کاردۆ بۆکانی

 

بە گوێرەی روانگەی باو، مێژووی نەورۆز دەگەڕێتەوە بۆ تینۆی کاوەی ئاسنگەر و راپەڕینی کوردان لە دژی زوڵم و ستەمی زوحاک، بەڵام لە راستیدا، ئەوە تەنیا ئەفسانەیەکە کە لەلایەن هەڵبەستوانی فارسەوە، فردەوسی، داڕێژراوە و، هیچ پێوەندییەکی بە مێژووی نەورۆزەوە نییە. بەگوێرەی سەرچاوە مێژووییەکان، پاش شکەستدانی ئاشوور و دامەزراندنی ئیمپڕاتووری ماد، زاگرۆس نشینان ئاگریان کردووەتەوە و ئەو سەرکەوتنەیان پیرۆز کردووە. لەو شەڕەدا، "کیاکسار" رێبەری مادەکان بووە، نەک کاوەی ئاسنگەر. پتر لەوەش، کیاکسار هاوپەیمانی لەگەڵ پادشای بابل "نابۆ پۆلاسار" بەستووە و، بە دوو قۆڵی هێرشیان کردووەتە سەر پێتەختی ئاشوور: نینەوا. واتە لەو شەڕەدا کەسێکی فارسی تێدا نەبووە بە نێوی "فەرەیدوون" کە فەرماندار و باڵادەستی مادەکان بووبێت. هەڵدانەوەی ئەم راستییە مێژووییە، مژاری ئەم بابەتە کورتە پێکدێنێت.

 

بەگوێرەی باوکی مێژوو، "هیرۆدۆت"، ئاشوورەکان بۆ ماوەی  ٥٢٥ ساڵ بە سەر گشت ئاسیای باکووردا حاکم و خونکار بوون. خونکارێتییەک کە لە گۆڕ زۆربەی سەرچاوە مێژووییەکان بەڕێبازی ئاگروئاسن و کۆمەڵکوژی ساڵانە بەڕێوە چووە.[1] پاش شۆڕشی مادەکان لە دژی ئەو دەسەڵاتە ستەمکارە، بەباوەڕی هیرۆدۆت، گەلانی دیکەی ژێردەستی ئیمپڕاتووری راپەڕیون و خۆیان رزگار کردووە.[2] سەرەڕای ئەوەی کە پاش ئەم راپەڕینانە، دەسەڵاتی ئاشوور بە دەورووبەری شاری نینەوا سنووردار بووەتەوە، وێدەچێت کە دەوڵەتی ئاشوور بەردەوام کێشەی بۆ دراوسێکانی دروست کردبێت. جا بەو هۆیە لە ساڵی ٦١٢ی پ. ز، کیاکسار، یەکێک لە سەردارانی ماد، کە بە "هووەخشەترە"ش ناو براوە، لە گەڵ پادشای بابل، نابۆ پۆلاسار، رێک کەوتووە و دوو قۆڵی هێرشیان کردووەتە سەر شاری نینەوا، پێتەختی ئاشوور. لەو هێرشەدا، سوپاکانی ماد و بابل بۆ هەمیشە کۆتایی بە دەسەڵاتی ئاشوور دێنن و، پادشای ئاشوور بە نێوی "سین شار ئیشکوون" دەکووژن.

بەباوەڕی مێژوونووسی رووسی، "دیاکۆنۆڤ"، ئەوە خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە مێژووی مادەکاندا. چونکە لە پێشوودا هەتا سوپای هێرشەبەری ئاشوور لێیان نزیک دەبووەوە، مادەکان گوندەکانی خۆیان بەجێ دەهێشت و بەرەو بەرزاییەکان پاشەکشێیان دەکرد. بەڵام لەو ساڵەدا، پاش ئەوەی کیاکسار مادەکانی لە دەوری خۆی کۆکردبووەوە، هێرشێکی یەکلاییکەرەوەی کردە سەر دوژمن و، لە نێو قەڵاکانیاندا لە ناوی بردن.[3] پاش ئەو سەرکەوتنە، کە لە رێکەوتی ٢١ی مارسی ٦١٢ دا بووە، مادەکان ئێمپراتووری خۆیان دادەمەزرێنن و هەموو ساڵێ ئەو رۆژە وه‌كو سەری ساڵی نوێ جەژن دەگرن: نەورۆز. (پاش شکەستەدانی مادەکان لە ساڵی ٥٥٠ی پ. ز، پارسەکان نەورۆز لە مادەکانەوە رادەگوازنەوە نێو چاندی خۆیان).

