەدان کە باشوری تێکەوتووە. بۆ نموونە بەردەوامیی پیاوسالاریی، زماننەزانیی، نەبوونی کولتوری خوێندەواریی تەنانەت لە دەزگاکانی خوێندندا، زاڵبوونی پەیوەندییەکانی خوێن، کولتوری بەکاربردن و پشتبەخۆنەبەستن هەم هۆکارن و هەم دەرهاویشتەی هەرە روونی ئەو داوەشانە فەرهەنگیی و هوشیاریی و کۆمەڵایەتییەن کە باشوری تێ کەوتووە.

ئازادیی كۆمه‌ڵگه:ئەرک و رۆڵی گەنج لە بونیادنان و گۆڕانکاری دا چۆن دەنرخێنن؟ ئەو ئەرکەی چەند پێکهێناوە ئەگەر نا هۆکارەکەی چییە؟

گەنجان بەردەوامن لە درێژەدان بە جیهانی پیران، و لەبەر ئەوەش ووشەی گەنجان گرنگییەکی ئایدیۆلۆجی تایبەتی نییە. بزووتنەوەی یەکسانیخواز لەسەرانسەری پرسەکاندا لە جێندەرەوە بۆ چین لە سەرەتای نەوەدەکاندا زیندووتر بوو. بزووتنەوەیەکی چەپ لە ئارادا بوو دەکرا چارەنووسی ژیانی لەو کۆمەڵگایەدا سەرتاپا پێشبخستایە. بەڵام لەبەرانبەردا تەوژمێکی (دیسان هی گەنجان) کۆنەپەرست و راستڕەو لە دژی ئەو بزوتنەوە گەنجە وەستایەوە. ئەو تەوژمە راستڕەوە دەسەڵاتدارێتی بۆ ئەم هێزانەی ئێستا زامن کرد.

زۆر لە چەپەکان خۆشیان خیانەتیان لە بزووتنەوەکە کرد بەوەدا کە دابەشبوون بە سەر بەرەی راستڕەودا، واتا بەسەر هەمان ئەوە بەرەیەدا کە چەپی کوشت، هەم وەکو تیرۆرکرن و هەم وەکو دژایەتیکردنی رۆشنبیریی. دیاردەی ئەوانەش هەیە کە لە گەنجێتیدا خەونی گەورەیان هەیە و لەو پێناوەدا کۆشش دەکەن، بەڵام پاشتر وەکو قۆناغی سەرکێشیی سەیری ئەو بەشەی ژیانی خۆیان دەکەن، وەکو ئەوەی شۆرش بەشێک بێت لە ژیانی هەرزەکاریی. بەهەر حاڵ،پەیدابوونەوەی بزووتنەوەیەک بە قەبارە و هوشیاریی چەپەکانی ئەو کاتە لە ئەمڕۆی باشوردا جێگای وێناکردنیش نییە.

رۆژانە بە پێی شەریعەت ژنان و منداڵان کۆیلە دەکرێن، بەڵام ئەو پلاتفۆرمە سیاسییەکەی کە بە سەدان هەزار گەنج لەدەوری کۆبوونەوە بە شانازییەوە لەسەر “سەوابیتی ئیسلام” (واتا نەگۆڕەکانی ئیسلام) پێدادەگرێ. گەنجانێکی ئاوها بەرهەمهێنەری ئەو دۆخەن نەک قوربانی.

ئەوانەی پێیان دەگوترێ گەنجان لە رۆشنبیرییەکدا گەورەبوون کە دوو دەستە سنوورەکانی دیاریکرد: ئەو سیاسییە فاشیلانەی کە پەلاماری نووسینیاندا، و ئەو نووسەرە فاشیلانەی کە پەلاماری سیاسەتیاندا. دەرئەنجام ئەو کەوتنە فەرهەنگیی و زمانەوانیی و کۆمەڵایەتی و سیاسییەیە کە دیبینی. تێکەڵەیەک دروست بووە تایبەتە بە باشور: گەندەڵیی سیاسیی لە رۆشنبیرییدا و بێخەیاڵی رۆشنبیریی لە سیاسەتدا درێژکراوەی یەکتریین. قسەکەر زۆرە، قسەکردن نییە. رۆژنامەوان زۆرە، رۆژنامەگەریی نییە. کتێب زۆرە، نووسین نییە. زانکۆ زۆرە، زانین نییە. باشور نموونەی شوێنێکە کە راستڕەوان تیایدا دەبن بە سەردەست بە بێ هیچ رەقیبێک. دواجار هیچ تێگەیەکی کۆمەڵایەتی بۆ چارەنووس، بەرگریی، داهێنان، ژیانی گشتیی، و بۆ فەرهەنگ نامێنێ. ئەوەی کە دەمێنێ لاساییگەرییە تا رادەی مەرگی تاکەکەس، تا ڕادەی وێرانبوونی زمان و توانستی بیرکردنەوە. لەو جۆرە شوێنەدا گەنجبوون پیربوونە و پیربوونیش ناپێگەیشتنی هزریی و دەروونی.

ئازادیی كۆمه‌ڵگه‌:لە ماوەی ٢٤ ساڵی حوکمڕانی کوردیدا لە هەرێمی باشوری کوردستان رەوشی گەنجی ئێستا و گەنجی سەردەمی بەعس چۆن دەنرخێنن؟

لە سەردەمی بەعسیشدا زۆرینە لەگەڵ دەسڵاتی بەعسدا بوون بە بێ ئەوەی باوەڕیان بەو دەسەڵاتە هەبێ. کەمینەیەکی کەمیش بەرەنگاری بەعس دەبووەوە، بەڵام زۆرینەی ناو ئەو کەمینەیەش خاوەن جیهانبینییەکی تایبەت نەبوون لەوە بترازێ کە دژی ستەمکاریی و داگیرکاریی بەعس بوون، کە بێگومان بە جێی خۆی خەباتێکی رەوایە. لە باشور شەڕ هەبوو، بەڵام شۆڕش بە مانای بە گژداچوونەوەی پەیوەندییەکانی نایەکسانیی نەبوو. نەوە دوای نەوە پەیوەندییە قەبەلییەکان بەرهەمدەهێندرێنەوە. ئێستاش ئینتیمای زۆرینە بۆ خێزانە، پاشان بۆ خزم و عەشیرەت، دوای بۆ ناوچە. ئەو ئینتیمایانە زیادیانکردووە لە سایەی حوکمی هێزەکانی کوردایەتییدا.

توندوتیژیی دەوڵەتی عێراق کاردانەوەی توندوتیژی دروست کرد لە باشوری کوردستان. بەڵام ئایا شۆڕش دروست بوو؟ نا. راستییەکی تاڵە، بەڵام راستییە. ئەو شەڕانەی کە کران، شەڕبوون لە دژی دەوڵەت، نەک لە دژی خودی نایەکسانی و ژیانی نائازادیی کۆمەڵایەتی. تەنانەت دروشمەکان لاساییکردنەوەی دروشمی هێزە فەلسەستینیی و نەتەوەپەرستە عەرەبییەکان بوون. بۆ نموونە لە کاتێکدا کوردستان قوربانیی ئیمپریالیزمی نەتەوەپەرستی عەرەبیی بوو بە پلەی یەکەم، گوتاری سیاسیی بزوتنەوەی کوردایەتی بە راست و چەپێوە پڕ بوو لە دژایەتیکردنی زایۆنیزم! بزووتنەوەی کوردایەتیی نەک هەر شۆڕشی نەکرد بەڵکو بەرگرییەکی شێلگیرانەشی لە کولتوری شۆڤێنیستی پیاوسالاریی و ئاغایەتی کرد. ئەو بزوتنەوە و کەسانەی کە بۆ یەکسانی کۆششیان کرد، تێکڕا خیانەتیان لێ کرا.