کۆتایی هێنان بە ئێمپڕاتووریی تاپازی ئاشوور، کە ماوەیەکی زۆر بەسەر قوڕنەی ئاسیادا خونکاری کردووە، وێدەچێت بۆ ماوەیەکی زۆر بووبێت بە هێمای قارەمانێتی و هەوێنی شۆڕشی گەلانی ژێردەست. بۆ وێنە، پاش هێرشی عەرەبەکان بۆ هەرێمی "ناوچۆمان" و شکەستدانی دەوڵەتی ئێران، کە لەگەڵ خۆیدا شەپۆلێک لە بەعەرەباندنی گەلانی ناوچەکەی هێناوە، هەستی نەتەویی کەسانێکی بزواندووە. یەکێک لەو کەسانە هەڵبەستوانی بە توانای فارس، فردەوسی، بووە. لەگەڵ بینینی تواندنەوەی چاند و کلتوری فارس، فردەوسی هەوڵ دەدات مێژووێک لە قارەمانێتی و بەرخۆدانی گەلانی ناوچەکە لە دژی دەسەڵاتی دەرەکی وەبیر خوێنەرانی بێنێتەوە و هەستی راپەڕین لە ناخیاندا ببزوێنێت. بەو ئامانجە، هەڵبەستوانی فارس دەگەڕێتەوە بۆ راپەڕینی مادەکان لە دژی ئیمپڕاتووریی ئاشوور کە بەگوێرەی هیرۆدۆت، هێمای سەرهەڵدانی گەلانی ژێردەست بووە لەدژی ستەمی داگیرکەران.[4] بەڵام بە هۆی ئەوەی کە فردەوسی، لەلایەکەوە هەڵبەستوان بووە نەک مێژوونووس و، لە لایەکی ترەوە، نەتەواژۆیەکی فارس بووە، دیمەنێکی تەواو جیاوازمان لەو راپەڕینە و جەژنی نەورۆز بۆ دادەڕێژێت.

یەکەم: سەرداری مادەکان و دامەزرێنەری ئێمپڕاتووری ماد، کیاکسار، دەکات بە کاوەی ئاسنگەر. بەو پەڕی رێزەوە بۆ پیشەی ئاسنگەری، بەڵام ئەم کارەی فردەوسی شێوزاێکە لە "دابەزاندنی مێتۆدیک"، کە لە خۆیدا کێشەیە. بەڵام کاتێک کە دەبێت بە دابەزاندنی "ئەوانیدی" لە پێناو هەڵکێشانی "خۆ"دا، ئەو جار تەواو دەبێتە هەنگاوێکی چەواشەکارانە. بەڵام بۆ دابەزاندنی ئەوانیدی لە پێناو هەڵکێشانی خۆ؟ چونکە لەو راپەڕینەدا کەسێکی فارسی تێدا نەبووە بەنێوی فەرەیدوون، فەرەیدوونێکیش کە وه‌كو فەرمانداری کاوەی ئاسنگەر دەوری گێڕابێت.

دووهەم: فردەوسی پادشای ئاشوور، سین شار ئیشکوون، دەکات بە زوحاک و دوو ئه‌ژدیهای مرۆڤخۆریش دەخاتە سەرشانی. ئەوە لە کاتێکدایە کە هیچ بەڵگەیەکی مێژوویی لە بەر دەستدا نییە کە باس لە ئەژدیهاکانی سەر شانی سین شار ئیشکوون بکەن. ئەڵبەت لێرەدا شیانی هەیە فردەوسی ویستبێتی دیمەنێک لە ستەمی پادشاکانی ئاشوور بخاتە بەر دەستی خوێنەر. چونکە، هەر وەک باسمان کرد، فردەوسی مێژوونووس یا تێۆریسییەنی رامیاری نەبووە. هەڵبەستوانێک بووە کە بە مێتۆدی خۆی و لە روانگەی نەتەوەیی خۆیەوە رووداوە مێژووییەکانی داڕشتووەتەوە. جا بۆیە لەم سۆنگەیەوە زۆر جێگای رەخنە نییە.

سێهەم: کاتێک کە سوپاکانی ماد و بابل شاری نینەوایان داگیرکرد، مادەکان ئەو شارە بۆ سوپای بابل "بە جێ دێڵن" و، بەرەو هەرێمە شاخاوییەکان دەگەڕێنەوە. (ئەو کاتەش هەر خەریکی مێرخاسی بوون!). بەڵام کاتێک کە فردەوسی ئەو رووداوە دادەڕێژێتەوە، مرۆڤ وا هەست دەکات کە کاوەی ئاسنگەر، واتە کیاکسار، دوودەستی تاج و تەختی پادشایی "پێشکەش" بە فەرەیدوون، واتە نابۆ پۆلاسار، کردبێت. ئەم شێوازە لە داڕشتنەوەی رووداوێکی گرنگی مێژوویی هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ چەواشەکاریی پەتی نییە. چەواشەکاریی پەتی، چونکە هەموو بەڵگە مێژووییەکان باس لەوە دەکەن کە هەتا ساڵی ٥٣٩ی پێش زایین، واتە ٧٣ ساڵ پاش ئەو رووداوە، بابل دەوڵەتێکی سەربەخۆ بووە و هیچ رنگێکی فارسبوونی پێوە نەبووە. (لە ساڵی ٥٣٩ی پێش زاییندا، کوروش شاری بابل دەگرێت، بەڵام بە پێچەوانەی مادەکان کە لە نینەوا پاشەکشێیان کرد، ئەو پاشەکشێ ناکات و شارەکە دەخاتە سەر ئیمپڕاتووری پارس).     

بەڵام پرسیارەکە لەوەدایە کە چۆن ئەم نەزیلەیە هاتووەتە نێو مێژوو و وتاری رامیاریی کوردەوە و، باڵی بەسەر ناسنامەی نەتەوەیی ئێمەدا کێشاوە. یەکەم کەسی کورد کە تینۆی کاوەی گوازتەوە "شەڕەفخانی بیدلیسی"، میری بیدلیس بووە. بەڵام لەوەش گرنگتر، شەڕەفخان رەگەزی کوردی بۆ ئەو لاوانە گێڕاوەتەوە کە چێشتکەری زوحاک لە باتی مێشکی ئەوان، مێشکی مەڕی داوە بە زوحاک و، ئەو لاوانەش خۆیان لە شاخەکاندا شاردووەتەوە و پاشان نەتەوەی کوردیان پێکهیناوە.[5] واتە بەگوێرەی ئەم نەزیلەیە، مێژووی ئەو کەسانەی کە ئێستا بە "گەلی کورد" ناسراون هەمووی ٢٦٣٨ ساڵە. ئەوە لە کاتێکدایە کە لێکۆڵینەوە شوێنەوارناسییەکان هەموو لە سەر ئەوە کۆکن کە زاگرۆس نشینانی باکووری ناوچۆمان ٩٠٠٠ ساڵ پێش زایین، بۆ یەکەم جار لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، شۆڕشی کشتوکاڵیان کردووە.[6]

شەڕەفخان لە سەدەی شازدەی زاییندا ژیاوە و، سەرەڕای ئەوەی کە لە هەردوو دەرباری پادشای ئێران و سوڵتانی عوسمانیدا کاری کردووە، بەڵام وێدەچێت دەستی بە سەرچاوەی پێویست نەگەیشتبێت هەتا راستییەکان دەربخات. بەڵام ئەوەی کە جێگای رەخنە و سەرسووڕمانە ئەوەیە کە بۆچی دەبێت لە سەدەی بیست و یەکەمدا، کە بە سەدەی زانست و تێکنیک ناسراوە، هیچ هەوڵدانێکی قایم نەکرابێت بۆ راستکردنەوەی ئەم چەواشەکارییە؟ ئەگەر ئەفسانەی کاوە لە داڕشتنی ناسنامەی کورددا مژارێکی خۆ لێ لانەدەرە، وه‌كو ئەفسانەی "ویلیام تێل" لە داڕشتنی ناسنامەی نەتەوەیی "سویس"دا، مرۆڤ دەتوانێت بیرێکی دیکەی لێ بکاتەوە، بەڵام ئەگەر نا، ئەو کات مانەوەی ئەم چیرۆکە لە نێو وتاری نەتەوەیی کورددا پاشقول لە خۆدانە و بەس.  

ئەگەر چاوێک لە کۆمەڵگه‌کانی سویس بکەین، دەبینین ئەفسانەی ویلیام تێلی ئەوان زۆر هاوشێوەی کاوەی ئاسنگەرە. ئەڵبەت بە پێچەوانەی کاوە، کە لەلایەن "ئەوانی دی"یەوە بۆ کورد داڕێژراوە، سویسییەکان بەدەستی خۆیان ئەو ئەفسانەیان داڕشت.[7] هۆیەکەشی ئەوە بوو کە هیچ شتێکی هاوبەشیان نەبوو لەسەر پانتای راستەقینە کە تێیدا یەک بگرن: نە زمانی هاوبەشیان هەبوو، نە چاندی هاوبەش و نە مێژووی هاوبەش. چونکە بەسەر زمانەکانی ئاڵمانی، فەڕانسەوی، ئیتالیایی و رۆمانسکدا دابەش بوون و، ئاخافتوانانی هەریەک لەو زمانانەش پێکهاتوون لە ئایینەکانی کاتۆلیک و پرۆتێستان. لە لایەکی ترەوە، نیشتمانی سویس بەسەر ٢٦ کانتۆنی جیاوازدا دابەشە، کە هەر یەک لەو کانتۆنانە داب و نەریت و زاگۆنی خۆی هەیە. بەو چەشنە، نەبوونی جومگەیەکی هاوبەشی نەتەوەیی لە سەر پانتای راستەقینە، سویسییەکانی مەجبور بە پەنابردن کرد بۆ دونیای ئەفسانە و هێماکان، کە لەوێدا پێکهاتەیەکی هاوبەش داڕێژن: نەزیلەی ویلیام تێل.

لە راستیدا، ئەوە گرنگی هێما و سیمبول دەردەخات. نیشانی دەدات کە چۆن لە هەندێک شوێندا، پێکهاتە هێمایی و داڕێژراوەکان لە فاکتە کۆمەڵایەتییەکان بەهێزترن. هۆیەکەشی لەبەرچاوە. چونکە پێکهاتە داڕێژراوەکان بوونێکی بابەتییان نەبووە، یان بە وتەیەکی تر، چونکە "سەربەخۆ لە کات و شوێن" هەن؛ بە درێژایی مێژوو، لە دەرەوەی کات و شوێندا، مرۆڤەکان دەتوانن خۆیانی تێدا ببیننەوە. بەڵام بە پێچەوانە، چونکە فاکەتە کۆمەڵایەتییەکان بوونی بابەتییان هەیە و هەن، کەسانێک دەبن کە لە هەندێک شوێندا پەسەندی ناکەن و، لە هەندێک کاتیشدا، نکوڵیشیان لێ دەکەن تەنانەت. بەڵام ئەگەر رووناکبیر شتە راستەقینەکان نەبینێت و بۆ کۆمەڵگه‌ی رووماڵ نەکات، ئەدی ئەرکی رووناکبیر چییە؟

پێش ئەوەی بابەتەکە تەواو بکەین، پێویستە ئاماژە بە جیاوازییەکی تری نێوان ئەفسانەی ویلیام تێل و کاوەی ئاسنگەر بکەین؛ بێجگە لەو جیاوازییەی کە ئەوەی یەکم لە لایەن خۆ و ئەوەی دووهەم لە لایەن ئەوانیدیەوە داڕێژراون. کاتێک کە دەڕوانینە مێژووی سویس، دەبینین کە کۆمەڵگه‌کانی ئەو وڵاتە بەباشی خۆیان ناسی، زانیان کە هیچ شتێکی هاوبەشیان نییە لەسەر پانتای راستەقینە؛ ویلیام تێلیان داڕشت هەتا لە دەوری وی کۆببنەوە و، لە هەمبەر هێزی دەرەکیدا یەک بگرن. بەڵام سەرەڕای ئەوەی کە گەلی کورد خاوەن نیشتمان، زمان، چاند، مێژووی هاوبەش و، تەنانەت رووداوی راستەقینەی نەورۆزە، بەڵام  ئەفسانەیەک گەورە دەکاتەوە کە ئەوانیدی بۆیان داڕشتووە و، تێیدا خۆیان وه‌كو باڵادەست و فەرماندە تێخستووە و، ئەویشیان وه‌كو ژێردەست و سەرباز بچووک کردووەتەوە. جا سەیرەکەی لەوەدایە  کاتێک کە کورد بە شانازییەوە تینۆی کاوە دەگێڕێتەوە، بەشەکەی فەرەیدوون دەقرتێنێت. کاتێکیش کە فارسەکان بە ڕووداوەکەدا دەچنەوە، فەرەیدوون گەورە دەکەنەوە و رەخنەی کورد دەکەن لە مەڕ خۆ لادان لە فەرەیدوون و دەوری فارمانداری فارسەکان. 

بە بۆچوونی من، ئەوە یەکێک لەو بەڵگانەیە کە گوزارە لە خۆ نەناسینی کورد دەکات وه‌كو نەتەوە. چونکە ئەگەر کورد خۆی ناسیبایە و شارەزایی بەسەر مێژووی خۆیدا هەبایە، لە بری زه‌ق کردنەوەی جومگەکانی ناسنامەی نەتەوەیی خۆی، بۆ چوارچێوەیەک نەدەگەڕا کە خۆی تێدا پێناسە بکاتەوە، ئەویش چوارچێوەیەک کە نەتەواژۆیەکی فارس بۆی داڕشتووە. بەڵام پرسیارەکە لەوەدایە: ئەدی هەتا تۆ خۆت نەناسی و سنوورەکانی خۆت لەگەڵ ئەوانیدی دا دیاری نەکەی، چاوەڕێی چی لە ئەوانیدی دەکەی کە بڵێن ئەوە سنوورەکانی تۆن و ئێمە دانی پێدادەنێین و ڕێزمان بۆی هەیە؟

بە باوەڕی من، یەکێک لە کێشە سەرەکیەکانی گەلی کورد خۆ نەناسینە وه‌كو نەتەوە. ئەم کێشەیەش یەکێک لەو هۆکارانەیە کە هەتا ئێستا بووەتە هۆی نکوڵیکردن لە گەلی ئێمە وه‌كو پێکهاتەیەکی جیاوازی نەتەوەیی، هەم لەلایەن وڵاتانی دراوسێ و هەمیش لەلایەن دونیای دەرەوە. چونکە تۆ چەندە خۆت بناسی، هەر ئەوەندەش، دانت پێدادەنرێ؛ تۆ چۆن خۆت بناسی، هەر ئاواش، دانت پێدادەنرێ.

مژاری نەورۆز و چۆنییەتی راپەڕینی مادەکان تەنیا بابەتێک نییە کە سەلمێنەری خۆ نەناسینی کوردە وه‌كو نەتەوە. بابەتی دیکە زۆرن کە هەموو گوزارە لەو راستییە دەکەن و راڤە کردنیان مژاری ئەم بابەتە نییە. سەرشاخ بوونەوەی کورد لەگەڵ دونیای سەرمایەداری تەنیا یەک وێنەی دیکەی ئەم راستییەیە. چونکە ئەگەر کورد خۆی ناسیبایە و بیزانیبایە چەندەی هێز هەیە و کەماسییەکانی چین، خۆی لە قەرەی کارێک نەدەدا کە بە یەکێتی سۆڤییەت و چین و ڤیێتنام نەکرا. جا بۆیە لە کۆتاییدا دەڵێین:

بڕۆ خۆت بناسە ئەی نەتەوەی کورد،

هەتا وه‌كو نەتەوە، دانت پێدابنرێت.

نە وەک خێڵ و پاسەوانانی سەر سنوور!

 

 


[1] See Mann Michael, The Dark Sides of Democracy: Explaining Ethnic Cleansing (Cambridge: Cambridge University Press, 2005) p. 40. Also, Van De Mieroop Marc, A History of the Ancient Near East (Oxford: Blackwell, 2004) p. 230-31-33.

[2] Herodotus, Histories (Hertfordshire: Wordsworth, 1996) p. 46.

 

[3]  دیاکۆنۆڤ، ایگور. میخائیلوویچ. تاریخ ماد (تهران: انتشارات علمی و فرنهنگی، ١٣٨٨) ص ٢٤٨.

[4] Herodotus, 1996, p. 46.

[5]  بیدلیسی شەڕەفخان. شەڕەفنامە: مێژووی ماڵە میرانی کوردستان، چاپی سێهەم، وەرگێڕانی مامۆستا هەژار (هەولێر: ئاراس، ٢٠٠٦) لاپەڕی ١٩-٢٠-٢١.

 

[6] Ucko and Dimbleby 1969; Berg and Protsch 1973; Wright 1969; cited in Izady, 1992: 23-4.

[7] Linder Wolf, Swiss Democracy: Possible Solutions to Conflict in Multicultural Societies, Third Edition (New York: Palgrave McMillan, 2010) p. 20.

Leave a Reply

Your email address will not be published.