ئازادیی كۆمه‌ڵگه‌:هۆکاری کۆچی گەنجان بەرەو دەرەوەی وڵات چییە؟ ئایا هۆکارەکان خۆیانن!؟ یاخود کێشەکە سیستەمی بەڕوبردنی دەسەڵات دارانی هەرێمی باشوری کوردستانە؟ پارتە سیاسییەکان چ مۆدێلێکیان لە ژیانی گەنج زەق کردۆتەوە؟

دەبێ مەبەستت کۆچی کوڕان و پیاوان بێت، چونکە زۆرینەی کچان و ژنان ئەو بژاردەیەیان نییە کە سەری خۆیان هەڵگرن. کەواتە ئەوانەی بۆیان هەیە بڕۆن لە خانەی هەرە پەراوێزخراو یان هەرە ستەمدیدەدا نیین، چونکە ئەو ملیۆنەهایەش هەن کە تەنیا رێگایان بۆ دەربازبوون لەو دۆخەی کە بەسەریانا سەپێنراوە لەلایەن پیاوانەوە لە باشترین حاڵەتدا چوونە چیایە و لە خراپترییندا مردنە. دەبێ زۆرتر باسی ئەو بەشە لە کۆمەڵگا بکرێ کە تەنانەت بواری گازندەکردنی پێ نەدراوە. کچان و ژنانی باشور لە دۆخی دەسبەسەرییدا دەژین. فروانتریین ژمارەی ئینسانی بێدەنگکراون لەو ناوچەیەدا. ئەوەی کە پێدەگوترێ گەنجان راستەوخۆ بەشدارن لەو بێدەنگکردنەدا.

لەوە بترازێ کە دەبێ هەموو کەسێ مافی هەڵبژاردنی جێگای ژیانی هەبێ، کە وەکو بنەما هیچ جێگای پرسیار نییە، رۆشتنی پیاوانی گەنج و پیر بۆ دەرەوەی وڵات شەپۆلێکی لاساییگەرایە. کۆمەڵگای باشور کۆمەڵگایەکی زۆر لاسایگەرە. بە سەدان هەزار بە جارێک دەبن بە جاش، ئینجا بە پێشمەرگە، ئینجا ووڵات بەجێدەهێڵن، ئینجا دێنەوە بۆ ووڵات، ئینجا دیسان دەڕۆنەوە. زەقتریین هۆکار چاولێکەرییە. بڕیاری تاکەکەسی و بیرکردنەوەی سەربەخۆ مانای زۆر کەمە لە کۆمەڵگەی لاساییگەردا.

راستە دۆخی ژیان خراپە، بەڵام دۆخی ژیانی ئەوانەی کە لە بەنگلادیشەوە دێن بۆ کوردستان خراپترە. هیوادارم گەنجێکی کوردستان پێی وانەبێ کە ئەو لە گەنجێکی بەنگلادیشی گرنگترە، ئەگەر پێی وابێ، با مامەڵەی رەگەزپەرستانەی پیاوی سپی لە ئەوروپا پیرۆز بێت. رەوشی ژیان لە باکوری کوردستان دەیان جار خراپترە، بەڵام بزووتنەوەیەکی گەنجان (هی کوڕ و کچ) هەیە کە تەسمیمی گرتووە لەسەر ئەوەی سەرتاپای مەرجەکانی ژیان بگۆڕێ. سەرباری هەموو هێزی سەرکوتکەری دەوڵەت و هەموو کۆت و بەندی کۆمەڵگا، کوڕان و کچان خۆیان بە خاوەنی ئەرز و ئاسمان و رابووردوو و چارەنووس دەزانن. سەرباری ئەو جەنگ و داگیرکاریی و هەژارییەی کە لە باکور و رۆژەهەڵاتی کوردستان هەیە، ئەوە باکور و رۆژهەڵاتە کە باشور بە خێو دەکەن لە رێگای بەرهەمی کشتوکاڵەوە و باشور ئاوەدان دەکەنەوە لە رێگای دەستی کارەوە. باشور چی دەکا لە بەرانبەردا؟ گەمارۆ دەخاتە سەر رۆژئاوای کوردستان و بەدڵ و بە گیان دەبێ بە نۆکەری ئانکەرە. باڵاترین دەسەڵاتی سیاسیی لە کوردستان، کە سەرۆکایەتی هەرێمە، دەبێ بە نۆکەری بەئەمەکی ئەردۆگان. خەڵکی گلەیکەر و گوایە بێدەسەڵاتیش بە هەموو توانایانەوە کۆمەکی ئابوری تورکیا دەکەن. گەنجانێک گوێ بەوە نەدەن کە ئەو پارەیەی لە ئەنتالیا و ئەستانبول خەرجی دەکەن دەبێ بە بۆمب و لە دژی جزیرەی بۆتان بەکاردەهێنرێ، دەبێ بە تەقەمەنی دەدەرێ بە دەوڵەتی ئیسلامی، ستەمدیدە نیین، ستەمکارن.

ووردە بۆرژوا پێیوایە کە سیاسەت ئیشی ئەو نییە، بێئاگا لەوەی کە ئەو پاسیڤێتییە لە خۆیدا درێژەدانە بە سیاسەتێکی ستەمکار. تۆ دەتوانی وەها سەیری جیهان بکەی کە قەرزاری تۆیە، بەڵام دواجار ئەوە ئینسانە جیهانی خۆی دادەمزرێنێ جا بە ئاگایی یان بەبێئاگایی، بە گەنجیی بێ یان بە پیریی، وەکو ئافرەت یان وەکو پیاو.

پرسیاری دوایین دەکرێ بەم شێوەیە بکرێ: ئایا گەنجان چ مۆدێلێکیان لە ژیانی سیاسیی زەق کردۆتەوە؟ ووڵام: مۆدێلیکی سەقەت.

بێگومان پارتە سیاسییەکان رۆڵیان هەبوو لەوەی کە جاسوسیی و نۆکەریی و مشەخۆریی و توندوتیژیی بکەن بە کولتوری کۆمەڵایەتی، بەڵام دەسەڵات هەر ئەوان نیین. دەسەڵات تێگەیەکی زۆر فراوانترە. ئەوانەی کە لە دەزگاکانی خوێندندا کار دەکەن بەرهەمهێنەری سەرەکیی دەسەڵاتن. خێزان دەسەڵاتی هەرە کاریگەرە. میدیاکاران و نووسەران دەسەڵاتی سەرەکیین لە پشت گوتاری سەردەستەوە. ئیسلام و پیاوانی ئیسلام دەسەڵاتن. بێگومان پیاوان دەسەڵاتن. ئەگەر باسی گەندەڵیی دەسەڵات بکرێ، دەبێ باسی هەموو ئەو کایانەی دەسەڵات بکرێ.پارتە سیاسییەکان نیشانەی ئاسانن لەبەر ئەوە هەموو کەس پەنجەی تاوانیان بۆ درێژ دەکات و لەو رێگەیەوە خۆی وەکو قوربانی نمایش دەکات.

ئازادیی كۆمه‌ڵگه‌:ڕۆڵی خێزان، سیستمی پەروەردە و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەبەرانبەر پرسی گەنجدا چۆن دەبینی؟ ئەوەی لەم قۆناخەدا دەبێ گەنج بیکات بە بۆچوونی ئێوە چییە؟

خێزان دەزگایەکی پیاوسالارە و مۆڵگەی دروستکردنی نایەکسانییە. لە خێزانەوە بەها کۆمەڵایەتییەکان بەرهەمدەهێنرێنەوە. هەر لەوێشەوە کۆنەپەرستیی وەکو بونیاد درێژدەکرێتەوە بۆ ناو ژیانی گشتیی. لە کوردستان خێزان وەکو سەرچاوەی هێزی خۆپاراستن لە دژی جیهانی دەرەوە زۆر نەگۆڕاوە. هەر ئەو رۆڵەشە کە تاکەکەس لە هێزی سەربەخۆ دادەماڵێ. ئینسانی کورد قەت لە بەندی خێزان رزگاری نابێ. پاڵنەرێکی سەرەکی کۆچکردن پاڵنەرێکی نائاگایانەیە بۆ بەدەستهێنانی ئۆتۆنۆمی تاکەکەسی. بەڵام لە دایەسپۆرا، لە نیشتیمانی دوور لە خێزان، کارەکتەری کورد توندتر دەبەسترێتەوە بە خێزانەوە، چونکە کەرەستەکانی سەربەخۆبوونی نییە، چونکە لە پەیوەند بە دایک و باوک دەروونی هێشتا دەروونی منداڵە.

سیستەمی پەروەردە داوەشییەوە. یەکێ لە فەشەلە هەرە گەورەکانی ئەزموونی باشور فەشەلی دەزگای خوێندنە. لە رۆژئاوای کوردستان سەرباری شەڕێکی توند و گەمارۆ بە مەبەستی خنکاندن لە لایەن دەوڵەتی تورک و هێزە ئیسلامییەکان و هەروەها کوردی باشورەوە، دەستوبرد مەنهەج گۆڕدرا. شۆڕش لە سیستمی پەروەردەوە دەست پێدەکات. لە باشور ئەگەر شۆڕش هەشبێ لە سیستمی پەروەدەدا تەواو دەبێ. ئەگەر پێناسەکەی یونیسکۆ بۆ خوێندەواری لە بەرچاوبگرین، زۆربەی هەرە زۆری خەڵک لە کوردستان بە مامۆستا و پزیشک و ئەندازیار و تەنانەت خاوەن دکتۆراکانەوە نەخوێندەوارن، چونکە خوێندنەوە و نووسین بەکارناهێنن  بۆ پەرەدانی بەردەوام بە ئاسۆکانی ژیانی خۆیان و بەشداریکردنی چالاکانە لە ژیانی گشتییدا. لە زانکۆکانی کوردستان شتێک کە دەگمەنە کتێبە. شوێنێک کە گرنگ نییە کتێبخانەیە. کردەوەیەک کە لەبیرکراوە خوێندنەوەیە. نەبوونی خوێندنەوە لە ناو سیستمی خوێندندا چییمان پێدەڵێ لەسەر ئەو سیستمە؟

کچان هەن و کوڕان هەن، گەنجی هەژار هەیە و گەنجی دەوڵەمەند هەیە، گەنجی شارەکان هەن و گەنجی پەراوێزە جوگرافییەکان، گەنجی سەر بە زۆرینە هەیە و گەنجی سەر بە کەمینەکان، گەنجی چاولێکەر هەیە و گەنجی نامۆ، گەنجی سەرکوتگەر هەیە و گەنجی بەرەنگار. ئەم گەنجانە سەر بە جیهانگەلێکن کە سنووری ئازادیییەکانیان زۆر جیاوازە. ئەوەی کە دەبێ گەنجی چەوساوە نەیکات ئەوەیە گوتاری چەوسێنەر، گوتاری سەردەست، بەرهەمبهێنێتەوە. دەبێ خۆێ نەکات بە درێژەدەر بە زمان و بەها و رۆشنبیریی سەردەست. دەبێ پیاوە فاشیستە بچووکەکەی ناو خۆی بدۆزێتەوە و بیکوژێ بۆ ئەوەی رێگا بۆ ژیانێکی بە مانا بکاتەوە لەبەردەم خۆیدا. ئەو پیاوە فاشیستە لە ناو ئافرەتان و کەمینەکانیشدا نیشتەجێیە هەر لەبەر ئەوەشە کە دۆخی نایەکسانی بەردەوامە.

 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Close
Close
%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: